ناكۆكییەكانی ناوەندو هەرێم لە پرۆژە یاسای نەوتو غازدا
2023-09-04 07:19:33
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری
ناكۆكی یەكەم: لە ماددەی 5 لە پرۆژە یاسای نوێی نەوتو غازدا هاتووە:
یەكەم: ئەنجومەنێكی فیدراڵی بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران یان هەر كەسێك كە ئەو سەرپشكی بكات دروستدەكرێتو ئەندامەكانی پێكدێت لە هەریەكە لە:
1- وەزیری نەوتی فیدراڵ
2- وەزیری دارایی فیدراڵ
3- وەزیری پلاندانانی فیدراڵ
4- پارێزگاری بانكی ناوەندیی
5- وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم
6- پارێزگاری سێ پارێزگاری بەرهەمهێنەری نەوت كە لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون
7- سێ شارەزا
دووەم: بڕیارەكان بە زۆرینە دەدرێن
ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەنجومەنی فیدراڵی نەوتو غاز دەبێت ئەمانە لەخۆبگرێت:
یەكەم: ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ هەریەكە لە ئەمانە لەخۆبگرێت:
1- حكومەتی فیدراڵی (وەزیرانی نەوتو داراییو پلاندانان)
2- حكومەتی هەرێم (وەزیرانی سامانە سروشتییەكانو داراییو پلاندانان)
3- پارێزگاری ئەو پارێزگایانەی كە نەوت بەرهەمدەهێننو لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون
دووەم: سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە دەوری بێت
سێیەم: بڕیارەكان بە كۆدەنگی دەربكرێن
ناكۆكی دووەم: پرۆژە یاساكە لە ماددەی 8 یەكەمدا دەڵێ:
وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێمو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكاندا، كێڵگە بەرهەمهێنەرەكانی نەوتو غاز لەسەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەبات. بەڵام تێڕوانینی هەرێم لەمەدا كورت دەبێتەوە لە: حكومەتی فیدراڵ لەگەڵ حكومەتی هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكانو ئەوانەی لەچوارچێوەی هەرێمدا رێكنەخراون، هەڵدەسێت بە بەڕێوەبردنی نەوتو غازی دەرهێنراو لە كێڵگەكانی ئێستا (كە بەر لەوەی دەستوری ساڵی 2005 بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەرهێنراونو پەرەیان پێدراوەو بەشێوەی بازرگانی بەرهەمهێنراون)، حكومەتی هەرێم یان پارێزگا وەبەرهێنەكان لایەنی تایبەتمەند دەبن بە بەڕێوەبردنی نەوتو غاز لە كێڵگەكانی ئێستاو داهاتوو (كە ئەوانەش ئەو كێلگانەن كە دوای ئەوەی دەستور كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن نەوتو غازیان لێدەرهێنراوەو پەرەیان پێدراوەو بەشێوەی بارزگانی بەرهەمهێنراون).
ناكۆكی سێیەم: لە ماددەی 11ی پرۆژە یاسای نوێی نەوتو غازدا هاتووە: ئەنجومەنی فیدراڵی رەزامەندی دەدات لەسەر گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدانی نەوت، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەو لایەنی تایبەتمەندە بەسەر گرێبەستەكانی دۆزینەوەو پەرەپێدانو بەرهەمهێنان یان هەر گرێبەستێكی تر لەگەڵ ئەو بەڵێندەرەی هەڵدەبژێردرێت، پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی فیدراڵی نییە.
ناكۆكی چوارەم: لە ماددەی 16ی پرۆژە یاساكەدا، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ باڵاترین دەسەڵاتی بەرپرسیارە لە پابەندیی لایەنە گرێبەستكارەكان، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت لایەنی بەرپرس لە هەرێم بەرپرسیارە لەبەرامبەر پابەندی گرێبەستكارەكان لەناوچەكانی گرێبەستدا لەناوخۆی هەرێم.
ناكۆكی پێنجەم: لەماددەی 24ی پرۆژە یاساكەدا، هێڵە سەرەكییەكانی بۆری موڵكی حكومەتی فیدراڵە، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم دەڵێ حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكان بۆیان هەیە بۆری دروست بكەن بۆ گواستنەوەی نەوتو غازو خاوەندارێتی بكەن.
ناكۆكی شەشەم: لەگەڵ ئەوەی پرۆژە یاسای نوێی نەوت هیچ ماددەیەك لەخۆناگرێت كە ئاماژە بۆ بەبازاڕخستنی نەوتو لایەنی بەرپرس لەم كارە بكات، بەڵام وەكو ئەوەی ئێستا كارپێكراوەو دادگای فیدراڵی جەختی لەسەر كردووە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەرێگەی سۆمۆوە تاكە لایەنی بەرپرسیارە لە بەبازاڕخستنی هەموو نەوتی عێراق بەبێ لەبەرچاوگرتنی شوێنی بەرهەمهێنان، ئەمە لەكاتێكدایە هەرێم وای دەبینێت ئەنجومەنی فیدراڵی سیاسەتی بەبازاڕخستنو فرۆشتن دادەنێتو پرۆسەی فرۆشتن لەلایەن ئەو كۆمپانیایانەوە ئەنجام دەدرێت كە سەربە حكومەتی هەرێم یان پارێزگا وەبەرهێنەكانن.