Draw Media

تێروانینی هه‌رێم و به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان

تێروانینی هه‌رێم و به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان

2023-07-30 14:39:24


درەو:

ئامادەكردنی: جیهانگیر گوڵپی

داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان یه‌كێكن له‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ له‌ پاش په‌سه‌ند كردنی یاسای بودجه‌ی 2023 بونه‌ته‌ گرفت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ئه‌مه‌یش به‌هۆی جیاوازیی تێڕوانینی هه‌ریه‌ك له‌و دو لایه‌نه‌وه‌یه‌ بۆ بابه‌ته‌كه.
پرسی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا بابه‌تێكی نوێ نیه‌ و تاكو ساڵی 2013 كاری پێكراوه‌ به‌ڵام پرسه‌كه‌ تاكو ئه‌وده‌م ئاڵۆز نه‌كراوه‌ و نه‌كراوه‌ته‌ كێشه‌، وه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌پاش 2013ه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندیی به ئه‌‌رك و شایسته‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ بوبێت یاساكانی بودجه‌ی عێراق وه‌ك پیویست جێبه‌جێ نه‌كراون، بۆیه‌ ئێستا ئه‌م بابه‌ته‌ وه‌ك پرسێكی نوێ ده‌بینرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش ئه‌و ده‌قه‌ی كه‌ ڕاده‌ستكردنی داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌غدا ده‌كاته‌ مه‌رجی ناردنی پشكی بودجه‌كه‌ی له‌ پێش 2021ه‌وه‌ له‌یاساكانی بودجه‌دا وه‌ك مه‌رج به‌و ڕاشكاویه‌ تێكستی له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا، ته‌نها له‌یاساكانی بودجه‌ی ئه‌م دوساڵه‌ی دواییدا به‌و جۆره‌ هاتوه‌، بۆیه‌ ئاڵۆزبونی ئه‌و پرسه‌ له‌ ئێستادا وه‌ك بابه‌تێكی نوێ ده‌بینرێت.
له‌ ئێستادا گرفته‌كه‌ له‌ جیاوازیی تێڕوانیی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدایه‌ بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان و ڕاده‌ست كردنیان به‌به‌غدا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی به‌شێكیان بۆ هه‌رێم.

تێڕوانینی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان:
به‌پێی یاسای بودجه‌ی 2023 كه‌ هه‌مان ده‌ق له‌یاسای بودجه‌ی 2021یش هاتبو، هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌وه‌ی كه‌ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كانی ڕاده‌ستی گه‌نجیه‌نه‌ی عێراق بكات به‌پێی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی...
له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ به‌گشتی ئه‌و داهاته‌ نانه‌وتیانه‌ی كه‌ ده‌بێ بدرێنه‌ به‌غدا ته‌نها بریتین له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و داهاتی فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیه‌كان كه‌ له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، وه‌ ده‌بێ 50%ی كۆی ئه‌و داهاتانه‌و به‌تایبه‌تیش داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان پاشتر له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم ‌ ئه‌وه‌یش به‌پێی ماده‌ی 21ی یاسای بودجه‌ی 2023 و ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی.


 تێروانینی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان:
تێڕوانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر جیاوازه‌، ئه‌وان پێیان وایه‌ كه‌ داهاته‌ نانه‌وتیه‌كان كۆی داهاته‌كان ده‌گرنه‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاته‌ نه‌وتیه‌كان، وه‌ داهاتی گشتیی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌كانیش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و داهاتانه‌وه‌ نه‌ك ته‌نها ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتیحادیانه‌ی كه‌ له‌هه‌رێم كارده‌كه‌ن، وه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیان وایه‌ كه‌ داهاتی گومرگی هیچی ناگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و ئه‌و 50%یه‌ی داهاتی ده‌روازه‌كان كه‌ ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو هه‌ندێ داهاتی تری ده‌روازه‌كان ده‌گرێته‌وه‌، له‌خواره‌وه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی و چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی تر ئه‌و تێڕوانیه‌ ڕونتر ده‌كه‌ینه‌وه‌:

ده‌قی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی ئیتیحادی :
ئه‌م داهاتانه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌خرێنه‌وه‌ سه‌ر حسابی پارێزگاكان( به‌ پارێزگانی هه‌رێمیشه‌وه‌):
1- %50ی ڕسوم و باجی ئیتیحادی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و فه‌رمانگانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت كه‌ به‌ ناوه‌ندی تمویل ده‌كرێن(الدوائر الممولە مركزیا) له‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك، ئه‌مه‌یش به‌ده‌ره‌ له‌و بڕانه‌ی كه‌ له‌داهاته‌كانی باج و ڕه‌سمی گومرگی به‌ده‌ستهینراون.
2-  پشكی پارێزگا له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان و پترۆدۆلار.
3- داهاته‌ ناوخۆییه‌كان كه به‌ده‌ست هاتون‌ به‌پێی یاساو ته‌شریعاته‌ ناوخۆییه‌كان ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌رچون.
4- داهاته‌كانی تایبه‌ت به‌ فه‌رمانگه‌كانی شاره‌وانی (ئاو و ئاوه‌ڕۆ نه‌خشه‌دانی ئاوه‌دانی – التخطیط العمرانی- ...) وه‌ دوباره‌ ته‌رخان ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئه‌و فه‌رمانگانه‌ی كه‌ داهاته‌كه‌یان تێدا به‌ده‌ست هێنراوه‌.


تێروانیی جیاوازی هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا بۆماده‌ی 29 له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دایه‌:
یه‌كه‌م/ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ له‌ده‌قی خاڵی یه‌كه‌می مادده‌كه‌دا هاتووه‌ هه‌ریه‌ك له‌ هه‌رێم و به‌غدا تێروانیی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌‌:
أ‌- له‌ ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمه‌وه‌ فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی مه‌ركه‌زی (المموله‌ مركزیا) ته‌نها ئه‌و فه‌رمانگه‌ ئیتحادیانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌رێم كارده‌كه‌ن وه‌ك فه‌رمانگه‌ی ڕه‌گه‌زنامه‌و كارتی نیشتیمانی..هتد، به‌ڵام له‌ڕوانگه‌ی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ئه‌و فه‌رمانگانه‌ كۆی فه‌رمانگه‌ حكومیيه‌كان ده‌گرنه‌وه‌ جگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌كانی ته‌مویلی ذاتی (الادارات المموله‌ ذاتیا)، فه‌رمانگه‌كانی ته‌مویلی ذاتیش به‌پێی خاڵی شازده‌یه‌م له‌ ماده‌ی (1) له‌یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی بریتین له‌و كۆمپانیا گشتیانه‌ی كه‌ خاوه‌ندارێتیان هی ده‌وڵه‌ته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیيه‌ گشتیانه‌ی كه‌ كه‌سێتی مه‌عنه‌وی و سه‌ربه‌خۆیی دارایی و كارگێڕیان هه‌یه‌و پشت به‌داهاتی خۆیان ده‌به‌ستن بۆ ته‌مویلی بودجه‌كه‌یان، به‌م جۆره‌ پێی تێروانینی به‌غدا كۆی باج و ڕسومی ئیتیحادی له‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری فه‌رمانگه‌ حكومیيه‌كانی پاریزگاكان ده‌درێته‌وه‌ به‌ به‌غداو له‌وێوه‌ی پاشتر 50%ی ده‌گه‌ڕێنریته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان.
ب‌- به‌پێی تێروانیی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێم له‌كۆی داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان كه‌ ده‌درێته‌ به‌غدا ده‌بێ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ 50%ی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێی تێڕوانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غداو به‌پێی ده‌قی خاڵی یه‌كه‌ی ماده‌ی 29ی یاساكه‌ی سه‌ره‌وه‌، ئه‌وه‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی ناگرێته‌وه‌، واته‌ داهاتی باج و ڕه‌سمی گومرگی 100%ى بۆ به‌غدا ده‌بێت، ئه‌م بابه‌ته‌ پێشینه‌ی هه‌یه‌و له‌پێش ده‌رچونی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی هه‌ر به‌و جۆره‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌. له‌ماده‌ی 22ی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2012 داهاتبوو كه‌ پێویسته‌ وه‌زیری دارایی ئیتیحادی 50%ی داهاتی فیعلیی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كانی پارێزگاكان ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2011 به‌ده‌ستهاتوه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان، به‌ڵام له‌ ڕاپۆرتی وه‌زاره‌تی داریی هه‌رێم بۆ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2013دا هاتوه‌: حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ساڵی 2010 بڕی 305 ملیارو بۆ ساڵی 2011 بڕی 326 ملیاری دیناری له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ به‌غدا به‌ڵام به‌غدا له‌به‌رامه‌ردا ته‌نها 8 ملیار بۆ ساڵی 2010و 16 ملیار بۆ ساڵی 2011ی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هه‌رێم، كه‌ ته‌نها ده‌یكرده‌ نزیكه‌ی 4%و 2%، ئه‌وه‌یش به‌پشتبه‌ستن به‌ ڕینمایی وه‌زاره‌تی دارایی ئیتحادی به‌نوسراوی ژماره‌ 10989 له‌ 27/2/2012 ئه‌نجامدرابوو، كه‌ تێیدا هاتبوو له‌ داهاته‌كانی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان ته‌نها چه‌ند جۆرێكیان 50%یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان كه‌ بریتین له‌مانه‌:
- ڕه‌سمی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی هاوڵاتیی به‌ڕه‌گه‌ز عیراقی ....
- ڕه‌سمی گه‌شتیاران به‌فڕۆكه‌ی مه‌ده‌نی له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌كانی فڕۆكه‌وانیی گشتی مه‌ده‌نی...
- كرێی خزمه‌تگوزاری نیشتنه‌وه‌و حه‌واندنه‌وه‌ی فڕۆكه‌.
- ڕه‌سمی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌ عێراق ده‌چنه‌ ده‌رێ له‌ ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی گشتی گومرگ.
- ڕه‌سمی دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی ناوچه‌ سنوریه‌كان.
به‌وجۆره‌ داهاتی ڕه‌سم و باجی گومرگی به‌ده‌ركرابوو له‌وه‌ی كه‌ هیچی بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و پاریزگاكان.  
دوه‌م/ سه‌باره‌ت به‌خاڵی دوه‌می ماده‌ی 29 تایبه‌ت به‌ پشكی پارێزگاكان له‌ داهاتی ده‌روازه‌ سنوریيه‌كان، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ی ڕونكردنه‌وه‌مان له‌ خاڵی (ب) له‌سه‌ره‌وه‌ به‌غدا پێیوایه‌ كه‌ ئه‌و پشكه‌ داهاتی گومرگی ناگرێته‌وه‌ ته‌نها چه‌ند جۆرێكی تری داهاتن كه‌ ده‌بێ 50%یان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پارێزگاكان ئه‌وانیش زۆر كه‌من.
سێیه‌م/ خاڵی 3و 4 ی ماده‌ی 29 له‌ ڕواڵه‌تدا واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هیچ گرفتێك یان جیاوازیه‌ك له‌ تێروانیی هه‌ردولادا نه‌بێت له‌سه‌ری ئه‌گه‌ر له‌ كاتی جێبه‌جێكردن گرفتی بۆ دروست نه‌كرێت.
به‌گشتی بابه‌تێك كه‌ جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌لای كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان كۆی داهاته‌كانی حكومه‌ت ده‌گرنه‌وه‌و پێویسته‌ بچنه‌وه‌ گه‌نجینه‌ی فیدراڵی به‌ به‌غداو پاشتر له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی به‌غداوه‌ به‌پێی ماده‌ی 29ی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت، به‌و پێیه‌یش هه‌ندێ له‌ داهاته‌كانی هیچی نادرێته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پاریزگاكان، هه‌ندێك جۆری تر له‌ دهاته‌كان هه‌موی ده‌دریته‌وه‌ به‌ هه‌رێم و پاریزگاكان، هه‌ندێ جۆری تریش 50%ی ده‌گه‌ڕێنریته‌وه‌ بۆ هه‌ریم و پارێزگاكان.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا پێیانوایه‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان هه‌موو داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌ده‌ین كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌مینداریه‌تی گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق و وه‌زاره‌تی دارایی ئیتیحادی له‌وه‌ڵامی دادگای ئیتیحادیدا (له‌ كه‌یسی بڕیاردان له‌سه‌ر نایاسایبوونی ناردنی 200 ملیاره‌كه‌) سه‌باره‌ت به‌ڕاڤه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ كۆی داهاته‌كان ده‌گرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ داهاتی نه‌وتی.
به‌پێی تێروانیی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا له‌ عێراقی فیدراڵی ئێستادا 100%ی كۆی داهاته‌كان داهاتی ئیتیحادین و ده‌بێ بگه‌ڕینرێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا پاشتر له‌وێ به‌پیی تێروانینی خۆیان و به‌پی یاسای كارگێڕی دارایی ئیتیحادی به‌شێكی كه‌میان ده‌نێرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم. ڕاسته‌ به‌غدا زه‌مینه‌سازیی یاسایی كردوه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ به‌ مه‌ركه‌زیكردنه‌ی داهاته‌كان نه‌ك له‌گه‌ڵ فیدراڵیه‌تدا ناگونجێت، به‌ڵكو زۆر زۆر خراپتره‌ له‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ یاسای ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ساڵی 1974 سه‌باره‌ت به‌سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كانی ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی له‌ ماده‌ی هه‌شته‌م ده‌قی له‌سه‌ر كردبوو به‌جۆرێك كه‌ جگه‌ له‌و پشكه‌ی كه‌ له‌ بودجه‌ی گشتییه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ ته‌رخان ده‌كرا یازده‌ جۆر له‌ باج و ڕسوم و داهاتی جۆراوجۆر بۆ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی دانرابوون، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا كه‌ ئه‌و یاسایه‌ له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ به‌ته‌واو ڕه‌تكرایه‌وه‌و هیچ حسابێكی بۆ نه‌كرا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand