یەكێتی, پارتی تۆمەتباردەكات بە گرژییەكانی كەركوك
2019-05-20 09:47:39
درەو میدیا:
" ئەوانەی لەهەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك هەڵدەڕێژن دەبێ باش بزانن دۆخی كەركوك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە" ئەمە بەشێكە لە راگەیەنراوی مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند:
بەیاننامەكەی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پشت روداوەكانی ئەم چەند رۆژەی پارێزگای كەركوك تۆمەتبار دەكات" ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە ، بێ گومان ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتیان پەكخستوە بە بیانویش بێ بنەما،جگە لەوەی كە بونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ،لە هەمان كاتدا وایانكردووە كەوا ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببێ تەنانەت لە چاودێریكردنی كارو بارەكانی پارێزگار"
مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تاوانباری سەرەكی روداوەكانی كەركوك دەزانن" لە كاتێكدا لە موسل و تەواوی شوێنەكانی تری عیراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەست لەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.دەبێ ئەو راستیە باش بزانن ئەوان تاوانباری سەرەكین ،بۆیە بەپاساوی بێ بنەما ئەستۆپاكیان ناسەلمێنر"
.
دەقی راگەیەندراوەكە.
ڕاگەیاندراوێك لە مەڵبەندی دووی ڕێكخستنی كەركوك
سەبارەت بە كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی ڕۆژی 19/5/2019 ی ڕاكان سعید جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك بە پێویستمان زانی چەند ڕاستیەك بۆ ڕای گشتی بخەینە ڕوو
یەكێتی نێشتیمانی كوردستان هیچ جۆرە هاوبەشیەكی لەگەڵ ڕاكان سعید و حكومەتی خۆ جێیەتی پارێزگای كركوك نیە. بەڵام یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵكی پارێزگای كەركوك دەكات ، ئاساییە لە پەیوەندیدابێت لە گەڵ حكومەتی خۆجێیەتی بۆ رایكردنی كارو باری هاوڵاتیان و چارەسەركردنی كێشەكانیان. هەروەها سەبارەت بەوەی خەڵكی گوندەكانی ناحیەی سەرگەڕان كەوا خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەنین و عەرەبە هاوردە كان خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەن ،بۆ ئەم بابەتە ئێمە وەكو یەكێتی سەرژمێری ساڵی 1957 بە بنەما دەگرین و بزانین كێ خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیە ، ئەوەی ڕاكان جبوری بە خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكەیان دەزانێ ئەمانە عەرەبی هاوردەن و ئەوەی شارەزاشبێت لە جوگرافیا دەزانێ سنوری نیشتەجێبوونی عەشیرەتی شەمەر لە كوێیە. (ی ن ك) بۆ چارە سەری كێشەكان دەستورو یاسا بە مەرجەعی یەكلاكەرەوە دەزانێت بۆ ئەم پرسەو تەواوی پرسە چارەسەر نەكراوەكانی ناوچە جێ ناكۆكەكان كەوا مادەی 140 ی دەستوری چوارچێوەی چارەسەریەتی .
هەروەها لەبارەی ڕێكەوتنی یەكێتی لەگەل ڕاكان سعید وەكو پارێزگار بمینێتەوە تاكو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەمە دوورە لە ڕاستی ،ئەمەی كراوە جێگری پارێزگار بۆ پێكهاتەی عەرەب بێت ،كەواتە دیارە پارێزگار ی كەركوك مافی كام پێكهاتەیە.
سەبارەت بەم بابەتە چەند كەناڵێكی میدیاو سوشیال میدیا كەوتونەتە هەڵمەتَكی بێ بنەما لە بەرامبەر كەركوك و شێواندنی ڕاستیەكان.ئێمە دەپرسین كێ لە پشتی ئەم شێواندنەیە ، بێ گومان ئەوانەی كە بەشێك لە لیستی برایەتیان پەكخستوە بە بیانویش بێ بنەما،جگە لەوەی كە بونەتە هۆكار بۆ دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك ،لە هەمان كاتدا وایانكردووە كەوا ئەنجومەنی پارێزگاش سست ببێ تەنانەت لە چاودێریكردنی كارو بارەكانی پارێزگار .هەروەها ئەوانەی لەهەولێر فرمێسكی تیمساحی بۆ كەركوك هەڵدەڕێژن دەبێ باش بزانن دۆخی كەركوك لە ئەنجامی ڕیفراندۆمە سەقەتەكەی ئەوان هاتە كایەوە. لە كاتێكدا لە موێل و تەواوی شوێنەكانی تری عیراق بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی و ڕۆژانە دەست لەملانەی سەركردەكانی حەشدی شەعبی دەكەن و هەوڵی ڕێكەوتنی ژێر بەژێر دەدەن تەنانەت لە گەڵ پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت.دەبێ ئەو راستیە باش بزانن ئەوان تاوانباری سەرەكین ،بۆیە بەپاساوی بێ بنەما ئەستۆپاكیان ناسەلمێنری .
هەروەها لەم بارەیەوە بە پێویستی دەزانین هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار بەرێز دكتۆر بەرهەم و ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بەرز دەنرخێنین و هیوادارین بەردەوام بن لە پاڵپشتی كردنی چارەسەری كێشەی جوتیاران و تەواوی كێشەكانی تری كەركوك.
لە كۆتایدا بە جەماوەری خۆشەویستی پارێزگای كەركوك رادەگەیەنین هەمیشە بەردەوام دەبین لە پاڵپشتی كردنیان بۆ چارەسەری كێشەكانیان و بەدەست هێنانی مافەكانیان.
لەگەڵ ڕێزماند
ڕاگەیاندنی مەڵبەنی دووی ڕێكخستنی كەركوك
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان
19/05/2019