"دەستی نەبردووە بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ گرێبەستەكانی هەرێم"
2023-09-01 09:45:19
(درەو):
تێبینییە سەرەتاییەكان لەبارەی كۆپی سێیەمی یاسای نەوتو غازی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023
نەبیل مەرسومی- شارەزای ئابوری
كۆپی سێیەمو نوێی پرۆژە یاسای نەوتو غازی فیدراڵ زۆر جیاواز نییە لە دوو كۆپییەكەی پێشتری ساڵانی 2007و 2011، دەكرێت هەندێك تێبینی لەسەر پرۆژە یاساكەی ساڵی 2023 بكرێت بەمشێوەیە:
یەكەم: دەبوو بەر لە دەركردنی یاسای نەوتو غاز كۆمپانیای نیشتمانی نەوت دروستبكرێتو سەرۆكی كۆمپانیاكە نوێنەرایەتی هەبێت لە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵدا.
دووەم: ئایا پێویست نەبوو پارێزگاری بانكی ناوەندیی بەشداری لە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵدا بكات؟
سێیەم: پێدەچێت یاسادانەری عێراقی سودی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی 2022 وەرگرتبێت كە چالاكی نەوتو غازی لە هەرێمی كوردستان بە نایاسایی داناوە هەروەها بڕیاری دادگای بازرگانی نێودەوڵەتی پاریس لە ئازاری 2023دا كە قەدەغەی كرد كوردستان هێڵی عێراق- توركیا بەكاربهێنێتو ئەمە بوو بەهۆی راوەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم. ئەم وەبەرهێنانە لە سروشتی پێكهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵدا بەڕووی دەردەكەوێت كە دەسەڵاتی ناوەندیی هەژموونی بەسەردا كردووە، لەگەڵ سروشتی ئەو دەسەڵاتە زۆرەی كە ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵ هەیەتی لەبەرامبەر دەسەڵاتێكی زۆر سنورداری هەرێمو پارێزگا نارێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا.
چوارەم: پێویست بوو یاساكە بنەمای قورسایی دەنگ لەخۆبگرێت لەناو ئەنجومەنی نەوتو غازی فیدراڵدا بەگوێرەی هەندێك پێوەر وەكو ئەوەی دوو دەنگ یان زیاتر بۆ ئەو پارێزگایانە هەبێت كە زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنن.
پێنجەم: ماددەی 8ی یاساكە دەڵێ:" وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بەهەماهەنگی لەگەڵ هەرێمو پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان، كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوتو گاز لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەدەبات) دەستی نەبردووە بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كێڵگە دۆزراوەكانو ئەوانەی پەرەیان پێ نەدراوە لەگەڵ قۆناغی دۆزینەوە.
شەشەم: یاساكە لە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی تایبەت بە پەرەپێدانی نەوتو غاز، رۆڵی گرنگی نەداوە بە هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنە ناڕێكخراوەكان لەچوارچێوەی هەرێمدا، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 112 دووەمی دەستوری عێراقە كە دەڵێ:" حكومەتی فیدراڵو حكومەتی هەرێمو پارێزگا وەبەرهێنەكان پێكەوە هەڵدەستن بە داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی پێویست بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوتو غاز بەجۆرێك گەورەترین سود بۆ گەلی عێراق بەدی بهێنێت، بە پشتبەستن بە نوێترین تەكنەلۆژیا، بنەماكانی بازاڕو هاندانی وەبەرهێنان".
حەوتەم: یاساكە هیچ ماددەیەك لەخۆناگرێت كە ئاماژە بە چۆنیەتی مامەڵەكردن بكات لەگەڵ پابەندییەكانی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان، بەتایبەتیش گرێبەستەكانی هاوبەشیكردن لە وەبەرهێنان كە بەر لە 15 ساڵ لەگەڵ كوردستاندا ئیمزا كراونو لە حاڵی سەرپێچیكردن لێیان، ئەم گرێبەستانە لەنێوان كۆمپانیا بیانییەكانو هەرێمدا دەكەونە بەردەم ناوبژیوانی گرانبەهای نێودەوڵەتییەوە.