"بارەگاكەی پارتی لە كەركوك موڵكی وەزارەتی داراییە"
2023-09-03 14:44:44
(درەو):
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بە فەرمانێكی سالاری رادەستكردنی پارەگای ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكی بە پارتی دیموكراتی كوردستان راگرت، تا ئەوكاتەی سكاڵایەك یەكلادەكرێتەوە كە سەرۆك هۆزی عوبێد تۆماریكردووەو تێیدا دەڵێ بارەگاكە موڵكی وەزارەتی دارایی عێراقە.
وەسفی عاسی حسێن میری هۆزی عوبێد لە كەركوك، لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سكاڵای یاسایی تۆمار كرد، لەسەر بنەمای ئەم سكاڵایە بوو، دادگای فیدراڵی فەرمانێكی سالاری دەركردو بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی راگرت، بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاكەی كەركوك لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە.
وەسفی عاسی سكاڵاكەی لەدژی هەریەكە لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی تۆماركردووە.
لە سكاڵاكەیدا داوا لە دادگای فیدراڵی دەكات، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق پابەند بكات بەوەی بڕیارەكەی رۆژی 25ی مانگی رابردووی هەڵبوەشێنێتەوە، بڕیارێك كە تێیدا محەمەد شیاع سودانی داوای لە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە كەركوك كردووە لە رۆژی 1ی ئەیلولەوە بارەگاكەیان چۆڵ بكەنو بچن بۆ شوێنێكی ترو بارەگاكە رادەستی پارتی بكرێتەوە.
سەرۆك هۆزی عوبێد باسلەوە دەكات، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر دەستی بەسەر ئەو زەوییەدا گرتووەو بەشێوەیەكی نایاسایی بارەگای پارتی لەسەر دروستكردووە، چونكە بەگوێرەی تۆماری خانوبەرەی ژمارە (13/11 كەرتی 9 كوركە- موڵكی سرف) ئەم زەوییە خاوەندارێتییەكەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دەگەڕێتەوەو دوای پرۆسەی ئازادكردنی كەركوك لەلایەن ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكەوە دەست بەسەر زەوییەكەدا گیراوە وەكو هێزێكی فیدراڵی.
عاسی وەسفی لە سكاڵاكەیدا پەنای بۆ بڕگەی (13)ی بەرنامەی حكومەتی عێراق بردووە، كە تێیدا ئاماژە بەوەكراوە هەموو حزبە كوردستانییەكانو ئەوانی تریش بۆیان هەیە چالاكی سیاسی دەستوری خۆیان لە نەینەواو كەركوكو دیالەو سەلاحەدین بكەنو دەبێت هەموو بارەگاكانیان كە داگیركراوە، چۆڵ بكرێت، بەڵام دەڵێ رادەستكردنی ئەو بارەگایە بە پارتی پێچەوانەی یاسای ژمارە (36)ی ساڵی 2015ی پارتە سیاسییەكانە كە دەڵێ:" ناونیشانی بارەگای سەرەكی حزبو لقەكانی دیاری بكرێتو نابێت هیچ یەكێك لەو بارەگایانە لەناو شوێنی خوداپەرەستی یان دامەزراوەیەكی گشتیو ئاینیو فێركاریو سەندیكاییو سەرباری یاخود دادوەریدا بێت".
پارتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017وە بارەگاكانی لە كەركوك كشاندەوەو رایگەیاند" كەركوك داگیركراوە"، بەڵام ئێستا كە ناوچە جێناكۆكەكان لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندان، پارتی بڕیاریداوە بگەڕێتەوە.
بەر لە جێبەجێكردنی بڕیاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ بارەگاكەی لە كەركوك، چەند رۆژی رابردوو هاوڵاتیانی عەرەبی كەركوك خۆپیشاندانیان سازكردو دژی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك، رێگای كەركوك- هەولێریان داخست.
دوێنێ ژمارەیەك هاوڵاتی كورد دژی داخستنی رێگاكە خۆپیشاندانیان كرد، ئەمە بەریەككەوتنی لێكەوتەوەو هێزە ئەمنییەكان تەقەیان كرد، بەهۆیەوە 4 هاوڵاتی كورد كوژرانو 15ی تر برینداربوون.
دهقی فهرمانهكهی دادگا. كلیك بكه