داهات و خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2023-09-01 11:23:02
شیكاری: درەو
🔹 کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان (ترلیۆنێک و 10 ملیار) دینار تێدەپەڕێنێت.
🔹 کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بۆ نزیک لە سفر دابەزیوە.
🔹 کۆی داهاتی مانگانە بە (باج، گومرگ، رەسم و هاریکاری هاوپەیمانان)ەوە بریتیە لە (431 ملیار و 500 ملیۆن) دینار.
🔹 ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بە بڕی (598 ملیار دینار) ڕەوانە بکات، کۆی داهاتی هەرێم دەگاتە (ترلیۆنێک و 29 ملیار و 500 ملیۆن) دینار و هیچ کورتهێنانێکی لە خەرجیدا نابێت.
🔹 ئەگەر بەغدا هیچ بڕە پارەیەک ڕەوانە نەکات حکومەتی هەرێم بڕی (578 ملیار و 500 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (57%) کورتهێنانی دەبێت.
یەکەم؛ سەرچاوەکانی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
1. داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم
بەشێوەیەکی گشتی داهاتی هەرێمی کوردستان لە دوو جۆر داهاتی (نەوتی و نانەوتی)یەوە سەرچاوە دەگرێت، لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم، هەناردەی نەوتەکەی لە ڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان – جەیهانی تورکی لە (25/3/2023)ەوە ڕاوەستاوە، بەم پێیەش داهاتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ نزیک لە سفر دابەزی، لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت لە تەواوی ساڵی (2022)دا، حکومەتی هەرێم بڕی (144 ملیۆن و 404 هەزار و 412) بەرمیل نەوتی بە تێکڕای نرخی (85) دۆلار بە کۆی بەهای (12 ملیار و 331 ملیۆن و 417 هەزار و 848) دۆلار لە بازاڕەکانی دەرەوە فرۆشتبوو، دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجییەکان بڕی (5 ملیار و 709 ملیۆن و 704 هەزار و 87) دۆلاری سافی گەڕابوویەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم کوردستان، بە مانایەکەی دیکە حکومەتی هەرێم بە تێکڕای مانگانە بڕی (475 ملیۆن و 808 هەزار و 674) دۆلار، کە لە ئێستادا هاوتایە بە (623 ملیار و 309 ملیۆن و 362 هەزار و 831) دیناری عێراقی لەدەستداوە _ ئەگەر یەک دۆلار هاوتا بێت بە (هەزار و 310) دیناریش_.
2. داهاتی نانەوتی هەرێم
حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نەوت (5) سەرچاوەی داهاتی نانەوتی هەیە کە بریتین لە (گومرگ، باج، ڕەسم، هاریکاری هاوپەیمانان و پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق) کۆی ئەم داهاتانەش لەسەر بنەمای داتاکانی ساڵی ڕابردوو بە نزیک کراوەیی بەم شێوەیەیە؛
- داهاتی گومرگ؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (140 ملیار) دیناری لە داهاتی گومرگەوە دەست دەکەوێت.
- داهاتی باج؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (60 – 65 ملیار) دیناری لە داهاتی باجەوە دەست دەکەوێت.
- داهاتی ڕەسم؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە (200 ملیار) دیناری لە داهاتی ڕەسمەوە دەست دەکەوێت.
- هارکاری هاوپەیمانان؛ لەلایەن هاوپەیمانانەوە مانگانە بڕی (31 ملیار 500 ملیۆن) دینار بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە خەرج دەکرێت.
- پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق؛ ئەگەر چی لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەوە، وا چاوەڕوان دەکرا سەروو (900 ملیار) دیناری مانگانە، وەک پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت، بەڵام لە (2/8/2023) تەنها بڕی (598 ملیار) دیناری وەک پشکی هەرێم بۆ موچەی مانگی حوزەیرانی ساڵی (2023)ی موچەخۆران ڕەوانەکرد، تا ئێستاش بەغدا هیچ گوژمەیەکی دیکەی لە پشکی هەرێم بۆ مانگی تەموز ڕەوانە نەکردووە.
دووەم؛ کۆی خەرجی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بەشی هەرە گەورەی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت، پاشان لە داهاتی گشتی مانگانە بڕێک بۆ خەرجی بۆ بەگەڕخستنی وەزارەتەکان دابین دەکرێت بە جۆرێک؛
1. خەرجی موچە؛ کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران مانگانە پێویستی بە زیاتر لە (910 ملیار) دینارە، لە ئێستادا لە کۆتایی مانگی ئاب و سەرەتای مانگی ئەیلولداین، بەڵام حکومەتی هەرێم موچەی مانگی تەموزی ساڵی (2023)ی خەرج نەکردووە.
2. خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان؛ حکومەتی هەرێمی مانگانە بڕی (100 ملیار) دینار بۆ دابینکردنی خەرجی وەزارەتەکان تەرخان دەکات.
کەواتە کۆی خەرجی موچەی موچەخۆران و خەرجی بەگەڕخستنی وەزارەتەکان (ترلیۆنێک و 10 ملیار) دینار تێدەپەڕێنێت.
سێیەم ؛ کۆی گشتی داهات، خەرجی و بڕی کورتهێنان
وەک لە بەشەکانی سەرەوە ئاماژەمان پێدا؛
1. کۆی داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەرێم بۆ نزیک لە سفر دابەزیوە.
2. کۆی داهاتی مانگانە بە (باج، گومرگ، رەسم و هاریکاری هاوپەیمانان)ەوە بریتیە لە (431 ملیار و 500 ملیۆن) دینار.
3. ئەگەر بەغدا پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بە بڕی (598 ملیار دینار) ڕەوانە بکات، کۆی داهاتی هەرێم دەگاتە (ترلیۆنێک و 29 ملیار و 500 ملیۆن) دینار و هیچ کورتهێنانێکی لە خەرجیدا نابێت
4. ئەگەر بەغدا هیچ بڕە پارەیەک ڕەوانە نەکات، هەرێم بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی (578 ملیار و 500 ملیۆن) دینار بە ڕێژەی (57%) کورتهێنانی دەبێت.