Draw Media

ناوهێنانی بارزانی لە راگەیەنراوێكی پەرلەماندا نیگەرانی لێدەكەوێتەوە

ناوهێنانی بارزانی لە راگەیەنراوێكی پەرلەماندا نیگەرانی لێدەكەوێتەوە

2019-05-25 10:53:34


(درەو میدیا): 
ناوهێنانی مەسعود بارزانی  لە راگەیەنراوی لیژنەی  ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بە ( سەرۆك بارزانی ) ناكۆكی دەخاتە نێوان ئەندامانی ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی كوردستان و دوو راگەیەنراوی دیكەی بەدوای خۆیدا هێنا.
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان رۆژی 23/5/2019 راگیەنراوێكی سەبارەت بە بارودۆخی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بڵاوكردەوە، لە راگەیەنراوەكەدا باسی رۆڵی مەسعود بارزانی كراوە لە چارەسەری ئەو كێشەیەدا " لیژنەكەمان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بەزوویی هاتینە سەر خەت و لێكۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە كردووە بە هیمەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە هەر زوو بە دەنگیانەوە هاتووە" 
ئەم راگەیەنراوە لەلایەن جێگرو بڕیاردەری لیژنەكەوە رەتكرایەوەو لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە " ئێمەوەكو جێگری سەرۆك و بڕیاردەری لیژنە بێئاگاین لەم ڕاگەیەندراوە" كە هەریەك لە جەمال هەروتی جێگری سەرۆكی لیژنە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم و مەلا ناسر بڕیار دەری لیژنەكەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بەوەكراوە "لەدەستپێكەوە تا ئێستا، هەوڵی جددی و ویستێكی ئەرێنی هەبووە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەدەرەوەی هەموو حزب و قەوارەو كەسایەتییە سیاسی و مەعنەوییەكان؛ بەپێچەوانەوە، ئەم پرسە پەیوەستبووه ‌بەپەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندییەوە، و هەموو ناوهێنانێك لەدەرەوەی ئەم سێ دامەزراوەفەرمییە، بێ بنەمایەو دەچێتەچوارچێوەی موزایەداتی سیاسییەوە"
سیروان بابان ئەندامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەكە راگەیەنراوەكە بە حزبی دادەنێت و  لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت" بەداخەوە دوێنێ شەو بەناوی لیژنەكەمانەوە لالەیەن سەرۆكی لیژنەوە بەبێ رەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكەمان بەیاننامەیەكی حیزبی ئامێزیان بلاوكردەوە لەناویدا سوپاسی سەرۆكی پارتێكی دیاریكراو دەكەن"

دەقی راگەیەندراوەكەی لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان:

راگەیەندراوێك لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان
دوای ئەوەی هێرشێكی نەخشە بۆ داڕێژراو بۆ سەر كێڵگە كشتوكاڵییەكانی خانەقین و دوبز و گوندەكانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕانی پارێزگای كەركووك ئەنجامدرا، لیژنەكەمان لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان بەزوویی هاتینە سەر خەت و لێكۆڵینەوەمان لەم هەنگاوە مەترسیدارە كردووە بە هیمەتی حەكیمانەی جەنابی سەرۆك بارزانی كە هەر زوو بە دەنگیانەوە هاتووە بەدانیشتنی لیژنەكەمان لەگەڵ جوتیارانی ئەو گوندانە و بەرزكردنەوەی ڕاپۆرتمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان توانرا ڕێگە لەو پلانە بگیرێت و بەفەرمانێك ئێستا ڕێگە دەدرێت ئەو جوتیارانە كاری دروێنەی خۆیان بكەن.

ئێمە وەك چۆن سەرەتا بەڵێنمان پێدان تەواوی هەوڵەكانمان دەخەینە گەڕ كە ئەم كێشەیە بەزوویی چارەسەر بكەین بەڵێنی ئەوەشیان پێدەدەین بەزوویی لەڕێگەی یاساوە مافەكانیان بپارێزرێن... لێرەشەوە سوپاسی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی بەغداد دەكەین كەهاوكاری باشمان بوون بەدەم داوای لیژنەكەمانەوە هاتن.
لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لە پەرلەمانی كوردستان
23ی ئایاری ساڵی 2019

دەقی راگەیەنراوی ئەندامانی یەكێتی لە لیژنەكە  
‎لەڕۆژی ٢٣-٥-٢٠١٩ ڕاگەیێندراوێك لەلیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەماڵپەڕی فەرمی، پەرلەمانی كوردستان، بڵاو كراوتەوە لەلایەن سەرۆكی لیژنەی ناوچەكوردستانییەكان لەهەمبەر ڕەوشی خانەقین، دوبز، و گوندەكانی سەر بەناحیەی سەرگەڕانی  پارێزگای كەركوك. 
‎لێرەوە ئەم ڕوونكردنەوەیە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین، كەئەم بۆچونە دیراسەنەكراو و هەڵوەستەنەكراوە، و تەنها ڕاو و بۆچونی سەرۆكی لیژنەو ئەندامانی فراكسیۆنەكەیەتی؛ ئێمەوەكو جێگری سەرۆك و بڕیاردەری لیژنە بێئاگاین لەم ڕاگەیەندراوە.
‎لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین كەلەسەرەتای دروستبوونی ئەم كێشەیەوەـ كەدەستێكی تێكدەر و ویستێكی مەترسیدار زیان دەگەیێنێت بەبەرژەوەندی جوتیار و هاووڵاتییانی ناوچەكە بەگشتی لەلایەن داعش و عەرەبە هاوردەكانەوەـ ئێمە وەكو لیژنەی ناوچەكوردستانییەكان، خەمخۆرییان بووین و كێشەكانمان بەدروستی گەیاندووەتەلایەنەپەیوەندیدارەكان بەپرسەكە. 
‎لەدەستپێكەوە تا ئێستا، هەوڵی جددی و ویستێكی ئەرێنی هەبووە بەئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەدەرەوەی هەموو حزب و قەوارەو كەسایەتییە سیاسی و مەعنەوییەكان؛ بەپێچەوانەوە، ئەم پرسە پەیوەستبووه ‌بەپەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندییەوە، و هەموو ناوهێنانێك لەدەرەوەی ئەم سێ دامەزراوەفەرمییە، بێ بنەمایەو دەچێتەچوارچێوەی موزایەداتی سیاسییەوە. 
‎بۆیه ‌هەموو هەوڵێكی بەلاڕێدابەر ڕەتدەكەینەوه، و ڕایدەگەیەنین كەپاراستنی ژیان و بژێوی هاووڵاتییان و زامنكردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری، جێگەی هیچ جۆره ‌موزایەدەیەكی تێدا نابێتەوه؛ داواكارین ئەم جۆره ‌هەوڵە بێ بەرهەمانه ‌نەبنەڕێگر لەبەردەم كاری پێكەوەیی و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەی هاووڵاتییان.
جەمال هەروتی /جێگری سەرۆكی لیژنە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم
مەلا ناسر بڕیار دەری لیژنە

 

دەقی راگەیەنراوی سیروان بابان پەرلەمانتاری نەوەی نوێ

پەرلەمان و لیژنەكانی مولكی هیچ حیزبێك نین..
من وەك ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان،
چ بەتەنهاو بەهاوبەشی لەگەل گشت ئەندامانی ئەو لیژنەیە كارمان كردووە بۆ ئەوەی بەدەم كێشەی هاوولاتیانمانەوە بچین و هاوكاریان بین.
ئەو كێشانەی كەلەئەنجامی ئەو بارە نالەبارەی دوای ریفراندۆم و شانزەی ئۆكتۆبەر هاتونەتە ئاراوە.
هاولاتیانی كورد لەو ناوچانە توشی چەندین ناڕەحەتی بونەتەوەو ژیان و گوزەرانیان كەوتوەتە ژێر هەڕەشەی تەعریبكردنەوە.
لەم دواییشدا كار گەیشتە ئەوەی كە نەتوانن دەغل و دانیان كەمولكی باوو باپیرانیانە دروێنە بكەن. 
ئەو هەولانەی كەوەك لیژنەو هەروەها وەك پەرلەمانتار داومانە، ناچێتە بالانسی هیچ لایەنێكەوە.
بەداخەوە دوێنێ شەو بەناوی لیژنەكەمانەوە لالەیەن سەرۆكی لیژنەوە بەبێ رەزامەندی زۆرینەی ئەندامانی لیژنەكەمان بەیاننامەیەكی حیزبی ئامێزیان بلاوكردەوە لەناویدا سوپاسی سەرۆكی پارتێكی دیاریكراو دەكەن.
من هەر ئەوكات و ئێستاش لێرەوە ئەو بەیاننامەیە رەتدەكەمەوە و كاری من لەولیژنەیە پەیوەست دەكەم بەبێلایەنی و پاوان نەكردنی حیزب و كەسایەتیەكانەوە.
هەر بۆ زانین، لەهەفتەی رابردوودا چەندین جار بەتاكە بال سەردانی مەیدانیی كەركووك و چەند ناوچەیەكم كردووە و بەهیچ شێوەیەك باسیشم لێوە نەكردووە چونكە ئەوە بەشێكە لەئەركی پەرلەمانتاریم.
ئێمە لەپەرلەمان و لەلیژنەكان دەبێت بە ڕۆحی كوردانە كار بكەین نەك بۆ پیاهەلدانی سەركردەكان كەزۆربەیان هۆكاری ئەو بارە نالەبارەی ئێستای شاری كەركووك و ناوچە دابراوەكانن. 
سیروان بابان / ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان،
٢٠١٩/٥/٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand