چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتو قاچاخچێتی له دیداری ئهعرهجیدا
2023-09-05 07:32:38
(درەو):
لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ باسی "پاراستنی ئاسایشی سنور"ی كردووە، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیش پرسی "كۆنترۆڵی سنورەكانو رێگری لە قاچاخچێتی"، قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جارێكی تر سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، رێككەوتنی ئەمنیی نێوان عێراقو ئێران بۆ چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵات تەوەری سەرەكییە، ئێران رۆژی 19ی ئەم مانگەی وەكو دوا وادە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دیاری كردووە.
كوردستان لە رێككەوتنی ئەمنیی عێراقو ئێراندا
لیژنەی باڵای ئەمنیی تایبەت بە سنورەكان بەسەرۆكایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد.
لیژنەكە لە هەولێر سەردانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستانی كرد، لە سلێمانیش هەریەكە لە (بافڵ تاڵەبانی) سەرۆكی یەكێتییو قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمو سەرۆكی دەزگای زانیاریو سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم بینی.
نە وەزیری ناوخۆو نە سەرۆكی یەكێتیی لەبارەی دیدارەكەیانەوە لەگەڵ لیژنە ئەمنییەكەی عێراق هیچ ئاماژەیەكیان بۆ بابەتی چەككردنی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان نەكردووە، بەڵام راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشكرایكردووە سەردانەكەی بۆ هەرێمی كورستان تایبەتە بە پرسی ئاسایشی سنور.
رۆژی 19ی ئازاری ئەمساڵ عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی عێراق سەردانی بەغدادی كرد، لەگەڵ قاسم ئەعرەجیدا رێككەوتنی ئەمنیی پاراستنی سنورەكانی ئیمزا كرد، ئەم رێككەوتنە ناوی لێنراوە "كۆنوسی ئەمنیی"، ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە پاككردنەوەی سنوری هەرێمی كوردستانو ئێرانە لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەشێكی تری رێككەوتنەكە جەخت لەسەر چەككردنو گواستنەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات لەناو هەرێمی كوردستان.
رۆژی 29ی ئایاری ئەمساڵ، قاسم ئەعرەجی بە سەرۆكایەتی وەفدێك كە (رێبەری ئەحمەد)ی وەزیری ناوخۆی هەرێم لە پشكی پارتیو (هیوا ئەحمەد) سەرۆكی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم لە پشكی یەكێتیی تێدا بوو، چووە تارانو لەگەڵ (عەلی ئەكبەر ئەحمەدیان) كۆبووەوە، ئەحمەدیان ئەمساڵ لە شوێنی شەمخانی وەكو ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران دەستبەكاربووە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەكەی تاراندا، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دوو داواكاری خستوەتە بەردەم بەرپرسانی باڵای ئەمنیی عێراقو هەرێمی كوردستان:
• داواكاری یەكەم: هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان چەك بكرێنو لە دوو ئۆردوگای سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسنوری سلێمانیو هەولێر دابنرێن.
• داواكاری دووەم: یاخود یەكجاری ئەو حزبانە چەك بكرێنو لەناو خاكی هەرێمی كوردستانو عێراق بكرێنە دەرەوە.
بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنە ئەمنییەكە، لە ناوەڕاستی حوزەیرانی رابردوودا، وەفدێكی ئەمنیی ئێران سەردانی هەولێرو سلێمانی كرد، بەڵام دیدارو كۆبونەوەكانیان دوور لە چاوی كامێراو میدیاكان مایەوە.
كۆماری ئیسلامی ئێران رۆژی 19ی ئەم مانگەی وەكو دواین وادە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنیی خۆی لەگەڵ عێراق دیاریكردووە، بەرپرسانی عێراقی چەند رۆژی رابردوو رایانگەیاند، رێككەوتنە ئەمنییەكە بەتەواوەتی جێبەجێكراوەو حكومەتی هەرێم هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی چەككردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم خۆی لە هەر جۆرە لێدوانێك لەمبارەیەوە پاراستو بەرپرسانی هێزەكانی رۆژهەڵاتیش رەتیدەكەنەوە چەككرابن.
ئەوەی تائێستا زانراوە ئەوەیە، بەرپرسانی پارتیو یەكێتیی داوایان لە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كردووە پێشمەرگەكانیان لەناوچە سنورییەكان بكێشنەوە.
ئاسایشی سنورو رێگری لە قاچاخچێتی
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە نوسینگەی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكردوەتەوە، لە كۆبونەوەی قاسم ئەعرەجیو رێبەر ئەحمەددا باس لە بابەتی "پاراستنی ئاسایشی سنور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ" كراوە، لە كۆبونەوەشدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی "كۆنترۆڵی سنورەكانو رێگری لە قاچاخچێتی" گفتوگۆ كراوە.
هەرێمو نیگەرانییەكانی ئێران
لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو كە بەهۆی كوژرانی كچە كوردێكەوە بەناوی "ژینا ئەمینی" سەریهەڵدا، كۆماری ئیسلامی ئێران دەستیكرد بە بۆردومانكردنی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان، سەرباری ئەمە هەرێمی تۆمەتبار كرد بەوەی رێگەی داوە لە سنورەكانییەوە چەك بگوازرێتەوە بۆ خۆپیشاندەران لەناو خاكی ئێران، حكومەتی هەرێم لەكاتی خۆیدا ئەم تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام لەوكاتەوە ئێران فشارێكی تری بۆ كردنەدەرەوەی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەناو هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.
بەمدواییە كە یادگەی نیشتمانی بارزانی لە دهۆك كرایەوە، بەرپرسانی ئێرانی بەشێوەیەكی كتوپڕ مەراسیمەكەیان بەجێهێشت، ئەمە وەكو ناڕەزایەتییەك بوو دژی بانگهێشتكردنی سەركردەی حزبەكانی رۆژهەڵات بۆ ئەو مەراسیمە.
بەهۆی ئەم نیگەرانییەوە، چەند رۆژێك دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی عێراقی لە تاران بانگهێشتكردو ناڕەزایەتییەكەی پێگەیاند، دواتر ئاژانسی "میهر"ی ئێران ئاشكرایكرد، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی كونسوڵگەری ئێرانیان كردووە لە هەولێرو بەفەرمی داوای لێبوردنیان كردووە سەبارەت بە رووداوەكەی مەراسیمی كردنەوەی یادگەی بارزانی.
كۆماری ئیسلامی تەنیا لە بوونی هێزەكانی رۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێم نیگەران نییە، ناو بەناویش هەرێم تۆمەتبار دەكات بەوەی بووە بە "لانەی سیخوڕەكانی ئیسرائیل"، رۆژی 13ی ئازاری 2022، تۆپخانەكانی ئێران ماڵی (شێخ باز) بەڕێوەبەری كۆمپانیای (كار گروپ)یان لە هەولێر بۆردومان كردو رایانگەیاند، چەند بەرپرسێكی ئیسرائیلییان لەو شوێنەدا كردوەتە ئامانج.
موشەكبارانەكەی ماڵی شێخ باز، پەیوەندییەكانی بارزانیو ئێرانی ئاڵۆزتر كرد، بەڵام رۆژی 10ی نیسانی 2022، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە هەولێر چاویان بە وەفدێكی ئێرانی كەوت كە (حەسەن دانایی فەڕ) باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆكایەتیی دەكرد، میدیاكانی پارتی ئەم هەواڵەیان لەكاتی خۆیدا شاردەوە، بەڵام كونسوڵگەری ئێران لە هەولێر وێنەی دیدارەكانی بڵاوكردەوە.
ئەوكات ئێرانییەكان لە بارزانی نیگەران بوون، هۆكاری نیگەرانییەكەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە بارزانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر كردبوو، كۆماری ئیسلامی ئەمەی بە هەوڵدان بۆ تێكدانی ناو ماڵی شیعەی عێراق وێنا دەكرد، هەروەك لێكدانەوەیان بۆ هاوپەیمانێتییەكە ئەوە بوو گوایا پارتیو سوننەكان بەشێكن لە پرۆژەیەكی هەرێمی بۆ پەرتكردنی ناو ماڵی شیعە لە عێراقو ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئێران دروستدەكات، بەڵام بە كشانەوە سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئەم گرێیە كرایەوەو ئارامی بۆ پەیوەندییەكانی هەردوولا گەڕایەوە.
ئێستا پارتیو یەكێتیی هاوبەشن لە حكومەتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، كە ژمارەیەك لایەنی شیعەی نزیك لە ئێرانن، بەڵام بەم حاڵەشەوە هێشتا ئێران بەردەوامە لە فشارەكانی.
یەكێتیش كە بە دۆستێكی نەریتیی ئێران لە ناوچەكە ئەژماردەكرێت، بۆ یەكەمجار لە یاسای بودجەی 2023ی عێراقدا بە پاڵپشتی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی توانی بڕگەیەك جێگیر بكات كە مافی ئەوەی پێدەدات وەكو دەسەڵاتداری سنوری سلێمانی مامەڵەی راستەوخۆی دارایی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا بكات، ئەگەر هاتوو ناڕازیی بوو لە شێوازی دابەشكردنی دادپەروەرانەی داهات لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كە ئێستا پارتی سەرۆكایەتیی دەكات.