راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی یەكەم كەرتی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستاندا بەدەست چەندین قەیرانەوە دەناڵێنێت و هەتائێستاش كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكان، وەك پێویست ئاوڕیان لەم كەرتە بایەخدارە نەداوەتەوە كە لە زۆربەی وڵاتە پێشكەت ووەكانی جیهاندا ئەو بودجەیەی بۆ كەرتی پەروەردەو فێركردن دابیندەكرێت، ئەگەر زیاتر نەبێت لە بودجەی كە بۆ وەزارەتی بەرگری و كەرتی سەربازیی تەرخاندەكرێت كەمتر نییە. بەگوێرەی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، هەروەها لە 60%ی قوتابخانەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، هاوكات ( 1785 ) قوتابخانە دوودەوامەو ( 134 ) قوتابخانە سێ دەوامیەو ( 5 ) قوتابخانە چوار دەوامیەو ( 194 ) قوتابخانە لە بینای كرێدان. ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە نوێترین كاریدا بەپشت بەستن بە ئاماری فەرمی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان راپۆرتێكی وردو فراوانی لەسەر كەرتی پەروەردە و ئەو كێشە و قەیرانانەی كە رووبەڕووی بوونەتەوە ئامادەكردووە. ژینگەی خوێندنگەكان ژینگەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا ژینگەیەكی نالەبارە و گونجاو نیە بۆ خوێندن و لەگەڵا سیستمی تازەی خوێندندا یەكناگرێتەوە ژمارەیەكی بەرچاوی بینای قوتابخانەكان كۆن و داڕزیون و بەكەڵكی خوێندن نایەن و تەنانەت هەندێكیان مەترسی روخانیان لێدەكرێت. لە ساڵانی رابردوودا ئەمە روویداو خوێندكارو مامۆستا كەوتنە ژێر دارو پەردووی ئەم بینا داڕزیوانە و خوێندكارێكیش گیانی لەدەستدا، كە ئەمەش نەنگییە بۆ حكومەتی هەرێم تا ئێستاش مناڵانی كوردستان لەم جۆرە قوتابخانانەدا وانە بخوێنن. خوێندن لەم ژینگەیەدا وەك پێویست و تەندروست نابێت. ئەگەر بەراوردێكی رەوشی قوتابخانەكان بكرێت دەبینین: هەندێك لەو بینایانەشی تازە دروستدەكرێن بەهۆی چاودێرینەكردنیانەوە یان گەندەڵیەوە هۆڵێكی هونەری و یاریگەیەكی وەرزشی گونجاوی تێدا نییە، هەروەها بەهۆی چاودێری نەكردنی بەڕێوەبەرەكانەوە كە زۆرجار هۆڵی كۆمپیوتەرو و هۆڵی تاقیگەو ژوری كتێبخانە دەكەن بە كۆگا، یان بەبیانوی نەبوونی جێگاوە دەیكەن بە پۆل. جیا لەخراپی ژینگەی خوێندن و بینای قوتابخانەكان، گرفتی گەورەش لەشوێنی قوتابخانەو دەستنیشانكردنی شوێنەكەیەتی، كە لە دروستكردنی بینای قوتابخانەدا رەچاوی لایەنی زانستی و پەروەردەیی ناكرێت، دەیان قوتابخانە لەنێو بازاڕو نزیك بازاڕو سەر شەقامی گشتی و شوێنی جەنجاڵن، ژاوەژاوو دەنگی جاڕسكەر ژینگەی فێربوونی شێواندووە، لەكاتێكدا دەبێت قوتابخانەكان لەشوێنی دوور لەقەرەباڵغی و هێمن و كەشێكی لەباردابن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە قوتابخانەكان چەندە نەشیاون بۆ خوێندن و چەندیان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە: ئەوەی لەم خشتەیەدا تێبینی دەكرێت، زیاد لە نیوەی قوتابخانەكانی هەرێم پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، لە هەندێك قوتابخانەدا مەترسی رووخان هەیە، قوتابخانە هەیە هەر كە باران دەبارێت پۆلەكانی دڵۆپە دەكەن و ئاویان تێدەچێت. پەنابردن بۆ خێرخوازان بە هۆی قەیرانی داراییەوە، حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە بینای نوێی قوتابخانە دروست بكات، وەزارەتی پەروەردە بە كۆمەك و هاوكاریی خێرخوازان لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەندێك لە قوتابخانەكانی نۆژەن كردووەتەوە. وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: ئاگاداری هەموو كێشە و كەموكورتییەكانی خوێندنگەكانن، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر قوتابخانانە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بەڵام قەیرانی دارایی ڕێگەی نەداوە كاریان تێدا بكرێت و نۆژەن بكرێنەوەو هەڵمەتی نیشتیمانیی خوێندنگاكانیان ڕاگەیاندووە، لە ڕێگەی ڕێكخراو و خێرخێوازان و كونسوڵخاكانەوە توانیویانە 1000 خوێندنگە نۆژەن بكەنەوە. لەو قوتابخانانەی نۆژەنكراونەتەوە، ساڵی 2017 بۆ 2018 لە پارێزگای هەولێر لەلایەن كەسانی سەرمایەدار و دەستڕۆیشتوو، توانرا 159 قوتابخانە دوای وەستانی پڕۆژەكان بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە، نۆژەن بكرێنەوە. زۆرن ئەو قوتابخانانەی مەترسی داڕمانیان لێدەكرێت و رۆژانە باسی میدیاكانن، لە هەریەك لە شارەكانی هەولێر و دهۆك و سلێمانی و هەڵەبجەو رانیەو قەلادزێ و...هتد بەرچاو دەكەون. پێویستیان بە نۆژەكردنەوە هەیە، هەموو ئەو قوتابخانانەش كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت، ناویان لە لیستی وەزارەتی پەروەردەدا هەیە ، كە مەترسی رووخانیان لێدەكرێت كەچی هێشتا وەزارەت بۆ نۆژەنكردنەوەیان هەنگاوی نەناوە. بۆ نمونە لە مانگی تشرینی دووەمی 2018 بەهۆی كۆنی بیناكەیەوە لەكاتی دەوامی ئاساییدا بەشێك لە سەقفی خوێندنگایەكی سەرەتایی لە شاری سلێمانی داڕما و زیانی ماددی لێكەوتەوە. هەرچەندە رووداوەكە تەنها زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە و خوێندكارێكیش بە سووكی بریندار بووە. كێشەی فرە دەوامی لە خوێندنگەكاندا بە پێی سیستمی نوێی خوێندن پێویستە هەر بینایەك یەك قوتابخانەی تیادابێت بۆئەوەی كاتی دەوامی پێویست دابین بكرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لە قوتابخانەكان چەند دەوامێكیان تیادا دەكرێت،هەرگیز لەگەڵا سیستمەكەدا یەكناگرێتەوە و سیستمەكە جێبەجێ ناكرێت. بەگوێرەی ئەو خشتەیە تائێستاش (1785) قوتابخانە دوو دەوامیان تێدا دەكرێت و (134) سێ دەوام و (5) قوتابخانەش چوار دەوامیان تێدا دەكرێت و ئەگەر قوتابخانەیەك ئەوەندە دەوامەی تیادابێت چۆن سیستمی خوێندنی تیایدا جێبەجێ دەكرێت و پرۆسەی پەروەردەو خوێندن تیایاندا تەندروست دەبێت؟ چۆن لەگەڵ ئەو سیستمەدا یەك دەگرێتەوە كە حكومەتی هەرێم بانگەشەی بۆ دەكات و دەیەوێت لە ناوەندەكانی خوێندندا جێبەجێی بكات. كەمی كاتی خوێندن سەبارەت بە دەوامی قوتابخانەكانیش بەهەمان شێوە بەسەر چوار كاتدا دابەش كراوەو ئەوەی تێبینی دەكرێت بەشێك لە قوتابخانەكان قوتابخانە لە بینای كرێدا: بە پێی ئامارەكانی خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمدا (452) قوتابخانەیە لە بینای كرێدان، واتە ناوچەكە بینای قوتابخانەی لێ نیەو بینایەك بە كرێ گیراوە بۆیان، بێگومان ئەو بینایەی بە كرێش گیراوە هیچ مەرجێكی قوتابخانە و شوێنی خوێندنی تیادا نیە، چونكە لە بنچینەدا بیناكە بۆ قوتابخانە دروستنەكراوە. بێگومان لەو كاتەشدا ئەو خوێندكارانەی لەو قەتابخانەیەدا دەخوێنن نە سیستمیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت و نە مامۆستاكانیش دەتوانن وەك پێویست وانەكان بلێنەوەو نە وەك پێویستیش سەركەوتوو دەبن. قوتابخانەی میوان: بە پێی دوا ئاماری وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2017-2018 ژمارەی (1395) قوتابخانە لە هەرێمی كردستاندا میوانن، واتە قوتابخانەیە بەڵام بینای تایبەتی خۆیان نیە و لە بینای قوتابخانەیەكی تر یا فەرمانگەیەكی تردان، ئەمەش گرفتێكەو ئەگەر چارەسەر نەكرێت هەم ئەم قوتابخانەیە و هەم قوتابخانەی خاوەن بیناكە یا فەرمانگەكە توشی گرفت دەبن و كێشەیان بۆ دروست دەبێت. قوتابخانەی لە گڵ (قوڕ) دروستكراو: بە پێی ئاماری خودی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی كوردستاندا لەم سەدەی بیست و یەكەدا، دوای (27) ساڵا لە حكومڕانیەتی خۆماڵی، (30) قوتابخانە بیناكانیان لە گڵ و قوڕ دروستكراون، كە ئەمەش لە وەرزی زستاندا هەندێكیان دڵۆپە دەكەن و مەترسی روخانیان لێدەكرێت و هیچ مەرجێكی خوێندنیان تیادا نیە. لەم خشتەیەدا ئاماری پێنج ساڵی رابردووی ئەو قوتابخانانەی بیناكانیان لە گڵ دروستكراون دەردەكەوێت: جیاوازی نێوان قوتابخانەی گوند و شارەكان جیاوازی زۆر لەنێوان قوتابخانەی لادێكان و شارەكاندا هەیە، هەر لە ژمارەی مامۆستا و پێداویستیەكانی ترەوە و قوتابخانەی گوندەكان وەك شارەكان سەیری نەكراوە و بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتگوێ خراون. لە كاتێكدا لە گوندەكاندا (2810) قوتابخانە هەیە. گوندی بێ قوتابخانە بە پێی ئاماری وەزارەتی پەروەردە ساڵی خوێندنی 2013-2014 لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی (600) گوند بێ قوتابخانەن, ئەمەش دەبێتە مایەی دابڕانی مناڵانی ئەو گوندانە لە خوێندن. كەچی ئێستا ژمارەی ئەو گوندانەی بێ قوتابخانەن زۆر زیاتر بووە چونكە لە بەشێكی زۆری گوندەكاندا قوتابخانەكان داخران بە بیانووی ئەوەی كە منداڵانی چەند گوندێك لە قوتابخانەی یەك گونددا كۆبكرێنەوە، بە پاساوی ئەوەی كوالیتی باشتر دەبێت و تێچوشی كەمتر، بەمەرجێك هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ منداڵەكان دابین بكرێت، بەڵام قوتابخانەكانیش داخران و پێداویستیەكانیشیان كە بەڵێنیان پێدرابوون جێبەجێنەكرا، هەر بۆیە ژمارەی قوتابخانەكان لە گوندەكاندا بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمتر بووەتەوە، ئەگەر سەیری ئاماری پێنج ساڵی رابردوو بكەین بۆمان روون دەبێتەوە: خراپی مێز و رەحلە: بەشێكی زۆر لە مێز و كورسی و رەحلەی قوتابخانەكان كۆن بوون یا شكاون یا بەكەڵكی بەكارهێنان و دانیشتنی منداڵان نایەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژینگەی خوێندن. لەم خشتەیەدا دەردەكەوێت كە چەند كورسی و مێزی منداڵان لە قوتابخانەكاندا هەیەو چەندیان باشن و چەندیشیان خراپن و بۆ بەكارهێنان ناشێن: بەپێی ئەم داتایانە لەسەردەمی كابینەی هەشتەمدا مێز و رەحلەو كورسیەكانی خوێندكاران زۆرینەیان شكاون و خراپ بوون و چاكیش نەكراونەتەوە، كە ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونی منداڵان دەبێت كە ئاسودە نەبێت لە شوێنی دانیشتنەكەی لەكاتی وانە خوێندندا.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی دێتە هەرێمی كوردستان، یەكشەمە مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆدەبنەوە، ئەگەری رێككەوتن لە ئەگەری رێكنەكەوتن بەهێزترە. سبەینێ مەكتەبی پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆدەبنەوە.ئەم كۆبونەوەیە یەكلاكەرەوە دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان پارتیو یەكێتی، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو هەردوو حزب دەستیكەوتووە، پارتیو یەكێتی لەم كۆبونەوەیەدا رێكدەكەون. تەنیا ئومێدی یەكێتی، ئەو نامەیەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردو تێدا نوسیویەتی:" با مەكتەبی سیاسی هەردوولا كۆببنەوە، چارەسەری كێشەكان لە بەرژەوەندی یەكێتی كۆتایی دێت". دواین هەڵوێستی یەكێتی بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە، زۆرینەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی یەكێتی سورن لەسەر ئەوەی یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وەرنەگرێتو لەبەرامبەردا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو دوو پۆستی وزاری باڵای پێبدرێت. بەڵام هاوكات لەبەرامبەردا بۆچونێكیش هەیە، كە داوا دەكات یەكێتی بەو پۆستانە قایل بێت كە لە حكومەتی هەرێم بۆی دانراوە، ئەمە لەبەرامبەر چارەسەركردنی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. ئەگەر بۆچوونی یەكەم (یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت) سەركەوێت، تائێستا دیار نییە پارتی بە چ جۆرێك كێشەكە چارەسەر دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم كە ئێستا یەكێتی داوای دەكات، پێشترو لەچوارچێوەی رێككەوتنی پارتیو بزوتنەوەی گۆڕاندا، بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە. پێشبینییەكان بۆ ئەوەدەچن، بۆ قایلكردنی یەكێتی، پارتی پۆستی جێگری دووەم بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام نازانرێت ئاخۆ نێچیرڤان بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم قایل دەبێت بەوەی پۆستەكەی دوو جێگری هەبێت. ئەگەر یەكێتیو پارتی لەسەر زیادكردنی جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نەگەنە رێككەوتن، ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارتی لەگەڵ یەكێتی دەستبەرداری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم دەبێت بۆ یەكێتی ؟ ئایا ئەگەر یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرنەگرت، پارتی ئامادەیە لە بری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم، پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان بە بزوتنەوەی گۆڕان بدات ؟ رەنگە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا وەڵامی ئەم پرسیارانە روون ببێتەوە. ئەگەرەكانی رێككەوتن بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو میدیا)، لەبەر چەند هۆكارێك ئەگەری زۆرە یەكشەممە پارتیو یەكێتی لەسەر هێڵە گشتییەكان رێككەون، بەتایبەتیش لەكاتێكدا بارزانی لە پەیامەكەیدا بۆ یەكێتی ئاماژەی بە ئەگەری رێككەوتن كردووە. گرنگترین پاڵنەر بۆ رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی دەتوانرێت لەم خاڵانەدا كورتبكرێتەوە: • یەكێتی دوای ئەوە لەسەرەتاوە مقاوەمەتی كرد، بەڵام هەنگاوەكانی ئەمدواییەی پارتی لەناو پەرلەمانەوە ئەو پەیامەی پێدا، ئەگەر نەچێتە پێشەوە، لە پرۆسەكە دوادەكەوێتو كارتی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیشی لەدەستدا دەسوتێ. • مەسعود بارزانی نایەوێت مەسرور بارزانی كوڕی كە سەرۆكی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم، ناوچەی دەسەڵاتی تەنیا لە زۆنی زەرددا بێتو فەرمانەكانی نەگاتە زۆنی سەوز. • زۆربەی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان كە هەناردەی دەرەوە دەكرێت لە ناوچەی قەڵەمڕەویی پارتیدایە، بەڵام غازی سروشتی كە پارتی رێككەوتنی دوو ساڵەی كردووە بۆ فرۆشتنی هەموو لە ناوچەی قەڵەمڕەویی یەكێتیدایە، ئەو غازە سروشتییە سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی كارەبایە لە هەموو هەرێمی كوردستان، لەم بوارەدا پەراوێزخستنی یەكێتی، زیان بە بەرژەوەندییەكانی پارتی دەگەیەنێت، رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی پارتی هەندێ لە خواستە سیاسییەكانی یەكێتی قبوڵ بكات. • ئەمریكاو ئێران كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەكو دوو هێزی نەیاری یەكتر تەماشایان دەكرێت، بەڵام لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا هەردوولا هاوڕانو نایانەوێت لەم كاتەدا پشێوی سیاسی لەهەرێمی كوردستان دروست ببێت، ئەمەش پاڵنەرێكی ترە بۆ ئەوەی پارتیو یەكێتی بگەنە رێككەوتن. ئێرانییەكان دێنە ناوەوە سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بڕیارە لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بەرپرسێكی باڵای ئێران بێتە هەرێمی كوردستانو لەگەڵ پارتیو یەكێتی كۆببێتەوە بەمەبەستی بەلاداخستنی كێشەكانیان. پێشبینی دەكرێت بەر لە هاتنەناوەوەی بەرپرسە باڵاكەی ئێران، مەسعود بارزانی كێشەكان لەگەڵ یەكێتیدا بەلادا بخاتو دواتر لەگەڵ ئێرانییەكان كۆببێتەوەو ئەو هەنگاوە وەكو دەستپێشخەرییەكی سیاسی بخاتە بەردەم ئێرانییەكان.
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم یهكێتیی له رێككهوتنه سێ خاڵیهكهی 5ی شوبات، لهگهڵ پارتی لهسهر ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان و دانانی پارێزگاری كهركووك لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت، توانی سهركهوتوو بێت، بهڵام یەکێتی لەبری ئەوەی لە کارتی ژمارە یەکەوە دەست بە دروستکردنی فشار بکات بۆ سەر پارتی، تا داواكارییهكانی جێبەجێبكات، راستەوخۆ دەستی برد بۆ کۆتا کارت و ئهو كارتانهشی به دهستیهوه بوو سووتاندی. ئهو یاریهی یهكێتیی كه له ڕۆژی 18ی شوبات لهگهڵ پارتی ئهنجامیدا، دهتوانین بڵێین زۆر نەزانانهو نەشارەزایانهو مناڵابوو؛ کاتێك بەشداریی دانیشتنی پەرلەمانی نەکردو سەرۆکی پەرلەمانی وەرنەگرت، چونکە لەلایەك یەکێتی به تەنھا مایەوە، به پێچەوانەیی ٢٣ حوزەیرانی 2015، چونكه ئهمجاره ھەموو ھێزەکانی دیكه چونەوە بەرەی پارتی و بەبێ یەکێتی پرۆسەکە جێبهجێكرا. یەکێتی خۆی لەگەڵ پارتی له 5ی شوباتدا، کاتی کۆ بوونەوەیی پەرلەمانی دیاریکرد، بهههر ڕێگهو هۆكارێك بێت پارتی بههۆی باشتر ئهنجامدانی یاریهكه لهگهڵ چهند لایهنێكی دیكه توانی لهم پڕۆسهیه سهركهتووبێت، ئهوهی ویستی بهدهستیهێنا، لهبهرامبهردا یەکێتی جێماو زۆربهی كارته بههێزهكانی له دهستدا، جگە لەوە پارتی ناچار کرد پۆستی زیاتر بە گۆران بدات و نەیارەکەیی یەکێتی لە زۆنی سەوز بە ھێز بکات. ئەو دەھۆڵەشی بۆ چوونی گۆران بۆ حکومەت دەیکوتن پارە ناکات، چونکە لە ئەنجامدا، کە یەکێتی بەشدار بوو له حكومهت رەخنەکانی پووچ دەبێتەوە ( كه بهشداردهبێت)، جگە لەوەش مەترسی دوو ئیدارەیی لەلایی یەکێتی کە جار جار وەك کارتێ باسیان دەکرد، پووچەڵ بۆتهوه، لە روویی دیموکراسی و ئاستی نێودەوڵەتیش ھەڵوێستیان لاواز بووه. یەکێتی به نهچوونی بۆ پهرلهمان چی دەست کەوت ؟ یەکێتی کاتێك دەڵێ داواکانمان جێ بەجێنەبێت بەشداری حكومهت ناکەین ، ئەم قسەیە لە بنەمادا پووچەڵەو بیركردنهوهیهكی دووربیانه نییه، چونکە یەکێتی لە لایەك لە بەشداریكردنی حكومهت بەردەوامەو قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکان لە کاری خۆیان نهكهوتوون، لە لایەکی دیكهوه یەکێتی ئەو شەڕەی ئێستا لە دەرەوەی پەرلەمان بە داواكردن و نامە گۆڕینهوه لهگهڵ لە پارتی دەیکات و چاوهڕێی ئهوهیه پارتی موراعاتی بكات، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئەیتوانی بیکات، کارتی شەرعیەت نەدانیش بە حکومەتی نوێ و پەرلەمان تا كۆتایی لە دەست خۆیدا بوایە. ئەمە چۆن بە دی دەھات؟ ئەگەر یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەکەی پهرلهمانی بکردبایە، سەرۆکی وەرگرتبایە، ئەوا جگه لهوهی خواستێكی یەکێتی ( ئهگهر به ناچاریش بێت)، کە وەرگرتنی سەرۆکی پەرلەمان بوو دەھاتە دی، ئهوهی پارتیش دهمایهوه، چۆن ؟ چونكه دوای دانانی سهرۆكی پهرلهمان له لایهن یهكێتیی، پارتی پێویستی بە سەرۆکی پەرلەمان بوو دانیشتنێك رێكبخات، بۆ ھەڵبژاردنی لیژنەیی یاسایی، دواتر دانیشتنێك بۆ خوێندنەوەی یەکەمی یاسایی سەرۆکایەتی ههرێم ، دواتر دانیشتنێك بۆ پەسندكردنی یاساکە، دواتریش ئیمزاکردنی یاساکە لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان بوو، دواتر دانیشتنیش بۆمتمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم ههر له دهستی یهكێتیی دادهبوو، دواترو دواتریش دیسانهوه دوو دانیشتنی دیكهی پهرلهمانیش بۆ ڕاسپاسدنی سەرۆکی حکومەت و متمانەدان بە حکومەت ههر له دهست ئهواندابوو. هاوكات لهگهڵ ئهم ههنگاوانهی سهرهوه، بە گوێرەی رێکكەوتنی یەکێتی و پارتی له 5ی شوبات وا قسهكرابوو، پرسی دانانی پارێزگایی کەرکوک لە ماوەی پێکھێنانی حکومەت دەبێت (نەك لە دوایی تەواو بوونی پێکھێنانی حکومەت)، کە یەکێتی ئەیتوانی لە ھەر قۆناغێك لەم قۆناغانانهی سەرەوە، بهر له متمانەدان بە سەرۆکی ھەرێم داواکاریەکانی خۆی جێبهجێبكردبووایه، له لایهكی دیكهوه ئهگهر لهماوهی ئهو قۆناعهدا: پارتی خواستەکانی یەکێتی جێبەجێنەکردبوایە، ئەوا ئەوکات پارتی ههر سهری له بن دهستی یهكێـتیی دهبوو، چونكه یەکێتی ئەیتوانی به دهسهڵاتی سهرۆكی پهرلهمان دانیشتنی پهرلهمان نهكات و كێشهی تێبخات، کە ئەمەش وای له پارتی دهكرد، هیچ كارتێكی بهدهستهوه نهبێت، پارتیشی ناچاردەکرد یان چۆك دابدات، یان ئهوكات باشترین و ناچارترین كارتی پارتی ئهوهبووه: ھاوشێوەیی یوسف محمدی گۆڕان، پارتی رێگریی لە سەرۆکی پەرلەمان بکردبووایە، تاوهكو نەیەتەوە ھەولێر، چونکە ڕاستە پارتی زۆرینە لە سەرۆکایەتی و پەرلەمان، بهڵام لهڕووی یاسایهوه تا سەرۆك ئامادەیی ھەبێت جێگر ناتوانێت دانیشتنی پهرلهمان بەڕێوە ببات، جگهلهوهش یهكێتیی كارتێكی دیكهی ههبوو، كه ئهوكات دهیتوانی سەرۆکی پەرلەمان بکشێنێتەوەو ئەوسا بھاتبوایە ئەم قۆناغەیی ئێستاو بیووتبایه تا خواستەکانم جێبەجێ نەبێت بەشدار نابم، کە لە ھەردوو ئەگەردا ئهو یاریهو فشارهی بۆسهر یهكێتیی ئێستا دروستبووه، به ئاڕاستهیهكی دیكه بۆ سهر پارتی پێچەوانە دەبۆوە. بەھۆی خۆپەرستی سەرکردەکانی یەکێتی و نەبوونی یهك بڕیاری و كورتبینی سهركردهكانی، له ئێستادا ھەڵوێست وەرگرتنی یەکێتیان لاواز کردووهو، پارتیان بەھێز کردوو، ھێزەکانی تریشیان باشترو باشتر کردە پاشکۆیی پارتی؟! ئێستاش ھەر درەنگ نەبووەو یەکێتی دەتوانێ دەست بەم یاریە بکات، رۆڵ بۆ خۆیی بگێڕێتەوە، نەک وەك ئێستا رۆڵی پێبدەن، بۆئهمهش له دانیشتنی چهند كاتژمێری داهاتوودا، ئهم حزبه دهتوانێت شێوازی گفتووگۆو یارییهكان به ئاراستهی خۆی ببات، بهڕهچاوكردنی ئهو شتانهی لهسهرهوه باسكران. چونکە پارتی دوو ھەنگاویی یەکەمی ناوە، جارێ وەك موراعات ھەنگاوەکانی تری ڕاگرتووەو چهند ڕۆژێكی دیكهی كهمیش چاوهڕێدهكات، ئهم وهستان و چاوهڕێكردنهش لە بەرامبەر کارتی فشاریی یەکێتی نییه. ئێستا كۆسرهت ڕهسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یهكێتیی له بهغدا گهڕاوهتهوه به میدیاكانی یهكێتیی ڕاگهیاندووه: لهم ههفتهیهدا لهگهڵ پارتی ڕێكدهكهون ( ڕۆژی یهكشهممه له بارهگای مهكتهبی سیاسی یهكێتی له ههولێر كۆدهبنهوه )، ئهمهش بهڵگهیه بۆئهوهی، كه تهواوی ئهو پلانان و كارتانهی، كه له لایهن ههندێك له ئهندامانی مهكتهبی سیاسی و سهركردایهتی ئهو حزبه باسدهكران قسهی بۆش بوون، نهیانتوانی وهكو پێویست یاریهكه له بهرژهوهندی خۆیان ئهنجامبدهن.
(درەو میدیا): رۆژانە لە كەركوكەوە (370 هەزار) بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، لەم رێژەیە (200 هەزار) بەرمیلی رۆژانە دەچێتە ژێر كۆنترۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو بەشێك لە داهاتەكەی بۆ پارتی دەچێت. ئەمە لەكاتێكدایە پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای رووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر)ەوە كەركوكی چۆڵكردووەو وەكو شارێكی "داگیركراو" ناوی دەبات. بەرپرسێك لە كۆمیانیای نەوتی باكور بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێستا رۆژانە لە سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە 350 بۆ 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت". بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، ئەو نەوتەی كە رۆژانە لە كەركوك بەرهەمدەهێنرێت، بەمشێوەیە دابەشدەبێت: • رۆژانە (100 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی بۆ پاڵاوگەی نەوتی (كەڵەك)ی سەربە كۆمپانیای (كار) دەكرێت كە ئەو كۆمپانیایە سەربە نێچیرڤان بارزانییە، نەوتەكە لەو پاڵاوگەیە دەپاڵێورێت، بەرهەمەكەشی دەنێردرێت بۆ موسڵو ناوچەكانی دەوروبەری، پارەی پاڵاوتنی ئەو نەوتە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتی پاڵاوتنی ئەو نەوتە مانگانە (30 ملیۆن) دۆلارە. • رۆژانە (90 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە لەڕێگەی بۆرییەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی توركیا دەكرێت، كە داهاتەكەی بۆ كۆمپانیا بەبازاڕكردنی نیشتمانی نەوتی عێراقە"سۆمۆ"، كرێی گواستنەوە ئەم نەوتەش (واتا كرێی بۆرییەكە) بەهەمان شێوە بۆ كۆمپانیای (كار)ی سەربە نێچیرڤان بارزانییە، كە بۆ هەر بەرمیلێك نزیكەی (10 دۆلار)ە، واتا داهاتەكەی مانگانە دەگاتە (27 ملیۆن) دۆلار. • رۆژانە (38 بۆ 42 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی (بازیان)ی سەربە كۆمپانیای (قەیوان) دەكرێت، قەیوان هەر بەرمیلێك لەو نەوتە بە بڕی نزیكەی (10 دۆلار) دەپاڵێوێت، قەیوان مانگانە (12 ملیۆن) دۆلار داهاتی لە نەوتی كەركوك دەستدەكەوێت. • رۆژانە (40 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (بێجی) دەكرێت، كە سەربە حكومەتی عێراقەو پێداویستی سوتەمەنی ناوخۆ ئامادە دەكات. • رۆژانە (25 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی پاڵاوگەی (گەیارە) دەكرێت، ئەم پاڵاوگەیە سەربە حكومەتی عێراقەو پێداویستی سوتەمەنی لەناوخۆ دابین دەكات. • رۆژانە (50 هەزار) بەرمیل نەوتی كەركوك رەوانەی پاڵاوگەی (كەركوك) دەكرێتو بەرهەمەكەكەی بۆ ناوخۆیە. • رۆژانە (15 هەزار) بەرمیلی نەوتی كەركوك رەوانەی وێستگەی كارەبای (قودس) دەكرێت لە بەغداد.
(درەو میدیا): تەنیا بۆ یەك دانیشتنی پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان بڕی زیاتر لە (3 ملیۆنو 500 هەزار) دیناری وەرگرت. پەرلەمانتارانی كوردستان موچەی مانگی 11ی ساڵی رابردوویان وەرگرت، ئەمە یەكەم موچەیە كە پەرلەمانتارانی خولی نوێ وەریدەگرن. خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 6ی تشرینی یەكەم، یەكەم دانیشتنی خۆی گرێدا، لەو دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردو لەو مانگەدا پەرلەمان تەنیا یەكجار كۆبوەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رۆژی یەكشەممەی رابردوو، پەرلەمانتاران لەڕێگەی بانكەكانەوە، یەكەمین موچەی خولی پێنجەمیان وەگرتووە. یەكەم موچەی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، موچەی تەنیا (24) رۆژ بوو، چونكە پەرلەمانتاران لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە موچەیان بۆ ئەژماركراوە، بەوپێیەی لەو رۆژەدا سوێندی یاساییان خواردووە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەر پەرلەمانتارێك بڕی (3 ملیۆنو 541) هەزار دینار موچەی مانگی 11ی وەرگرتووە، ئەوەش موچەی (24) رۆژبووە بەبێ پارەی لیژنەكانی پەرلەمان كە مانگانە بۆ هەر پەرلەمانتارێك بڕی (500 هەزار) دینارە، مانگی تشرینی یەكەم لیژنەكانی پەرلەمان دروستنەكراون، بۆیە ئەو (500 هەزار) لە موچەی پەرلەمانتاران بڕدراوە. موچەی هەر پەرلەمانتارێكی كوردستان مانگانە (8 ملیۆنو 200 هەزار) دینارە، رێژەی 40%ی موچەكانیان بەر پاشەكەوت كەوتووەو مانگانە بڕی (4 ملیۆنو 850 هەزار) دیناریان پێدەدرێت. لە رۆژی 6ی تشرینی یەكەمەوە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەستبەكاربوو، نزیكەی چوار مانگە پەرلەمانی تەنیا سێ دانیشتنی كردووە.
(درەو میدیا): هەردەم موسا گەنجێكی خەڵكی شاری كەربەلای عێراقەوە، ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستاندا جەنگاوە، پاشان لە ساڵی 2014 بۆ هاوكاریكردنی شەڕڤانەكانی یەكینەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" لە هێرشی داعشدا بۆسەر كۆبانێ دەچێتە رۆژئاوای كوردستانو هەرلەوێ بڕیاردەدات ببێتە شەڕڤان و نەگەڕێتەوە عێراق و هەرێمی كوردستان. لە كەربەلاوە بۆ هەرێمی كوردستان هەردەم موسا ساڵی 1996 لە خێزانێكی شیعەمەزهەبی شاری كەربەلا لە دایكبووە، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا كۆچیان كردووە بۆ هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر نیشتەجێبوون. بەهۆی دۆخی خێزانەكەیەوە هەردەم موسا ناچاربووە دەستبەداری خوێندن ببێتو پەیوەندی بكات بە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان و ماوەی 4 ساڵ لە ریزی هێزەكانی پێشمەرگەدا خزمەتیكردووە. چەند شەڕڤانێكی بیانی لە رۆژئاوای كوردستان كۆچ بۆ كۆبانێ ساڵی 2014 رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لەچەندین لاوە هێرشی كردە سەر شاری كۆبانێ لە رۆژئاوای كوردستان و شارەكەی گەمارۆدا، بەبڕیاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، هێزێكی پێشمەرگە رەوانەی رۆژئاوای كوردستان كرا بۆئەوەی بە هانای شەڕڤانانی كوردەوە بچن، یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە دەچنە رۆژئاوا هەردەم موسا دەبێت. دوای نزیكەی دوومانگ و رزگاركردنی كۆبانێ و دوورخستنەوەی مەترسی لێی، هێزەكانی پێشمەرگە گەڕانەوە هەرێمی كوردستان، بەڵام هەردەم بڕیاردەدات پەیوەندی بكات بە ریزەكانی یەپەگەوە بەردەوام بێت لە شەڕی دژ بە داعش لە ناوچەكانی تری رۆژئاوای كوردستان و سوریا. ئێستاش هەردەم یەكێكە لەو شەڕڤانانەی كە بەشداری دوا شەڕە لە دژی داعش لە پارێزگای دێرزووری سوریا. لە نێوان حەشدی شەعبی و یەپەگەدا هەردەم دەربارەی پەیوەندیكردنی بەریزەكانی یەپەگەوە لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی " رۆژنیوز" دەڵێت:" هەندێك باوەڕیان وایە كە چونكە من شیعە مەزهەبم، پەیوەندیم بە ریزەكانی حەشدی شەعبییەوە بكردایە، بەڵام من خۆمم لەنێو ریزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەلدا بینیەوە، چونكە ئەم یەكانە هەموو مەزهەب و پێكهاتە جیاوازەكانی لەخۆگرتووە و كار بۆ پاراستنیان دەكات". هەردەم لە ریزەكانی یەپەگەدا بەشداری شەڕەكانی رزگاركردنی كۆبانێ، رەققە، شەدادی و دشیشەی كردووە و ئێستاش بە حەماسێكی زۆرەوە بەشداری دوا ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانە بۆسەر دواهەمین پێگەی داعش لە پارێزگای دێرزوور. هەردەم موسا دەربارەی ئیرادەو ورەی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە دەڵێت:" ئێمە ورەو ئیرادەیەكی زۆر بەرز و بەهێزمان هەیە، هەموو هەوڵەكانمان چڕكردوەتەوە بۆئەوەی كۆتایی بە چەتەكانی داعش بهێنین". هاوكات هەردەم دەربارەی هەڕەشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان ئاماژە بەوەدەدات كە پێویستە لەسەریان هەمیشە لە ئامادەباشیدابن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێك كە توركیا بیكاتە سەر ناوچەكە. هێزەكانی پاراستی گەل " یەپەگە" تەمموزی 2012 لە رۆژئاوای كوردستان دامەزرێندراو لەماوەیەكی پێوانەییدا هەموو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان و باكوری سوریای كۆنترۆڵكردو پاشان بووە بڕبڕەی پشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا بۆ شەڕی دژی داعش هاوكاریان دەكات. بەهۆی ناووناوبانگییەوە ژمارەیەكی زۆر لە شەڕڤانانی بیانی لەسەرتاسەری جیهاندا پەیوەندییان بە یەپەگەوە كردووو ژمارەیەكی بەرچاویشیان لە شەڕەكانی دژ بە داعش و لە هێرشی توركیا بۆسەر كانتۆنی عەفرین گیانیان لەدەستداوە.
سەرتیپ وەیسی كەریم به درێژایی مێژووی یهكێتیی نیشتمانی كوردستان، ههمیشه جهمسهرو باڵه سهرهكییهكانی ئهو حزبه، ئهگهر بهرژهوهندی و پۆستێك بۆخۆیان نهبووبێت نه بهلایانهوه گرینگ بووه، نه شهڕیشیان لهسهر كردووه بۆ كهسانی شایستهی نێو حزبهكهیان، به تایبهت ئهو كاتانهی كه بهرژهوهندی نهوهكانیان دێته پێش . له خولی سێیهمی پهرلهمانی كوردستان، لهو كاتهی ئهرسهلان بایز، ئهندامی مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه، له نیوهی خولی سێیهمدا پۆستی سهرۆكی پهرلهمانی وهرگرت، بهڵێنیپێدرا دوای ئهوهی ویلایهتی سهرۆكی ههرێم درێژدهكاتهوه، جارێكی دیكه دهبێتهوه سهرۆكی پهرلهمان، بهڵام لهگهڵ درێژكردنهوهی تهمهنی ویلایهتی بارزانی له لایهن ناوبراو پاشان شكاندنی لهنێو قاعیدهی جهماوهری و خهڵكی دهرهوهی ئهو حزبه، ئهو بهڵێنهی پێیدرابوو بۆی جێبهجێنهكراو، چونكه ئهوكات قوباد تاڵهبانی هاته نێو حكومهت، یهكێتیش پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهتی وهرگرت، لهولاشهوه جێگری سهرۆكی ههرێم لای یهكێتیی بوو، ناچار لیژنهی دانوستانكاری یهكێتیی و سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی، پۆستی سهرۆكی پهرلهمانیان بۆ پارتی جێهێشت و ئهوانیش دایان به بزوتنهوهی گۆڕان، پشتیان له ئهرسهلان بایزكرد، چونكه ئهو باڵ و جهمسهرانه پێیانوابوو، دهبێ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان ئهگهرچی كهسێكی وهكو ئهرسهلان بایزیش وهریگرێت، بكرێته قوربانی پۆستهكهی كوڕهكەی مام جهلال . له خولی چوارهمی پهرلهمانیش به ههمانشێوهی خولی سێههم، دوای ئهوهی سەرەتا جێگری پهرلهمانی كوردستان درایە یەکێتی و دواتر وازیان لە جێگر ھێنا لەسەر داوایی مسعود بارزانی وە سکرتێری پەرلەمانیان وەرگرت، بەلام ئەم پۆستەشیان وەرنەگرت و بە کاتی درایە کۆمەلی ئیسلامی، ئهو حزبه له پێناو كۆمهڵێك بهرژهوهندی شهخسی كوڕانی بنهماڵهكان، بۆماوهی سێ ساڵ و نیو كه پۆستی سكرتێری پهرلهمان بهشێوهیهكی كاتی درابوو به كۆمهڵی ئیسلامی، هیچ كهس داوای نهكردهوه، ئهوكات بۆ پۆستی سكرتێری پهرلهمان ههریهك ( سالار مهحمود و گۆران ئازاد) كاندیدبوون، له نێوان یارییهكانی دهرباز كۆسرهت و بهرههم ساڵح ئهو پۆسته نهدرا بهو كهسانهو، ههردووكیان بوونه قوربانی ، دواجار ئهو پۆسته لهگهڵ كاراركردنهوهی پهرلهمان بهشێوهكی شكلی و رهمزی له لایهن یهكێتیهوه به ناچاری پڕكرایهوه. ئێستاش به ههمان شێوهی خولهكانی ڕابردوو، خهریكه مێژوو خۆی دووباره دهكاتهوه، چونكه لهسهروبهندی دروستكردنی كابینهی نوێ ههریهك له ( رێواس فایهق و بێگهرد تاڵهبانی)، كه كاندیدن بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان، ئهوانیش بهههمان شێوهی كهسانی پێشووتر، دهبنه قوربانی بهرژهوهندییهكانی قوباد تاڵهبانی و كۆسرهت ڕهسوڵ، ئهوهی یهكهمیان داوای پۆستی جێگری سهرۆكی حكومهت دهكاتهوه، ئهوهی دووهمیشیان پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم، یاخود وهزیری ناوخۆی دهوێ، لهبهرامبهر سازشكردن بۆ پۆستی سهرۆكی پهرلهمان به پارتی و گۆڕان. پۆستی سهرۆكی پهرلهمان له ڕووی سیادیهوه پۆستێكی سهرۆكایهتی گهورهو سیادییه، ئهگهرچی ڕهنگه لهڕووی دهسهڵاتهوه لاوازكرابێت، بهڵام هاوشانی سهرۆكایهتییهكانی دیكهی ههرێم و حكومهت و دادوهریه، بهشێكی زۆری ئهندامی سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه، بههۆی ئیرهیی و ههزمهنكردن، نایانهوێ ئهو دوو ئافرهته ئهوپۆسته باڵایه وهربگرن، تاوهكو بهرژهوهندی خۆیان ههبێت، ههربۆیهش هیچ شهڕێك لهسهر ئهوپۆسته ناكهن، دهیانهوێ سهودوای بكهن لهگهڵ پۆستی دیكه بۆخۆیان، كه له بهرژهوهندی كهسانی نێو باڵ و جهمسهرهكانی سهرهكییهكانی ئهو حزبهن. ئهگهر چی قوباد تاڵهبانی زۆرترین دهنگی له ههڵبژاردنی 30ی ئهیلول بهدهستهێنا، بهڵام لهماوهی سێ مانگدا ئامادهنهبوو، سوێندی یاسایی بخوات له پهرلهمانی كوردستان، تاوهكو به ناچاری داوای لێنهكرێت ببێته سهرۆكی پهرلهمان، ئهمهش بۆئهوهی تاوهكو له شوێنی خۆی بمێنێتهوه، دهرباز كۆسرهت ڕهسوڵیش كه خواستیهتی پۆستی جێگری سهرۆكی ههرێم، یاخود وهزارهتی ناوخۆو دارایی وهرگرێت، به ههمان شێوه لهگهڵ ئهوهدانییه پۆستی سهرۆكی پهرلهمان رێگربێت لهبهردهم وهرگرتنی ئهو پۆستهی خۆی نیازیهتی. كهسێكی دیكهی وهكو حاكم قادر، كه یهكێكه له كهسه بههێزهكانی مهكتهبی سیاسی و جهمسهرهكانی ئهو حزبه حهزی به وهگرتنی پۆستێكی باڵایه لهو نێوهنده، بۆیه نهخۆی و نه سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئامادهنیین شهڕ لهسهر پۆستێك بكهن، كه هیچ بهرژهوهندییهكیان تێیدا نییه، جگه لهوهی دوو كهسیش دهیانهوێ ئهو پۆسته وهربگرن، كه تهنها به ناو لهسهر بنهماڵهی تاڵهبانی و كۆسرهت ڕهسوڵ نزیكن، چونكه ههركات بهرژهوهندی كوڕو كچانی بنهماڵه بێته گۆڕێ ئهوان له ریزی دووهم و سێیهمی هاوكێشهكهدان.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف - نامیق رەسول پارتی دیموكراتی كوردستان دڵی پەرلەمانی كوردستانی (لیژنەی یاسایی) داگیركرد، چیتر پارتی ناچارنییە بۆ رێگرتن لە تێپەڕبوونی پرۆژەیاساكان، دەرگای پەرلەمان دابخاتو رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بكات بۆ هەولێر. پارتی بەبێ ئامادەبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەناو پەرلەمانەوە هەنگاوێكی تری ناو دڵی پەرلەمانی كە (لیژنەی یاسایی)ە هەڵبژارد. لیژنەی یاسایی لیژنەیەكی هەمیشەییەو هەموو ئەو پرۆژە یاسایانەی كە دەچنە ناو پەرلەمانەوە لە یەكەم وێستگەدا لە لیژنەی یاسایی لەنگەر دەگرن، بڕیاری كۆتایی لەبارەی لەبارەی پرۆژە یاساكانەوە دواجار لەدەستی لیژنەی یاساییدایە. ئەو لایەنەی كە زۆرینەی دەنگی لەو لیژنەیەدا هەبێت، جڵەوی بڕیارو پرۆژە یاساكانی لەناو پەرلەماندا بەدەستەوە دەبێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان:" لیژنە هەمیشەییەكان، لە ژمارەیەك ئەندام پێكدێن كە نابێت لە (5) ئەندام كەمترو لە (11) ئەندام زیاتر بن، كە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان دەكەن، بەپێی رێژەی نوێنەرایەتییان لەناو پەرلەمان". لیژنەكە چۆن هەڵبژێردرا ؟ لەسەر بنەمای ئەم بڕگەیەی پەیڕەوی ناوخۆ، ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بەبێ ئامادەبوونی فراكسیۆنی یەكێتی، ئەندامانی لیژنەی یاسایی هەڵبژاردو بەپێی رێككەوتنێكی نێوان فراكسیۆنەكانو سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ هەر (10) كورسی پەرلەمان، یەك نوێنەر بۆ فراكسیۆنەكان لەناو لیژنەی یاسایی دانرا. بەپێی ئەو پێوەرە، كورسییەكانی لیژنەی یاسایی بەمشێوەیە بەسەر فراكسیۆنەكاندا دابەشكران: • پارتی لەگەڵ هاوپەیمانەكەی ( سۆسیالیست) كە خاوەنی (46) كورسییە لە پەرلەمان، (4) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسییەك ئەندامێكی لیژنەكەی بردوو و سەرباری ئەوەش (6) كورسی لێ ماوەتەوە. • یەكێتی كە (21) كورسی لەناو پەرلەماندا هەیە، (2) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوت، واتە بۆ هەر (10) كورسی، یەك ئەندام، سەرەڕای ئەوەش كورسییەكی زیادەی مایەوە. • بزوتنەوەی گۆڕان كە (12) كورسی پەرلەمانی هەیە، (1) ئەندامی لیژنەی یاسایی بەركەوتو (2) كورسی زیادەشی لێمایەوە. • بەپێی بڕگە یاساییەكە، كە بۆ هەر (10) كورسی لە پەرلەمان، (1) ئەندام لە لیژنەی یاسایی دیاریكراوە، پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە لە كۆی (11) ئەندام، (7) ئەندامی لیژنەی یاساییان پڕكردەوە. • دواتر بۆ پڕكردنەوەی ئەو (4) ئەندامەی تری لیژنەكە، پەنا برا بۆ شێوازی (باقی الاقوی- ماوەی بەهێز). • بەهێزترین ماوەی بەهێز، جوڵانەوەی نەوەی نوێ بوو، كە خاوەنی (8) كورسییە لە پەرلەمان، نەوەی نوێ (1) ئەندامی لە لیژنەی یاسایی پێدرا. • دوای نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی دووەم ماوەی بەهێز بوو، كۆمەڵ خاوەنی (7) كورسییە لە پەرلەمان، كۆمەڵیش ئەندامێكی لە لیژنەی یاسایی بەركەوت. • لەدوای كۆمەڵی ئیسلامی، مەسیحیو ئەرمەنەكان بەهێزترین ماوەی بەهێز بوون، كە خاوەنی (6) كورسی كۆتاكانن، ئەوانیش ئەندامێكی لیژنەی یاساییان برد. • یەك ئەندامی پڕنەكراوە لە لیژنەی یاسایی مایەوە، ماوەی بەهێز یەكسان بوو لەنێوان (6) كورسی پارتی، (5 كورسی) یەكگرتووی ئیسلامی، (5) كورسی توركمانەكان، بۆیە كورسیەكەی تر بۆ پارتی بوو واتا پارتی ئەمڕۆ كورسیەكەی مسۆگەركرد كە هاوپەیمانی لەگەڵ سۆسیالیست بۆ بێبەشكردنی یەكگرتوو بوو بۆیە كورسیەكەی مسۆگەر كردوو بەخشیە پێكهاتەی توركمان . ئەندامانی لیژنەی یاسایی لیژنەی یاسایی لە خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان لەم كەسانە پێكهاتوون: 1- ئەرشەد حسێن (پارتی) 2- بژار خالد (پارتی) 3- خەدیجە عومەر (پارتی) 4- عەبدولسەلام عەبدوڵا (پارتی) 5- ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 6- ئەندامێكی یەكێتی (بەهۆی بەشدارینەكردنی یەكێتییەوە تائێستا ناوی لێنەنراوە) 7- جەلال محەمەد (بزوتنەوەی گۆڕان) 8- كاوە عەبدولقادر (نەوەی نوێ) 9- روپاك ئەحمەد (كۆمەڵی ئیسلامی) 10- رۆمیۆ هەكاریی (مەسیحیو ئەرمەنەكان) 11- سارا دڵشاد (توركمانەكان) پارتی مێژوو دوبارەناكاتەوە پارتی ئەمڕۆ كۆتایی بە بابەتێك هێنا كە خولی رابردوو بەرۆكی گرتبوو، لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستاندا، پارتی لە لیژنەی یاسایی (3) ئەندامی هەبوو، سەرۆكی لیژنەكە (ڤەلا فەرید) بوو لە فراكسیۆنی پارتی، مەسیحیو توركمانەكان بەهەمان شێوەی ئێستا (2) نوێنەریان لە لیژنەكەدا هەبوو، واتە پارتیو هاوپەیمانەكانی لە لیژنەی یاسایدا (5) كەسیان هەبوو. لەبەرامبەردا بەرەی بەرامبەر بە پارتی كە پێكهاتبوون لە (بزوتنەوەی گۆڕان- یەكێتی، یەكگرتوو- كۆمەڵ) بەهەمویانەوە (6) نوێنەریان لە لیژنەی یاسایدا هەبوو، واتە بەرەی نەیاری پارتی، زۆرینە بوون لە لیژنەی یاساییدا، ئەم زۆرینەیە لە پرسی هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێمدا گورزی كوشندەی لە پارتیدا، پارتی نەیتوانی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە لیژنەی یاسایی راگرێتو یاساكە گەیشتە ناو هۆڵی پەرلەمان، پارتی كە نەیتوانی لە هۆڵی پەرلەمان رێگری لە تێپەڕبوونی یاساكە بكات، ناچار پەرلەمانی كوردستانی پەكخستو رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان كرد بۆ هەولێر. پارتی چیتر دەرگای پەرلەمان داناخات لەم خولەدا پارتی جارێكی تر دوچاری ئەو قەیرانە نابێتەوە، كە لە خولی پێشوودا رووبەڕووی بوەوە، واتە لەم خولەدا چیتر پارتی ناچارنابێت دەرگای پەرلەمان دابخاتو هەر لە رێگەی لیژنەی یاساییەوە پەردە بەسەر هەر پرۆژە یاسایەكدا دەدا كە دژی خواستەكانی بێت. خولی پێشووی پەرلەمان، لە كۆتاییەكانی تەمەنی خۆیدا پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكە، بەپێچەوانەی خولی پێشووەوە كە (10) ئەندام پەرلەمان پێكەوە دەیانتوانی پرۆژە یاسایەك بخەنە ناو پەرلەمانەوە، لەم خولەدا هەر پرۆژە یاسایەك ببرێتە ناو پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتیو لیژنەی یاسایی دەتوانن رایگرن، یاخود بە یەكجاری رەتیبكەنەوە. سەرەڕای ئەمە، ئێستا پارتی لە لیژنەی یاسایی بەتەنیا خۆی (4) ئەندامی هەیەو دەنگی (2) ئەندامی تری مەسیحیو توركمانەكانی زامنكردووە، واتە دەنگی زۆرینەی لە لیژنەی یاسایی لەگەڵدایە. هاوكات سەرۆكی لیژنەی یاساییش هەر لای پارتی دەبێتو ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی دەبێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سەرۆكی لیژنەی یاسایی دەسەڵاتی دیاریكردنی كۆبونەوەی لیژنەو بانگهێشتكردنی ئەندامانی لیژنەی هەیەو ئەگەر لەسەر بابەتێك لە لیژنەی یاسایی، دەنگەكان یەكسان بوون، ئەو لایەنە براوە دەبێت كە دەنگی سەرۆكی لیژنەی لەگەڵدایە. پارتی چی لە لیژنەی یاسایی دەوێت ؟ یەكەمین كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیژنەی یاسایی، كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمە، كە نێچیرڤان بارزانی كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی، پێویستییەكی ژیارییەو خاڵی پارسەنگە بۆ راگرتنی كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی كوڕی كاندیدكرد بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتو كۆتایی بە (18) ساڵ تەمەنی نێچیرڤانی بارزانی برازای هێنا لە سەرۆكایەتی حكومەتدا، مەسعود بارزانی بۆ راگرتنی بنەماڵەكەی بە یەكگرتوویی، دەبێت هاوكات لەگەڵ جێگیركردنی كوڕەكەی لە سەرۆكایەتی حكومەت، برازاكەشی لەسەر كورسی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، كورسییەك كە لە خولی پێشوودا بوو بە كێشە بۆ بارزانی باوكو بەهۆیەوە دەرگای پەرلەمانی كوردستانیش داخرا.
درەو میدیا: لە راگەیەنراوێكدا رەمزی مەجید ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەستی لەكاركێشایەوە، لە دوای رێكەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە 18/2/2019 ئەمە سێیەم ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە كە دەستلەكار دەكێشێتەوە. ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی لە راگەیەنراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە" بزوتنەوەی گۆڕان قراربوو چاونەترس بێ لە دەڕبڕینی هەڵوێستەكانی ، قراربو ئازابێ لە بەرگری لەمافەكانی خەڵك ، قراربو ڕاشكاوانە و خۆنەویستبێ لەگەڵ كۆی پڕۆژە سیاسیەكەی كە بە ڕێنوێنی خوالێخۆشبو ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ئامادەكراو بوو، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە بەو ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوكانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی كە یاوەر و دامەزرێنەری ئەم بزوتنەوەیە بوون" دەقی راگەیەنراوەكە بۆ ڕای گشتی سڵاو من (ڕەمزی مجید فەردە ) خاوەن دو برا شەهید ، وەك ئەندامی جڤاتی گشتی و پێشوتریش باژێڕوانی قەزای خەبات بووم ، دەسبەرداری خۆم لە ئەندامێتی جڤاتی گشتی و تەواوی بزوتنەوەی گۆڕانی ئێستا ڕادەگەیەنم نامهەوێ بێڕێزی بەرامبەر شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری نیشتیمان بکەم ، من زیتر لە ١٠ ساڵە بەشدارو هاوكاری تەواوی ئەم بزوتنەوەیەم كردوە بە هەموو توانا مەعنەوی و توانا ماددیە كەمەی هەمبوو درێخیم نەكردوە ، بەرگەی هەمو ئازار و هێرشە ناحەقیەكانم گرتوە سڵیشم لە هیچ نەكردۆتەوە. بەڵام ئەمڕۆی گۆڕان نە دوێنێ و ئەوێ ڕۆژێی گۆڕانە نە هیچ پەیوەندیەكی ماوە بە ڕێبازی ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ، بزوتنەوەی گۆڕان قراربوو چاونەترس بێ لە دەڕبڕینی هەڵوێستەكانی ، قراربو ئازابێ لە بەرگری لەمافەكانی خەڵك ، قراربو ڕاشكاوانە و خۆنەویستبێ لەگەڵ كۆی پڕۆژە سیاسیەكەی كە بە ڕێنوێنی خوالێخۆشبو ڕەوانشاد نەوشێروان موستەفا ئامادەكراو بوو بە كاری سەركی بزوتنەوەكەو هەوێنی گۆڕانكاری، قراربو ئازارەكانی بەردەم بزوتنەوەكە بەیەكەوە بەش بكەین و بەرژەوەندی كەسی وەلا بنێین ، لێ مەخابن گۆڕانی ئێستا جگە لە تیمێكی ئینتیهازی و هەڵپەرست و گروپێكی شێوە ئیخوانی دابڕاو لەتەواوی بنەماكانی بزوتنەوەكە هیچیتر نیە . بزوتنەوەی گۆڕان خەریکە بەو گروپە و ڕێگا سیاسیە هەڵەیە بەرە و پوکانەوە دەچێت ، وە بەرە و خاڵی بونەوە دەچێت لە هەڵسوراو و ئەو ئەندامە دڵسۆزانەی کە یاوەر و دامەزرێنەری ئەم بزوتنەوەیە بوون . زۆر هۆكار هەن بەڵام گرنگترینیان دوو هۆكارن كە گۆڕانی بەم ڕۆژە گەیاند ١- خانەی ڕاپەڕاندن بەرپرسیارو تاوانباری یەكەم و سەرەكیە بۆ ئەم دەرئەنجامە ، ئەم گروپە بەئەقڵێكی كلاسیك و دۆگما و لۆكاڵی بە هەمان ئەقڵیەتی كۆن مامەڵەیان لەگەڵ ڕەوشی گۆڕان كرد ، دەركەوت ئەمانە ئەسڵەن لە لوغز و شێوازی كاركردنی ئەم بزوتنەوە تێنەگەیشتون ، بە بەرنامەش تەواوی ئۆڕگانەكانی گۆڕانیان بە هەردو جڤاتەوەش غەرقی كەلتورو پەروەردەی دەستەڵات كردەوە . ٢- كوڕەكانی كاك نەوشێروانیش دوور لە دونیابینی باوكیان و بە هاندانی كۆمەڵێ خەڵكی هیچ نەدیو لەڕێگەی داگیكردنی میدیاو سەروەتو سامانی سیاسی مەعنەوی و ماددی کاک نەوشێروانەوە كەوتنە وێزەی ئەم بزوتنەوەیە ، لەكاتێكا کاک نەوشێروان بێبەریە لەهەمو ئەو هەڵپەڕستانە كەبەناوی ئەوەوە قسەدەكەن وە بێبەریە لەتەواوی لادانەكانی بزوتنەوەكە ، بێگومان خانەی ڕاپەڕاندن دەورو ڕۆڵی سەرەكی هەبوو لە بەكارهێنانی كوڕان و سەروەتی نەوشێروان مستەفا بۆ تەسفیەی حساباتی چاوچنۆكانە، بە داخەوە ڕەوش بەم حاڵە گەیی بۆیە چیتر شیاوی ئەوە نین پشتیوان بكرێن وە دڵنیا بن كە ئەوانەی وازدێنن هەر بەتەنها نین ! ئاشتکردنەوەی هاوڕێکانمان کە بە ژمارە نایەن کە بەبێ گوێ دانە سەرنج و تێبینیەکانیان زۆر لەو ڕێککەوتنە ڕێوی ئاسایە مەزنتر بوو . کۆتا وشەم لە گشت وڵاتێکی دونیا ڕۆژێکی ماتەمی هەیە بەرواری 17 ی شوبات وەک پیاڵەیێک ژەهر وابوو . رمزی مجید فەردە ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان 25 / 2 / 2019
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بیرۆكەی دابەشكردنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی) دوچاری كێشە دەبێت، یەكێتی ئامادەیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت، بەڵام لەگەڵ جێگرێكی سەرۆكی هەرێمدا. سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان نامەیەكی بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد. دوای ئەو نامەیە، یەكێتییەكان پێشبینییان كرد، گەڕێكی نوێی دانوستان لەگەڵ پارتی دەستپێبكەنەوە، بەڵام لەدوای نامەكەی بارزانییەوە هێشتا یەكێتیو پارتی هیچ كۆبونەوەیەكی فەرمییان نەكردووە. یەكێتی كە هێشتا شۆكی كۆبونەوەكەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان بەرینەداوە، رەنگە سبەینێ دوچاری شۆكێكی تر ببێتەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریداوە سبەینێ پەرلەمان كۆببێتەوە بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەی یاسایی. لیژنەی یاسایی بۆ ؟ پەلەكردنی پارتی لە دروستكردنی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان رەنگە بە پلەی یەكەم پەیوەندی بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیەوە هەبێت، كە بووە بە خاڵی پارسەنگ بۆ كێشەكانی بنەماڵەی بارزانی. هەندێك زانیاری هەیە كە باسلەوەدەكات، پارتی دەخوازێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی ببێت بە سەرۆكی هەرێم، تاوەكو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمانێك مەسرور بارزانی ئامۆزای راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. بەگوێرەی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارانەكرێتەوە، دەبێت سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی، مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام بەر لەمە، دەبێت پەرلەمان ناو لە كاندیدی سەرۆكی حكومەت بنێ. یەكێتی بەشداری ناكات ! پارتی سورە لەسەر ئەوەی سبەینێ جارێكی تر كۆبونەوەی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، بڕیاری یەكێتی تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە ئەوەیە فراكسیۆنەكەی بەشداری كۆبونەوەكەی سبەینێ ناكات. یەكێتی سورە لەسەر ئەوەی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەكی پەرلەمان نەكات، تاوەكو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی ئیمزا دەكات، ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بەردەوام بێت، پارتی چۆن بەبێ یەكێتی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد، بەبێ یەكێتیش لیژنەی یاسایی پەرلەمان پێكدەهێنێتو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە. كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی یەكێتی تەنیا كێشەی لەگەڵ پارتیدا نییە، كێشە ناوخۆییەكانیشی جوڵە سیاسییەكانی ئیفلیج كردووە، بۆ هەر پۆستێكی سیادی، زیاتر لە چەند كەسێك لەناو یەكێتیدا خۆیان ئامادەكردووە، لیدەر یاخود مەرجەعێكی بڕیاریش نییە خواستی باڵە جیاجیاكان لە پۆستەكاندا تەوزیف بكاتو ناكۆكییەكان بەلادا بخات. • بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، زۆرینەی سەرەنجەكان لەسەر (قوباد تاڵەبانی)یە، بەڵام هەریەكە لە (عیماد ئەحمەدو حاكم قادر)یش چاویان لەو پۆستەیە. • ململانێی ناوخۆییەكانی یەكێتی وایكردووە، چارەنوسی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان پێكەوە ببەسترێنەوە، ئەگەر قوباد تاڵەبانی پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت وەرگرێت، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ كاندیدی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە. • چەند رۆژێكە لەناو یەكێتی پێشنیازێك دروستبووە، كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان (رێواس فایەق)و (بێگەرد تاڵەبانی)دا بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) دابەشبكرێت، بەڵام ئەم پێشنیازەش دوچاری گرێوگۆڵ بووە، چونكە هەندێك پێیانوایە ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەنێوان ( رێواس فایەقو بێگەرد تاڵەبانی)دا دابەش بكرێت، دەبێت بەهەمان پێوەر پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتیش بەشێوەی (دوو ساڵ بە دوو ساڵ) لەنێوان (قوباد تاڵەبانیو دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)دا دابەشبكرێت. • لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا لەناو یەكێتیدا بۆچونێك هەیە كە یەكێتی ئەو پۆستە وەرنەگرێت، بەوپێیەی پارتی لە پەرلەماندا زۆرینەیەو جێگرانی سەرۆكی پەرلەمانیش هەر لە پارتین، ئەوانەی ئەم بۆچونەیان هەیە دەڵێن باشترە یەكێتی لەبری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دوو پۆستی وزاری سیادی وەرگرێت، ئەم دوو پۆستە بەشێك لە كێشە ناوخۆیەكانی یەكێتی چارەسەر دەكات، لەبەرامبەردا بۆچونێكی تر هەیە دەڵێ نابێ هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەدەستی پارتیدا بێت، دەبێت یەكێتی هەرچۆنێك بووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرێت. • یەكێتی بەمدواییە لەزمانی چەند بەرپرسێكییەوە داوای پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد لەبری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام ئەمە تەنیا هەڵدانی باڵۆنێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی زمانی پارتی، چونكە یەكێتییەكان دەزانن پارتی بە هەردوو پۆستی (سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی هەرێم) كێشەی بنەماڵەی بارزانی لەنێوان نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی چارەسەركردووەو ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك لەسەر ئەو دوو پۆستە مامەڵە لەگەڵ یەكێتیدا بكات، لە حزوری جەلال تاڵەبانی سكرتێری پێشووی یەكێتیشدا پارتی ئەم بابەتەی سەلماندووە (پرۆسەی دامەزراندنی سەرۆكایەتی هەرێم لە ساڵی 2005دا). • بەپێی دواین زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دواجار یەكێتی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان قایل دەبێت، بەڵام داوا دەكات جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو بدرێت بە یەكێتی، پێدەچێت پارتی ئەم داواكارییەی یەكێتی قبوڵ بكات بەمەبەستی یەكلاكردنەوەی كێشەی باڵەكانی یەكێتی. • لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكیشەوە كە پێشتر یەكێتی كردبووی بە مەرجی بەشداریكردنی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، تاڕادەیەك پارتیو یەكێتی گەیشتوونەتە رێككەوتن، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەمدواییە پارتی هەوڵیداوە نەجمەدین كەریم بگەڕێنێتەوە بۆ كەركوك، بەڵام یەكێتی بە بڕیارێكی پێشوەختە بۆ دەركردنی نەجمەدین كەریم لە ریزەكانی، ریسەكەی پارتی كردەوە بە خوریو چیتر پارتی ناتوانی كارتی نەجمەدین كەریم وەكو كاندیدێكی یەكێتی بەڕووی یەكێتیدا بەرزبكاتەوەو دەبێت بە كاندیدی تری یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك قایل بێت.
(درەو میدیا): بڕیارە سبەی كاتژمێر 11 ی بەیانی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، بەڵام فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە ناكات. سەركۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە "درەو میدیا"ی راگەیاند: بەشداری كۆبوونەوەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ناكەن هەتا رێككەوتنی 5/2/2019 ی نێوان یەكێتی و پارتی جێبەجێ نەكرێت. ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد" نەدەبوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرایە بۆ پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنانی لیژنەكان دەتوانرێت لە ماوەی 25 رۆژدا پێكبهێنرێت لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە، ئێستا تەنها 8 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەماندا تێپەڕیوە". سەركۆ ئازاد گەڵاڵی جەختیشیكردەوە"كە باوەڕیان وایە دەبێت خاڵێكی دیكە بۆ رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی زیادبكرێت بۆئەوەی رێگەبگیرێت لە كاركردن بە عەقڵیەتی زۆرینەو كەمینە لە پەرلەمانی كوردستاندا". بڕیارە سبەی پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی پێكبهێنێت كە زۆرینەی كارەكانی پەرلەمان بەبێ ئەو لیژنەیە جێبەجێ ناكرێن، لە لیژنەكەدا و شوێنی دوو ئەندام بۆ یەكێتی بەجێدەهێڵدرێت.
( درەو میدیا): لە لیستی موچەی ئامادەكراوی مانگی كانونی دووەمی 2019 دا پاشكەوتی موچە لانەبراوە، لە كاتێكدا بەو پارەیەی كە بڕیارە لە بەغدادەوە بنێرێت زیاتر لە 150 ملیار دیناری زیاترە لە موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە بێ پاشەكەوت. پاشەكەوت لانەبراوە فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی 2019یان بە پاشەكەوتەوە ئامادەكردووە و پاشەكەوت لانەبراوە و یەكێتی مامۆستایانیش داوادەكات هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت نەبەسترێتەوە بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی بە " درەو میدیا"ی راگەیاند لیستی موچەی مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2019 وەك مانگەكانی 2018 ئامادەكراوەو هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەكراوە و بڕی پاشەكەوتكردنی موچە وەك خۆی ماوەتەوە". بە گوێرەی زانیاریەكانی " درەو میدیا" سەرجەم فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بە سیستمی پاشەكەوت لیستی موچەی مانگی یەكی ساڵی نوێیان ئامادەكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە، حكومەتی هەرێم چەندجارێك ئاماژەی بەوەداوە كە بەنیازە موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاسایی بكرێتەوەو سیستمی پاشەكەوت لاببرێت، بەڵام تائێستا بە وادەی لابردنی پاشەكەوتی دیارنەیكردووە و بەردەوام بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ئەو پرسە دەبەستنەوە بە باشبوونی دۆخی داراییەوە. یەكێتی مامۆستایان هۆشداری دەدات هاوكات یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات سیستمی پاشەكەوتنی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران هەڵبوەشێنێتەوەو ئەو پرسە پەیوەست نەكرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە. یەكێتی مامۆستایان لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكەی بە " درەو میدیا" گەیشتووە داواشدەكات ئەوەی لە پێنج ساڵی رابردوودا پاشەكەوتكراوە، چارەنوسی لە ژمارەی حسابی بانكی دیاریكبرێت و وردە وردە بدرێتەوە. داهاتی هەرێم لە موچە زیاترە ئەمە لە كاتێكدایە كە بودجەی 2019ی عێراق كەوتوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو بە پێی لێدوانی شارەزایان و پەرلەمانتارانی عێراقیش پشكی هەرێم 522 ملیار دینارە، كە بە ناردنی ئەو بڕە پارەیە حكومەتی هەرێم بە ئاسانی دەتوانێت پاشەكەوت هەڵبگرێت بەو پێیەی: - پشكی هەرێم مانگانە لە عێراقەوە 522 ملیار دینار - داهاتی نەوتی هەرێم بۆ موچە 378 ملیار دینار - داهاتی ناوخۆ 120 ملیار دینار - پارەی ئەمریكی 30 ملیار دینار كۆی گشتی داهاتەكانی هەرێم دەبێتە( یەك ترلیۆن و 50 ملیار دینار) كە موچەی موچە خۆران بەبێ پاشەكەوت ( 879 ملیار ) دینارەو بەو پێیەش ( 153 ملیار) دیناریش زیاد دەبێت.
سەرتیپ وەیسی كەریم لهماوهی ههفتهیهكدا، دوور له چاوی میدیاكان بزوتنهوهی ئیسلامی دووكۆبوونهوهی لهگهڵ پارتی ئهنجامداوه، یهكهمیان ههفتهی ڕابردوو بوو لهگهڵ مهسعودبارزانی، كۆبوونهوهی دووهمیشیان ئهمڕۆ شهممه بوو، لهگهڵ شاندێكی مهكتهبی سیاسی پارتی، بزوتنهوهی ئیسلامی وهك یهكهم حزبی ئیسلامی له كابینهی داهاتوودا پۆستیان پێدهدرێت، بهڵام پۆستهكان له خوار ئاستی وهزیر دهبێت، بۆ وهرگرتنی ئهو پۆستهش ئۆكهی بارزانیان وهرگرتووه، ههریهك له عبدالڵه وهرتێ و كامل حاجی علی زۆرترین چانسیان ههیه ئهو پۆستانه وهرگرن. یهكگرتووی ئیسلامی له لایهن پارتیهوه چهندین جار بهشێوهی فهرمی داوایان لێكرا پێنه ناو حكومهت، بهڵام دواجار لهماوهی چهند ههفتهی ڕابردوو، له میانهی دیداری نێوان بازانی و سهلاحهدین بههائهدین، ئهمینداری گشتیی دواپهیامی خۆی به بازرانی گهیاند، كه نایانهوێ بهشداربن، ئهمهش به تهواوی ئهو شاندانهی پارتی بێئومێد كرد، كه سهردانی ئهو حزبهیان دهكرد بهمهبهستی بهشداریكردنی ئهو حزبه له حكومهت. ههرچهنده لهسهرهتادا پارتی سووربوو لهسهر ئهوهی، كه كۆمهڵی ئیسلامی بهشداری حكومهت نهكات، بهڵام لهم كۆتایانهدا كۆمهڵیش خرایه ناو بازنهی گفتووگۆكانی شاندی پارتی لهگهڵ لایهنهكان و چهند جارێكیش به ناڕاستهوخۆو به زارهكی داوایان لێكراوه، بهڵام له دوای ڕێككهوتی پارتی و گۆڕان، له ئێستادا شاندی مهكتهبی سیاسی پارتی بڕیاریانداوه لهگهڵ كۆمهڵی ئیسلامی گفتووگۆنهكهن، چونكه پێیانوایه : ئهگهر لهگهڵ كۆمهڵ بكهونه گفتووگۆ، ئهوا ئهو حزبه به حهوت كورسیهوه داوای چهند پۆستێك دهكات، لهكاتێكدا پارتی و یهكێتیی گۆڕان زۆربهی پۆستهكان دهبهن، ئهوهی دهمێنێتهوه ئهگهری ههیه بدرێت به پێكهاتهی مهسیحی و شۆسالیست، ههربۆیهش باڵانسهكه بهشی كۆمهڵی ئیسلامی ناكات. ڕهنگه بهڵای ههندێ كهسهوه ئهو قسهیه لهبارهی كۆمهڵهوه دهوترێ سهیربێت، بهڵام تازه به تازه شاندی پارتی بۆی دهركهوتووه، دابهشكردنی پۆستهكان بهوشێوهیه له نێوان پارتی و یهكێتیی و گۆڕان و چهند لایهنێكی بچووكی نزیك لهخۆیان، بهشی كۆمهڵی ئیسلامی ناكات.
(درەو میدیا): پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشە دەكات لە بەشێك لەو پۆستانەی بە بزوتنەوەی گۆڕانی داوەو لە 18ی شوبات رێكکەوتنی لەسەر كراوە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە "درەو میدیا"ی راگەیاند" پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ دەستەیەكی بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوە، تەنها بەڵێنی بەرپرسی سندوقی داهاتە نەوتییەكانی پێداوە ئەویش ئەگەر دامەزرێندرا"،ئەوەش لە کاتێکدایە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی ئاماژەیان بەوەدا كە لە رێكکەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی هەردوو ( دەستەی دەستپاكی و وەبەرهێنان)یان بەركەوتووە. " درەو میدیا" زانیویەتی كە لەكاتی واژۆكردنی رێكکەوتنەكەی نێوان پارتی و گۆڕان، وەفدی دانوستانكاری گۆڕان نارازی بوون لەوەی ناوی دەستەی وەبەرهێنان لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووە، بۆیە واژۆكردنی رێكکەوتنەكە بۆ زیاتر لە یەك كاتژمێر دواكەوتووە، بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە كە ئەو پۆستە تەنها بە زارەكی بووەو نەنوسراوە، بۆیە دواتر بەڵێنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان بە زارەكی بە وەفدی گۆڕان دراوە، ئەویش ئەگەردامەزرێندرا. ئەو سەرچاوەیەی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، ناڕەزایی لەناو پارتی درووستبووە لەسەر ئەو هەموو پۆستە زۆرەی بە بزوتنەوەی گۆڕان دراوە، بەتایبەتیش ئەو 48 راوێژكارو بەڕێوەبەرە گشتییەی كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە وەریانگرتووە لە پارتی، بەڵام بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە، ئەوان بەهیچ جۆرێك 48 بەرێوەبەری گشتی و راوێژكاریان بە بزوتنەوەی گۆڕان نەداوەو بەهیچ شێوەیەك لە رێكکەوتنەكەدا نەهاتووەو ئەوە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ كردووەو ئەمانیش بەشێوەی زارەكی رەزامەندیان پێداوە، بەڵام نەك بۆ 48 راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی، بەڵكو تەنها بەو بەرێوەبەرە گشتییانەی كە وەزارەتەكەی بەر گۆڕان دەكەون. بۆیە بەرپرسانی پارتی ئاماژەیان بەوەكردووە ئەوان تەنها یەك وەزارەتی زیادیان بە بزوتنەوەی گۆڕان داوە نەك ئەو هەموو پۆستەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان بۆ دەكات. ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە كە وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە، ئەوان ئاماژە بە دەستكەوتی زۆر دەكەن بۆئەوەی جەماوەرەكەیانی پێ رازی بكەن، چونكە بەشێكی جەماوەری گۆڕان ناڕازییە بە رێكکەوتن لەگەڵ پارتی، بەرپرسانی پارتیش لاریان لەوە نەبووە. ئەو پۆستانەی كە وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەیان پێكردووە كە بەدەستیان هێناوە لە رێکكەوتنیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان. • جێگری سەرۆكی هەرێم • وەزیری دارایی • وەزارەتی بازرگانیو پیشەسازی • وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی • وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە • دەستەی وەبەرهێنان • یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی • ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە • جێگری وەزیری ناوخۆ • دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات • 24 بەڕێوەبەری گشتی • 24 راوێژكار • بەڕێوەبەری گشتیو بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەتو دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت • بریكاری وەزیری پەروەردە
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەسعود بارزانی بە ناردنی نامەیەك بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، دەرگای گفتوگۆیەكی نوێی لەنێوان پارتیو یەكێتی كردەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا سیناریۆكانی چارەسەری كێشەی پۆستەكان لەنێوان پارتیو یەكێتی بڵاودەكاتەوە. دواجار مەسعود بارزانی خۆی هاتەسەر خەت، نامەیەكی بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان نارد، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە. ناوەڕۆكی نامەكەی بارزانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، نامەكەی بارزانی هیچ هەڵوێستێكی روونی لەبارەی چارەسەری كێشەكان تێدا نییە، بەتایبەتی پرسی دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتو چارەنوسی كەركوك. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە وتی:" لە نامەكەیدا بارزانی نوسیویەتی پارتیو یەكێتی دوو هێزن كە بەرپرسیارێتییان لەسەرشانە، دەبێت مەكتەبی سیاسی هەردولایان كۆببنەوەو چارەسەری كێشەكان بكەن". هەر لەنامەكەدا بارزانی باسی لەوەكردووە" هیچ شتێك لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتیدا نەگۆڕاوەو كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانیش تەنیا بۆ ئەوە بووە پرۆسەكە لەوە زیاتر دوانەكەوێت". رۆژی 6ی ئەم مانگە، كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی لەگەڵ عیماد ئەحمەدو ئەرسەلان بایز سەردانی پیرمامیان كردو لەگەڵ بارزانی كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەو دیدارەدا بارزانی بە وەفدەكەی یەكێتی وتووە" ئەگەر پارتیو یەكێتی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، من خۆم دەستوەردان دەكەمو كێشەكان چارەسەر دەكەم"، ئەوكات وەفدەكەی یەكێتی پێیان وتووە" خۆت برا گەورە بە". پێدەچێت نامەو دەستپێشخەرییەكەی بارزانی لەسەر بنەمای ئەو بەڵێنە بێت كە لە دیدارەكەی 6ی مانگی پیرمامدا خراوەتەڕوو. پارتی دەترسێت ! بارزانی بە ناردی ئەو نامەیە بۆ یەكێتی، خۆی وەكو مەرجەعێكی سیاسی نمایش كرد، نەك وەكو سەرۆكی پارتی. رەنگە بارزانی هەستی بەوەكردبێت، ئەگەر خۆی دەستپێشخەری نەكات بۆ چارەسەری كێشەكان لەگەڵ یەكێتی، دەبێت دواتر مل بە نێوەندگیری ئێرانییەكان بدات، ئەوەش بە زیان بۆ پێگەی پارتی كۆتایی دێت. لەلایەكی ترەوە، پارتی هەستی بە جموجوڵەكانی یەكێتی كردووە لە بەغداد، بارزانی ترسی هەیە ئەگەر كێشەكان چارەسەر نەكرێن، یەكێتی لە بەغدادەوە پەنا بۆ لامەركەزیەتی ئیداری بباتو سلێمانی لە دەسەڵاتی هەولێر داببڕێت، ئەمەش رەنگە دواجار كۆتایی بە قەوارەی هەرێمی كوردسان بهێنێت، وەكو قەوارەیەكی دانپێدانراوی دەستوریی. لەلایەكی ترەوە، ئەگەر پارتیو یەكێتی نەگەنە رێككەوتن، كێشە بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دروست دەبێتو پرۆسەكە بەوشێوەیە بەڕێوەناچێت كە بارزانی دەیەوێت، بارزانی بۆ راگرتنی پارسەنگی بنەماڵەكەی، دەخوازێت پرسی پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی هەرێم بەشێوەیەكی هاوتەریب بڕوات، واتە مەسرور بارزانی كوڕیو نێچیرڤان بارزانی برازای پێكەوە لە پۆستەكانیان دەستبەكاربن، یاخود لانی كەم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەردوو دامەزراوەكە دەستبەكارببن. چارەسەرو سیناریۆكان پارتی هەنگاوێكی بە ئاڕاستەی چارەسەر لەگەڵ یەكێتی هەڵگرت، بەڵام تائێستا سورە لەسەر ئەوەی دەبێت بەر لە هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، یەكێتیش داوای ئەوە دەكات سەرەتا پارێزگار هەڵبژێردرێت. پێشبینی دەكرێت دواجار پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك بخرێتە دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو ئەوكات هەردوولا پێكەوە چارەسەری كێشەی كەركوك بكەن. لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمیش یەكێتی بۆچونی لەسەر پۆستەكان گۆڕاوەو ئێستا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو وەزارەتی ناوخۆ دەكات لەبری سەرۆكی پەرلەمان، ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلاكردوەتەوە. پرسیارەكە ئەوەیە، پارتیو یەكێتی چۆن كێشەی پۆستەكان چارەسەر دەكەن ؟ بەپێی زانیارییەك كە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو پارتی دەست (درەو میدیا) كەوتووە، چەند سیناریۆیەك هەیە بۆ چارەسەری كێشەی پۆستەكان: سیناریۆی یەكەم: پارتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بدات بە یەكێتی، پارتی رەنگە بەم هەنگاوە دوچاری كێشە نەبێت لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان (پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ گۆڕان یەكلابوەتەوە)، چونكە گۆڕان پێشتر لە دانوستانەكانیدا داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، نەك جێگری سەرۆكی هەرێم، پارتی دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر خواستەكەی گۆڕانو قایلی بكات بە وەرگرتنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان لەبری پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. ئەگەر ئەم سیناریۆیە سەركەوتوو بێت، یەكێتی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمو جێگری سەرۆكی حكومەتی بەدەستەوە دەبێت لەگەڵ پۆستێكی وزاری دیكە، لەبەرامبەردا پارتی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە (سەرۆكی هەرێم- سەرۆكی حكومەت- سەرۆكی پەرلەمان). سیناریۆی دووەم: پارتی جێگری دووەم بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكاتو ئەو پۆستە بدات بە یەكێتی، ئەوكات یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرێتو لەبری ئەوە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی پێدەدرێت، بەپێی ئەم سیناریۆیە، بەهەمان شێوە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بۆ پارتی دەبێت، بەڵام جێگری هەر سێ سەرۆكایەتییەكە لای یەكێتی دەبێت.
