Draw Media

حكومەت بە پاشەكەوت موچە رێكدەخاتەوە

حكومەت بە پاشەكەوت موچە رێكدەخاتەوە

2020-08-18 10:39:33


 
(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت مانگەكانی دابەشكردنی موچە رێكبخاتەوە، بۆ ئەمەش موچەی سێ مانگی ساڵی 2018 كە دابەشكردنی دواكەوتووە دەكات بە "پاشەكەوت"‌و دەیخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی، بەڵام چارەنوسی (2) موچەی سەردەمی كابینەی ئێستا نادیارە.

گۆڕینی دیمەنی قەیران
سایتی تەلەفزیۆنی (كوردستان 24)ی سەربە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەزاری سەرچاوەیەكەوە لە وەزارەتی دارایی‌و ئابوری رایگەیاند، دوای رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق، پێویستە موچەی (سێ) مانگی ساڵی 2018 كە بە فەرمانبەران نەدراوە، بە "پاشەكەوت" ئەژمار بكرێت‌و موچەی هەر مانگێك بۆ ئەو مانگە ناوزەد بكرێت كە تێیدا دابەشدەكرێت‌و موچەی هەرێم لەگەڵ بەغداد رێكبخرێت.
ئێستا كۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2020ە، بەڵام حكومەت موچەی مانگی سێ بەسەر موچەخۆراندا دابەش دەكات، بەپێی قسەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، بۆ مانگی داهاتوو حكومەت موچەی مانگی نۆ دابەش دەكات نەك مانگی چوار.
كابینەی مەسرور بارزانی (سێ) موچەی ساڵی 2018 كە دواكەوتووە، دەخاتە ئەستۆی كابینەی نێچیرڤان بارزانی‌و دەیخاتە چوارچێوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی كابینەی پێشوو.
كابینەی مەسرور بارزانی ماوەی (13) مانگە دەستبەكاربووە (10/7/2019)، لەم ماوەیەدا موچەی (11) مانگی داوە‌و موچەی (2) مانگی نەداوە، هەواڵەكەی (كوردستان 24) ئاماژەی بە چارەنوسی ئەو (2) مانگە نەكردووە كە كابینەی مەسرور بارزانی موچەی نەداوە، بەڵام (3) مانگەكەی ساڵی 2018ی كردووە بە پاشەكەوت لەسەر كابینەی پێشووی حكومەت. 
بەم بڕیارە كابینەی مەسرور بارزانی دەیەوێت هەندێك بارگرانی موچە لەسەر شانی خۆی سوك بكات‌و هەندێك گۆڕانكاری لە دیمەنی قەیرانی دارایدا بكات.

موچە پاشەكەوتكراوەكان
ئەگەر وەكو ئەوەی باسدەكرێت، كابینەی مەسرور بارزانی (3) موچەی ساڵی 2018 بە پاشەكەوت ئەژماربكات، ئەوا كۆی موچەی پاشەكەوتكراوی فەرمانبەرانی هەرێم لەلای حكومەت دەبێت بە (8) موچە، ئەمە جگە لە دوو موچەی تر كە بە فەرمانبەران نەدراوە‌و مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی مەسرور بارزانی دەگەڕێتەوە.
كابینەی پێشووی حكومەت كە ناوی لێنراوە كابینەی هەشتەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، ماوەی تەمەنی ئەو كابینەیە لەنێوان ساڵانی 2014 بۆ 2019 بوو، لەم ماوەیەدا بەهۆی شەڕی "داعش"‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە لە بازاڕی جیهانیدا حكومەت توشی قەیرانی دارایی بوو.
كابینەی پێشووی حكومەت لەماوەی تەمەنی خۆیدا بەتێكڕا ماوەی (8) مانگ هیچ موچەیەكی بە فەرمانبەران نەدا، (34) موچەشی بە پاشەكەوتەوە دابەشكرد.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆی ئەو موچانەی كە بە فەرمانبەران نەدراوە لەگەڵ ئەو موچانەی كە پاشەكەوتەوە دابەشكراون‌و لای حكومەت وەكو قەرز تۆماركراوە، بەهاكەی دەگاتە نزیكەی (9 ملیۆن) دۆلار، ئەمە بەشێكە لەو (27 ملیار) دۆلارەی كە مەسرور بارزانی وتی قەرزی كابینەی پێشووە‌و بۆ كابینەكەی ئەو بەجێماوە.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand