Draw Media

ناڕازییەكان.. بەرەیەكی پەرتەوازە‌و نارێكخراو 

ناڕازییەكان.. بەرەیەكی پەرتەوازە‌و نارێكخراو 

2019-05-20 06:29:14


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت
خولانەوە بەدەوری مەزارەكەدا یان جیابونەوە، ئەمە چارەنوسی سیاسی رەوتێكی جەماوەری ناڕەزایەتییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە روبەڕووی هەمان بارودۆخی رەوتی ناڕەزایەتی ناو پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا بوەتەوە، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا لە یادی دوو ساڵەی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفادا، بە وردی رۆشنایی دەخاتەسەر رەوتی ناڕەزایەتییەكان لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا.

گەڕانەوە بۆلای نەوشیروان مستەفا 
دوو ساڵ بەسەر كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا دامەزرێنەر‌و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕاندا تێپەڕی، یادی مەرگی ئەو، ئەمجارەش ڕازیی‌و ناڕازییەكانی بزوتنەوەكەی لەسەر گۆڕەكەی كۆكردەوە، بەڵام نەیتوانی یەكیانبخات، هەروەك چۆن كاتێكیش هێشتا خۆی لە ژیاندا بوو، نەیتوانی ئەو یەكێتییە بەهێزە دروستبكات، هێندەی ئەوەی هەوڵی كۆنترۆڵكردنی جیاوازییەكانی دەدا.
دوای دوو ساڵ لە مەرگی ئەو، ئێستا بزوتنەوەكەی بە هێڵێكی روون دابەشبووە بەسەر دووبەرەی ناكۆك‌و دژبەیەكدا، بەرەیەك كە ناویان لێنراوە "رازییەكان"، بەرەیەكی تر كە پێیان دەوترێت "ناڕازییەكان".
بەرەی رازیی كە ئێستا بزوتنەوەكەیان كۆنترۆڵكردووە‌و بڕیاربەدەستی  گردی زەرگەتەن، سەرچاوەی دارایی‌و زۆرینەی مەكۆ‌و ژوورو میدیا‌و پەیوەندییەكانی بزوتنەوەكەیان بەدەستەوەیە. 
بەرەی ناڕازیش بەبێ‌ دەنگیی، گردەكەو دامەزراوەكانی تری گۆڕانیان بایكۆت كردووە، بەڵام هاوكات دەستیشیان لێی نابێتەوە، كۆبوونەوە‌و گفتوگۆكانی ئەم رەوتە زیاتر لە ماڵ‌و قاوەخانە‌و شوێنە گشتییەكانی شاردا (بەدیاریكراوی سلێمانی) چڕبوەتەوە.

فەیسبوك.. مەیدانی روبەڕووبونەوەكان !
تاریك‌و روونی ئێوارەی رۆژێك پێش مەراسیمی فەرمی ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیارەكانی بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان لە گردی زەرگەتە دەركەوتن، ئەوان بۆ نیشاندانی پەیامێكی كۆمەڵایەتی چونە سەر گۆڕی نەوشیروان مستەفای هاوڕِێ‌و هاوخەباتی سیاسییان.
بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان لەم سەردانەیاندا بۆسەر مەزاری نەوشیروان مستەفا، هەلی ئەوەیان بۆ رەخسا پەیامێكی سیاسی بەهێز بگەیەننە نەیارەكانیان لە ناوخۆو لە دەرەوەی بزوتنەوەكە، بەڵام لەم هەنگاوەدا شكستیان هێنا، نەیانتوانی پێكە‌وە وەكو كوتلەیەكی یەكگرتووی بەهێز لە یەك كاتدا لەسەر مەزارەكە ئامادەبن، ئەمە بەشی هەرە زۆری پەیوەندی بە جیاوازی بیروبۆچونی كەسایەتییە دیارەكانی ئەم رەوتەوە هەیە لەناو خۆیاندا. 
بەرەی ناڕازیی وەك نەیتوانی بە یەكگرتوویی هێزی خۆی لە گردی زەرگەتە نمایش بكات، نەشیتوانی كارێك بكات، ئەم بۆنەیە بقۆزێتەوە بۆ كۆبوونەوە‌و دیدار لەگەڵ بەرەی رازی‌و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەكی هاوبەش بۆ كاری پێكەوەیی.
بەگشتی بەرەی ڕازیی‌و ناڕازی لە دوو ساڵی رابردوودا هیچ گفتوگۆیەكی راستەوخۆیان بۆ خستنەڕووی ناكۆكییەكان‌و چارەسەركردنیان نەكردووە، (درەو میدیا) زانیویەتی بەمدواییە ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان هێڵێێكی پەیوەندییان لەگەڵ هەندێك لە كەسایەتییەكانی بەرەی ناڕازیدا كردوەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێكی لێ‌ سەوز نەبووە، تائێستا هەردوو بەرەكە لەبری كۆبوونەوە لەسەر مێزێكی گفتوگۆ، لە دیوارەكانی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە لەگەڵ یەكتریدا دیالۆگ دەكەن، ئەمەش تاڕادەیەك لەڕووی جەماوەرییەوە بەزیانی هەردوو بەرەكە كۆتایی هاتووە.

ناڕازییەكان كێن؟
بەرەی ناڕازی بزوتنەوەی گۆڕِان بەرفراوانترە لە بەرەی دەسەڵاتداری ئێستای بزوتنەوەكە، بەڵام كێشە‌و ناكۆكی ناوخۆیی زیاترە لە بەرەی رازیی‌و ناڕێكخراوە، بەجۆرێك هەر رۆژێك لق‌و پۆپی تازەی لێوە سەر دەردەهێنێت.
ئێستا بەرەی ناڕازیی بزوتنەوەی گۆڕان دابەشبووە بەسەر چەند گروپێكدا:

گروپی یەكەم: 
قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود، ئەمانە ژمارەیەك هەڵسوڕا‌و و كادری سەربازیی‌و میدیایی‌و چەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی و ئەندام پەرلەمانی ئێستا‌و رابردویان لەگەڵدایە.
ئەم گروپە لەسەردەمی نەوشیروان مستەفاوە نیگەرانی خۆیان لە "تاكڕەویی" لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەكەدا دەربڕیوە، لە چەند ماوەیەكدا ناكۆكییەكانیان لەگەڵ رێكخەری پێشووی گۆڕان گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی كاركردنیان لە بزوتنەوەكەدا رابگرن‌و بچنە ماڵەوە.
بەڵام لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاو بە دیاریكراویش دوای هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن بەماوەیەك، بەتەواوەتی لە گردی زەرگەتە هاتنەخوارەوە‌و ماڵەكانیان كردووە بە شوێنی گفتوگۆ‌و كۆبوونەوە سیاسییەكانیان.
ئەم گروپە جگە لە چەند روونكردنەوەیەكی كورت كە لەماوەی رابردووداو بەتایبەتی لە سەروبەندنی هەڵبژاردنەكاندا بڵاویانكردوەتەوە، تائێستا بەڕوونی‌و بە فەرمی بیروبۆچونی خۆیان لە بارەی كێشەكانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و دیدەكانیان بۆ چارەسەر بۆ رایگشتی‌و جەماوەری بزوتنەوەكەیان بڵاونەكردوتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی لە كۆبوونەوە تایبەتەكانیاندا كرۆكی كێشەكانیان لەگەڵ بەرەی دەسەڵاتداری ئێستای گۆڕان لە چەند خاڵێكدا كورتدەكەنەوە، كە ئەمانەن:
* تاپۆكردنی گردی زەرگەتە (مەكۆی سەرەكی گۆڕان لە شاری سلێمانی)، لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بە رەزامەندی‌و بێدەنگی بەرەی رازیی (بەدیاریكراوی ئەندامانی ئێستای خانەی راپەڕاندن).
* شێوازی بەڕێوەبردنی رێكخستنی بزوتنەوەكە‌و هەڵبژاردن‌و كۆنگرە.
* پابەندنەبوونی بەرەی رازیی بە ناوەڕۆكی رێككەوتنی ژێربەژێری تایبەت بە دروستكردنی خانەی راپەڕاندن.
* سیاسەتی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دارایی‌و میدیای بزوتنەوەكە.
لە ناو ئەم بەرەیەشدا هەست بە هەندێك ناكۆكی دەكرێت بە تایبەت لە پرسی تێڕوانیان بۆ پەیوەندییەكانی بزوتنەكە لەگەڵ حزب‌و لایەنە كوردستانییەكان.
خاڵی بەهێزی ئەم گروپە ئەوەیە دوو كەسایەتی كاریگەری وەك قادر حاجی عەلی‌و عوسمان حاجی مەحمودی تێدایە، بەڵام ئەم دوو كەسایەتییە ئێستا رووبەڕووی هەمان بارودۆخی عەبدوڵا گویل‌و ئەحمەد داودئۆغڵو بوونەتەوە لە ناو پارتی داد‌و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا (ئاكەپە)، كە چاوەڕوانی هەلێكی سیاسی گونجاون بۆ جیابونەوە لە ئەردۆغان‌و راگەیاندنی پارتێكی سیاسی نوێ، بەڵام  لە یەك كاتدا چ ئەوانەی گۆڕان‌و چ ئەوانەی (ئاكەپە) تەمەنیان دەڕوات‌و ئەو كاتە گونجاوە هەر نایەت كە خۆیانی تێدا بەیان بكەن. 
لەبەرامبەردا لاوازترین خاڵی ئەم گروپە، كاركردنیانە بە بێدەنگیی‌و نەبوونی ئامادەسازی فیكرییە بۆ هەر جوڵەیەكی سیاسی كە لە داهاتوودا دەیكەن، سەردانەكەی دوێنێیان بۆ سەر گردی زەرگەتە، بەدەر لە پەیامە كۆمەڵایەتییەكەی، لەڕووی سیاسییەوە ئەو پەیامەی لێدەخوێندرایەوە كە ئەمانە هێشتا توانای رزگابونیان نیە‌و ناتوانن نەوشیروان مستەفا تێپەڕێنن، ئەم پرسەش بە گوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەناو خۆشیاندا بە هەڵواسراوی ماوەتەوە‌و خۆیان یەكلانەكردوتەوە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناو بزوتنەوەی گۆڕان‌و لەوێوە كار بۆ ئامانجەكانیان بكەن، یاخود بە تەواوەتی جیاببنەوە‌و لەچوارچێوەی رەوتێكی سیاسی نوێیدا سەرەتایەكی تر دەستپێبكەن.

گروپی دووەم: 
پرۆگۆڕان، ئەمانە كۆمەڵێك هەڵسوڕاوی گۆڕانن لە وڵاتانی ئەوروپا،  رۆژانی 20و 21ی ئۆكتۆبەری 2018 لەشاری (لاهای)ی لە هۆڵەندا كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردن‌و هەڵسەنگاندنی دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان، لەو كۆبونەوانەدا بەرەسمی خۆیان وەك رەوتێكی ناڕازیی لە سیاسەتی ئێستای بزوتنەوەكە راگەیاند.
ئەم گروپە زیاتر هەڵسوڕاوەكانی دەرەوەی وڵاتن‌و نەپەڕیوەتەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان، دكتۆر (چیا عەباس) وەك سەرپەرشتیار‌و بزوێنەری سەرەكی ئەم رەوتەكە دەردەكەوێت، ئەم پیاوە یەكێكە لە هاوڕێ‌ دێرینەكانی نەوشیروان مستەفا، لە نەخۆشكەوتن‌و مانەوەیدا لە خانوەكەی لەندەن، ماوەیەك لەگەڵی ژیاوە، بەوتەی هەندێك لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان، سەروەتێكی زۆری مەعنەویی نەوشیروان مستەفا لەلای ئەم پیاوەیە، كە خۆی دەبینێتەوە لە دوایین تێڕوانینەكانی نەوشیروان مستەفا لەسەر شێوازی كاركردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە رابردوو لە داهاتودا، خودی دكتۆر چیا لە وتارەكانیدا بەمدواییە ئاماژەی بەوەداوە.
خاڵی بەهێزی ئەم گروپە ئەوەیە كە كەسایەتییەكانی ناوی، بەدیاریكراوی دكتۆ چیا، زیاتر لە گروپەكانی تر قسەكانی كاریگەریان لەسەر كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا هەیە، رەنگە ئەمە پەیوەندی بەو نزیكییەوە هەبێت كە لەگەڵ باوكیان هەیبووە.
یەكێكی تر لە خاڵە بەهێزەكانی ئەم گروپە ئەوەیە، لەماوەی رابردوودا بەروون‌و راشكاوی‌و بێ‌ دوودڵی لە چەند بەیاننامەیەكدا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی كێشەكانی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ رایگشتی بڵاوكردوەتەوە‌و چارەسەرەكانیشیان خستوەتەڕوو.
بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەیە زیاتر لە ئەوروپا چڕبوەتەوە‌و خودی دكتۆر چیاو كارەكتەرەكانی تری ناو گروپەكە بۆ زۆرینەی رایگشتی كوردستان نەناسراون‌و زیاتر لەلای دەستەبژێرێك ناسراوان كە لە نزیكەوە تێكەڵاوی كاری سیاسی بوون لە هەرێمی كوردستان.
ئەم گروپە لە گروپەكانی تری بەرەی ناڕازی زیاتر رێكخراوترە، سەرەتای ئازاری ئەمساڵ پرۆگۆڕان دووەمین كۆنفرانسی خۆی لە شاری (بازل) لە سویسرا بەست، لە 16ی ئەو مانگەدا بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتی دەربارەی بەشداری گۆڕان لە حكومەت‌و رێككەوتن لەگەڵ پارتی بڵاوكردەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لەماوەی رابردوودا كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، بە دیاریكراوی (چیا) چەندجارێك هەوڵیداوە لەگەڵ ئەم گروپەدا بگاتە رێككەوتن، بەڵام هەوڵەكان تائێستا بێ ئەنجام بوون.

گروپی سێیەم:
 ئەم گروپە پێكدێت لە چەند پەرلەمانتاری پێشوو‌و ئێستا‌و هەڵسوڕاوی گەنجی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەمانە هێڵی كاركردنیان تا ئەمدواییە ناڕوون بوو، بەڵام دوای پەسەندكردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، كورتەی بیروبۆچون خۆیان لە بەیاننامەیەكدا خستەڕوو، بەبێ‌ ئەوەی ناوی خۆیان لەسەر بەیاننامەكە ئاشكرابكەن, پاشان چەند كەسایەتییەكیان ناوی خۆیان خستە سەر بەیاننامەكەو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك تەمومژیان لەسەر بیروبۆچوونەكانیان هەڵگرت.
دیارترین كەسایەتییەكانی ئەم گروپە بریتین لە (كاوە محەمەد‌و غالب محەمەد ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، عەبدوڵا مەلا نوری‌و شێركۆ حەمەئەمین و ئومێد حەمەعەلی پەرلەمانتارانی پێشووی بزوتنەوەكە، عەبدوڵای كوێخا موبارەك ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی‌و ..).

گروپی چوارەم:
لەپاڵ ئەم سێ‌ گروپە سەرەكییەدا، كە شێوازی كاركردن‌و هەڵوێستیان ئاشكرابووە، گروپێكی ناڕەزایی تر لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا هەیە، ئەمانە پێكهاتوون لە چەند هەڵسوڕاو‌و پەرلەمانتار‌و بەرپرس كە هەرجارەو لە قۆناغێكدا بەلای یەكێك لە گروپەكانی ڕازیی‌و ناڕازیدا دەشكێنەوە‌و نەیانتوانیوە تائێستا وەكو كوتلەیەكی بەهێز دەربكەون.

كۆتایی گەمەكە
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو جموجوڵە سیاسییانەی كە بەمدواییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستبووە، پێشبینی دەكرێت لەماوەی یەك ساڵی داهاتوودا نەخشەی پەیكەری سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، بە شێوازێك لە شێوازەكان یەكلاببێتەوە، بەیەكگرتنەوە یان ئینشیقاقی تەواوەتی، بەتایبەتیش دوای بەشداری بەرەی رازیی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت‌و پرۆسەی هەڵبژاردنەوەی خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی كە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەكە، 25ی تەمموزی ئەمساڵ وادەی یاساییان كۆتایی دێت.
یەكێكی تر لەو فاكتەرانەی كە رەنگە كاریگەری لەسەر خێراتركردنی پرۆسەی یەكلابوونەوەی چارەنوسی پەیكەری حزبی گۆڕان هەبێت، پرۆسە‌و میكانیزی دیاریكردنی كاندیدەكانی بزوتنەوەكەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بەریكەوتووە، رەنگە ئەم پرۆسەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەكی تر لە هەڵسوڕاوان پەیوەست بكات بە بەرەی ناڕەزایەتییەكانەوە.
بێگومان فاكتەری دەرەكیش كاریگەری بەهێزی دەبێت لەسەر چۆنیەتی یەكلابونەوەی كێشە ناوخۆییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە داهاتوودا، ئەمەش پێگە‌و رۆڵی بزوتنەوەكە لە داهاتووی گۆڕەپانی سیاسیدا بڕیاری لەسەر دەدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand