"كۆمپانیاكان پێیان وتین ناتوانین بە 6 دۆلار نەوت بەرهەمبهێنین"
2023-09-04 12:56:09
(درەو):
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم بە وەكالەت دەڵێ ئێمە بۆ بەرهەمهێنانو گواستنەوەی یەم بەرمیل نەوت پێویستمان بە 31 دۆلارە، وەزارەتی نەوتی عێراق 6 دۆلاری بۆ تەرخانكردوین، بۆیە كۆمپانیاكانی نەوت پێیان وتوین ئێمە ناتوانین بەو پارەیە نەوت بەرهەم بهێنین.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان بەوەكالەت ئەمڕۆ لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم بەشداری كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كرد.
لە كۆنگرەكەدا، كەمال محەمەد رایگەیاند، بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس لە پێنج تانە پێكهاتووە كە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم تۆماركراوە، خۆشەبەختانە چوار دۆسیەی لەبەرژەوەندی هەرێم شكاوەتەوە كە برتین لە دۆسیەكانی (ئیدارەدان- بەرهەمهێنان- گواستنەوە- عەمباركردن)و دادگاكە لەم بوارانەدا مافی بە هەرێم داوە، بەڵام لە بابەتی (فرۆشتنی نەوت)دا حەقی بە هەرێم نەداو دەبێت لەڕێگەی كۆمپانیای "سۆموە" بێت.
وەزیری بەوەكالەت ئاماژەی بەوەكرد" لە 25ی ئازارەوە هەناردەی نەوتی هەرێم راگیراوە، بەڵام تاوەكو بەر لە راگرتنی هەناردە، بە داهاتی نەوت شایستەی كۆمپانیاكانو مانگانەش موچە دابین كراوە".
"راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەبەرژەوەندی عێراقدا نییە، چونكە راگرتنی 400 هەزار بەرمیل ئەگەر بۆ هەر بەرمیلێكیش (70 دۆلار) ئەژمار بكەین، واتا مانگانە (850 ملیۆن) دۆلار زیان لە داهاتی عێراق دەكەوێت" كەمال محەمەد وای وت.
وەزیری ئاسمانە سروشتییەكان هەرێم ئاشكرایكرد" لە 25ی حوزەیران وەزارەتی نەوتی عێراق داوایكردووە ئێمە لە 50 هەزارەوە دەستپێبكەین تا 140 هەزار بەرمیل رادەستبكەین، ئێمە لە 25ی حوزەیراندا ئەو نەوتەمان رادەستی پاڵاوگەی (كار) كرد كە بۆ عێراق كار دەكات، ئێستا رۆژانە بە تێكڕا (85 هەزار) بەرمیل نەوت بە عێراق دەدەین، بەڵام لەوكاتەوە یەك دینارو یەك دۆلار بۆ بەرهەمهێنان خەرج نەكراوە، ئەمەش بەبەهانەی ئەوەی دەڵێن بۆ كرێی بەرهەمهێنانو گواستنەوە هەر بەرمیلێك 6 دۆلار حساب دەكەین".
لەبارەی ناكۆكییەكان سەبارەت بە نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەنێوان هەرێمو بەغداد، ئاماژەی بەوەكرد" گرێبەستەكانی ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان جیاوازە لە گرێبەستەكانی عێراق، چونكە عێراق كۆمپانیای نیشتمانی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە لەرێگەی كۆمپانیاوە دەیكەین. لە 24ی ئابدا لەگەڵ كۆمپانیاكان كۆبوینەوە كە نرخی دیاریكراو بۆ بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بە (6 دۆلار) دیاریكراوەو ئەوە لە بودجەدا پەسەندكراوە، كۆمپانیاكان هەموویان بە فەرمی وەڵامی ئێمەیان دایەوەو وتیان ئێمە ناتوانین بەو (6 دۆلار) بەردەوام بین لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت".
وەزیری سامانە سروشتییەكان داوای لە وەزارەتی نەوتو حكومەتی عێراق كرد پێداوچوونەوەیەك بە بابەتی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەدا بكەن، بۆ ئەمەش نمونەی بەوە هێنایەوە كە "لە عێراق چەندین كێڵگە هەن تێچووی بەرهەمهێنانیان تێیاندا زیاتر لە 30 دۆلارە".
لەبارەی نرخی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت بە تێكڕا لە هەرێمی كوردستان، ئاشكرایكرد" ئێمە بۆ وەبەرهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت پێویستمان بە 24 دۆلارەو بۆ گواستنەوەش پێویستمان بە (7 دۆلار)ە، واتا تێكڕای خەرجی بەرهەمهێنانو گواستنەوەی نەوت لە هەرێم (31 دۆلار)ەو بەو (6 دۆلار)ەی دیاریكراوە كۆمپانیاكانی هەرێم ناتوانن نەوت بەرهەم بهێنن".