Draw Media

بڕیاری لێبڕینی موچە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

بڕیاری لێبڕینی موچە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا

2020-08-12 12:53:21


راپۆرت:  محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پێشنیازی بڕینی 21%ی موچەی مانگی ئازاری كرد، (8) وەزیر لە تیمی یەكێتی‌و گۆڕان دەنگیان بە پێشنیازەكە نەدا، لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی بڕیارەكە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا.

كۆبونەوەیەكی ئۆنلاین بۆ بڕینی موچە 
ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەی "ئۆنلاین" كۆبووەوە، كۆبونەوەكە هەستیار بوو، بۆ تاوتوێكردنی پرسی دابەشكردنی موچەی مانگی ئازارو یەكلاكردنەوەی بڕیاری لێبڕینی موچە بوو.
كۆبونەوەكە پێشنیازی دابەشكردنی موچەی مانگی ئازاری كرد بە لێبڕینی 21%وە هاوشێوەی ئەوەی بۆ موچەی شوبات كرا‌و حكومەت رێژەی 21%ی خەرجی موچەی وەزارەتەكانی بڕی.

گۆڕان مەسرور بارزانی نیگەران دەكات
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراند، مەسرور بارزانی پێشنیازی بڕینی 21%ی خەرجی موچەی بۆ مانگی ئازار خستوەتە بەردەم وەزیرەكان‌و دواتر پێشنیازەكەی خستوەتە دەنگدان.
(8) وەزیر دەنگی بە بڕینی 21%ی موچە نەدا، ئەوانەی دەنگیان نەدا بریتیی بوون لە (3) وەزیری گۆڕان (بەبێ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی كە بەهۆی نەخۆشییەوە بەشداری كۆبونەوەكەی نەكردووە) لەگەڵ (5) وەزیری یەكێتیدا، زانیارییە هەیە لەناو وەزیرەكانی پارتیشدا ناڕەزایەتی هەبووە لەسەر لێبڕینی 21%ی موچە، لەوانە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف‌و كاروباری ئاینی.
سەرباری ناڕەزایەتی گۆڕان‌و یەكێتی، پیشنیازی مەسرور بارزانی بۆ بڕینی 21%ی موچەی مانگی ئازار، بەزۆرینەی 50+1ی پارتی‌و پێكهاتەكان‌و لایەنە هاوپەیمانەكانی پارتی دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا. 

قوباد تاڵەبانی داوای مۆڵەت دەكات
(درەو) زانیویەتی، دوای ئەوەی بڕیاری بڕینی موچە بەرێژەی 21%ی دەنگی زۆرینەی بەدەستهێناوە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی راگەیاندووە، ئەوان وەكو تیمی یەكێتی لە حكومەت دژی بڕیاری لێبڕینی موچە نین، بەڵام لەژێر فشار حزب‌و جەماوەری خۆیاندان‌و داوا دەكەن ماوەی هەفتەیەك مۆڵەتیان پێبدرێت تاوەكو لەگەڵ حزبەكەیان تاوتوێ بابەتەكە بكەن‌و بڕیاری لەسەر بدەن.
لەسەر داوای قوباد تاڵەبانی، مەسرور بارزانی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ لێبڕینی موچە نەخستە ناو كۆنوسی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران‌و بڕیاری كۆتایی بۆ هەفتەی داهاتوو دواخست، بەم پێیەش حكومەت تاوەكو هەفتەی داهاتووش لیستی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان راناگەیەنێت.

مەسرور بارزانی نیگەرانە
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی نزیكەوە دەست (درەو) كەوتوون، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت نیگەران بووە لەوەی (8) كەس لە وەزیرەكان دژی پێشنیازەكە بوون، بە دیاریكراویش تیمی وزارەی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەمە مەسرور بارزانی نیگەران كرد، هەندێك لە وەزیرەكان بۆ هێوركردنەوەی سەرۆك وەزیران قسەیان كرد‌و دڵنیاییان پێدا كە پاڵپشتی حكومەت دەبن.
ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتدایە بۆ دابەشكردنی موچە بڕكەی (275 ملیار) دینارە، مەسرور بارزانی دەیەوێت بڕی (100 ملیار) دینار قەرزبكات‌و كۆی داهاتەكە بگەیەنێتە (375 ملیار) دینار، ئەگەر بەغداد بڕی (323 ملیار) دینار لەچوارچێوەی رێككەوتنە نوێیەكەدا بۆ هەرێم بنێرێت، كۆی داهاتی بەردەستی حكومەت بۆ موچەی ئەم مانگانە نزیك دەبێتەوە لە (700 ملیار) دینار، كۆی خەرجی موچە بەبێ لێبڕین لە یەك مانگدا (894 ملیار) دینارە، واتە ئەو داهاتەی كە دەكەوێتە بەردەستی حكومەت رێژەی 21%ی كورتهێنانی دەبێت لە خەرجی موچەدا.
حكومەت دەیەوێت ئەم كورتهێنانەی داهات بەرامبەر لە خەرجی موچە لەرێگەی لێبڕینی 21%ی خەرجی وەزارەتەكانەوە چارەسەر بكات هاوشێوەی ئەوەی بۆ موچەی مانگی شوبات كردی.
بڕیاری بڕینی رێژەی 21%ی خەرجی موچە بۆ مانگی شوبات، تەنیا بۆ ئەو مانگە بوو، حكومەت ئەگەر بیەوێت بۆ مانگی ئازاریش هەمان بڕیار جێبەجێ بكات، دەبێت جارێكی تر لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا بیخاتە دەنگدانەوە‌و زۆرینەی وەزیرەكانی هەرسێ لایەنە پێكهێنەری حكومەت (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان) دەنگی بۆ بدەن.

داهات‌و موچە
یەكەمین وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان (وەزارەتی تەندروستی) موچەی مانگی شوباتی ساڵی 2020ی لە رۆژی 27ی حوزەیراندا وەرگرت، واتا (45) رۆژ تێپەڕیوە‌و هێشتا موچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، موچەخۆران بەگشتی لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوان بوون بەر لە جەژنی قوربانی موچە وەربگرن، بەڵام وەریان نەگرت، دیار نییە حكومەتی هەرێم كەی لیستی نوێی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان رادەگەیەنێت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی رۆژی 28ی ئەم مانگە لەبەردەم پەرلەماندا وتی:" هەر كاتێك بەغداد پارە بنێرێت موچە دابەشدەكەن".
دوای دابەشكردنی موچەی مانگی شوبات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی مانگێكی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە بووە:
•    داهاتی ناوخۆ (90 ملیار) دینار
•    تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار
•    پارەی داهاتی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی (165 ملیار) دینار
كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە یەك مانگی دوای دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتدا، بڕی (276 ملیار) دینار بوو، ئەگەر مەزەندە بكرێت ئەم مانگەش حكومەت هەمان بڕی داهاتی دەستدەكەوێت، ئەوا تێكڕای ئەو داهاتەی كە كۆدەبێتەوە دەبێت بە (552 ملیار) دینار، ئەم بڕە پارەیەش بەشی موچەی 65%ی موچەی موچەخۆران دەكات، چونكە تێكڕای خەرجی موچە بۆ یەك مانگ (894 ملیار) دینارە.
حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی شوبات رێژەی 21%ی خەرجی موچەی بڕی‌و بەشێوەیە موچەی دابەشكرد، بڕیاری حكومەت ئەوە بوو لێبڕینەكە تەنیا بۆ مانگی شوبات بێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەم دۆخە داراییە خراپەوە، حكومەت لەبری كۆتایهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، حكومەت بۆ ئەم مانگە رێژەی لێبڕینی موچە لە 21%وە زیاد بكات بۆ نزیكەی 30% یاخود جارێكی تر سودوەربگرێت لە درێژكردنەوەی ماوەی دابەشكردنی موچەو بەوشێوەیە داهاتەكانی كۆبكاتەوە‌و كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە.
ئەمڕۆ ژمارەیەك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان لە راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتی هۆشدارییان بە حكومەمەتدا كە نابێت موچە بە لێبڕینەوە دابەشبكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand