خەرجی مانگانەی موچە (50) ملیار دینار زیادیكردووە
2023-09-04 14:09:14
درەو:
خەرجی مانگانەی موچە لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (944) ملیار دینار زیادی كردووە واتا لەدوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییەوە لەبری كەمكردنی، خەرجی موچە مانكانە نزیكەی (50) ملیار دینار زیادیكردووە.
مانگی رابردوو خەرجی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (944) ملیار دینار بووە، واتا (919)ملیاری پارەی حكومەت و (25) ملیار دیناری پارەی هاوپەیمانان).
بە پێی راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 17 ئابی 2020 بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: بۆ خەرجی موچەی مانگێكی تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان (895) ملیار دینار پێویستە.
یاسای چاكسازی لە مانگی یەكی 2020 لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراو دواتر چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
واتا لە دوای جێبەجێكردنی یاسای چاكسایەوە تا ئێستا خەرجی مانگانەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان نزیكەی (50) ملیار دینار زیادیكردووە، لە (895) ملیار دینارەوە بۆ (944) ملیار دینار ، ئەمە لەكاتێكدایە بەشێوەی فەرمی دامەزراندن نەكراوە جگە لە یەكەمەكانی كوردستان.
لە مانگی ئەیلولداین و حكومەتی هەرێمی كوردستان هێشتا موچەی مانگی تەمووزی رانەگەیاندووە، چاوەڕوانی پشكی هەرێمن لە بەغدادەوە بێت بۆ هەرێم، بەڵام بەغداد بڕیاریداوە مانگانە (500) ملیار دینار وەك قەرز بداتە هەرێمی كوردستان كە ئەمەش رێژەی (53%)ی كۆی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكات، چونكە خەرجی مانگانەی موچە پێویستی بە (944) ملیار دینارە بۆ موچە واتا (444) ملیار دینار تەنیا بۆ موچە كورتهێنانی دەبێت واتا رێژەی (47%) كورتهێنانی دەبێت.
ئەو پارەیەی بەغداد دەینێرێت وەك لە یاسای بودجەدا دیاریكراوە بۆ (658 هەزارو 189) فەرمانبەری هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان (ملیۆنێك و 255 هەزار) موچەخۆری هەیە.
سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان لە ئێستادا:
• پارەی بەغداد: 500 ملیار دینار
• پارەی هاوپەیمانان: 25 ملیار دینار
• داهاتی ناوخۆ: 308 ملیار دینار
• كۆی گشتی (833) ملیار دینار
واتا حكومەتی هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ موچە (111) ملیار دینار كورتهێنانی دەبێت لەگەڵ (100) ملیار دینار بۆ خەرجی وەزارەتەكان.