قاچاخچێتی، گەندەڵی، فێڵ و كۆمپانیاكاری لە خاڵە سنورییەكان
2020-08-15 14:28:28
راپۆرتی عەلی حەمە ساڵح بۆ حكومەت
ئەم لێكۆڵینەوەیە تایبەتە بە گرفتی خاڵە سنوریەكان بەگشتی، چەندین مانگ كاری تێدا كراوەو سود لە دەیان بەڵگەنامەو شاهید و سەرچاوەی فەرمی وەرگیراوە، جگە لە دەستنیشانكردنی گرفت و گەندەڵییەكان چارەسەری پێویستیش خراوەتەڕوو.
بە كاركردن بەم پێشنیازانە مانگانە لە نێوان 150 بۆ 170 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەتی هەرێم، نرخی تێچونی كاڵا لەسەر هاوڵاتیان هەرزاندەبێت، پیشتیوانی بەرهەمی ناخۆی دەكرێت و ئاسایشی هەموان پارێزراو تر دەبێت.
ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵی بەدواداچونین، ئەم راپۆرتە لە 6/12/2019 ئامادەكراوە، بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان رەوانە كرا بە واژووی یاسایی ئەندامان بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمانی لەبارەوە بكرێت، بەڵام پاش هەشت مانگ چاوەڕوانی ئەم دانیشتنە نەكرا. لە 15/8/2020 دوایەمین پێداچونەوە كراوە.
یەك: كاری نایاسایی و قاچاخی:
كاری نایاسایی و قاچاخی لە زۆربەی خاڵە سنورییەكان دەكرێت، هەریەكە بە فۆڕم و شێوازی خۆی.
هەموو ئەو كاڵایانەی قەدەغەیە هێنانیان بە ئاسانی دەهێندرێنە ژورەوەو هەندێك جاریش دەبرێنە دەرەوە.
1-مەرزی باشماخ، ماوەی یەك ساڵە بووە بە ناوەندێكی گەورەی قاچاخچێتی، ئەو كاڵایانەی كە رێگا پێدانیان قەدەغەیە لەم مەرزەوە داخڵدەكرێت، كاڵا قەدەغەكراوەكان لە خەتی ئاسایشەوە دێن و بە هیچ پرۆسەیەكی گومرگدا تێناپەڕن، گرنگترین ئەو كاڵایانەی بەقاچاخ دێن، ئۆتۆتمبیلی مۆدێل نرم كە بەفەرمی داخڵناكرێت. هێلكەو جگەرەو توتنی نێرگەلەو دوگی حەیوان و قۆخ و پیاز و خەیار و جگەرو مریشك..........هتد. نوسینگەی قاچاخی دانراوە بازرگانەكان دەچن لە نوسینگەكان بەپێی ئەو نرخەی دانراوە پارەكە دەدەن، بۆنمومە دوگی حەیوان 30 هەزار دۆلار و هێلكە 12 هەزار دۆلار و خەیار 4 هەزار دۆلار. بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی ئێمە كردوومانە قەبارەی قاچاخی لەباشماخ نزیكەی 35 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.
2- وەلید: خاڵی سنوری وەلید 36 كیلۆمەتر لە زاخۆوە دورە، بەشێكی زۆری ئاڵگۆڕی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوادا لەم خاڵەوە دەكرێت، لەم خاڵی سنوریە كۆمپانیای ستێر باڵا دەستە لە دیوی هەرێمی كوردستان و لە دیوی ڕۆژئاواش پەیەدەیە دوو كەس سەرپەرشتی دەكات (عەلی شێرو عەبد ئێزیدیە) .
بازرگانی بە شیش و چیمەنتۆو دەرمان و جۆرەكانی خۆراك و مەڕ و نەوتی رۆژئاواو .... هتد دەكرێت و كەمترین داهاتی بۆ حكومەتی هەرێمە.
3- سمێلكا(خابور) بڕیار بەدەست لەم خاڵە سنوریە كۆمپانیای ستێرە و ئەوان بڕیاری بازرگانی و هێنان و بردن دەدەن.
4- پەروێزخان: لە مانگی 7ی 2020 ەوە قاچاخی لەم خاڵە سنورییە بەشێوەیەكی مەترسیدار و بەرفراوان دەستی پێكردووە نوسینگەی قاچاخی لە گەرمیان و سلێمانی دانراوە، هێلكەو مریشك و ئۆتۆمبیلی خوار مۆدیل و دوگی حەیوان ...... هتد
بەرپرسانی ئەمنی دەروازەكە كار ئاسانی بۆ هەموو ئەم قاچاخیانە دەكەن.
5: ئیبراهیم خەلیل: بەپێی بەدواداچونی ئێمەو قسەكردن لەگەڵ چەند كارمەند و بازرگانێك چەندین گرفت لەم خاڵی سنوریە هەیە، گۆڕینی كاڵایەك بە كاڵایەكی دیكە لە پێناو گومرگێكی كەم، لەوانە: گۆڕینی جگەرەی گرانبەها بە ئیسی ، گۆڕینی حەب و دەرمانی پزیشكی بەكاڵای دیكە، گۆڕینی ئۆتۆمبیلی شەش پستۆن بە چوار پستۆن، چەندین زانیاریشمان دەستكەوتووە كاڵای قاچاخ لەم سنورەش داخڵ بوون، لەوانە مریشكی توركی كە زیاتر لەشەش مانگە قەدەغەیەو پاش بەدواداچون لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەركەوت كەسێك بەناوی ئەبو نور داخڵی دەكات. بەپێی زانیاری چەند بارەهەڵگرێك بۆ ئەوەی گومرگی كەمتر بدرێت جگەرەو مەشروب و دەرمان كراون بە ئارد و گومرگ نزیكەی 90% كەمیكردووەو بەڕێگای كەسێك كراوە ناوی هێرش بەرواری و هاوارە.
گرفتی سەرەكی ئیبراهیم و خەلیل و حاجی ئۆمەران كۆمپانیاكانە( لەبەشی كۆمپانیاكان بە وەردی باس دەكرێت) .
قاچاخی بە ئەندازەیەكی مەترسیدار زیادی كردووە، دوای گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەك بازرگانی جگەرە، وتیان : ئێستا 95% جگەرە بە قاچاخ دێت و نوسینگەی قاچاخیەكەش لە بازاڕی جگەرەیەكەیە.
چارەسەر:
1-خەتی ئاسایش لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان دابخرێت.
2-پۆلیسی گومرگ بەهێز و تۆكمە بكرێت و میلاكی پێویستی بۆ دابینبكرێت، هەر بەشێك لە پۆلیسی گومرك هاوكاری قاچاخچێتی كرد، رەوانەی دادگا بكرێت.
3-هیچ خاڵێكی سنوری نافەرمی نەمێنێت.
4- ئەو گرفتەی لە مەرزە سەرەكیەكاندا هەیە لە لاوەكیەكان بەزیادەوە هەیە، پێویستە ئەوانیش بە باشی كۆنتڕۆڵ بكرێن.
دوو: كۆمپانیاكانی خاڵە سنورییەكان.
لە دەرەوەی هەموو پرۆسەیەكی یاسایی لە پێدان مۆڵەت و بوونی پێوستی، لەسەرجەم خاڵە سنورییەكان، چەندین كۆمپانیا سەرقاڵی وەرگرتنی پارەن بە ناوی جیاوازەوە.
بەشێك لەمانە هەر پێویست نییەو تەنیا بۆ كۆكردنەوەی پارەیە، بەشێكی دیكەی ئەركی دەوڵەتە.
ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران
1- راگەیاندنی گومرگی، بۆ كۆمپانیای كۆریدۆر، كاغەزێكی ئاساییەو پێشتر حكومەت دەیكرد و هیچ گرفتێكی نەبوو لە مانگی 9ی 2019ەوە دراوە بەم كۆمپانیایەو بۆهەر كاغەزێك 15 هەزار دینار وەردەگرێت.
2- كۆمپانیای ستار، بۆ دڵنیایی ئیجباری لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران دراوە تەنیا 10% بۆحكومەتە..
3- مەنفێست25 دلار، لە ئیبراهیم خەلیل بۆ جبل نهزە لە حاجی ئۆمەران بۆ اشراقات العوادە .
4- سكانەر، 50 دلار وەردەگیرێت بۆ كۆمپانیای هانداون 80% بۆ كۆمپانیاو 20% بۆ حكومەت.
5- تەعقیم بۆ 10 دۆلار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەردەگیرێت، 85% بۆ كۆمپانیاو 15% بۆ حكومەت.
6- پشكنینی خۆراك و كاڵا، هەردوو دەروازەكە لەگەڵ كۆمپانیای نیوستاندەر كردوویانە، بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.
بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.
هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت.
بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگیرێت.
7- كۆمپانیای سەربەخۆ كە وەزارەتی ناوخۆ لە 13/1/2019 رێگای پێداوە، بۆ دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت.
8- لە حاجی ئۆمەران چەند رێگایەكی تر هەیە بۆ وەرگرتنی پارە لە ئیبراهیم خەلیل نیە، كۆمپانیای شەو ڕۆژ بۆ هەر حاڵەتێك 25 دۆلار وەردەگرێت بەناوی كۆمپانیای گەشتیاری و ئەركی دیار نیە.
9- كۆمپانیایەك بەناوی سبكەبار لە هەر ئۆتۆمبیلێكی ترانزێت 50 دۆلار وەردەگرێت، 70% بۆ كۆمپانیا 30% بۆ حكومەت.
10- لە خاڵی سنوری حاجی ئۆمەران كۆمپانیای شەو رۆژ، بەناوی نۆژەنكردنەوەی كۆمەڵگاكەوە 25 دۆلار لە هەر بارهەڵگرێك وەردەگیرێت ( ئێرانی و عێراقی)، زیاتر لە چەند مانگێكە بەردەوامە، پرۆسەكە دراوە بە كۆمپانیایەك و هیچ كارێكی نەكردووە.
جگە لە وەرگرتنی پارە بەناوی گەراجانە.
11- لە ئیبراهیم خەلیل هەندێك كار هەیە لە هیچ خالێكی سنوری دیكە نیە، كۆمپانیای ئەنتەرتیك لەسنوری ئیبرایهم خەلیل بۆ چێككردنەوەی كاڵا بزاندرێت هاوتایە لەگەڵ كارگە بنەڕەتییەك، بۆ هەر بەراوردێك 700 بۆ 2000 دۆلار وەردەگرێت، ئەگەر رۆژانە 500 بەراورد بكات، داهاتەكەی 9 ملیۆن دۆلارە، پاش ئەم بەراوردەش هەمان كۆمپانیا سی پارەی دیكە بەناوی پشكنینی فیزیایی و كیمیاوی و بایۆلۆجی وەردەگرێت!!! داهاتی ئەمیش مانگانە نزیكەی 3 ملیۆن دۆلارە؟
12 – گۆڕپانی (بەتون كوردستان) لە ئیبراهیم خەلیل، رۆژانە نزیكەی 1800 ئۆتۆمبیل لەم گۆڕپانە پشكینینی بۆ دەكرێت و بە ئیجباری 55 دۆلار وەردەگیرێت و بڕێكی زۆر گازویلیان پێدەفرۆشرێت.
13-رۆژانە ژمارەیەكی زۆر ئۆتمبیلی نەفەر هەڵگر تێدەپەڕن و بۆ هەر یەكێك 25 دۆلار وەردەگرن، رۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتە.
14- ئەمە جگە لەوەی پێشتر چەندین كاڵا بەناوی سوریاوە داخڵدەكرێت وەك ترانزێت 20% گومرگ دەدەن، بەڵام نەڕۆشتون بۆ سوریا.
باشماخ و پەرویزخان
1- بەناوی مەنەفێستەوە بۆ (نقل البری) بەبێ ئەنجامدانی هیچ كارێك چەند كۆمپانیایەك پارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبیلەكان وەردەگرن، بۆ نمونە : كۆمپانیای (اشراقات العواد) كە مەنەفێستی (نقل البری ) دەبڕێت و تائێستا نازاندرێت گرێبەستی لەگەڵ كێدا هەیە، بۆ هەر وەسڵێكی مەنەفێست 25 دۆلار وەردەگرێت، هیچ نوسینەگەیەكی لە خاكی ئێراندا نیەو تەنیا پارە وەردەگرێت.
2-چەند كۆمپانیایەكی دیكەی نەوتی مەنەفێست دروستدەكەن بۆ تانكەری نەوت و هەر مەنەفێستێك كە كاغەزێكەو مۆرێكی لێدەدەن 25 دۆلار وەردەگرن، لەكاتێكدا حكومەت خۆی دەتوانێت ئەم كارە بكات و هیچ ئەرك و تێچونێكی نیە.
3--دڵنیایی ئیجباری، دراوەتە كۆمپانیای دڵنیا، لە 5 هەزار دینارەوە بۆ 20 هەزار دینار لە هەر ئۆتۆمبیلێك وەر دەگیرێ، دڵنیای نابێت بە ناچاری بێت و بۆ 24 كاتژمێر بێت و كەس قەرەبوو نەكرێتەوە.
4- كۆمپانیایەكی ئێرانی بۆ هەر بارهەڵگرێك دێتە هەرێمی كوردستان بڕی 50 دۆلار وەردەگرێت بەناوی ترانزێت، بەرپرسانی خاڵە سنورییەكانیش نازانین ئەم پارەیە بۆچی وەردەگیرێت.
5-كۆمپانیای ئەستێرەكان و ئاسمانی كوردستان، بڕی 5هەزار دینار لە هەر هاوڵاتیەكی ئێرانی وەردەگیرێت بەناوی (خبر وصول) كارێكی تەواو نایاساییەو هیچ خزمەگوزارییەك پێشكەش ناكات
6- بەفەرمانی ئەنجومەنی وەزیران، راگەیاندنی گومرگی دراوەتە كۆمپانیای رۆژان، بۆ هەر راگەیاندنێك بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرن لە 10/9/2019 ەوە كەوتووەتەكار، لەكاتێكدا پێشتر حكومەت خۆی بێ بەرامبەر و بەشێوەی ئەلیكترۆنی ئەم راگەیاندنەی دەكرد.
7-كۆمپانیا سەربەخۆ، بۆ دروستكردنی هەر تابلۆیەكی كاتی بڕی 15 هەزار دینار وەردەگرێت، هەمان كۆمپانیا بەپێی گرێبەستێك بۆ هەرتابلۆیەكی هەمیشەیی 50 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوەی جێگای سەرنجە 27 ملیار دیناری پێشەكی پێدراوە!
8- كوالێتی باشماخ بەناوی رەزگەو و پەروێزخان لۆكس ئەجانسی، بۆ ئەو كاڵایانەی دێنە هەرێمی كوردستان.
بۆ هەر ئۆتۆمبیلێكی شەحن بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.
بۆ هەر بارهەڵگرێك بڕی 100 هەزار دینار وەردەگیرێت.
هەر بارهەڵگرێك هیچ جۆرە پشكنینێكی نەوێت 150 هەزار دیناری لێوەردگیرێت، تەنیا سەرەتاكانی بۆ مۆردەكرێت.
بۆ هەر پشكنینێكی فیزیایی و كیمیای و بایلۆجی بەجیا پارە وەردەگیرێت.
تێبینی: بەپێی بەدواداچون لە رابردوودا هەندێك لەم كۆمپانیانە كەمتەرخەمی زۆریان كردووەو ئاسانكاریانكردووە بۆ هاتنە ژورەوەی كاڵای خراپ بەشێكیشیان ئامێری پێویستیان نیە بۆ پشكنین..
12- كۆمپانیای دڵنیای 5 هەزار لە هاوڵاتی وەردەگرێت بەناوی دڵنیای و هیچ گرێبەستێكی نیە.
13– وەرگرتنی سێ هەزار دینار بەناوی رێكخستنی ریزی ئۆتۆمبیل.
14- لەم كابینەدا ڕێپێدان كراوە بۆ دوو كۆمپانیا لە باشماخ و پەروێزخان بەناوی تەعقیمەوە لە هەر ئۆتۆمبیلێك 10 دۆلار وەبەرگیرێت بۆ هەر هاتن و چونێك.
لە راپۆرتێكی دیكەی هاوپێچدا پرۆژەی چارەسەر بۆ كاری ئەم كۆمپانیایانە خراوەتەڕوو، هەر كارەو كاری كام دامەزراوەی حكومەتەو كام كاریش زیادەیە.
سێ : ترانزێت
ئێستا(15/8/2020) ئەم گرفتانەی كە لێرەدا باسكراوە بە بەراورد بە شەش مانگ پێش ئێستا كەمتر بووە.
-لە خاڵە سنورییەكانەوە بەناوی ترانزێت بۆ سوریا و بەمەبەستی خۆدزینەوە لە گومرگ بەبەردەوامی كاڵای جۆراو جۆر هاوردە دەكرێت، بەشی هەرە زۆری ئەم كاڵایانەش بۆ ترانزێت نین، ترانزێت دەبێت رەزامەندی ئەو وڵاتەی هەبێت كە كاڵاكەی بۆ دەبرێت.
بەناوی ترانزێتەوە هەم كاڵای قەدەغەكراو دەهێندرێتە هەرێمی كوردستان، هەم گومرگ نادرێت، ترانزێت یەك لەسەر پێنج گومرگ دەدات.
ئەم هەنگاوە، جگە لەوەی زیان بەبەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت، مانگانەش چەندین ملیۆن دۆلار زیانی لە داهاتی گشتی داوە.
بۆ نمونە: -نوسراوی بەڕێوبەرایەتی گشتی گومرگ ژمارە 4775 لە 18/3/2019 رەزامەندی دراوە بە داخڵكردنی 2000 هەزار ئۆتۆمبیلی خوار مۆدێل 2017 لە ئیبراهیم خەلیلەوە گوایە ترانزێتە بۆ سوریا، وەزیری دارایی رەزامەندی دەربڕیوە بە داخڵكردنی و یەك لەسەر پێنج گومرگ دراوە، پاش بەدواداچون ئەم ئۆتۆمبێلانە نە ڕۆشتوەتە سوریا.
لە 1/7/2019 بە رەزامەندی وەزیری دارایی بڕی 300.000 هەزار كارتۆن هێڵكە بەناوی ترانزێتەوە بۆ سوریا هاتووەتە ناو هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی لەو بەهۆی نەخۆشی هێنانی هێڵكە قەدەغە بووەو هیچ گومرگێك نەدراوە، بە وتەی بەرێوبەری گشتی گومرگ ئەم هێلكە نەچووەتە سوریا.
چارەسەر: مۆڵەتی ترانزێت بەبێ نوسراوی ئەو وڵاتەی كاڵاكەی بۆ دەكرێت ناكرێت، لە كاتی نوسراویشدا دەبێت هێزێكی ئەمنی پاسەوانی كاڵاكە بێت تا دەچێتە ئەو وڵاتەی كاڵاكەی بۆ ترانزێت دەكرێت و بە نوسراوی گومرگیش ئاگاداری وردەكاری كاڵاكە بگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی.
چوار: بەخشین لە گومرگ.
ئێستا(15/8/2020) ئەم گرفتانەی كە لێرەدا باسكراوە بە بەراورد بە شەش مانگ پێش ئێستا كەمتر بووە، چەند بڕیارێكیش دەرچو بۆ راگرتن و پێداچونەوەی بەخشینی گومرگی كاریگەری هەبووە، بەڵام هێشتا بەردەوامە.
لەلایەن وەزیری دارایی پێشووتر و پاشان بەڕێوبەری گشتی گومرگ بەخشیینێكی زۆری گومرگی هەیە، هەندێك مانگ بە ئەندازەی چەندین ملیۆن دۆلار بەخشینی گومرگی كراوە.
-بەخشین بەناوی پرۆژەی وەبەرهێنانـ، بەپێی یاسایی وەبەرهێنان، ماوەی 10 ساڵە ئەو ئامێر و كاڵایانەی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان دەهێندرێت لە گومرگ دەبەخشرێت، ماددەیەكی یاسایی لە یاسای وەبەرهێنان بەكارهێندراوە بۆ خۆدزینەوە لە گومرگ بۆ چەندین كاڵا كە پەیوەندیان بە پرۆژەكانی وەبەرهێنانەوە نیە، بەناوی وەبەرهێنان داخڵكراون.
بەبێ یاسا نابێت بەخشین بۆ هیچ كاڵایەك بكرێت، ئەو كاڵایانەش بەخشینیان بۆ دەكرێت دەبێت دڵنیابونەوە بكرێت ئایا بۆ پرۆژەی وەبەرهێنان تەرخاندەكرێت یان بۆ بابەتێكی تر.
پێنج: چەند دۆسییەك لە بەرێوبەرایەتییەكانی گومرگ.
_ بەپێی رێكخستنەوەی گومرگی بردنە دەرەوەی هەمو جۆرە كانزایەك قەدەغەیە، بەڵام ڕۆژانە لە گومرگی ناوخۆیی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ، زیاتر لە 20 بارهەڵگر مس، فافۆن، قوڕقۆشم، ستیل و پاتری و چەندین موادی دیكە ، دەبرێتە دەرەوە.
_ چەند كۆمپانیایەكی گەورە، كاری هەناردەكردنی فافۆن و مس دەكەن لە شێوەی خشت ( قاڵب) كە لە بنەمادا ئەم كارە قەدەغەیە و بە بڕێكی كەم پارە سەرجەم كارەكانیان بۆ ڕێك دەخرێت.
_ بەپێی پێناسی گومرگی یەكگرتو، چەندین جۆر كاڵا قەدەغە كراوە، بەڵام بە بەردەوامی دێنە هەرێمی كوردستان، لەوانە چەند دەرمانێكی مێرو كوژ، كە گومانی بونی مادەی شێرپەنجەی لێدەكرێت، لە نمونەی تار و ماری ئێرانی و .......هتد
_ لە گومرگی ناوخۆیی گۆڕینی مادە بە مادەیەكی تر كە گومرگی كەمتر لەسەر بێت ئەنجام دەدرێت، واتا جۆری مادەكە دەگۆڕدرێت بۆ مادەیەكی تر ، بۆ نمونە گۆڕینی انترنیت لیدە( تەلیست) كە بۆ پاڵاوگەكان بەكاردێت دەگۆڕدرێت بۆ بەنزین و سەدان سەدان هەزار دۆلار گومرگی ئەومادانە بە نادیاری ماوەتەوە .
تێبینی: ئەم دۆسیانە بەراورد بە شەش مانگ پێیش ئێستا كەمی كردووە.
ئەم راپۆرتە ئاراستەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حبزەكان نێردراوەو كۆپیەكی دەست (درەو) كەوتووە