وەفدی موچە بەرەو بەغداد بەرێكەوت
2023-08-30 12:57:54
(درەو):
كۆتایی ئابە، موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەی تەموزیان وەرنەگرتووە، وەفدێكی تر بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب بۆ موچە بەرەو بەغداد بەرێكەوت، هەرێمو بەغداد هێشتا لەبارەی یاسای بودجەوە ناكۆكن، یاسای بودجە ناكۆكییەكانی نێوان هەولێرو بەغدادی داوەتە دەست لیژنەیەكی هاوبەش، لیژنە هاوبەشەكە دەبێت راپۆرتی خۆی بۆ دادگای فیدراڵی بەرزبكاتەوە، بەڵام ئەمە نەكراوەو هێشتا هەردوو حكومەت لە دانوستاندان.
جارێكی تر لە هەولێرەوە وەفد بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، وەفدی ئەمجارە ئاوات شێخ جەناب وەزیری داراییو ئابوری سەرۆكایەتی دەكات، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەناو وەفدەكەدایە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق كاروباری هەرێمی سپاردووە بە بەڕێوەبەرێكی گشتی وەزارەتەكەی، هێشتا دیار نییە ئایا ئەمجارە ئامادەیە خۆی وەفدی هەرێم ببینێت یاخود نا.
ئەمڕۆ 30 ئابە، هێشتا موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان موچەی مانگی تەموزیان وەرنەگرتووە، بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، وەفدەكە بۆ بەدواداچوونی موچەی ئەو دوو مانگە سەردانی بەغداد دەكات.
لە 26ی حوزەیرانی رابردووەوە یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن كە بۆ سێ ساڵی دارایی (2023-2024-2025)، بەگوێرەی ئەم یاسایە هەرێمی كوردستان دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بكاتو داهاتەكەی لە بانكی ناوەندیی عێراقدا دابنرێت، ئەمە لەپاڵ رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانی هەرێمو پاكتاوكردنی حساباتی نێوان هەردوو حكومەت لەماوەی ساڵانی (2004 بۆ 2022).
لەوكاتەوە تائێستا حكومەتی هەرێم چەندین وەفدی ناردووە بۆ بەغداد بۆ پاكتاوی حساباتو دیاریكردنی پشكی هەرێم لە بودجەی عێراقدا، بەڵام وەفدەكان بەبێ گەیشتن بە هیچ رێككەوتنێك گەڕاونەتەوە.
ئەوەی زیاتر كێشەی لەسەرە بابەتی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوتە لە هەرێمی كوردستان كە یاسای بودجە بە نرخێكی كەمتر دیاریكردووە، ئەمە جگە لە ناكۆكییەكان لەبارەی رادەستكردنی داهاتە نانەوتییەكانە كە تائێستا لەنێوان هەردوو حكومەت رێككەوتنی لەسەر نەكراوە.
دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس لە شوباتی ئەمساڵدا، توركیا لە 25ی ئازارەوە بە ناچاری هەناردەی نەوتی هەرێمی راگرت، چونكە دادگای نێودەوڵەتی لەبارەی بەكارهێنانی هێڵی بۆری عێراق- توركیا بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی حكومەتی فیدراڵی عێراق، لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاریداو توركیای ناچاركرد بڕی نزیكەی (ملیارێكو 500 ملیۆن) دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات.
لەدوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتی عێراق كەوتە بواری جێبەجێكردن، دەبوو بەگوێرەی یاساكە هەرێمی كوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بكاتو داهاتەكەی رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەڵام بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەلایەن توركیاوە، ئەمە نەكرا، لایەنی عێراقی بەگوێرەی یاسای بودجە دەستی بۆ بژاردەی دووەم برد، كە بەكارهێنانی نەوتی هەرێمە بۆ پێداویستی ناوخۆ، لە ئێستادا هەرێم رۆژانە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی حكومەتی عێراق دەكاتو بڕیارە ئەم بڕە رۆژانە بۆ 150 هەزار بەرمیل زیاد بكات.
هەموو ئەم ناكۆكییانە وایكردووە، لەدوای پەسەندكردنی یاسای بودجەوە سەرباری چاوەڕوانییەكان بۆ باشبوونی دۆخی موچەی فەرمانبەران، سەرلەنوێ گرفت بۆ دابەشكردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دروست ببێتەوە.
وەزارەتی دارایی عێراق لەروانگەی خۆیەوە خەمڵاندن بۆ پشكی هەرێم لە یاسای بودجەدا دەكات، وەفدەكانی حكومەتی هەرێمیش بەڕوانگەیەكی ترەوە قسە دەكەن.
سكاڵای مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی یاسای بودجەوە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتكرایەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر هەولێری بێئومێد كرد.
بەپێی یاسای بودجە، ئەگەر لەبارەی مافو پابەندییە داراییەكانی هەرێم ناكۆكی لەنێوان حكومەتی هەرێمو حكومەتی عێراقی فیدراڵدا دروستبووە، دەبێت لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەت راپۆرتێك ئامادە بكەنو بەرزی بكەنەوە بۆ ئەوەی لەماوەی (30) رۆژدا ناكۆكییەكە چارەسەر بكرێت، ئەگەر نەكرا، پەرلەمانی عێراق بڕیاری لێبدات، بەڵام دادگای فیدراڵی لەسەر سكاڵاكەی مەسرور بارزانی ئەوەی رەتكردەوە پەرلەمانی عێراق بڕیار لە چارەنوسی ناكۆكی نێوان هەولێرو بەغداد بدات، رایگەیاند" بڕیاردان لەم بابەتە بەپێی دەستور لە دەسەڵاتی دادگای فیدراڵیدایە".
ماوەی دوو مانگە حكومەتی هەرێمو حكومەتی فیدراڵی عێراق لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاسای بودجە لە پەیوەندیدار بە پشكی هەرێمەوە ناكۆكنو ئەم ناكۆكییە گرفتی بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستكردووە، بەڵام لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتەكە هیچ قسەو راپۆرتێكیان ئامادە نەكردووەو هەولێرو بەغداد هێشتا سەرقاڵی دانوستانن.
ناكۆكی نێوان هەرێمو بەغداد لەسەر شێوازی رادەستكردنی داهاتی ناوخۆییو ژمارەی موچەخۆرانە، بەغداد دەڵێ دەبێت هەرێم تەواوی داهاتەكەی رادەست بكاتو (50%) داهاتە فیدراڵییەكان بۆ هەرێم بگەڕێنێتەوە، هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكات تەنیا (50%)ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵیەكان ببڕدرێت نەك تەواوی داهاتە نانەوتییەكان رادەست بكات.
مانگی رابردوو لە بەغداوە (598) ملیار دینار بۆ موچە رەوانەی هەرێم كرا، ئەمە لەكاتێكدا بوو بۆ ئەو مانگە حكومەتی هەرێمی كوردستان (942) ملیار دیناری بۆ خەرجی موچە پێویست بوو، بە (25) ملیار دینارەكەی هاوپەیمانانیشەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، مانگی رابردوو حكومەتی هەرێم (319) ملیار دینار كورتهێنانی بۆ خەرجی موچە هەبوو.
پێشبینییەكان بۆ ئەوە دەچن، بۆ ئەم مانگەش حكومەتی عێراق هەمان بڕی واتای (598 ملیار) دینار بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمە لەكاتێكدایە وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێ" مافو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای بودجە مانگانە زیاتر لە (1 ترلیۆن 384 ملیار) دینارە، تەنها بۆ مووچەی فەرمانبەرانو خانەنشیانو پێشمەرگە مانگانە (906 ملیار) لە یاساكە تەرخان كراوە".
ئەو بڕە پارەی كە حكومەتی هەرێم بەپێی یاسای بودجە مانگانە داوای دەكات زۆر زیاترە لەو بڕە پارەی كە حكومەتی فیدراڵ مانگانە وەكو پشكی هەرێم دیاریكردووە.