دەستەی نەزاهە لێكۆڵینەوە لە فوئاد حسێن دەكات
2020-08-10 13:01:04
(درەو):
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەلایەن دەستەی نەزاهەوە بەتۆمەتی بەهەدەردانی زیاتر لە (6 ترلیۆن) دینار لەو كاتەی كە وەزیری دارایی بووە، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
(30) پەرلەمانتاری عێراق لەبەردەم دادگا سكاڵایان لەسەر فوئاد حسێن تۆماركردووەو دەڵێن لەكۆتایی تەمەنیدا لە پۆستی وەزیری دارایی عێراق لە كابینەی عادل عەبدولمەهدیدا، فوئاد حسێن زیاتر لە (6 ترلیۆن) دیناری بەهەدەرداوە، كە دەكاتە (5 ملیارو 300 ملیۆن) دۆلار.
سكاڵاكەی فوئاد حسێن بەپێی ماددەی (340)ی یاسای سزادانی عێراقی تۆماركراوە، ئەم ماددەیە دەڵێ:" هەر فەرمانبەر یان راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی، ئەگەر بەشێوەیەكی ئەنقەست زیان بە داراییو بەرژەوەندی ئەو لایەنە بگەیەنێت كە كاری تێدا دەكات، سزا دەدرێت بە زیندان یان حەبسكردن بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت".
رۆژی شەممە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار بە (درەو)ی راگەیاند، لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن داوای لە بەرهەم ساڵح كردووە كارێك بكات بۆ راگرتنی ئەو دۆسیە یاساییە.
2019 كە لەناو پەرلەمانی عێراق سەرۆك كۆماری هەڵبژێردرا، فوئاد حسێن كاندیدی مەسعود بارزانی بوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو ركابەری بەرهەم ساڵح بوو، بەڵام دەنگی نەهێنا، دواتر بارزانی كاندیدی كرد بۆ پۆستی وەزیری داراییو لەكابینەی عەبدولمەهدیدا پۆستەكەی وەرگرت، دوای دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتی عەبددولمەهدی، بارزانی جارێكی تر فوئاد حسێنی كاندیدكردەوەو ئێستا وەزیری دەرەوەی عێراقە.
لەناو لایەنە شیعەكانی عێراق ناڕەزایەتی زۆر لەسەر فوئاد حسێن هەیە، تۆمەتباری دەكەن بە گەندەڵی لەو سەردەمەی كە وەزیری دارایی بووە.