ڕاپۆرتی: ڕێکخراوی ستۆپ بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ستۆپ، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە (417) رێگا باج و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت و دەبێتە سەرچاوەی داهاتی نانەوتی. بەپێی خەملاندنی ئەو داتا و زانیاریانەی داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان هەیە، داهاتی باج لە نێوان (2012 بۆ 2021) بە رێژەی (%621) زیادی کردووە، بەڵام بەراورد بە ساڵی (2019) زیادکردنەکە بە ڕێژەی (12%) بووەو گەیشتووە بە زیاتر لە (3 ترلیۆن و 726 ملیار) دینار. کورتەی راپۆرتی (پێنجەمی) ڕێکخراوی ستۆپ تایبەت چاودێری و هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشەکی کۆڵەکەی سیستەمی حکومڕانی لە هەرێم بەهۆی ئەوەی لاوازە، یەکێک لەو سێکتەرانەی داهاتی ناوخۆیە کە پێویستی بەچاکسازی قوڵ هەیە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لەبەرواری ١٥ی ٧ی ٢٠١٩ یەکەم کۆبونەوەی خۆی ئەنجامداوە، پرسی ریفۆرمی دارایی وەک یەکێک لە بنەماکانی کارکردنی خۆی پەسەند کرد، لەچوارچێوەی ٥٢ خاڵی هێلە گشتیەکانی کارنامەکەیدا، لە ١٣ خاڵدا باسی هێلە گشتیەکانی چاکسازی کردووە، کە لە ٢ خاڵدا باسی لە داهاتی ناوخۆ کردووە. یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، چەسپاندنی شەفافیەت لە داهاتی ناوخۆ و داپەرەوەری لە وەرگرتنی باج. بەگوێرەی ئەو داتا و زانیاریانەی دەست تیمی ئامادەکردنی راپۆرت لە رێکخراوەکەوە کەوتووە، بەراوردی داتا ژمارەکانی داهاتی ناوخۆ لە سەرەتای کابینەی نۆیەم و ئێستایان کردووە. لەبواری داهاتی نەوت بەراوردی کابینەی پێشوو و ئەم کابینەی نۆ کراوە، بەگوێرەی ئەو بەراوردکاریەی لەم راپۆرتە خراوەتە ڕوو دەبینرێت کە لە هەندێ بوار بەرەو پێشچونی سنوردار هەیە، بەتایبەت لەبواری داهاتی ناوخۆ، لە کەرتی نەوتیشدا لەهەندێ بواریدا پاشەکشە دەبینرێت. بۆیە بەگشتی ئەوەی تێبینی دەکرێت، چاکسازی بۆ زیاترکردنی داهاتی گشتی تا ئێستا لە ئاستی پێویست نین، هەرچەندە هێشتا تەمەنی ئەم کابینەیە کۆتایی نەهاتوە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی، بەڵام بەگشتی تاکو ئێستا هەنگاوەکان لە ئاستی بەڵێنەکان نین. بەشی یەکەم؛ داهاتی نانەوتی ... گۆڕانکارییەکان و کێشەکانی بەردەمی سەرچاوەکانی داهاتی نانەوتی حکومەتی هەرێم ئێستا داهاتی نانەوتی لە دوو سەرچاوەی سەرەکی بەدەست دەهێنێت، یەکەم داهاتی باجەکان کە بە شێوازی زۆرەملێ وەردەگیرێت. دووەم داهاتی غەیرە-باج، وەک رسومات و کرێی خزمەتگوزاری و سزاکان. لە بنەڕەتدا نابێ بەمەبەستی زیادکردنی داهات وەربگیرێت، بەڵکو بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە تێچووی ئەو خزمەتگوزارییە سەرەکیانەی حکومەت پێشکەشیان دەکات یان بۆ سەپاندنی یاسا. بەگوێرەی زانیارییەکان بە (417) رێگا باج و رسومات و کرێ و سزاکان وەردەگیرێت و دەبێتە سەرچاوە داهاتی نانەوتی. یاساکانی باج له ههرێمی کوردستان ئهو یاسا کۆنانهیه که پێش راپهڕین حکومەتی عێراق ههبوون، بەڵام دواتر له پهرلهمانی کوردستان ههموار کراونهتهوه. سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی خوارەوەیە: باج: ئەو بڕە پارەیە کە دەسەپێنرێت لەسەر دەرامەت و سەرمایە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بە پێی یاسا بەرکارەکان. رەسم: ئەو بڕە پارەیەیە کە بە شێوەیەکی پابەندی (الزامی) لە سەرجەم ئەو وەرەقانە وەردەگیرێت کە رەسمیان بەسەردا سەپێنراوە و بڕەکەش بە کاش وەردەگیرێت. رەسمی گومرگی: بریتییە لەو بڕە پارەی سەر کاڵا و شتومەک و کەلوپەل و ئامێرەکان لە کاتی هاوردەکردن و هەناردەکردن بەپێی یاسای پێناسەی گومرگی. کرێیەکان: ئەو بڕە پارانەن کە لە بەرامبەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی حکومەت وەردەگیرێن بە شێوەیەکی نا پابەندبوون (غیر الزامی). هاوڵاتی سەرپشکە لە ویست و رەتکردنەوەی خزمەتگوزاری پێشکەشکراو. سزای دارایی: بریتییە لەو بڕە پارەیەی بە شێوەی نەقدی وەک سزا دیاریکراوە و سەپێنراوە لەسەر تاکی سەرپێچیکار لە یاسا، بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاساکان. داهاتی راسمالی: ئەو داهاتەیە کە لە فرۆشتنی موڵک و کەلوپەل بەدەست دەهێنرێت. داهاتی تەحویلی: ئەو داهاتەیە کە لە جیاوازی دراوەکان و خەرجی و موچەی گەڕاوە بەدەست دەهێنرێت. لە خوارەوە هەندێک زانیاری دەربارەی باجدەران خراوەتەوە روو: خشتەی ژمارە (١) بەپێی زانیارییەکان ئێستا ژمارەی کۆمپانیاکان سەروی (٣٠ هەزار)ی تێپەڕاندووە، بەڵام سەرجەم کۆمپانیاکان باج نادەن، هەندێک بەهۆی هەلپەساردن بەشێکیش بەهۆی نەبونی قازانج، هەندێکیش خۆدزینەوە. خشتەی ژمارە (٢) خستنەڕووی داتا و زانیاری داهاتی ناوخۆ (٢٠١٢ تا ٢٠٢١) داهاتی ناوخۆ یاخود نانەوتی لە هەرێمی کوردستان لە (١٠ ساڵ)ی رابردوو گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و رێژەکەی بە پلەبەندی بەرزبۆتەوە، بە تایبەتی لە کابینەی نۆیەم رێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ توندکراونەتەوە، ئاماری (١٠ ساڵ)ی رابردوو بە تایبەتی لە ساڵی (٢٠١٢) تاوەکو ساڵی (٢٠٢١) ئەوە دەردەخات ساڵ دوای ساڵ رێژەی داهاتی ناوخۆ زیادی کردووە، لە دەرئەنجامی قەیرانی ئابوری و توندکردنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج لەلایەن حکومەتی هەرێمی کورستانەوە. لەو چارت و خشتەی خوارەوە بە ژمارە روونکراوەتەوە: هەرێمی کوردستان لە ساڵی (٢٠١٢) داهاتی باج بڕەکەی (١٢٨ ملیار) دینار بووە، بەڵام ئەو رێژەیە بۆ ساڵی (٢٠٢١) زۆر بەرزدەبێتەوە و بڕەکەی دەگاتە (٧٩٦) ملیار دینار، لەخوارە بڕی داهاتی باج بەپێی ساڵەکان رونکراوەتەوە: خشتەی (٣) بەپێی خەملاندنی ئەو داتا و زانیاریانەی داهاتی باج لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەراوردی داهاتی باج لە نێوان ساڵانی (٢٠١٢ بۆ ٢٠٢١) دەردەکەوێت کە ساڵی (٢٠٢١) رێژەی (%621) زیادی کردووە. دۆخی داهاتی ناوخۆ لە کابینەی نۆیەم کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانی لە چوارچێوەی کارنامەکەیدا، رێکخستنەوەی باج و بەرپاکردنی دادپەروەری و شەفافیەت بووە. بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاستی هەوڵەکان لە بواری رێکخستنەوەی داهاتی ناخۆ بەراوردی دوو ساڵی داهاتی ناوخۆ ساڵانی (٢٠١٩ و ٢٠٢١) دەکەین، بەگوێرەی ئەو داتایانەی دەستمان کەوتووە. وردەکاری داهاتی نانەوتی ساڵی ٢٠١٩ داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) بەووردەکارییەوە دەخەینەڕوو بەمەبەستی ئەوەی روونبێتەوە سەرچاوەکانی داهات نانەوتی چۆن کۆدەکرێتەوە، ئەو دامەزراوانەی کە سەرچاوەن بۆ داهات. کۆی گشتی داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) بڕەکەی (3 تریلیۆن 266 ملیار و 384 ملیۆن) دینارە بووە. خشتەی (٤) داهاتی نانەوتی لە ساڵی (٢٠١٩) ڕێژەی (٢٥.٨ %)ی خەرجییەکانی پڕکردبووەوە. خشتەی (٥) خشتەی (٦) وردەکاری داهاتی ناوخۆی ساڵی ٢٠٢١ داهاتی ناوخۆ لە ساڵی (٢٠٢١) بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە بڕی (٣ ترلیۆن و ٧٢٦ ملیار و ٣١ ملیۆن) دینار بۆ تەواوکاری موچە تەرخانکرا. بەپێی راپۆرتێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری داھاتی مانگانەی حکومەت لە (٦ مانگ)ی یەکەمی ساڵی (٢٠٢١) نزیکەی (٦٩٧ ملیۆن) دۆلاری ئەمەریکییە، کە بەوشێوەیە دابەشبووە: یەکەم: (350 ملیۆن) دۆلار کۆی گشتیی داهاتی نەوت. دووەم: (195 ملیۆن) دۆلار داهاتی ناوخۆ. سێیەم: هاوکاریی مانگانەی هاوپەیمانان (17 ملیۆن) دۆلار. خشتەی (٧) هەرچەندە لە نێوان ئاماری وەزارەتی دارایی و بانکی هەرێم لە سلێمانی جیاوازی هەیە، وەزارەت زانیارییەکانی بانکی هەرێم - سلێمانی رەتکردەوە و رایگەیاندوە، کە سلێمانی زۆر کەمتر لەو پارەیەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە. خشتەی ژمارە (٨) خشتەی ژمارە (٩) هەڵسەنگاندن و شیکاری هەنگاوەکان لێکەوتەکانی زیادبونی داهات و هەوڵەکانی چاکسازیی بەشێوەیەکی گشتی لەو ماوەیە گۆڕانکاری بەسەر بڕی داهاتی ناوخۆ هاتوە، لەخوارەوە بەرواردی داهاتی نانەوتی ساڵی ٢٠١٩ و ساڵی ٢٠٢١ دەکەین کە بەوشێوەیە: خشتەی ژمارە (١٠) یەکەم: هۆکارەکانی زیادبونی داهاتی ناوخۆ - توندکردنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە، ئەو گۆڕانکاریانە لە ئەنجامی توندکردنەوەی رێکارەکان و چاکسازی بوو لە بواری باج، بە پابەندکردنی کۆمپانیاکانی وزە و گواستنەوە و گەیاندن بە پێدانی شایستە داراییەکان و بڕی پارەی باج و ڕەسم و سزای دواکەوتن و قەرزەکانیان. هاوکات سەپاندنی باج لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، گرێبەستە بانەوانییەکان و ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان و گرێبەستەکانیان. ڕێگریکردن لە خۆدزینەوەی باج و جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران. هەر بەشێک لەم چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان هۆکار بونە لە کابینەی نۆیەم و لە ماوەی پێنج مانگ داهاتی ناوخۆی هەرێم له ١٤٠,٠٠٠,٠٠٠ دۆلارەوه بگاتە ٢٤٤,٠٠٠,٠٠٠ دۆلار. لەلایەکی دیکەدا زیادبونی باجدەرەکان، وەک لە بەرێوەبەرایەتی گەورە باجدەران لە ٢٤٠ کۆمپانیا دوای دوو ساڵ زیادی کردووە بۆ ٦٧٨ کۆمپانیا، بەهۆی زیادکردنی رێوشوێنی وەرگرتنی باج لەسەر کۆمپانیاکان. خشتەی ژمارە (١١) هەرچەندە ئەم داتایانە جێگیر نین، بەگوێرەی تێپەڕینی کات و ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکان له کۆی ٦٨٧ گهوره باجدهر له ههرێمی کوردستان نزیکە ٢٥٠ کۆمپانیا باج دهدهن، چونکه پڕۆژەکانیان زۆربهی پڕۆژەی وهبهرهێنانن و بەپێی یاسای وهبهرهێنان بۆ ماوهی ١٠ ساڵ لێخۆشبونی باجیان بۆ کراوه. دووەم: ئایا چاکسازیی ریشەیی کراوە؟ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە ئامانجەکانی چاکسازی لە سیستەمی باج و دادپەروەری لە وەرگرتنی باج جێگیر بکەن، هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێمی کوردستان لە4 ی تەممووزی 2021 سەبارەت بەڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان بڕیاردا، جێگری سەرۆکی حکومەت، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات. لەلایەکی دیکەوە ئەنجومەنی وەزیران بەفەرمانی (ژمارە ٩٦)ی رێکەوتی ١٠/١/٢٠٢١، بەمەبەستی رێکخستنەوەی سیستەمی کۆکردنەوەی باج و رسومات ١١ بڕیاری دەرکرد، بەتایبەت پابەندکردنی کۆمپانیاکانی بواری ئەنتەرنێت و تیلیکۆم بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان (مبیعات) کۆمەڵێک بڕیاری دیکە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون راسپێردراوە بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران. هەروەها حکومەتی هەرێم بۆ زۆرێک کاروباری پشت بە لیژنە دەبەستێت، بەتایبەت بۆ ئەنجامدانی بەدواداچون و لێکۆلینەوە زۆر لیژنە دروست دەکات. کەچی ئەنجامی لیژنەکان وەکخۆی دەمێنێتەوە و کار لەسەر سپاردەی لیژنەکان ناکرێت. بە بەمەبەستی رێکخستنەوەی رسومات حکومەتی هەرێم لیژنەی دیراسەتکردن و ڕێکخستنەوەی رسومات بە بڕیاری ژمارە (٣)ی ئەنجومەنی ئابووری لە ٢٧/١/٢٠٢٠ پێکهێنا. ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتییە لە ڕێکخستنەوەی داهاتی رسومات، بەپێی ئەو زانیاریانەی لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەتەوە بۆ ئەم مەبەستە تۆمار کراون. ئەو لیژنە لە کۆتایی کارەکەیدا راپۆرتێکیان پێشکەشی حکومەتی هەرێم کردوە. سێیەم: ئایا باج و رسومات زیاد کراوە؟ پرسی زیادکردنی باج و رسومات قسەو باسێکی زۆری دەربارە کراوە، رۆژانە هاوڵاتیان گلەیی لەبارەوە دەکەن، بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری گشتی باج و دەراماتەکان، باج زیاد نەکراوە، تەنها رێکخراوەتەوە. هەروەها ئەنجومەنی باڵای ئابووری هەرێم دووپاتی کردۆتەوە، "کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێکخستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە." حکومەتی هەرێم پێوایە، گلەیی هاوڵاتیان لە زیاد بوونی باج و رسومات لەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێشتر هەرێمی کوردستان بودجە و شایستەی دارایی لە بەغدا بۆ هاتووە، کەمتر پشت بە داهاتی ناوخۆ بەستراوە و لە وەرگرتنی باج و رسومات چاوپۆشی کراوە. دوابەدوا ساڵی ٢٠١٦ رسومات لە زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکان زیادی کرد، ئەنجومەنی وەزیران بە پشت بەستن بە ئەحکامی مادەی هەشتەم لە یاسای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کورستان ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ هەموارکراو، بەمەبەستی رێکخستنەوەی کرێ و رسومات، چەندین بڕیاری دەرکرد، بەنمونە بەبڕیاری ٧٨ی ساڵی ٢٠١٦ رسوماتی تاپۆکردنی خانووبەرە لە ١% بۆ ٣% زیادکرا، هەروەها بڕیاری ژمارە (٧٥)ی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتنی (ڕسووماتی) تایبەت بەکەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان زیاد کرا. هەروەها بڕیاری ژمارە (٨٠)ی ساڵی ٢٠١٦ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران وەرگرتنی (ڕسوومات) و کرێی (أجور) لەبەرامبەر خزمەتگوزاری شارەوانییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەمانە نیگەران و گلەیی زۆری لای هاوڵاتیانی لێکەوتەوە، بارگرانی لەسەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار و مام ناوەندی کۆمەڵگە دروست کردوە. بەهۆی دواکەوتنی موچە لە دۆخەکی خراپی ئابوری دابوون، کە لەسەروبەندی ساڵی ٢٠١٦ حکومەت بڕیارەکانی زیادکردنی رسوماتی دەرکرد. چوارەم: ئایا لە روویی یاسایی زیادکردنەکانی رسومات یاسایین؟ بەپێی دەستوری عێراق لە مادەی ٢٨یدا هاتووە، "لە بڕگەی یەکەم، باج و روسومات ناسەپێندرێت و هەموار ناکرێت و وەرناگیرێت و لێبوردن نایگرێتەوە تەنها بە یاسا نەبێت. برگەی دووەم، خاوەن داهاتی کەم لە باج دەبەخشرێت بۆ ئەوەی راێگەنەدرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر لایەنی کەمی ئاستی بژێوی، ئەمەش بە یاسا رێکدەخرێت". یاساناسان پێیانوایە، بەگوێرەی ئەو مادە دەستورییە هەر سەپاندنی باج یان رسوماتێک زیادکردن و کەمکردنەوەی یان لێخۆشبون لێی دەبێ بە یاسایەک بێ کە لە پەرلەمانەوە دەرچووبێت، بەپێچەوانەوە بە رێنمایی یان بە بریاری حکومەت یان وەزیر سەپێندرابێ پووچەلە. پێنجەم: پوچەڵکردنەوەی بڕیاری نایاسایی وەک لەپێشتر روونکرایەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار و رێکاری وەرگرتنی باج و رسومات توندکردەوە. هاوکات چەندین بڕیاری وەرگرتنی رسوماتی نوێی دەرکرد، هاوڵاتیان و شارەزایانی یاسایی پێیانوابووە، ئەو بڕیارانە نایاسایین و لە کاتی قەیراناوی بەسەر هاوڵاتیان سەپێندراوە. لە ماوەی رابردوو دوو بڕیاری دادگا بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو گرێبەستانە دەرچووە. لێکەوتەی گۆڕانکارییەکان لەم تەوەرەدا ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ستۆپ لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە بە وردی وەستاوە، ئەوانیش؛ ئایا داهاتی نانەوتی بژێو و گوزەرانی هەوڵاتیانی بوژاندۆتەوە لێکەوتەی هەنگاوەکان بەسەر ژیانی هاوڵاتیان هەڵاوسانی بازاڕ گرفتەکانی بەردەم کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی یەکەم: مامەڵەی دوو ئیدارەیی دووەم: کێشەکانی کۆکردنەوەی داهاتی ناوچەکان سێیەم: کێشەی تەکنیکی لە کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ بەشی دووەم چاکسازی لە داهاتی نانەوتی یەکەم: پێدانەوەی رۆڵ بە کەرتی حکومی کەرتی حکومی هەیکەلێکی گەورە و میلاکێکی زۆری هەیە، بەشی هەرە زۆری بودجە بۆ موچە بەرێژەی ٨٥% دەچێت، زیاتر لە ١,٢٥١,٠٠٠ موچەخۆر هەیە، کەچی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان حکومەت چەندین سێکتەری بە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت سپاردووە، داهاتەکەش بۆ کەرتی تایبەت دەچێت، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم دەتوانێت ئەو خزمەتگوزاری و ئەرکانە جێبەجێ بکات. لە خوارەوە چەند سێکتەرێک دەخەینەڕوو کە پێویستە چاکسازی تێدا بکرێت. ١. خاڵە سنورییەکان ٢. کۆمپانیا ئەمنیەکان ٣. لێخۆشبونی گومرگی ٤. پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دووەم: پرسی دەروازە سنورییەکان و نەهێشتنی قاچاخچیەتی سێیەم: یاسای بودجەی ساڵانە چاکسازی لە داهاتی کەرتی نەوت لەم تەوەردا شیکاری بە وردی و دورو درێژی بەراوردکاری کراوە بۆ دوو ڕاپۆرتی دیلۆیت، یەکەمیان راپۆرتی دیلۆیت کە بڵاوکراوەتەوە بۆ شەش مانگی یەکەمی ٢٠١٧، دووەمیان کۆتا ڕاپۆرتی بڵاوکراوەی دیلۆیتە بۆ ماوەی چارەکی کۆتایی ٢٠٢١ هەوڵدەدەین لەم شیکارییە بەراوردکارییەدا بۆمان دەرکەوێت کە تا چ ئاستێک چاکسازی لەکەرتی داهاتی نەوت کراوە، لەرێی زانینی گۆرانکاری لە نرخی فرۆشی نەوت، خەرجی و تێچویی نەوت و زیاد و کەم کردنی داهاتی گەڕاوەی نەوتەوە. چەند خاڵێکی ناو ئەو دوو ڕاپۆرتەی دیلۆیت بەراورد کراوە کە بریتییە لە دەرخستنی ئاستی زیاد بوونی داهات و کەمبوونەوەی خەرجییەکان یان بە پێچەوانەوە بەمانایەکی تر ئاستی چاکسازی، ئەوانیش ١. نرخی فرۆشی نەوت ٢. داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکان ٣. خەرجی گواستنەوەی نەوتی هەرێم ا. لە خاکی تورکیادا ب. لە ناو هەرێمدا ٤. داهاتی ماوە بۆ هەرێم دەرئەنجامی راپۆرت ١. بەڵێنەکانی چاکسازی بۆ باشتر بەرێوەبردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی وەکخۆی جێبەجێ نەکراوە. ٢. هەرێمی کوردستان هێشتا لە قەیرانی بەرێوەبردنی دارایی و ئابوری دایە، سەرچاوەکانی داهات و بڕەکەی شەفاف نییە. ٣. رێکارەکانی وەرگرتنی باج و رسومات توندکراوەتەوە، داهاتی باج زیادی کردوە. ٤. بەرێوەبردنی داهاتی گشتی هێشتا وەک پێویست نەبۆتە هۆی بەرپاکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەستەبەربکات، بەڵکو چینی هەژار لە کۆمەڵگەدا زۆرینەی پێکدەهێنێت. ٥. سیستەمی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی پێویستی بە پێداچونەوەی ریشەیی و دیراسەکردن هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت چ کاریگەریەکی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان و جموجۆڵی ئابوری داناوە. ٦. داهاتێکی زۆری حکومەت بۆ کەرتی تایبەت دەچێت، لەرێگای پێدانی پێشکەشکردنی بەشێک لە خزمەتگوزاریەکان بە کۆمپانیاکان، کە لە گرێبەستەکان هەست بەناهاوسەنگی بە قازانجی کۆمپانیاکان دەکرێـت. ٧. داهاتی دەروازە سنورییەکان بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە. کاری نایاسایی و قاچاخچیەتی بەردەوامە. ٨. چاکسازیەکانی سێکتەری نەوت وەک پێویست کاریگەریی لەسەر کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتی گشتی دانەناوە. راسپاردەکانی راپۆرت ١. پێویستە حکومەتی هەرێم بە ئیرادەیەکی بەهێز روبەڕوی کێشەکانی بەردەم داهاتی ناوخۆ ببێتەوە، دامەزراوە فەرمیەکان بەهێز بکات. بۆ چارەسەری کێشەکان پشتیان پێببەستێت، نەوەک هەر دروست کردنی لیژنە و دواتر بێئەنجام کۆتایی بێت. ٢.پێداچونەوە بە رۆڵی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت، خەریکە زۆرێک لەو سێکتەرە گشتیانەی سەرچاوەی داهاتی ناوخۆن دەدرێتە کەرتی تایبەت. ٣. کۆکردنەوەی داهات بە دامەزراوەیی بکرێت، رێگە لە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆ بگیرێت، داهات لە یەک سەرچاوە کۆبکرێتەوە. ٤. چارەسەری کێشە و گرفتەکانی دەروازە سنورییەکان بکرێت، بەتایبەت لە: - رێگەگرتن لە قاچاخچیەتی. - چارەسەری کۆمپانیاکانی دەروازە سنورییەکان بکرێت. - بەیەکبەستنەوەی دەروازەکان بە سیستەمێکی کارگێری و ژمێریاری بەهێز. - هێزی پاراستنی دەروازە سنورییەکان توندوتۆڵ بکرێتەوە. - بەشێوەیەکی یەکگرتوو یاسا و بڕیارەکان لە دەروازەکان جێبەجێ بکرێت. ٥. پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتی ساڵانە لە پەرلەمان، لەپێناو زیاترکردنی شەفافییەت لە بەرێوەبردنی داهات و خەرجیەکان، بۆ ئەوەی متمانە لای هاوڵاتیان دروست بێتەوە، کە ئەو داهاتانەی کۆدەکرێتەوە هەر بۆ خزمەتی هاوڵاتیان بەکاردەهێندرێتەوە. ٦. پێویستە هەنگاوەکانی چاکسازی لە داهات، هاوتەریب چاکسازی لە خەرجیشدا بکرێت، چونکە دوو ئاراستەن دەبێ بەیەکەوە هەنگاوەکان ئەنجام بدرێت. ٧. نەهێشتنی مامەڵەی دوو ئیدارەیی لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، کە تا ئێستا بەرپرسانی باڵای حکومەت دانی پێدادەنێن. ٨. هەژموونی حزبی لەسەر پرۆسەی کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ نەهێلدرێت، بەتایبەت لە دەروازە سنورییەکان. وەزارەتی دارایی و ئابوری و دامەزراوەکان لە کۆکردنەوەی داهات سەرپشکبکرێن. ٩. پێویستە لەکاتی پێداچونەوە بە کێشەکانی باج و رسومات و کرێ و سزاکان ئەو خاڵانە لەبەرچاو بگیرێت: - کاریگەری لەسەر خاوکردنەوەی جموجۆڵی ئابوری نەبێت، هەرێمی کوردستان پێگە و رێڕەوی بازرگانی لەدەست نەدات، سەرباری ئەوەی یاسای هاوردەکردن و وەرگرتنی باج و رسومات، لە دەروازە سنورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان یاسایە، لە ماوەی رابردوو بەشێک لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە خوار و ناوەڕاستی عێراقەوە کاڵاکانیان هاوردە دەکەن، لە ئەنجامدا کاریگەری و زیانی لەسەر دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت. - زیادکردنی زۆری رسومات کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی، چونکە زۆربەی بڕەکان جێگیرن و بۆ هەموو چینەکان هەمان بڕ وەردەگیرێت، بگرە دەبێتە هۆکاری بەرپابوونی نا دادپەروەری. ١٠. لە کۆکردنەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی، دواتر لە پرۆسەی خەرجکردنەوەی پێویستە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی ساڵانە بەپێی بنەمای ژمارەی دانیشتوان و رێژەی پێویستی شارەکان بۆ خزمەتگوزاریی بەشێوەی دادپەروەرانە داهاتی نەوتی و نانەوتی دابەشبکرێتەوە. ١١. چاودێری و لێکۆلینەوە و بەدواداچونی دامەزراوەکان لەسەر داهاتی نانەوتی رۆڵی زیاتریان پێبدرێت. بەتایبەت دیوانی چاودیری دارایی وردبینی لە داهاتەکانی ناوخۆی هەرێم بکات. ١٢. بەهێزکردنی سیستەمی بانکی و پرۆسەی بەرێوەبردن و کۆکردنەوەی باج کە بە پڕۆگرامی ئەلیکترۆنی پشتگیریی کرابێت. هەروەها پێویسته حکومەتی هەرێم داتا سەنتەر و سیستەمی ئەلیکترۆنی دابمەزرێنێت و سیستەمی بانکی بۆ کۆکردنەوەی باج بەکاربهێنێت، دەبێتە ڕێگهیەکی سەرەکییە بۆ چاکسازیی لە بواری باج. ١٣. هەندێک لەو کەڵوپەل و خواردن و خواردنەوانەی گومرگیان بەرزبێت و بەشێکیان بەرێگای قاچاخ هاوردە دەکرێن. پێویستە چارەسەری ئەو کێشانە بکرێت تا دەروازەی قاچاخچیەتی بنبڕبێت. ١٤. پێویستە رێکارەکانی وەرگرتنی باج و رسومات لە کۆمپانیا گەورەکان بەشێوەیەکی داپەروەرانە لەسەر هەمویان بێ جیاکاری جێبەجێ بکرێت، هەروەها گۆڕانکاری لە کۆمپانیای دەروازە سنورییەکان کە بڕێکی زۆری داهاتی دەروازەکان بۆ ئەوان دەچێت. ١٥. لە سێکتەری نەوت لەو ماوەیەدا، رێژەی تێچووەکان نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو زیادی کردووە و داشکاندنی نرخی فرۆشی نەوتیش لە بری ئەوەی کەم بکات زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان بۆ چاکسازی لەو بوارە ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی داهات. بەڕێوەبەری پڕۆژە ئاری عەبدوڵڵا رێکخەری راپۆرت فەرمان رەشاد هەڵسەنگاندنی سێکتەری نەوت یادگار سدیق لیژنەی هەماهەنگی خەتاب عەزیز هەژار سەلیم عبدالباری ساڵح
راپۆرت: درەو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی هێرشی حەشدی شەعبیدایە، دوكەڵی ئەم شەڕە لە (كۆرمۆر)ەوە دەركەوت، بەڵام پێدەچێت ئاگرەكە لە (خورمەڵە) بكەوێتەوە، وادەردەكەوێت 16ی ئۆكتۆبەر لە سیناریۆیەكی نوێدا خۆی نمایش بكات، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. حەشد شادەماری ئابوری كوردستان دەبڕێت هێشتا تەمومژی دوكەڵی كاتیۆشاكانی كێڵگەی (كۆرمۆر) نەڕەویوەتەوە، جموجوڵی هێز لە نزیك كێڵگەی (خورمەڵە) دەستی پێكردووە. پێدەچێت ئەو موشەكانەی لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڕاستەی كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) كران لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتی، تەنیا بۆ مەبەستی دورخستنەوەی سەرەنج بن لەبارەی ئامانجە سەرەكییەكە، كە ئەویش ئەنجامدانی هەڵمەتێكی سەربازییە لەسنوری دەسەڵاتی پارتیدا. ئاخر بۆ هەموان شۆك بوو كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا بكرێت بە ئامانجی هێرشی موشەكی هێزەكانی حەشدی شەعبی، لەكاتێكدا یەكێتی لە هەشت مانگی رابردوودا لەبەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بوو، واتە حەشدو بەرەكەی ئێرانو رۆڵی گرنگی گێڕا لە دروستكردنی "یەك لەسەر سێی پەكخەر" لەناو پەرلەمانی عێراقدا، كە بەم هەنگاوە توانییان هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر+ بارزانی+ حەلبوسی) رابگرنو پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتیان لەدەست دەربهێنن. لەو رۆژانەدا كە موشەكەكان ئاڕاستەی (كۆرمۆر) دەكران، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی چووە (تەوێڵە)و لە باخەكەی (جەمیل هەورامی) چەند بەرپرسێكی ئێرانی بینی، ئەم گفتوگۆیە هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە، دیارنییە ئایا باسی هێرشەكانی كۆرمۆرو خورمەڵەی تێدا كراوە یاخود نا. بەپێی ئەو گفتوگۆیانەی (درەو) لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پارتیو یەكێتیو لایەنە عێراقییەكان كردویەتی سەبارەت بە دۆخی ئێستا، هێزەكانی حەشدی شەعبی بەنیازن پەلاماری كێڵگەی (خۆرمەڵە) بدەن، بەوپێیەی ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەرێمی كوردستانو حكومەتی فیدراڵی عێراق، دوان لە گەورە دەسەڵاتدارانی ناو حەشد كە هەریەكە لە (هادی عامریو قەیس خەزعەلی)ن، جەخت لە دەستبەسەرداگرتنی ئەم كێڵگەیە دەكەنو لەگفتوگۆیاندا لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسانی كورد بەراشكاوی باسیان كردووە. بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، ئێستا چەند گروپێكی حەشدی شەعبی هێزیان بەرەو نزیكی مەخمورو خۆرمەڵە جوڵە پێكردووە. بەیاننامەی دوێنێ شەوی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاریگەری ئەم بارودۆخە نوێیەی بەسەردا زاڵ بوو، كاتێك رایگەیاند" وەزیرانی كاروباری پێشمەرگەو ناوخۆم راسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتیو دامەزراوەكانی نەوتو گاز.. رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر". دۆخەكە گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی دوێنێ شەو، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەیوەندی بە (برێت مەكگۆرك) رێكخەری كۆشكی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باكوری ئەفریقاوە بكاتو لە چەند رۆژی داهاتووشدا بەنیازە پەیوەندی بە "دۆستە نێودەوڵەتییەكان"ەوە بكاتو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارودۆخی ئێستا ئاگادار بكاتەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، هێزێكی لەشكری (گوڵان)و زێرەڤانی پارتی دوێنێ شەو بەرەو كێڵگەی خورمەڵە جوڵەیان پێكراوە، لەبەرامبەردا بەشێوەیەكی نهێنی حەشدی شەعبیش هەندێك لە هێزەكانی خۆی گواستوەتەوە بۆ سنورەكە. مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبووی عێراق كە چاوی لەوەیە جارێكی تر لە پۆستەكەی دابنرێتەوە، چەند رۆژێكە هەوڵی لێكنزیككردنەوەی زیاتری ئێرانو سعودیە دەدات، بەڵام لە جوڵەی هێزی حەشدی شەعبی بەرەو (خورمەڵە) خۆی بێئاگا كردووەو نایەوێت هیچ كاردانەوەیەك نیشان بدات. حەشد كە بەشێكی سەرەكی پێكهێنەری لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە، وا چاوەڕوان دەكرا دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەت وەفدی دانوستانكار رەوانەی هەولێر بكات، بەڵام بەر لە دیپلۆماسیەت، هێزی چەكدار دەنێرێتە سنورەكانی هەولێرەوە. 16ی ئۆكتۆبەرێكی تر ! ئەوەی ئێستا روودەدات، بەلای هەندێك لەوانەی كە چاودێری بارودۆخەكە دەكەن، 16ی ئۆكتۆبەرێكی ترە، كە تێیدا حەشد سنوری دەسەڵاتی خۆی لە ناوچە جێناكۆكەكان فراوانتر دەكات، ئەگەر پاڵنەری روودانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بێت، ئەوەی ئێستا روودەدات بەهانەكەی تەقاندنەوەی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەیە بە هەرێمی كورستاندا لەبەر رۆشنایی رەتكردنەوەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم. بەلای ئێرانو هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ حەكیم)، بارزانی بەو رێككەوتنەی لەگەڵ سەدر كردویەتی، بوەتە هۆكاری پەرتەوازەبوونی ناو ماڵی شیعە، بەجۆرێك چیتر لەتوانایاندا نییە كابینەی نوێی حكومەت دروست بكەن، كابینەیەك كە لەناو ماڵی شیعە خۆیەوە (سەدر) هەڕەشەی كەوتنی لەسەر نەبێت. ئەگەر حەشد دەست بەسەر كێڵگەی خورمەڵەدا بگرێت، جگە لەوەی شادەماری ئابوری هەرێم دەبڕێت، بوونی هێزەكانی لەم ناوچەیەدا لەڕووی ئەمنییەوە دەبێت بە مەترسی لەسەر دەسەڵاتی هەولێر، چونكە خورمەڵە تەنیا 25 كیلۆمەتر لە هەولێرەوە دوورە. پارتی دوای كشانەوەی سەدر لە پەرلەمان، ئامادەیی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی نیشاندا، بەڵام هەرزوو مەرجی خۆی بۆ پێكهێنانی حكومەت نیشاندا كە پەسەندكردنی یاسای نەوتو غازی عێراقو چارەسەركردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی بوو دژی هەرێم، رەنگە مالیكیو دۆستەكانی ئامادە نەبن لە بنەڕەتەوە بچنە ژێر باری هیچ مەرجێكی بارزانی، بۆیە بەر لە دانوستان، هێرشی سەربازی دەكەن. خورمەڵە.. شادەماری ئابوری كوردستان بلۆكی خورمەڵە دەكەوێتە باشوری خۆرئاوای هەولێر، ئەم كێڵگەیە درێژكراوەی كێڵگەی كەركوكە، لەلایەن كۆمپانیای (كار گروپ)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت. ناوەڕاستی ئایاری رابردوو، كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێم زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگەی (خورمەڵە). حكومەتی عێراق گەورەترین كێڵگەی (غاز)ی هەرێمی كوردستان كە كێڵگەی كۆرمۆرە لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیو گەورەترین كێڵگەی نەوتی هەرێم كە كێڵگەی (خورمەڵە)یە لە سنوری دەسەڵاتی پارتی بە هی خۆی دەزانێت، ئێستاو دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوتو غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق هەڕەشە لە كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەكاتو بە كۆنترۆڵكردنی كێڵگەی (خورمەڵە)ش دەیەوێت لە شادەماری ئابوری هەرێمی كوردستان بدات، چونكە: • داهاتی فرۆشی نەوتی ئەم كێڵگەیە مانگانە (525 ملیۆن) دۆلار بۆ حكومەتی هەرێم دابین دەكات، لەكاتێكدا تێكڕای داهاتی مانگانەی ئێستای نەوتی هەرێم (ملیارێكو 260 ملیۆن) دۆلارە. • لەكۆی (421 هەزار) بەرمیل نەوت كە رۆژانە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات بڕی (175 هەزار) بەرمیلی بەتەنیا لە كێڵگەی (خورمەڵە) بەرهەم دەهێنرێت، بەمەش رێژەی 42%ی تێكڕای نەوتی هەناردەكراو و داهاتی نەوتی هەرێم لە (خورمەڵە)وە سەرچاوە دەگرێت. سەرباری ئەمە، بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لە كێڵگەی (خورمەڵە)ەوە دەستپێدەكات، رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك دەچێتە خورمەڵەو لەرێگەی بۆری نەوتی كوردستانەوە رەوانەی توركیا دەكرێت، داهاتی ئەم نەوتە بۆ حكومەتی عێراقە، بەڵام كۆمپانیای كار كرێی بۆرییەكە لە عێراق وەردەگرێتو بۆ هەناردەكردنی هەر بەرمیلێك بڕی (10) دۆلاری دەستدەكەوێت، كە بەتێكڕا مانگانە داهاتەكەی دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار.
خالد سلێمان بەیانیانێکی زوو، هێشتا تاریکیی شەو بەسەر هەموو شتێکەوە دیارە، خەڵکی لادێ لە خەودان. شەوەکە هەمووی نەخەوتووم و چاوەڕوانی چرکەساتی دەرچوونم بۆ هەردەیەک کە لە مناڵیمدا بە کانیاو و گیانەوەرە کێوییەکان بەناوبانگ بوو. دووانیوەڕوانی ڕۆژی پێشووتر لە شاری کەلارەوە بەڕێدەکەوین و بەدرێژایی ڕێگا لە سروشتی گەرمەسێر ورد ئەبمەوە، وەک ئەوەی لێرە لە دایک نەبووبێتم و بۆ یەکەمجار پێم دەکەوێتە ئەم خاکە. بەبێ چوونە ناو خەیاڵێکی شاعیرانەوە، هەستی سەردانی یەکەمجار بەسەر بیرەوەری و بینینی شتەکانەوە زاڵە. گەرمیان وەک چۆڵەوانیی دێتە بەرچاو، <ئاوایی>ەکان ئاوەدانییەکی کەم دەبەخشن و خامۆش دیارن. کێڵگەی گەنم و جۆکان وەک خۆیان ماون و دروێنە نەکراون، چونکە لەبەر بێبارانیی لە بستێک زیاتر بەرز نەبوونەتەوەو کۆکردنەوەتان مەحاڵە. پێم وابوو ئەوە هەژموونی گەرمای دووای نیوەڕوانە، بۆیە هیوایەکم هێشتەوە بۆ بەرەبەیانی ڕۆژی دوواتر. هیواکەم ئەوەبوو وەک جارانی مناڵیم گیانەوەرە کێوییەکان ببینم، ڕێوییەک، گورگێک، ئاسکێک یان ڕەوێلە سوێسکەکان. پێشووتر زانیاری ئەوەم هەبوو کە دەشتاییەکانی گەرمیان وەک جاران نەماون و بەدەگمەن گیانەوەری کێوییان تیا بەدی دەکرێت. لە ڕێگادا، حەسەنی برام بەهاژووتنی ئۆتۆمبێلەوەو بەزمانێکی خامۆش و لەسەرخۆ، دەیوت: <وێرانیان کرد، هیچیان نەهێشت>. هیوا کە گەنجێکی خێزانەکەمانەو دیەەوێت لەم سەردانەدا هاوەڵم بێت و ئەو چەند ساتەی گەڕان کە ناوی لێدەنێم (ڕەنگدانەوەی ژینگەیی)، تۆمار بکات؛ بێدەنگەو هیچ ناڵێت. ئەویش وەک من ئومێدێکی هەیە وێنەی گیانەوەرەکان بگرێت. ئاوایی قەڵاچەرمەڵە، شوێنی مناڵیمەو لەوێ لەدایکبووم، وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی زەوی لەوێوە گیانەوەرەکانم ناسیوەو ئاشناییم لەگەڵدا پەیداکردوون. لەوێ لە ماڵی حەسەن دەمێنمەوە. کە شەو داهات و لەگەڵ خەڵکی ئاواییدا کەوتینە چاو خواردنەوەو قسەکردن، تارمایی کانیاو و سەرچاوە ئاوییەکان و گیانەوەرە کێوییەکان، بەسەر هەموو بابەتێکەوە بوو. کە پێم وتن بەرەبەیان دەچم بۆ دەشت، یەکسەر هەردەیان بۆ دەستنیشان کردم، چونکە هێشتا کانیاوێکی بچووکی تیا ماوەو گیانەوەرەکان ئاوی لێدەخۆنەوە. لەوە زیاتر ئاوێک دەمی گیانەوەری پێی بگات، لەهیچ شوێنێک بەدی ناکرێت؛ ئاوەهایان پێ وتم. کە نیوەشەو خەڵکی ئاوایی گەڕانەوە ماڵەکانی خۆیان، ژماردنی ئەستێرەکانی تاکە شتێک بوو بمباتەوە ناو فەنتازیای خەیاڵی مناڵییەوە، چونکە خەو نەچووە چاوم. لە بنەڕەتیشدا پەیوەندی مرۆڤ بە ئەستێرەکانەوە بەشێکە لەوەی کە مرۆڤ وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی زەوی، پێش هەموو ئەفسانەو فەلسەفەو ئاینێک، بوونەوەرێکی ژینگەییەو بەگوێرەی مەرج و دۆخە ژینگەییەکان لە ڕووی فیزیکی و هۆشیارییەوە پەرەدەسێنێت. من کە مناڵ بووم لە دایکمەوە فێر بووم چۆن ئەستێرە وەک پێوەری کات بەکار بهێنم، فیکرەی ژماردنیشیان هەر پەیوەستە بەکات و ماتماتیکەوە. مەسەلەکە تەنها فەنتازیای مناڵیی نیەو پەیوەستە بە دنیابینیی ژینگەییەوە. دەمەو بەیانی کە بەرەو کانیاوەکە بەڕێ کەوتین، ڕێگاکە بە تەنها بەشێک نەبوو لە یادەوەری، بەڵکو ئاماژەیەکیش بوو بۆ گۆڕانێکی بنەڕەتیی لە سروشتی ناوچەکەدا، ژمارەی ئەو باڵندانەی بەدی دەکران زۆر کەمبوون، تاکە ڕێوییەکیش نەبینرا، لە کاتێکدا هەردەکە لە ڕابوردوودا بەڕێوی دەناسرایەوە. پێش هەڵهاتنی هەتاو گەیشتینە سەر کانییەک بە(کانی شاواز) ناسراوە، مەزەندەم دەکرد بەو بەیانییە لەوێدا باڵندەو گیانەوەرە کێوییەکانی تر ببینم، بەڵام چی گیانەوەرێک ڕوو لە کانی شاوازێکی بێئاو دەکات! تەنها بیرێک ماوە لە گیانەڵاندایەو مەگەر دەمی باڵندەیەکی بچووکی پێ بگات؛ هیچ گیانەوەرێکی تر ناتوانێت ئاوی لێ بخواتەوە. لەگەڵ هەڵهاتنی هەتاوداو دووای گەڕانێکی باش، گەیشتینە سەر ئەو کانییەی کەمێک ئاوی تیا مابوو. چۆڵ بوو!! ئیتر لەوێدا پرسیاری ئەوەم لە خۆم کرد، ئەگەر لە دەشتێکی بێ ئاوداو لەگەڵ خۆرکەوتندا، کانییەک چۆڵ بێت؛ کەواتە ئەم سروشتەی گەرمیان ڕووحی تیا نەماوە یان لە گیانەڵاندایە. سروشت بەبێ گیانەوەرەکان وەک جەستەی بێ ڕووح وایە. خەڵکی ناوچەکە بەم چاوگە ئاوە ناڵێن کانی، بەڵکو ناویان لێناوە <زیچکاو>، لەوانەیە لەهەر ڕۆژێکدا وشک بکات و ئەوەش نەمێنێت. لەم دۆخەشدا هەر گیانەوەرێک مابێت یان ڕەو دەکات یان لە تینوێتی و برسێتیدا دەمرێت. ئەمە واقعێکی ژینگەیی تاڵەو بەرگە گرتنی ئاسان نیە، بەڵام باسکردنی گرنگیی خۆی هەیە، تا بتوانرێت ئەوەی ماوە بپارێزرێت. لەگەڵ هیوادا بڕیار دەدەین شۆڕ بینەوە بۆ کەڵۆزێک، ناوی (کەڵۆز سوخن)ەو لە ناهەموارترین دۆخی بێئاویدا وشکی نەکردوەو ئاوی هەبووە؛ بەڵام ئێستا لە چەند تنۆکێک زیاتر چۆڕەی لێبڕابوو. لەوێدا کەمێک بەدیار مناڵیمەوە ڕادەوەستم و بیری ژینگەی 40 ساڵ پێش ئێستا دەکەم. تا ئەو چرکەیە جگە لە ژمارەیەکی کەمی باڵندە کێویەکان ئاسەواری هیچ گیانەوەرێکمان نەبینی. جارێکی تر لە کەڵۆزەکەوە بەرەو خوارتر شۆڕ دەبینەوە، دەمانەێت بگەینە کۆتایی چەمێک بە ناوی (کانی کاگەل)، کە دەکەوێتە نێوان ئاوایی قەڵاچەرمەڵەو پیرەمۆنی. ئەم چەمە لە هەموو وەرزێکی بێئاویدا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هەردوولا بووە، پایزی ساڵی 2019 لەکاتی نووسینی کتێبی (پاسەوانانی ئاو)دا، سەردانم کردو تا ئەو دەمە چەمێکی شێدارو تەڕ بوو، بەڵام ئەمڕۆ چۆڕەی لەبەربڕاوەو تەنها لە کۆتاییدا چۆڕێک ئاوی تیاماوەو لە شوێنێکدایە، جگە لە باڵندە دەمی هیچ گیانەوەرێکی تری پێناگات، چونکە کەسێک لە دانیشتوانی ئاوایی پیرەمۆنی بەتەل چواردەوری گرتووە. پێش گەیشتنە سەر چەمەکە تاکە ڕێوییەکمان بینی بەبێ ئەوەی ئێمەی بینیبێت بەشێوەیەک ڕایدەکرد، هەستم کرد هێزێکی گەورە لە دوواوە ڕاوی دەنێت، بەمەرجێک چەم و شیوەکان هەموو چۆڵ بوون، مەزەندە دەکەم هاتبێت بۆ ئاوخواردنەوەو نەیتوانیبێت بگاتە ئەو چۆڕە ئاوەی کە کانی کاگەل ماوە. دەبێ چی گیانەوەرێکی کێوی هەبێت لەم چۆڵەوانییەدا هەست بەترس نەکات. گرفتەکە لێرەدایە، تەرازووی دانیشتوانی کۆمەڵگەی زەوی، بەجیا لە مرۆڤەکان، تێکچووەو زنجیرەی خۆراکیان نەماوە. ئەوەشی ماوە بەرەو نەمان دەچێت. گەرما دەست پێدەکات، لە چەمە وشکەی کانی کاگەلەوە دەگەڕێینەوە ئاوایی و جارێکی دەکەوینە ڕێ بەرەو چەمی کانی بامێ کە لە شوێنێکی تردا باسمکردوەو چۆن لەناوچوونی شەشەمی گیانەوەرەکان لەسەر زەوی لەوێوە دەست پێدەکات. جارێکی تریش ناچارم بگەڕێمەوە سەر مرۆڤی (ئەنترۆپۆژینیک) واتە مرۆڤی ژینگەیی و ڕۆڵی ئایکۆلۆژیا لە دروستبوونی کارەکتەری ئێمەدا. کانی بامێ ناوێکی گرێدراو بوو بە سیستمێکی ژینگەیی سروشتیی داهێنەرەوە، هەروەها بە هۆشیارییەکی خۆڕسکەوە دەربارەی گرنگیی پاراستنی هەمە-چەشنی کە باوکم پێی بەخشیم. کانی بامێ کە ئێستا بووەتە چەمێکی وشک دەکەوێتە باشووری ڕووباری ئاوەسپییەوە، هەمە-چەشنییەکی دەگمەنی تیا بوو: ئاوی سازگار، باڵندەی کۆچەریی ڕووی تێدەکردو هی تر بەجێی دەهێشت، بۆقی زۆرو جۆراجۆر، پونگەو نەعنا بەسەوزایی و بۆنی خۆشیانەوە، زۆر جۆری تریش لە ڕووەکی کێوی؛ گۆلە مەرەزەکانی مەنسووری خاڵیشم لەبیر ناچێت، کە سەرچاوەی دەرامەتی خێزانەکەی بوو. لە کانی بامێ، هەر جۆرێک سەرچاوەی خۆراکی جۆرێکی تر بوو. بۆقێک لەسەر بوونەوەرەکانی ناو ئاوەکەدا دەژیا، باڵندەیەکی لەق لەقیش لەسەر بۆقەکە دەژیا. برنج لەسەر ئاوە دەژیا، ئێمەش لەسەر برنجەکە. سیستمی ژینگەیی فێرمان دەکات کە برنجیش جۆرە، وەک گیانلەبەرێکیش جۆرە. زەوییەکانی چواردەوری چەمی کانی بامێ بۆ باپیرەم دەگەڕایەوە لەلای دایکمەوە. لە وەرزێکی زیاتری دروێنەی گەنمدا، باوکم لە لەو زەویانەدا جوتیاریی دەکردو گەنم و جۆی دەچاند. من و خوشکی لەخۆم گەورەترم، نەزیرە، هەموو چێشتەنگاوێکی هاوین خواردنمان بۆ باوکم دەبرد، دایکم چەند نانێکی گەرم و دۆو کەرەی تازە دەرچووی لە مەشکەی دەخستە ناو چاورۆکەیەکەوە؛ من و نەزیرەش هەڵمان دەگرت بەرەو کێڵگەکانی گەنمی لای کانی بامێ دەکەوتینە ڕێ. ساڵێکیان گەنمەکانی باوکم کەوتبوونە دیوی باکووری چەمەکەوە، ملەیەک هەبوو بەچاوی مناڵیمان بەرزو سەخت بوو، هەر لەو چەمەوە بۆ سەردەکەوتین و دەمانبڕی تا دەگەیشتینە لای باوکم . زۆرجار لە چەمەکدا دوادەکەوتین و باوکیشم لەگەڵ ئەوەی برسی و ماندووی ناو کێڵگەی گەنم بوو، لێی نەدەپرسین بۆ چی دواکەوتوین. دەیزانی مناڵین و شتێک لەسەر ڕێگە هەر دەبێت تا سەرنجمان ڕابکێشێت. لە راستیدا من و نەزیرە خواردنەکەمان دەخستە لاوەو لە چەمی کانی بامێدا بەدووای بەچکە لەق لەقدا ڕامان دەکرد، ڕۆژێکیان ڕاکردنەکەمان بە زایە نەچوو، بەچکەیەکمان گرت و جارێکی تر، کەوتینەڕێ بۆ کێڵگەکەی باوکم. لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەرسەرمانەوە لەشەقەی باڵی دەدا، ئێمەی دڵخۆش بە بەچکەیەکەوە لە ناو دەستماندا هەنگاوەکانمان خێراتر دەکردو ئەویش زیاتر باڵەکانی بەیەکدا دەدا. پێش گەیشتنمان بەچەند هەنگاوێک، باوکم درکی بەوەکرد چی لە ئارادایەو لەق لەق بەدووای بەچکەدا نەبێت ئەوەندە لە کەس نزیک نابێتەوە. کە گەیشتین پێی وتین بەچکەکە بەرەڵا بکەین و وازی لێ بهێنین. بەزمانە سادەکەی خۆی باسی پەیوەندی نێوان ئێمەو گیانلەبەرانی بۆ کردین، زمانەکەی باوکم بەدەریش نەبوو لە جۆرێک لە ترساندن؛ باسی گرنگیی لەقلەقی بۆ کردین و مارەکان دەخوات و ژمارەیان کەم دەکاتەوە. ئەو دەیەویست پێمان بڵێت کە دەگەرێینەوە بۆ ماڵەوە، مار لەسەر ڕێگا پێمانەوە نادات، چونکە لەقلەقەکان دەیانخۆن، ئەمە وانەیەکی خۆڕسکیی بوو لەسەر هەمە-چەشنی کە باوکم بە ئێمەی پێدەناساند. ئێستا کانی بامێ وەک هەموو چەمەکانی تر وشک و برینگە. هۆکارە مرۆییەکان ئەوەی تا ئێستا خرایەڕوو، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەکاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشەهەوا کە خۆی لە کەمیی دابارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو لەدەستدانی پۆشاکیی ڕووەکیدا دەبینێتەوە. لەپاڵ ئەمەدا کاریگەرییەکانی چالاکیی مرۆیی کەمتر نین و لەزۆر ڕووەوە پێش هۆکارەکانی سیستمی سروشتیی دەکەون لەتێکدانی سیستمی ژینگەییدا؛ بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە لە دەستدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنییەوە. یەکەم چالاکیش لەم بوارەدا، ڕاوی بەردەوامی ئاسکەکانی گەرمیانە، نەک تەنها لەلایەن داینشتوانە لۆکاڵیەکانەوە، بەڵکو لە لایەن خەڵکی شارو دەسڕۆیشتووی ناو حزبەکانەوە. ئەوەی گرنگە لەم میانەیەدا بووترێت ئەوەیە کە لەدەستدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنی لە گەرمیاندا پێش کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەست پێدەکات. ئامانجیش لێی پێداویستی دانیشتوانە لۆکالییەکان نیە لە ڕووی خۆراکەوە، بەڵکو بازرگانیکردنە بە گیانەوەرەکانەوەو فرۆشتنیانە لە بازاڕی ڕەشدا لە پێناو بەخێوکردنیان لە باخی تایبەتدا. لە ئاستێکی تریشدا ئارەزووی ڕاوکردن و کوشتنی گیانەوەرەکانە. ڕاوچییەک باسی ئەوە دەکات کە چۆن بە تاکە گولەیەک دوو گورگی کوشتووە، ئەگەر ئەمە دەربڕی شتێک بێت، ئەوا لە ئارەزووی کوشتن زیاتر تێپەڕ ناکات. ڕاوچییەکە بە شانازییەکی زۆرەوە باسی پاڵەوانێتی خۆی دەکات. هەڵبەتە بەبێ کوشتنی گیانەوەرە گۆشتخۆرەکانی وەک گورگ و کەمتیار و چەقەڵ و ڕێوی، لەناوچونیان بووەتە فاکتێک، چونکە سەرچاوەی خۆراکیان، کە ئاسک و کەروێشک گیانەوەرە ڕووکخۆرەکانی ترن، لەناو براوە. ڕاوی بێ پەروا، بووەتە هۆی تێکدانی خەسڵەتێکی گرنگی سیستمی سروشتیی، ئەویش زنجیرەی خۆراکە. ژیانی گورگ کە ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕاگرتنی سیستمی ژینگەییدا هەیە، بەبێ بوونی ئاسک و بەرازو گیانەوەرە ڕووەکخۆرەکانی تر، دەکەوێتە ژێر مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونەوە. دووای ئەنفال و وێرانکردنی لادێکانی گەرمیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ناوچەکە لە ڕووی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنییەوە بووژایەوە، بەڵام جێگەی داخێکی گەورەیە باسی ئەوە بکەین کە لە دووای ساڵی (1991) و کرانەوەی ڕێگاکان بۆ ناوچەکەو بوونی ئۆتۆمبێلی وەک پاترۆل بەدەست ڕاوچییانەوە، کارەساتێکی ژینگەیی لەگەرمیاندا لەسەر دەستی مرۆڤ ڕوودەدات و ئێکۆ-ساید دەکرێت. لەلایەکی ترەوە، دەکرێ ئاوڕێک لە گۆڕانێکی سروشتی بدەینەوە کە بەسەر کانی و سەرچاوەکانی ئاودا هاتووە. هەر لەو ساڵانەی دووای ئەنفالدا کە ناوچەکە چۆڵکراو و کرایە خاکێکی سەربازی و (موحەڕەمە)، هەموو کانیاوەکان بەهۆی لافاوو داڕمانەوە، پڕبوونەوەو خەسڵەتی سروشتیی خۆیان لەدەستدا. کاتێکیش بەشێک لە دانیشتوان دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، جگە لە پاککردنەوەی بیرە کۆنەکانی خۆیان، زیاتر پشت بەبیری ئیرتیوازی دەبەستن و ناپەرژێنە سەر پاککردنەوەی کانیاوەکان. ئێستا لە شوێنی هەموو ئەو کانی و سەرچاوە ئاویانەی کە پێش ساڵی 1988 هەبوون و خەڵک پشتی پێ دەبەستن، زەل و قامیش سەوز بوونە، لە کاتێکدا پاککردنەوەو گەڕاندنەوەی ژیان بۆیان، دەکرێ و شیاوە. هۆکارێکی تری تێکدانی ژیانی کێویانەو هەمە-چەشنی گەرمیان، وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان نەبوونی ناوچەی سروشتیی پارێزراوە. بەمەرجێک بوونی ناوچەی پارێزراوی سروشتیی، هۆکارێکە بۆ بەگەڕخستنی تواناو کولتووری خۆڕسکی دانیشتوانە لۆکالییەکان و بەشداری پێکردنیان لە پاراستنی سیستمی ژینگەیی و ژیانی کێویانەدا.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە پرۆسە ھەرە ناشیرینەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین پرۆسەی بەدیکۆر و بەبێنرخ و بێبەھاکردنی پەرلەمانە، گۆڕینیەتی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی ئیفلیج و بێقورسایی. نیشاندانیەتی وەک تیپی چوارھەم و پێنجەمی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا. لە ڕاستیدا پەرلەمان لە ھەرێمدا، ھەر لە سەرەتاوە وەک دەزگایەکی پلە دوو یان پلە سێ لەدایکبوو. پیاوە بەھێزەکانی حیزب، کەسانی دەسەڵاتداری ڕیزی پیشەوە، تیپی یەکەمی سیاسەتکردن، سیاسیە فیوداڵە نارسیستەکان، نەچوونە ناو ئەم دەزگایەوە. بەڵکو بە سەرجەمی دەسەڵاتە زۆرەکانیانەوە لە دەرەوەی پەرلەماندا مانەوە. ئەمانە نەک پێیان شەرمبوو لەناو پەرلەماندا ئامادەبن و بەشداربن لە گفتوگۆ و ڕاگۆڕکێ و کێبەرکێ سیاسییەکانی ناویدا، بەڵکو پێیان شەرم بوو لەگەڵ ئەندامانی تری پەرلەماندا دەربکەون و ببینرێن، چونکە ئەوان خۆیان بە جنسێکی گەورەتر و بەرزتر لە ھەموو ھاوڕەگەزەکانی خۆیان، دەزانیی. لەمەشدا درێژەیان بەو لۆژیکە سیاسییە سونەتییە دەدا کە کەسەکانی بۆ ئاغا و ڕەعیەت دابەشدەکرد، خۆین ئاغا و دەوروبەرکەیان ڕەعیەت. یاخود درێژەیان بەو کەلەپورە ئەدا. کە لە باشترین حاڵەتدا کۆمەڵێک کەسانی گوێڕایەڵی ناو دەرباری دەوێت وەک نەسیحەتکەر و ڕاوێژکار، نەک بوونی دەزگایەکی سەربەخۆ کە تیایدا ھەمووان ھەمان مافی بەکارھێنانی زمان و ھەمان مافی قسەکردن و ھەمان مافی لێپرسینەوە و بەرپرسیارکردنیان ھەبێت. ئەم دۆخی ئاغا و ڕەعیەتە وایکردن چەندان بازنەی دەسەڵاتی گەورە و زەبەلاح لە دەرەوەی پەرلەماندا دروستببێت، لەوانەش بازنەی خێزانی،بازنەی حیزبی، بازنەی ئابوریی، بازنەی سەربازیی، بارەگای تایبەت، ھتد... کە پەرلەمان نەک توانای لێپرسینەوە و چاودێریکردنیانی نەبێت، بەڵکو دەزگایەکی بچووک و گرگنیش بێت لە بەرامبەر و لە بەردەمیاندا. ئەم دۆخە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی پەرلەمانی ھەرێمی گۆڕی بۆ دەزگایەکی پەراوێزیی بێڕۆح و پەرلەمانتاریش بۆ داشێکی کۆنترۆڵکراوی دامە، کە دەستە دەرەکییە بەھێزەکان دەیانجوڵاند. لە ئێستادا دۆخێک دروستبووە پەرلەمانی کوردستان بووە بە شوێنی گاڵتەپێکردنی زۆرینەی دانیشتوانی ھەرێمەکە. بێنرخکردنی ئەم دەزگایە لە ئاستی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانەوە دابەزیوە بۆ ئاستی شەقام. ئەم بەھیچ نەزانین و گاڵتەکردنە بە پەرلەمان، لە دواھەمین ھەڵبژاردندا، لەو ڕێژە زۆرەی بایکۆت و بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردندا بەرجەستەبوو، کە نزیکەی ٧٠ لە سەدی خەڵکی ھەرێمەکەی گرتەوە. لەوکاتەشەوە تا ئێستا تادێت ڕوانینی خەڵک بەرامبەر بەم دەزگایە خراپتر و نێگەتیڤتر بووە و دەبێت. با بۆ نموونە سەرنج لە ھەندێک لەو قسانەبدەین کە لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردودا و لە پەیوەندیدا بە پشوی ھاوینەی پەرلەمانەوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کران. یەکێک دەنووسێت: ”واژۆ کۆدەکەمەوە بۆئەوەی پەرلەمان بکرێت بە شوێنی بەخێوکردنی مانگای ئەلبان“. یەکێکی تر دەڵێت: ”ئەو پارەیەی دراوە بە پەرلەمانتاران و وەزیرەکان چەندین ساڵە بدرایە بە مانگای هۆڵەندی ئێستا هەمو ماڵێک پێنج تا دە مانگای دەبو پێویستمان بە فرۆشتنی نەوت نەدەبو.“ سێھەم دەنووسێت: ”خۆزگە پەرلەمان ھی من با، دەمانکرد بە مۆڵێک و ٣٠ گەنجێکمان تیایدا ئەخستە سەر کاری خۆیان.“ چوارھەمیپ دەنووسێت بمتوانیانە ”ئەمن ئەمکردە جێگای عەلەشیش بەخێوکردنێ“. ئەمانە تەنھا کۆمەڵێک نموونەی ڕۆژانەی ئەو زمان و ھەست و وێناکردنانەیە کە بۆ باسکردنی پەرلەمان لە ھەرێمدا بەکاردێت. دەشێت ئەم بە قەشمەرکردنەی پەرلەمان لەلایەن کۆمەڵگاوە، وەک میکانیزمێک بۆ تۆڵەکردنەوە وێنابکەین، تۆڵەی کۆمەڵگا لە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە لەوەکەوتوە نوێنەری کۆمەڵگابێت و بووە بە شوێنی ئیملای سیاسیی، کۆمەڵێک دەسەڵاتدار. بێگومان بێنرخکردنی پەرلەمان لەم ئاستە ڕۆژانەییەدا لەسەر بونیادێکی قوڵتری بێنرخکردن و گاڵتەجاڕیکردن ڕاوەستاوە، کە بریتییە لە بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی و مامەڵەکردنی ئەویش وەک ڕەعیەتێکی بێماف. پەرلەمان لە بنەڕەتدا دەزگای ژمارە یەکی کۆمەڵگایە بۆ ڕێکخستنی ژیانی پێکەوەیی بەشە جیاوازەکانی، دەزگای ئەو کەسە ھەڵبژاردراوەنەیە کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگا دەکەن و بەناوی کۆمەڵگاوە کۆمەڵێک دەسەڵاتی گرنگ و گەورەیان پێبەخشراوە: لەوانەش دەسەڵاتی یاسا دەرکردن، دەسەڵاتی چاودێری کارەکانی حوکمڕانان، دەسەڵاتی تەحەداکردنی بڕیارەکانیان، دەسەڵاتی ڕەخنەکردنی سیاسەتەکانی حوکمڕانان و پلان و بەرنامەکانیان، دەسەڵاتی ھێنانەپێشەوەی بابەتە سەرەکیی و بنەڕەتەییەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ گفتوگۆکردن لەسەریان و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانیان. بەڵام وەک وتم پەرلەمان لە دونیای ئێمەدا نەک ئەم کارانەی بۆناکرێت و ئەندامەکانی وەک موچەرخۆری دەسەڵاتداران کاردەکەن، بەڵکو سێنتەر و بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە ھەرێم خۆیشیدا، لە دەرەوەی دەزگا رەسمیەکانی حوکمڕانیی و لەدەرەوەی ھەر چاودێریی و لێپرسینەوەیەکی پەرلەمانیدان. لە ھەرێمدا دەسەڵاتێکی تەریب بە دەسەڵاتی دەزگا ڕەسمییەکان ھەیە و لەئارادایە، کە بەھێزتر و بڕیاردەرترە. ئەم دەسەڵاتە دەشێت ناوی ”دەوڵەتی تەریب“ یان ”دەوڵەتی قووڵ“ی لێبنێن. بۆیە ھەمان ئەو میکانیزمەی وایکردوە کەسانێک بەھۆی دەسەڵات و نفوزی خۆیانەوە بچنە دەرەوەی ھەر لێپرسینەوەیەکی فەرمی یاسایی و پەرلەمانییەوە، بەھەمان شێوە کۆمەڵگا خۆیشی، بەھۆی بێدەسەڵاتییەوە،، کراوەتە دەرەوەی بەشداریکردن لە ھەر بڕیاردانێکی سیاسییدا. بێنرخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخکردنی خودی کۆمەڵگا و ئیفلیجکردنی پەرلەمانیش بەشێکە لە ستراتیژیەتی ئیفلیجکردنی خودی کۆمەڵگا خۆی. لە سی ساڵی ڕابردوودا ئەوەی غائیبی ژمارە یەکی ناو بڕیارە سیاسییە چارەنووسسازەکانە خودی کۆمەڵگا خۆیەتی، لە ڕێگای غائیبکردن و بە دیکۆرکردنی پەرلەمانەوە. لاوازبوون و پەراوێزخستنی پەرلەمان بەشێکە لە میکانیزمێکی تری ترسناک، کە میکانیزمی چۆنیەتی کەڵەکەکردنی دەسەڵاتە لە ھەرێمدا. گەشەی دەسەڵات لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا گەشەیەکی پێچەوانەییە و ڕووی لە بچوککردنەوەی بازنە سەرەکییەکانی دەسەڵاتە. کەڵەکەکردنی دەسەڵات بەپێچەوانەی دابەشبوون و بڵاوبوونەوەی زیاتر و زیارتری دەسەڵات بەناو جەستەی کۆمەڵگادا کاریکردوە، پێچەوانەی ئەوەبووە چەندان ھێز و گروپ و توێژی کۆمەڵایەتیی تازە بازنەی نوێی دەسەڵات دروستبکەن و ڕێ لەوەبگرن ھەمووی لە دەستی چەند خێزان و بنەماڵەیەکدا کۆببێتەوە. ئەمەش لە ئاستە دەزگاییەکەیدا مانای ئەوەیە لەباتی بە دەزگایکردن و بەیاساییکردنی دەسەڵات، پێچەوانەکەی ڕووبدات. دەسەڵات ببێت بە دەسەڵاتێکی خێزانیی و بە لۆژیکێکی سوڵتانیانەش بخرێتەگەڕ. لەباتی بڵاوبوونەوە و دابەشکردن و چاودێریکردنی، کۆبکرێتەوە و بە پێگەی کۆمەڵێک کەس و خێزانی دیاریکراوەوە ببەسترێتەوە. ئەم بەشەخسیی و بەخێزانیکردنەی دەسەڵات وایکردوە ئیشکردنی دەسەڵات ھەم بکەوێتە دەرەوەی یاساکان و ھەم دەرەوەی دەزگاکان، بە دەزگای پەرلەمان خۆیشیەوە. پەرلەمان دەزگای سەرەکیی ناو سیستمێکی سیاسییە تیایدا دەوڵەت ”دەوڵەتی یاسا“ بێت، ”ھاوڵاتیی“ یەکەی ژمارە یەک و سەرەکیی ناو کۆمەڵگابێت، ”کۆمەڵگا“ بە مانای ”گرێبەستی کۆمەڵایەتیی“ خاوەنی سەروەریی بێت، ”یاسا“ ھێزێکبێت لە سەروی ھەمووانەوە و کەس نەتوناێت لە دەرەوەیدا دەستبەکاربێت. بێرخ و بێبایەخکردنی پەرلەمان مانای بێنرخ و بێبایەخکردنی ئەم گشتە گەورەیە. پەڕینەوەی ئەم بێنرخکردنە لە دەسەڵاتدارانەوە بۆ ھاوڵاتیان ئەو ستراتیژیە ترسناکەیە کە دەسەڵات لە ڕۆژی یەکەمەوە کاری لەسەرکردوە. گاڵتەکردنی ھاوڵاتیان بە پەرلەمان، لە قووڵاییدا، گاڵتەکردنیانە بە پێگە و دەسەڵاتی خۆیان. ئەمەش گەشەدانە بەو ستراتیژییەی لە ئەدەبیاتی ساڵانی شەس و ھەفتاکاندا ناوی ”گەشەدان و بەردەوامیدان بە دواکەوتن“ی لێدەنرا، ئەوەی بە عەربی پێیدەگوترا:”تنمیة التخلف“.
نەوشیروان مستەفا: بەرپرسی وا هەیە پێشتر وڵاخێكی نەبووە ئێستا 20 ئۆتۆمبێل بەدواوەیەتی درەو: شۆڕشنامە نەوشیروان مستەفا ئەمین لە دیداری لەگەڵ مەلا عوسمان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە ساڵی 1992: ئێستا خواكردوویەتی لە ئەنجامی خەباتی میللەتی خۆمان و ئەو زروفە دەولیەی هاتە پێشەوە، سێ پارێزگای گەورە لەژێر دەستی خۆماندایە، ئێمە نەمانتوانیوە خۆمان رێكبخەین، خەڵكیش ئێمەی خستووەتە ژێر زەڕەبینەوە، ئێستا لە هەرێم نەتەوە یەكگرتووەكانی لێیە رێكخراوی نێودەوڵەتی لێیە ئەمریكا و ئینگلیز و ئەڵمانی وفەرەنسی لێیە، رۆژانە ئەیبینن بەچاوی خۆیان، ئێمە ناتوانین ئیدارەی وەزعی خۆمان بكەین، ئەمانە بۆ وڵاتەكانی خۆیانی ئەگێڕنەوە ، دائیرەیەك تاڵان دەكرێت كەسێك دەكوژرێت لەكەس ناپرسرێتەوە، سەرانە لە خەڵك دەستێنرێت، ئەم كەموكوڕی و نوقسانیانەمان هەیە، لەبەرەی كوردستانیدا حزبی وای تیایە تەسلیمی ئێوەی بكەین مەحكەمەیان دەكەن و و حوكمی ئیعدام بۆ هەموویان دەردەكەیت، ئەو بەرەیەی (بەرەی كوردستانی) كە درووستمان كردووە هی زەمانی شاخ بووە بۆ ئەوە بووە كۆتایی بە شەڕی براكوژی بهێنین كەموكوڕی زۆری هەبوو ئەو زەمانە پێوەی دیار نەبوو ئێستا پێوەی دیارە،لەبەر ئەوە ئێستا بووە بە پاشاگەردانیەك و ئیدارەكردنی ئەو وەزعە ئاوا ناكرێت، بۆیە بڕیارمانداوە هەڵبژاردنی گشتی بكرێت بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستان، ئیشی ئەم ئەنجومەنە چوار شتە: • ئەنجومەنی تەنفیزی واتا حكومەت درووست بكات. • لابردنی یاساكانی بەعس كە بۆكوردستان ناگونجێت و یاسای باش بۆ كوردستان دابنێت. • چاودێری حكومەت بكات ئەگەر خراپ بوو بڕیاری لێبسەنێتەوە. • هەرچی رێككەوتن و گفتوگۆیەك لەگەڵ بەغداد كە پەیوەندی بە چارەنوسی كوردەوە هەبێت ئەم پەرلەمانە بڕیاری لێبدات یان هەڵی بوەشێنێـەوە. ئێمەو پارتی بڕیارمانداوە كە ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەك بێت رێزی لێبگرێن، ئەمانەوێت ئەمە بكەینە بنچینەی ئیستقرارێكی سیاسی، بەرنامەیەكی وا دابنێین لەفەترەیەكی كەمدا مەسەلەی بێكاری ، مەعاشی خەڵكی دابین بكات، حكومەتێكی وا دابنێین كە جێگای رێزو ئیحترامی هەموو خەڵك بێت. ئێمە بۆیە دەمانەوێت هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی موقەدەراتی گەلەكەمان لەدەستی ئەم سەركردایەتیە دەربهێنین، بیخەینە دەستی سەركردایەتیەكی هەڵبژێردراو، كە شعور بە مەسئولیەت بكات بەرامبەر بە میللەتەكەی، ئەگەر خواكردی و ئەوەمان بۆ كرا ئەوكاتە ئەتوانین پێشمەرگە یەكبخەین، لەرێگەی پێشمەرگەوە ئەتوانین سوپایەك درووست بكەین، دەمانەوێت پۆلیس بەهێزبكەین، دەزگایەكی ئەمنی درووست بكەین بۆ چاودێری جاسوس و بۆ تابوری پێنجەم ئەوانەی دەیانەوێت وڵاتەكەمان تێكبدەن نەك بۆ چاودێری حزب و هاوڵاتیان. بەرەی كوردستانی ئێستا پێی ناكرێت و ناتوانێت ئیدارەی كوردستان بدات، خەڵكی وای تێدایە ئێستا بەكەڵكی ئەو كارە نایەت رەنگە بۆ زەمانەی شەڕ پیاوێكی ئازاو قارەمان بوبێت بەڵام هی ئیدارەكردنی دەوڵەت نیە، من بۆخۆم رەنگە لە زۆرێك لەوانە خوێندەوارتربم، چونكە بێجگە لەوەی زانكۆی بەغدادم تەواو كردووە چوار ساڵیش لە ڤیەننا خوێندووم.. بێجگە لە كوردی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی، ئەڵمانیش دەزانم هێشتا خۆم بە شاییستەی ئەوە نازانم ببمە پارێزگاری سلێمانی. بەعزە جارێك خەریكە مەعنەویاتم ئەڕوخێ لەسەركردایەتی ئەو حزبانە خەڵكی وای تیایە پێی خۆشە ئیدارەی وڵاتەكە ئاوا فەوزا بێت، هیوایان هەیە لەپاشا باشتر دەژی، بەخەویش شتی وای نەبینیوە، هیوای تیایە پێشتر وڵاخێكی نەبووە سواری بێت، ئێستا بیست ئۆتۆمبێل بەدوایەوە فرت و وڕێتی، شەش حەوت خانوی داگیركردووە، دووسەد سێسەد كەسی كۆكردووەتەوە، خەڵك دەگرێت خەڵك بەرەڵا دەكات، ئەمە لە قانوندا نابێت، ئەگەر تۆ دەوڵەتی قانون دروست بكەیت شتی وا نابێت..
(درەو): بە فەرمانێكی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، (37) كەس بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بەشێوەی هەمیشەیی وهكو پاسەوان بۆ بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی دامەزرێندران، تەواوی ئەندامانی ژوورەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دادەمەزرێندرێن، مانگی رابردووش چەندین ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان بە راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەرچوو. بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەسەر داوای بزوتنەوەی گۆڕان، (37) كەس وەك پۆلیس لە وەزارەتی ناوخۆ بە هەمیشەیی دامەزرێندران، دامەزراندنی ئەو ئەندامانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەمەبەستی پاسەوانیكردنە لە بارەگای سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی 2014 ەوە فەرمانی دامەزراندن بۆ فەرمانبەران راگیراوە، لە فەرمانەكەدا ناوی سەرجەم ئەو (37) كەسە بڵاوكراوەتەوە كە بە (كاروان عەزیز كەریم) دەستپێدەكات و بە ( كاوە تەها رەحیم) كۆتایی دێت. لەلایەكی ترەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، سەرجەم ئەو ئەندام ژوورانەی بزوتنەوەی گۆڕان كە ژمارەیان نزیكەی (50) كەسە، ناوەكانیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە بەمەبەستی دامەزراندنیان و رەزامەندی لەسەردراوە. ئەمە لەكاتێكدایە مانگی رابردوو (7) ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان وەك راوێژكار و بەرێوەبەری گشتی دامەزرێندران. رۆژنامەی هاوڵاتی بڵاویكردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان تا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە حكومەت ناكشێتەوەو چەند پۆستێكی نوێ وەردەگرێت: • دكتۆر هەڵەت سەرۆكی زانكۆی چەرموو، پشكی گۆران لە حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • هەڵۆ سەلاح چاوشین، بەرێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان لە هەولێر. • هادی ئەكرەم، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری. • بەهرۆز عەلی، راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران. • پێشرەو بابە شێخ، راوێژكار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان. • ئەركان رەئوف، راوێژكار لە پەرلەمانی كوردستان • رەزا جەبار، بەرێوەبەری گشتی بۆ بەدواداچون وتەفتیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.
درەو: لەماوەی سێ رۆژدا سێجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای دوزخورماتوو، ئەمڕۆش پێشمەرگە رێگری كردووە لە دوو جوڵەی سوپای عێراق بەئاراستەی كۆرمۆر. ئەمڕۆ جارێكی تر بە كاتیۆشا هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی قادر كەرەم، هەر ئەمڕۆ سوپای عێراق دوو جار جوڵەی پێكراوە بە ئاراستەی كۆرمۆر. جاری یەكەم هێزێكی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەی پێكراوە بە مەبەستی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەو ناوچەیەدا گوایە بۆ روبەرووبونەوەی تیرۆرستان، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە رێگریان لێكراوە. جاری دووەم هێزێكی چوار ئۆتۆمبێلی سوپای عێراق بەرەو كۆرمۆر جوڵەیان پێكراوەو رایانگەیاندووە كە مەبەستیان لێكۆڵینەوە بووە لەو موشەكانەی ئاراستەی كێڵگەی كۆرمۆر كراوە، بەڵام ئەویش لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە لەناوچەكە رێگریان لێكراوە. هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن. بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووەو دەڵێن: * كاتیوشاكان لە دەوروبەری هەردوو گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم دوو گوندەی (قەڵغان لوو) تەنیا ( 5 -7 ) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا. * لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتنو لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە. * كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە. * ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێتو بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە. (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر). راپۆرتی پەیوەندیدار كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی پارتیو یەكێتیدا گیری خواردووە
(درەو): دوای زیاتر لە سێ ساڵ پشتگوێخستنی، پارتی نیسابی ئەنجومەنی ھەرێمیی بۆ کاروباری نەوت و غاز لە بەرژەوەندی خۆی تەواو دەکات و دەیەوێت لەم ئەنجومەنەوە ھاوکات لەگەڵ ئەو فشارانەی لە بەغدادەوە لەسەر نەوتی ھەرێم دروستبوون، بڕیارەکان دەربکات و بەرگی کۆدەنگییان بکات بەبەردا، لە دوو بەسێوە كردنی بە سێ بەسێ، ئێستا قسەی مەسرور بارزانی یەكلاكەرەوەیە. زیندوکردنەوەی ئەمجومەنەکە ! ئهنجومهنی ههرێمی بۆ كاروباری نهوت و گاز له ههرێمی كوردستان دوای سێ ساڵ پەکخستن، پارتی لەڕێگەی پرۆژە یاسایەکەوە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردن و کاراکردنەوەیدایە. زیاتر لە سێ ساڵە هیچ کۆبوونەوەیەکی "ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم" بەڕێوەنەچووە، لەئێستادا دەیانەوێت ئەندامێكی تری بۆ زیاد بكەن، كە ئەمە كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەنجومەنەکە دەبێت، چونکە لەرێگەی سەرۆکێک و دوو ئەندامەوە، پارتی هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکیدەخات. بەتایبەتی کە ئێستا چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری حکومەت بۆ پێکهێنانی كۆمپانیای كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) تایبهت به بواری دۆزینهوه، دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. یەکەم: پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئهنجومهنی ههرێمی لە چوارچێوەی یاسای نەوت غازدا پەرلەمانی كوردستان (15) ساڵ پێش ئێستا، یاسای ژماره ( 22 )ی ساڵی 2007ی یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان-عێراقی پەسەندی كرد، لە یاساکەدا زۆرترین دەسەڵاتی بە ئەنجومەنی هەرێمی نەوتو گاز بەخشیوە، بەڵام ئەم ئەنجومەنە تەنها ناوێكی گەورەبووەو ڕۆلێكی ئەوتۆی نەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی نەوتی هەرێمدا. یاسای نهوت و گازی ههرێمی كوردستان، لەچەند ماددەیەکدا ئاماژەی بە پێکهاتەو دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی هەرێمی داوە کە بریتین لە؛ لە (ماددهی سێیهم: بڕگەی چوارهم)دا هاتووە: حكومهتی ههرێم سهرپهرشتیكردن و ڕێكخستنی ههموو پڕۆسهكانی نهوت دهگرێتهئهستۆ، بهپێی ماددهی (115)، به خوگونجاندن لهگهڵ ماددهی (112) له دهستووری فیدراڵدا، وهزیریش بۆی ههیه لهدوای وهرگرتنی رهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی، ڕێگا بهلایهنی سێیهم بدات پڕۆسهكانی نهوت جێبهجێ بكات لهپێناو زیادكردنی داهاتهكان له سامانی نهوتی ههرێمدا. بەپێی (ماددهی چوارهم) ئهنجومهنی ههرێمی بهمشێوهیهی خوارهوه پێكدههێنرێت:- 1. سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران - سهرۆك. 2. جێگری سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران – جێگر. 3. وهزیری سامانه سروشتییهكان - ئهندام. 4. وهزیری دارایی وئابووری- ئـهندام. 5. وهزیری پلان دانان- ئهندام. هاوکات لە (ماددهی پێنجهم) دا هاتووە؛ ئهنجومهنی ههرێمی ئهمانهی خوارهوه دهگرێته ئهستۆ: 1. دانانی پرینسیپهكانی گشتی بۆ سیاسهتهكانی نهوت و پلانی بهدواگهران و پەرهپێدانی گێلگهكان له ههرێم دا لهگهڵ ههمواركردنیان. 2. پێدانی رهزامهندی بۆ ئهو گرێبهستانهی تایبهت به پڕۆسهكانی نهوتی. 3. دیاركردنی ئاستی بهرههمهێنان لە ههرێمدا بهشێوهیهك لهگهڵ بڕگهی دووهمی ماددهی (112)ی دهستووری فیدرالی بگونجێت. وەک لەیاساکەدا هاتووە "كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینهوه و وهبهرهێنانی نهوت (KEPCO)" دادەمەزرێندرێت و لە (ماددهی دهیهم: بڕگەی چوارەم): كۆمپانیا بهڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی بۆی ههیه: 1. ڕكابهری كردن لهگهڵ كۆمپانیای دیكهوه بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتی رێپێدانی تایبهت به كێڵگهكانی ئاینده. 2. ئهنجامدانی ڕێككهوتننامهكانی هاوبهشیكردن و هاوشێوهكانی له ڕێككهوتنهكانی كاركردن له ههرێمدا یان لهناوچهكانی دیكهی عێراقدا یان له دهرهوه. 3. دامهزراندنی كۆمپانیاكانی بهكارخستنی سهربهخۆی بێت و به موڵكداریهتی خۆی بێت تایبهت به پڕۆسهكانی نهوت كه پهیوهسته بهكێڵگهكانی ئایندهدا. هاوکات بەپێی یاسای نەوت و گازی هەرێم "كۆمپانیای كوردستانی نیشتمانی نهوت (KNOC)" دادەمەزرێندرێت و لە (ماددهی یازدهم: بڕگەی چوارهم): بهڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی كۆمپانیا بۆی ههیه: 1. ڕكابهری لهگهڵ كۆمپانیاكانی دیكه بكات بۆ بهدهست هێنانی مۆڵهتی تایبهت به بهڕێوهبردنی كێڵگهكانی ئێستا. 2. ئهنجامدانی ڕێكهوتننامهی هاوبهشیكردن لهگهڵ كۆمپانیا جیهانیهكانی نهوت كه شارهزاییان ههیه و ناوبانگیان باشه له پڕۆسهكانی نهوت دا، بۆ بههێزكردنی بهرههمهێنانی كێڵگهكانی ئێستا بۆ بهدهستهێنانی پتری داهاتهكان به خێرایی. 3. ڕكابهری كردن بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتی تایبهت به كێڵگهكانی ئاینده و ههریهكهو بهپێی دۆخی تایبهتی خۆی. جگە لەو دوو کۆمپانیایە یاساکە ئاماژەی داوە بە دروستکردنی " كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسهكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی (KODO)" بەپێی (ماددهی سێزدهم: بڕگەی چوارهم: خاڵی 2 و 3 و 4): 2. ڕكابهریكردن لهگهڵ كۆمپانیاكانی دیكهوه بۆ بهدهستهێنانی مۆڵهتهكان دوای ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی، وه مافی ئهوهی ههیه ههلبستێت به كارهكانی بهگهڕخستنی تایبهت به پڕۆسهكانی نهوتی وه رێككهوتنهكانی هاوبهشی كردن یان گرێبهستنی هاوشێوهی ئهنجام بدات، چ له ههرێم بێت و یان له ههرێمهكان و پارێزگاكانی تردا. 3. به هاوبهشی كردن لهگهڵ كۆمپانیا نهوتیهكانی جیهان یان لهگهڵ كهرتی تایبهت له پڕۆسهكانی نهوتی تازهو به ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی. 4. بهڕێگهدان بهلایهنی سێیهم بۆ بهڕێوهبردنی ههریهكێك له دهزگاكانی و به ڕهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی. هاوکات لە (بهشی دهیهم: گرێبهستی بهشداریكردنی بهرههمهێنان: مهرجهكانی گرێبهست : ماددهی سی و حهوت: بڕگەی دووەم)دا هاتووە: ئهگهر وهزیر وایدانا كه گرێبهستی نهوت مهترسییه بازرگانیهكان گهورهیه یان پێویستی بهپشتیوانی پارهی زۆره لهسهرهتای وهبهرهێناندا، وهزیر بۆی ههیه لهدوای رهزامهندی ئهنجومهنی ههرێمی ڕێژهی موڵكانهی جێگیر له بڕگهی یهكهمی (7) لهم ماددهیهدا كهمبكاتهوه،و بڕی خهرجی گهراوهو جێگیر له بڕگهی یهكهمی (6) لهم ماددهیهدا بهپێی مهترسییهكان زیاد بكات. دووەم: ئەنجومەنێکی کارتۆنی بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە وەک لە بەشی پێشوودا ئاماژەمان بە پێکهاتەو دەسەڵاتە گەورەو زۆرەکانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غازدا، بەڵام ئەنجومەنەکە بەهیچ شێوەک جێدەستی بە پرۆسەی نەوتی هەرێمەوە دیار نییە. ئاماژە بە "ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩"دا کە لەلایەن (یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ)ەوە نوسراوە، لەم بارەوە ئاماژەیان داوە بەوەی؛ هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەکی باش کێشەی یاسایی نییە لەبواری نەوتدا بەڵکو کێشەکە لە بوارە کرداریەکەدایە (جێبەجێ کردنی یاساکان)، لەم بارەیەوە؛ 1. یاسای نەوت و گازی هەرێم بڕگە گرنگ و جەوهەرییەکانی پشتگوێ خراوە و حکومەتی هەرێم هەتا ئەم ساتە وەختە چەند مادەیەکی گرنگی یاساکەی جێ بەجێ نەکردووە کە راستەوەخۆ پەیوەستە بە بنیادنان و ڕێکخستنی ژێرخانی نەوتی هەرێمەوە، وە ماوەی (15) ساڵە دواکەوتووە و بەبێ هیچ هۆیەکی تەکنیکی. بەپێی ئەو یاسایە دەبوایە ئەم چوار کۆمپانیایە درووست بکرایە (١. کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و بەرهەمێنان ,(KEPCO) ٢ .کۆمپانیای کوردستانی نیشتیمانی نەوت(KNOC)، ٣. کۆمپانیای کوردستان بۆ هەناردنی نەوت (KOMO)، ٤. کۆمپانیای کوردستان بۆ پرۆسەکانی پاڵاوتن و پاشکۆکانی ((KODO).گرنگی ئەم کۆمپانیایانە لەوەدایە هەلی کاری ناوخۆ زیاد دەکات، پسپۆری خۆماڵی پێدەگەیێنێت وە پشتی پێ دەبەستێت، لە ئەنجامیشدا دەتوانێت کۆنترۆڵی بەڕێوبردنی سەکتەری نەوت بکات بەشێوەیەکی باشتر. ئێستا هەندێك لە گرێبەستە نەوتیەکان هەژدە ساڵ زیاتری تێپەڕاندووە. بۆ نموونە گرێبەستی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنرجی لە کێڵگەی تەقتەق و گرێبەستی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە کێڵگەی تاوکی لە ساڵی ٢٠٠٤ دا ئمیزا کراون. و ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بین وە کۆمپانیاکان درووست نەکرێن، ئەوە لەکاتی کۆتایهاتنی گرێبەستەکاندا هەروەك سەرەتای گرێبەستەکان هیچ جێگرەوەیەکی کۆمپانیا نێودەوڵەتێکانمان نیە، وە ناچار دەبین کە بەهەمان مەرجی سەرەتای کارکردنمان ڕازی بین و هیچ جۆرە پسپۆریەکیش بەدەست ناهێنین. بۆیە تا رۆژێك زووتر دەستپێشخەری بکەین لە درووستکردنی ئەم چوار کۆمپانیانە، شارەزایی زیاتر بەدەست دەهێنین و باشتر ئەم کەرتە بەڕێوەدەبەین لە ئایندەدا. بەپێی یاسای نەوت وگاز سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی ئەو کۆمپانیایانە دەبێت لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان پێ بدرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی ئەم کۆمپانیایانە درووستکرابن سەرۆکی حکومەت تەنها دوای یەك ساڵ لە دەرچوونی یاسای نەوت و گاز بەناوی کۆمپانیای کیبکۆ KEPCOوە چەند گرێبەستێکی ئیمزا کردووە، لەناویاندا گڕێبەستی کێڵگەی هەولێر لەنێوان کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی کۆریا (Korea National Oil Corporation)و کۆمپانیای کوردستان بۆ دۆزینەوە و وەبەرهێنان (KEPCO)، نیچیرڤان بارزانی لەبری کۆمپانیای کێبکۆ ئیمزای کردووە. یاسایی بوون و نەبوونی کۆمپانیایەك کە بوونی نەبێت بۆ پەرلەمان و داواکاری گشتی جێ دەهێڵین. دواتر لە ای نیسانی ساڵی ٢٠١٥ پەرلەمانی کوردستان یاسای سندوقی داهاتە نەوتییەکانی دەرکرد. ئەم کارە ئەرکێکی یاساییە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ی (یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان). ئەم دامەزراوانە بەیەکەوە تەواوکەری یەکترین و دەکرا دۆسیەی نەوت لەئاستێکی تاڕادەیەک بەرزدا بەرەوپێشبەرێت. 2. دیلۆیت بەرپرسە بەرانبەر ئەنجومەنی نەوت وگازی هەرێم چونکە گرێبەستی لەگەڵ ئەودا هەیە و پابەندی ڕێککەوتنەکەیەتی، ئەوە تێدەگەین و بەشێکە لە پابەندی گرێبەستەکەی نێوانیان. ئەی ئەنجومەنی نەوت و گاز کە لە سەرۆك وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و سامانە سروشتییەکان و پلان دانان پێكدێت بەرانبەر کێ بەر پرسیارە؟ کێ متمانەی پێداون؟ ئەسڵ وایە پەرلەمان ئەولایەنەیە کە متمانە دەدات بە حکومەت و لێپرسینەوەی لێدەکات. لەکاتێکدا ئێمە باسی ڕوون بینی و شەفافییەت دەکەین، لە بازنەیەکی فراوانتردا هاوڵاتیش متمانەی بەو نوێنەرانە داوە لەپەرلەمان، ئەوانیش حکومەت هەڵدەبژێرێن، بۆیە مافی هاوڵاتیشە لە وردەکاری داهات و خەرجی ئاگاداربێت. هەروەها دەستخستنی زانیاری بەشێکە لە مافی مرۆڤ بەواتایکی تر شاردنەوەی زانیاری پێشیلی مافی مرۆڤە. ئەوەی لێرەوە بۆمان ڕووندەبێتەوە بەشی زۆری ئەو دەسەڵاتانەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت غاز هەیانە، دوای تێپەڕبوونی پانزە ساڵ بەسەر یاساکەدا دامەزراوەکانی دروست نەکراون (کۆمپانیا خۆماڵییەکانی نەوت) تا ئەوەی ئەنجومەنەکە بتوانێت دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت. باشترین بەڵگە ڕاگەیەندراوەکەی (ئاوات شێج جەناب/ وەزیری دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێم) کە لە (3/3/2022) لە ڕونکردنەوەیەکیدا بۆ وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، کاتێک مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لەوەکردبوو وەزیری دارایی ئاگادارە داهاتی نەوت چەندە و چەندی بۆ حکومەت دەگەڕێتەوە. ئەویش لە ڕێگەی میدیای بزوتنەوەکەیەوە ئەوەی بڵاوکردەوە: "ئێمە ئاگاداری راپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت و ئەو (350) ملیۆن دۆلارەین کە دێتە سەر هەژماری وەزارەتەکەمان" سێیەم: بۆچی هەموارکردنەوەی یاسای نەوت و غازو دەستکاریکردنی پێکهاتەی ئەنجومەنی هەرێمی؟ سێ ساڵ و چەند ڕۆژێک تێپەڕدەبێت بەسەر دوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان، واتە لە (12/7/2019)ەوە لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە ئەنجومەن هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجام نەداوە، ئەمە لە کاتێکدایە لەسەردەمی کابینەکانی پێشووتر، هەفتانە ئەو ئەنجومەنە کۆبونەوەی ئەنجام داوە. لەگەڵ ئەوەشدا دوای لەکارخستی ئەنجومەنە لە ماوە درێژەدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕۆژی (15/6/2022) بە بڕیاری ژمارە (154)، پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستانی ئاراستەی پەرلەمان كردووە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی ئەنجومەکە، کە ئەویش (سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە) (ئەو پۆستە ئێستا لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستانە). بەپێی بهرنامهی كاری دانیشتنی ژماره (٧)ی ئاساییی خولی بههارهی پەرلەمانی کۆردستان ڕۆژی (22/6/2022) خۆێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە دەکرێت، هۆکاری سەرەکی ئەم هەوڵە نوێیەش دەگەڕێتەوە بۆ؛ یەکەم: حكومهتی ههرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەدا نامیلکەیەکی بڵاوکردەوە بە ناوەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) لە دەستپێکی نامیلکەکەدا هاتووە "حكومهتی ههرێمی كوردستان كۆمپانیای كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) تایبهت به بواری دۆزینهوه، دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز و كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) دادهمهزرێنێت.. ئهو دوو كۆمپانیایه لهلایهک ههماههنگییان لهگهڵ یهك ههبێت و لهلایهكی دیكهشهوه ههماههنگیان لهگهڵ كۆمپانیای نهوتی نیشتمانی عێراق (سۆمۆ) ههبێت و ههمان پهیوهندیش لهنێوان وهزارهتی نهوتی عێراق و وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان ههبێت". ئەم هەنگاوەش پێویستی بە کاراکردنەوەی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و غاز هەیە. دووەم: هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستانە بۆ زیادکردنی ئەندامێکی خۆی لەنێو ئەنجومەنەکەدا، لەمبارەیەوە (زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی؛ "نزیكەی سێ ساڵە پارتی نەهێشتووە ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز كۆبونەوە بكات، چونكە لە (٥) ئەندامی ئەنجومەنەكە تەنها (٢) كەس پارتی بوون، ئێستا پڕۆژەیەكی ئاراستەی پەرلەمان كردوە كە ئەندامێكی تری پارتی زیادبكرێت ببێتە (٦) ئەندام بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكە بەتەواوی كۆنتڕۆڵ بكات". (گرافیکەکان ئەم ڕاستییە ڕوونتر دەکاتەوە). ئەوەش ئەم ڕاستییە ڕونتر دەکاتەوە لە پرۆژە یاساکەی حکومەت (ماددەی چوارەم: بڕگەی دووەم) بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە" ئەنجومەنی هەرێمی بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامەکانی کۆدەبێتەوە، و بڕیارەکانی بەزۆرینەی دەنگی ئامادەبووان دەردەکات، و لەکاتی یەکسان بوونی دەنگەکان ئەو لایەنە پێشدەخرێت کە سەرۆک دەنگی لەگەڵداوە". بەمشێوەیەش بەپێی یاساکە ئەنجومەنی هەرێمی لە دوو ئەندام و سەرۆکێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت و دوو جێگرو ئەندامێکی یەکێتی و ئەندامێکی بزوتنەوەی گۆڕان پێکدێت، بەم پێکهاتەیەشەوە پارتی دیموکراتی کوردستان هەر بڕیارێکی بوێت تێدەپەڕێنێت، هەروەک چۆن هەرچییەکی بوێت پەکی دەخات. گرافیک ئەندامانی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گازی هەرێم لە (ئێستاو کابینەکانی پێشتر) سەرچاوەکان: 1. یاسای نەوت گازی هەرێم ژمارەی (22)ی ساڵی 2007. 2. دەقی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای نەوت و غازی هەرێم (درەو میدیا). 3. دەقی نامیلکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی (ئەرکی حکومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان: ڕوانگەی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە دۆسییەی نەوت) (درەو میدیا) 4. وەزیری دارایی هەرێم: ئاگاداری راپۆرتی دیلۆیت و (350) ملیۆن دۆلارەکەین. (ماڵپەڕی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان) 3/3/2022 5. یادگار گەڵاڵی و فریا كاڵێ؛ ڕاپۆرتی رێکخراوی روونبیین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت سەبارەت بە وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت بۆ داهاتی نەوتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩. (روونبیین) 6. زانا عەبدولرەحمان/ ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان. (لاپەرەی فەرمی: فەیس بووک) 7. دوو ساڵ و پێنج مانگە ئەنجومەنی نەوت و گاز کۆنەبووەتەوە (بوار نیوز)
راپۆرت: درەو دوو هێرشی موشەكیی بۆسەر كێڵگەی (كۆرمۆر) لە سنوری دەسەڵاتی یەكێتیدا، سەرچاوەی سەرەكی غازی هەرێمی كوردستانی خستوەتە مەترسییەوە، گومان لە هێزەكانی حەشدی شەعبی هەیە، بافڵ تاڵەبانی سەرەتای هەفتە دەچێتە بەغداد، غازی كۆرمۆر لەنێوان پرۆژەی ناردنە دەرەوەی بۆ توركیاو پرۆژەی راكێشانی بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان گیری خواردووە، كاتیۆشاكان لە كوێوە ئاراستەكراون؟ پەیامی پشت موشەكەكان چین؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. كێ هێرش دەكات ؟ لەماوەی دوو رۆژدا دووجار بە موشەكی كاتیۆشا هێرشكرایەسەر كێڵگەی كۆرمۆر لە سنوری ناحیەی (قادر كەرەم)ی سەربە قەزای چەمچەماڵ. هێشتا هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتی هێرشەكانی نەگرتوەتە ئەستۆ، هێزە ئەمنییەكانی یەكێتیش كە كۆنترۆڵی ناوچەكەیان بەدەستەوەیە پەنجەی تۆمەتیان بۆ هیچ لایەك رانەكێشاوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، بەرپرسانی یەكێتی گومانیان هەیە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە لە سنوری دوزخورماتوو لە پشتی هێرشەكەوە بن. بەرپرسانی سەربازیی سنورەكە ئاڕاستەی هاویشتنی (كاتیوشا)كانیان دیاریكردووەو دەڵێن: * كاتیوشاكان لە گوندی (قەڵغانلو)ی سەربە ناحیەی (نەوجول)ی قەزای (دوزخورماتوو) ئاڕاستەكراون، ئەم گوندە تەنیا (5) كیلۆمەتر لە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە دوورە، ناوچەكە بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سنوری پێشمەرگەو حەشدی شەعبیدا. * لەم ناوچەیەدا هێزەكانی (كەتایبی حزیبوڵڵا)ی سەربە حەشدی شەعبی هەیەو فەرماندەكەیان كەسێكە بەناوی (ئەبو عەباس)، لە سنوری هەرێمی كوردستانیشەوە هێزەكانی بەرگری فریاكەوتنو لیواكانی هێزی (70)ی یەكێتی ئامادەیە. * كۆرمۆر (15) كیلۆمەتر لەناو سەنتەری قەزای دوزخورماتووەوە دوورەو لەرووی ئیدارییەوە سەربە قەزای دوزخورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینە. * ئەو كاتیوشیانەی لە هێرشەكاندا بۆسەر كێڵگەی كۆرمۆر بەكارهێنراون تەنیا تەنیا بڕینی (5) كیلۆمەتریان هەیە، بەڵام (حەشوەی سائیل)یان لێدەبەسترێتو بەمە دوورییەكەی بۆ (10 – 13) كیلۆمەتر زیاد دەكرێت، ئەم جورە حەشوە تەنیا لای هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربە ئێران بەردەستە. (درەو) زانیویەتی، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی بەنیازە رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغداد بكات، بۆ قسەكردن لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكانی سەر كێڵگەی (كۆرمۆر). بۆچی كۆرمۆر ؟ رۆژی 5ی ئایاری ئەمساڵ كۆمپانیای نەوتی باكور كە سەربە وەزارەتی نەوتی عێراقە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە، باسی لەوەكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادەڕۆیی كردوەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی سەربە كۆمپانیای باكور لەوانە (خورمەڵە، ئاڤانا، سەفیە، كۆرمۆر). خورمەڵە گەورەترین كێڵگەی نەوتی ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمە لە زۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە رۆژانە 175 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم كێڵگەیە دەكەوێتە ناوچەی كێشەلەسەرو حكومەتی عێراق داوای دەكاتەوە، لە زۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كێڵگەی (كۆرمۆر) كە گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمی كوردستانو پێداویستی غازی ماڵان لەناوخۆو وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، بەهەمان شێوە كێشەی لەسەرەو عێراق داوای دەكات. كۆمپانیای نەوتی باكور لە دادگاكانی عێراق لەبارەی (خورمەڵەو كۆرمۆر)ەوە سكاڵای لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار كردووە. لەپاڵ سكاڵای كۆمپانیای نەوتی باكوردا، دوای شكستهێنانی گفتوگۆكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە لەسەر هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی تاكلایەنە، بەمدواییە وەزارەتی نەوت نامەی بۆ هەموو ئەو كۆمپانیایانە ناردووە كە لە كەرتی نەوتو غازی هەرێمدا كاردەكەنو داوایان لێدەكات لەماوەی سێ مانگدا گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی عێراق نوێ بكەنەوە، بەپێچەوانەوە ناویان دەخاتە لیستی رەشەوە. هەندێك پێیانوایە ئەم بارودۆخە وایكردووە گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان لە شوێنە دیپلۆماسییەكانەوە بگوازنەوە بۆسەر دامەزراوەكانی نەوتو غازی هەرێمی كوردستان لەسنوری دەسەڵاتی پارتیو یەكێتی. لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە كە هۆكاری پشت هێرشەكان بۆسەر كۆرمۆر دەبەستێتەوە بە كێشەیەكی یاسایی نێوان كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتیو حكومەتی ئێرانەوە هەیە سەبارەت بە غاز، كۆمپانیا ئیماراتییەكە كە لە كێڵگەی كۆرمۆر كار دەكات لە دادگای پاریس سكاڵای لەسەر كۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران تۆمار كردووە لەبارەی پابەندنەبوون بە رێككەوتنێكی (25 ساڵە) كە ساڵی 2005 لەنێوان هەردوولادا ئیمزا كراوە، سكاڵاكەی دانەغاز دوو بەشە، بەشی یەكەمی لە ئێران بردوەتەوە كە بەهاكەی (608 ملیۆن) دۆلارەو بڕیارە دادگا مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بڕیار لەسەر بەشی دووەمی كەیسەكە بدات. گومان دەكرێت ئێران لەرێگەی میلیشیا شیعەكانی عێراقەوە شەڕی خۆی لەگەڵ كۆمپانیای (دانەغاز)ی ئیماراتی گواستبێتەوە بۆ كێڵگەی كۆرمۆر، بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە پەیام بە ئیماراتییەكان بدات لەبارەی ئەوە دەتوانێت زیان بە ئابورییەكەیان بگەیەنێت. كوردستان غاز هەناردە دەكات ! شوباتی ئەمساڵ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كتوپڕ گەیشتە ئەنكەرەو وێنەیەكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بڵاوكرایەوە، دوای دیدارەكەی، ئەردۆغان لەرێگەی گەشتێكیدا بۆ ئۆكرانیا بە رۆژنامەوانانی وت: لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا لەبارەی هەناردەكردنی غازی هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گفتوگۆم كرد. ئەم قسەیەی ئەردۆغان بەس بوو بۆ ئەوەی دواتر هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر فشارێكی بەهێزی حكومەتی ناوەندی عێراقو ئێرانەوە، بەتایبەتیش لەو رۆژانەدا بوو بەڕێوەبەری كۆمپانیای (دانەغاز) لێدوانێكی داو وتی: دەتوانین بە غازی چەمچەماڵ سوتەمەنی بۆ عێراقو توركیاش دابین بكەین. هەر لەو مانگەدا كە نێچیرڤان گەشتەكەی كرد بۆ توركیا (شوبات)، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەشێوەیەكی كتوپڕو دوای (10) ساڵ سڕكردنی، بڕیاری خۆی لەبارەی سكاڵایەكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە یەكلاكردەوەو یاسای نەوتو غازی هەرێمی كوردستانی هەڵوەشاندەوەو حوكمیدا بەوەی دەبێت هەرێم نەوتو غازی خۆی رادەستی بەغداد بكات. ئەم بڕیارە پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو عێراق بردە دواوە، پێشتر ئەگەر وەفدەكانی هەرێمی لە دانوستانەكانیاندا بۆ پێكهێنانی كابینەكانی حكومەت باسیان لە جێبەجێكردنی ماددەی (140)ی تایبەت بە چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكانو پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق كردبێت، ئێستا مانشێتی سەرەكی دانوستانەكانیان چارەنوسی نەوتو غازی هەرێمی كوردستانە. فشارەكە تەنیا لەناوخۆی عێراقدا رانەوەستاوە، ئازاری ئەمساڵو دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی، ئێران ماڵەكەی (شێخ باز) سەرۆكی كۆمپانیای (كار)ی لە هەولێر موشەكباران كرد، كۆمپانیاكەی شێخ باز ئەركی پەرەپێدانی هێڵی بۆری هەناردەی غازی كۆرمۆری بۆ توركیا پێسپێردراوە، ئەوكات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسی عێراقو ئەمریكیو توركییەوە رایگەیاند، لەماڵەكەی شێخ بازدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی ناردنەدەرەوەی غازی كوردستان بۆ توركیاو ئەوروپا، بەرپرسانی ئەمریكیو ئیسرائیلی بەشداربوون لە كۆبونەوەكەدا، ئەمە ئێران توڕە كردووە، چونكە ئێران خۆی هەناردەكاری غازە بۆ عێراقو توركیاو نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێت بە بەدیلی ئەو لە ناوچەكەدا. بۆری غاز بەسەر لاشەی بافڵ تاڵەبانیدا ! غازی كێڵگەی كۆرمۆر لەنێوان دوو پرۆژەدا گیری خواردووە، یەكەمیان پرۆژەی پارتییە بۆ هەناردەكردنی بۆ توركیا، دووەمیان پرۆژەی یەكێتییە كە بریتییە لە راكێشانی غازەكە بە بۆری بۆ ماڵانو كارگەكان لەناوخۆدا. بەمدواییە بڕیاربوو كۆمپانیای (كار) بچێتە كێڵگەی كۆرمۆرو دەست بەكاركردنی خۆی بكات بۆ راكێشانی بۆری غاز، هەندێك لەبەرپرسانی یەكێتی باسلەوە دەكەن راكێشانی بۆرییەكە بۆ گواستنەوەی غازە بۆ وێستگەی كارەبای دهۆك، چونكە دابینكردنی سوتەمەنی ئەم وێستگەیە خەرجییەكی زۆری خستوەتەسەر شانی حكومەت، بەڵام هەندێكی تر گومانیان هەیە راكێشانی بۆرییەكە بۆ هەناردەكردنی غازی كۆرمۆر بێت بۆ توركیا. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نوسراوێكی بۆ ئاسایشی سلێمانی كردبوو، داوای كردبوو ئاسانكاری بكەن بۆ كاركردنی كۆمپانیای (كار)، بەڵام یەكێتی رێگری كرد. رۆژی 28ی نیسانی ئەمساڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە هەولێر لەگەڵ نوێنەری نێردەی دیپلۆماسی وڵاتانو رێكخراو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكاندا كۆبووەوە، لەم كۆبونەوەیەدا لەبارەی پرسی هەناردەكردنی غازی كوردستانەوە وتی:" دەبێت گرێبەستو شێوازەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان روونبكرێتەوە، نامانەوێت مەینەتییەكی تر بەسەر هەرێمەكەماندا بهێنین. بە شەفافی كار لەسەر ئەم كەیسە بكرێتو هاوڵاتییانی كوردستان بەشێكبن لە پرۆسەكە. هەموو هەوڵێكیش لەدەرەوەی ئەم داواكارییانە ئەوا روونو ئاشكرا رایدەگەیەنم، دەبێت بەسەر لاشەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا بۆری غاز هەناردەی دەرەوە بكرێت". بافڵ تاڵەبانی ئەوكات كە ئەم قسەیەی كرد پەیوەندییەكانی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو پارتیدا ئاڵۆز بوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەكە هەندێك ئاسایی بوەتەوە، رۆژی 11ی ئەم مانگە بافڵ تاڵەبانی سەردانی مەسرور بارزانی كرد، لە دەرەوەی وەفدی هەردوولا، خۆشیان بە دووقۆڵی دانیشتن. هەندێك سەرچاوەی نافەرمی كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، باسلەوە دەكەن، یەكێتی دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی غازی سروشی لە كێڵگەكە بۆ (ملیارو نیوێك) پێ سێجا بەرزبكاتەوەو لەم رێگەیەوە پرۆسەی دانانی بۆری ماڵانو كارگەكانی سنوری دەسەڵاتی خۆی وەربگرێتو سەرچاوەیەكی دارایی گەورە بۆ خۆیو سنورەكەی دابین بكات، لەم حاڵەتەدا بەربەست بۆ ناردنە دەرەوەی غازەكە دروست دەكات، بەڵام سەرچاوە فەرمییەكان راستی ئەم قسانە رەتدەكەنەوە. دوێنێ بەرپرسێكی ئێرانیی بەنهێنی گەیشتە تەوێڵە، لە باخێكدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی كۆبونەوەی كرد، هێشتا (درەو) زانیاری لەبارەی بەرپرسە ئێرانییەكەو تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان دەست نەكەوتووە. كۆرمۆر.. سەرچاوەی غازی كوردستان كۆرمۆر دەكەوێتە خۆرئاوای ناحیەی (قادر كەرەم)، ئەم ناحیەیە تاوەكو ساڵی 1976 سەربە قەزای خورماتوو بووە، واتە لەسەر پارێزگای كەركوك ئەژماركراوە، بەڵام لەو ساڵەدا خراوەتەسەر پارێزگای سەڵاحەدین، ساڵی 1987 جارێكی تر ناحیەی قادر كەرەمی لەڕووی ئیدارییەوە دەستكاری كراو خرایە سەرقەزای چەمچەماڵ. كۆرمۆر تاوەكو ساڵی 2003و بەر لە رووخانی رژێمی سەددام لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی عێراقدا بوو، دوای روخانی سەددام كێڵگەكە كەوتەوە دەست حكومەتی هەرێم، نیسانی 2007 حكومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای (دانەگاز)و (كریسنت پتریۆلیۆم)ی ئیماراتی ئیمزا كرد، گرێبەستەكە مافی دەرهێنانی نەوتو گازی لە هەردوو بلۆكی (كۆرمۆر)و (چەمچەماڵ)ی بەو دوو كۆمپانیایە بەخشی، لە 2015دا غاز لە كێڵگەكە بەرهەمهێنرا، بە بۆری گواسترایەەوە بۆ وێستگەی كارەبای چەمچەماڵو هەولێر. بەرهەمی ئێستا كێڵگەكە بەمشێوەیە: • گازی سروشتی: رۆژانە (452 ملیۆن) پێ سێجا • كۆندێنسەیت: رۆژانە (22 هەزار) بەرمیل، بەتانكەر دەگوازرێتەوە بۆ وێستگەی خورمەڵەو تێكەڵ دەكرێت لەگەڵ نەوتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەرزكردنەوەی كوالیتییەكەی • گازی شل (LPG): بڕی (1050) تۆن، ئەمە داناگاز خۆی دەیفرۆشێت بە كۆمپانیاكانی ناوخۆ، بۆ هەر تەنێك بڕی (315) دۆلار وەردەگرێت، كۆمپانیای (ساوس كوردستان) دەیكڕێتو دەیگوازێتەوە. غاز لە هەرێمی كوردستان بەگوێرەی سایتی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، هەرێمی كوردستان بڕی 200 تریلیۆن پێ سێجا (5.7 ترلیۆن مەتر سێجا) یەدەگی غازی سروشتی هەیە، كە رێژەی 3%ی تێكڕای یەدەگی غازە لەسەر ئاستی جیهان. بەڵام ئەمە ئەو یەدەگەیە كە نەسەلمێندراوە، چونكە رێژەی سەلمێندراوی یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بەگوێرەی راپۆرتەكانی وزەی ئەمریكا، بڕەكەی تەنیا (25 ترلیۆن) پێ سێجایە. گۆڤاری (ئۆیڵ پرایز) كە بڵاوكراوەیەكی تایبەتمەندی بواری وزەیە، ساڵی 2020 لە راپۆرتێكدا باسی لەوەكرد، لەكۆی رێژەی سەلمێندراو و نەسەلمێندراوی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان، تەنیا بڕی (10 ترلیۆن) پێ سێجای دۆزراوەتەوەو كاری تێدا دەكرێت، ئەمەش ئەو بڕەیە كە ئێستا لە سنوری ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیو لە كێڵگەی (كۆرمۆر) بەرهەم دەهێنرێت. یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان زۆربەی دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی، دابەشبونەكە بەمشێوەیە: یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی • كێڵگەی كۆرمۆ: 8 ترلیۆنو 200 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی چەمچەماڵ: 4 ترلیۆنو 400 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی میران: 3 ترلیۆنو 46 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پەڵكانە: ترلیۆنێكو 600 ملیار پێ سێجا یەدەگی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی • كیڵگەی بنەباوێ: 7 ترلیۆنو 100 ملیار پێ سێجا • كێڵگەی خۆرمەڵە: 2 ترلیۆنو 260 ملیار مەتر سێجا • كیڵگەی شێخان: 900 ملیار پێ سێجا • كیڵگەی پیرمام: 880 ملیار پێ سێجا
درەو فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە: خواستی هاووڵاتیان بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلی نوێ لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە، و بەپێی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان، ٢ هەزار و ٥٢٨ ئۆتۆمبێل بۆ یەکەمجار تۆمار کراون، کە هەزار و ٨٥٠ ئۆتۆمبێلیان لە پارێزگای هەولێر و ٤٩٩ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٧٩ یان لە پارێزگای دهۆک بوون. گۆڕینی تابلۆ گۆڕینی تابلۆی نوێش لە لایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، لە دوای یەکخستنی تابلۆکان لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، بووتە جێگەی بایەخی هاووڵاتیان و تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا هەزار و ٣٩٣ تابلۆی ئۆتۆمبێل گۆڕاوە، کە ٨٢٥ یان لە پارێزگای هەولێر و ٦٨یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣٢٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢٩ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆبوون. بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە دەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و لە هەفتەی ڕابردووشدا یەک هەزار ٥٢٢ مۆڵەتی شۆفێری بۆ یەکەمجار دراوە بە هاووڵاتیان، کە ٤٩٥ یان لە پارێزگای هەلێر و ٢٦٣یان لە پارێزگای سلێمانی و ٣١٤یان لە پارێزگای دهۆک و ٦٣ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٤٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ١٠٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٦٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٦٧ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. رووداوی هاتووچۆ و سەرپێچی هاتووچۆ سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دروستکردنی جادە و شەقامی نوێ و نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و دانانی هێماکانی هاتووچۆ و توندکردنەوەی سزاکان بۆ کەمکردنەوەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بەڵام بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا ٥٣ ڕووداوی هاتووچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە کە ١٢ ڕووداویان لە پارێزگای هەولێر و ١١ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ یان لە پارێزگای دهۆک و ٢ یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٢ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین و ٣ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. هەروەها ٣٤ هەزار و ٣٠١ سەرپێچی هاتووچۆ لە هەرێمی کورستان تۆمار کراوە کە ٤ هەزار و ٦٧١ یان لە پارێزگای هەولێر و ١١ هەزار و ٣٢ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٢ هەزار و ٨٨٠ یان لە پارێزگای دهۆک و ١٢یان لە پارێزگای هەڵەبجە و ٨٤ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ٥٨٨ لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ١٥٨ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ٤ هەزار و ٨٧٦ یان لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوون. فەرمانگەی میدیا و زانیاری ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
درەو - شۆڕشنامە موحسین عەلی ئەكبەر لە كتێبی بیرەوەریەكانیدا بەم شێوەیە باس لە سەرچاوەی داهاتی شۆڕش,و باوڵەكەی دلێری سەید مەجید دەكات: یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوو سەرچاوەی داهاتی هەبوو. یەكێكیان بریتی بوو لەو كۆمەكو یارمەتیو هاوكارییانەی كە لە ڕێگەی رێكخستنەكانی ناوەوەی وڵات كۆدەكرایەوە، لەگەڵ ئەو باجە گومركیانەی سەر سنورەكانو بەكرێدانی ئەو سامانە سروشتیانەی لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بوون. بەشەكەی تریشی ئەو كۆمەكو یارمەتیانە بوو كە لەلایەن دۆستەكانمانەوە لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهات.. ئەمیش ناو بەناو، بەپێی پێویست بە جانتای دیبلۆماسی لەڕێگەی باڵێوزخانەی سوریاوە دەهات. هەر جارەو (10 بۆ 12) دەفتەر دۆلار زیاتر یان كەمتر بوو. بێگومان وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەو زەمانو سەردەمەو گەیاندنی بۆ ناوزەنگ، كارێكی ئاسان نەبوو. بەتایبەتی هیچ كەسێكی ئێمەومانان، بەڵگەنامەیەكی فەرمی ئێرانمان پێ نەبوو شایانی ئەوە بێ كە لە خاڵەكانی پشكنیندا بە ئاسانیو بێ كێشە تێپەڕبینو هیچ گێچەڵێكمان پێ نەكرێ.. كارێكی وا هەردەبێ رووبەڕووی كەسێكی وردەكارو خاوەن سەلیقەو بە تەدبیری وەك دلێری سەید مەجید بكرێتەوە. هەر ئەو دەیتوانی ئەو ئەركە قورسە لە ئەستۆ بگرێ. كاك دلێر باوڵێكی پێ بوو، پێشتر بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكرابوو. بەرگە ناواخنێكی پلێتی هەبوو، بە ئەندازەی ناوەوەی باوڵەكە، بنەكەی لەگەڵ بنی باوڵەكە بۆشاییەكی دروستدەكرد. دەفتەرە دۆلارەكان لەو بۆشاییەی بنی باوڵەكە بە ریز دادەنرانو ئەمجا بەرگە ناواخنەكەی لەسەر دادەنراو بە بورغو قایم دەكرا، ئیتر كەس هەستی پێنەدەكرد. جاری وایش هەبوون كاك دلێر بۆ ئیشوكاری تر دەهات، كەچی رووبەڕووی ئەو ئەركە دەبووەوە، بەڵام باوڵەكەی پێ نەدەبوو. هەموومان دۆش دادەماین. بیرمان لێدەكردەوەو بە هیچ ئەنجامێك نەدەگەیشتین، تەنیا ئەوە نەبێ كە بگەڕێتەوە بۆ ناوزەنگو باوڵەكە لەگەڵ خۆیدا بێنێ. دوای تۆزێك لە بیركردنەوە چارەسەرێكی دەدۆزییەوە كە بە خەیاڵی كەسدا نەدەهات. باسیشی نەدەكرد. ئەوەندە نەبێ كە دەیگوت ئاسانە خۆم چارەسەری دەكەم! دوایی لەگەڵ مندا پێكەوە دەكەوتینە جێبەجێكردنی داهێنانەكەی، ئەویش كڕینی تایەو ویلێكی ئۆتۆمبێل بوو، لەگەڵ پامپێكی گەورەی دەستی. دەفتەرە دۆلارەكانمان لەسەر پارچە نایلۆنێك بەڕیز رێكدەخستو دەمانپێچایەوەو دەماننووساند بە بنی تایەكە لە ناوەوە، ئەمجا چوپو ویلەكەمان لەسەر قایم دەكردو بە پامپەكەش هەوامان تێدەكرد، ئیتر هی ئەوە نەبوو گومانی كەس بەلای شتێكی وادا بچێ كە ئەوە جگەلە تایەیەكی ئاسایی بەولاوە هیچی تر بێت، ئا ئەمە یەكێك بوو لەو كارە داهێنەرانەی دلێر كە دەیان كاری لەو بابەتانەی ئەنجامداوە، لەكاتێكدا كاری وا لەو سەردەمەدا هی ئەوە بوو لەسێدارە بدرێ. ئێستاش هەندێك ئەوەندە بەبێ بایەخ باسی ئەو سەردەمەو ئەو كارانە دەكەنو بە هیچی دەزاننو دەڵێن جا ئەوە چییەو چیتان كردووە! سەرچاوە: موحسین عەلی ئەكبەر (1950 - 2021): نەمریی بیرەوەری/ گێڕانەوەو بیرەوەری (1970 - 1983)، چاپی یەكەم، 2021، سلێمانی، لاپەڕەكانی (351 تا 353).
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) جەنگی داهاتوو بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە جەنگی مرۆڤەکانەوە بۆ جەنگی نێوان ماشینەکان هەنگاودەنێت. جەنگی ماشێنەکان، جەنگێکی بێبەزەییە، نە لێبوردنی تێدایە نە خۆبەدەستەدان، بەڵکو یەک ئامانج ئاراستەیدەکات، ئەویش لەناوبردنی دوژمنە. بەکارهێنانی چەکی دوورمەودا لە سەدەی دوازدەوە کێشەی ئێتیکی بۆ سیاسەت و جەنگگێڕان دروستکردووە. بۆ نموونە ڕمکەوان Crossbow کە دەزگایەکی کوژەرترە لە تیروکەوان، لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە چین و ئەوروپا و پاشان لە لەشکری عوسمانییەکانیشدا بەکاردەهێنرا. ڕمکەوان گۆڕانکارییەکی خێرای لە ڕێڕەوی جەنگدا دروستکرد، چونکە هیچ سوارچاکێک نەیدەتوانی بەو بەرگە قەڵغانییەی لەبەریدایە، خۆی لە مەترسییەکانی ڕمکەوان بپارێزێت. ڕمکەوان چەکێکی کوژەری نوێ بوو بەپێچەوانەی چەکەکانی ترەوە پێویستی نەدەکرد جەنگاوەربیت بۆئەوەی بەکاریبهێنیت، بەڵکو هەم پیر و هەم ژن و هەم هەرزەکاریش دەیانتوانی لەکاتی جەنگدا ئەم چەکە بەکاربهێنن و بەو شێوەیە وەک جەنگاوەرێک ڕۆڵی کاریگەر لە هێرشکردن یان بەرگرییکردندا بگێڕن. لەسەدەی دوازدەیەم داهێنانی ڕمکەوان وای لە پاپا ئینۆزێنزی دووەم کرد نەفرەت لەم چەکە بکات، چونکە هەموو بەهاکانی جەنگی سوارچاکیی هەڵگێڕایەوە. داوادەکرا لانی کەم ئەم چەکە لە جەنگی نێوان دەوڵەتە مەسیحییەکان بەکارنەهێنرێت و لە جەنگی دژ بە دوژمنانی مەسیحییەتدا بەکاربهێنرێت. لە قۆناغێکی تردا کەم تا زۆر هەمان وتووێژ سەبارەت بە چەکی قەناس دروستبوو، بەڵام لەم دوو چەکە پڕگرفتتر و پڕگفتوگۆتر چەکی دڕۆنە کە تادێت گەشەی زیاتری پێدەدرێت و خەریکە لەهەندێ حاڵەتدا سەربەخۆیی خۆشی لە کۆماندۆی ئینسان وەربگرێت و خۆی بیربکاتەوە و بڕیاربدات. ئەم چەکە مۆدێرنە لای رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ وەک هەڕەشەیەک بۆ کۆتایی مرۆڤایەتیی ناودێڕدەکرێت. چەکی فوڵئۆتۆماتیکی رۆبۆتئاسا و درۆن کە سەربەخۆ کاردەکەن، ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە وڵاتانێکی زۆر کاری گەشەپێدانی دەکەن. هەر ئێستا ئەمریکا فرۆکەی درۆنی هەیە کە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لەفڕین بەردەوامدەبێت کاتێک دەکەوێتە ناو نشێو و دۆڵەوە و هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ نێوەندی بڕیاردا نامێنێت. پرسیارەکە لەڕووی ئەخلاقیی و یاساییەوە بۆیە پڕکێشە و پڕگرفتە، چونکە ئەم ماشێنە کوژەرە تاوەکو ئێستا، ناتوانێت لەنێوان سەربازێک کە خۆی بەدەستەوە دەدات و سەربازێک کە دەجەنگێت و ئامادەی دیلێتیی نییە جیاکاریی بکات. کێشەیەکی تری رۆبۆت و درۆن ئەوەیە کە دەتوانرێن لەلایەن دوژمنەوە هاکبکرێن و پاشان ڕاستەوخۆ دژ بە دروستکەرەکەی خۆی بەکاربهێنرێنەوە. بە پێچەوانەی دیلەوە کە شەڕ بۆ دوژمنەکەی ناکات، رۆبۆت، درۆن یان چەکی ئاراستەکراوی کۆمپیوتەریی بێ هیچ کێشەیەکی ئەخلاقیی و ویژدانیی و سڵەمینەوەیەک دەتوانێت ببێت بە جاشی هێزەکەی تر و دژ بەو لایەنە بجەنگێت کە دروستیشی کردووە. بەم چەشنە شەرەف و وەلائەت و مێرخاسیی کە سێ خەسڵەتی بەناوبانگی سوارچاکەکانی جەنگی کۆن و تەقلیدین، لە جەنگی مۆدێرنی ئەلەکترۆنییدا بوونی نامێنێت. گەر لەئاستی ئێتیکییدا بەکارهێنانی درۆن مەترسییەکی گەورە بێت بۆ یاسای نێودەوڵەتیی ئەوا لە ئاستی ستراتیژی جەنگدا دڕۆن گەورەترین بازدانی نەوعییە بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگ و کەمکردنەوە یان نەهێشتنی قوربانیی سەربازیی لەکاتی جەنگدا. جەنگی درۆن جەنگێکی تاکلایەنەیە. تاکلایەنەیە، چونکە هێزی خاوەن درۆن وەک ڕاوچییەکی بێترس و هیچ ڕیسکێکی گیانیی، دەتوانێت شەو و ڕۆژ دوژمنەکانی ڕاوبکات و ڕاوکراویش لە دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامدا بژی و کونە مشکی لێببێتە قەیسەری. دڕۆن ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە تەنها چاودێری و دیسپلینی دوژمن ناکات، وەک فوکۆ لە شیکاری بەندیخانەی مۆدێڕندا بۆمان ڕووندەکاتەوە، بەڵکو رەهەندێکی تری دەبێت کە لەناوبردنە. واتە کاتێک باس لە چەکی درۆن دەکەین هەردوو رەهەندی چاودێرییکردن و لەناوبردن لە دۆخی باڵای خۆیاندان. درۆن واتە پرۆسەی دەستکاریکردنی قووڵی ڕووبەری ژیانی ئەوانەی ڕاویاندەنێت و گۆڕینێتی بە زیندانێک کە کەسەکان خۆبەخشانە و ئازادانە خۆیان دیلدەکەن، بۆئەوەی نەچنە دەرەوە و نەکەونە بەر چاوی هەڵۆئاسای دڕۆنەکان. دڕۆن پرۆسەی بەگەمەکردنی Gamification کردەی کوشتنە لەناو دونیای واقیعییدا. واتە کوژەر کەسێکە لەژوورێکی فێنکدا، لەپشت کۆمپیوتەرەکەی دانیشتووە و لە یەکێک لە شارە دوورەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵی درۆنەکەی لە ئەفغانستان یان یەمەن، پاکستان یان عێراق و سوریا دەکات و بەدوای ئامانجەکانیدا دەگەڕێت. کەسی ڕاونراویش لەناو شاخی سارد، یان بیابانی گەرمدا وەک نێچیرێکی دەستەمۆ و بێدەسەڵات ڕاودەکرێت. وەزیفەی سەرباز لە سەردەمی درۆندا دەگۆڕێت بۆ جەلادێک کە دواچرکەی ژیانی قوربانییەکەی دیاریدەکات. جەلاد بەو مانایەی هەستسڕ دەبن. ژمارەیەکی زۆری ئەو سەربازە ئەمریکییانەی کە بە چەندین رۆژ و هەفتە چاودێری قوربانییەکانیان دەکەن و پاشان لە چرکەساتێکدا دەکرێنە ئامانج و دەیانکوژن، تووشی نەخۆشی زەبری دەروونی (تراوما) دەبن. گەر وەزیفەی درۆن وەک درێژکراوەی وەزیفەی پۆلیس تەماشابکرێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا، ئەوا دووبارە کێشەی ئێتیکی گەورە لە بەکارهێنانی درۆندا هەیە. پۆلیس بۆئەوەی یەکێک دەستگیربکات، دەبێت فەرمانی دادگای پێبێت یان وەک بەرگریی لەخۆکردن چەک دەردەهێنێت، بەڵام دەبێت کەسەکە ئاگاداربکاتەوە لەوەی کە خۆی بەدەستەوە بدات، ئەگینا تەقەی لێدەکرێت. لەهەردوو حاڵەتەکەدا درۆن کێشەی یاسایی هەیە، کەسی بەئامانجگیراو نە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و نە داواشی لێدەکرێت خۆی بەدەستەوەبدات. تەنها وەزیفەیەک درۆن لە ڕاوکردنی دوژمندا دەیگێڕێت بریتییە لە کوشتنی ڕووت. زۆرێک لە جەنگناسان و بیریاران پرسی مۆڕاڵ لە ڕووە فەلسەفییەکەی بەکارهێنانی درۆن دەگێڕنەوە بۆ ئەو خاڵەی کە کوشتن لە جەنگدا بۆیە لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە، چونکە کەسی بکوژ دەشێت خۆشی لەکاتی ڕووبەرووبوونەی لەگەڵ دوژمنەکەی لە گۆڕەپانی جەنگدا، بکوژرێت. واتە سەرباز لەکاتی جەنگدا سەرباز دەکوژێت، چونکە هەردوولایان یەکتر دەبینن و ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە. هەرچی جەنگی درۆنە تەنها بکوژ کوژراو دەبینێت و کوژراو نە لە سەنگەردایە و نە دەتوانێت بەرگریی لە خۆی بکات و نەدەتوانێت هەڵبێت. بۆیە ئەم پرسە لەڕووی ئەخلاقیی جەنگەوە پڕکێشەیە. ماویەتی
درەو: پێشەکی: ڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئیدارەدانی مەلەفی نەوت حكومهتی ههرێمی كوردستان دوو كۆمپانیای گشتی دادهمهزرێنێت ئهوانیش كۆمپانیای ههرێمی كوردستان بۆ نهوت و غاز (KROC) كه تایبهتمهند دهبێت له بواری دۆزینهوه و دهرهێنان و بهرههمهێنانی نهوت و غاز، ههروهها كۆمپانیای كوردستان بۆ بهبازاڕكردنی نهوت (KOMO) كه تایبهتمهند دهبێت به بازاڕكردنی نهوت. دهكرێ له لایهك ههماههنگی له نێوان ههر دوو كۆمپانیاكه ههبێت، له لایهكی ترهوه ئهم ههماههنگییه لهگهڵ كۆمپانیای نهوتی نیشتمانی و كۆمپانیای سۆمۆ له بوارهكانی ههمان پهیوهندی ههبێت، هاوكات لهگهڵ بوونی ههمان پهیوهندی و ههماههنگی له نێوان وهزارهتی نهوتی فیدڕاڵ و وهزارهتی سامانه سروشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان. ههموو ئهمانه و تهواوكردنی ستراكچهری كۆمپانیای سۆمۆ و ههمواركردنهوهی پهیڕهوی ناوخۆی و كردنی به دامهزراوهیهكی فیدڕاڵی پێویست به بڕیاری هاوبهش دهكات، كه دهبێته مایهی ئهوهی ههرێمی كوردستان بهشدارییهكی ڕاستهقینه لهو كۆمپانیایه بكات و پۆستی جێگری سهرۆكی كۆمپانیاكه بۆ ئهو بێ، هاوكات لهگهڵ بوونی دوو نوێنهری ههرێمی كوردستان له بهڕێوهبردن و جومگهكانی كۆمپانیاكه، ههروهها ههرێمی كوردستان مافی ڕهتكردنهوه (ڤیتۆ)ـی ههبێت سهبارهت بهو پرسانهی پهیوهندیان به ههرێمی كوردستانهوه ههیه. ١. سهبارهت به دۆسیهی پابهندییه داراییهكانی پهیوهست به دهرئهنجامی دۆسیهی نهوت و غاز، بۆچوونی حكومهتی ههرێمی كوردستان لهوهدا كورت دهبێتهوه كه بهردهوام بێت له فرۆشتنی بڕی ههناردهكردنی نهوت له ههرێم له ڕێگهی ههمان كۆمپانیاكان، هاوكات لهگهڵ پێویستی دووباره چاو خشاندنهوه به گرێبهستهكان له ڕووی نرخ و لابردنی ههموو كۆت و ئاستهنگهكان كه كۆمپانیای سۆ بهرانبهر به پرۆسهكانی فرۆشتنی نهوتی ههرێمی كوردستان دایناوه. ٢. له بارهی داهاتی نهوتی ههناردهكراو له لایهن ههریمهوه، پێویسته ئهم داهاتانه بۆ ههژمارێكی بانكی بگوازرێتهوه كه ههرێمی كوردستان خۆی ههڵیبژێرێ و سهرپهرشتی بهڕێوهبردنی بكات، هاوكات له میانهیهوه گواستنهوهی دارایی بۆ ههرێمی كوردستان ڕاستهوخۆ بێت بۆ ئهوهی شایستهی كۆمپانیاكانی بهرههمهێنان و گواستنهوه بدات، ههروهها ئهوهی دهمێنێتهوه بۆ وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان بگوازرێتهوه وهك بهشێك له پشكی بودجهی فیدڕاڵی، تا ئهو كاتهی كه بهشهكانی تری له پشكی بودجهی فیدڕاڵی له لایهن حكومهتی فیدڕاڵهوه به دهست دهگات. بەشی یەکەم: ساڵ: ٢٠١٩ چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا ١. پێکهێنانی لێژنەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان: دوای متمانەدان بە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن پەرلەمانی کوردستان لە ١٠ ی تەمموزی ٢٠١٩ زایینی، شاندێک بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکومەت لە ١٦ی تەممووزی ٢٠١٩ سەردانی بەغدای کرد، ئەنجامی ئەم سەردانەش پێکهێنانی لێژنەیەکی باڵا بوو لە نێوان هەردوولا. ٢. لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی پێشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی بە هەڵواسراوی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ماونەتەوە، گرفتەکانیش بریتین لە: ـ پرسی ناوچە کێشە لەسەرەکان ـ پرسی نەوت و غاز ـ پرسە داراییەکان ـ پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی فیدراڵی. ئەم کارنامەیەش لە یەکەمین کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای هاوبەش لە ڕێکەوتی ٢٥/٧/٢٠١٩ی زایینی، گفتۆگۆی لەسەر کرا و حکومەتی هەرێم جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی لە بواری نەوت و دارایی کردووە بەرامبەر پێدانی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عادل عەبدولمەهدی لە حکومەتەکەی د.عادل عەبدولمەهدی، لەسەر یەکەمین پڕۆژەی بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ڕێککەوتن کرا. لەمبارەیەوە شاندێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ ئەنجام دا لەم کۆبوونەوەیەش ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان هەردوولای لێکەوتەوە، لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، لەم پڕۆژە یاسایەدا جەخت لەسەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بەتایبەت نەوت و دارایی، کارنامەی بنەما سەرەتاییەکانیش بەم شێوەیەیە: ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت بە پێدانی ٢٥٠ هەزار بەرمیلی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو بە کۆمپانیای (سۆمۆ) داهاتەکانیش لە ئەژماری حکومەتی فیدراڵ دادەنێت، لەگەڵ ئاگادارکردنەوی (سۆمۆ) دەربارەی هەموو گرێبەستەکانی رابردووی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، هەروەها نرخ و بەهای گواستنەوەی نەوتە خاوەکە، ڕێککەوتنی فرۆشتنی نەوت بۆ ئەو کۆمپانیایانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانە دەکرێت. ٢. ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بڕی ٤٥٠ هەزار بەرمیل بێت لە ڕۆژێکدا، هەروەها حکومەتی هەرێم هەموو زانیاری و داتای تایبەت لەو بڕەی دەمینێت لە بەرهەمی گشتی هەرێم بە تێچووی پێشبینیکراو پێشکەش بکات بە بڕی ٢٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، لەم بارەوەش چەندین ڕاپۆرت بە وردەکاریی لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و هەناردەکردن و فرۆشتن و بەکارهێنان و سەرمایەگوزاریی و وردەکاریی خەرجی تایبەت بە پڕۆسە و کاروباری تایبەت بە نەوت پێشکەشی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کران. ٣. گواستنەوەی داهاتە نەوتییەکان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەپێی حوکمی یاسایی کارگێری دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩ی زایینی. لە بەرامبەر ئەم خاڵەدا، پشکی هەرێمی کوردستان بە بڕی ١٢ تریلیۆن و ٥٧٧ ملیارو ٨٧ ملیۆن و ٢٢ هەزار دینار دەستنیشان کرا، کە دەکاتە (٨٥٧ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک)، ئەمە جگە لە گوژمەی گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم بەبڕی ٢٩ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک و لەسەر بنەمای کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن) و(النفقات الجاریە و خەرجی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان)، بەڵام بارودۆخی سیاسی ئەوکات و دەستلەکارکێشانەوەی حکومەتی د.عادل عەبدولمەهدی ڕێگر بوون لەوەی ئەم پڕۆژەیە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت. ساڵ: ٢٠٢٠ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی مستەفا کازمی ١. حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی خۆی لەسەر نامەی وەزیری دارایی فیدراڵ د.عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی (ژمارە ٨٠٢) لە ١٩/٥/٢٠٢٠ی زایینی، لەسەر ئەم بنەمایە چەندین کۆبوونەوە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، لە ئەنجامدا ڕێککەوتن لەبارەی چەندین بەندی تایبەتییەوە کرا بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسە داراییە هەڵواسراوەکان، ئەم خاڵەش ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بە نووسراوی ژمارە (١٣٢٢٩) لە ڕێککەوتی ١٥/٨/٢٠٢٠ی زایینی جەختی لەسەر دەکاتەوە. ئەم ڕێککەوتنە ئاماژە بەوە دەکات: ـ پێوسیتە وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت وەک بەشێک لە خەرجییەکانی هەرێم. ـ ئەم بڕە پارەیەش لەسەر بنەمای هاوکێشەیەکی ژمێریاری دەستنیشان کراوە. ـ ئەو بنەما هاوکێشییە ژمێریارییەش بریتییە لە خەمڵاندنی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئەو داهاتە نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێن و داهاتەکانی دیکەی هەرێم. ـ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە حکومەتی فیدراڵ بڕی هەموو داهاتەکانی خەرێمی کوردستانی بە داهاتی نەوتی و داهاتەکانی دیکەی لە شایستە فیعلییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ بڕیوە. ٢. بە پێی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ، پشکی هەرێمی کوردستان ١٢,١٦% بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان بڕی تەنیا ٣٢٠ ملیار دیناری لە حکومەتی فیدراڵەوە پێ دەگەیشت، سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنەش هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی لە بری مانگەکانی (ئایار، حوزەیران، تەمموز و تشرینی یەکەم)ـی ٢٠٢٠ وەرنەگرتووە و هیچ پاساوێکیش بۆ ئەم نەناردنە نەبوو، جگە لەوەش هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی پێشمەرگە خەرج نەکراوە، سەرەڕای دانانی خەرجی پێشمەرگە وەک بەشێک لە دەرماڵەکانی وەزارەتی بەرگری، بۆ زانیاریش ڕێککەوتن کراوە لەسەر پڕۆژەی دووەمی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ و ناردراوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. تێپەڕاندنی یاسا بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە پێچەوانەی بنەماکانی دەستوور: جگە لە ناڕەزایی هەرێم لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەبێ بەشداری نوینەرانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، دەقی ماددەی (٧)ی ئەم یاسایە دەڵێت: پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی گشتی خەرجی فیعلی (خەرجی ڕەوەن – جاری و پڕۆژەی وەبەرهینان) ئەژمار دەکرێت هەروەها مەرجی بۆ ئەم خەرجیانە داناوە بۆ هەرێم بریتییە لە ڕادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم جگە لە داهاتی دیکەی نەوتی. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەڵوێستی خۆی کردووەتەوە. هەڵوێستی خۆی بە پێی هەردوو نووسراوی ژمارە (١٨٣٩) ڕێکەوتی ٥/١٠/٢٠٢٠ و ژمارە (٣٧٩) لە ڕێکەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٠ دووپات کردەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە: ١. ڕادەستکردنی ئەو داهاتەی لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان هاتووە، هەروەها پشتبەستن بە حوکمی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦) بۆ ساڵی ٢٠١٩. ٢. دەرچوواندنی یاساکانی (نەوت و غازی فیدراڵ، دابەشکردنی داهاتی فیدراڵ، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت). ٣. ڕادەستکردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکان بەو ڕێژەیەی لە یاساکەدا بڕیاری لەسەر دراوە. ٤. بە دووپاتکردنەوەی پڕەنسیپی شەفافیەت پشتبەستن بە حوکمی بڕگەی/دووەم، بەندی /ب لە ماددەی (٣٤)ـی یاسای کارگێریی دارایی فیدراڵ ژمارە (٦) بۆساڵی ٢٠١٩. ٥. حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لارییەکی نییە لەبارەی بهڕێوەبردنی گومرگەکان بە پێی حوکمی بڕگەی/ یەکەم لە ماددەی (١١٤)ـی دەستووری عیراقی فیدراڵ. ٦. حکومەتی هەرێمی کوردستان وای دەبینێت ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی فیدراڵ بە قەرز وەریدەگرێت پێویستە ڕێژەیەکی دادپەروەرانەی لێ دیاری بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەم پرسەش بە ڕوونی لە ماددەی (١٠٦) ی دەستووری عێراق جەختی لەسەر کراوەتەوە. ٧. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشان دەدات بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی فیدراڵ لە بواری وزەدا، بە هەر دوو دۆسیەی کارەبا و غازیشەوە، بە پێی ئەو ڕێکارە یاساییانەی هە ردوو لا لەسەری ڕێک کەوتوون. ٨. نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان/ نووسینگەی سەرۆک وەزیران ژمارە (٥٠٠) لە ٢٦/١١/٢٠٢٠: لە کۆبوونەوەی ژمارە (٤٥) له ڕێکەوتی ٢٥/١١/٢٠٢٠ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بۆ سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ نارد، تیایدا جەخت لەسەر هەڵویستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لەگەڵ دیدی حکومەت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لەبارەی پڕۆژ یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی ٢٠٢٠. بەشی دووەم دیــوانی ئەنجوومــەنی وەزیــرانی حکومــەتی هەرێمــی کوردســتان نــووسراوی بــۆ ئەمیندارییه گشــتیی ئەنجومەنــی وەزیرانی عێراقــی فیــدراڵ کــردووە کــە خــۆی وەڵامــی "نــوورساوی ژمــاره ٢/٥/٨٨٥٧ لــه ڕێکــەوتی ١/٤/٢٠٢٠"ـــه کــە ئاراسـتەی وەزارەتـی دارایـی حکومـەتی هەرێـم كرابـوو بـۆ ڕاگرتنـی خەرجكردنـی مووچــەی فەرمانبەرانــی هەرێمــی كوردســتان و لــە وەڵامیــدا هاتــووە: یهكهم: سیاسهتی حكومهتی ههرێمی كوردستان پێشتریش و تا ئێستاش ئامانجی چارهسهكردنی كێشهكانه لهگهڵ حكومهتی فیدڕاڵ به پێی دهستوور و پشت بهستن به ماددهكانی بهو پێیهی ههرێمی كوردستان قهوارهیهكی دهستوورییه له چوارچێوهی دهوڵهتی عێراقی فیدڕاڵ. دووهم: دەستوور مافی بەشداریکردنی وەک بنەمایەکی دامەزرێنەری سیستەمی فیدراڵی بۆ ئەو هەرێم و پارێزگایانە مسۆگەر کردووە کە لە دەسەڵاتی فیدراڵیدا بە پێی بنەماکانی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان و دادپەروەری ڕێک نەخراون بۆ هەرێمێک، كه ناكرێت دروست ببێت بهبێ بوونی بنهمای یهكسانی له نێوان هاووڵاتیانی ههرێمهكان و پاڕێزگاكانی تری عێراق له ڕووی سوود وهرگرتن و پیادهكردنی مافهكانیان، له ناویشیاندا مووچه و شایسته داراییهكانی فهرمانبهران، له ڕاستیدا فهرمان كردن به ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان پێشێلكارییه، به تایبهتی خهرجكردنی مووچهی فهرانبهرانی حكومهتی فیدڕاڵ له پازده پارێزگا عێراقییهكهی تر به ئاسانی دهڕوات بهبێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر مهرجهكان، جهخت دهكهینهوه كه فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان هیچ جیاوازییهكیان لهگهڵ فهرمانبهرانی تهواوی بهشهكانی تری عێراق نییه و له چوارچێوهی قهوارهی یهك دهوڵهتدا خزمهتی گشتی جێبهجێ دهكهن. سێیهم: له ماددهی (56)ـی یاسای كارگێڕی دارایی فیدڕاڵی ژماره (٦)ـی ساڵی ٢٠١٩ دا هاتووه كه له وادهی دهرچوونییهوه دهست دهكرێت به ساڵی دارایی داهاتوو، ههروهها ماددهی یهكهم/ بڕگهی (نۆیهم) له ساڵی دارایی وا پێناسهی كردووه كه بریتییه لهو ماوهیهی كه كه تێیدا یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی جێبهجێ دهكرێت، به شێوهیهك یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ تا ئێستا بڕیاری لهسهر نهدراوه، بۆیه ساڵی دارایی تا ئێستا دهستی پێ نهكردووه، ئهمهش واتای وایه كه ئهم یاسایه نهچووهته واری جێبهجێكردن، هاوكات لهگهڵ دهرنهكردنی ڕێنماییهكان كه كارئاسانی بۆ جێبهجێكردنی یاساكه دهكات له لایهن ئهنجومهنی وهزیرانهوه به گوێرهی ماددهی ٥٤ی یاساكه، ههروهها نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵی جهختیان لهسهر پێویستی دهركردنی ئهو ڕێنماییانه كردهوه له میانی كۆبوونهوهیان لهگهڵ نوێنهرانی حكومهتی ههرێمی كوردستان له ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠ له بهغدا. چوارهم: بۆ سهپاندنی ڕاستی جێبهجێكردنی یاسای بهڕێوهبردنی دارایی، بڕگهی یهكهم له مادده (13)ـی یاساكه، وهزیری دارایی پابهند كردووه به دهركردنی گشتاندن بۆ خهرجكردن به ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به خهرجییهكانی ساڵی دارایی ڕابردوو واته ساڵی (٢٠١٩) و لهسهر بنهمای مانگانه تاكو پهسندكردنی یاسای بودجهی گشتی ساڵی ٢٠٢٠، ههروهها بڕگهی سێیهمی ههمان مادده زانیارییه كۆتاییهكانی دارایی ساڵی ڕابردوو (٢٠١٩)ـی لهسهر بنهمای زانیارییه داراییهكانی ساڵی ٢٠٢٠ دیاری ههژمار كردووه. پێنجهم: ههرێم مانگانه مافی خۆیهتی ١/١٢ـی خهرجییه ڕاستهقینهكانی خهرجییه داراییهكانی ساڵی دارایی ٢٠١٩ وهربگرێت وهك تهواوی پارێزگاكانی تری عێراق و به پێی خشتهی ژماره (١)ـی هاوپێچكراو، لهو كاتهی ههروهها پێچهوانهی ماددهكانی یاسای كارگێڕی دارایی ماوهی سێ مانگی یهكهمی ساڵی ٢٠٢٠ هیچ خهرجییهك له شایسته داراییهكان بۆ ههرێمی كوردستان خهرج نهكراوه، جگه له خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به دابینكردنی قهرهبووكردنهوهكانی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان كه دهگاته 452 ملیار دینار، كه ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیرانی داوای ڕاگرتنی دهكات، كه ئهمهش پێشلكاری ئهو یاسایه كه پشتی پێ دهبهسترێت. شهشهم: ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩ حكومهتی فیدڕاڵ پابهند دهكات به دانی شایستهكانی ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران و بڕینی بڕی زیانهكان له پشكی ههرێمی كوردستان له ئهگهری ڕادهستنهكردنی ئهو بڕه نهوتهی كه بڕیاری لهسهر دراوه، ههروهها وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بڕی ٤٥٢ ملیار دیناری مانگانهی بۆ ههرێمی كوردستان دابین كرد وهك خهرجییهكان و قهرهبووكردنهوهی فهرمانبهران كه كۆی گشتی ساڵانه دهگاته پێنج تریلیۆن و ٢٢٨ ملیار دینار له كۆی گشتی پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی خهرجی جاری و خهرجی وهبهرهێنان له ساڵی ٢٠١٩ كه دهكاته بڕی ١٠,٥٩٩,٠٢٥,٨١١ دینار له ناویشیاندا دابینكردنی مووچهی پێشمهرگه كه دهكاته بڕی ٨١٦ ملیار دینار له چوارچێوهی خشتهی خهرجییه سیادییهكان، بهڵام هیچ بڕە شایستهییهكی تری ههرێمی كوردستان له ناویشیاندا مووچهی هێزهكانی پێشمهرگه خهرج نهكراوه وهك جێبهجێكردنی ماددهی (١٠/ دووهم-ج) له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٩. كۆی گشتی ئهو بڕهی كه دهبوو به ههرێمی كوردستان بدرێت، بهڵام كه نهدراوه وهك له خشتهی ژماره (٢)ـی هاوپێچكراو دهردهكهوێت، زیاتره له بههای ئهو زیانهی كه بهر داهاتی گهنجینهی گشتی فیدڕاڵی كهوتووه له ئهنجامی ڕادهستنهكردنی بڕی ٢٥٠ ههزار بهرمیل نهوتی ڕۆژانه به كۆمپانیای سۆمۆ له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. حهوتهم: پشت بهستن به بڕگهی پێنجهمی ماددهی (٢٧)ـی یاسای كارگێڕی دارایی بۆ ڕاگرتنی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بههۆی كۆمهڵێك هۆكارهوه جێبهجێ نهكراوه، لهوانه: ١. ماددهی (٢٧) له یاساكه، وهزارهتی دارایی ڕاسپاردووه به دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) لهسهر حهواڵهنهكردنی داهاتی نهوت و غاز و ههر بابهتێكی تر له لایهن ههرێمی كوردستانهوه لهوانهش (تهمویلكردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان) نهك لهسهر بنهمای مانگانه، جێبهجێكردنی ئهمه پێویست به دیاریكردنی پارهداركردنی ساڵانهی ههرێمی كوردستان دهكات به پێی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ بۆ ئهوهی وهزارهتی دارایی دهست به دابهزاندنی داهاتهكان بكات. ٢. خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ له كۆی گشتی خهرجییه ڕاستهقینهكان بۆ خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی ساڵی ڕابردوو واته (٢٠١٩) له لایهن وهزارهتی داراییهوه لهسهر بنهمای مانگا تا ئهو كاتهی یاسای بودجهی گشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پهسند دهكرێت، ڕێكارێكی یاساییه و پشت بهستووه به حوكمهكانی بڕگهی یهكهم له ماددهی ١٣ـی یاسای كارگێڕی دارایی كه به شێواز (صیغە)ـیهكی ڕهها هاتووه بێ بوونی هیچ لێدوانێك لهسهر جێبهجێكردنی بڕگهی پێنجهم له ماددهی ٢٧ی یاساكه، ههروهها هیچ بۆچوون و ئیجتیهادێك له ناوهڕۆكی دهقهكه بوونی نییه، بۆیه ههڵپهساردنی خهرجكردنی ڕێژەی ١/١٢ بۆ ههرێمی كوردستان هیچ بهڵگهیهكی یاسایی نییه، چونكه له یاساكهدا هیچ دهقێك نییه بۆ ههڵپهساردنی خهرجكردنی ئهم ڕێژهیه لهسهر بنهمای دابهزاندنی (مبالغ المترتبە) بههۆی حهواڵهنهكردنی داهاتهكان له لایهن ههرێمی كوردستانهوه. ٣. بڕی ئهو زیانهی بهر گهنجینهی گشتی كهوتووه بههۆی ڕادهستنهكردنی ئهو بڕە نهوتهی كه دهبوو ههرێمی كوردستان بیدات له لایهن وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ بۆ ساڵی ٢٠١٩ دابهزێندراوه، بهڵام ئهم پرسه بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ پێویستی به دهركردنی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ ههیه كه پڕۆژەیاساكهی به ڕێككهوتن له لایهن ههر دوو حكومهتی فیدڕاڵ و حكومهتی ههرێمی كوردستان له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ ئاماده كراوه، كه تێیدا پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی ههرێمی كوردستانی دیاریكراوه بهرامبهر به خهرجكردنی شایسته داراییه جێگیركراوهكان له یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠، بهم شێوهیه له ئێستادا میكانیزمێكی ڕوون بۆ دیاریكردنی چۆنیهتی دابهزاندنی داهاتهكان له پارهداركردن و خهرجی ساڵانهی ههرێم بوونی نییه، كه ئهم بابهتهش پێویستی به دهقێك ههیه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٠ یانیش له میانی لیژنهیهك كه له میانی كۆبوونهوهیهكی هاوبهش به بهشداری بهڕێزتان و بهڕێزان وهزیری دارایی فیدڕاڵ و نوێنهرانی ههرێمی كوردستان له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ به ڕێوه چوو، پێشنیاز كرا. ٤. جەخت لهسهر پابهندبوونی تهواوهتی دهكهینهوه لهو لێكتێگهیشتنهی كه لهگهڵ ئێوهدا له مانگی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩ دروست بووه له چوارچێوهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠، هیوادارین كه ڕهوانهی ئهنجومهنی نوێنهران بكرێت له ئهگهری پێكهێنانی كابینهی نوێ، كه بارودۆخی ئهم دواییانهی عێراق حكومهتیان ههڵوهشاندهوه و كابینهی ئێستای حكومهت دهستی له كار كێشایهوه و ئێستا بووهته حكومهتی كاربهڕێكهر، كه بههۆیهوه ئهم حكومهته ناتوانێت پڕۆژهیاسای پێشكهش به ئهنجومهنی نوێنهران بكات. ههشتهم: سهرهڕای ئهوهی پێشمهرگه به پێی دهستوور بهشێكه له سیستمی بهرگری عێراق و چهندین قوربانی داوه به تایبهت له ڕووبهڕووبوونهوه و لهناوبردنی تیرۆر، بهڵام تا ئێستا شایستهكانی پێشمهرگه له مووچه و خهرجییهكانی پڕچهككردن و ئامادهكردن و مهشقپێدانهوهی خهرج نهكراوه، سهرهڕای بوونی ژمارهیهك دهق له ناو یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه، كه ئهمهش وایكردووه وهزارهتی دارایی و ئابووری ههرێمی كوردستان لهوهتهی ساڵی ٢٠٠٥ـوه مووچهی پێشمهرگه بخاته ئهستۆی خۆی، ههروهها لهوهتهی ساڵی ٢٠١٤ـوە به ههمان شێوه تێچووی جهنگی دژ به داعشی له ئهستۆ گرتووه سهرهڕای بوونی تهنگژەی دارایی بههۆی ئهوهی له شوباتی ٢٠١٤ـەوە پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ بڕاوه، ههروهها مووچهی پێشمهرگه له ساڵی دارایی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ خهرج نهكراوه كه دهگاته بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانه، سهرباری ئهوهی له خشتهی خهرجییه سیادییهكان بۆ ساڵی ٢٠١٩ جێگیر كراوه. نۆیهم: ههرێم پێشتر و ئێستاش زیاتر له ملیۆنێك ئاواره و پهناههندهی له خۆ گرتووه، كه حكومهتی ههرێمی كوردستان تێچووی خهرجی ئهو ئاواره و پهناههندانهی له هاووڵاتیانمان له پارێزگاكانی تر له ئهستۆ گرتووه به تایبهت له ڕووی چاودێری ئاسایش و تهندروستی و فێركردن و دابینكردنی پێداویستی و پێویستییهكانی بژێویان لهوهتهی ساڵی 2014، تهواوی ئهوانهش له ڕاپۆرتی هاوپێچكراو خراونهته ڕوو، كه هاوكات ڕوون كراوهتهوه حكومهتی فیدڕاڵ هیچ بهشدارییهكی نهكردووه. دهیهم: حكومهتی فیدڕاڵ لهوهتهی شوباتی ٢٠١٤ـەوە تا ساڵی ٢٠١٩ شایستهكانی ههرێمی كوردستانی ڕهوانه نهكردووه، ئهمهش وایكردووه ههرێم پهنا بباته بهر دۆزینهوهی سهرچاوه بۆ پارهداركردن و خهرجی و پێداویستییهكانی له میانی قهزر كردن و گرتنبهری تهقهشوف و ڕێكاری كهمكردنهوهی خهرجییه گشتییهكان و پاشهكهوتی ناچاری به ڕێژهیهكی زۆر له مووچهی فهرمانبهرانی ههرێم، هاوكات لهگهڵ دابینكردنی خهرجی بۆ ژمارهیهكی گهوره له پهناههنده و ئاوارهكان و تێچووی جهنگی دژ به تیرۆر، كه ههموو ئهمانه وایانكردووه ههرێمی كوردستان ڕووبهڕووی بارگرانییهكی گهورهی دارایی ببێتهوه، هاوكات ههرێم پشتوانی له ساغكردنهوهی شایستهكان دهكاتهوه له نێوان ههرێم و حكومهتی فیدڕاڵ بۆ ههموو ئهو ساڵانهی ڕابردوو، ئهمهش له میانی میكانیزمگهلێك كه له یاساكانی بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ دیاریكردنی ماف و ئهركهكانی ههر دوو لا ئاماژەی بۆ كراوه. له كۆتاییدا بۆ حكومهتی فیدڕاڵ دووپات دهكهینهوه كه ههڵوێستی ههرێمی كوردستان نهگۆڕە و سیاسهتهكانی بۆ چارهسهركردنی ئهم دۆسیهیه به پێی دهستوور و یاسا و لهسهر بنهمای هاوبهشی دهبێت، داوا دهكهین لهسهر بنهمای ڕاسپاردهی هاوبهش كه ههر دوو لا له ئهنجامی كۆبوونهوهی بهغدا له ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٠ له نێوان نوێنهرانی (ئهمینداریهتی گشتی ئهنجومهنی وهزیران و نوێنهرانی وهزارهتی دارایی فیدڕاڵ و شاندی ههرێمی كوردستان) پێی گهیشتووین، چاو بهو ڕێكاره بخشێننهوه كه له نووسراوی سهرهوهتان ئاماژهی بۆ كراوه، كه دیاره ناوهڕۆكی ئهم لێكتێگهیشتنه هاوبهشه ڕاسپاردهی ڕاگرتنی جێبهجێكردنی نووسراوهكهتان دهكات و داوای بهردهوامی خهرجكردنی مووچهی فهرمانبهرانی ههرێمی كوردستان دهكات وهك سهرجهم فهرمانبهرانی تری حكومهتی فیدڕاڵ، هاوكات لهگهڵ پێكهێنانی لیژنهیهكی هاوبهش له نێوان ههر دوو لا به بهشداری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و دیوانی چاودێری دارایی ههرێم بۆ دیاریكردنی ئهوهی له ئهستۆی ههرێمدایه له پابهندبوونهكان و مافهكانی له ژێر ڕۆشنایی دهستوور و یاساكانی بودجهی فیدڕاڵی بۆ ساڵهكانی 2014 تاكو 2019 به مهبهستی یهكلاییكردنهوهیان. ههروهها ئهم دهرفهته دهقۆزینهوه بۆ دووبارهكردنهوهی ههڵوێستی نهگۆڕمان به پابهندبوون به لێكتێگهیشتنی هاوبهش كه له چوارچێوهی ئامادهكردنی پڕۆژیاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵ بۆ ساڵی دارایی 2020 لهسهری ڕێككهوتووین و تێیدا چارهسهری پابهندییه دارایی و نهوتییهكانی نێوان ههردوولامان كرد به شێوهیهكی هاوسهنگ كه خزمهت به بهرژهوهندی گشتی بكات، بۆیه ئومێدهوارین بگهینه چارهسهرێكی ڕیشهیی بۆ ئهو كێشه ههڵواسراوانه له میانی گهیشتن به ئامادهكردنی پڕۆژهیاسای فیدڕاڵی هاوبهش بۆ نهوت و غاز و دابهشكردنی داهاتهكان. هاوپێچهكان: 1- خشتهی ژماره (1) خهرجییه ڕاستهقینهكان و خهرجییه جارییهكانی ههرێمی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2019. 2- خشتهی ژماره (2) خهرجییه ڕاستهقینهكانی تایبهت به نهوت و غاز بۆ ساڵی دارایی 2019. 3- خشتهی ژماره (3) شایستهكانی ههریمی كوردستان به گوێرهی یاسای بودجهی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی 2019. 4- خشتهی ژماره (4) تایبهت به بڕی قهرهبووكردنهوهی زیانهكانی ههرێمی كوردستان له ئهنجامی تاوانهكانی ڕژێمی پێشوو له ساڵی 1963 تاكو ساڵی 2003. 5- ڕاپۆرتێكی تایبهت به زانیارییه تایبهتهكان سهبارهت به ژمارهی ئاواره و پهناههندهكانی ههرێمی كوردستان و تێچووهكانیان. 6- خشتهی ژماره (5) پشكی ههرێمی كوردستان له بودجهی گشتی فیدڕاڵ و بڕی ناردراو له ساڵی 2014 تاكو 2019. 7- خشتهی ژماره (6) خهرجییهكانی تایبهت به بههای كڕینی كارهبا له ههرێم به گوێرهی گرێبهستهكان لهگهڵ كۆمپانیاكانی (كار، قهیوان، فۆكس ئینهرجی، بهختیار گرووپ، ماس) كه حكومهتی ههرێمی كوردستان ئهو خهرجییانهی به دۆلار به وهبهرهێنهران داوه له ساڵی 2019. 8- خشتهی ژماره (7) تایبهته به دیاریكردنی بڕی وزهی كارهبای ئامادهكراو بۆ پارێزگای كهركووك كه له لایهن ههرێمهوه سووتهمهنی پێویستی بۆ دابین كراوه.
درەو: ئەحمەد عەزیز- کەرکوک 6/2022 وەک دەسپێک و پێش ئەوەی بچمە ناوەڕۆکی بابەتەکەوە، بە پێویستی دەزانم وەڵامی دو پرسیاربدەمەوە :- 1. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرایا، سوپای عێراق هێرشی ئەنجام دەدا و دەستی بە سەرکەرکودا دەگرت! بێگومان ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام نەدرابایا حکومەتی عێراق هێرشی بۆ سەر کەرکوک ئەنجام دەدا وهەوڵی کۆنتڕڵکردنی دەدا، بەڵام لێکەوتە وئەنجامەکانی زۆر جیاوازتر دەبو وەک لەوەی ئێستا هەیە، لە حاڵەتێکی وەهادا، ئەوسا کورد دەیتوانی لوبی بۆ بکات وپشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بە دەست بهێنێت لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە، کە پشتیوان وهاوکاری کورد بون لە سەرەتای ڕزگارکردنی کەرکوک لە ساڵی 2003 تا کوتایی هاتنی شەڕی دژی داعش لە ساڵی 2017، چاوەڕوان دەکرا سوپای عێراق بە هەمان شێوەی پێش ساڵی 2014 بگەڕابایەتەوە بۆ کەرکوک بۆ هەمان ئەو سنور ودەسەڵاتەی هەیبو لە ڕابوردودا، بەڵام وەک دیفاکتۆ دەسەڵاتی کورد وەکو خۆی دەمایەوە و بڕیاردەر دەبو، لە سەر بنەمای ئەوەش، کە لە مادەی ١٤٠دا هاتوە، ناوچەی جێناکۆک بە هاوبەشی لە نێوان هەرێم و ناوەند بەڕێوە دەبڕێت تا ئەو کاتەی چارەنوسی یەکلای دەبێتەوە. 2. ئایا ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجام نەدرابایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕویدەدا، کەرکوک هەمان ئەو چارەنوسەی ئێسای دەبو! ئەڵبەتە من پێم وایە ئەگەر ڕیفراندۆم لە کەرکوک ئەنجامنەدرایا، 16ی ئۆکتۆبەر ڕوی نەدەدا ، حکومەتی عێراق زەفەری بە کورد نەدەبرد، چونکە هیچ لایەنێکی کورد ئەوەندە لاواز نەدەبو تا بەو شێوە وئاستە بکەوێتە ژێر فشارەکانی (عێراق – ئێران -تورکیا) لە سایەی پشتیوانی هاوپەیمانان وئەمریکا، هەروەها پەیوەندی پارتی و عێراق نادەگەیشتە بنبەست لە گەڵ عێراق ولە کەرکوک ناوچەجێناکۆکەکان دەمایەوە، پێویستە ئەوەش بوترێت16 ی ئۆکتۆبەر بە دیویکی تردا کاردانەوە بو بەرانبەر بە کورد، چونکە کاتێک داعش سەری هەڵدا لە ساڵی 2014، لایەنی کورد لە کەرکوک هەڵیان کوتایە سەر هێزەکانی سوپای عێراق(فرقەی12 لە کەیون- لە موسڵیش کورد ڕۆڵی هەبو لە داڕمانی سوپای عێراق) و چەکیان کردن و بارەگاکانیشیان تاڵان کردن، هۆکارێکی تری سەرەکیش، کە پێویستە باسی بکەین ئەوەیە، کە یەکێتی وبزوتنەوەی گۆڕان ولایەنەکانی تریش بەشدار وهاوبەشی پارتی بون لە ئەنجامدانی ڕایفراندۆم، هەر لایەنەو بە گوێرەی دەسەڵات و قەبارەی خۆی، ئەگەر نا، پارتی بە تاقی تەنیا ئەستەم بو، بتوانێت ڕیفراندۆم ئەنجام بدات لە تەواوی کوردستان و کەرکوک، جگە لە کەمپینی نەخێر، کە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بون. دیارە کورد لە ماوەی سەدەی (100 ساڵ)ی ڕابوردو، پاش خەباتێکی بێوچان وبەخشینی ڕوبارێک خوێن لە پێناو ڕزگارکردنی کەرکوکدا، بۆ یەکەمین جار لە وەرچەرخان و ڕوداوێکی مێژویدا، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 توانی بۆ ماوەی نزیەکەی یەک هەفتە کەرکوک ئازاد بکات، هاوکاتی هەر شارێکی تری کوردستان، کە بێ گومان ئەوە دەلالەتێکی سیاسی ومێژوی گەروەی کوردستانی بونی کەرکوک بو، بۆ جارێکی تر و لە پاش 12 ساڵ، لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا، لە ساڵی 2003 ئیدارە ودەسەڵاتی کەرکوک سپێردرایەوە کورد، سەرەڕای ناڕەزایی وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەتی تورکیا، لە ماوەی ئەو 14 ساڵەی حوکمڕانی کورد لە کەرکوک، خراپترین نمونەی بەڕێوەبردن ودەسەڵاتی کوردی پێشکەش کرا، کە دەبو کورد پێچەوانەکەی بکردبایا، ئەو ئەزمونە تاڵە، تەنانەت خودی کوردی دانیشتوی ناوچەکەش لێی نیگەران وناڕازی بون، بەشی هەرە زۆری دیاردەکانی، دوئیدارەیی وململانێی تەسکی حزبایەتی و گەندەڵی دەسەڵاتی کوردستان گوێزرایەوە و شۆڕکرایەوە بۆ کەرکوک بە زیادەوە، لە نمونەی (دو ئاسایش، دو پەروەردە ودو هێزی پێشمەرگە وتاد). بۆیە پێکهاتەکانی کەرکوک لە دەرفەت وهەلێک دەگەڕان بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی کورد خۆیان ڕزگار بکەن، ئەڵبەت کۆتای هاتنی شەڕ و سەرکەتن بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017 و گلانی کورد بە ڕیفراندۆم لەو کاتە نامەدروس ونەگونجاوەدا، دو هەل ودەرفەتێکی زێڕین بو بۆ نەیاران، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی کوردی لە کەرکوک و ناوچەدابڕێنداروەکان بهێنن، کە دەکاتە 51%ی گەرنگترین بەشی خاکی کوردستان لە ڕوی جیوپۆلیتیکی و ئابوری وئیستراتیجی، کە هەردەم لە ڕوانگەی عەرەب ووڵاتانی ناوچەکە بە کلیل و سەرچاوەی دەوڵەتی کوردی پێناسە کراوە وکەرکوک سومبلەکەیەتی(بڕوانە بەڵگەنامەی هاوپێچ)، هاوشێوەی کۆتای هاتنی شەڕی ئێران – عێراق لە ساڵی 1988 ، کە دەوڵەتی ئەوسای عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێندا قۆستێوەو پڕۆسەی ئەنفالی بەدناویان دژی جولانەوەی سیاسی کورد ئەنجامدا و شۆڕشیان پێ خامۆش کرد تا بەهاری ساڵی 1991. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا کورد پێویستە چەندی تر چاوەڕوان بێت و تێبکۆشێت، تا جارێکی خەونی هێنانەدی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ ئامێزی کورستان بە دی بهێنێت، ئایا ئەو کارەکتەرو حزبانەی لە سەر دەستی ئەوان دەسەڵاتی کورد لە کەرکوک لە باربرا و کەوتنی عەفرینیشی لێ کەوتەوە، چاوەڕوانی ئەوەیان لێ دەکرێت جارێکی تر لە لایەن ئەوانەوە کەرکوک بگەڕێتەوە بۆ سەر کوردستان! بێ گومان نەخێر، چونکە ئەوانەی کەرکوکیان بەو دەردە برد، ئێساتشی لە گەڵدا بێت هیچ پەند وعیبرەتێکیان وەرنەگرتوە لە کەوتنی کەرکوک، گەر بڕوانینە شێوازی ئێستای حومکڕانی کوردستان و سیاسەت کردنیان بەرانبەر بە کەرکوک، دەبینین هیچ گۆڕانێکی ئەوتۆیان لێ بە دیناکرێت، دور نیە ئەو بەشەی هەرێمیش کە ماوەتەوە بە دەردی کەرکوکی بچێت لە سایەی ئەوان، بۆیە ئەگەر ئەو بۆشایەی کە ئێستا هەیە لە نێو دەسەڵاتی سیاسی کوردستان پڕ نەکرێتەوە و ئەڵتەرناتیفێکی بۆ نەیەتە کایەوە، نەک کەرکوک ناگەڕێتەوە، بەڵکو ئەوەی هەشمانە لە ناو دەبرێت، وەک نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان جینین پلاسەخارت و باڵوێزی پێشوی ئەمریکا (ماسیو تولەر)هۆشداریان داوە لەو بارەیەوە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢. گەر بڕوانینە ئەو داتا وزانیاریانەی لە دوتوێی ئەم بابەتەدا دەیخەینە ڕو، دەبینین دەرئەنجامەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هەر بەردەوامە، هەمو ئەوەی کورد بە دەستی هێنابو لە ماوەی سەد ساڵی ڕابوردو لە کەرکوک، (پارێزگاری کورد -75% ی کورد لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا – تەواوی ئەمنیەتی کەرکوک – بەڕێوەبەری بەشی هەرە زۆری فەرمانگەکان وفەرمانڕەوای کەرکوک، گشتی لێوەرگیرایەوە، ئێستا کورد لە ڕوی مافەکانێوە، گەڕاوەتەوە بۆ پێش ساڵی 2003، لە کاتێکدا هەمیشە کورد، لە پاش ساڵی 2003وە، 6 بۆ 8کورسی بە دەست هێناوە لە کۆی 12 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە بۆ کەرکوک دیاری کراوە، واتا لە پاش ساڵی 2003وە، هەردەم کورد کەمتر لە 50%ی ڕێژە ودەنگی کەرکوکی نەبوە، بەڵام لە پێدانی مافدا ستەمی گەوەری لێ دەکرێت، ئێستا لە فەرمانڕەوای کەرکوکدا، کورد بە تەواوەتی بێ بەش کراوە، پارێزگار عەرەبە، قایمقامی سەنتەری کەرکوک تورکمانە، سەرۆکی دادگای کەرکوک عەرەبە، ئەمنیەتی کەرکوک بە دەست عەرەبەوەیە(سوپا وئەحکامی عورفی)، تەنانەت لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکانیش کورد ماف وئیستحقاقی خۆی پێنەدراوە، نە لە سەر ئاستی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و نە لە ڕێژەی کارمەند وفەرمانبەران لە کۆی داودەزگاکانی کەرکوکدا، وەک لەو گرافیکانەی لە خوارەوە نمایشی دەکەین، هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە، کە یەکێتی وپارتی سەرکەوتو نەبونە لە نوێنەرایەتی و سەرکردایەتیکردنی کورد لە عێراق و کەرکوک و ناوچەدابڕێندراوەکاندا، لە ماوەی19 ساڵی ڕابوردو تا ئێستا کەمتر لە 20%ی قۆناغی یەکەمی مادەی 140 جێبەجێکراوە. لێرەدا پێویستە بپرسین، ئایا ئەو ستەم ونادادی وناوهاوسەنگیەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت لە کەرکوک و ناوچەکوردستانیەدابڕێندراوەکان، لە گەڵ کام یاسا وبڕگەی دەستوری دەوڵەتی نوێی عێراق یەکدەگرێتەوە، ئەوەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت ئەگەر پێچەوانەی دەستور ویاسایە، هەڵویست وڕوڵی سەرۆک کۆمار– جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وەزیرە کوردەکان لە عێراق، هەروەها حکومەت وپارلەمان کوردستان بەرانبەر بەو پێشێلکاریانە چی بوە، وەڵامەکەی بە جێ دەهێڵم بۆ خوێنەر وڕای گشتی گەلی کورد. باڵانس وڕێژەی گشتی کارمەند وفەرمانبەرانی کورد ونەتەوەکانی تر، لە داودەزگاکانی کەرکوکدا رێژەی کورد بۆ خۆی نزیکەی 50% ی کەرکوکە، بەڵام ڕێژی بەرکەوتەی لە فەرمانبەران 25.6%، بەڵام تورکمان رێژەی دانیشتوانی کەمتر لە 15%، بەڵام بەرکەوتەی نزیکەی 25.8% فەرمانی کەرکوکی هەیە, عەرەب ڕێژەی نزیکەی 35% دانیشتوان پێکدەهێنێت، بەڵام بەرکەوتەی لە ڕێژەی فەرمانبەران 47.7% هەیە. باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی کەرکوک، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 باڵانسی بەڕێوەبەری فەرمانگەخزمەتگوزاریەکان، لە نێوان کورد ونەتەوەکانی تر، پاش 16ی ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 106 فەرمانگە، کورد بەڕێوەبەری 34 فەرمانگەی بەرکەوتوە، لە کاتێکیدا ڕێژەی دانیشتیوانی کورد لە کەرکوک نزیکەی 50%، ڕێژەی دانیشتوانت تورکمان کەمتر لە 15%، بەڵام بەڕێوەبەری 32 فەرمانگەیان بەرکەوتوە. گرافیکی دابەش بونی ناحیەکانی کەرکوک بە سەر نەتەوەکاندا پاش 16ی ئۆکتۆبەر لە کۆی 8 ناحیە، تەنها بەڕێوەبەری 2 ناحیە کوردە (پرێ وسەرگەڕانە)، کوردێک بە وەکالەت دانراوە بۆ هەردو ناحیەکە، واتا کاتیە. گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا، پێش 16 ئۆکتۆبەری 2017 گرافیکی دابەش بونی قەزاکان بە سەر نەتەوەکانی کەرکوکدا پاش 16 ئۆکتۆبەری 2017 لە کۆی 8 قەزا، کورد هیچ قائمقامێکی پێنەدراوە.
مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە ژێرخانە ھەرە سەرەکییەکانی دروستبوونی ”مەسەلەی کورد“ لە سەدەی بیستەمدا مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی خواستە سیاسیی و فەرھەنگییەکانی خەڵکی کوردستانە. مامەڵەکردنی ئەو خواستانەیە, چەندیش بچووکبن, وەک کێشەیەکی ئەمنی و بەگژاچوونەوەشیان وەک سیاسەتی پاراستن و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ئەو دەوڵەتانەی کورد، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە، بوون بە بەشێک لە دانیشتوانەکانیان. ئەم مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ە وادەکات کورد وەک کەمینەی ناو ھەریەکێک لەو وڵاتانە، زیاتر وەک ھەڕەشە وێنابکرێت و وەک ھەڕەشەش ماماڵەی خواستەکانی بکرێت. تورکیا لەم بوارەدا لە ھەر سێ وڵاتەکەی تر کە کوردیان بەسەردا دابەشبووە، توندڕەوتر و توندوتیژتر و دژەمافتر، بووە. نووسەری ئەمریکی ڕۆبرت ئۆلسۆن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا لەسەر مێژووی کورد، باس لەوەدەکات چۆن تورکیا لە ماوەی ١٤ ساڵدا، نێوان ساڵی ١٩٢٤ بۆ ،١٩٣٨ ھەژدە پەلاماری سەربازیی گەورە ئەنجامئەدات، لەو ھەژدەیە، ھەڤدەیان بەرامبەر بە کورد بووە. ئەم پەلاماردانە سەربازییە خوێناویانە یەکێکە لە دەرەنجامە سەرەتاییەکانی مەسەلەی ”بەئەمنیکردن“ی مەسەلەی کورد لە تورکیادا. ساڵانێکی درێژ ئەم فشارە سەربازیی و ئەمنییە گەورەیە وا لە کوردانی تورکیا دەکات بێدەنگبن، تا قۆناغی دروستبوون و سەرھەڵدانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە کۆتایی ساڵانی ھەفتادا. لەگەڵ سەرھەڵدان و بەرپاکردنی خەباتی چەکداریش لەلایەن پەکەکەوە، گوتارێکی نوێ لەدایکدەبێت، گوتاری بە تێرۆریست ناسینی ھەموو ئەو ھێزە کوردییانەی لەو تورکیادا دروستدەبن. بە مانایەکی دیکە ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد لەو وڵاتەدا، تێکەڵ بە گوتارێکی نوێ دەکرێت کە گوتاری بە تێرۆریستکردنی ھەموو ھێزە کوردییەکانی ناو ئەو وڵاتەیە، تەنانەت گەر ڕێگای ناچەکداریی و مەدەنیش بۆ بڤەرگریکردن لە خواستەکانی خەڵکی کوردستانیش، بگرنەبەر. ئەم گوتاری بەترێرۆسیت ناسین و ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنە لەمڕۆدا شێوەیەکی ھێجگار بەرفراوانی وەرگرتوە. کردنی کورد بە ”ئەویترێکی ناحەز“ و ”تێرۆریست“ ئەو زمانەیە کە تورکیای ئەم ساتە قسەی پێدەکات، نەک تەنھا لە پەیوەندیدا بە کوردەکانی ناو سنوورە سیاسییەکانی خۆیەوە، بەڵکو لە قسەکردنیشیدا لەسەر ھەموو ئەو کوردانەی تریش کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژیەکانی دەوڵەتی کوردیدا یەکناگرنەوە. لەمەدا ئەردۆگان ھەمان ئەو ڕوانینە کەمالیستییە دووبارەدەکاتەوە کە بەشێکە لە مێژووی تواندنەوە و پێشێلکردنی مافە ھەرەسەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان لە تورکیادا. لە سەرەتای دەسەڵاتداریاندا لە ساڵی ٢٠٠٢دا، ئەردۆگان و پارتەکەی، ، ھەوڵی پیادەکردنی سیاسەتێکی جیاوازیان لە سیاسەتی فەرمی تورکیا بەرامبەر بە کورد دا، سیاسەتێک دەیخستنە دەرەوەی ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مارەکراو لە گوتاری تێرۆر. ئەم دۆخە تا ئەو شوێنە ڕۆیشت ئەردۆگان لە ساڵی ٢٠٠٥دا لە دیاربەکر، لە بەردەم کۆبونەوەیەکی جەماوەریی گەورەدا بڵێت: ”کێشەی کورد کێشەی ھەموو نەتەوەی تورکە....ئێمە چارەسەر بۆ ھەموو کێشەکان ئەدۆزینەوە لەڕێگای دیموکراسیەتی زیاتر، مافی مەدەنی زیاتر، خۆشگوزەرانی زیاتر، لەھەمان ئەوکاتەدا کە دەستوری تورکیا دەپارێزین، پرنسیپەکانی سیستمی کۆماری دەپارێزین“. ئەمە سەرەتای ئەو سیاسەتە نوێیە بوو کە لە تورکیادا ناوی ”کردنەوە بەڕووی کوردا“ی لێنرابوو، Kurdish opening. بەڵام ئەم دۆخە چەند ساڵێکی کەمی خایاند و ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و گەڕانەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، بە توندی ھاتەوە مەیدان. لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی گەڕاندنەوە بۆ ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و بە گەڕانەوەوە بۆ گوتاری بەتێرۆریستکردن، ھەندێک نووسەر باس لە بەردەوامی ”گرێی سیڤەر“ یان ”سێندرۆمی سیڤەر“ لە ناو سیاسەت و ھەڵسوکەوتی دەوڵەتی تورکیدا دەکەن. لەناو ئەم گرێ سیاسییە دەرونییە دەستەجەمعیەدا، ترسێکی گەورە لەو کەمە نەتەوایەتیانە ھەیە، کە لەناو تورکیادا دەژین. ترسی ئەوەی ئەمانە بە ھاریکاریی ھێزە دەرەکییەکان بتوانن لەناوەوەی تورکیادا خۆی، دژ بە یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەتی تورکیی کاربکەن و تورکیا بۆ چەندان بەشی جیاواز بەشبەش و پارچەپارچەبکەن، وەکچۆن لە پەیماننامەی سیڤەردا ھەوڵی پارچەپارچەکردنێکی تەواوی سەرزەمینی تورکیا درا و تورکیا لە ئیمپراتۆریەتێکی گەورەوە بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی سنووردار، بچووککرایەوە. بە کورتییەکەی، لە سەردەمی کەمال ئەتاتورکەوە گوتارێک لە تورکیادا باڵادەستە کە گوتاری وێناکردنی کوردە وەک ھەڕەشە و مەترسییەکی ڕیشەیی، وەک بەشێک لە پیلانێکی دەرەکیی، بە تایبەتی خۆرئاوایی و ئیمپریالی، بۆ ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی تورکیی. ئەوەی ئەمڕۆ لە تورکیای سەردەمی ئەردۆگاندا دەیبینین بە جیھانیکردنی ئەم گوتارەیە. چیتر ئەم گوتاری وێناکردنەی کورد وەک ھەڕەشە و وەک تێرۆریست، تەنھا لەناو سنوورەکانی تورکیا خۆیدا کارناکات، بەڵکو ھەم لەناو خاکی دەوڵەتانی ناوچەکەدا، لەوانە سوریا و ھەرێمی کوردستاندا کاردەکات، و ھەم تەماح و خەونی ئەوەی ھەیە بۆ وڵاتانی ئەسکەندەنافی وەک سوید و نەرویج دا بگواسترێتەوە و لەو شوێنانەشدا کاربکات. لەم ساتەدا لەو شوێنانەدا کە ئەردۆگان دەستی پێیاندەگات درۆنەکانی ئامادەن و ئەو کەسانە دەکوژن کە ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردن و ئەم گوتاری تێرۆرە وەک ھەڕەشە وێنایاندەکەن. لەو شوێنانەشدا کە دەستیان پێناگات، داوای سزادان و تەسلیمکردنەوەی ئەو ھاوڵاتیانە بکەن، کە بەڕەچەک کوردن، بەڵام لە بەشێکی تری دونیادا،ا ھاوڵاتی وڵاتێکی سەرەوەری ترن. ئەوەی کوشتنی منداڵێک یان چالاکەوانێکی ڕۆژئاڤایی لە کەلار، بە پەلاماری کەسایەتییەکی وەک ئامینە کاکە باوەوە لە سوید گرێئەدات، بەجیھانیکردنی ئەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ئەم گوتاری بە تێرۆریست ناساننەی ھەموو ئەو کوردانەیە، کە تورکیا لە کات و ساتی جیاوازادا وەک ھەڕەشە و وەک مەترسیی بۆسەر دەوڵەتی تورکی وێنا و پێناسەیاندەکات. ئەم دۆخە بە ئاستێک گەیشتوە گرنگ نەبێت ئەو ھێزەی لە تورکیادا حوکمڕانە ئایدیۆلۆژیا و بیرۆبۆچوونی چییە، کەمالیستێکی عەلمانیی یان ئیسلامییەکی ئیخوانییە، گرنگ ئەوەیە ھەم ستراتیژیەتی بەئەمنیکردنی مەسەلەی کورد و ھەم مارەکردنی ئەم ستراتیژە لە گوتاری بە تێرۆریستکردنی چالاکاوەنەکان، ئامادەیە. ئەم ستراتیژە و گوتارە ھەم لە کەلاردا دەستبەکارە، ھەم لە سویددا. لە کەلار خەڵک دەکوژێت، لە سوید کێشە بۆ ھاوڵاتییەکی کوردیی ئەو وڵاتە دروستدەکات