Draw Media

هەرێم دانوستانی یاسایی دۆڕاند، دانوستانی سیاسی دەكات؟

هەرێم دانوستانی یاسایی دۆڕاند، دانوستانی سیاسی دەكات؟

2023-09-02 15:43:24


 (درەو):
پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%)ی خەرجییەكانی عێراق دیاریكراوە، لەبەر ئەوەی (53%) خەرجییەكانی عێراق بۆ سیادی و حاكیمە دەڕوات، تێڕوانینی هەردوو حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێم لەبارەی یاسای بودجە لەڕووی یاسایی‌و ژمێریایییەوە هێندە لەیەكتر دوورە پێناچێت هەرگیز بگەنە رێككەوتن، بۆیە ئێستا پێشنیازی چارەسەركردنی ناكۆكییەكە دەكرێت لەڕێگەی دانوستانی سیاسییەوە، حكومەتی هەرێم‌و حكومەتی فیدراڵ لەسەر چی ناكۆكن؟ وردەكاری لەم راپۆرتەدا.

یەك بودجە‌و دوو تێڕوانینی جیاواز
26ی حوزەیرانی ئەمساڵ یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەسەرەتاوە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم گەشبین بوون بە یاساكە، وایان خەمڵاند بەپێی ئەم یاسایە مانگانە حكومەتی عێراق تەنیا بۆ موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و پێشمەرگە بڕی (906 ملیار) دینار بۆ هەرێم دەنێرێت‌و حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی خەرجی موچە مانگانە تەنیا پێویستی بە (6 ملیار) دیناری تر دەبێت.
بەڵام كاتێك دانوستان بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە لەنێوان حكومەتی عێراقی فیدراڵ‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، هەموو پێشبینییەكان ئاوەژوو بوونەوە، وەزارەتی دارایی عێراق لەڕوانگەی خۆیەوە پشكی هەرێم لە بودجەدا ئەژمار دەكات، روانگەیەك بەتەواوەتی پێچەوانەیە لەگەڵ رونگەی وەفدی حكومەتی هەرێم‌و بڕە پارەیەك دەنێرێت كە بەشی خەرجی نیوەی موچەخۆرانی هەرێمیش ناكات.
یاسای بودجە رێوشوێنی دیاریكردووە بۆ حاڵەتی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان هەرێم‌و بەغداد سەبارەت بە بودجە، بەپێی رێوشوێنەكە لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەت دەبێت لەدوای دروستبوونی كێشەكەوە لەماوەی 30 رۆژدا راپۆرتێك لەبارەی ناكۆكییەكانەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بەرزبكەنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان بڕیاری كۆتایی بدات، بەڵام دادگای فیدراڵی ئەم بڕگەی هەڵوەشاندەوە‌و دەسەڵاتی بڕیاردانی لە ناكۆكی نێوان هەرێم‌و بەغداد لە پەرلەمانی عێراق سەندەوە‌و بەخشی بەخۆی، واتا ئەگەر كێشە دروستبوو دەبێت لیژنە هاوبەشەكە راپۆرتەكەیان بۆ دادگای فیدراڵی بەرزبكەنەوە.
ئێستا ناكۆكییەكە لەنێوان هەولێرو بەغداد لەبارەی یاسای بودجە دروستبووە، بەوهۆیەوە فەرمانبەرانی هەرێم تائێستا موچەی مانگی تەموزو ئابیان وەرنەگرتووە، حكومەتی هەرێم هێشتا پەنای بۆ لیژنە هاوبەشەكە نەبردووە‌و رەنگە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە بچێتە ناو دانوستانی سیاسییەوە لەگەڵ لایەنە شیعەكانی عێراق.

روانگەی هەرێم بۆ پشكی خۆی لە بودجەدا
بەپێی لێكدانەوەی وەزارەتی دارایی هەرێم، ماف‌و شایستەی دارایی هەرێم لە یاسای بودجەی گشتی عێراقدا، مانگانە بڕەكەی (ترلیۆنێك‌و 384 ملیار) دینارە.
وەزارەتی دارایی هەرێم پێوایە، ئەگەر حكومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای خەرجی فیعلی مانگانە مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات، دەبێت مانگانە (ترلیۆنێك‌و 174 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

لێكدانەوەی عێراق بۆ پشكی هەرێم
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، روانگەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پشكی هەرێم لە بودجەدا كە بە وەفدی حكومەتی هەرێمی راگەیاندووە:
•    بەپێی یاسای بودجە مانگانە (598) ملیار دینار بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت بەمشێوەیە:
-    مانگانە (9 ترلیۆن‌و 976 ملیار) دینار خەرجی فیعلی عێراقە  (مانگی حوزەیران وەك نمونە وەرگیراوە)، ئەمە دوای دەركردنی خەرجی سیادی كە (2 ترلیۆن‌و 975 ملیار) دینارە لەگەڵ دەركردنی  خەرجی حاكیمە كە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینارە.
-    ئەوەی وەكو خەرجی فیعلی مانگانە بۆ عێراق دەمێنێتەوە بڕەكەی (4 ترلیۆن‌و 721 ملیار) دینارە، رێژەی (12.67%)ی ئەم پارەیە پشكی هەرێمی كوردستانە.
-    بەپێی ئەم هاوكێشەیە هەرێمی كوردستان مانگانە بڕی (598 ملیار) دیناری لە خەرجی فیعلی عێراق بەردەكەوێت.
سەرباری ئەمە هێشتا حكومەتی عێراق ئامادە نییە بڕی (598 ملیار) دینارە مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، چونكە وەكو بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بە وەفدی هەرێمیان وتووە، بەپێی یاسای بودجە دەبێت لەو (598 ملیار) دینارە، مانگانە ئەم پارانەی لێ دابشكێندرێت:
• مانگانە (53) ملیار دیناری قەرزی بانكی بازرگانی (TBI)
• مانگانە بڕی (50) ملیار دیناری قەرزی (400) ملیار دینارەكە (ئەمە تێكڕای بڕی ئەو پارانەیە كە بەر لە پەسەندكردنی بودجە حكومەتی هەرێم بۆ پڕكردنەوەی خەرجی موچەی فەرمانبەران بە قەرز لە حكومەتی عێراق وەریگرتووە‌و تێكڕای بڕی پارەكە 2 ترلیۆن دینارە)
• مانگانە بڕی (65) ملیار دیناری رێژەی (50%)ی داهاتی دەروازە سنورییەكان (چونكە داهاتی دەروازە سنورییەكانی هەرێم مانگانە بەبڕی 130 ملیار دینار خەمڵێندراوە‌و لەم داهاتە بەگوێرەی یاسای بودجە بەغداد رێژەی 50%ی دەبات)
•    كۆی گشتی لێبڕینەكان دەكاتە (168) ملیار دینار لە پشكی هەرێم دەبڕێت.
بەم پێیە لەكۆی (598 ملیار) دیناری پشكی مانگانەی هەرێم لە خەرجی فیعلی عێراق، بڕی (430 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەم بڕە پارەیە هێشتا نیوەی ئەو خەرجییەش نییە كە مانگانە حكومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان پێویستی پێیەتی كە بڕە (944 ملیار) دینارە.

خەرجی حاكیمە‌و سیادی چییە؟
ئەوەی كاریگەری گەورەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق دروستكردووە، جیاكردنەوەی دوو جۆر خەرجی فیدراڵیە لە كۆی خەرجی فیعلی عێراق (خەرجی سیادی و حاكیمە) كە رێژەی 53%ی كۆی گشتی خەرجییەكانی عێراق پێكدەهێنێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە رێژەی (47%) خەرجییەكانی عێراق دابین دەكرێت، ئەمەش لە رێژەی فیعلی هەرێمی كوردستان كەم دەكاتەوە.
خەرجی حاكیمە بریتییە لەو خەرجییانەی كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە بۆ هەموو پارێزگاكان بەوانەی هەرێمی كوردستانیشەوە دابین دەكرێن‌و ئەم بوارانە دەگرێتەوە:
•    كۆبونی خۆراك (بڕەكەی بە تێكڕا بۆ یەك ساڵی دارایی بە زیاتر لە 3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار ئەژمار كراوە، لەمە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 463 ملیار دیناری بەردەكەوێت).
•    خەرجی سكاڵاكانی ناكۆكی موڵك‌و ماڵ (تێكڕای ئەم خەرجییە لە عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی بە بڕی 50 ملیار دینار دانراوە، 6 ملیارو 335 ملیۆن دیناری بەر هەرێم دەكەوێت)
•    خەرجی كڕینی دەرمان (تێكڕای ئەم خەرجییە بۆ ساڵێك بە بڕی زیاتر لە ترلیۆنێك‌و 651 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە هەرێمی كوردستان بڕی زیاتر لە 209 ملیار دیناری بەردەكەوێت
•    پاڵپشتی بۆ كڕینی بەرهەمی گەنم‌و جۆ (3 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار بۆ ئەم خەرجییە تەرخانكراوە، لەم بڕە 443 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت).
•    خەرجی هاوردەكردنی وزە (بڕی ترلیۆنێك‌و 129 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە لەماوەی ساڵێكدا، لەمە بڕی 143 ملیار دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت).
•    سەرژمێری گشتی دانیشتوان (100 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، بڕی زیاتر لە 12ی ملیاری بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە).
•    خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگان (بڕی 345 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەمە بڕی 43 ملیاری بەر هەرێمی كوردستان كەوتووە).
تێكڕای خەرجی حاكیمە بۆ ساڵێكی دارایی لە بودجەی عێراقدا بە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینارە، لەمە بڕی (ترلیۆنێك‌و 322 ملیار) دیناری بەر هەرێمی كوردستان دەكەوێت لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت، مانگی حوزەیران كە یاسای بودجە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن، حكومەتی عێراق بۆ ئەو مانگە خەرجی حاكیمەی بە بڕی (2 ترلیۆن‌و 280 ملیار) دینار دیاری كردووە، مەرج نییە بۆ مانگەكانی تر هەمان خەرجی حاكیمە هەبێت، چونكە بەپێی یاسای بودجە بە تێكڕا نابێت ئەم خەرجییە تا كۆتایی ساڵ لە بڕی (10 ترلیۆن‌و 438 ملیار) دینار زیاتر بێت.

خەرجی سیادی
كۆی گشتی خەرجی سیادی لە بودجەی عێراقدا بڕەكەی (58 ترلیۆن‌و 294 ملیار) دینارە
دیارترین ئەو پارانەی كە لەم خەرجییەدا لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت بریتییە لە:
•    بڕی (3 ترلیۆن‌و 876 ملیار) دیناری پارەی تەرخانكراو بۆ كەرتی نەوتی هەرێمی كوردستان (بەرهەمهێنان‌و گواستنەوەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە)
•    بڕی (288 ملیارو 304 ملیۆن) دیناری تەرخانكراوی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ موچەی پێشمەرگە
•    خەرجی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كە پشكی كوردەو ئێستا (لەتیف رەشید) سەرۆك كۆماری عێراقە، خەرخی تەرخانكراو بۆ ئەم سەرۆكایەتییە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا كە لە پشكی هەرێمی كوردستان  بڕدراوە، بۆ یەك ساڵی دارایی بڕی (94 ملیارو 200 ملیۆن) دینارە، ئەم پارەیە بۆ خەرجی موچەو بەكاربردنی سەرۆك كۆمارو موچەی لیواكانی سەرۆكایەتی كۆمار تەرخان دەكرێت كە كوردن‌و سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، تەنیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لەو پارەی بۆی تەرخانكراوە بڕی زیاتر لە (25 ملیارو 827 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•    پەرلەمانی عێراق یەكێك لەو دامەزراوە  فیدراڵییانەی ترە كە لەچوارچێوەی خەرجی سیادیدا، پارەی لە پشكی هەرێمی كوردستان بۆ بڕدراوە، تێكڕای خەرجی پەرلەمانی عێراق بۆ یەك ساڵی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (418 ملیارو 872) دینار دیاریكراوە، 63 پەرلەمانتاری كوردو (شاخەوان عەبدوڵا) جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی كورد لە بەشێكی ئەم پارەیە سودمەند دەبن لەرێگەی موچە‌و تەرخانكراوی ترەوە، تاوەكو نیوەی یەكەمی ئەمساڵ، پەرلەمانی عێراق لە كۆی ئەو پارەی بۆی تەرخانكراوە، تەنیا بۆ خەرجی بەكارخستن زیاتر لە  (267 ملیارو 600 ملیۆن) دیناری خەرجكردووە.
•    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش خەرجییەكانی لەچوارچێوەی سیادیدا دانراوە‌و هەرێمی كوردستان لەم خەرجییەشدا پشكێكی تری لێبڕاوە، تێكڕای خەرجی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ساڵێكی دارایی، لەیاسای بودجەدا بە بڕی زیاتر لە (ترلیۆنێك‌و 228 ملیار) دینار دیاریكراوە، چوار وەزیری كورد كە دوانیان یەكێتیی‌و دوانیان پارتین‌و یەكێكیان (فوئاد حسێن) جێگری سەرۆك وەزیرانە، لەرێگەی موچەو تەرخانكراوی ترەوە لەم پارەیە سودمەند دەبن، تەنیا لە مانگی شەشی ئەمساڵدا خەرجی بەگەڕخستنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڕی (522 ملیار) دینار بووە.
•    وەزارەتی دەرەوەی عێراق كە وەزیرەكەی كوردە (فوئاد حسێن)، خەرجییەكانی لەناو چوارچێوەی خەرجی سیادی دانراوەو لە پشكی هەرێمی كوردستان دەبڕدرێت، خەرجی ئەم وەزارەتە بۆ ساڵێكی دارایی لە یاسای بودجەدا بە بڕی (837 ملیارو 318 ملیۆن) دینار دیاریكراوە، واتا ئەم وەزارەتە مانگانە نزیكەی (70 ملیار) دینار لە بودجەی گشتی عێراق دەبات.
خەرجی سیادی كە لە پشكی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا بڕاوە، جگە لەو دامەزراوانەی لە سەرەوە باسكران، ئەم دامەزراوانەی تریش دەگرێتەوە‌و لە پشكی هەرێم دەبڕدرێت:
-    ئەنجومەنی نوێنەران
-    سەرۆكایەتی كۆمار
-    ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران
-    سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران
-    دەستەی حەشدی شەعبی
-    وەزارەتی دەرەوە
-    دەزگای دژەتیرۆر
-    وەزارەتی بەرگریی
-    دیاریكردنی رێژەیەك لە تەرخانكراوی هێزی وشكانی سوپای عێراق لەبواری وەبەرهێنان‌و بەكارخستن بۆ هێزی پێشمەرگە بەگوێرەی رێژەی دانیشتوانی هێزی ناوبراو بەوپێیەی بەشێكە لە سیستمی ئەمنی عێراق
-    دادگای باڵای فیدراڵی
-    كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە خەرجی هەڵبژاردنەكانیشەوە
-    دەستەی لێپرسینەوە‌و دادەپەروەریی
-    دەستەی سكاڵاكانی موڵكایەتی جگە لە قەرەبووەكان
-    دەستەی عێراقی بۆ سەرچاوە تیشكدەرەكان
-    دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق
-    تێچووی دانوستان‌و داواكارییە یاساییەكان
-    پشكداری لە خەرجی وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو
-    خەرجی بەكاربردن لە وەبەرهێنانی نەوتی خاوی هەناردەكراو و گواستنەوەی لەلایەن هەرێمەوە
-    بڕی پشكدارییە عەرەبی‌و نێودەوڵەتییەكان
-    خەرجی رەوەنی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی‌و پاسپۆرت‌و مانەوە‌و فەرماندەیی هێزی سنورو پۆلیسی فیدراڵی
-    پرۆژەكانی وەبەرهێنان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی باری شارستانی‌و مانەوە لەنێویشیاندا كارتی نیشتمانی‌و فەرماندەیی هێزی سنور
-    ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی
-    پارەداركردنی هاوبەش
-    پرۆژەی بەندەرەكان
-    پرۆژەكانی هێڵی ئاسن
-    پرۆژەی پردو سودی گشتی پرۆژەكانی بەڕێوەبردنی ئاسمانیی
-    پرۆژەی گرێبەستەكانی مۆڵەتپێدان
-    سودی سەر قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتی
-    سودەكان لەسەر قەرزی جایكا JICA
-     سودی سەر قەرزەكانی ئیتالیا
-    سودی قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان
-    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە
-    سودەكان لەسەر قەرزی كۆمپانیای ما بین النهرین-ی گشتی بۆ بازرگانی بنەتۆو
-    سودەكان لەسەر قەرزی ئەڵمانی KFW
-    سودەكان لەسەر قەرزی بانكی ژاپۆن بۆ هاوكاری نێودەوڵەتیی JBICی ژاپۆنی
-    سودەكانی لەسەر قەرزی سویدی
-    سودەكان لەسەر قەرزی چین
-    سودەكان لەسەر قەرزی سیمنسی ئەڵمانی
-    سودەكانی بیمەی هەناردەكردن
-    سودەكانی بیمەی سیادی
-    سودەكان لەسەر قەرزی فەڕەنسا
-    سودەكان لەسەر قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی
-    سودەكانی سەر قەرزی سعودیە
-    سودی سەر قەرزی ئیتالی SACE
-    سودی سەر قەرزی كوەیت
-    سودی سەر قەرزی ئەمریكا
-    سودی سەر قەرزی فەڕەنسا BPI
-    سود لەسەر قەرزی بەریتانیا UKEF
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی كۆری
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی هیندی
-    سودەكانی سەر قەرزی ئەكزەم بانكی ئەمریكی
-    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی یانەی پاریس
-    سودەكانی سەر دووبارە پەیكەربەندی قەرزە دەرەكییەكان لەسەر وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس
-    سودەكانی قەواڵەی سڕینەوەی قەرزی كەرتی تایبەت لە دەرەوە
-    سودی سەر شایستەكانی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری
-    سودی سەر حەواڵە كۆنەكانی خەزێنە
-    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت لەلایەن هەریەكە لە بانكی رەشیدو رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە
-    سودی حەواڵە داشكێندراوەكانی خەزێنە لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی/ 2015و 2016
-    سودی سەر قەرزی قەواڵەی دەرەكی- یۆریۆبۆند
-    سودی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكان‌و بانكی بازرگانی عێراق بەپێی یاسای بودجەی ساڵی/ 2015
-    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنەی كۆن
-    قیستی ئەو قەرزانەی كە لایەن بانكی بازرگانی عێراقەوە بەخشراوە بەگوێرەی یاسای بودجەی 2015‌و 2016
-    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی یانەی پاریس
-    پێدانەوەی قیستی دووبارە پەیكەربەندی قەرزی دەرەوەی وڵاتانی دەرەوەی یانەی پاریس
-    پاكتاوی قەرزەكان لە دەرەوە، پاكتاوی خەختینەیی قەرزی بچوكی كەرتی تایبەت لە دەرەوە
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی بانكی نێودەوڵەتیی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیی لەوانە SDR
-    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی ئەمریكی
-    پێدانەوەی قیستەكانی قەرزی JICA، پێدانەوەی قیستی بیمە سیادییەكان
-    پێدانەوەی قیستی بیمەی هەناردەكردن
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سیمنسی ئەڵمانی
-    قەرزی بانكی ئیسلامی بۆ پەرەپێدان
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئەڵمانی KFW
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سعودیە
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی بەریتانی UKEF
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی چین
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی ئیتالی SACE
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی JBICی ژاپۆنی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزی سویدی
-    پێدانی شایستەی سندوقی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی ئابوری
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان
-    پێدانەوەی قەرزی سندوقی نێودەوڵەتیی بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی
-    پێدانەوەی قەرزی كوەیت
-    پێدانەوەی قەرزی فەڕەنسی BPI
-    پێدانەوەی قەرزی فەرەنسی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی كۆری
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی هیندی
-    پێدانەوەی قیستی قەرزەكانی ئەكزەم بانكی ئەمریكی
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە دەرەكییەكان بۆ سڕینەوەی قەرزەكان
-    پێدانەوەی قەرزی كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانی دانەوێڵە‌و كۆمپانیای ما بین النهرین بۆ بنەتۆو
-    پێدانەوەی قیستی حەواڵەكانی خەزێنە بەگوێرەی یەدەگی یاسایی لەلایەن بانكە حكومییەكانەوە
-    پێدانەوەی قیستی قەواڵە خۆجێییەكان
-    قیستەكانی سەر حەواڵەی خەزێنە بەگوێرەی حەواڵەی پارەپێدانی كۆمپانیا بیانییەكانی بواری نەوت لە هەریەكە لە بانكەكانی رەشید‌و رافیدەین‌و بانكی بازرگانی عێراق بەگوێرەی یاسای بودجە‌و كرێی گواستنەوەی نەوتی خاوی هەناردەكراوی گیارە

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand