دوو كۆمپانیای بیانی سكاڵا لەسەر كۆڕەك تۆماردەكەن
2019-05-23 15:12:52
(درەو میدیا):
سیروان بارزانی 75%ی پشكەكانی كۆمپانیای كۆڕەك بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان دەكڕێتەوە، دوو كۆمپانیای فەرەنسیو كوەیتی لە دادگا سكاڵا لە كۆڕەك دەكەنو داوای قەرەبوو دەكەن.
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە سایتی (بلۆمبێرگ) بڵاویكردوەتەوە، دەستەی پەیوەندییەكانو راگەیاندنی عێراق، كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی لە پشكدارێتی كۆمپانیای "كۆڕەك" كردوەتە دەرەوەو پشكەكانی بەخشیوە بە چەند وەبەرهێنێكی لۆكاڵی.
بلومبێرگ باسلەوەدەكات، دەستەی پەیوەندییەكانو راگەیاندنی عێراق فەرمانێكی ئیداری دەركردووە بۆ حەواڵەكردنی رێژەی 44%ی پشكی كۆمپانیای "ئۆرانج" كە بە هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیای "ئەجیلیتی" كوەیتی لەناو كۆمپانیای كۆڕەك هەیەتی.
فەرمانەكەی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق، خاوەندارێتی پشكی كۆمپانیای "ئۆرانج"ی فەرەنسی گواستوەتەوە بۆسەر سێ وەبەرهێنی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان كە یەكێكیان (سیروان بارزانی) برازای مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە.
بەپێی قسەی سەرچاوەكە، هەرێمی كوردستان فەرمانەكەی دەستەی راگەیاندنی عێراقی جێبەجێكردووەو خاوەندارێتی پشكەكەی گواستوەتەوە بۆسەر پشكی وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان.
بە سەندنەوەی پشكی كۆمپانیا فەرەنسییەكە، ئێستا رێژەی 75%ی كۆمپانیای كۆڕەك بە تەنیا پشكی سیروان بارزانییە.
ساڵی 2011 هەردوو كۆمپانیای "ئۆرانج"و "ئەجیلیتی" لەڕێگەی وەبەرهێنانی بڕی (810 ملیۆن) دۆلارەوە، پشكێكیان لە كۆمپانیای كۆڕەك كڕی، بەڵام دەستەی پەیوەندییەكانو راگەیاندنی عێراق ساڵی 2014 رایگەیاند، ئەو گرێبەستە بۆ كڕینی پشكەكەی كۆڕەك هەڵوەشاوەتەوە، چونكە كۆمپانیا فەرەنسیو كوەیتییەكە پابەند نەبوون بە بەڵێنەكانیان بۆ دروستكردنی تونێلو دانانی تۆڕەكان.
وتەبێژی كۆمپانیا فەرەنسییەكە رایگەیاند:" پشكی ئۆرانجو ئەجیلیتی بەشێوەیەكی نایاسایی دەستی بەسەردا گیراوەو ئۆرانج بەردەوام دەبێت لەسەر گرتنەبەری هەموو هەنگاوێك بۆ وەرگرتنی قەرەبوو".
لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای ئەجیلیتی دەڵێ" بەردەوامە لەسەر رێوشوێنە یاساییەكان لە دوبەیو نیویۆركو سەنتەری نێودەوڵەتی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە داراییەكان، بۆ گێڕانەوەی پشكەكەی لە كۆمپانیا عێراقییەكە".
لەبەرامبەردا سیروان بارزانی كە یەكێك لە بەهێزترین پیاوانی خاوەنی كار لە عێراق بەرگری لە بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانی عێراق دەكاتو دەڵێ" دادگاكانی عێراق پیشتوانی بڕیارەكەیان كردووەو بەهۆی بڕیارەكەی دەستەی پەیوەندییەكانەوە شانم داوەتەبەر مامەڵەكردن لەگەڵ قەرزەكانی كۆڕەك".