پارتی وەفدی ناڕەزایەتی دەنێرێتە بەغداد
.jpg)
2023-08-05 15:45:19
راپۆرت: درەو
پارتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، وەفدێك دەنێرێتە بەغداد، دەیەوێت هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئاگادار بكاتەوە لەوەی لە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت لایانداوە، یاسای بودجە بەدڵی پارتی تێنەپەڕی ئێستا یاسای نەوتو غازی فیدراڵیش هاتوەتە پێشەوە، ئایا پارتی لە كابینەی سودانی دەكشێتەوە یاخود ئاڕاستەی خۆی لە خۆرئاواوە بەرەو تاران دەگۆڕێت ؟ وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدا
پارتی وەفدی ناڕەزایەتی دەنێرێتە بەغداد
وەفدی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رۆژی دوو شەممەی ئەم هەفتەیە دەچێتە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی.
وەفدەكەی پارتی لەلایەن (فازل میرانی) بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هەریەكە لە (هۆشیار زێباریو فوئاد حسێن)و چەند ئەندامێكی تری مەكتەبی سیاسی پارتی ئەندام دەبن لە وەفدەكەدا.
لە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، جاری یەكەمە پارتی بەشێوەی وەفد دەچێتە بەغداد بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، پێشترو لە یاسای بودجەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە نوێنەرایەتی پارتی ناڕەزایەتییەكانی دەگەیاندە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی.
پارتی نیگەرانە لەوەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پابەندنەبوون بە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتو رێككەوتنی 4ی نیسانی ئەمساڵ سەبارەت بە چارەسەری كێشەی نێوان هەولێرو بەغدادو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان.
پارتی پێیوایە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی كە نوێنەرایەتی شیعەكانی نزیك لە ئێران دەكەن، لە یاسای بودجەوە كەوتونەتە پێشێلكردنی رێككەوتنەكانو دەیانەوێت لە یاسای نەوتو غازیشدا بەهەمان شێوە لە بنەمای رێككەوتنەكان لابدەن.
پارتیو چوارچێوەی هەماهەنگیی
دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق كە ئۆكتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو، ناو ماڵی شیعەكان دابەشبوو بەسەر دوو بەرەی ناكۆكدا، بەرەی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدرو بەرەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی (مالیكی+ عامری+ خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەممار حەكیم+ عەبادی)، سەدر كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن بوو، داوای پێكهێنانی حكومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" دەكرد، ئامادە نەبوو لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەدا بچێتە ناو هاوپەیمانێتیی، پارتی ئەوكات لەگەڵ سەدر رێككەوتنی كرد، یەكێتیش چووە پاڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی. لەدوای كەوتنی رژێمی سەددامەوە ئەمە یەكەمجار بوو پارتیو یەكێتیی بەوشێوەیە دەستوەردان بكەن لە كێشەكانی ناو ماڵی شیعەدا، ئەمە ئێرانی لە پارتی توڕە كرد، بەوپێیەی لایەنەكانی چوارچێوە لە ئێرانەوە نزیكبوون.
سەدر وەكو ئەوەی پێشبینی دەكرا، پشوو درێژ نەبوو، بەشێوەیەكی كتوپڕ لە پەرلەمان كشایەوەو دەستبەرداری هاوپەیمانێتییەكەی بوو لەگەڵ پارتیو سوننەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەمەش دوای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بەوەی نیسابی دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردن سەرۆك كۆمار بە دوو لەسەر سێ پێكدێت، ئەم بڕیارە وایكرد سەدرو هاوپەیمانەكانی نەتوانن ئەو زۆرینەیە دروست بكەن.
پارتییەكان لە سەرەتاوە گەشبین بوون بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ سەدر، لەمەشدا زیاتر چاویان لەسەر ئەوە بوو كە رەوتی سەدر وەكو پارتی حزبێكی مەركەزییەو راوبۆچوونی جیاوازی تێدا نییە، بۆیە رێككەوتنەكە دەبێت بە رێككەوتنی نێوان بارزانیو سەدرو ئەگەری پابەندبوون پێیەوە بەهێزترە، پارتی بۆ ئەمە هەموو رەهەندە سیاسییەكانی تری سەدری پشتگوێ خست، بەتایبەتیش لەوەدا كە سەدر خەونی بە مەرجەعبوونی هەیەو لە كاری سیاسیدا زۆر پشوو درێژ نییە.
پارتی كە لە هاوپەیمانێتییەكەی لەگەڵ سەدر بە دەستی بەتاڵ هاتە دەرەوە، دواجار ناچار بوو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بچێتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پێكەوە لەگەڵ سونەكان هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیان درووستكردوو حكومەتی نوێیان پێكهێنا، لەمەشدا تەنیا یەك دەستكەوتی هەبوو، كە ئەوەش رێگریكردن بوو لەوەی (بەرهەم ساڵح) بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوەو تۆڵەی مێژوویی خۆی كردەوە، بەڵام نەیتوانی پارێزگاری لە رێككەوتنەكەی بكات بۆ دوای پێكهێنانی حكومەت.
رێككەوتنەكانی پارتی لەناو حكومەتی عێراقدا
رۆژی 13ی تەموزی رابردوو، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشێوەیەكی پێشتر رانەگەیەندراو و بەناوی بەسەربردنی پشووەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بینی.
لەم سەردانەدا وەكو ئەوەی سەرچاوە ئاگادارەكان باسیان دەكرد، بارزانیو سودانی لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە بەتایبەتی پشكی هەرێم لە بودجەكەدا هەروەها لەبارەی دەركردنی یاسای نەوتو غازی فیدراڵەوە گفتوگۆیان كردووە.
سەردانەكەی سودانی بۆ هەولێر كاریگەری ئەوتۆی نەبوو لەسەر ئەوەی هەردوو حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێم بەخێرایی لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە بگەنە رێككەوتن. یاسای بودجە لە 26ی حوزەیراندا لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكرایەوەو كەوتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام ماددەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا هێشتا نەكەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، هەولێرو بەغداد لەبارەی پاكتاوی حساباتی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵو داهاتە نانەوتییەكانو خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتو چەند بابەتێكی تر ناكۆكن.
لەكاتێكدا هێشتا لەسەر چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە نەگەیشتونەتە رێككەوتن، سەرۆك وەزیرانی عێراق یاسای نەوتو غازی فیدراڵی هێنایە پێشەوە، ئەمەش دەرگای ناكۆكییەكی نوێی لەنێوان هەولێرو بەغداد كردەوە.
یاسای نەوتو غازی فیدراڵ یەكێك لەو یاسا گرنگانەیە كە دەبوو بەر لە 18 ساڵو وای پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێراق دەربچێت، بەڵام بەهۆی ناكۆكی هەرێمو بەغداد لەسەر چۆنیەتی نوسینەوەی، یاساكە تائێستا دەرنەچووە.
یەكێك لە مەرجەكانی كورد بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە كابینەی حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی ئەوە بوو، كابینەكە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی، بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم یاسای نەوتو غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی، ئەم یاسایە بۆ هەرێم ئەولەویەت بوو، بەتایبەتیش دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەڕاستی شوباتی 2022دا، بڕیارێك كە یاسای نەوتو غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوەو هەولێری پابەند كرد بەوەی نەوتو غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، لەدوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە شوباتی ئەمساڵدا كە بووە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە توركیاوە، یاساكە بایەخێكی گەورەتری بۆ هەرێم پەیدا كردووە.
لە شوباتی ئەمساڵەوە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵ چوونە ناو دانوستان لەبارەی چۆنیەتی نوسینەوەی رەشنوسی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ، وەزارەتی نەوتی عێراق لە دانوستانەكاندا زۆرێك لە خواستەكانی حكومەتی هەرێمی رەتكردەوە، بەتایبەتی لەبارەی ئیدارەدانی كێڵگەكانی نەوتەوە، ئێستا رەشنوسێك ئامادە كراوە، بەڵام رەشنوسەكە بەدڵی حكومەتی هەرێم نییە.
رۆژی 2ی ئەم مانگە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی كوتلە سیاسییەكانی كۆكردەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرۆژەیاسای نەوتو غازی فیدراڵ، لە یەكێتیی بافڵ تاڵەبانیو لە پارتیش فوئاد حسێن ئامادەبوون.
سودانی لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاریدا لیژنەیەكی وزاری دروست بكات بۆ گفتوگۆكردن لەنێوان هەرێمو بەغداد سەبارەت بە رەشنوسی یاساكە.
پارتی لە یاسای بودجەدا گورزی گەورەی بەركەوتو رێككەوتنەكە بەوشێوەیە تێنەپەڕی كە لەنێوان سودانیو مەسرور بارزانیدا كرابوو، ئێستا یاسای نەوتو غازیش هاتوەتە پێشەوە، بۆیە دەبێت لە یەككاتدا ئیدارەی دوو دانوستان بدات، ئەمەش لەكاتێكدا كە كابینەكەی مەسرور بارزانی بووە بەحكومەتی كاربەڕێكەرو سەرباری ئەمەش پەیوەندی نێوان پارتیو یەكێتیی ناجێگیرە.
پارتی لە حكومەت دەكشێتەوە ؟
سەرباری گلەیی سەركردەكانی پارتی لە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییو تۆمەتباركردنیان بە پێشێلكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتو رێككەوتنەكانی دواتر، تائێستا پارتی هیچ راگەیەندراوێكی توندی دژی چوارچێوەی هەماهەنگیی بڵاونەكردوەتەوە كە ئاماژەو هەڕەشە بێت بۆ كشانەوە لە حكومەت.
ئەو سەرچاوانەی كە لە بارودۆخی ئێستا ئاگادارنو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون باس لەوە دەكەن، وەفدەكەی پارتی بۆ گەیاندنی پەیامێكی توندی مەسعود بارزانی دەچنە بەغدادو دەیانەوێت دواین هۆشداری بە لایەنەكانی چوارچێوە بدەن سەبارەت بە رێككەوتنەكانی لەبارەی یاسای بودجەو یاسای نەوتو غازەوە.
بەڵام بڕیاری پارتی بۆ كشانەوە لە حكومەت ئەگەرێكی لاوازو پێشبینی نەكراوە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە یەكێتیی وەكو لایەنێكی دەسەڵاتداری هەرێم بەشدارە لە حكومەتی عێراقداو پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی گرێداوە، سەرباری ئەمەش پارتی بەهۆی پێگەو دەسەڵاتی بەسەر جومگە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان لەوانە سەرۆكایەتی هەرێمو سەرۆكایەتیی حكومەت، توانای ئەوەی نییە سەرچڵی بە پەیوەندییەكانییەوە لەگەڵ بەغداد بكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە ئێستا بارودۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو بەغداد هەژموونی بەسەر هەرێمدا بەهێز بووەو هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە كە شادەماری ئابوری هەرێمو داهاتەكانی حكومەتە.
لە حاڵی رێكنەكەوتن لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی، پێشبینی دەكرێت بەبێ بڕیاردان لە كشانەوە لە حكومەت، پارتی سەركردایەتی هەوڵێكی ناوخۆییو دەرەكی بكات بۆ كۆكردنەوەی ناڕەزایەتی دژی حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەتایبەتیش بەدەستهێنانی پشتیوانی لایەنە سەرەكییەكانی پێكهاتەی سوننە یاخود ئاڕاستەی پەیوەندییەكانی لە وڵاتانی خۆرئاواوە بەرەو تاران بگۆڕێتو لەرێگەی رێككەوتنێكەوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی فشارەكانی بەغداد لەسەر هەرێم هێوربكاتەوە.
