سبەینێ لە لەندەن ئاشتی هەورامی دادگایی دەكرێت
2020-08-20 18:01:37
درەو:
سبەینێ لە شاری لەندەن یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ( كۆمپانیای داینا سیتی)یە لە دژی (ئاشتی هەورامی) وەزیری پێشووی سامانە سروشتیەكان و یاریدەدەری ئێستای سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری وزە .
دادگاییكردنەكە لە دادگای ( هاربیترەیشن) لە لەندەن كاتژمێر 10ی بەیانی دەستپێدەكات، بەهۆی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە كۆرۆناوە رێگا بەكەس نادرێت بەشداری دانیشتنەكە بكات، بەڵام خەڵكی دەتوانن داوا بكەن لە رێگەی سكایپەوە تەماشای پرۆسەی دادگاییكردنەكە بكەن.
بە پێی زانیارییەكان ئەگەر لە گەڕی یەكەمدا ئاشتی هەورامی دادگاییەكە بدۆڕێنێت لە گەڕی دووەمدا دەبێت، هەریەك لە ( نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی) ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكە بن.
كۆمپانیای (Dynasty Petroleum) بۆ بازرگانی نەوت و غاز، لەڕۆژی 14ی ئابی 2019 سكاڵای لە دادگای شاهانەی بەریتانیا تۆماركردووە، كۆمپانیای Dynasyty چەند تۆمەتێكی لەدادگا ئاراستەی خودی ئاشتی هەورامی كردووە لەوانە "دەستوەردانی نایاسایی" "ترساندنی نایاسایی" "پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتن" بۆیە ئێستا داوای قەرەبوویەكی خەیاڵیی لە هەرێمی كوردستان دەكات، ئەویش بەهۆی دەستوەردانی هەرێمی كوردستان لە ڕێككەوتنی داینستی (فرۆشیار) و ڕیپسۆڵ (كڕیار) ، كۆمپانیای دایناستی پشكەكانی لە كێڵگە نەوتیی و غازییەكانی هەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای ڕیپسۆڵ-ی ئیسپانی بفرۆشێت بەڵام ئاشتی هەورامی دەستوەردانی كردووە لەو مامەڵەیەداو رێگری لە فرۆشتنی ئەو پشكانە كردووە بۆیە كۆمپانیای دانیستی كەیسەكەی دەباتە دادگایەكی بەریتانیا.
بابەتی پەیوەندیدار بە دادگاییكردنی ئاشتی هەورامی