راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكبوەتەوە، بەڵام زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین و هۆشدارییان بە مەكتەبی سیاسی داوە ، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتیو پارتی بڵاودەكاتەوە. مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرەشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێر، لە هەولێر كۆبوەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی سەركردایەتی یەكێتی پەیامی هۆشدارییان بۆ كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناردووەو ئاگاداریان كردونەتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی بەوشێوەیە پەسەندناكەن كە ئێستا مەكتەبی سیاسی دەیەوێت تێی پەرێنێت. بەو هۆیەوە كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی تێكچووەو و بە بێ رێكەوتن كۆتایی هاتووە بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەكتەبی سیاسی یەكێتی قایلە بە پێشنیازەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت. رۆژی چوارشەممەی رابردوو، وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو پارتی لە سلێمانی كۆبونەوە، ئەو كۆبونەوەیە بەبێ گەیشتن بە رێككەوتن كۆتایی هات، بەڵام تاڕادەیەك هەردوولا لە رێككەوتن نزیكبونەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە دوێنێوە بەبەردەوامی بەرپرسانی پارتیو یەكێتی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە لە پەیوەندیكردندا بوون لەگەڵ یەكتر، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆسرەت رەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری حزبەكەیان هانداوە بەئاڕاستەی رێككەوتن لەگەڵ پارتی، بەرهەمی ئەم جموجوڵانە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لێكەوتەوە لەنێوان كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی. لەسەر چی رێككەوتن ؟ بڕیارە سبەینێ وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو پارتی جارێكی تر كۆببنەوە( بەپێی وتەی حاكم قادر) ، پێشبینی دەكرێت رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پشكەكانی یەكێتی لە حكومەت ئیمزا بكرێت. یەكێتی كە پێشتر لە دانوستانەكانی لەگەڵ پارتی جەختی لەسەر وەرگرتنی دوو پۆستی باڵا دەكرد لە كۆی چوار پۆست (وەزارەتی ناوخۆ- ئەنجومەی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە)، ئێستا بەبێ وەرگرتنی هیچ یەكێك لەو پۆستانە قایل بووە، بەڵام پارتی لەبری ئەوە ژمارەی وەزارەتەكانی یەكێتی لە كابینەی نویدا لە (5) وەزارەتەوە بۆ (6) وەزارەت زیادكردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە بری وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی زۆر جەختی لەسەر وەرگرتنی دەكرد، پارتی وەزارەتی پلاندانانی بە یەكێتی داوە. بڕیارە وەزارەتی پلاندانان بدرێت بە (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)، ئەم وەزارەتە بایەخەكەی لەوەدایە وەزیرەكەی ئەندام دەبێت لە ئەنجومەنی نەوتو غازی هەرێمی كوردستاندا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە سەرەكییەكە بێت كە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بە وەرگرتنی ئەو پۆستە قایل بووە، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە ئەنجومەنی نەوتو غازدا دەرباز كۆسرەت رەسوڵ هاوشانی نێچیرڤان بارزانیو قوباد تاڵەبانی دادەنیشێت (ئەنجومەنی نەوتو غاز لە پێنج ئەندام پێكدێت كە بریتین لە سەرۆكی حكومەت، جێگری سەرۆكی حكومەت، وەزیری سامانە سروشتییەكان، وەزیری دارایی، وەزیری پلاندانان). بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هەیەو بڕیارە یەكێتی پەسەندی بكات، پشكی یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا بریتی دەبێت لەم پۆستانە: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆكی هەرێم • جێگری سەرۆكی حكومەت • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی تەندروستی • وەزارەتی كشتوكاڵ • وەزارەتی خوێندنی باڵا • وەزارەتی شەهیدان • وەزارەتی پێشمەرگە • دەستەی وەبەرهێنان • بریكاری وەزارەتی ناوخۆ • بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان • جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە یەكێتی پێشتر دووجار رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كرد لەسەر بەشداریكردنی لە حكومەت، جاری یەكەمیان لە رۆژی 5ی شوباتی رابردوو بوو كە تێیدا هەردوولا لەسەر پرسی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی عێراقو دیاریكردنی رۆژی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان رێككەوتن، جاری دووەمیش ئیمزاكردنی رێككەوتن بوو لە مەراسیمێكدا لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا، كە رێككەوتن بوو لەسەر بەرنامەی حكومەت. پرسی سەرۆكایەتی هەرێم پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم یەكێك لەو كارتە بەهێزانە بوو كە لەسەرەتای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، بەدەست یەكێتییەوە بوو. یەكێتی زوو هەستی بە بایەخی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كرد بۆ پارتی (بەوپێیەی ئەو پۆستە پارسەنگی ناكۆكییەكانی بنەماڵەی بارزانی راگرتووە)، بەڵام دوو هۆكار وایانكرد یەكێتی ئەو كارتە بەهێزە لەدەستبدات، هۆكاری یەكەم، زۆری ژمارەی كورسییەكانی پارتی لە پەرلەمان، هۆكاری دووەم، رێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی. ئەو دوو هۆكارە كارتەكەی دەستی یەكێتییان سوتاند، ئێستا یەكێتی لەنێوان دوو بەرداشدایە، هەندێك پێیانوایە یەكێتی نابێت بەشداری پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، تا لەو رێگەیەوە تۆڵەیەكی مێژوویی لە بزوتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە، كە پێشتر یەكێتی تۆمەتباردەكرد بە پشتیوانیكردنی پارتی لە پرسی سەرۆكایەتیو هەرێمو ئێستا خۆی بەهەمان رێگادا دەڕواتەوە، هەندێكی تر لە یەكێتییەكان دەڵێن، یەكێتی بەشداری لە پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، چونكە چیتر بەرپرسیارێتی مێژوویی لە ئەستۆدا نەماوەو پرۆژەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەن پارتیو بزوتنەوەی گۆڕانەوە ئامادەكراوە. بۆچونە جیاوازەكانی یەكێتی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتییەوە روبەڕووی مەرجی پارتی دەبێتەوە، چونكە پارتی بەمەرجێك پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بە یەكێتی دەدات، یەكێتی دەنگ بە پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بدات. دۆسیەی كەركوك چی لێهات ؟ پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك، یەكێك لەو پرسانە بوو كە لەسەرەتاوە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی توشی ئیفلیجی كرد. یەكێتی لە سەرەتاوە سوربوو لەسەر ئەوەی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك ببەستێتەوە بە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمەوە، یەكێتی كە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چاوی لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بوو، دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت كە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ كەسێك دەبێت لە یەكێتی، دوای چەندین كۆبونەوە پارتی ملی بۆ خواستەكەی یەكێتی نەدا، دواجار یەكێتی قایل بوو بەوەی چارەنوسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك رادەستی كۆسرەت رەسوڵو مەسعود بارزانی بكرێت لە داهاتوودا، واتە دوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم. وەزارەتی دادی عێراق ! پۆستی وەزارەتی دادی عێراقیش كە پشكی كوردەو بەهۆی ناكۆكی نێوان پارتیو یەكێتییەوە تائێستا ئەو وەزارەتە پڕنەكراوەتەوە، یەكێكی تر لەو بابەتانە بوو كە لەسەرەتاوە كێشەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستكردبوو. هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی دەیویست گرەنتی لە پارتی وەرگرێت پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ ئەو دەبێت، یەكێتی ئەمەی كردبوو بەمەرج بۆ بەشداریكردنی لە حكومەت، بەڵام دواجار هاوشێوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، یەكێتی چارەنوسی پۆستی وەزارەتی دادیشی رادەستی قۆناغی دوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كرد. پارتی بەزارەكی بەڵێنی داوە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی دەبێت، بئەو پۆستە بە كێ دەدرێن لەناو یەكێتی، پارتی دواجار قسەی یەكلاكەرەوەی دەبێت، بەڵام پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ یەكێتی یەكلابووەتەوە. رێككەوتنەكە نەیاری زۆرە ! (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكەوە لەناو یەكێتی زانیویەتی، بەرهەم ساڵحو بافڵ تاڵەبانیو لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ رێككەوتنەكەدا نین. لە كۆبونەوەی ئەمشەوی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا هیچ یەكێك لەو سێ كەسایەتییە بەشدارییان نەكرد. رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ پارتی بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، لە ماڵباتی تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكات، قوباد تاڵەبانی بەشداری كۆبونەوەكەی ئەمشەوی هەولێری كرد. بەگوێرەی زانیارییەكان، زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی لەگەڵ رێككەوتنەكە نین بەوشێوەیە، چونكە پێیانوایە ئەم رێككەوتنە زامنی "بەشداری راستەقینەی یەكێتی لە دەسەڵات" نەكردووە، بەڵام زۆرینەی مەكتەبی سیاسی پشتیوانی رێككەوتنەكە دەكەن. یەكێتی كە پێویستی بە ژمارەیەكی زۆر پۆست هەیە بۆ قایلكردنی باڵە جیاوازەكانی، بەم رێككەوتنە تاڕادەیەك پێداویستی باڵەكانی بۆ پۆست چارەسەر دەكات: • پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت (قوباد تاڵەبانی) • پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم (حاكم قادر یاخود عیماد ئەحمەد) • وەزیری پلاندانان (دەرباز كۆسرەت رەسوڵ)
درەو میدیا: لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستاندا سێ پرۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خراوەتە بەردەم سەرۆكایەتی پەرلەمان ( پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی، پرۆژەی كۆمەڵ، پرۆژەی نەوەی نوێ) بەڵام سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان تەنها پرۆژەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی ئاراستەی لیژنەی یاسایی كردووە، سبەی شەممە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت، لە پرۆژەكەی نەوی نوێ و كۆمەڵدا بەروونی ئاماژە بەوەكراوە كە دەبێت دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم پرۆتۆكۆڵی بن هاوشێوەی بەغداد و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام لە پرۆژەی هاوبەشەكەی گۆڕان و پارتیدا سەرۆكی لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمیش سپێردراوە بە دەستور، واتا سەرۆكی هەرێم تەواوی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشووی هەرێمی دەبێت. ئەو پرۆژە هاوبەشەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەتەواوی جیاوازە لەو پرۆژەیەی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 10ی حوەزیرانی 2015 بۆ هەمواركردنەوەی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كرد، كە هەریەك لە یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتووش پرۆژە یاسان پێشكەشكرد، بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەدا كە خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆكرا سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی باڵای راپەڕاندن نیەو سەركردایەتیەكی پرۆتۆكۆڵی هێزە چەكدارەكانە هاوشێوەی بەغداد، بەڵام بەپێی ئەو پرۆژە یاسا هاوبەشەی پارتی و گۆڕان كە كارپێكردنی یاسا كۆنەكەیە سەرۆكی هەرێم سەرۆكا باڵای راپەڕاندن( جێبەجێكردن)ەو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێمە، لە پرۆژە یاسا هاوبەشەكەدا سەرۆكی هەرێم ( نێچیرڤان بارزانی) تەواوی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پێشویی هەرێم ( مەسعود بارزانی) دەبێت و دەستكاریكردنی دەسەڵاتەكانیشی سپێردراوە بە دەستورەوە. ئەوەی لە پرۆژە یاساهاوبەشەكەی گۆڕان و یەكێتیدا دەستكاریكراوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە لەناو پەرلەماندا، كە گەڕانەوەی بۆ ساڵی 2005 كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵبژێردراو پەرلەمانیش توانای لێپرسینەوەی نەبوو، لەهەمانكاتدا سیستمی حوكمڕانی هەرێمیشی نەكردە پەرلەمانی. ئێستا فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بەهاوبەشی پرۆژە یاسایەكیان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەمواری یاساكەی پێشكەشكردووە كە جیاوازییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەو دوو پرۆژە یاسایە بەتایبەت لە رووی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمەوە، جیاوازییەكان بەم شێوەیەیە: • لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا بەتەواوی دەسەڵاتی باڵای راپەراندن لە سەرۆكی هەرێم دەسێنێـەوە، بەڵام لە پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕانو پارتی كارایدەكەنەوە، تەنها لەمادەی یەكەمیدا دەڵێت سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای راپەڕاندن ( جێبەجێكردن)ە لە هەرێمی كوردستان. • لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا سەرۆكی هەرێم سەركردایەتی هێزە چەكدارەكان دەكات تەنها بەمەبەستی پرۆتۆكۆڵی، بەڵام لە پرۆژە یاساكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕانو پارتی كارایدەكەنەوە یاسا كۆنەكەی سەرۆكی هەرێمە سەرۆكی هەرێم سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و قەرماندەی گشتی هێزەكانی پێشمەرگەیە . • لە پرۆژە یاساكەی ساڵی 2015ی فراكسیۆنی گۆڕاندا داوادەكات، سەرۆكی هەرێم بە دەنگدانی نهێنیو بە زۆرینەی دوو سێیەكی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە پرۆژەی 2019یدا رێككەوتنی لەگەڵ پارتی كردووە كە بۆ تەنها یەك خول سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانەوە هەڵببژێدرێتو بۆ خولەكانی تر دەستوری هەرێم یەكلاییبكاتەوە. • لە پرۆژە یاساكەی 2015دا فراكسیۆنی گۆڕان، داوادەكات سەرۆكی هەرێم دوو جێگری هەبێت بۆئەوەی هاوكاریی بكەن لە ڕاپەراندنی ئەركەكانیو، لە كاتی ئامادە نەبونی دا جێگەی بگرنەوە بە پێی ریزبەندیان، بەڵام لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا كە فراكسیۆنی گۆڕانو پارتی كارایدەكەنەوە، تەنها ئاماژە بە یەك جێگر دراوە. • لە پرۆژە یاساكەی 2015یدا فراكسیۆنی گۆڕان جەختدەكاتەوە دەبێت سەرۆكی هەرێمو جێگرەكانی بەر لە سوێند خواردنیان دەبێت دەست لە پۆستی حزبی بكێشنەوە، بەڵام ئەم خاڵەش لە یاسا كاراكراوەكەدا نییە. • لەو پرۆژە یاسایەدا فراكسیۆنی گۆڕان لە خاڵێكدا مافی سەندنەوەی متمانەی لە سەرۆكی هەرێم بە پەرلەمان بەخشیوە لە دەنگدانێكی نهێنیدا. • ئەوەشی داناوە كە بە داوای (40) چل ئەندامی پەرلەمان و لە سەر بنەمای لێپرسینەوە، بە دەنگی (2/3) دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان، سەرۆكی هەرێم لە دەنگدانێكی نهێنیدا لە ئەرك و فرمانەكانی دەبەخشرێت، لە كاتی شكاندنی سوێندی یاسایی، پێشێلكردنی یاسا و خیانەتی گەورە، بەڵام لە یاسا كارپێكراوەكەدا ئەو مافەی بە پەرلەمان نەداوە.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ- محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان چۆن ساڵی رابردوو پێكەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمیان هەڵپەسارد، ئێستاش پێكەوە دامەزراوەكە كارا دەكەنەوە. پارتیو گۆڕان پرۆژە یاسایەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد. پرۆژەكەی پارتیو گۆڕان ئیمزای (68) پەرلەمانتاری لەسەرە، واتە دەنگی (11) پەرلەمانتارەكەی كۆتایی كەمینەكانی لەگەڵدایە. رۆژی 29ی ئۆكتۆبەری 2017 مەسعود بارزانی دوای (12) ساڵ سەرۆكایەتی، لە پۆستی سەرۆكی هەرێم كشایەوە، بەپێی یاسایەك دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم دابەشكرا بەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمانو سەرۆكایەتی حكومەتو دەسەڵاتی دادوەریدا، بەپێی یاسایەكی تریش كارەكانی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵپەسێردرا. (درەو میدیا) دەقی پرۆژەیاسا هاوبەشەكەی پارتیو گۆڕانی دەستكەوتووە، پرۆژەكە لە (8) ماددە پێكهاتووەو ناوی "پێشنیازی یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراقو هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تا پەسەندكردنی دەستور"ی لێنراوە. بەشێوەیەكی گشتی پرۆژەكە خۆی لەم خاڵانە دەبینێتەوە: • یاسای هەڵپەساردنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارەی (10)ی ساڵی 2018 هەڵدەوەشێتەوەو دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە • یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستورییەكانی هەرێم ژمارەی (2)ی ساڵی 2017 هەڵدەوەشێتەوە • پەرلەمانی كوردستان سەرۆكێك بۆ هەرێم هەڵدەبژێرێت بەو دەسەڵاتانەی كە لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا هەیە تاوەكو پەسەندكردنی دەستور (واتە سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان داوای كەمكردنەوەی دەكردن، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش لەناو پەرلەمان بۆ یەك خولەو گەرەنتی نەكراوە سیستمی حوكمڕانی هەرێم بكرێت بە پەرلەمانیی). • ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ تەواوبوونی ماوەی ویلایەتی پەرلەمان كۆتایی دێت • دوای سێ رۆژ لە دەرچوونی ئەم یاسایە (واتە پەسەندكردنی لە پەرلەمان)، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەكرێتەوە • ئەوانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كاندید بكەن، دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا دوای كردنەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن سیڤی خۆیان پێشكەش بكەن • دوای دوو رۆژ لە داخستنی دەرگای خۆپاڵاوتن، سەرۆكایەتی پەرلەمان ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیەنێت كە مەرجی یاساییان تێدایە • هەر كەسێك لەوانەی داواكارییان پێشكەشكردووە بۆ خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم، ئەگەر ناویان وەكو كاندید لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە رانەگەیەندرا، دەتوانن دوو رۆژدا لە رێككەوتی راگەیاندنی ناوی كاندیدە پەسەندكراوەكانەوە، لە دادگای تێهەڵچوونەوە تانە تۆماربكەن، دادگا لەماوەی (2) رۆژدا بڕیاری كۆتایی دەدات • سەرۆكی هەرێم بەدەنگدانی ئاشكرا هەڵدەبژێردرێت (واتە پەرلەمانتاران بە ئاشكرا دەستبەرزدەكەنەوە، نەك بەشێوەی نوسینو دەنگدانی نهێنی، پارتی لێرەدا گرەنتی لە هاوپەیمانەكانی وەرگرتووە كە دەنگ بە كاندیدی سەرۆكی هەرێم دەدەن- نێچیرڤان بارزانی). • دوای سێ رۆژ لە وەڵامدانەوەی تانەكان لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوەوە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا بە زۆرینەی رەهای دەنگ هەڵدەبژێردرێت واتە دەنگی (50+1)ی پەرلەمانتاران، كە لە كۆی (111) كورسییەكەی پەرلەمان دەكاتە دەنگی (56) پەرلەمانتار. • ئەگەر چەند كاندیدێك هەبێت بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمو كەسیان دەنگی پێویست بەدەستنەهێنن، جارێكی تر دەنگدان دەكرێتەوەو ئەمجارە كێبركێ لەنێوان ئەو دوو كاندیدەدا دەبێت كە لە خولی یەكەمی دەنگداندا زۆرترین دەنگیان هێناوە، لەم قۆناغەدا سەرۆكی هەرێم تەنیا بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێت، واتە ژمارەی دەنگەكان دیاریكراو نییەو هەركامیان دەنگی زۆرتری هێنا دەبێت بە سەرۆكی هەرێم. • ئەگەر تەنیا یەك پاڵێوراویش هەبوو، كاندیدەكە بە زۆرینەی دەنگ هەڵدەبژێردرێت. چی دەگۆڕێ ؟ دیاترین گۆڕانكاری كە پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان لە پرۆژەكەیاندا بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كردوویانە بریتییە لە: • هەمواركردنی ئەو بڕگەیەی یاساكە كە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت"، واتە دەگەڕێنەوە بۆسەر دەقی پرۆژەكەی ساڵی 2005 كە دەڵێ "سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت"، هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە لە پرۆژەكەی پارتیو گۆڕاندا نەچەسپێندراوە، بەڵكو تەنیا بۆ یەك خولە. • یەكێك لە گۆڕانكارییەكان كە بەپێی پرۆژەكەی گۆڕانو پارتی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا دەكرێت، بریتییە لە دیاریكردنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم، لە پرۆژەكەدا ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بۆ یەك خول دیاریكراوە، واتە لەگەڵ تەواوبوونی خولی پەرلەمانی كوردستان تەمەنی یاسایی سەرۆكی هەرێمیش كۆتایی دێت (واتە لێرەشدا ژمارەی ویلایەتەكانی سەرۆك دیارینەكراوەو نێچیرڤان بارزانی بۆی هەیە ئەگەر دەستور پەسەند نەكرێت، بۆ چەندین جاری تۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێت). پرۆژەكانی تر بەپێچەوانەی مشتومڕەكانی ساڵی 2015 لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم كە ئەوكات هەریەكە لە پارتیو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕانو كۆمەڵی ئیسلامیو یەكگرتووی ئیسلامیو یەكێتی نیشتیمانی پرۆژەیەكی تایبەت بەخۆیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی، ئەمجارە جگە لە (كۆمەڵی ئیسلامی)و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ)، هیچ لایەنێكی تر پرۆژەی دژ بەو پرۆژەیاسایە نییە كە پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان پێكەوە پێشكەشی پەرلەمانیان كردووە. پرۆژەكەی كۆمەڵو نەوەی نوێش لە سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە نەنێردراوە بۆ لیژنەی یاسایی، واتە پەراوێز خراوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە ئێستا لەگەڵ پارتی لە ناكۆكیدایە، هیچ پرۆژەیەكی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نییەو دەیەوێت رۆڵەكەی خۆی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان بگێڕێت، تاوەكو لەو رێگەیەوە تۆڵەی مێژوویی لە گۆڕان بكاتەوە كە رۆژگارێك ئەو بزوتنەوەیە لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە تانەی لە یەكێتی دەدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) ئێستا دوو بۆچوون لەناو یەكێتیدا هەیە لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، هەندێك داوا دەكەن یەكێتی بەشداری لە كۆبونەوەی پەرلەمان بكاتو پرۆژەو كاندیدی خۆی هەبێت بۆ سەرۆكایەتی هەرێم، هەندێك تر داوا دەكەن خۆی ببوێرێت لەبەشداریكردن لە كۆبونەوەكانی پەرلەمانو كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە بۆ پارتیو گۆڕان بەجێبهێڵێت. بەشێوەیەكی گشتی یەكێتی قایلە بە كەمبونەوەی پشكەكانی لە حكومەت بەرامبەر بە خۆبەدورگرتن لە كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم (درەو میدیا پێشتر لەوبارەیەوە راپۆرتی بڵاوكردەوە). دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم ! دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كە لە پرۆژە هاوبەشەكەی پارتیو گۆڕاندا وەكو خۆی دەمێنێتەوە كە زیاتر لە (20) دەسەڵاتەو بریتین لەم دەسەڵاتانەی خوارەوە: • سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی راپەڕاندنە • فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە • ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ كۆببێتەوە، سەرۆكی هەرێم بە راوێژ لەگەڵ سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت هەندێك بڕیار دەربكاتو بڕیارەكانیشی حوكمی یاسایان دەبێت • لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی كوردستان دەكات، هەماهەنگی دەكات لەنێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەكانو دەسەڵاتەكانی هەرێمدا • ئەو یاسایانەی (پەرلەمان) دایاندەنێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی دانانیەوە دەریان دەچووێنێتو مافی ئەوەشی هەیە تانە لە كۆی یاساكە یان بەشێكی بداتو رەوانەی پەرلەمانی بكاتەوە تا چاوی پێدابخشێنێتەوە • لە حاڵەتێكدا پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، یان ماوەی خولی هەڵبژاردنەكەی كۆتایی هاتبێت، سەرۆكی هەرێم لە ماوەی 15 رۆژدا فەرمانێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتیی دەردەچوێنێت • سەرۆكی هەرێم لەماوەی 10 رۆژدا لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكەوە، فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ خولی یەكەمی كۆبوونەوەی خولی هەڵبژاردن دەردەچوێنێت • سەرۆكی هەرێم لەچەند حاڵەتێكدا بە فەرمانێك پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی لێبوردنی گشتی هەیە • سەرۆكی هەرێم دەتوانێت حوكمی لە سێدارەدان پەسەند بكات، یان سزاكە بۆ بەندكردنی هەتاهەتایی سوك بكات • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی جاڕدانی باری نایاسایی هەیە • سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لە كاتی پێویستدا بانگهێشتی پەرلەمان بكات بۆ كۆبوونەوەیەكی ناچاریی، سەرۆكی هەرێم هاوكات سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەكەش دەكات • دەسەڵاتی هەیە رێگەبدات بە هێزە چەكدارەكانی فیدڕاڵ بێنە ناو هەرێمەوە، بەڵام لێرەدا دەبێ رەزامەندی پەرلەمان وەربگرێت • سەرۆكی هەرێم بۆی هەیە بە رەزامەندی پەرلەمان هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم بنێرێت • دوای ناونانی سەرۆك وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، سەرۆكی هەرێم داوای لێدەكات لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی پێكبهێنێت • كاتێك پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیران یان وەزیر لە متماتە دەخات، سەرۆكی هەرێم فەرمانی قبووڵكردنی دەستلەكاركێشانەوەیان دەردەچوێنێت • دامەزراندنی خاوەن پلە تایبەتەكان لەسەر پێشنیازی وەزیری پەیوەندیدارو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران • سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی دامەزراندنی دادوەرانو سەرۆكو ئەندامانی داواكاری گشتی هەیە، دوای پاڵاوتنیان لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە • دەسەڵاتی بەخشینی روتبەی سەربازی بە ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكانی هەرێمو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆو دەركردنو خانەنشینیان بەپێی یاسا رەچاوكراوەكان • بەخشینی نیشانو مەدالیا پەرلەمان دەتوانێت لە سەرۆك بپرسێتەوە ؟ بەپێی ئەو پرۆژەیەی كە پارتیو گۆڕان بە هاوبەشی ئامادەیان كردووە، سەرۆكی داهاتووی هەرێم بۆ یەك خول لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لەناو پرۆژەكەدا لە هیچ بڕگەیەكدا ئاماژە بەوەنەكراوە سەرۆك لەبەردەم پەرلەماندا بەرپرس دەبێت لەسەر كارەكانی. بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم وەكو خۆی دەمێنێتەوە، سەرۆك بەپێی یاسا هاوكات سەرۆكی دەسەڵاتی باڵای جێبەجێكردنە لە هەرێم، واتە دوو دەسەڵاتی جێبەجێكردن هەیە، یەكێكیان سەرۆكی هەرێمو ئەوی تریان سەرۆكی حكومەتە، لەم حاڵەتەدا هەرێم دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێكردنی دەبێتو زیاتر حكومەت بەرپرس دەبێت لەبەردەم پەرلەماندا نەك سەرۆكایەتی هەرێم. موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەی یاسای ژمارە (13)ی ساڵی 2010ی پەرلەمانی كوردستان موچەو دەرماڵەی سەرۆكی هەرێمو جێگرەكەیو بڕی موچەی خانەنشینی بەمشێوەیە دیاریكردووە: * موچەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم (15 ملیۆن) دینارە. * دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی كە دەكاتە (7 ملیۆن 500 هەزار) دینار. * كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی سەرۆكی هەرێم دەگاتە (22 ملیۆنو 500 هەزار) دینار. * سەرۆكی هەرێم لەكاتی خانەنشینبوونیدا موچەی خانەنشینی وەردەگرێت كە 80%ی موچەو دەرماڵًەكەیەتیو دەكاتە (18 ملیۆن) دینار. موچەو دەرماڵەی جێگری سەرۆكی هەرێم: * موچەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (13 ملیۆن) دینارە. * دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێژەی 50%ی موچەی مانگانەكەیەتی، كە دەكاتە (6 ملیۆن 500 هەزار) دینار. * كۆی موچەو دەرماڵەی مانگانەی جێگری سەرۆكی هەرێم (19 ملیۆنو 500 هەزار) دینارە. * جێگری سەرۆكی هەرێم بەرێژەی 80%ی كۆی موچەو دەرماڵەكەی خانەنشین دەبێت، كە دەكاتە (15 ملیۆنو 600 هەزار) دینار. بە گوێرەی هەمان یاسا، پاش تەواوبوونی ئەركی سەرۆك، یان جێگرەكەی، حكومەت هەموو پێداویستییەكانی (نیشتەجێبوون، پارێزگاریكردن، گواستنەوەی گونجاو، ئیمتیازاتی تر)یان بۆ دابیندەكات. بۆ یەكەمجار ساڵی 2005 سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێدرا، لەو كاتەوە تائێستا تەنها مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بووەو كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری بووە، ئێستاو دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە، مەسعود بارزانی بە (18 ملیۆن دینار)ی مانگانە خانەنشین دەبێت، كۆسرەت رەسوڵ عەلیش بە (15 ملیۆنو 600 دینار) خانەنشین دەبێت، هەرچەندە كۆسرەت رەسوڵ پێشتر سەرۆكی حكومەت بووە. بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم بە گوێرەی دوایین پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013ی هەرێم، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (430) كارمەندی هەیە، بودجەی ئەو ساڵەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم (42 ملیار) دینار بووە، كە دەكاتە رێژەی 0,36%ی كۆی گشتی بودجەی هەرێم لەو ساڵەدا. لە ساڵی 2013وە بەهۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمی كوردستان پرۆژە یاسای بودجەی نەبووە، پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەی پەسەندنەكردووە، ئەگەر لەمساڵدا پرۆژە یاسای بودجە دابنرێتو پەرلەمان پەسەندیبكاتو جێگرێكی تر بۆ سەرۆكی هەرێم زیادبكرێت، بودجەی سەرۆكایەتی هەرێم زیاتر دەبێت.
(درەو میدیا): (درەو میدیا) دەقی ئەو پرۆژە یاسایە بڵاودەكاتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستانو بزوتنەوەی گۆڕان بەهاوبەشی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانیان كرد بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم تا دەستور . بەپێی پرۆژە یاساكە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام لە پرۆژەكەدا هیچ ئاماژەیەك بەوە نەكراوە كە سەرۆك بەرپرسیارە لەبەردەم پەرلەماندا.
راپۆرتی: سەڵاح خدر کۆتایی هاتنی مەیدانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی فرات واتای تێکچوونی ئەو خەلافەتەیە کە لە هەزاران کیلۆمەتری نێوان ڕۆژهەڵاتی سوریا تا باکوری عێراق بەهێندەی روبەری وڵاتی بەریتانیا خۆی تێدا ڕاگەیاندبوو. گەرچی باغۆز بەواتای کۆتایی یەکجارەکی داعش نایەت، بەڵام دەسەڵاتی چەکداری ئەو گروپە تیرۆریستیە لەسەر زەمینی سوریا و عێراق کۆتایی هات، وەلێ هێشتاش لەڕووی چەکداریەوە لەچەند خاڵێکی دابڕاو لە یەکتر ماون و لە ڕووی زهنیشەوە لەژیاندان، ساڵانێک بۆ کۆتاییهێنانی بەو زهنیەتە مەترسیدارە پێویستە. داعش لەکوێ ماوە؟ داعش لەگەڵ هاتنیدا کلتورێکی مەترسیدار و قێزەونی ئاواکرد و لەدوای خۆی بەجێیهێشتووە کە خۆی لە خۆکوژی و سەربڕین و ڕەوایەتیکردنی کۆمەڵکوژی و کین و نەفرەت لە نێوان پێکهاتە و ئاینەکاندا دەبینێتەوە، سڕینەوەی ئەو کلتوورەش لەڕووی دەرونی و کۆمەڵایەتی و هتد... زەمەنێکی دەوێت، بۆیە قۆناغەکانی تێکۆشانی داهاتوو بەرامبەر کلتووری داعش دوژوارتر دەبێت. ڕاستە داعش لەڕووی مەیدانیەوە لە ڕۆژهەڵاتی فرات کۆتایی هاتووە، وەلێ بەشێوازێکی پچڕ پچڕ لە ڕۆژئاوای فرات لە چیاکانی ئەبو رجمینی نێوان حمس و دێرەزۆر، لە بادیەی سوریا و ناوچەکانی تەنەف و سوخنە و ڕیفی شەرقی سوەیدا ماون، هەروەها گروپە چەتە هاوفکرەکانی داعش بەناوی پەسەوانانی دین کەلە پارێزگای ئیدلبن هێشتا هێزن. لە عێراقیش شانەکانیان لە چیاکانی مەکحولی بێجی و زنجیرە چیای حەمرین و جەزیرەی غەربی سەلاحەدین دەگەڕێن، ژمارەیەکیشیان لەناوچەی ئەنبار لە ڕومادی و وادی حوران و وادی قەزەف چالاکن، جگە لەو جێگایەنە شانە نوستوەکانیان لە موسڵ و زۆربەی ناوچە سنوریەکانی سوریا و عێراق بوونیان هەیە. ئەو شانانە لەڕێی هێزە ئیستغباراتیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکانەوە دەجوڵێندرێن، هێرشەکەی ئەم دواییەی منبیج کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٧ شەرڤان، نیشانەی ئەو ڕاستیەیە. لەلایەکی دیکەوە بەپێی چەندین ڕاپۆرتی هەواڵگری سەری مارەکە ئەبوبەکر بەغدادی خەلیفەی داعش و زۆرێک لە ئەمیرەکانی دیکە هێشتا زیندوون و لەنێوان عێراق و سوریادا دەگەڕێن، تا ئەوانیش زیندوو مابن ناتوانین بڵێن مەترسیەکان ڕەویونەتەوە. بەپێی بۆچوونی شارەزایانی سەربازی لە پنتاگۆن ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکان بۆ پاککردنەوەی تەواوی ئەو ناوچانە لە داعش بەردەوام نەبێت، بۆی هەیە لە ماوەی ساڵێکدا جارێکی دیکە بێنەوە مەیدان، ئەمەش پاڵنەربوو کە ترامپ ناچار بکەن سەربازەکانی لە بنکەی تەنەفی سنوری عێراق – سوریا بهێڵێتەوە، بەڵام بوونی ٤٠٠ سەرباز وەک خۆیان دەڵێن، ناتوانێت ئاسایشی ناوچەیەکی وەها بەرفراوان لە هەڕەشەی داعش و تورکیا و ئەسەد و گروپەکانی دیکە بپارێزێت. زیاتر لە ئەمەریکا پێویستە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەرکەکانی خۆی تا کۆتایی بەجێبهێنێت. گیراوەکانی داعش لەلایەکی دیکەوە هەزاران گیراوی داعش و ژن و نەوەکانیان کە خەڵکی زیاتر لە ٤٠ وڵاتن لای شەرڤانان دیلن، تا ئێستاش زۆربەی وڵاتان ئامادەنین ئەوانە بگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان و خاوەنداریان لێناکەن، پرسیار ئەوەیە کە ئەوانە چیان بەسەر دێت؟ دەبێت چیان لێبکرێت؟ بێشک ئەوانە بۆمبێکن کەلە هەموو ئان و ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەیان هەیە، چونکە زۆربەیان پەشیمان نین لەوەی لەناو داعش بوون و لەسەر ئەو باوەڕە مەترسیدار و وەحشیگەریەی خۆیان سوورن. ئەردۆغان بەڕەسمی داوای لە دۆناڵد ترامپ کردووە کە ئەو چەتانە تەسلیمی ئەوان بکەن گوایە دەتوانن لای خۆیان زیندانیان بکەن، بەڵام نیازی ئەردۆغان لە گرتنە خۆی ئەو تیرۆریستانە ئاشكرایە کە بۆ ئەوەیە تا جارێکی دیکە دژ بە گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە و ئەوروپا بەکاریان بهێنێتەوە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هێزەکانی سوریای دیموکراتی ناتوانن ئەوانە ڕادەستی تورکیا بکەن، هەربۆیە چارەسەر ئەوەیە کە هەر وڵاتێک هاوڵاتیەکانی خۆی وەربگرێتەوە یاخود وەک مەجلیسی سوریای دیموکراتی داوای کردووە، دادگایەکی نێودەوڵەتی یان بۆ دابمەزرێت، لەو دادگایەشدا زۆر ڕاستی ئاشکرا دەبێت، بەتایبەتی هاوکاریەکانی تورکیا و قەتەر بۆ داعش و تاوانەکانی ئەو دەوڵەتانە بەرامبەر گەلانی ناوچەکە، ئەگەر ئەو تیرۆرستانە لەدادگایەکی وەهادا دادگایی بکرێت، ئەوا حەتمەن دەبێت جێگەیەک بۆ مانەوەشیان دیاری بکرێت، چونکە مانەوەیان لە ڕۆژئاوای کوردستان مەحاڵە. سەرکەوتنەکانی باغۆز بەپێشەنگی کوردان شتێکی بۆمن جێگەی سەرنجە هەڵوێستی حکومەتی ئەڵمانیایە کە بەهۆی نزیکی و هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیا جگە لەوەی ئامادە نییە هاوڵاتیە داعشەکانی خۆی وەربگرێتەوە، پێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و ئەمەریکا سەرکەوتنی باغۆزی تەنها وەک پڕۆسەیەکی گرنگ نیشاندا و بەیەک وشەش ناوی هەسەدەی نەهێنا، چونکە شادەماری هەسەدە شەرڤانانی یەپەگە و یەپەژەی کوردن کە پێشەنگایەتی ئەو سەرکەوتنەیان کردووە، جگە لەوەش لەڕابردوودا ئەڵمانیا بەتەنسیق لەگەڵ تورکیا ئاسمان و ڕێسمانی وڵاتەکەی بۆ هەناردەکردنی چەتەکانی داعش لە ئەوروپاوە بەرەو سوریا واڵا کردبوو، هەربۆیە دوودڵیەک لە سیاسەتی ئەڵمانیا بەدی دەکرێت. دەبێت ئەو ڕاستیە وەک خۆی ببینێرت، سەرکەوتنی باغۆز و کۆتایی هێنانی مەیدانی چەتەکانی داعش و سەرکەوتنی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی سوریا و ئازادیخوازە ئەنتەرناسیۆنالەکانە، وەلێ لەسەرو هەموویەوە سەرکەوتنی مەزنی گەلی کوردە چونکە کورد پێشەنگایەتی تێکشاندنی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی کردووە. بێدەنگی هەرێم لەسەرکەوتنی هێلی ئاپۆیی دەبێت دان بەو ڕستیەدا بنێین، ئەگەر پێشەنگایەتی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان و هێڵی بەرگری و بەرخۆدانی ئازادیخوازی شەرڤانانی (ئاپۆیی) نەبوایە، دڵنیام وەک موسڵ و شەنگال، داعش هەولێر و کەرکوکیشی داگیر دەکرد، پیلانەکەش هەر وابوو، لە داگیرکردنی مەخموور و نزیک بوونەوە لە هەولێر و کەرکوک و دەیان شەهید و برینداری گەریلا هاوشانی بەشێک لە پێشمەرگەکان بینی، کەواتە کۆتایی داعش لەسەر دەستی هێڵی بەرخۆدانی ئاپۆیی مەترسی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی لەسەر باشووری کوردستانیش دوورخستەوە، ئیدی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستانیش وەک ساڵح موسلم دەیگوت"وڵات بەوڵات دەگەڕان تا شەرڤانان و ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بەناشەرعی و تیرۆریست بناسێنن" خەندەقیان بەڕوودا لێدەدان و گەمارۆیان دەخستە سەریان، لەڕێی چەتەگەلێکی وەک ئەنەکەسە و پێشمەرگەی ڕۆژ تیرۆریان لە ڕۆژئاوا بڵاودەکردەوە و ئێستاش ئامادەنین ئەو سەرکەوتنە پیرۆز بکەن، ناتوانن ئەو ڕاستیە نەبینن. ئاواکردنی بەرەیەکی نەتەوەیی نشتیمانی ئێستا هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە نمونەن بۆ سوپایەکی یەکگرتووی نەتەوەیی – نشتیمانی کوردی، وەک چۆن شەرڤان و گەریلا و پێشمەرگە لە یەک سەنگەردا جەنگاون، ئێستاش پێویستە لەژێر چەترێکدا سوپایەکی وەها دروست بێت، زەمینە و هەلومەرجیش بۆ ئەوە لەبارە، سەردەم سەردەمی کوردانە، ئیدی پێویستە پەرتەوازەیی و یەکتر قبوڵ نەکردن نەمێنێت، لەدوای داعش دەبێت کورد خاوەن سیاسەت و دبلۆماسیەتێکی هاوبەش بێت تا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا نوێنەرایەتی و دەمڕاستی کوردان بکات، بەسەرکەوتنی باغۆز ستاتۆ و خۆسەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا لە جیهاندا بەفەرمی دەناسرێت و دانی پێدادەنرێت. هێشتا هەڕەشەی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان لەسەر تەواوی کوردستان بەتایبەت باشوور و ڕۆژئاوا ماوە، وشەی کوردستان و سەربەخۆی کورد لە فەرهەنگی سیاسی تورکیا جێگەی نیە، ئێستا ئەردۆغان لە ڕووی سیاسی و ئابووریەوە باشووری داگیرکردووە و سیاسەتی هاوبەشیشیان لەگەڵ ئێران دژ بە پرسی کوردان هەیە خۆی لە خۆیدا ئێران لە سوریا حاکمە و لە عێراق و بەشێکی مەزنی باشووری کوردستانیش خاوەن بڕیارە، کەواتە مەترسیەکان بەئاشکرا لەسەر کوردستان ماون، هەربۆیە پێویستە بە ڕوحی کۆبانێ تێکۆشانی هاوبەشی کوردان بەڕێوەببرێت و ڕوبەڕووی تەحەداکانی داهاتوو ببنەوە. هەرە گرنگە گەلە کە هۆشیاربن و نەکەونە ژێر کاریگەری سیاسەتی ئابوری پەرستی و بەرژەوەندی خوازی هەندێک حزب و لایەن، دەبێت بەرژەوەندی نەتەوەیی نشتیمانی لەپێش هەرشتەوە ببینن.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف- نامیق رەسوڵ پارتیو یەكێتی رێكنەكەوتن، چارەنوسی پەیوەندییەكانی هەردوولا بۆ چەند ساڵی داهاتوو لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنیانە راوەستاوە كە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا لەنێوان بەرپرسانی هەردولادا دەكرێت. وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبونەوە. كۆبونەوەكە چارەنوسی پەیوەندییەكانی هەردوو حزبی رادەستی كاتێكی نادیار كرد، وەفدەكان لەسەر پشكەكانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم رێكنەكەوتن. گۆڕینی شوێنی كۆبونەوەكە ! وەكو پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، دەبوو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان پارتیو یەكێتی لە هاوینەهەواری دوكان بەڕێوەبچێت، بەڵام چەند كاتژمێرێك بەر لە گەیشتنی وەفدی پارتی، شوێنی كۆبونەوەكە گۆڕدرا بە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەناو شاری سلێمانی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەبەهانەی ترس لە دروستبوونی لافاو لە دوكان، شوێنەكە گۆڕدراوە بۆ سلێمانی، بەڵام لە بنەڕەتەوە گۆڕینی شوێنی كۆبونەوەكە پەیوەندی بە ناكۆكی نێوان هەردوو وەفدەوە هەبووە. لەسەر مێزەكە چی رویدا ؟ دواجار هەردوو وەفد روبەڕوی یەكتر لەسەر مێزێك دانیشتن، وەفدی یەكێتی نیشتمانی جارێكی تر جەختی لەسەر داواكارییەكانی كردەوە، لە كۆی چوار پۆستی باڵا دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت (وەزیری ناوخۆ- سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان- سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە). وەفدی پارتی لەسەر هەڵوێستی خۆی سوربوو، هیچ یەكێك لەو چوار پۆستە بە یەكێتی نادرێت، بەڵام یەكێتی دەتوانێت جێگری سەرۆكی هەر چوار پۆستە باڵاكە وەربگرێت. (درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی پارتی چەند جارێك لە كۆبونەوەكە چونەتەدەرەوە بەمەبەستی گەیاندنی داواكارییەكانی یەكێتی بە سەركردایەتی حزبەكەیان، بەڵام پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان بێ ئەنجام بوون، سەركردایەتی پارتی ئامادە نەبوو هیچ یەكێك لەو پۆستانە لە حكومەتی نوێدا بە یەكێتی بداتو وتویانە بەشێك لەو پۆستانەی داوای دەكەن بەركەوتەی لایەنەكانی ترە. دواین پێشنیازی پارتی بۆ یەكێتی دواین نەخشەی پۆستەكان كە وەفدی پارتی خستییە بەردەم وەفدی یەكێتی ئەم پۆستانە بوو: • سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان • جێگری سەرۆكی هەرێم • جێگری سەرۆكی حكومەت • وەزیری تەندروستی • وەزیری پەروەردە • وەزیری كشتوكاڵ • وەزیری خوێندنی باڵا • وەزارەتی پێشمەرگە • دەستەی وەبەرهێنان • جێگری وەزیری ناوخۆ • جێگری وەزیری سامانە سروشتییەكان • جێگری وەزیری دارایی • جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشنیازێكی نوێ (درەو میدیا) زانیویەتی، وەفدی یەكێتی دەستپێشخەرییەكی نوێیان خستوەتە بەردەم وەفدەكەی پارتی، یەكێتی ئامادەیی خۆی نیشانداوە (5) وەزارەت لە كابینەی نوێ وەرگرێت، بەڵام بەمەرجێك یەكێك لە وەزارەتەكان وەزارەتی ناوخۆ بێت، بەڵام ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ بە یەكێتی نەدرێت ئەوا دەبێت ژمارەی وەزارەتەكانی بۆ بكرێت بە (6) وەزارەت، پارتی ئەم پێشنیازەشی رەتكردوەتەوە. چارەنوسێكی نادیار ! كۆبونەوەی پارتیو یەكێتی بەبێ ئەنجام كۆتایی هات، وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، لەمە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكاتو دەست بە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات، وەفدی یەكێتیش بێمنەتی خۆیان راگەیاندووە. وەفدی پارتی بەرەو هەولێر گەڕانەوە، بەر لە گەڕانەوە بە وەفدی یەكێتییان وت" لەڕێگەی برادەرەكانتانەوە لە هەولێر، دواین وەڵامتان لێ دەگێڕینەوە"، وەفدی یەكێتیش دوای كۆبونەوەی لەگەڵ پارتی چووە ناو كۆبونەوەیەكی ترەوە، بۆئەوەی لەناوخۆی حزبدا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەكان بكەنو جەماوەری حزبەكەیان لە دواین گۆڕانكاری ئاگاداربكەنەوە. بەمشێوەیە دۆخی پەیوەندییەكانی نێوان پارتیو یەكێتی جارێكی تر چووە ناو قۆناغێكی هەستیارەوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) پارتی سورە لەسەر ئەوەی تا كۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوەو مەسرور بارزانی راسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەسەر مێزی گفتوگۆ پارتیو یەكێتی رێكنەكەوتن، بەڵام رەنگە لە دوا ساتەكاندا پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی نێوان هەردوولا كاری خۆی بكات، چەند كاتژمێری داهاتوو دۆخی سیاسی هەرێم پەرەسەندنی نوێ بەخۆوە دەبینێت، (درەو میدیا) خوێنەرانی لە نوێترین زانیارییەكان ئاگاداردەكاتەوە. پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مەسرور بارزانی ! (درەو میدیا) لە چەند كاتژمێری رابردوودا ئاشكرایكرد، لەم هەفتەیەدا مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتیو سەرۆك كۆماری عێراق قسەی كردووەو داوای لێكردووە رۆڵبگێڕێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتیو یەكێتی. بەڵام پێناچێت پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ هەبوبێت. رەنگە دواجار دەستوەردانی دەرەكی بەتایبەتیش ئێرانو ئەمریكا، هاوكێشەی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتیو پارتی هاوسەنگ بكەنەوە. پێشبینییەكان ئەگەر لە چەند كاتژمێری داهاتوودا پارتیو یەكێتی لەسەر پشكەكان نەگەنە رێككەوتن، پێشبینی دەكرێت پارتی بەبێ یەكێتی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمو كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی دەستپێبكات. پارتی لەو پرۆسەیەدا پشتئەستورە بە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕانو كەمینەكانو دەنگی پێویستی هەیە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم. ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بڕوات، رەنگە یەكێتی پرۆژەی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەبێتو لە رۆژی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیشدا كاندید پێشكەش بكات، هەرچەندە رای زۆرینە لەناو یەكێتی ئەوەیە، فراكسیۆنەكەیان بەهیچ جۆرێك بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان نەكات. مانەوەی یەكێتی لەدەرەوەی پەرلەمان، كاریگەری لەسەر دۆخی سیاسی دروستدەكاتو بەرەی نەیارانی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی بەهێز دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامیو جوڵانەوەی نەوەی نوێو یەكگرتووی ئیسلامی پرۆژەی خۆیان هەیە بۆ ئەو پرسەو هەڵوێستیان لەگەڵ پارتیو بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە.
راپۆرت: نامیق رەسوڵ دادگایەكی نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ نەوفەل عاكوب، پارێزگاری نەینەواو (7) بەرپرسی تری پارێزگای نەینەوا دەركرد. دادگاكە داوا لە هەموو دەروازە سنورییەكانی عێراقو هەرێمی كوردستانو فڕۆكەخانەكانی عێراقو هەرێم دەكات، رێگەنەدەن ئەو كەسانە بچنە دەرەوەی وڵات. لە فەرمانەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوادا هاتووە" پارێزگاری نەینەواو چەند بەرپرسو فەرمانبەرێكی تری پارێزگاكە بەهۆی ئەو سكاڵایەی كە لە فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی دەستەی نەزاهە لەسەریان تۆماركراوە، پێویستە دەستگیربكرێن". بە گوێرەی میدیاكانی عێراق، پارێزگاری نەینەواو ئەو فەرمانبەرو بەرپرسانە تۆمەتباركراون بە "گەندەڵیو خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتو پێشێلكاریی دارایی"، جگە لە بەرپرسیارێتییان لە رووداوی نقومبوونی كەڵەكە گەشتیارییەكەی روباری دیجلە، كە زیاتر لە (100) كەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا. كێ ئەوانەی فەرمانیان بۆ دەرچووە ؟ ئەو كەسانەی كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، بریتین لەم كەسانە: * نەوفەل عاكوب- پارێزگای نەینەوا * عەبدولكەریم عەلی فازل جبوری- یاریدەدەری پارێزگار بۆ كاروباری كارگێڕیی * مونا عەبدولمەجید جحێشی- فەرمانبەر لە دیوانی پارێزگا، تایبەت بە كاروباری هاوڵاتیان * واجدە جەعفەر حەبیب تائی- بەڕێوەبەری بەشی گرێبەستەكان * كیفاح محەمەد شەهاب جبوری- بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەشی پرۆژەكان لە دیوانی پارێزگا * باسل مەحمود حەسەن- سەرۆكی ئەندازیارانی پێشكەوتوو لە دیوانی پارێزگا * مەحمود یەحیا لهێبی- پرۆگرامساز لە دیوانی پارێزگا * نازك ساڵح محەمەد قەساب- تێبینەر لە دیوانی پارێزگا هەرێم پارێزگاری نەینەوا دەستگیردەكات؟ لە فەرمانی دەستگیركردنی پارێزگاری نەینەوادا ئاماژە بەوەدراوە" ئێستا نەوفەل عاكوب لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە". دادوەرێكی دادگای نەینەوا كە قسەی بۆ ئاژانسی "رۆیتەرز" كردووە، دەڵێ" دادگای لێكۆڵینەوەی نەینەوا بە رەسمی داواكاری ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە پارێزگای نەینەوا دەستگیربكات، كە ئێستا موسڵی بەرەو هەولێر بەجێهێشتووە". سیناریۆكەی هاشمی دووبارە دەبێتەوە؟ ساڵی 2011 تاریق هاشمی، كە ئەوكات جێگری جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەتۆمەتی بەشداریكردن لە چەند كردەوەیەكی "تیرۆریستی"ی یاداشتی دەستگیركردنی بۆ دەرچوو، هاشمی بەغدادی بەرەو هەرێمی كوردستان بەجێهێشت، دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەوكات رایانگەیاند" هاشمی رادەستی حكومەتی بەغداد ناكەنەوە، چونكە كەیسەكەی رەهەندی سیاسی هەیەو پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە"، پاشان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عێراق وتی:" هاشمی میوانی ئێمەو كاتێك دێت دەچێتە بەردەم دادگا"، بەڵام هاشمی هەرێمی كوردستانی بەرەو توركیا بەجێهێشتو لەوكاتەوەتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ عێراق، دادگای عێراق بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای لەسێدارەدانی بۆ هاشمی دەركرد. لە چەند ساڵی رابردوودا لەكاتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمو بەغداد، حكومەتی عێراق هەرێمی تۆمەتباردەكرد بە داڵدەدانی ئەو كەسانەی كە لەلایەن دادگانی عێراقەوە یاداشتی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە. پارێزگاری نەینەوا كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوەو فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، ئێستا لە هەولێرە. بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، نەوفەل عاكوب پارێزگاری لەكارلابراوی نەینەوا، پەیوەندی باشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەدیاریكراویش پارتی دیموكراتی كوردستان نەوفەل عاكوب دەستگیردەكەنو رادەستی دادگای لێكۆڵینەوەەی نەینەوای دەكەن ؟ یان هاوشێوەی هاشمی لە هەولێرەوە بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵدێت؟ رۆژانی داهاتوو رەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە روون ببێتەوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا جگە لە داواكردنی فەرمانی دەستگیركردن، داواش لە فڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكانی هەرێم كراوە رێگە بە پارێزگار نەینەواو ئەو بەرپرسانەی پارێزگاكە نەدرێت بچنە دەرەوە.
(درەو میدیا): بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، مەسرور بارزانی لەماوەی هەفتەیەكدا دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرهەم ساڵح قسەی كردووە. سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ئەو ناكۆكییەی كە لەسەر شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو بەرهەم ساڵح دروستبوو، چارەسەربكرێت. سەرچاوەكە وتی:" پارتی دەیەوێت پرسی پەیوەندییەكانی بەرهەم ساڵح جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیو پارتی دیموكراتی كوردستان كاریگەری نەرێنی لەسەر رەوتی دانوستانی نێوان پارتیو یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دروستنەكات". (درەو میدیا) زانیویەتی، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، دوای بەشداریكردنی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی بووە لەو كۆبونەوەیەدا كە بەمدواییە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ لایەنە سیاسییەكان لە كۆشكی سەلام لە بەغداد رێكیخست. لە یەكێك لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانیدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی هەرێم نیازپاكی پارتی بە بەرهەم ساڵح راگەیاندووە سەبارەت بە ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان، هەروەها داوای كردووە بەرهەم ساڵح رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمو بەغداد. هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح وەكو سەرۆك كۆماری عێراق لەدەرەوەی رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بەتایبەتی رێككەوتنی نێوان پارتیو یەكێتی، ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی هەردوو حیزبدا دروستكرد. ئاسایبوونەوەی پەیوەندی بەرهەم ساڵح لەگەڵ پارتی، پێشبینی دەكرێت كاریگەری ئەرێنی لەسەر رەوتی ئەو دانوستانە هەبێت كە بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی لەنێوان وەفدی دانوستانكاری پارتیو یەكێتی بەڕێوەبچێت. (درەو میدیا) لە چەند كاتژمێری داهاتوودا زانیاری ورد لەبارەی دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی پارتیو یەكێتی ئاشكرادەكات.
درەو میدیا: هەواڵی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە رەت دەكرێتەوەو " هیچ بڕینێك موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناگرێتەوە" د. رێبوار كەریم ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە درەو میدیای راگەیاند" پێویست بە ترس ناكات چونكە هیچ جۆرە بڕێنێك لە پارەی هەرێم لەلایەن بەغداوە موچەی فەرمانبەران ناگرێتەوەو ئەو موچەیەی فەرمانبەران ( 522 ملیار) دینارە جێگرە" سەبارەت بە دەنگۆی بڵاوبونەوەی بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەكرد" لە لیژنەی دارایی پرسی گومرگەكانی هەرێم وروژێنراوە كە پێشتر رێكەوتنێكی 27 خاڵی لەسەركراوەو بەپێی رێكەوتنەكە هەرێم برێك پارەی گومرگەكان رادەستی بەغداد دەكات، بەڵام ئێستا ئەگەرێك هەیە هاوشێوەی نەوتەكە هەرێم پارەی گومرگیش رادەستنەكات، بۆیە بەشێك لە ئەندامانی لیژنەی دارایی و هەندێك لە هێزە سیاسیە عێراقیەكان لەگەڵ ئەوەن كە هێندەی زیانی ئەو بڕە پارەی گومرگەی هەرێم لە بەشە بودجەی هەرێم ببڕدرێت، بەڵام لە كۆتاییدا گەیشتونەتە ئەوەی كە بڕینی پارە لە بری گومرگی هەرێم نابێت لە موچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم (12.67%)كە ببڕدرێت هاوشێوەی بڕینی بەشە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەكەی هەرێم كە بەپێی بڕگەی( ج لە مادەی 10 یاسای بودجەی عێراق) لە كۆی بەشە بودجەی هەرێم دەبڕدرێت نەك لە موچە" د. رێبوار كەریم "دڵنیاییدا كە بە هیچ شێوەیەك دەستكاری موچەی فەرمانبەران ناكرێت و لەو پارەیە نابڕدرێت خۆ ئەگەر بشبڕدرێت ئەوا لە پشكی بودجەی هەرێم دەبڕرێت نەك لە 522 ملیار دینارەكەی موچەی فەرمانبەران"
راپۆرتی: درەو میدیا - ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان بەشی یەكەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بەرێوە دەبرێن، بە پێی نوێترین راپۆرتی(ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان) لە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، لەكۆی (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەكی زۆریان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە. بەپێی راپۆرتەكەی ئینستتیۆتی پەی حزب دەستی خستۆتە بیناقاقای زانكۆكان " زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات" تەوەری ئیداری و پەیكەری كارگێڕی یەكەم/سەربەخۆیی زانكۆكان: زانكۆكانی كوردستان سەربەخۆ نین، لە ڕووی كارگێڕییەوە بۆ هەموو شتێك دەبێ بۆ وەزارەت بگەڕێنەوە، لە ڕووی داراییەوە دەسەڵاتێكیان نیە، لە ڕووی زانستیەوە پاشكۆن، لە ڕووی حیزبیەوە دەستتێخستنی زۆر هەیە و حیزب دەستی خستۆتە بیناقاقایانەوە و هەموو پۆستێك دەبێ بە فلتەری حیزبدا بڕوات، هەڵسەنگاندن نیە بۆ ئەو كەسانەی پۆستی كارگێڕییان هەیە، ئەوانەی زانكۆكان بەڕێوەدەبەن ئەوەندەی لە خەمی ئەوەدان سەروی خۆیان كە وەزارەت و وەزیرە لێیان ڕازی بێت، بیر لە خوارەوە ناكەنەوە و هەڵسەنگاندنی خوارەوە پێوەر نیە بۆ ئەدای كاركردنیان، دیارە ڕەزامەندی وەزیریش ئەوەندی وەلائی حیزبی و شەخسیە پێوەری تر لەبەر چاو ناگیرێت. وەزارەت بە ئامانجی سەربەخۆبوونی زانكۆ حكومیەكان لە ڕوی داراییەوە و كردنی زانكۆكان لە زانكۆی بەكاربەرەوە بۆ زانكۆی بەرهەمهێن، سیستەمی خوێندنی ئێوارانی لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان داهێنا و چەندین هەزار خوێندكار هەنوكە لە زانكۆ و پەیمانگاكان بە شێوازی ئێواران درێژە بە خوێندن دەدەن، داهاتی زانكۆكانیش بە جۆرێك بوو كە لە 70% بۆ زانكۆكان و لە 7% بۆ وەزارەت و 23% بۆ وەزراەتی دارایی بوو، ئەم سیستەمە وای كرد زانكۆكان ببنە خاوەنی دەیان ملیۆن دۆلار، كە بەشی پێداویستەیەكانی خۆیانی دەكرد، بەڵام ئەم داهاتە لە لایەن هەندێك لە سەرۆكی زانكۆكانەوە تەخشان و پەخشان كرا و بێ ئەوەی یەك لیژنە و یەك چاودێری دارایی لێیان بپرسێتەوە، دەبوایە وەزارەت رێنمایی وردی (یەكگرتوو) دەربكات بۆ چۆنیەتی خەرج كردنی ئەم پارانە لە خوێندنی ئێواران، چونكە بەشێوازێكی ناڕێك مامەڵەی لەگەڵدا كرا، كەچی تا ئێستاش وەزارەت خۆی لەقەرەی ئەم بابەتە نەداوە و (زانكۆكان هەموویان وەك یەك داهاتیان زۆر نیە) بۆیە بەناڕێكی مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن و كراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا جارێكی تر وەزیر ئەم سیستەمەشی هەڵوەشاندەوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن كار بەم بڕیارە ناكرێت و خوێندنی ئێواران لە سەرجەم زانكۆ و پەیمانگاكان بە تەواوی داخرا (هەندێك زانكۆی لێ بەدەركرا لەبەر نەبوونی زانكۆ یاخود كۆلێجی تایبەت لەو شارەدا)، لە كاتێكدا چارەنوسی سەدان خوێندكار بەم بڕیارە نادیارە، چونكە چەندین خوێندكار لە قۆناغی یەكەمی سەرجەم بەشە زانستیەكان كەوتون یاخود عبورن یاخود پارەیان داوە و خوێندنیان لە ساڵی یەكەمدا دواخستووە، كەچی كەس نازانێت چارەنوسیان بە كوێ دەگات، ئەمە جگە لەوەی ئەو بەشەی تری داهاتەكەش، كە دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەت ناعەدالەتی هەیە لە دابەشكردنەوەی لەلایەن خودی وەزیرەوە. دووەم/ نەبوونی سەڵاحیات و دەسەڵات لە خوارەوەی وەزارەت لای سەرۆكی زانكۆ و ڕاگرەكان: زۆرینەی دەسەلاتەكان لەسەرەوەو لە وەزارەتە، سەرۆكی بەش و راگرەكان و تا ئاستێك سەرۆكی زانكۆكانیش دەسەلاتێكی ئەوتۆیان بۆ شۆڕنەكراوەتەوە خوارەوە، جا چ لەرووی داراییەوە بێت یاخود لەرووی كارگێڕییەوە، ئەمەش بۆتە مایەی ئەوەی ئیشوكارەكان زۆر بەسستی بەڕێوە بچن و لەگەلێ كاتدا بابەتێك كە پێویستی بەبڕیارە چەندان مانگ دوادەكەوێت چونكە دەسەلات لای وەزارەتە. تەنانەت بەپێ ی یاسا یاخود ڕێنمایی دەسەڵات دیاری نەكراوە بۆ یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆكان مەگەر سەرۆكی زانكۆ ئەگەر خۆی بیەوێت دەسەڵاتیان بۆ دابەزێنێت ئەویش بەشێوەیەك ئەو دەسەڵاتە دادەبەزێنێت كە ڕەمزی بێت. سێیەم/ نەگونجاویی پەیكەری وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەكان و زانكۆكان: زانكۆ حكومیەكان لەپەیكەری كارگێڕییاندا وەك یەك نین، بۆ نمونە بەشێك لە زانكۆكاندا یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆیا بۆ كاروباری خوێندكاران هەیەو بەشێكیان نیانە، بەشێكیان سیستەمی فەكەلتی و سكول تیایاندا پەیرەو دەكرێت و بەشێكی تریان كۆلێژ. چوارەم/ گرفتی پڕنەكردنەوەی پۆستە بەتاڵەكان: زۆرینەی پۆستەكانی زانكۆكان بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن، بە فەرمی كەسەكان دانانرێن و دانەنراون، هەرچەندە چەند جارێك بانگەشەكراوە بۆ پێشكەشكردنی سیڤی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستە بەتالانەو چاوپێكەوتنیش لەگەل لیژنەی راسپێردراوەوە كراوە لەگەل ئەو كەسانەی خوازیاربوون ئەو پۆستانە بگرنە ئەستۆ، بۆ نمونە: پۆستی دوو راوێژكار لە وەزارەت، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی چەرموو، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی گەرمیان، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران لە زانكۆی هەڵەبجە، راگری دەیان كۆلێژ و پەیمانگە و چەندان پۆستی تر كە سالانێكە بەتاڵن. پێنجەم/ زانكۆی بە وەكالەت: یەكێ لە دیاردە سەرسوڕهێنەرەكان لە زانكۆكاندا ئەوەیە كە زۆرینەی پۆستە باڵاكانیان بە وەكالەت بەڕێوە دەبردرێن،كە ئەمەش دیاردەیەكی نایاسایی و گوماناوییە، هۆكارەكەیشی بۆ بێ بڕیاریی وەزیری خوێندنی بالاو دەست تێوەردانی حزبی و میزاجی شەخسی دەگەڕێتەوە، كە بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پۆستەش بە وەكالەت دەبێتە مایەی لاوازی پرۆسەی بەڕێوەبردن لەزانكۆكاندا، ئەگەر سەیرێكی لیستی ئەنجومەنی زانكۆكان بكەین ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دەردەكەوێت، بۆ نمونە: ئەگەر بڕوانینە لیستی ناوی ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی، دەبینین لە (25) ئەندام (24)یان بەوەكالەتن و ئەوی تریان نوێنەری مامۆستایانە، وە چەندینیان ماوەكانیان كۆتایی هاتووە.
درەو میدیا: دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عێراق بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەكانیان، بۆ ماوەی پێنج رۆژ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم سزادەدات، داواش لە سەرجەم تۆڕە هاوبەشەكانی كۆڕەك دەكات لەو ماوەیەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو تۆڕە بپچڕێنن.لەبەرامبەردا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم بڕیارەكەی دەستەی راگەیاندنی عێراق بە نادادپەروەر و ستەمكارانە لەقەڵەمدەدات . دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عێراق نوسراوێكی ئاراستەی كۆمپانیا هاوبەشەكانی كۆڕەك تیلیكۆمی كردووە، داوای لێكردوون لە رۆژی 24ی ئازاری 2019ەوەبۆ ماوەی 5 رۆژ هەموو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك بپچڕێنن. دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عێراق لە نوسراوەكەیدا كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم تۆمەتباردەكات بەوەی سەرپێچیكردووە لە بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵەتی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیای تەلەفۆنی گوازراوە، بەتایبەتی ماددەی 19ی گرێبەستەكە، كە پەیوەستە بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری پارێزگاریكردن لە ژمارەو پابەندنەبوون بە رێنماییەكانی دەستەی تایبەت بە ئیمزاكردنی گرێبەستی خزمەتگوزاری پاراستنی ژمارە لەگەڵ كۆمپانیای هۆڵەندی " portingxs" جێبەجێكاری پڕۆژەكە. هەروەها ئاماژەیبەوەشداوە كە سەرەڕای ئاراستەكردنی نوسراوی رەسمی و ئاگاداركردنەوە لە رێگەی نامەی ئەلیكترۆنی كە جەخت لەسەر ئەو بابەتە كراوەتەوە، سەرەڕای ئیمزاكردنی گرێبەستەكە لەلایەن كۆمپانیای ئەسیرو ئاسیاسێڵەوە لە رۆژی 17/3/20109 دوای رەچاوكردنی سەرجەم تێبنییەكان كە كۆمپانیاكان خستویانەتەڕوو لەوانەش كۆمپانیای كۆڕەك بە ئامادەبوونی نوێنەرەكانیان، بەڵام پرسەكە پێچەوانەیە و ئاماژە بە ئامادەنەبوونی جدی كۆمپانیای كۆڕەك دەكات لە جێبەجێكردنی پابەندبوون بە گرێبەستەكە، سەرەڕای بە ئەنقەست ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم پڕۆژەكە و سەرپێچیكردنی رێنمایی و ئاراستەكانی دەستە و بڕگەكانی گرێبەستی مۆڵًەتپێدان". لەبەرامبەردا و لە رونكردنەوەیەكدا كۆمپانیای كۆڕەك تێلیكۆم نیگەرانی خۆی لەو بڕیارەی دەستەی راگەیاندنو پەیوەندییەكانی عێراق نەدەبوو ئەو بڕیارەی بدایە كە بە زیانی هاوڵاتیانە، و ئەو بڕیارە بە ستەمكارو نادادپەروەر لەقەڵەمدەدا، راشی دەگەیەنێت كە چەندین جار روبەرووی ئەو جۆرە بڕیارانە بونەتەوە. كۆڕەك تیلیكۆم كۆرەك تیلیكۆم كۆمپانیایەكی هاوبەشی سنوردارە لە عێراقدا تۆماركراوە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی GSMو ساڵی 2000 دەستی بە پێشەكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی كرد سەرەتا تەنها لە هەرێمی كوردستان، پاشان لە 17ی ئابی ساڵی 2007 كۆڕەك یەكێك بوو لەو سێ كۆمپانیایەی كە مۆڵەتی كاركردنی سەرانسەری عێراقی پێدرا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی مۆبایل، بنكەی سەرەكی لە شارۆ1كەی پیرمامە. سیروان بارزانی كوڕی سابیر مستەفا بارزانی، كە دامەزرێنەری كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمە ساڵی 1971 لە دایكبووەو جگە لە كاری بازرگانی، فەرماندەی سەربازییەو پلەی لیوای لە نێو هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەیەو لەشەڕی دژ بە رێكخراوی داعش فەرماندەی میحوەری گوێر- مەخمور بووە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف بەر لە كۆتایی ئەم مانگە پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە دەكەن، (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا زانیاری ورد لەبارەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی نێوان هەردوولا ئاشكرادەكات. وەفدی دانوستاكاری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ جارێكی تر لە بارەگای مەكتەبی سیاسی پارتی لە پیرمام كۆبونەوە. كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بڕیارە رۆژی (27)ی ئەم مانگە جارێكی تر وەفدی هەردوولا كۆببنەوە. یەكێتی نیگەرانە ! سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بە وەفدی دانوستانكاری پارتییان راگەیاندووە، چەندین كۆبونەوەی تریش بكەن ناگەنە رێككەوتن، ئەگەر وەفدی پارتی بەمشێوەیە بمێنێتەوەو هیچ كەسێكی لە بنەماڵەی بارزانی تێدا نەبێت. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە لە كۆبونەوەی داهاتوودا كە وەفدی پارتی سەردانی سلێمانی دەكات، مەسرور بارزانی یاخود نێچیرڤان بارزانی بەشدار بێت، چونكە هەر رێككەوتنێك لەنێوان هەردوولا بەبێ ئامادەبوونی كەسێك لە بنەماڵەی بارزانی، گرەنتی جێبەجێكردنی نییە. وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئەگەر چارەسەریان پێنەبوو، باشترە بۆ كۆبونەوەی داهاتوو سەردانی سلێمانی نەكەن. لەبەرامبەردا وەفدی پارتی وتویانە، ئەوان راسپێردراون دانوستان لەگەڵ یەكێتیدا بكەن، بەڵام داواكارییەكەیان دەگەیەنن. یەكێتی داواكاری نوێی هەیە ! وەفدی یەكێتی كە لە كۆبونەوەی پێشوودا جەختیان لەسەر دابەشكردنی چوار پۆستە باڵاكە (ئەنجومەنی ئاسایش- وەزیری ناوخۆ- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە) كرد، بەجۆرێك دوو پۆستیان بۆ پارتیو دوو پۆستەكەی تر بۆ یەكێتی بێت، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جەختیان لەسەر هەمان داواكاری كردەوە. سەرباری چوار پۆستەكە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی جارێكی تر فایلی دەسەڵاتی دادوەرییان هێناوەتەپێش. وەفدی یەكێتی داوایانكردووە (ئەنجومەنی باڵای دادوەریو ئەنجومەنی شورا) رێكبخرێنەوە، چونكە ئەو پۆستانە لە دەرەوەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردننو نابێت پارتی تێیاندا زۆرینە بێت، بەڵام ئەمە بەشێَك نییە لە پاكێجی یەكێتی بۆ پۆستەكان. وەفدی یەكێتی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا جارێكی تر داوای وەزارەتی ناوخۆی كردووەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی پێدانی ئەو وەزارەتەی بە یەكێتی رەتكردوەتەوەو رایگەیاندووە، ئەو وەزارەتە لای سەرۆكی حكومەت دەبێت واتە مەسرور بارزانی. بەڵام لەبەرامبەردا وەفدی پارتی پێشنیازیان كردووە یەكێتی ئەم پۆستانە وەربگرێت كە زۆرینەیان ئێستاش لەدەستی یەكێتیدانو پۆستەكان ئەمانەن: • وەزیری پێشمەرگە • جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ كاروباری سەربازی • دەزگای ئاسایش • جێگری وەزیری ناوخۆ • دەزگای زانیاریی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم ! سەرچاوەیەكی تری ئاگادار لە كۆبونەوەكە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە، ئەگەر پارتی بەبێ یەكێتی ئەو دامەزراوەیە كارابكاتەوە، سەرچڵی دەكاتو پەیوەندییەكانی هەردوولا دەچێتە ئاستێكی خراپەوە. ئەم قسانەی وەفدی یەكێتی دوای ئەو پەیامە هات كە بەمدواییە پارتی بۆ یەكێتی ناردو تێیدا هۆشداریدا "ئەگەر یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، لەو دامەزراوەیەدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، (درەو میدیا) پێشتر ئەم زانیارییەی بڵاوكردەوە. وەفدی پارتی جارێكی تر دڵنیاییان بە یەكێتی داوە كە جێگرێك بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد دەكەنو ئەو پۆستە بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام یەكێتی وەكو كۆبونەوەی پێشوو جەختی لەسەر ئەوە كردووە كە دەبێت ئەو جێگرە بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی دیاری بكرێت، نەوەك سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی بۆ دیاری بكات. ئەگەری رێككەوتن ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، رەنگە دواجار پارتیو یەكێتی بگەنە رێككەوتن، ئەگەر پارتی سەرباری ئەو پۆستانەی كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا بەڵێنی بەیەكێتی داوە، ئەم پۆستانەی تریش بۆ یەكێتی جێبهێڵێت: • وەزارەتی تەندروستی • وەزارەتی پلاندانان • وەزارەتی خوێندنی باڵا یاخود وەزارەتی پەروەردە • وەزارەتی كشتوكاڵ • دەستەی وەبەرهێنان پارتی گەشبینە سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ كۆبونەوەیەكی باش بووەو لەسەر پۆستەكان ناكۆكی نێوان هەردوولا كەمبوەتەوەو لەسەر چوارچێوەی گشتییەكان رێككەوتوونو ئێستا بەربەستی گەورە نەماوە. چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبونەوەی رۆژی 27ی ئەم مانگەدا پارتی زۆرینەی داواكارییەكانی یەكێتی جێبەجێ بكات، بۆئەوەی یەكێتی بگەڕێتەوە بۆ دانیشتنەكانی پەرلەمانو بەشداریكردن لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا. پارتی پێیوایە ئێستا یەكێتی وەكو سەرەتای دانوستانەكان داواكاری زۆر گەورەی نەماوە كە توانای جێبەجێكردنی نەبێت، بەتایبەتیش پرسی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كەركوك كە سەرەتا دانوستانەكانی توشی ئیفلیجی كردبوو. پارتی بەنیازە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بەڵام هێشتا گومانی هەیە لەوەی یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت"و خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی بدزێتەوە، ئەگەر دڵنیاببێتەوە لەوەی یەكێتی نیازی رێككەوتنی هەیە، رەنگە زۆربەی داواكارییەكانی بۆ جێبەجێ بكات.
ئامادەكردنی: فازل حەمەرەفعەت رۆژی 21ی ئاداری هەموو ساڵێك لە كوردستان و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بەبۆنەی جەژنی (نەورۆز)ەوە خەڵك ئاهەنگ دەگێڕن، زۆرێك لەوانەی بەشداری ئەو ئاهەنگانە دەكەن بەتەواوەتی لە چیرۆكی جەژنەكە تێنەگەیشتوون، نەك هەر ئەوان مێژوونوسەكانیش لەبارەی چیرۆكی جەژنی نەورۆزەوە قسەی جیاوازیان هەیە. كورد و ئێرانییەكان و خەڵكی ئەفغانستان و چەند وڵاتێك و نەتەوەیەكی تری ناوچەكە نەورۆز بە جەژنی خۆیان دادەنێن. لەبارەی نەورۆزە بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بنچینەی وشەی نەورۆز لە وشەیەكی پەهلەوی كۆنەوە هاتوە و مێژووەكەی بۆ 200 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، وشەكە لە دوو بڕگە پێكهاتووە: نەو: نوێ روز: رۆژ وشەی نەورۆز بەواتای (رۆژێكی نوێ) دێت. لەبارەی مێژوی نەورۆزەوە وەكو جەژنێكی میللی قسەوباسی جیاواز هەن: هەندێك لە مێژوونوسان چیرۆكی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە چاخی سۆمەرییەكانەوە و دەڵێن سۆمەرییەكان یەكەم گەل بوون كە ئەم جەژنەیان كردووە. مێژوونوسانی كورد زۆرینەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی كورد پێكهاتەیەكی سەرەكی شارستانی سۆمەری پێكدەهێنێت و هەر لەو سەردەمەوە كورد لە چیاو ئەشكەوتنەكاندا لەسەرەتای وەرزی بەهاردا بە ئاگركردنەوە و ئاهەنگگێڕان جەژنیان كردوە. مێژووی نەورۆز لای كورد مێژونوسانی كورد لەبارەی چیرۆك و مێژووی نەورۆزەوە دوو بۆچونی سەرەكییان هەیە: بۆچونی یەكەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە دروستبونی دەوڵەتی ماد بەر لە 700 ساڵ وەكو یەكەمین دەوڵەتی كوردی بۆچونی دووەم: نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە. ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دەوڵەتی مادەوە دەڵێن لە پێش زایندا هیچ روداوێك نییە كە كورد وەكو نەتەوەیەك شانازی پێوە بكات جگە لە دروستبونی دەوڵەتی ماد، بۆیە نەورۆز بەبۆچونی ئەوان جەژنی سەرەتای دروستبونی یەكەمین دەوڵەتی كوردییە. لە بەرامبەردا ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەرەوە دابەشبون بەسەر دوو بەشدا: بۆچونی یەكەم: ئەوانەی نەورۆز دەبەستنەوە بە دروستبونی دەوڵەتی مادەوە، ناتەبان لەگەڵ چیرۆكی زوحاك و كاوەی ئاسنگەردا و دەڵێن زوحاك دواین پادشای دەوڵەتی ماد بووەو پادشایەكی ستەمكار نەبووە، فارسەكان مێژوویان شێواندوە. ئەوانەی خاوەنی ئەم بۆچونەن زیاتریش دەڕۆن و لەبارەی كاوەی ئاسنگەرەوە دەڵێن كاوە تەنانەت كورد نەبووە، ئەگەر كوردیش بوبێت بەو كارەی كە كۆتایی بە حوكمڕانی دەوڵەتی ماد هێناوە وەكو دەوڵەتێكی كوردی ناپاكی كردوەو بۆ ئەوە نابێت كورد شانازی پێوە بكات. بۆچونی دووەم: ئەمە بۆچونە باوەكەیە لەناو خەڵكدا، ئەم بۆچونە نەورۆز دەبەستێتەوە بە چیرۆكی پادشایەكی ستەمكار كە زوحاكە، ئەفسانەكان باس لەوە دەكەن ئەم پادشایە كە دەوترێت دواین پادشای حوكمڕانی دەوڵەتی ماد بوو پادشایەكی ستەمكار بووە، كەسێك بەناوی كاوەی ئاسنگەر شۆڕشی لەدژ بەرپا كردووە و زوحاكی كوشتووە، ئیتر ئەو رۆژە ناوی لێنراوە نەورۆز و ساڵانە وەكو هەڵاتنی رۆژێكی نوێ بەبۆنەیەوە ئاهەنگیان گێڕاوە. سەرەتای ساڵی كوردی و روخانی ئیمپراتۆریەتی ئاشوری نەوشیروان مستەفا وەكو یەكێك لە مێژوونوسە هاوچەرخەكانی كورد لە كتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین" لەبارەی نەورۆزەوە دەڵێ: لە كوردستانی عێراق، لە بەرامبەر سەری ساڵی زاینی دا ئێستا بە شانازییەوە ساڵێك ئەنوسن لە ساڵی هیچ میللەتێكی ئەم دنیایە ناچێ، گوایە ئەو ساڵی كوردییە، لە كاتێكدا ئەگەر یەكێ بە وردی بچێتە بنج وبناوانی مێژووی ئەو ساڵە نەك ناهێنی بكرێتە ساڵی لەدایكبونی كورد، بگرە ئەبو مێژونوسانی كورد خۆیان نەكردبایە بە خاوەنی، چونكە ئەوە ساڵێكە وەكو مێژووی ناوچەكە ئەیگێڕێتەوە، لەو ساڵەدا چەند تیرە و هۆزی دڕەندە و داكەوتوی ناوچە شاخاوییەكان هێرشیان كردوەتە سەر نەینەوای پایتەختی ئیمپراتۆری ئاشوری و یەكێ لە پێشكەوتوترین شارستانێتییەكانی ئەو سەردەمەیان بە جۆرێ وێران كردووە كە ئیتر هەڵنەساوەتەوە.. سەیر ئەوەیە كورد خۆی بكا بە خاوەنی كارەساتێكی لەو بابەتە و بیكا بە ساڵی لەدایكبونی خۆی كەچی خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتیە گەورەكانی میزۆپۆتامیا و زاگرۆس و ئێران، خۆی بە بێگانە بزانێ لە شارستانێتی سۆمەری و بابلی و ئەكەدی و خوری و گوتی و لۆلۆیی، لە كاتێكدا، تەنیا لە كوردستانی عێراقدا، هەزاران خشتی نوسراو دۆزراونەتەوە و سەدان شوێنەواری گرنگ شوێنەواری گرنگ لە هەولێر و كەركوك و دهۆك و سلێمانی، لە هەورامان و شمشارە و بێتوانە و دەربەندی گاور و بەمۆ و پەیكوڵی و پیرەمەگرون و حەوزی حەمرین و كیلەشین و زاخۆ .... دۆزراونەتەوە و هەزارانیش لە ژێر خاك دا ماون هێشتا كنە و پشكنینی زانستی یان تێدا نەكراوە. ئەگەر دەستكردی خەڵكی ناوچەكە نەبوبێ، داگیركەر هەرگیز نەیتوانیوە تاشەبەردی ئەو شاخانە هەڵكۆڵێ، پەیكەری لە سەر بنەخشێنێ و نوسینی لەسەر تۆماربكا". بۆچونێكی تر: هەندێك لێكدانەوەی تر هەن بۆ ریشەی وشە و مێژووی نەورۆز وەكو جەژنێكی میللی خەڵكی كورد، هێمنی موكریانی مێژووی نەورۆز دەبەستێتەوە بە ریشەی ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردەوە لە چاخە دێرینەكاندا و دەڵێ لە كۆندا كورد ئاژەڵدارییان كردووە، سەرەتای وەرزی بەهاری كاتی زاینی ئاژەڵی مەڕدارەكانی كورد بووە، لەو رۆژەدا كە رۆژی مەڕزاینە مەڕدارانی كورد ئاهەنگیان گێڕاوە و ئەمە بوەتە نەریت و جەژنی نەورۆز لەم ریشەیەوە دروستبووە. زەردەشت و نەورۆز هەندێكی تر ریشەی جەژنی نەورۆز دەبەستنەوە بە ئاینی زەردەشتیییەوە وەكو ئاینێكی كۆنی كورد، بۆ ئەمەش بەڵگەی ئاگركردنەوە دەهێننەوە كە سیمبوڵێكی هاوبەشی نەورۆز و ئاینی زەردەشتیییە. فارسەكان چی دەڵێن ؟ بەشێوەیەكی گشتی مێژونوسانی فارس ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە پادشایەكی خۆیانەوە كە لە وەرزی سەرماو سۆڵەی سەختدا یارمەتی خەڵكی داوە، هەندێكی تر ریشەی نەورۆز دەبەستنەوە بە كەسایەتییەكەوە بەناوی (حاجی فەیروز)، ئەم كەسە بە جلە سورەكانی و رەشكردنی روخساری دەناسرێتەوە، حاجی فەیروز بەو روخسارەوە بە شەقامەكاندا گەڕاوە و بانگەوازی بۆ هاتنی وەرزی بەهار كردووە و گۆرانی میللی وتوە، ئێرانییەكان ئەم حاجی فەیروزە دەبەستنەوە بە سیاوەشەوە كە یەكێك لە پادشا كۆنەكانی ئێرانە. یەكێك لە نەریتە دیارەكانی جەژنی نەورۆز لە ئێران ئامادەكردنی خوانێكە كە حەوت جۆری خواردنی تێدابێت بەمەرجێك هەر حەوت خواردنەكە ناوەكانیان بە پیتی (سین) دەستپبێبكات، ئەم نەریتە ناوی لێنراوە (حەوت سینەكە). نەورۆز لە جیهاندا نزیكەی 300 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان ساڵانە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، بەوهۆیەوە نەورۆز ئێستا تاڕادەیەك بوەتە جەژنێكی جیهانی، بەهۆی ئەوەی لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە ئەم جەژنە بەرز رادەگیرێت ساڵانە سەرۆكی وڵاتانی جیهان بەوبۆنەیەوە پیرۆزبایی دەكەن. ئێستا جگە لە كوردستان، لە ئێران و ئەفغانستان و پاكستان و ئۆزبەكستان و ناوەڕاستی ئاسیا و تەنانەت باكوری چین خەڵك بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و هاتنی سەری ساڵی نوێوە ئاهەنگ دەگێڕن. بەهۆی ئەو ناوبانگە جیهانییەی كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2000ەوە پەیدای كرد، ساڵی 2009 رێكخراوی یونسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان جەژنی نەورۆزی وەكو یەكێك لە كۆنترین جەژنەكان خستە لیستی كەلەپوری جیهانییەوە. هەروەها كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 2010 لەسەر داوای چەند وڵاتێك لەوانە" ئازەربایجان، ئەفغانستان، ئەلبانیا، ئێران، توركیا، مەكەدۆنیا، تاجیكستان، قیرغیزستان، كازاخستان و هندستان بە بڕیاری 64/253 رۆژی 21ی ئاداری بە رۆژی جیهانی نەورۆز دیاریكرد.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف دوێنێ تەواوی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدابوون، لە هەمان رۆژدا وەفدەكەی یەكێتی لە كۆبونەوەیاندا لەگەڵ پارتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیان رەتكردەوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی سیادیدا. لە پێشوازی سەرۆكی پەرلەمانی عێراقدا. چەند كاتژمێرێكی كەم لە دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە تەواوی باڵە جیاوازیەكانیەوە لە پێشوازی سەرۆكە گەنجەكەی پەرلەمانی عێراقدا بوون، لە فڕۆكەخانەی سلێمانی قوباد تاڵەبانی بە جلی كوردیەوە لەگەڵ چەندین سەركردەی تری حزبەكەی پێشوازیان لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراقكرد، دواتر و بە كەژاوەیەكی رەسمیەوە گەیاندیانە ماڵی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و لەوێ لەلایەن سەرۆك كۆمار و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە، لە پێشوازیدابون. ئەم گرنگی پێدانەی سەركردەكانی یەكێتی بە تەواوی باڵە جیاوازەكانیەوە لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند كاتژمێرێك دوای رەتكردنەوەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوو. یەكێتی بەدوو ئاراستە مامەڵە لەگەڵ پەرلەمان و پێگەی پەرلەمان دەكات، لەلایەك رەتكردنەوەو لەلایەكیش پێشوازی گەرم. رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیا كە لەچەند سەرچاوەیەكی جیاوازی ناو یەكێتی و پارتیەوە وەریگرتووە، لە كۆبونەوەی دوێنێ 19/3/2019 دا یەكێتی بە رەسمی بە وەفدی دانوستانكاری پارتیان راگەیاندووە كە سەرۆكی پەرلەمان وەرناگرن و رەتی دەكەنەوە، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی وزاری سیادیدا، لەبەرامبەردا وەفدی پارتی دیموكراتی كوردستان رایانگەیاندووە رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە رەزامەندی خۆتانەو لەبەرامبەردا هیچ خاڵ و پۆینتێكی تر وەرناگرن. وەفدی یەكێتی داوای دوو وەزارەتی سیادیان كردووە لە نێویاندا وەزارەتی ناوخۆ كە یەكێتی لەم هەنگاوەی چەند ئامانجێك دەپێكێت: یەكەم: یەكێتی دەیەوێت سێ پۆستی سیادی بەدەستبهێنێت، لە پێناو رازیكردنی باڵە جیاوازەكانی ناوخۆیدا، بەو پێیەی لە ئێستادا ركابەر بۆ قوباد تاڵەبانی بۆ جێگری سەرۆكی حكومەت درووست بووەو دەیانەوێت ئەو كارەكتەرانە رازی بكەن. یەكێتی دەیەوێت، پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ قوباد تاڵەبانی و پۆستی وەزیری ناوخۆ بۆ دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ ( حاكم قادر یان عیماد ئەحمەد) مسۆگەر بكات كە لە ئێستادا هەردوكیان داوای جێگری سەرۆكی حكومەت دەكەن، بە واتایەكی تر ئەم هەنگاوەی یەكێتی بۆ رازیكردنی تەواوی باڵە ناكۆكەكانی ناوخۆیەتی. دووەم: رەتكردنەوەی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن زۆرینەی سەركردەو باڵە جیاوازەكانی یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە هەردوو كاندیدی ئەو پۆستە( بێگەرد تاڵەبانی، رێواز فایەق) راستە هەریەكەیان لەسەر باڵێكی ناو یەكێتی ئەژمار دەكرێن، بەڵام بەدانانی ئەوان هیچ لە ناكۆكیەكان كەمناكاتەوەو هیچیان كارەكتەری پلە یەكی ناو باڵەكان نین، سەرەڕای لێهاتووی خۆیان، بۆیە هەرلەسەرەتاوە مەكتەبی سیاسی و سەركردەكانی یەكێتی بە بێبایەخەوە سەیری ئەو پۆستەیانكردووە. سێیەم: یەكێتی پێی وایە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی نەك هەر گرنگ نابێت بەڵكو رەنگە لە هەندێك رووداو هەڵوێستدا ببێتە بار بەسەر شانی یەكێتیەوە، بەو پێیەی پارتی ئەو دامەزراوەیەی قۆرخكردووە، هەردوو جێگرەكەی سەرۆكی پارلەمان پارتین ، سەرۆكی لیژنەی یاسایی و لیژنەگرنگەكان لای پارتین ، ئیدارەو كارگێری و سكوێرتی پەرلەمان لای پارتیە، لە هەمانكاتدا پارتی 45 پەرلەمانتاری هەیەو بە ئاسانی دەتوانێت بەبەردەوامی دەنگی زیاتر لە 60 ئەندام مسۆگەر بكات، بۆیە رەنگە سەرۆكی پەرلەمان تەنها وەك كارەكتەرەێكی رەمزی بمێنێتەوە. سەرۆكی پەرلەمان لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دووخول پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی لەلابووە، ئەویش لە خولی دووەمی پەرلەمان ( عەدنان موفتی ) لە خولی سێیەمیش دوو ساڵ ( ئەرسەلان باییز) بووە ئەمە سەرەرای لەدوای 2003 تا 2005 و یەكخستنی دوو ئیدارە بە تەناوب لە نێوان ( رۆژ نوری شاوەیس و كەمال فوئاد)دا سەرۆكی پەرلەمان ئاڵوگۆڕی پێكرا، بەڵام پەرلەمانتارانی هەمان خولی یەكەم بوون كە جەوهەر نامیق سەرۆكی بوو. یەكێتی ترسی لەوەیە كە ئەگەر لە ئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان وەربگرێت دەركردن و پەسەندكردنی تەواوی ئەو یاسایانەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت لەم خولەدا بە ویستی خۆی تێیان بپەڕێنیت، دەكەوێتە سەرشانی یەكێتی، خۆ ئەگەر سەرۆكی پەرلەمانیش ناڕازی بێت، بە دوو ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی تێدەپەڕێنرێت، بۆیە یەكێتی پێناچێت لانی كەم تا تێپەراندنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەو پۆستە وەربگرێت.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- نامیق رەسوڵ-محەمەد رەئوف پارتی ڤیتۆی لەسەر چەند وەزارەتێك هەڵگرتو ئامادەیە جێگرێكیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیاد بكات، بەڵام كێشەی چوار پۆستە باڵاكە بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. وەفدی دانوستانكاری یەكێتیو پارتی ئەمڕۆ جارێكی تر كۆبونەوە، كۆبونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە سلێمانی. كۆبونەوەكە نەگەیشتە ئاستی رێككەوتن، بەڵام هەندێك پەرەسەندنی نوێی بەخۆوە بینی. یەكێتی هۆشداری دەدات ! (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر یەكێتی لە هەموو سەرۆكایەتیو جومگە سەرەكییەكانی حكومەتدا هاوبەشی راستەقینە نەبێت، بەشداری حكومەت ناكات، بەڵام ناشبێت بە ئۆپۆزسیۆن !". یەكێتی بەم پەیامە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هۆشداری بە پارتی داوە لەبارەی ئەگەری جیابوونەوەو دووئیدارەیی. كێشەی چوار پۆستەكە سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی نیشتمانی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی جەختی كردووە لەسەر داواكارییەكانی كۆبونەوەی پێشوو. رۆژی 12ی ئەم مانگە وەفدی یەكێتیو پارتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە، (درەو میدیا) پێشتر ئاشكرایكرد، لەو كۆبونەوەیەدا وەفدی یەكێتی داوای كردووە لە كۆی (4) پۆستی باڵا، دەبێت دوانیان بۆ یەكێتی بێت، پۆستەكانیش بریتین لە (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان). یەكێتی پۆستی وەزیری ناوخۆی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش داناوە، پۆستی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانو دەیەوێت لەكۆی ئەو چوار پۆستە دوانیان ببات، بەڵام پارتی تائێستا رەتیدەكاتەوە هیچ یەكێك لەو پۆستانە بە یەكێتی بدات. لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستە كە ئێستا بووەتە جێگای ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا، (درەو میدیا) زانیویەتی، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكی ئەوتۆیان نەداوە، تەنیا وتویانە لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەو نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم چەند پۆستێكی گرنگ بە یەكێتی دەدرێت، بەڵام رایانگەیاندووە داواكارییەكانی یەكێتی دەبنەوە بۆ سەركردایەتی پارتی، یەكێتی ئێستا چاوەڕوانە پارتی لەبارەی چارەنوسی ئەو چوار پۆستەوە لە كۆبونەوەكەی دوای نەورۆزدا وەڵامی لێبگێڕێتەوە. لەبارەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی هەرێم سەرچاوەیەك باڵا نزیك لە دانوستانەكان، بە (درەو میدیا)ی رایانگەند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی پارتی رەزامەندی نیشانداوە جێگرێكی تر بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم زیادبكرێتو ئەو پۆستە بدرێت بە یەكێتی. بەڵام وەفدی یەكێتی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە مەرجی هەبووە، مەرجەكەش ئەوەیە پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكرێت، نەك دەسەڵاتی نەبێتو سەرۆكی هەرێم خۆی دەسەڵاتەكانی بۆ دیاری بكات. ئەمە لەكاتێكدایە ئێستا پۆستێكی جێگری سەرۆكی هەرێم بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابووەتەوە. لەبارەی وەزارەتەكانەوە نوێترین پەرەسەندن كە لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا رویدا، هەڵگرتنی ڤیتۆ بوو لەسەر ژمارەیەك وەزارەت لەلایەن وەفدی پارتییەوە. پارتی ئەمڕۆ دەرگای گفتوگۆی لەسەر هەندێك وەزارەت لەگەڵ یەكێتی كردەوە كە پێشتر ئامادەنەبوو بەهیچ جۆرێك گفتوگۆیان لەسەر بكات، لەوانە پۆستەكانی وەزارەتی (شارەوانیو تەندروستی). بەڵام یەكێتی لەمبارەیەشەوە مەرجی هەبووەو داوایكردووە، تەواوی پۆستە وزارییەكان بخرێنەسەر مێزی گفتوگۆو بەدانوستان یەكلابكرێنەوە، نەك پارتی هەندێك وەزارەت بەبێ گفتوگۆ بۆخۆی یەكلابكاتەوە. بەبێ هیچ رێككەوتنێك كۆبونەوەی ئەمڕۆش كۆتایی هات، وەفدی یەكێتیو پارتی چارەنوسی دانوستانەكانیان سپارد بە كۆبونەوەیەكی تر كە بڕیارە دوای جەژنی نەورۆز بەڕێوەبچێت. پارتی چی دەكات ؟ دوێنێ پارتی دواین پەیامی خۆی لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بە یەكێتی گەیاند، ناوەڕۆكی پەیامەكە بریتییە لەوەی " ئەگەر یەكێتی بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمو هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكی پێنادرێت". سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پارتی دركی بەوە كردووە یەكێتی دەیەوێت "كات بكوژێت" تا ئەوكاتەی پارتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوە، یەكێتی دەیەوێت لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بزوتنەوەی گۆڕان لاواز بكات كە ئێستا هاوپەیمانی پارتییەو تۆڵەی روداوەكانی 30ی حوزەیرانی 2013 لە گۆڕان بكاتەوە. سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، پارتی لەوە زیاتر چاوەڕوانی یەكێتی ناكاتو دواین وادە بۆ یەكێتی كۆتایی ئەم مانگەیە، ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، پارتی بەبێ یەكێتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكاتەوەو مەسرور بارزانیش رادەسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. لەبەرامبەردا بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی بەنیازە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەیشتە رێككەوتن لەسەر پۆستەكان، پرۆژەیاسا كۆنەكەی خۆی كە ساڵی 2015 لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد، جارێكی تر بگەڕێنێتەوە بۆ ناو پەرلەمان. هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پارتیو یەكێتی لە كۆتایدا ناگەنە رێككەوتنو پارتی بەبێ یەكێتیو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانو پێكهاتەكان یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواردەكاتەوە. بەم هەنگاوە هاوكێشەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێتو بەپێچەوانەی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستانەوە كە لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەبەرامبەر پارتیدا راوەستابوو، لە خولی پێنجەمدا یەكێتی دەبێتە جەمسەرو لەبەرامبەر پارتیدا رادەوەستێت، بەڵام هێشتا ئەنجامی یارییەكە ناڕوونەو كات وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.