سەرۆكایەتی هەرێم لە سەری رەشەوە بۆ هەولێر
2019-05-21 16:54:35
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف
نێچیرڤان بارزانی دوای پشووی جەژنی رەمەزان وەكو سەرۆكی هەرێم دەستبەكاردەبێت، (درەو میدیا) زانیویەتی ئێستا سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلارێكی نوێیە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەو دامەزراوەیە لەسەر "چیای سەری رەش" دەهێنێتە خوارەوە.
رۆژی 8ی ئەم مانگە، بەزۆرینەی دەنگی (89) پەرلەمانتار لە كۆی (111) ئەندام، پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی پێشنیازی "هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمو شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"ی پەسەندكرد.
چوار رۆژ دوای پەسەندكردنی ئەم یاسایە، واتە رۆژی 12ی ئەم مانگە، پەرلەمانی كوردستان بەفەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردەوە.
رۆژی 15ی ئەم مانگە وادەی یاسایی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كۆتایی هات، كە بەپێی یاساكە لەناو پەرلەمانی كوردستان هەڵدەبژێردرێت.
بەپێی یاسا پەسەندكراوە نوێیەكە، دەبوو دوو رۆژ دوای داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو كەسانە بۆ رایگشتی ئاشكرا بكات كە مەرجە یاساییەكانیان تێدا بووەو كاندیدبونیان پەسەندكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوو رۆژ پشووی فەرمی هەبوو، پەرلەمان رۆژی 19ی مانگ ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم راگەیاند كە ئەمانەن:
• نێچیرڤان ئیدریس بارزانی
• ئومێد عەبدولسەلام قادر
• محەمەد حەمەساڵح عومەر
• رێبوار عەزیز مستەفا
• هیوا عەبدوڵا خدر
ئەمڕۆ وادەی یاسایی لەبەردەم ئەو كەسانەدا تەواو دەبێت كە ناویان وەكو كاندید پێكەشكردووەو سەرۆكایەتی پەرلەمان كاندیدبوونی رەتكردونەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تائێستا هیچ تانەیەك لە دادگای تەمیز تۆمارنەكراوە، چونكە تەنیا كاندیدبوونی یەك كەس رەتكراوەتەوە، كە (فەرهاد پیرباڵ)ەو ئەویش جگە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەم راگەیاندنەكاندا دژ بە بڕیاری دورخستنەوەی، باسی لەوە نەكردووە كە بەشێوەی یاسایی لە دادگای تەمیز تانەی پێشكەش كردبێت.
بەگوێرەی رێوشوێنە یاساییەكان، رۆژی 23ی ئەم مانگە، واتە پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی خۆی رادەگەیەنێت، بەهۆی ئەوەی هیچ تانەیەك تۆمارنەكراوە، دادگا دوچاری هیچ سەرئێشەیەك نابێتەوەو لەوادەی خۆیدا بڕیاری كۆتایی رادەگەیەنێت.
كاندیدێكی بێ ركابەر !
ئێستا بەپێی نوسراو، نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان، (4) ركابەری هەیە، بەڵام لە واقیعدا هیچ یەكێك لەو ركابەرانە ناتوانن ببن بە بەربەست لەبەردەم گەیشتنی نێچیرڤان بارزانی بە كورسی سەرۆكی هەرێم كوردستان، چونكە هیچ یەكێك لەو كاندیدانە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان نینو بەشێوەی سەربەخۆ چونەتە ناو گەمەكەوە.
سەرباری ئەمە، پارتی بە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، زۆرینەی رەهای دەنگی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرخستنی نێچیرڤان بارزانی مسۆگەركردووە، دەنگی پشتیوانی نێچیرڤان بارزانی ئێستا لەناو پەرلەمان پێكهاتووە لەم دەنگانە:
• فراكسیۆنی پارتیو سۆسیالیست: 46 دەنگ
• فراكسیۆنی یەكێتی: 21 دەنگ
• فراكسیۆنی گۆڕان: 12 دەنگ
• دەنگی كورسی كۆتاكان: 11 دەنگ
بەرپرسانی پارتی دەڵێن نێچیرڤان بارزانی تەنیا كاندیدی پارتی نییە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵكو كاندیدی (بزوتنەوەی گۆڕانو یەكێتی نیشتیمانی)شە.
بەپێی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور، سەرۆكی نوێی هەرێم لەناو پەرلەمان بە "دەنگدانی ئاشكرا"و بە "دەنگی زۆرینەی رەها" واتە (دەنگی 56 پەرلەمانتار لە كۆی 111 پەرلەمانتار) هەڵدەبژێردرێت.
ئێستا نێچیرڤان بارزانی لەكۆی 111 دەنگی پەرلەمان، نەك تەنیا (56) دەنگ، بەڵكو (90) دەنگی زامن كردووە.
جگە لەو لایەنانەی كە پشتیوانی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەی پارتی دەكەن، چوار لایەن لەناو پەرلەمان هەن پشتیوانی كاندیدی پارتی ناكەنو بەشێك نین لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام هیچ یەكێك لەو لایەنانە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، ئەو لایەنانە بریتین لەمانە:
• جوڵانەوەی نەوەی نوێ: 8 كورسی
• كۆمەڵی ئیسلامی: 7 كورسی
• یەكگرتووی ئیسلامی: 4 كورسی
• حزبی شیوعی: 1 كورسی
ئەم لایەنانە لەسەرەتاوە هەندێك گفتوگۆیان كرد بە ئومێدی ئەوەی بتوانن پێكەوە كاندیدێكیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، بەڵام دواتر پاشگەزبونەوە، بەپاساوی ئەوەی ئەوان لەبنەڕەتەوە دژی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بوون كە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە.
هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم
بەپێی یاسا كارپێكراوەكە، دەبێت لەرۆژی یەكشەممەی داهاتوو كە دەكاتە 26ی ئایار، پەرلەمانی كوردستان لەماوەی (3 رۆژدا) دانیشتنێك سازبدات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان.
شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاساكە، بە "دەنگدانی ئاشكرا" دەبێت، ئەمە سەرەتا هەندێك مشتومڕی دروستكرد، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیە چارەسەركراوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكدا، هەر پێنج كاندیدەكە پێكەوە دەخەنە دەنگدان، كامیان دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناوی لێدەنرێت.
بەگوێرەی ئاماژەكان، نێچیرڤان بارزانی بەئاسانیو بەتێكڕایی دەنگی (90) پەرلەمانتار وەكو سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، هەندێك لە بەرپرسانی پارتی باسلەوە دەكەن دەنگەكانی دەگاتە (91) دەنگ.
لەبەرامبەر ئەمەدا بەرەی نەیاری یاسای سەرۆكایەتی ژمارەیان (20) كورسییە لەناو پەرلەمان، سەرباری ئەوەی ئەم بەرەیە هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم نییە، رەنگە تەنانەت بە "نەخێر"یش لەدژی نێچیرڤان بارزانی دەنگ نەدەنو لەبری ئەوە هۆڵی پەرلەمان بەجێبهێڵن، چونكە هەندێك لەو لایەنانە نایانەوێت پارتیو بەدیاریكراوی نێچیرڤان بارزانی لەخۆیان نیگەران بكەن.
لەكاتی دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێمی كوردستان، هیچ یەكێك لەو (5) كەسەی كە خۆیان كاندیدكردووە، لەبەردەم پەرلەمان ئامادە نابن.
لە سەری رەشەوە بۆ هەولێر !
بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا نێچیرڤان بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە بۆ خۆیو هەردوو جێگرەكەی.
(درەو میدیا) زانیویەتی، تەلاری نوێی سەرۆكایەتی هەرێم دەكەوێتە ناوەڕاستی شاری هەولێرەوە.
واتە دوای 14 ساڵ لە دروستبوونی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی بارەگای سەرەكی ئەم دامەزراوەیە لە "سەری رەش"و لوتكەی چیایەكەوە دەهێنێتە خوارەوە بۆ ناو شارو نزیك لە خەڵك.
سوێندخواردن
بەپێی وادەی یاسایی، دەبێت سەرۆكی نوێی هەرێم دوای هەڵبژاردنی لە پەرلەمانی كوردستان، لەماوەی (7) رۆژدا لە مەراسیمێكدا سوێندی یاسایی بخواتو دەستبەكار ببێت.
پێشبینی دەكرێت، مەراسیمی سوێندخواردنو دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی نوێی هەرێم بكەوێتە دوای پشووی جەژنی رەمەزانەوە.
راسپاردنی مەسرور بارزانی
(درەو میدیا) زانیویەتی، نێچیرڤان بارزانی هاوكات لەگەڵ سوێندخواردنیدا وەكو سەرۆكی هەرێم، مەسرور بارزانی ئامۆزای بەفەرمی رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
مەسرور بارزانی كە كاندیدی پارتییە بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت، بەپێی یاسا ماوەی (30) رۆژی لەبەردەمدایە كابینەكەی بباتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی وەرگرتنی متمانە، پێشبینی دەكرێت مەسرور بارزانی زۆر زوتر لەوادەی دیاریكراو ناوی كاندیدی لایەنە بەشدارەكان بۆ پۆستە وزارییەكان بخاتە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەی لەدوای دەستبەكاربونی نێچیرڤان بارزانییەوە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم، پۆستی سەرۆكی حكومەت بەزویی پڕبكرێتەوەو كۆتایی بەوادەی حكومەتی كاربەڕێكەر بهێنرێت.