Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمدا نەكەن، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هیچ پۆستێكتان پێنادرێت" ئەمە دواین پەیامی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان. دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەرەتای دروستبونییەوە تائێستا بەردەوام یەكێك لە سەرەكیترین كێشە‌و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بووە، ئەم دامەزراوەیە ساڵی 2005 لەدوای یەكسختنەوەی هەردوو ئیدارەی پارتی‌و یەكێتی، دروستكرا. لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە ساڵی 2005 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرا، حكومەتی هەرێمی كوردستانی دوای قۆناغی دووئیدارەیی، یەكیگرتەوە‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان یەكێتی‌و پارتی كە دواتر بە "رێككەوتنی ستراتیژی" ناسرا، لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقدا، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان دراو مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستانەوە وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردرا، چارەسەركردنی كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم لە ساڵی 2005دا ماوەی زیاتر لە (6 مانگ) پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی دواخست. دوای تەواوبوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لە 2009دا یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركرایەوەو ئەمجارەیان مەسعود بارزانی بە دەنگدانی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ چوار ساڵی تر بە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرا. لەگەڵ تەواوبوونی خولی دووەمی سەرۆكایەتی بارزانی، كێشەی پۆستی سەرۆكی هەرێم تەقیەوەو پارتی‌و یەكێتی لە پەرلەمانەوە سەرەڕای ناڕەزایەتی ئۆپۆزسیۆن، ماوەی سەرۆكایەتی بارزانیان بۆ دوو ساڵ درێژكردەوە، ئەگەرچی لە یاسای درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێمدا جەختلەسەر ئەوە كراوە بوو كە ئەم ماوەیە " یارای درێژكردنەوە نییە"، بەڵام دواترو بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دوو ساڵی تر ماوەی سەرۆكایەتی بۆ مەسعود بارزانی درێژكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی بەهۆی شەڕی "داعش"ەوە دۆخی هەرێم بە جۆرێكە ناتوانرێت هەڵبژاردن بكرێت. كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم تەنیا لەوەدا كورتنەبوەتەوە كە كێ لەسەر كورسییەكە دادەنیشێت، ئەم دامەزراوەیە بەپێی یاسا ژمارەیەكی زۆر دەسەڵاتی پێدراوە كە زۆرجار لەگەڵ دەسەڵاتی دامەزراوەكانی تردا بەریەك دەكەون، ئەمەش كێشەكە قوڵتركردووە. دواین پەرەسەندنەكان مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، نزیكەی شەش مانگ تێپەڕێوە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، هاوشێوەی ساڵی 2005، پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بووەتە بەربەستی سەرەكی لەبەردەم پێكهاتنی كابینەی نوێدا. پارتی خوازیارە بەر لە پێكهێنانی حكومەت، دامەزاروەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە‌و نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم جێگیر بكات، یەكێتی نایەوێت بەشداری ئەو پرۆسەیە بكات. بەپێی دواین زانیارییەكان كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، دوێنێ پارتی پەیامێكی لەبارەی سەرۆكایەتی هەرێم ئاڕاستەی یەكێتی كردووە‌و لە پەیامەكەدا هۆشداری بە یەكێتی داوە "ئەگەر بەشداری لە پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی هەرێم نەكات، لە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هیچ پۆستێكی پێنادرێت"، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێتی پێداگری دەكات لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم. پێشتر (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات‌و دەیەوێ دوای كاراكردنەوەی ئەو دامەزراوەیە پەیوەندی بە حكومەت‌و پەرلەمانی نوێوە بكات، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت. لەلایەكی ترەوە یەكێتی نیگەرانە لەوەی پارتی هەر لە سەرەتاوە بەبێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم (نێچیرڤان بارزانی) دیاریكردووە‌و پرۆژەی بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئامادەكردووە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە دواین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، زۆرینە لەگەڵ ئەوەدابوون یەكێتی بەشداری پرۆسەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم نەكات، ئەگەر بەشداریشی كرد، ئەوا پرۆژەكەی ساڵی 2015 بێنێتەپێشەوە، كە یەكێتی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەشی پەرلەمانی كرد. لە دواین كۆبونەوەی نێوان وەفدی دانوستانكاری هەردوولادا، وەفدی یەكێتی بە وەفدی پارتییان وتووە، ئێوە دەتوانن بەردەوام بن لەسەر رێوشوێنەكانی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم‌و لەسەر رێككەوتنی نێوان یەكێتی‌و پارتی رامەوەستن.  بزوتنەوەی گۆڕان چی دەڵێ ؟ لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا، زیاتر چاوەكان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕانن، بەوپێیەی گۆڕان لە رابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر ئەو دامەزراوەیە هەبووەو لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لە خولی پێشوودا سەرۆكی پەرلەمان‌و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پۆستەكانیان دورخرانەوە. دوێنێ جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبووەوە، كە بەپێی پەیڕەو ناوخۆی ئەو بزتنەوەیە، بەرزترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لەناو حیزبدا. یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی، گفتوگۆكردن بوو لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، سەرباری هەندێك راوبۆچونی جیاواز، جڤاتی نیشتمانی پابەندبوونی بە رێككەوتنە سیاسییەكەی لەگەڵ پارتی راگەیاندووە، بەوپێیەش بڕیاردراوە، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدار بێت لە پرۆسەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەلبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەماندا.  كورتەی پرۆژەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەم سێ خاڵەدا كورت دەبێتەوە: •    دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارادەكرێتەوە، وەكو خۆی. •    سەرۆكی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەكانیەوە لەناو پەرلەماندا هەڵدەبژێردرێت. •    لەكاتی نوسینەوەی دەستوردا لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم‌و شێوازی هەڵبژاردنی دەكرێت‌و لەوێدا جێگیردەكرێت بەكورتی بزوتنەوەی گۆڕان پرسی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی بۆ دەستور دواخستووە، ئەمەش هەمان داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام دیارنییە ئاخۆ لەم خولەشدا پەرلەمان دەتوانێت دەستور تێپەڕێنێت یاخود نا.   


(درەو میديا):  سەرچاوەیەك لە دیوانی پەرلەمانی كوردستانەوە بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە دوێنێوە دەستكراوە بە مامەڵەی كڕینی ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان. ئەو سەرچاوەیە كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، وتی:"  لەلایەن ئیدارەی پەرلەمانی كوردستانەوە بەشێوەی (قیست) گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیای (جیهان) دەكرێت بۆ كڕینی ئۆتۆمبیلی (لاندكرۆزەر 2019 )، كە نرخی هەر یەكێكیان (75 هەزار دۆلار)ه"، ئەم پارەیە بە زمانی بازاڕی دراو لە هەرێمی كوردستان واتە (7 دەفتەرو 50 گەڵا)، كۆی گشتی پارەی  111 لاندكرۆزەرەكە دەكاتە ( 8 ملیۆن و 325 هەزار دۆلار) واتا ( 800دەفتەر دۆلار ). سەرچاوەكە باسیلەوەكرد، گرێبەستەكە بەشێوەیەكە سەرەتا پەرلەمانی كوردستان لە 30%ی پارەكەی بە سێ قیست دەدات بە كۆمپانیاو، دواتر مانگانە بڕی (1 ملیۆن دینار) لە موچەی  پەرلەمانتاران دەبڕدرێت، پێدەچێت دواتر ئەو بڕە پارەیەش لە پەرلەمانتاران وەرنەگیرێتەوە، بەناوی پەرلەمانتاران خۆیانەوە دەبێت و لە كۆتایی خولەكەش لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن. دوێنێ پەرلەمانتارانی كوردستان یەكەم موچەی بێ پاشەكەوتیان وەرگرت، كە موچەی هەریەكێكیان بڕی (8 ملیۆن و 200 هەزار) دینار بوو، كە دەكاتە (6 هەزارو 800) دۆلار.  لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رەتیكردەوە ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت، بەڵام ئەو بڕیارە هەڵوەشایەوەو پەرلەمانتاران و سەرۆكی فراكسیۆنەكان داوایانكرد بەشێوەی قیست ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران بكڕدرێت و مانگانە لە پارەكەیان ببڕدرێت، ئەوەی ئێستا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە هاوشێوەی بڕیارەكەی خولی پێشووە.


راپۆرتی: نامیق رەسول، فازل حەمەرەفعەت، محەمەد رەئوف یەكێتی‌و پارتی تیمی نوێی دانوستانیان دیاریكرد، تیمە نوێیەكان زیاتر لە تیمی رێكنەكەوتن دەچن، وەك لە تیمی رێككەوتن، یەكێتی بەشداری كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات‌و باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە حكومەت، لەبەرامبەر ئەمەدا دەیەوێت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە قایم بكاتەوە. رۆژی 5ی  ئەم مانگە یەكێتی نیشتمانی كوردستان‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی‌و لەبەردەم رایگشتیدا رێككەوتنیان ئیمزاكرد، لەدوای ئەو رێككەوتنەوە ئەو دوو هێزە هێندەی لەیەكدی دوركەوتونەتەوە، هێندە لەیەكدی نزیك نەكەوتونەتەوە، واتە رێككەوتن بە تامی رێكنەكەوتن. لە نوێترین پەرەسەندندا هەردوولا تیمی دانوستانكاری خۆیان ئاڵۆگۆڕكرد، بە تەماشاكردنی ئەندامانی نوێی وەفدی دانوستانكاری هەردولادا دەردەكەوێت جارێكی تر بە ئاڕاستەی رێكنەكەوتن هەنگاودەنێن، نەك رێككەوتن. گۆڕینی تیمی دانوستانكار لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا، تیمێكی نوێ بۆ دانوستان لەگەڵ پارتی پێكهێنرا، ئەندامانی نوێی تیمی دانوستانكاری یەكێتی زۆرینەیان لەو كەسانەن كە تاڕادەیەك توندن بەرامبەر پارتی، ئەندامانی تیمەكە بریتین لە:  •    عیماد ئەحمەد- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رەفعەت عەبدوڵا- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    رزگار عەلی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەدنان حەمەی مینا – ئەندامی سەركردایەتی •    بافڵ تاڵەبانی •    لاهور شێخ جەنگی – ئەندامی ئەنجومەنی ناوەند •    شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ- ئەندامی سەركردایەتی لە كاردانەوەیدا بەرامبەر بەم هەنگاوەی یەكێتی، پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەفدی دانوستانی خۆی گۆڕی، بەتەماشاكردنی تیمە نوێیەكەی وەفدی دانوستانكاری پارتیش دەردەكەوێت، پارتی لەبری ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە دەیەوێت بە هەمان زمانی وەفدی یەكێتی گفتوگۆ بكات، وەفدە نوێیەكەی پارتی بریتین لە: •    كەمال كەركوكی- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    كاكەمین نەجار- ئەندامی مەكتەبی سیاسی •    عەلی حوسێن- ئەندامی سەركردایەتی •    هێمن هەورامی- ئەندامی سەركردایەتی •    دڵشاد شەهاب- ئەندامی سەركردایەتی •    عەلی عەونی- ئەندامی سەركردایەتی •    فرسەت سۆفی- ئەندامی پێشووی پەرلەمان یەكێتی بەتەمای چییە؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەی دوێنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی سازش بۆ پارتی نەكرێت‌و پرۆسەی پێكهێنانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم‌و راسپاردنی سەرۆكی حكومەت بسپێردرێت بە پارتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان، بەوپێیەی ئەو دوو هێزە رێككەوتنیان هەیە‌و دەتوانن نیسابی یاسایی تەواو بكەن. (درەو میدیا) زانیویەتی، مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمجارە نایەوێت شانی خۆی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا تۆزاوی بكات‌و دەیەوێت سیناریۆی 30ی حوزەیرانی 2013 بە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەبكاتەوە.  لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا باسلەوەكراوە، ئەوان بە وەفدی پارتی رادەگەیەنن كە لە ساڵی 2015دا پرۆژەیەكیان بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم خستوەتەڕوو، تائێستا سورن لەسەر ئەو پرۆژەیە. یەكێتی بەمە لەلایەك دەیەوێت بە پارتی بڵێت" ئێمە نایەینە ژێر باری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم"، لەلایەكی تریش بە بزوتنەوەی گۆڕان بڵێت"  ئێمە پەشیمان نین لە پرۆژەكەی 2015، ئەوە ئێوەن پاشگەزبونەتەوە". (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لەناو یەكێتی نیشتمانی زانیویەتی، یەكێتی دەیەوێت تا كۆتایی ئەم مانگە خۆی رابگرێت‌و لەگەڵ پارتی رێككەوتن نەكات، تا پرۆسەی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی دێت.  یەكێتی كێرڤی داواكانی بەرزدەكاتەوە  لە كۆبونەوەی دوێنێی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا زۆرینە كۆكبوون لەسەر ئەوەی "نابێت یەكێتی بەمشێوەیەی ئێستا بچێتە ناو حكومەتەوە، كە تەواوی پۆست‌و دەسەڵاتەكان لای پارتی بێت". دوای كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی، لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتی وتی:" دەمانەوێت لە جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین، هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم، لە بڕیارەكاندا هاوبەش بین، لە پەرلەمان‌و  حكومەتدا  هاوبەش بین، لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت‌و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندییەكانی دەرەوەدا هاوبەش بین". وتەبێژی یەكێتی ئاماژەی بە دوو خاڵی تر كرد، كە تاڕادەیەك بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتییە: •    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتە ئیداری‌و مالییەكان دابەشبكرێت‌و شۆڕبكرێتەوە. •    ئەگەر پارتی بەجدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت‌و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت‌و خەڵكی لە دڵەراوكێ نەبێت، كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا، بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. یەكێتی ئیدارەی خۆی رێكدەخاتەوە ! بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، چەند رۆژێكە لەناو سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی چڕ هەیە لەبارەی پرسی لامەركەزیەت‌و تاڕادەیەك دوو ئیدارەیش، رەنگە ئەمە ئامادەكاری بێت بۆ ئەو قۆناغەی كە یەكێتی لەگەڵا پارتی ناگاتە رێككەوتن. یەكێتی بەنیازە دوای كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەشداری لە حكومەتی هەرێم بكات، تەنانەت ئەگەر پۆستەكانیش بەدڵی خۆی نەبێت، بەڵام لەبەرامبەر ئەوەدا دەیەوێت لەدوای پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەڕووی ئیدارییەوە رێكبخاتەوە، چ لەڕووی  سەرچاوەكانی داهاتەوە چ لەڕووی پۆستە ئیدارییەكانەوە، یەكێتی دەیەوێت لەم رێگەیەوە قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كە لە حكومەتی نوێدا بەریدەكەوێت، هاوكات دەیەوێت دەستی بزوتنەوەی گۆڕان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی سنوردار بكات.   


( درەو میدیا): هێزەكانی سوریای دیموكرات " هەسەدە" ئاماری دوو مانگ ئۆپەراسیۆن و شەڕی لە دژی چەكدارانی داعش لە باغوزی دێرەزۆر بڵاوكردەوەو بە گوێرەی ئەو ئامارە لەو ماوەیەدا ١٣٠٦چەكداری داعش كوژراون. لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، كینۆ گابریەل وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكراتی (هەسەدە) رایگەیاند "شەڕی كۆتاییهێنان بە تیرۆر، كە لەلایەن هێزەكانمەوە لە رۆژی ٩ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٩ / ١٩ی بەفرانبارەوە دەستپێكرد بەردەوامە. لە قۆناغی ئێستادا هەڵمەتی هەسەدە لە دژی داعش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە. رێكخستنی داعش لە سنوورێكی بچووكدا لە باغۆز، لە رۆژهەڵاتی دێرەزۆر گەمارۆدراوە". گابریەل رایگەیاند، هێزەكانیان هەزاران هاوڵاتیی مەدەنی كە لەلایەن داعشەوە كرابوون بە قەڵغانی زیندوو رزگاركردووە‌و گواستویاننتەوە بۆ ناوچەی ئارام و دوای ئەوەش ئەو تاكە گوندە، كە چەكدارەكان داعشی تێدا ماوە گەمارۆدراوە. گابریەل.لەبارەی شەڕڤانە شەهیدەكانی هەسەدە لەو شەڕەدا و وردەكاریی ئامارەكانی تر ئەم زانیارییانەی خستەڕوو: * ئەو چەكدارانەی داعش و بنەماڵەكانیان كە خۆیان رادەستكردووە: ٢٩ هەزار و ٦٠٠ كەسن، (زیاتر لە ٥ هەزاریان چەكداری داعشن).  * ژمارەی ئەو چەكدارانەی داعش  كە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكاندا و لەلایەن هێزەكانی هەدەسەوە دەستگیركراون: ٥٢٠ كەسن. * ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی رزگاركراون: ٣٤ هەزار كەسن. * ژمارەی چەكدارە كوژراوەكان لەو ماوەیەدا: ١٣٠٦ چەكدار‌و برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش. * ٨٢ شەڕڤانی هەسەدە شەهید بوون و ٦١ شەڕڤانیش برینداربوون.  


درەو میدیا:   ئەمڕۆ جڤاتی گشتی ‌بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە میكانزیمی دابەشكردنی پۆستەكان كۆبونەوەو دوو راسپاردەی ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕانكردووە. بەپێی زانیاریەكانی درەو میدیای كە لە چەند ئەندامێكی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە كە ئەمڕۆ لە كۆبونەوەی جڤاتی گشتیدا گفتوگۆ كراوە لەسەر میكانزمی دابەشكردنی پۆستەكان لە كۆبونەوەكەدا بە جدی گفتوگۆكراوە لەسەر ئەوەی" ئەو كەسانەی پێشتر لە بزوتنەوەی گۆڕان پۆستیان وەرگرتووە، نابێت كاندیدبكرێن بۆ پۆستەكان و سیڤیەكانیان رەتدەكرێتەوە" خاڵێكی تر لە كۆبونەوەكەدا كراوە بە بنەما بۆ دیاریكردن و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان ئەوەیە كە" هەردوو جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەیەكەوە كاندیدەكان یەكلا دەكەنەوە بۆ پۆستەكان" بە پێی وتەی ئەندامێكی جڤاتی گشتی، ئەم خاڵە "رێگری دەكات لەوەی هەر ئۆرگان و ناوەندێكی تری گۆڕان دەستوەربدات لە دیاریكردن و دانانی كاندیدەكان لە پۆستەكاندا"   جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشنیازەكانی لەبارەی میكانیزمی دابەشكردنی پۆستەكان ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەكە كرد و دەكات كە بڕیارە سبەی یەكشەممە كۆببێتەوە  لە كابینەی نوێی حكومەتدا، ئەم پۆستە وزاریانە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان یەكلابوەتەوە: •   جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان  •     یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی •    وەزیری دارایی •     وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی •     وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی •   وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە  •    سەرۆكی سندوقی داهاتە نەوتییەكان  •    ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە •    جێگری وەزیری ناوخۆ •    بریكاری وەزیری پەروەردە •     دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات  •    بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت •    12%ی بەرێوەبەرە گشتی و راوێژكارەكان    


درەو میدیا:  لەدوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە ئەمرۆ لە سلێمانی بەرێوەچوو، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: دەمانەوێت لە جوومگە سەرەكییەكانی دەسەڵات هاوبەش بین هاوبەشبین لە سەرۆكایەتی هەرێم و بڕیارەكاندا هاوبەش بین لە پەرلەمان و  حكومەتدا  هاوبەش بین لە مەلەفی ئەمنیدا لە مەلەفی نەوت و داراییدا، لە مەلەفی پەیوەندیەكانی دەرەوەدا . ئاماژەی بەوەشكرد، هەرگیز نەمان وتووە و نامانەوێت بگەڕێینەوە سەردەمی پەنجا بە پەنجا بەڵام بەشداریمان لە كابینەی نوێی حكومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێكی راستەقینە بین. یەكێتی جیاوازی لەگەڵ پارتی هەیە وتەبێژی یەكێتی بە روونی راگەیاند كە" ئێمە جیاوازیمان لەگەڵ باردەرانی پارتی هەیەو دەبێت ئەو جیاوازییانە چارەسەربكەین"  -    پێداگری ئەكەین لەسەر لامەركەزیەتێكی راستەقینە، دەمانەوێت ئەو لامەركەزیەتە وردبكرێتەوەو بە پرۆژەیەكی هەمەلایەنە رێكبخرێت، دەبێت دەسەڵاتەكانی ئیداری  و مالی دابەشبكرێت و شۆڕبكرێتەوە. -    ئەگەر پارتی بە جدی دەیەوێت بەشدار بین لە حكومەت و بڕیارداندا، ئەم پاشەكەوتەی هەڵگیراوەو بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، ئەبێت حكومەتی هەرێم ئیلتیزام بكات بەو بودجەیەی لە عێراقدا هەیە تا ئەمە بەردەوام بێت و خەڵكی لە دڵە راوكێ نەبێت كە حكومەت نەوت دەنێرێت یان نا بەغداد موچە دەنێرێت یان نا. پارتیش كێشەی ناوخۆیی هەیە سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە یەكێتی ناتوانێت پۆستەكانی یەكلا بكاتەوە بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە وتەبێژی یەكێتی دەڵێت: نێچیرڤان بارزانی تا ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمە ئەوەندەی كێشە هەیە كە سەری نەپەرژێتە سەر ئێمە، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی وەك هەموو حزبێكی تر، كێشەی هەیە، هەرخۆی تەسویەكردنێكی بنەماڵەییانەی دابەشكردنی پۆستەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، بەو رێگایەی كەبینیتان، بەشێكە لە مقایەزیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەیەكی حزبیانەو ناوخۆیی كە من نامەوێت زۆر لەسەری بڕۆم.  دەقی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی وتەبێژی یەكێتی   


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف "سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوەو دواتر لەگەڵ لایەنەكان لە نوسینەوەی دەستووری هەرێمدا یاساكە گۆڕانكاری تێدا دەكرێت" ئەمە قسەی مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستانە.  لە لێدوانێكدا بۆ سایتی فەرمی حزبەكەی، وتەبێژی پارتی وتی:" سەرۆكایەتیی هەرێم كارادەكرێتەوە، هاوكات سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێردرێت، دواتر ئەو جیاوازییەی لە بۆچوون‌و دیدگاكانی پارتی‌و لایەنەكانی دیكە لەسەر یاسای سەرۆكایەتی هەمانە، پێكەوە هەموو لایەك دەیخەنە كاتی نووسینەوەی دەستوری هەرێمی كوردستان، لەوێدا دەسەڵات‌و چۆنیەتیی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم گەنگەشە دەكرێت‌و دیاری دەكرێت، كە سەرۆك چۆن هەڵدەبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی چی دەبن". بەپێی ئەم قسانە بێت، پارتی بەنیازە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەكو خۆی‌و بەتەواوی دەسەڵاتەكانییەوە كارابكاتەوە، دامەزراوەیەك كە لە چوار ساڵی رابردوودا بووەهۆی لێكترازانی ناوخۆیی‌و پەكخستی پەرلەمانی كوردستان. سەرۆكایەتی هەرێم چۆن كارادەكرێتەوە ؟ دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی كارابكرێتەوە، دەبێت پەرلەمانی كوردستان بەر لە هەرشتێك یاسایەك پەسەند بكات‌و لە یاساكەدا: •    یاسای هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە •    یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێنێتەوە •    ئەو ماددەیەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەمواربكاتەوە كە دەڵێ سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵكەوە هەڵدەبژێردرێت، وای لێبكات كە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت ئەگەر بۆ یەك خولیش بێت. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە لەناو پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا پارتی پرۆژەی خۆی ئامادەكردووە. یەكێتی بەشداری ناكات ! (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی رۆژی دووشەممەی رابردووی نێوان وەفدی یەكێتی‌و پارتی لە ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر، وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەوان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان ناوێت، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی‌و یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكاتەوە، یەكێتی كێشەی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا نییە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، یەكێتی نایەوێت بەشداری لە كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمدا بكات لە پەرلەمان، یەكێتی دەیەوێت بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیدا دامەزراوەكە كارابكەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی سەرۆكی هەرێم‌و هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم رەخنەی زۆری لە یەكێتی گرت. پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ لە بنەڕەتەوە پارتی پێویستی بە یەكێتی‌و لایەنەكانی تر هەیە بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ؟ پارتی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كە ئێستا هاوپەیمانن، دەتوانن بەزۆرینەی دەنگ یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەند بكەن‌و لەو یاسایەدا هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان بە دەنگی (50+1) دیاری بكەم، بە چەسپاندنی ئەم رێژەیە، دەتوانن بەئاسانی‌و بەبێ پاڵپشتی یەكێتی‌و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرن. سەرۆكایەتی هەرێم‌و كورسییەكانی پەرلەمان ئەوەی تائێستا دەركەوتووە، ئەوەیە، ئەگەر پارتی بەمزوانە دەستبكات بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەوا (یەكێتی نیشتمانی، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، كۆمەڵی ئیسلامی، یەكگرتووی ئیسلامی) پاڵپشتی هەمواركردنەوەكە ناكەن، یاخود لانی كەم ئەگەر زۆرینەی ئەو لایەنانە دژایەتی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم نەكەن، ئەوا دەنگیشی پێنادەن. ئەگەر دۆخەكە بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت، (41) كورسی پەرلەمان پشتیوانی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ناكات، كە ژمارەی كورسییەكانی ئەو چوار لایەنەیە. لەبەرامبەردا هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و كاراكردنەوەی دامەزراوەكە دەكەوێتە ئەستۆی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و بزوتنەوەی گۆڕان بە پلەی یەكەم. پارتی‌و گۆڕان‌و هاوپەیمانەكانی پارتی لەناو پەرلەماندا پێكەوە (69) كورسییان هەیە‌و بۆ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، پێویستیان بە كورسی تر نییە. لە كۆتاییەكانی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا سەرەتای هەماهەنگی نێوان پارتی‌و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دەركەوت، پارتی پرۆژەیاسایەكی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم پەسەندكرد، ئەو رێككەوتنە سیاسییە تائێستا بەردەوامە‌و لە خولی نوێی پەرلەماندا پەیوەندییەكانی هەردوولا زیاتر گەشەی كردووە. پێشینیەكی پێویست پێشترو لە چوار ساڵی رابردوودا، كە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بووبوو بە چەقی ململانێی نێوان لایەنەكان، بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی پێكەوە پرۆژەیەكی هاوبەشیان هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی‌و لەو پرۆژەیەدا داوایان دەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە، یەكێتی نیشتیمانیش بەشێوەی سەربەخۆ پرۆژەی خۆی بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەبوو، یەكێتی هاوشێوەی سێ لایەنەكەی تر داوایدەكرد سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و دەسەڵاتەكانی كەمبكرێتەوە. ئەوكات لە گەمەكەدا زیاتر دوو جەمسەر دەردەكەوتن، جەمسەرێك بزوتنەوەی گۆڕان بوو كە داوای سیستمی پەرلەمانی دەكرد، جەمسەرەكەی تر پارتی بوو كە داوای سیستمی سەرۆكایەتی دەكرد. ئێستاو دوای چوار ساڵ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، پارتی بەهۆی ئەوەی نەیتوانی هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلولی ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بكات، ئێستا قایل بووە بەوەی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێرێت، پەرلەمانێك كە خۆی تێیدا زۆرینەیە‌و دەتوانێت بەهۆی ئەو زۆرینەیەوە رێگری لە هەر جۆرە لێپرسینەوەیەكی پەرلەمان لە سەرۆكی هەرێمی داهاتوو بكات كە نێچیرڤان بارزانییە. هاوكات روون نییە ئاخۆ پارتی بۆ هەمیشە قایلە بەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم پەرلەمانی بێت‌و سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت یاخود نا، پارتی ئەو پرسەی بۆ دەستوری هەرێم جێهێشتووە، كە دیارنییە ئاخۆ لەم خولەدا، هەرێمی كوردستان دەبێت بە خاوەنی دەستوری خۆی یاخود نا، بەڵام بەرپرسانی باڵای پارتی بەمدواییە لە چەندین لێدواندا جەختیان لەسەر ئەوەكرد كە پارتی سورە لەسەر ئەوەی سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت، واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان دەسەڵاتی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت. پارتی بۆچی پەلەیەتی ؟ هێشتا كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، پارتی پەلەیەتی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، پێویستی پارتی بە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم ئەگەر بایەخەكەی لە حكومەت زیاتر نەبێت، كەمتر نییە. مەسعود بارزانی كە 12 ساڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، دواجار لەدوای ریفراندۆم دەستبەرداری پۆستەكەی بوو، بارزانی پۆستەكەی خۆی بۆ نێچیرڤان بارزانی برازای جێهێشت‌و لەبەرامبەر ئەوەدا، نێچیرڤان بارزانی دوای 18 ساڵ پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی بۆ مەسرور بارزانی ئامۆزایی چۆڵكرد. كشانەوەی نێچیرڤان بارزانی لە پۆستی سەرۆكی حكومەت بۆ مەسرور بارزانی، لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمە، وەفدی دانوستانكاری پارتی هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوەیە پارسەنگی بنەماڵەی بارزانی بپارێزێت، ئەوەش لەڕێگەی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە هاوكات لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پارتی دەیەوێت بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم كارابكاتەوە، ئەمە لەلایەك نیگەرانی نێچیرڤان بارزانی دەڕەوێنێتەوە، لەلایەكی تر وادەكات نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم مەرسوم بۆ مەسرور بارزانی دەربكات‌و رایسپێرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، كە بەپێی یاسای دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، ئێستا دەسەڵاتی دەركردنی ئەو مەرسومە لەدەستی ئەنجومەنی دادوەریدایە.    


راپۆرتی : بی بی سی  وەرگێڕانی: نامیق رەسوڵ ژنێکی كوردی خەڵكی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان خەڵاتی داهێنەرانی بەریتانیای بۆ ساڵی 2019 پێبەخشرا، بەهۆی داهێنانی مادەیەك كە دژە ئاوەوە‌و دەكرێت لە پیشەسازی پەرداخ و پیاڵە سەفەری بەكاربهێنرێت وابكات جارێكی تر بەكاربهێنرێتەوە. ئەو ژنە كوردە كە ناوی " فانیا ئیسماعیل"ەو لەلایەن دامەزراوەی " Innovate UK" ( داهێنانەكانی شانشینی یەكگرتووە) ەوە خەڵاتی ژنانی داهێنەری بۆ ساڵی 2019 لە بەریتانیا پێبەخشرا،  جێڵێكی تایبەت بە كوپی دروستكراو لە كاغەزی داهێناوە، وادەكات بتوانرێت دووبارە بەكاربهێنرێتەوە‌و مرۆڤ لە بەكارهێنانی كوپی پلاستیكی دووربخاتەوە كە تەنها بۆ یەكجار بەكاردەهێنرێت. ئەگەر ئەم داهێنانەی فانیا لە بەریتانیاو دواتر جیهان گشتگیربكرێت، ئەوا جیهان لە پیسبونی ژینگە رزگاردەكات، كە یەكێك لە هۆكارەكانی پاشماوەی كوپە پلاستیكییەكانە و تەنها لە یەك ساڵدا لە بەریتانیا زیاتر لە 90 ملیۆن دانە بەكاردەهێنرێت. ئەو دامەزراوە بەریتانییە لەپای داهێنانەكەی بڕی 50 هەزار پاوەندی بەریتانی لەگەڵ كۆمەڵێك پرۆگرام و پێداویستی بە فانیا بەخشی بۆئەوەی یارمەتیدەری بن لە بەردەوامیدان بە داهێناكەی. هەروەها دامەزراوەكە لەگەڵ سەرجەم خوێندنگەكانی بەریتانیادا گرێبەستی كرد بۆئەوە قەڵغانی وەنەوشەیی بڵاوبكەنەوە كە هێمایە بۆ داهێنانەكانی ژن، لە پێناوی ئەوەەی كچانی لاوی بەریتانیا هانبدرێت تا چاو لە فانیا بكەن‌و بەشداری بكەن لە داهێناندا بە تایبەتی لە بواری زانستدا. فانیا كێیە؟ فانیا ئیسماعیلی تەمەن 48 ساڵ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان لەدایكبووەو گەورەبووە‌و ساڵی 1992 لە زانكۆی سەلاحەدین بەشی كیمیای بە سەركەوتوویی تەواوكردووە‌و پاشان لە تەمەنی 24 ساڵیدا دوای جەنگی كەنداو ساڵی 1993 لەگەڵ خێزانەكەیدا روویان لە بەریانیا كردووە. فانیا لە خێزانێكی خوێندەوار‌و رۆشنبیردا گەورەبووە وخێزانەكەیان لەچوار كچ و پێنج كوڕ پێكدێت و باوكی یەكێك بووە لەو كەسانەی هەرێمی كوردستان كە زانستی شەریعەتی ئیسلامی لە ئەزهەر لە میسر خوێندووە. فانیا لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ" بی بی سی " دەڵێت:" هاوسەرگیریكردن‌و خستنەوەی سێ‌ منداڵ رێگەیان لێ نەگرتم و بەردەوام بووو لە خولیا‌و هەوڵەكانم لە كیمیادا، لە هەمان كاتدا ئامانج‌و خولیاكانم رێگەرنەبوون لە بەجێهێنانی رۆڵ‌و ئەركەكانی شانم وەك دایك، لە بیركردنەوە بۆ گۆڕینی بیرۆكەكان بۆ شتی پراكتیكی راناوەستم، پرسە بە سانایی بریتیە لە خۆڵقاندنی هاوسەنگییەك لە نێوان ئەركەكانی خێزان و ئەركە پیشەییەكانم". ژینگەیەكی پاک و خاوێن فانیا ئیسماعیل كە بەڕێوەبەری جێبەجێكار‌و دامەزرێنەری كۆمپانیا ( Coating and Advanced Material Sol-Gel )، تێكەڵەیەكی نوێی داهێناوە، كە بریتیە لە شلەیەكی كیمیایی گەردیلەی بچوك بەرهەمدەهێنێت‌و دەچێتە پیشەسازی دروستكردنی كوپی سەفەری لە پلەی گەرمی ژوورێكدا و ئەم تەكنۆلۆژیایە پێی دەوترێت Sol-Gel ئەوەش وادەكات كوپە ئامادەكراوەكان بەرگەی ئاو بگرن‌و پێویست نەكات مادەی پلاستیك لە دروستكردنیاندا بەكاربهێنرێت. شارەزایانی بواری ژینگە دەڵێن بڕێكی زۆر پاشماوەی پلاستیك لە دەریای سپی ناوەڕاستدا كۆدەبێتەوە‌و نزیكەی دووهەزار تۆن مادەی پلاستیكی كە زۆربەی پاشماوەی شوشە و جانتا و عەلاگەیە دێتە سەر رووی دەریاكە، هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا مادەی پلاستیكی لەناو سكی چەندین ماسی‌و باڵندە‌و كیسەڵ و نەهەنگدا دۆزرانەوە كە لە كەنارەكانی باكوری ئەوروپا گەشەدەكەن. فانیا دەڵێت تەكنۆلۆژیا نوێكەی ( سۆڵ جێڵ) ژینگە لە پیسبوون دەپارێزێت‌و جەختیشدەكاتەوە لەپێناوی ژینگەیەكی پاك‌و خاوێندا بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی پرۆژەكەی.  


گفتوگۆی رۆژنامەوانی: محەمەد رەئوف  ماوەی 42 رۆژ لە ناو زیندانەكانی ئاساییش و پۆلیسی دهۆك لەژێر ئەشكەنجەیەكی دەرونی و روحی زۆردا مایەوە، ئەو لە زیندان لەگەڵ داعش و تلیاك كێشەكاندا دایان ناوە، شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و چالاكێكی دیاری دەڤەری بادینانە، لەسەروبەندی روداوەكانی شیلادزێ دەستگیركرا، پێشی وایە روداوەكانی بادینان و شیلادزێ " لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد"  شێروان لە زیندانەكاندا پێشێلكاری گەرەوی بینیوە "ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێنە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە" دەقی گفتوگۆ رۆژنامەوانیەكەی درەو میدیا لەگەڵ شێروان شێروانی درەو میدیا: شێوازی ئازادكردنت چۆن بوو، دادگا بڕیاری كۆتایی داوە یان بە كەفالەت ئازادكراویت و دۆسیەكەت بە كراوەیی ماوەتەوە و ھەركات بیانەوێ دەستگیرت دەكەنەوە؟ شێروان شێروانی: هەرخۆی دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین،  لەسەر نیەت كەس سزا نادرێ چجای ئەوەی سزایەكی زۆر توند، گومانی لەسەر تەعلیقكراوە مادەی 156 چجای ئەوەی كە قسە لەسەر ئەوەیە ئاساییشی حزبی و ئاساییشی نەتەوەیی چەندێك جیاوازن لەو زۆنە كێ حوكمدارە كە پارتیە، ئاساییشی نەتەوەیی بە ئاساییشی خۆی دەزانێت، ئەوە پرسیارگەلێكن، بۆیە سەرلەبەری دەستگیركردن و راگرتن و ئەزیەتدانی ئێمە هەموو پەیوەندی بە میزاج و بەرژەوەندی حزبێكی دیرایكراوی ئەم ناوچەیەوە هەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، هیچ بنەمایەكی یاسایی وا قوڵ نیە، كە ئێمە مستەحەق بین ئەوان بەو شێوازە مامەڵەمان لەگەڵ بكەن. ئازادكردنەكەشی ئاوا بوو كە بەرێوەبەری ئاساییشی دهۆك ( بژار دۆسكی) بانگی كردم، دوای دانوستان و مناقەشەیەك وتی ئێمە بڕیارمانداوە ئێوە ئازادبكەین، لەگەڵ دادوەر قسەمانكردووە، بەڵام من خۆم هەستم بەوە كردبوو كە هەوڵی ئازادكردنمان لە ئەنجامی كۆمەڵێك فشارە كە هەندێك دەزگای نێودەوڵەتی و رایگشتی و ریكخراوەكان و هاورێكان و ئەمانە وایانكرد كە بەراستی كەیسی ئێمە ئەبێ بە چاوێكی تر سەیری بكرێن. ئێمە رۆژنامەنووسین شتی تر نین، بۆیە حاڵەتەكە هەندێك غەریب بوو بۆ دەزگا ئەمنیەكانی دهۆك و بەرێوەبەری ئاساییش كە ئەو خۆی نابێ تێكەڵی پرسی داعشێك لەگەڵ ئێمە بكات یان تلیاك كێش كە ئەو ماوەیە زیاتر لەگەڵ ئەو دوو چینە بووین، مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووس كۆمەڵێك بەرپرسیارێتی، نیشتیمانی و رێكخراوەیی و پیشەیی و ئەخلاقی هەیە، فیعلەن گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە رۆژنامەوان و چالاكوان دەبێت حسابێكی تری بۆ بكرێت، بۆیە لە ئەنجامدا بڕیاردرا ئازادبكرێین.  بەڵام نازانم چەندێك كەیسی ئێمە بە كراوەییە بەڵام لەناو لێكۆڵینەوەكاندا ئەو قسەیە دەوترا، كە مەبەستم لێكۆڵینەوەی ئاساییشە، كە ئەتوانین زۆر بەتوندی مامەڵەتان لەگەڵ بكەین و ئێمە هەندێك بەڵگەی ئێوەمان لەبەردەستدایە بە دۆكیۆمێنتەوەو دەتوانین دژی ئێوە بەكاری بهێنین، بەڵام بەكاری ناهێنین یەعنی وەكو تەهدید و هەڕەشەیەك بۆسەر گیانی ئێمە بۆ ئەوەی لە قەلەقدا بمێنینەوە. ئەو هێزانەی  قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو   درەو میدیا: بارودۆخی ئێوەو هاوڕێكانت لە ناو زیندان چۆن بوو، ئایا ئەشكەنجەی جەستەیی یان دەرونیتان دراوە ؟ شێروان شێروانی: لە كاتی رەشبگیریەكەدا من خۆم گوێم لێ دەبوو لە شەق و زللەو لێدانی هاورێكانم، بەڵام من خۆم ئەشكەنجەی جەستەیی نەدراوم بەڵام دەرونی زۆر دراوم، خۆزگە ئەشكەنجە بدرام بەڵام زیندانی تاكە كەسی نەبینم، چونكە بەراستی سزایەكی قورس بوو، نۆ رۆژ لەناو زیندانی تاكەكەسی دواجار هەرچەندە تۆمەتبارێكی داعشیان هێنا لەگەڵ من، ئەوە بۆ من قورس بوو بەراستی، نۆ رۆژ لەوێ ئازارێكی زۆرم چەشت هەم ئەوەی سەرما بوو پێداویستی ناو ژوورەكە بەزیندان نەئەچوو، سەرمایەكی زۆر بوو بەتانیم داوا دەكرد نەیان دەهێنا، دەنگێكی زۆر بەهێز دەهات بەبەردەوامی هەواكێشی چێشتخانەیان خستبووە ئەو زیندانیە تاكە كەسیەو بەبەردەوامی كاری دەكرد بۆ ئەوەی مێشكمان تێكبچێت، گڵۆپی روناكی بەربەردەوامی هەڵكرابوو، ئاوی سارد، داوای كتێبم كرد رەتیانكردەوە، تەنانەت داوای قورئانێكم كرد وتم كاكە من هەر لە زیندانم قورئانێكم بدەنێ، ئەویشیان رەتكردەوە دوو سێجار بەراستی بۆ من قورس بوو، هەستمان بەوە كرد كە ئەشكەنجەیەكی روحی و دەروونی زۆر كراین، من 42 رۆژ خێزانی خۆم نەبینی، تەنها برایەكم بینی، خێزانی خۆم كوڕی خۆم هاتن نەیانهێشت بمبینن، بەبەردەوامی ئەو رۆژانەی سەردان هەبوو ( مواجهە) هەبوو موراوەغە بەمن دەكرا، ئەبرامە دەرەوە بۆ ئەوەی كەس نەمبینێ تەنانەت بەمنیان دەتوت تۆ قسەت كردووە لە كاتی سەردانی براكەت، دیارە من كە براكەم هات كۆمەڵێك شتم پێوت بۆ رای گشتی باس بكە بۆ برادەرەكان، ئەوە لەسەر من كەوتبوو باجی قورس بوو بەسەراحەت، بۆیە من پێناسەم بۆ ئەشكەنجەدان جیاوازە ئەمانە ئەگەر ئەشكەنجە نەبێت چیە.  درەو میدیا: كاتێك لە زیندان بویت باسلەوە كرا دەزگای میتی توركیا لێكۆلینەوەیان لەگەل كردویت، ئەمە راستە ؟ شێروان شێروانی: لەیەكەم رۆژەوە كە ئێمە دەستگیركراین هەڵبەت چاوی ئێمەیان بەست، دەستیشمان لە پشتەوە كەلەپچەكرا، براین بۆ ژورێك وەك تەكتیكی خۆیان لەم ژورە بۆ ئەو ژورە، شێوازێكی تەرهیبی شێوازێكی تۆقێنەر و ترسێنەر هەریەكەمان بە جیاواز، لێكۆڵەر دەهاتن لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكردین نازانین چاومان بەسترابوو، لەوانەیە لەوكاتەدا گۆمانێك هەبێت، چونكە زۆربەی پرسیارەكان 80%ی پەیوەندیان بە كەیسی پەكەكەو باشوری كوردستانەوە هەبوو، ئەمە گومانی بۆ درووستكردین هەندێك جار دەمان ووت چەندە دەبێت یاسایی بێت چەندە دەزگای هەواڵگری لێرە ئامادەیی هەبێت، بەڵام ئێمە بەچاوی خۆمان نەمانبینی كە دەزگای هەواڵگری میت لەوێ بێت، تەنها دەنگی لێكۆڵەری كورد دەهات كە پرسیاریان دەكرد، بەڵام لە لێكۆڵینەوەی یەكەم چاوی هەموومان بەسترابوو.    روداوەكانی بادینان و شیلادزێ  لە غیابی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد   درەو میدیا: بۆ ئازادكردنت ھیچ بەڵگەنامەیەكیان پێ پركردویەتەوە كە ناچارت بكات لە داھاتوودا بەشدار ھیچ جۆرە خۆپیشاندان یان چالاكییەكی مەدەنی نەكەی ؟ شێروان شێروانی: نا هەڵبەتە زمانی نەرم بوو بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆك، لەكۆتاییدا كە ئێمەی ئازادكرد تەنها وتی هەندێك شت كە هێڵی گشتین،  نابێت بیبەزێنن، دەبێت بەبەرسیارێتی مامەڵە بكەن، وتی 7 ساڵە من بەرێوەبەری گشتی ئاساییشی دهۆكم خەرقێكت بینیوە لەرووی ئەمنیەوە، منیش وتم یەك پرسیارم هەیە كە تۆ خۆت بەبەرپرسیار دەزانی ئەی باشە خێرە كەیسی شەهید وەدات حسین، ئاوا بەرێوەچوو لەناو جەرگەی بەرپرسایرێتی خۆتدا هەست بەبەرپرسیارێتی ناكەیت، ئەویش وتی هێشتا ئەو كەیستە لێكۆڵینەوەی بەردەوامەو لەگەڵ خانەوادەكەی دانیشتووین، هەندێك سەرەداومان بەدەستگەیشتووە بەس كاتی خۆی دێت. بەڵام لە كۆتاییدا زمانیان نەرم بوو هیچ بەڵێننامەیەكیان نەبوو، بەڵام ئێمەیان دەترساند كە كەیس وبەڵگەی ترمان لەسەرتان هەیەو وەك دەڵێی تەهدیدێكی نەرم دەكراین.   درەو میدیا: ئێستا دوای ئازادبونت بۆ چونت چییە لەسەر روداوەكانی شیلادزێ و پەلاماردانی بارەگاكانی توركیا ؟ شێروان شێروانی: هەڵبەتە ئەو روداوانە لە غیابی بوونی ئۆپۆزسیۆن و میدیای ئازاد و میدیای ئۆپۆزسیۆنی جاران رودەدەن و ئەمە ئاماژەی قۆناغێكی تری ئۆپۆزسیۆنی شەقامە، كە سەرەتاكەی لە بادینانەوە دەستی پێكرد، بۆ پارتی و دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە شوك بوو، قورس بوو هەزم نەدەكرا، لە كوردستاندا ئەو هێزانەی كە ئۆپۆزسیۆنن لە زەواج و غەراماتن لەگەڵ دەسەڵاتدا، بۆیە بزوتنەوەیەكی جدی لەشەقامدا درووستبوو كە پێشەنگایەتی چالاكوان و رۆژنامەنووسن ئەمەی پێهەزمنەكرا، بۆیە كەوتە رەشبگیركردن و زیندانی كردنی ئەو چالاكوان و خۆپیشاندەرانەی بادینان، خەڵك هەبووە بەشداری خۆپیشاندانی نەكردووە بەس پێشتر چالاكوان بووەو چالاكی هەبووەو تارماییەكی هەبووە دەستگیركراوە، ئێمە پێشتر 70 كەس بووین دەستگیركراین بەڵام بەشێكیان ئازادكران، ئەمە پەیوەندی بەو كارتەوە هەبوو كە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرزكرایەوە لە بادینان، دەستدرێژی توركیا و بێدەنگی حكومەت و حزبەكان دەكرێت سنورێكی هەبێت، غەزەبی جەماوەر لە هەر لەحزەیەكدا بتەقێتەوە بەرووی ناوچەوانی بریارێكی حكومەت یان حیانەتی نیشتیمانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو دەڤەرە واتا روداوەكانی بادینان و شیلادزێ ئەگەر كارتێك بوو بێت دژ بە توركیا ئەوا دەیان كارت بووە بەرووی دەسەڵاتدارنی هەرێم.   دەستگیركردنی ئێمە رەهەندێكی سیاسی حزبی هەبوو، چونكە ئێمە نیەتمان هەبوو گردبونەوەیەك بكەین    درەو میدیا: هەڵوێستی رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكان و بەتایبەت حزبەكان چۆن دەبینن لە بەرامبەر كەیسەكەی ئێوەدا ؟ شێروان شێروانی: زیاتر قسەكانم رووی لەو هێزانەیە وەك ( گۆڕان ، كۆمەڵ ، یەكگرتوو، نەوەی نوێ) ئەوانەی قەلەقن لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنبووندا، بەراستی موجامەلەی ئەوان یاخود مەشغوڵبوونی ئەوان بەدابەشكردنی كێكی حكومەتەوە تۆزێك لە سەر پشتی ئێمە كەوت و قورستر بوو، هەستمان نەكرد كە جوڵەیەكی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە گەڵ ئێمە فشارە بەسەر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتیەوە، بۆ ئیمە قورس بوو غیابی ئۆپۆزسیۆن لە شەقام، ئێمە بوینە قەڵغان بوینە باجدەری رەقەم یەك لە شەقامدا لەلایەكی تر میدیای ئازادیش لەژێر پرسیاردایەو وەك جاران نەماوە ئێستا پترۆ میدیا و میدیای سێبەرو  میدیای حزبی لەرووی گەوجاندنەوە بۆ رای گشتی زاڵە، ئەمە هەردووكی بۆ ئێمە قورس بوو لەو قۆناغەدا، بەڵام بەدیوێكی تردا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەراستی  دوای ئازادكردنمان زانیمان فشارەكە لەوێوە دەستی پێكردووە، لە ئاستی نێودەوڵەتی لەئاستی بادینان گروپێكی پارێزەری خۆبەخش  درووست بوو ئەمە بۆ پارتی زۆر غەریب بوو، ئەوە پاڵپشتیەكی زۆر گەورە بوو، لەرووی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان و گروپی پارێزەران و هاورێكانمانەوە ئەوە شتێكی تازەش بوو لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنیدا. درەو میدیا: ئێوە چیتان بینی لەناو  زیندانەكان رەوشی زیندانەكان چۆن بوو ؟ شێروان شێروانی: لەو ماوەیەی لە زیندان بووم بەشێكی لێكۆڵینەوەی ئاساییش لەسەر ئەوەبوو ئەو كارە رۆژنامەوانیانەی كردوومن، یەكەم، لەسەر تیرۆری سیاسی لە كوردستان، دووەم لەسەر زیندانی نهێنی و نایاسایی و پێشێلكاری دژی مافەكانی مرۆڤ دەكرێت، ئەو قوربانیانەی بەهۆی بۆردومانی توركیا و ئێرانەوە دەكەوێتەوە، كۆكردنەوەی بابەت لەسەر جەلادەكان، كە بڕیار بوو كۆمەڵێك بابەت كۆببكەینەوە لەسەر ئەوانەی دژ بە مافی مرۆڤ دەكرێت لە كوردستان لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، ئەمانە هەمووی كرابوونە تۆمەت بۆمن هەتا گۆمانی ئەوەیان درووست دەكرد كە بۆ دەزگایەكی هەواڵگری جیهانی كاردەكەین و كە لە ئەنجامدا گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە وانیە.  لەلایەكی تر ئەگەر رێكخراوێكی نێودەوڵەتی هەبێت و بتوانێت گرنتی ژیانی ئێمە بكات و نەكەوینە دەستیان،  دەیان حاڵەتی سەرسوڕهێنەری پێشێلكاری مافی مرۆڤ هەیە لە زیندان خۆم بەچاوی خۆم بینیم لەناو زیندان بەشێكی گوێم لێبوو ئەگەر ئەو كەیسانە بدرێتە رێكخراوە جیهانیەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان تێكرا دەكەوێتە ژێر فشاری نێودەوڵەتی، چونكە پێشێلكاری ئەوەندە گەورەن ئەوەندە گەورەن، ئەگەر ئەو پێشێلكاریانەی ناو زیندان بخرێتە روو كۆی پرۆسەی سیاسی ودیموكراتی ئەوانەی بانگەشەی دەكەن دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. 


درەو میدیا:  لە رونكردنەوەیەكدا كە بۆ ( درەو میدیا) نێردراوە، دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی وەڵامی چاوپێكەوتنێكی درەو میدیا دەداتەوە كە لەگەڵ شێخ محەمەدی سەرگەڵو ئەنجامی داوەو رایگەیاندووە" كە   بە بڕیاری دكتۆر بەرهەم ساڵح  سەرجەم  مومتەلەكاتی هاوپەیمانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە و تەنانەت كورسی و مێزو تەپڵەكی بارەگانیشیان بەجێنەهێشتووە  وە ھیچ  یارمەتی هاوپەیمانی نەداوە بەڵكو قەرزاری مادی بەشێك لە ئەندامەكانی ئێستای  هاوپەیمانیی نیشتمانیە" هاوپەیمانی نیشتیمانی راشیگەیاندووە كە " هیچ پەیوەندییەكمان دوورو نزیك بە  دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە نەماوە " دەقی رونكردنەوەكە  ڕونكردنەوەیەك لەدامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیەوە لەچاوپێكەوتنێكدا كە كاك شێخ (محمد سەرگەڵوی  ) كەسایەتی دیاری نزیك لەبەرهەم ساڵح لەگەڵ ماڵپەڕی درەو میدیایی ڕاگەیاندووە كە  بەرهەم ساڵح پاش بەجێهێشتی هاوپەیمانی گوایە بەڵێنی  پاڵپشتی داوە و یارمەتی هاوپەیمانیی نیشتمانیداوە و مومتەلەكاتی هاوپەیمانیەكەی بۆ بەجێ هێشتوون وە كرێی ٣ مانگی ئۆفسەكانی ھاوپەیمانی  داوە؟  لەگەڵ رێز و خۆشەویستیمان  بۆ  كاك شێخ محمد  بەڵام ناچارین وەڵام بدەینەوە  و ڕایبگەیەنین كە   بە بڕیاری دكتۆر بەرهەم ساڵح  سەرجەم  مومتەلەكاتی هاوپەیمانیان لەگەڵ خۆیان بردووەتەوە و تەنانەت كورسی و مێزو تەپڵەكی بارەگانیشیان بەجێنەهێشتووە  وە ھیچ  یارمەتی هاوپەیمانی نەداوە بەڵكو قەرزاری مادی بەشێك لە ئەندامەكانی ئێستای  هاوپەیمانیی نیشتمانیە ، وە سەبارەت بە  لۆگۆی هاوپەیمانیی نیشتمانی ئەو لۆگۆیە جیاوازییەكی زۆری لەوەی رابردوو  هەیە   ئێمە لە دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانی دوپاتی دەكەینەوە بەهیچ جۆرێك و  لەدوای ڕاگەیاندنی بەردەوامی هاوپەیمانی هیچ پەیوەندییەكمان دوورو نزیك بە  دكتۆر بەرهەم ساڵحەوە نەماوە  هاوپەیمانیی نیشتمانی بڕوای بە ئازادی تەواو هەیەو هەركەسێك ریزەكانی بەجێ بهێڵێت رێز لە بڕیارەكانی دەگرێت تەشهیر و تەخوینكردن دورە لە بنەمای كاری هاوپەیمانیی نیشتمانی. دامەزراوەی ڕاگەیاندنی هاوپەیمانیی نیشتمانی  ۱۳/۳/۲۰۱۹  


راپۆرتی: نامیق رەسوڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راپۆرتی ساڵانەیدا دەربارەی مافەكانی مرۆڤ تیشكی خستوەتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان‌و رایدەگەیەنێت، دەسەڵاتدارانی هەرێمی پێداچوونەوەیان بە راپۆرتی پێشێلكارییەكانی چەند ئەندامێكی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە، بەڵام لە كۆتاییدا بەبێ‌ تاوان لە قەڵەمیانداون، سەرەڕای گومانی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ و ئاشكراشیدەكات كە هەروەها بەرپرسە حكومییەكان‌و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان كە مافەكانی مرۆڤ پێشێلدەكەن، لە سزادان رزگاردەبن. ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا راپۆرتی ساڵانەی  2018ی خۆی دەربارەی مافەكانی مرۆڤ لە جیهاندا بڵاوكردەوەو تێیدا بارودۆخی زیاتر لە 200 وڵات و ناوچەی لەخۆگرتووە. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە پێشكەشی راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوەداوە كە " دامەزرێنەرانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و نوێنەرانی لە لیژنەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆد، دانیان بەوەدا ناوە كە ئازادییە بنەڕەتییەكان، وەك ئازادی ئاین، ئازادی بیروباووەڕی و ئازادی رادەبڕین‌و گردبونەوەی ئاشتیانەن ماف و موڵكی هەموو مرۆڤێكە". پۆمپیۆ راشیگەیاندووە:" ئەو ئازادیانە حكومەتەكان نایبەخشن, بەڵكو لە كەرامەتی راستەقینەی مرۆڤەوە سەرچاوەیان گرتووەو ناكرێت بە هیچ پاساوێك لەلایەن حكومەتەكانەوە سنوردابكرێت‌و مایەی دەستكاریكردن نین و حكومەتەكان بەرپرسن لەوەی گەرەنتی ئەوە بكەن خودی خۆیان دەستوەردان نەكەن لە مافەكانی مرۆڤ‌و ئازادییە بنچینەییەكان". وەزیری دەرەوەی  ئەمریكا جەختیشدەكاتەوە" ئەو وڵاتانەی خاوەن سەروەرین پەیوەندی پتەو‌و بەردەوامیان لەگەڵدا هەیە، ئەو دەوڵەتانەن كە حكومەتەكانیان لەگشتی رێز لە مافەكانی مرۆڤ دەگرن و بەشداری ناكەن لە پێشێلركردنی مافەكانی مرۆڤی وەك كوشتن لە دەرەوەی دادگا، ئەشكەنجەدان‌و دەستگیركردنی ناڕەوا". وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە درێژەی وتەكانیدا  دەشڵێت:" ئەو وڵاتانەی كە هەڕەشە لە سەقامگیری ئیقلیمی دەكەن، یان ئەو وڵاتانەی سەرپەرشتیاری تیرۆرن یان ئەوانەی هەمیشە بانگەوازی چەكداركردنی تیرۆریستانن، ئەو دەوڵەتانەن كە حكومەتەكانیان لە رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤی هاوڵاتیانیان كەمتەرخەمن". مایك پۆمپیۆ ئاماژەیبەوەشداوە وڵاتەكەی دۆست و پشتیوانێكی بەهێزی ئەو كەسانەیە كە هەوڵدەدەت بۆ چاكسازی‌و نەهێشتنی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ.  راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تیشكی خستوەتە سەر دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و عێراق‌و ئێران و چەند وڵاتێكی تر: عێراق و هەرێمی كوردستان راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بۆئەوە كردووە كە ساڵی 2018دا دەسەڵاتدارنی عێراق نەیانتوانیوە بە تەواوەتی كۆنترۆڵی هەندێك كارمەندی هێزە ئەمنییەكان بكەن، بە تایبەتی چەند یەكەیەكی حەشدی شەعبی كە هاوپەیمانی ئێرانن. راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە كردەوەی كوشتنی نایاسایی لەسەر دەستی چەند كارمەندێكی هێزە ئەمنییەكانی عێراق ئەنجامدراوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەو گروپانەی حەشدی شەعبییەوە كە هاوپەیمانی ئێران. هەروەها راپۆرتەكە باسیشی لە پرۆسەی چەكداركردنی نایاسایی منداڵان و بەكارهێنانیان كردووە لەلایەن یەكەكانی حەشدی شەعبییە كە هاوپەیمانی ئێرانن و لە دەرەوەی كرۆنترۆڵی حكومەتدان. راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باسیشی لە حاڵەتەكانی گرتنی بەزۆر و ئەشكەنجەدان و رفاندن و گرتوخانەكانی عێراق كردووە‌و رایگەیاندووە كە لە دۆخێكی زۆر خراپدان، كە هەڕەشەیە بۆ ژیان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەیبەوەشداوە كە لە عێراقدا كۆت‌و بەند هەیە لەسەر ئازادی رادەبڕین و رۆژنامەگەری و ئینتەرنێت‌و ئازادی جموجوڵی ژنانیش كۆت‌و بەندكراوە و گەندەڵییەكی بەرفراوانی رەسمیش هەیە. دەربارەی حكومەتی عێراق راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە كە حكومەت و نوسینگەی سەرۆك وەزیران لێكۆڵینەوەیان لە پێشێلكاریی‌و كردەوە قێزەونەكانی هێزەكانی ئاسایش كردووە، بەڵام زۆر بەدەگمەن ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان راگەیاندووە یان سزای بەرپرسانی ئەو پێشێلكارییانەیان دابێت. هەرێمی كوردستان پەیوەست بە هەرێمی كوردستان راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی پێداچوونەوەیان بە راپۆرتەكانی پێشێلكارییەكانی چەند ئەندامێكی هێزەكانی پێشمەرگە كردووە كە زۆرینەیان دژ بە ئاوارەكان بووە، بەڵام لە كۆتاییدا بەبێ‌ تاوان لە قەڵەمیانداون، سەرەڕای گومانی رێكخراوەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ بە میسداقیەتی ئەو لێكۆڵینەوانە. هەروەها راپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا باسیشی لەوەكردووە كە لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق بەرپرسی حكومییەكان‌و كارمەندانی هێزە ئەمنییەكان لەوانەش هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پۆلیسی فیدراڵی، حەشدی شەعبیی، هێزی پێشمەرگە‌و هێزی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەسزادان رزگاردەبن.  


دیداری رۆژنامەوانی: درەو میدیا لە چل دەیەی رابردوودا یەكێك بووە لە كارەكتەرە نزیكەكان لە رووداوە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان، بەتایبەتیش یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو یەكێك بووە لە كەسە نزیكەكان لە جەلال تاڵەبانی‌و هاوكات نەوشیروان مستەفاش، زۆرجار رۆڵی نێوەندگیری گێڕاوە، ئێستا دوای دەرچوونی جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا لە شانۆكە، پشتیوانێكی بەهێزی بەرهەم ساڵحە. لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ (درەو میدیا)، شێخ محەمەدی سەرگەڵو چیرۆكی جیابونەوە‌و گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی دەگێڕێتەوە، باسی ساتی جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی‌و جەلال تاڵەبانی دەكات، سەرگوزشتەی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان دەگێڕێتەوە، بۆیەكەمجار لەم دیدارەدا چەندین نهێنی پشتی پەردەی رووداوە سیاسییەكانی ئەمدواییەی كوردستان، بەدیاریكراویش وردەكاری هەوڵێك بۆ رێككەوتن لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕان ئاشكرادەكات. دەقی دیدارە رۆژنامەوانییەكە: درەو میدیا: ئێوە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لەگەڵ بەرهەم ساڵح دەركەوتن، ئێستا ئەو حزبە هەڵوەشاوەتەوە، رۆڵی ئێوە لە كوێیە، لەناو یەكێتیە یا وەك جاران بێلایەنن‌و ناتانەوێت بەشداری سیاسەت بكەن؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو:  من هەرلە زووەوە لە ساڵی 1990ەوە كاك بەرهەمم ناسیوە، پێموابوو كادرێكە بەكەڵكی ئەم وڵاتە دێت لەڕووی دیپلۆماسی‌و ئیداری‌و دەوڵەتدارییەوە، ساڵی 1990 هێشتا راپەڕین نەبووبوو، جارێكیان مام جەلال بۆخۆی بە ئێمەی وت:" من دەتوانم بە كاك بەرهەم بڵێم مامۆستای منە، چونكە قسەم بۆ راستئەكاتەوە لەگەڵ ئەوروپییەكان"، ئەو كاتەش كە هاتەوە من بۆخۆم زۆر ئەمەلم پێی هەبوو، پێموابوو كارەكتەرێكی باشە بۆ ئەم وڵاتە، پێم وابوو ئەگەر پشتیوانی لێبكرێ‌و پشتگیری بكرێت، سەركەوتنی باش بەدەستدەهێنێت لەڕووی دیپلۆماسی‌و ئیداری‌و دەوڵەتدارییەوە، من هەر پشتیوانیم كردووە، سەركەوتبێت یان كەوتبێت، سەرگەڵوش هەیە وەك ماڵی خۆی حسابی كردووە هەفتانە سەردانی كردووین. كاتێك نەشتەرگەریم بۆ كرابوو پار مانگی چوار هات بۆ لام وتی:" حەز ئەكەم لەگەڵمان بیت، وتم لەگەڵتان نابم وەك بەرپرسیارێتی"، بۆ جێگری خۆی باس دەكرام، بەڵام من وتم ئەو شتانە ناكەم،  پشتیوانتانم، دوایش داوایانكرد سەرپەرشتی سلێمانی بكەم، كردیشم، هەڵمەتێكی باشمانكردو دەنگی باشیش هات، بەڵام دەنگەكان زۆری بڕان، ئەوەی من زانیاریم هەیە ئەوەی لە هاوپەیمانی‌و گۆڕان بڕا هی هیچ هێزێكی دیكە ئەوەندەی لێكەمنەكرایەوە، لە كاتی خۆیدا هەموو ئەو پێشێلكاریانە بڵاوكرانەوە. كاك نەوشیروان پێی وتم  یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت درەو میدیا: رێككەوتنێكی پشتی پەردە هەبوو لەلایەن یەكێتی‌و پارتییەوە بەدیاریكراوی بۆ پرسی ساختەكاریی؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بڕوا ناكەم، بەڵام بۆ لێدانی بەرهەم ساڵح هەموو لایەك موتەفیق بوون، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەو كاتەدا كە ئێمە هاوپەیمانی بووین، راستگۆ نەبوون لەگەڵ بەرهەم ساڵح‌و هاوپەیمانیدا، پێموابوو نەیاندەویست بەرهەم ساڵح ببێتە كارەكتەرێك‌و لەم ناوچەیە دەوری خۆی ببینێت، بەرەئی من ئەوە جەماوەری گۆڕان نەبوون، چونكە جەماوەری گۆڕان خۆشیاندەویست، هاوپەیمانیشیان پێ باش بوو، پێشیان مەقبول بوو، هاوپەیمانیش دەبوو بە چەترێكی گەورە بۆ كۆكردنەوەی هەموو هێزەكان، پێموایە بەرژەوەندی هەندێك لە سەرەكردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رێگای بەوە نەدا. درەو میدیا: ئەو كاتە هەوڵتان ئەدا بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەكە فراون بكەن‌و یەكگرتوو و گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی بێنە ناو بەرەكەی ئێوەوە، ئەو هەنگاوانە بۆچی شكستیان هێنا؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: هۆكاری یەكەم بزوتنەوەی گۆڕان بوو، چییان لەگەڵ ئەوەتین دوایی بە جۆرێكی تر رەفتاریان دەكرد، بە قەناعەتی من مەسەلەكە شتی شەخسی بوو، ئەیانزانی ئەم كۆكراوەیە كۆكراوەیەكی باشە، هەموو بەیەكەوە، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو و هاوپەیمانی لەژێر یەك چەتر بوینایە، ئەبوینە هێزێكی زۆر باش، چەند محاوەلەیەكیشمانكرد، من خۆم لە كۆبونەوەیەك بەشداریم كردو لەگەڵ برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان، وتمان با خانەی راپەراندن نەبێت (د. یوسف‌و عەدنان عوسمان‌و محەمەد هەورامی‌و كاك ئاكۆو ئەمانە هاتبوون، كۆمەڵێك رۆژنامەنوسیش لە هاوپەیمانی هاتبوون)، دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری عێراق بوو، من قسەمكردو وتم:" ئەو هەموو دەنگانەیان تەزویركردو رۆیشتیش، خەڵكی بڕوای بە حزب نەماوە، بڕوای بەوە نەماوە پەرتەوازە بین، بەڵام ئێمە ئەتوانین یەك لیستی هاوبەش دروستبكەین، لیستی چاكسازی ناودەنێن، لیستی كوردستانی ناودەنێن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەتوانین ئێمە چوار تەلەفزیۆنمان هەیە ئەو چوار حزبە، ئەتوانین بەیەك نەفەس تەوجیهی خەڵك بكەین، دەستەیەكی راگەیاندنی باش دابنێین بۆ سەرپەرشتیكردنی تەلەفزیۆنەكان‌و یەك دەستەش بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردنەكان، پێموایە ئەتوانین متمانەی خەڵك بگێرێنەوە، دوو سێ مانگمان لە پێشەوەیە". هەموو زۆریان پێ باش بوو، د. یوسف بە هەمان نەفەس قسەیكرد، كاك عەدنان عوسمان‌و كاك محەمەد هەورامی قسەیان كرد، وتمان وەڵاممان بدەنەوە، كاك كەمال رەئوفمان لەگەڵ بوو وتی:" مادام ئەوەندە رێكن با كامێرەیەك بێت وێنەی بگرێت، د. یوسف وتی:" نەوەڵا ئێمە پرسمان بە خانەی راپەڕاندن نەكردووە، خۆش نیە لە پشتی ئەوانە بێین، بەڵام بە تەئكید ئێمە سبەینێ وەڵامتان ئەدەینەوە". كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین درەو میدیا: راستە دەوترێت كاریگەری یەكێتی لەسەر كارەكتەرەكانی گۆڕان هەبووە بۆ ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە سەرنەگرێت؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان هەبوو هەنێدك برادەر لەسەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە خانەی راپەڕاندن یاخود لە ماڵی كاك نەوشیروان پەیوەندییەكیان لەگەڵ ماڵی مام جەلال هەبووە لەو سەردەمە، دانیشتینیان هەبوو، شتیان هەبوو، بەرژەوەندییان لەگەڵیان هەبوو، پێموابێت ئەوە پەیوەندی بەوەوە هەبوو ئێمە ئەو شتانەی لە كۆبونەوەكان باسمان دەكرد لەگەڵ سەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ رۆژی دواتر ماڵی مام جەلال لە دەباشان دەیانبیستەوە. درەو میدیا: لەو كاتانەدا باسی سەرۆكایەتی كۆمار كرابوو، پێتان وابوو بەو 11 كورسییەی ئۆپۆزسیۆنەوە سەرۆك كۆمار بەدەستدەهات؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەكرا، ئەو سەردەمە وترابوو، مەگۆركیش (بریت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش) وتبووی:" بەو 11 كورسییەوە یەكێك خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆك كۆمار"، پێیانوابوو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت، تەنانەت بەرهەم ساڵح وتبووی:" ئێوە لەخۆتان كەسێك هەڵبژێرن، ئێمە دەكشێینەوە، یاخود بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئێمە ناچینە پرۆسەكەوە هەموو دەنگەكان كۆدەكەینەوە بۆ بزوتنەوەی گۆڕان"، سوڵحەكەیان لەگەڵ نەكردین، دەلیلی بەهێز ئەوەبوو كە لە ساڵیادی كۆچی كاك نەوشیرواندا كە بەرهەم ساڵح چووە ئەوێ، برادەرانی بزوتنەوەی گۆڕان زۆریان پێخۆش بوو. كاك بەرهەم زۆر نائومێدبوو لە بزوتنەوەی گۆڕان، گەیشتینە ئەو بڕوایەی كە چەند لەگەڵ بنكەی جەماوەری گۆڕان لە خوارەوە رێكبین لەسەرەوە گرێیەك هەیە نایەڵێت پێكەوە بین. درەو میدیا: لەناو سەركردایەتی‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆمەڵێك هەبوون لەسەر خەتی بەرهەم ساڵح بوون، بەڵام كاتێك بەرهەم ساڵح هاوپەیمانێتییەكەی راگەیاند هیچ یەكێك لەو كەسانە نەهاتنە ناو هاوپەیمانێتییەكەی؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: داوایان لێنەكرا، ئەهاتن ئەگەر داوایان لێبكرایە. درەو میدیا: بەپێچەوانەی نەوشیروان مستەفا هەرچی هەیبو لەناو یەكێتی هێنایە دەرەوە؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان پارەیەكی زۆری بەدەستەوە بوو، كەسێتییەكی كاریزمایی زۆر بەهێزی هەبوو، كاك نەوشیروان هەر ئەو (12 ملیۆن) دۆلارە نەبوو كە لە مام جەلالی وەرگرت، كاك نەوشیروان رەنگە چەندین (12 ملیۆن) دۆلاری دیكەشی لەملاولاوە بۆ هاتبێت، ئیمكانیەتێكی گەورەی لەبەردەستدابوو، زانیاریم هەبوو كە بەرهەم ساڵح نزیكەی ملیۆنێك دۆلار قەرزار بووە لەسەر هاوپەیمانی، دەوترا كەسێكی وەك مەحمود سەنگاوی لە گەرمیان بێت زۆر بەهێزە، بەڵام مەحمود سەنگاوی (400 بۆ 500) چەكداری لەگەڵە بەچی بەخێوی دەكەیت ؟!، هەم زەمەنە، هەم كەسێتییە كاریزماییەكە، هەم توانا ئابورییەكەش دەوری خۆی هەبوو. درەو میدیا: پرۆسەی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی چۆن بوو، بێگومان ئێوە لەناو روداوەكاندا بوون ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: سەرەتاكەی لە كاك بافڵ تاڵەبانی‌و كاك لاهورەوە دەستیپێكرد، ئەهاتن سەردانی دكتۆر بەرهەمیان دەكردو قسەیان لەگەڵ دەكرد، هەمیشە دەیان وت تۆ كەسێكی بەتواناو لێهاتووی، بەڵام هەرگیز نە لەسەرەوە نە ژێربەژێر باسی ئەوە نەكراوە كە هاوپەیمانێتییەكە هەڵوەشێنێتەوەو بەجێی بهێڵێت، هەتا دوای تەزویرو هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری عێراق، ئەوەبوو مەكگۆرك دووجار هات بۆ سلێمانی، جاری یەكەم هەوڵێكیدا، بەڵام سەركەوتوو نەبوو لەوەی دكتۆر بەرهەم بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، وە ئێرانییەكانیش هەوڵیاندا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون، چەندین دانیشتن كرا لەوبارەیەوە.  ئارام قادر موافق بوو، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی   درەو میدیا: رەئی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوكاتەدا چی بوو؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی پێی خۆش بوو بەرهەم ساڵح بەسەربەخۆ بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی یەكێتی لاوازو پارچە پارچە بێت. دواینجار ئەوەبوو مەكگۆرك هات، چووە ماڵی دكتۆر بەرهەم‌و نانی بەیانی لەوێ خوارد، دوایی چونە گردەكەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و لەوێ كۆبونەوەیەك كرا، سێ كۆبونەوەشی لەگەڵ یەكێتی كرد، لەگەڵ دەباشان بەجیا، لەگەڵ مەلا بەختیار بەجیا، لەگەڵ كاك كۆسرەت بەجیا. كۆبونەوەی یەكەم ئەوەبوو بە 11 كورسییەكە، دكتۆر بەرهەم هەر تەركیزی لەسەر 11 كورسییەكە بوو، ئەیویست لەو رێگەیەوە بڕوات بۆ سەرۆك كۆماری، ئەمەیان نەكرا، ئێمە گەیشتینە قەناعەت كە بزوتنەوەی گۆڕان ئەو تەعامولەمان لەگەڵ ناكات‌و متمانەی نەبوو، ئەوەی دەیان وت متمانەمان بە بەرهەم نیە لە جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی گۆڕان، مەسەلەكە متمانە نەبوو، بەرهەم هەموو بەڵێنێكی پێدەدان، بەڵام خۆیان نەیاندەویست، چونكە نەیان دەویست بەرهەم لەو بەرەیە نزیكبێتەوە، بە بڕوای من، كە ئەمە رەئی خۆمە، هەندێكیان پێیان وابوو كە بەرهەم كەسێتی ئەوان دەخوات، رەنگە ئەو رۆڵەیان نەمێنێت ئەگەر ئەو بچێت، هەندێكی حەساسیەتی شەخسی بوو. بۆیە دواینجار ئێمە لە ماڵی كاك بەرزان هەورامی لە تەویڵە كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت هات، برادەرانی خەتەكەی ئێمە لەناو یەكێتی 10 ئەندامی سەركردایەتی بوون هاتبوون، كاك بافڵیش لەسەر خەت بوو بەتەلەفۆن لەگەڵمان، كۆبونەوەیەكمان كرد، كاك كۆسرەت داوای لە دكتۆر بەرهەم ساڵح كرد كە كاندیدی دەكەن بۆ سەرۆكایەتی كۆماری عێراق‌و بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئێمە لەو سەردەمە پێمان لەسەر ئەوە چەقاند كە دەبێت سەرەتا وەك سەربەخۆ خۆی هەڵبژێرێت دوایی ئەوە بگەڕێتەوە ناو یەكێتی، ئەمە مەقبول نەبوو، وتیان ناتوانین‌و دەنگیش ناهێنین لە سەركردایەتی‌و ئەشخرێتە دەنگدانەوە، مەكگۆرگیش هەر بڕوای وابوو، لەو سەردەمەدا ئێرانییەكانیش هەر رەئیان وابوو، هەموولایەك رەئیان وابوو كە بەرهەم ساڵح بچێتە سەركردایەتی یەكێتی‌و لەوێ هەڵیبژێرن وەك كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار. درەو میدیا: هاوپەیمانی نیشتمانی‌و سەركردەكانی لەم گفتوگۆیانەی نێوان بەرهەم ساڵح‌و یەكێتی ئاگاداربوون ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێش ئەوە دكتۆر بەرهەم لەگەڵ ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی كۆبوەوە، لەگەڵ هەموو كادرە ئەساسییەكانی هاوپەیمانی كۆبونەوەی كردووە، پرسی بەهەموویان كردووە، ئەو كەسەی بڵێ من ئاگام لێی نەبووە، یان بەجێی هێشتوین، هیچ راست نیە. درەو میدیا: ئارام قادر ئەو كاتە بەشداربووە لە كۆبونەوەكان؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر بەشداربووەو موافقیش بووە، بۆ گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، بەڵێ بەشداربوو لە كۆبونەوەكەی بەرهەم ساڵح، یەكێك لەوانە كاك حەمەرەئوف بوو، ئەوانی تریش هەموویان. درەو میدیا: رەئی ئەوان چی بوو؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئارام قادر پێی ناخۆش نەبوو، پێی باش بوو، بەڵام مامۆستا حەمەرەئوف وتی :"زەمان چیە كە فێڵت لێناكەن ؟"، بەس من پێم وابوو دكتۆر بەرهەم زەمانەتەكەی وەرگرتبوو، زیاتر لەلایەنی ئەمریكییەكانەوە، زەمانەكەش ئەگەر بیرتان بێت ئەو ئیشارەتە بوو كە مەكگۆرگ لە دەباشانەوە قسەی كرد، وتی ئێمە بۆ سەرۆك كۆمار یەكێكمان دەوێت زمانزان بێت، دیپلۆماسی بێت، بڕوانامەی هەبێت‌و پەیوەندی نێودەوڵەتی باش بێت، لەناو یەكێتی كێی ترت هەیە واتا یەعنی دكتۆر بەرهەم، ئەوەبوو هێرۆخانیش هیچ تەعلیقێكی نەبوو، بافڵ‌و لاهوریش پشتیوانی یەكەمی بوون، زۆریان پێ باش بوو، بۆیە چەندجارێك هەر دادەنیشتین‌و گفتوگۆمان دەكرد، پێمان باش بوو دەستلەكاربكێشێتەوە لە هاوپەیمانی، بۆیە دەستیلەكاركێشایەوەو ئێمەش پێمان باش بوو، رەنگە یەكێك لەوانە من بووبم كە پێم وت:" ئەمە زۆر زۆر بڕیارێكی قورسە، بەراستی جورئەتێكی ئەوێت مرۆڤ ئەو بڕیارە بدات، بەڵام هەر ئەمە باشترە لەوەی ئێمە چوار ساڵی دیكە دابنیشین بەدیار دوو ئەندام پەرلەمانەوە، دەسەڵاتی هیچت نەبێت‌و پارەشت نەبێت‌و كرێی بارەگاكانیشت نەبێت"، وەزعی ئابوریشی خراپ بوو هەتا ئێستاش هاوپەیمانی قەرزی خەڵكی بەسەرەوە ماوە، هەربۆیە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا زۆرینەیان دەنگیان بە دكتۆر بەرهەمداو ئەوانی دیكە دەنگی زۆر كەمیان هێنا.  ئەوەنەی من ئاگادارم  یەكێتی جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئامادەن رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەن  درەو میدیا: ئێستا هیچ پەیوەندییەك هەیە لەنێوان بەرهەم ساڵح‌و ئەو حزبە تازەیەی كە لەسەر داروپەردووی هاوپەیمانی دروستبووە، واتا هاوپەیمانی نیشتمانی؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك ئارام قادر سەرەتای پێی وتم لەگەڵمان بێیت بۆلای دكتۆر بەرهەم، كە سەرەتا هەڵبژێردرابوو بە سەرۆك كۆمار، بۆیە كۆبونەوەو  كاك ئارام‌و ئەوان داوای لۆگۆی هاوپەیمانیان كرد، بەرهەم ساڵح وتی بەسەرچاو، داوای مومتەلەكاتەكانی هاوپەیمانیان كرد، وتی هەمووی بۆ ئێوە، داویانكرد كە دوو بۆ سێ مانگ كرێی ئەو بینایانەیان بۆ بدەن، وتی بەسەرچاو، داوای دوو ئەندام پەرلەمانەكەی هاوپەیمانیان كرد، دكتۆر بەرهەم وتی ئەندام پەرلەمان كورسی‌و مێز نیە، ئێوە ئەتوانن قسەیان لەگەڵ بكەن، ئەگەر لەگەڵتان مانەوە ئەوە پیرۆزەو ئێوە هەر دۆستی ئێمەن‌و هاوڕێی ئیمەن، ئەوانیش بەهەمان شێوە، جگە لە مۆڵەتی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری كە ئەوەی نەدانێ، چونكە ئەوە بەناوی دكتۆر بەرهەمەوە بوو، بۆیە ناوەكەیان گۆڕی. لە ئێستادا هیچ پەیوەندیەكی سیاسی ژێربەژێر لەنێوان بەرهەم ساڵح‌و ئەواندا نەماوە، بەڵام هاورێیەتیان ماوە، بەڵام وەك خۆیان ئاماژەیان پێكرد، چەندینجار هەندێك لە كەناڵەكانی نزیك لە پارتی هەوڵیانداوە‌و ختوكەی ئەو سەركردانەیان داوە كە دژی بەرهەم ساڵح قسە بكەن، بەڵام ئەوان هیچ قسەیەكیان دژی نەكردووە. درەو میدیا: ئێستا تۆ یەكێتیت یان هاوپەیمانی یان كەسایەتییەكی بێلایەن؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من هەروەكو پێش هاوپەیمانی ساڵی 2000، مام جەلال ناردمی بۆ ئیدارەو مالیەی یەكێتی قەناعەتم وابوو ناتوانم لەوێ درێژە بە كارەكانم بدەم، دوو مانگ سێ مانگ لەوێ مامەوەو ئیستیقالەم كردو لەو سەردەمەوە من هیچ كارێك‌و بەرپرسیارێتییەكم لە یەكێتی نەبووەو تا 2003 كە لە عێراقدرا من نوێنەری یەكێتی بووم لەگەڵ ئەمریكییەكان لە میحوەری كەركوك، ئێستا من پەیوەندی شەخسیم باشە لەگەڵیان، بەینم باشە لەگەڵیان، بەڵام لە هیچ دامودەزگایەكی یەكێتی ئیشم نەكردووەو ئیشیش ناكەم، من خانەنشینم، حەزمكردووە حورمەتی پێشمەرگایەتی خۆم بپارێزم بەڕاستی. درەو میدیا: هەست بەوە دەكرێت لاسەنگییەك لە سیستمی حوكمڕانی ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەتایبەتی باس لەوە دەكرێت سلێمانی لە هەموو بوارەكاندا دواكەوتووە، لەڕووی دەسەڵاتی سیاسیشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆربەی جومگەكانی كۆنترۆڵكردووە، وەكو كەسێك لەناو رووداوە سیاسییەكانی چل ساڵی رابردوودا بوون، هۆكاری ئەو لاسەنگییە بۆچی دەگەڕێننەوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە بە درێژایی مێژووی دوای راپەڕین، ئێمە كە لە یەكێتی هاتوینەتەوە، كۆمەڵێك هەڵەی سیاسی گەورە كراوە، یەكێك لەوانە ئێمە ئەو دروشمانەی كە لە شاخ بەرزمانكردبووەوە، ئەو ئازادی‌و دیموكراتییەی كە ئێمە باسمان دەكرد، ئەو دژبوونی بنەماڵەییەی كە باسمان دەكرد، ئەو خۆنەویستییە‌و خەباتكردنە بۆ خەڵك كە باسمان دەكرد، كە هاتینەوە بەداخەوە بەشێك لە بەرپرسەكانمان وا تەسەڕوفیان نەكرد، وای لێهات لە چاوی زۆركەسی بێلایەن ئێستا كە سەیری پارتی‌و یەكێتی دەكات، دەڵێ وەكو یەكن. ئەمەش بۆ یەكێتی ناگونجێت، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان‌و ماڵی مەلا مستەفا ئەگونجێت، چونكە ئەوان بە ئاشكرا ئەڵێن ئەو حیزبە هی ئەو بنەماڵەیەیە‌و ئەبێت هەمیشە یەكێك لەو بنەماڵەیە سەرۆكی ئەو حیزبە بێت، نابێت خەڵكی تر، لە هەموو شوێنە كاریگەر‌و هەستیارەكاندا یەكێك لەو بنەماڵەیە مەسئولیەتی، لە ئەنجومەنی ئاسایش‌و سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێم، ئەوانە هێڵی سورن‌و دەبێت بۆ یەكێك بن لە بنەماڵە، بەڵام ئەوەی یەكێتی نیشتمانی لە شاخ بانگەشەی بۆ دەكرد، بەپێچەوانەی ئەوانەوە بوو، خەڵكی سلێمانیش لەزووەوە خەڵكێكی رۆشنبیرو خەڵكێكی چاوكراوە‌و رەخنەگرن، تەحەمولی ئەم وەزعەی یەكێتییان نەكرد كە هاتینەوە لە شاخ، بۆیە من پێموایە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە جیابونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لێی‌و بەدانیشتنی كۆمەڵێك لە كادیرەكانی، تۆ سەیركە یەكێتی چی بەسەرهاتووە، لە راپەڕین هاتینەوە باشترین كادیرەكانی یەكێتی ئەو سەردەمە لە قاسمەڕەش‌و لە سەقزو دیوی ئێرانەوە بەرەو ئەوروپا رۆشتن، دوای راپەڕین هاتینەوە كاك نەوشیروانیش رۆشت، ئەویش لە شەقلاوەوە بەجێی هێشت لە دوای كۆنگرەی یەك، بەدرێژایی پێنج شەش ساڵ نەهاتەوە لە ئەوروپا، كۆمەڵێك كادیری باشی تر رۆشتن، باشە ئەم كادیرە باشانە كە ئەڕۆن كێ جێیان ئەگرێتەوە، خەڵكی تر جێگای ئەگرێتەوە كە شیاو نییە بۆ ئەو شوێنە، من هەمیشە رەخنە لەخۆم دەگرم لەگەڵ هەموو هاوڕێكانمان، مەسئولیەتی یەكەمی ئەو وەزعانەی كە وای لێهات ئێمە هەموومانین كە بەجێمانهێشت، هەر كەسێك شوێنی خۆی بەجێهێشت‌و كەسی تر شوێنەكەی پڕكردەوە، ئیتر وای بەسەردێت، ئینجا بزوتنەوەی گۆڕانیش كە جیابونەوە باشترینی كادیرەكان لە مەكتەبی سیاسییەوە تا ناوەڕاست‌و خوارەوە جیابونەوە‌و رۆشتن‌و نانبڕاوبوون، بێ پارە بوون، بێ وەزع بوون، وازیان لە هەموو ئیمتیازاتی ناو مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی هێنا، كادیرە پێشكەوتووەكانی یەكێتی وازیان لە ئیمتیازات هێنا‌و لەگەڵ گۆڕان رۆیشتن، ئەمانە كە رۆشتن هەموو بەنیەتی پاك رۆیشتن، بەنیەتێك رۆیشتن كە درێژە بەو رێبازە بدەن یەكێتی لە شاخ هەیبوو، ئێ بەڵام دەركەوت بزوتنەوەی گۆڕان كە ئومێدێكی زۆری لەسەر هەڵچنرابوو، وە ئەو جەماوەرەی كە بزوتنەوەی گۆڕان هەیبوو خۆڕسك بەوشێوەیە، لەمێژووی تازەی كوردستاندا شتی وا نەبوو، بەڵام بەداخەوە ئەویش ئیدارەیەكی باشی نەدراوە، ئەویش وەكو پێویست نەبوو، ئێستا ئەیبینین. كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە  درەو میدیا: ئێستا دۆخی بزوتنەوەی گۆڕان چۆن دەبینی ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە ئێستا دۆخی باش نییە، ئەوانەی كە وەزیفە وەردەگرن ئەڵێن هەرگیز گۆڕان دۆخی وەكو ئێستا باش نەبووە (بەپێكەنینەوە)، ئەوەشی كە كادیرە دڵسۆزەكانیەتی ئەڵێ وەزعەكان زۆر خراپە، ئەوەی من ئەیبینم بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵوەرین ئەڕوات، من پێموایە ئایندەیەكی رەش چاوەڕێی گۆڕان ئەكات، نەك گەش. درەو میدیا: ئەی لەسەر یەكێتی بۆچونت چییە، پێتوانییە بارودۆخی ناوخۆیی یەكێتی وایكردووە سلێمانی دوابكەوێت ؟ یان بەكورتی ئەوەندەی ئێوە ئاگاداربن ئێستا دۆخی یەكێتی چۆنە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من ئەیبینم دۆخی یەكێتی ئێستا بەرەو باشتر ئەڕوات، من بۆخۆم یەكێك لەو پرسیارانەی كە لە كاك بافڵم كرد رۆژێكیان، وتم ئێوە چۆن گەیشتنە قەناعەت كە بەوشێوەیە لەگەڵ بەرهەم ساڵح تەعامول بكەن، ئەو وتی من ئێستا پورەكانم‌و كێ و كێ مەرحەبایم ناكەن، وتم چۆن گەیشتیە ئەو قەناعەتە، وتی من گەیشتومەتە قەناعەتی تەواو كە یەكێتی بە ئەو نەبێ (بەرهەم ساڵح) بەئێمە بەڕێوەناچێت، پێویستمان بە بەرهەم ساڵحە سەرپەرەشتی ئەو وەزعانە بكات، من پێموایە ئێستا وەزعەكان وا گۆڕاوە، لە هەندێك حاڵەتدا كارەكتەرێكی وەكو بەرهەم ساڵح ئەتوانێت بڕیار بدات، بەڵام هێشتا ماویەتی، ئەگەر هەوڵبدەین‌و رەگ دابكوتێ‌و یەكێتی نیشتمانی تۆزێك خۆی كۆبكاتەوە، یەكێتی لەبارە بۆئەوەی بەپێی ئەو مێژووەی كە هەیەتی، ئەو جەماوەرەی كە هەیەتی، لەبارە بۆ ئەوەی بەرەو باشتر بچێت، من پێموایە ئەمساڵ باشترە لە پار. درەو میدیا: هیچ هەوڵێك هەبووە بۆ ئەوەی یەكێتی‌و گۆڕان تواناكانیان یەكبخەن، چونكە دەوترێت بەشی گەورەی كێشەی ئەم ناوچەیە پەیوەندی بە كێشەی نێوان یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان‌و كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەمدواییە زۆر ویستی بەرەو بزوتنەوەی گۆڕان بچێت‌و رێككەوتنێك بكات بەتایبەتی لەم دوو سێ هەفتەی دوایدا. درەو میدیا: چۆن ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەنەی من ئاگادارم جوابیان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد كە ئێمە ئامادەین رێككەوتنی "دەباشان" جێبەجێ بكەین، ئەمە پێش ئەوەی گۆڕان‌و پارتی ئیتیفاق ئیمزا بكەن، یەكێتی داوایكرد لەگەڵ گۆڕان پێكەوە بچن بۆ رێككەوتن لەگەڵ پارتی‌و یەكتری بەجێنەهێڵن، یەكێتی ئامادەیی دەربڕی ئیتیفاقی "دەباشان" جێبەجێ بكات یان ئیتیقافێكی نوێ لەگەڵ گۆڕان بكات، كاك مەسعود عەبدولخالق ئەو قسەیەی گەیاند بە بزوتنەوەی گۆڕان، لەگەڵ یەك دوو برادەری تردا، بەڵام لەوەدەچوو ئەوان گەیشتبنە قەناعەت كە ناتوانن لەگەڵ یەكێتی رێكبكەون، من پێموایە ئەسڵەكەی ئەوە نەبوو، پێدەچێت پێشتر لەگەڵ پارتی رێككەوتبن، رەنگە رێككەوتنەكەیان بگەڕێتەوە بۆ دوای 12/5 كە تەقەكان لە گردەكە كرا. درەو میدیا: ئێستا یەكێتی‌و گۆڕان بە جیا بەشداری حكومەتیان كرد، پێشبینی ئێوە بۆ پەیوەندی نێوان ئەو دوو هێزە لە چەند ساڵی داهاتوودا چییە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من وای ئەبینم هەردوكیان یەك چارەنوسیان هەیە، دەبێت لە كۆتایدا هەر نیمچە بەرەیەك دروستبكەن یان یەكبگرنەوە، چونكە بەمشێوەیە نابێت، ئێستا زۆرێك لە سەركردەكانی یەكێتیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، زۆرێك لە كادیرە ئەساسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش گەیشتونەتە ئەو قەناعەتە، بەڵام موشكیلەكەی بزوتنەوەی گۆڕان چییە ؟ ئێستا گۆڕان زۆری لێ هەڵدەوەرێت، زۆری لێ ئەڕوا، زۆر وازئەهێنێ، كادیرە بەهێزەكانی دادەنیشتن، بۆ نمونە ئەوە كاك عوسمانی حاجی مەحمود، ئەوە كاك قادری حاجی عەلی، كاك سەڵاح رەشید، كاك رۆستەم، جەمال عەزیز..، دانیشتون هەركەس لە ماڵی خۆی، من پێموایە ئەو خراپە بەڕاستی، من پێموابوو لەژێر هەر پەردەیەكدا بێت، ئەو برادەرانە بۆخۆیان لەناو بزوتنەوەی گۆڕان شتێك دروستبكەن‌و نەهێڵن ئەو خەڵكە بەملاولادا بڕوات، تاوەكو وردە وردە زەمەن وا حوكم ئەدات، چونكە تەعامولكردن لەگەڵ پارتی وائاسان نییە، ئەو تەعامولەی كە ئێستا پارتی دەیكات، ئیشی بە بزوتنەوەی گۆڕانە كە بەوشێوەیە بەپیریەوە ئەچێت‌و ئەڵێ تۆ 12%ی كورسییەكانت هەیە ئێمە 20% پێدەدەین، رەنگە ئەمە بۆ دروستكردنی فەوزاو ناكۆكی بێت لە سلێمانی، بەهەمان شێوەش كە لەگەڵ یەكێتی دێتەپێشەوە من پێموایە یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان زۆر ئاگاداری خۆیان بن، زۆر وریا بن، ئەبێ ئەو حەقیقەتە بزانن بەڕای من لە ئایندەیەكی زۆر دوریش نا، رەنگە چارەنوسیان هەر یەك چارەنوس بێت، ئەبێت هەر لە یەكتر نزیكببنەوە. یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوە‌و تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە  درەو میدیا: ئێستا یەكێتی‌و گۆڕان هەردوكیان لاوازن لەبەرامبەر پارتیدا ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ هەردوكیان لاوازن، بەڵام ئەگەر تەبابن‌و تەنسیقێكی مونەزەم بكەن، من پێموایە وەزعیان باش ئەبێت. درەو میدیا: رێككەوتنەكەی یەكێتی‌و پارتی چۆن دەبینی، سەرەتا وادەردەكەوت كێرڤی داواكارییەكانی یەكێتی بەرزە، بەڵام دواتر دابەزی، یەكێتی لە هەندێك لە داواكارییەكانی كشایەوە بەتایبەتیش لە پرسی كەركوكدا ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: یەكێتی ئەگەر بە نەخشە‌و پلان كاربكات، ئێستاش دەتوانێت هەر داواكارییەكی هەبێت بەسەر پارتیدا بسەپێنێت، بەڵام موشكیلەی یەكێتی تائێستا ئەوەیە كۆدەنگیی تێدا نییە، هەیە زۆری پێخۆشە لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، هەیە زۆری پێناخۆشە، ئەمە بوەتەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكانیش كێشە دروست ببێت، من نازانم كاك كۆسرەت‌و كاك مەسعود چیان قەرارداوە، پارێزگاری كەركوكیان هێشتوەتەوە لەنێوان خۆیاندا‌و بەدوو قۆڵی خەریكن، بەڵام پێموایە یەكێتی تەنازول نەكات لەو مەوزوعە، ئەگەر تەنازول بكات وەزعی خراپ ئەبێ، یەكێتی ئەبێت پێ لەسەر ئەو داواكارییە دابگرێت كە هەیبوو، كە ئەویش ئاشتەواییە لە بەغدادەوە‌و بۆ كەركوك‌و بۆ كوردستان. درەو میدیا: ئێوە یەكێكن لە كەسە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقەوە، لەبارەی ناردنی پارەی موچە لە بەغداد‌و هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچەوە چ زانیارییەكتان هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئەوەی من بزانم دكتۆر بەرهەم تەنسیقێكی زۆر باشی لەگەڵ دكتۆر عادل عەبدولمەهدی هەیە، بەبەردەوامی ئەندام پەرلەمانەكانی عێراق‌و حەلبوسی دەبینێ، ماڵەكانیان یەك دیواری بەینە. درەو میدیا: ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر موچە‌و ژیانی خەڵك دەبێت ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە یەكێك لەو شتانەی كە وایكردووە بەغداد بەوشێوەیە بێتەپێشەوە، دكتۆر بەرهەم كاریگەری خۆی هەبووە. درەو میدیا: ئێستا پارتی دەڵێت ئێمەبووین موچەمان گەڕاندووەتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان‌و لایەنەكانی تریش دەڵێن ئێمە بوین؟ شێح محەمەدی سەرگەڵو: هەمووی ئەڵێ ئێمە بووین، تۆ سەیربكە، بڕینی موچەیان بە كاك قوباد راگەیاند، بەڵام كاك نێچیر رایگەیاند كە پاشەكەوت هەڵدەگیرێت، بەداخەوە كاك قوباد پیاوێكە بێ تەجوروبەیە، ئەگەرنا ئەبوایە هەرئەوكات مایكەكەی لەدەست كاك نێچیر وەربگرتایە، یان بۆ نمونە ئەڵێ ئێمە سوپاسی فوئاد حسێن ئەكەین، كاك فوئاد حسێن نازانێ لە مەجلیسێكدا چوار جوملەی موفید بڵێ، ئەمە چۆن ئەتوانی موچەی خەڵكی كوردستان بگێڕێتەوە، بۆیە بەدڵنیایی دكتۆر بەرهەم رۆڵەكەی گێڕاوە. درەو میدیا: واتە ئیتر كێشە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد نەماوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر ئێستاش كێشە ماوە، هەرێمی كوردستان ئەبێت پابەند بێت بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بدات بە حكومەتی عێراقی، ئەگەر نەیدات ئەو بودجەیە بەوشێوەیە نایەت. درەو میدیا: چۆن ؟ ئەمە زانیارییە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ ئەمە زانیارییە، ئەمە زانیاری چەند رۆژێك پێش ئێستایە (بەپێكەنینەوە)، ئەبێ حكومەتی هەرێم ئەو نەوتە رادەستبكات، ئێستا حكومەتی هەرێم دەڵێ ئێمە 400 هەزار بەرمیل دەفرۆشین، 250 هەزاری ئەنێرین بۆ بەغداد، 150 هەزاریش تەكمیلەی داهاتی ناوخۆی پێ تەواو ئەكەین، بەڵام خەڵكی تر لەملاولاوە ئەچێ ئەڵێ 600 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، خەڵك هەیە ئەچێت ئەڵێ 700 هەزار بەرمیل ئەفرۆشن، ئاوا ناكرێت، ئەبێ حكومەتی هەرێم مل بدات بۆ ئەو رێككەوتنەی كە لەگەڵ بەغداد كردویەتی، ئەگەر نەیكات، بەغداش پابەند نابێت بە ناردنی ئەو پارەیەوە. درەو میدیا: بۆچونی تۆ چییە لەسەر هەڵگرتنی پاشەكەوتی موچە؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە بۆ خەڵك زۆرباشە، ئەگەر بەردەوام بێت، بەڵام ئینسان گومانی هەیە، ئایا پارتی پابەند دەبێت بەو رێككەوتنانەی كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كردویەتی یان نایكات. پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی درەو میدیا: ئێوە پێتانوایە پارتی فایلی نەوت رادەستی بەغداد بكات، لەكاتێكدا بەمدواییە رێككەوتنێكی لەبارەی غازەوە كردووە بۆ ماوەی 20 ساڵ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: دەبێت فایلی نەوت رادەست بكات، ئەگەر نەیكات دوچاری كارەساتێكی تر دەبینەوە، ئەوەش بە فشاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی بوو. درەو میدیا: گۆڕان‌و یەكێتی ئەو كارتانەیان بەدەستەوەیە فشار لە پارتی بكەن ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێموایە یەكێتی كارتی باشی بەدەستەوەیە، یەكێتی لە سلێمانی سنورێكی گەورەو گرانی بە ئێرانەوە هەیە، سنورێكی گەورەی لەگەڵ بەغداد هەیە، ئەتوانێت بەهەموو جۆرێك مامەڵە بەو غازەوە بكات كە سەرچاوەكەی لە سنوری یەكێتیدایە، بتەوێت یان نا لە كوردستان كورسی گرنگ نییە، مەسەلە هێزو ناوچە‌و پارەیە. درەو میدیا: ئەی گۆڕان كارتی فشاری لەسەر پارتی هەیە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: من پێموایە گۆڕان وەزعی زۆر خراپ ئەبێت، چونكە نە ئەو پارەیەی بەدەستەوەیە نە ئەو هێزەشی بەدەستەوەیە، كورسی زۆریشی نییە، ئێستا پارتی ئیشیان بە بزوتنەوەی گۆڕانە، دڵیان رائەگرن‌و هەموو دڵدارییەكیان لەگەڵ ئەكەن تا ئەوكاتانەی مەرامەكانی خۆیان جێبەجێ ئەكەن. درەو میدیا: لەبارەی دۆخی ناوخۆییەوە، پێشبینی ئێوە بۆ دۆخی یەكێتی‌و گۆڕان چییە، ئایا یەكێتی‌و گۆڕان دواجار وەكو پارتی دەبن بە حزبی بنەماڵەیی ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: ئێستا بەرەو ئەوە ئەڕۆن، یەكێتی ئێستا خەریكە لە بنەماڵەیی كاڵدەبێتەوە‌و تۆخایەتییەكەی ئەچێ بۆ گردەكە (بەپێكەنینەوە)، من نازانم لە بزوتنەوەی گۆڕاندا مەسئولیەتم نییە، بەڵام ئەوەی لە برادەرەكانی ئەبیستم ئەڵێن بڕیار لای جڤاتی نیشتمانی‌و جڤاتی گشتی نییە، بڕیار لای چەند كەسێكە ئەویش كوڕەكانی كاك نەوشیروان دەوری خۆیان دەبینن بەتایبەتی كاك چیا. دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیل‌و زاخۆو دهۆك بوو درەو میدیا: هەندێك قسە هەیە دەڵێن پارتی دەیەوێت لەم ناوچەیە بزوتنەوەی گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، تەنانەت باس لەوەش دەكرێت پارتی دەیەوێت هێزی چەكدار بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكات، چ زانیارییەكتان هەیە لەوبارەیەوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پارتی ناتوانێت گۆڕان بكات بە بەدیلی یەكێتی، دڵنیابە پێش ئەوەی هێزی سەربازی بۆ گۆڕان دروستبكات، یەكێتی هەڵوێستی زۆر توندی دەبێت، دڵنیابە.  درەو میدیا: باسی پەیوەندی نێوان یەكێتی‌و گۆڕانمان كرد، بەوپێیەی ئێوە نزیك بوون لە رووداوەكان، سەرەتای كۆتایهاتنی هاوڕێیەتی سیاسی جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا لەكەیەوە دەستیپێكرد ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: لەسەرەتای راپەڕین یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تاكە سواری مەیدانەكە بوو، لەسەردەمی پێشمەرگایەتیشدا بە پانتایی سنورەكانی سلێمانی‌و هەولێر‌و دهۆك‌و كەركوك‌و خانەقین یەكێتی دەسەڵاتی یەكەم بوو، لەدوای راپەڕینیش كە هاتینەوە لە زاخۆوە تا خانەقین یەكێتی تاكە سواری مەیدانەكە بوو، پارتی ئەوكات هاتبووەوە، بەڵام ئەو هێزە نەبوو، بۆ نمونە دلێری سەید مەجید كە كێشی (50 كیلۆ نەبوو) بەرپرسی بەڕو بەحری برایم خەلیل‌و زاخۆو دهۆك بوو، هەرچی كاك دلێرو یەكێتی بڕیاریان نەدایە پارتی نەیدەتوانی لەوێش هیچی وا بكات، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ناوخۆیی‌و بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەو بانگەوازەی دەیكرد، لە شاخەوە بۆ خەڵك وەك پێویست پەیرەوی نەكرد، وای لێهات زۆرێك لە كادریرەكانی داوای چاكسازیان دەكردو داوایان دەكرد بچنە ناو خەڵك، پێداوایستی خەڵكی دابین بكەن، بەڵام لە فرۆشتنی بەنداوی بێخمەوە بیگرە كە یەكێتی‌و پارتی پێكەوە فرۆشتیان تا ئاودیوكردنی ئەو مەكاین‌و شۆفڵ‌و شتانەی كە لە كوردستان هەبوون، ئەمە بوو بەهۆی ناڕەزاییەتییەكی گەورە، لەبەرئەوەی كادرەكانی یەكێتی فێری رەخنەگرتن بووبوون‌و رێكخستنەكانیشی زۆر بەهێزبوون لە شار، بەمافی خۆیان دەزانی كە هەر كەموكوڕییەكیان لە هەر شوێنێك ببینیایە باسیان بكردایە، ئەمانە درێژەیان كێشا تا ئەوەبوو كاك نەوشیروان ماوەیەكی دوورو درێژ چوە دەرەوەو لە لەندەن دەژیا، ئەو سەردەمانە ئێمە زیاتر لەگەڵ كاك نەوشیروان پێكەوە بوین، كاك نەوشیروان هەمیشە باسی ئەوەی دەكرد كە چاكسازی لەناو یەكێتیدا، بڕیاری بەكۆمەڵە‌و دەبێت مافی تاك پارێزراو بێت، بتوانین بینای موئەسەساتی دەوڵەتی‌و حوكمڕانی بەڕێكوپێكی بكەین، ئەمە درێژەی دەكێشا چەندجارێك كە كێشە دروست دەبوو، مام جەلال دەینارد بەدوای كاك نەوشیروانداو ئەهاتەوەو كێشەكان بەشێوەی كاتی چارەسەر دەبوون، تا گەیشتە ئەو رادەیەی كە نێوانی مام جەلال‌و كاك نەوشیروان بەتەواوی تێكچوو، ئەوەی من ئاگادارم ئەوەی لە مام جەلال خۆیم بیستووە، لە كۆبونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی لە بەغداد، مام جەلال وتی كاك نەوشیروان جیایكردمەوە‌و وتی ئیشم پێتە، جیابووینەوەو كاك نەوشیراون وتی من پیاوێكی رۆژنامەنووسم، حەزم بەنوسین‌و خوێندنەوەی مێژووە، نامەوێ ئیتر تەداخولی سیاسەت بكەم، بۆیە من دێمە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی‌و خواحافیزیتان لێدەكەم.  درەو میدیا: واتە ئەوكات نەوشیروان مستەفا باسی پرۆژەی سیاسی نەكردووە؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نەخێر، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە كاك نەوشیروان هەر باسی سەنتەری ستراتیژی لێكۆڵینەوەی كوردی كردووە. مام جەلال بە كاك نەوشیروانی وتووە ئێمە چەند ساڵێكە بەیەكەوە خەبات دەكەین‌و با بەردەوام بین پێكەوە، بەڵام كاك نەوشیروان رازی نەبوو، دوایی چوینەوە ناو كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی‌و كاك نەوشیروان وتی هاورێیان ئەوە ئیتر من سەنتەرێكی ستراتیژی دادەنێم‌و وازدەهێنم لە یەكێتی‌و ئەتوانن ئێوەش تێیدا بنوسن، مام جەلال وتی منیش تێیدا دەنوسم، بەڵام كاك نەوشیروان وتی من پێویستیم بە پارەیە، وتم چەندت دەوێت وتی پێویستم بە 12 ملیۆن دۆلارە، وتی یەكسەر لەوێ بەرپرسی ئیدارییەكەم بانگكرد وتم ئەو پارەیە بێنن، وتی هێنایان (5 یان 7 ملیۆن دۆلار) بوو، تەلەفۆنی بۆ كاك دلێری سەید مەجید كرد لە سلێمانی باقییەكەی تری بۆ دابین بكەن، ئەوەبوو (12 ملیۆن) دۆلاری بۆ خەرجكرد، بۆ خەرجی پێداویستییەكانی راگەیاندن‌و رۆژنامەو سایت، دواتر داوای گردەكەشی كردبوو. درەو میدیا: واتە هەر ئەوكات گردی زەرگەتە تاپۆكراوە ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: بەڵێ، هەر ئەو سەردەمەش تاپۆكرابوو، ئەوەی مام جەلال بۆ منی گێرایەوە ئەوە بوو كە كاك نەوشیروان وتویەتی بۆ ئەوەی سبەینێ برادەرەكان هەریەكەیان نەڵێن ئەوە بەشی منەو كێشە دروست ببێت، با یەكجاری لەسەر خۆم بێت باشترە، بۆیە منیش وەزیری دادو تاپۆم بانگكرد، چوون لە ماڵی كاك نەوشیروان ئەوەیان لەسەر تاپۆكرد، مام جەلال بۆی گێرامەوەو وتی: من تەسەورم دەكرد یەكەم نوسین من بینوسم لە سایت‌و رۆژنامەكەی كاك نەوشیروان، بەڵام یەكەم نوسین دژی خۆم بوو. من شتێكتان بۆ دەگێرمەوە، ئێمە (10) كەس بووین لە ئاوێنە (رۆژنامەی ئاوێنە) راپۆرتێكمان بۆ مام جەلال نوسی بوو، كە چەند خاڵێك بوو بۆ ئەوەی جێبەجێی بكات، یەكێك لەو خاڵانە ئاشتبوونەوە بوو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، خاڵێكی تر موفاتەحەی ئەنجومەنی سەرای سلێمانی بوو لە 17ی شوباتدا، كە كاوە محەمەد ئەو سەردەمە كادری یەكێتی بوو (ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی گۆڕان) قسەی كرد، مام جەلال لێی توڕە بوو، وتی: تۆ گۆڕانیت، تۆ جاسوسی گۆڕانیت، بڕۆ دەرەوە، منیش قسەم كردو پێشنیازم كرد كە لەگەڵ ئەنجومەنی سەرای ئازادی كۆببنەوە، ئەوانە كۆمەڵێك گەنجن‌و لەگەڵیان دابنیشەو دەعوەتێكیان بكە، مام جەلال وتی: چەند كەس دەبن ؟، منیش وتم: رۆژانی هەینی دەگەنە (5 هەزار) كەس، وتی ئینجا ئەوە چییە من پاسەوانەكانی خۆم (11 هەزار) كەسە، منیش وتم هەر ئەو (5 هەزار) كەسە نین، (10) پێنج هەزاری دیكەش دڵی لەگەڵ ئەواندایە، مام جەلال وتی: كاكە تۆ ئاگات لێ نیە، مانگی پێشوو پارەیان پێنەبووە من پارەم بۆ ناردوون (مەبەستی لەوە بووە پارەی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان ناردووە)، دواتر هاتمە دەرەوە دكتۆر بەرهەم تەلەفۆنی كرد، وتم: مام جەلال دەڵێ من پارەم بۆ ناردووە، وتی: بۆ مام جەلال باسی كرد !! وتم بەڵێ. درەو میدیا: ئەی سەبارەت بەخۆت، تۆ لە نەوشیروان مستەفاوە نزیك بووی، چۆن بەشداری پرۆژە سیاسییەكەی ئەوت نەكرد ؟ شێخ محەمەدی سەرگەڵو: كاك نەوشیروان ئەیزانی كە من نابم بە گۆڕان، بەڵام ئەیزانی لەگەڵ برادەران زۆر نزیكم، وتی:" یاشێخ موشكیلەمان كاك عوسمانی حاجی مەحمودە، ئەگەر عوسمانمان لەگەڵ نەبێت، وەزعمان زۆر خراپ دەبێت"، سەرەتا هێشتا گۆڕانیان رانەگەیاندبوو، هێشتا ناوەكەشی نەبوو بوو بە گۆڕان، وتی:" بۆ دەعوەتێكیان ناكەیت، وتم:" باشە"، منیش (كاك عومەری سەید عەلی، كاك جەلال جەوهەر، لەگەڵ كاك عوسمانی حاجی مەحمود، كاك قادری حاجی عەلی بوو وابزانم) لەوێدا كاك نەوشیروان مەبەستی كاك عوسمانی حاجی مەحمود بوو بە پلەی یەكەم، لەوێ دانیشتین زۆر مناقەشەمان كرد، بە كاك عوسمانم وت:" كاك نەوشیروان رەئی ئەوەیە"، كاك عوسمان خواهەڵناگرێ ئەو دەمە تەقیمی خۆی هەبوو بۆ كاك نەوشیروان، وتی:" من چی بكەم ئێستا لەناو یەكێتی لەگەڵ ئەمانەدا كارم بۆ ناكرێت، هەرچۆنێك بێت لای كاك نەوشیروان باشترە"، هەرچۆنێك بێت بڕیاریداو كاك عومەری سەید عەلیش سوپاسی منی كردوو وتی:" دەستت خۆش بێت كە قەناعەتت هێنا بە كاك عوسمان". درەو میدیا: بۆچی نەوشیروان مستەفا زیاتر عوسمانی حاجی مەحمودی بەلاوە گرنگ بوو؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: پێی وابوو پیاوێكی خۆشەویستەو بەرپرسێكی سەربازی سەركەوتوو بوو لەناو یەكێتیدا، پیاوێكی بەخشندەبوو كە وەزیری ناوخۆ بوو، لەگەڵ گەرمیانییەكان وەكو گۆشت‌و خوێن وابوو، قەناعەتی وابوو ئەگەر كاك عوسمانی لەگەڵ نەبێت، لە گەرمیان‌و كەركوك وەزعیان خراپ دەبێت. درەو میدیا: سەرەتا مام جەلال پێشبینی دەكرد بزوتنەوەی گۆڕان ئەو 25 كورسییە بهێنێت؟  شێخ محەمەدی سەرگەڵو: نا، مام جەلال وایان تێگەیاندبوو كە لەزۆرترین حاڵەتدا (3 بۆ 4) كورسی دەهێنێت، من جارێكیان هەفتەیەك پێش هەڵبژاردنی 25ی تەموز سەردانی مام جەلالم كرد، وتی:" چۆن دۆخەكە دەبینیت؟" منیش وتم:" لە سلێمانی یان وەكو یەكن، یان بزوتنەوەی گۆڕان زیاتر دەهێنێت"، تورە بوو، پێی ناخۆش بوو، وتی:" ئەتۆ نازانیت، بزوتنەوەی گۆڕان (2 بۆ 3) كورسی دێنن، منیش كورسییەكیان دەدەمێ"، وا تێگەیەنرا بوو، زۆر راپۆرتی هەڵەی بۆ چووبوو، منیش وتم:" من لەناو خەڵكم، وانیە، گۆڕان زۆر دەهێنێت"، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكان ئەچوو بۆ دوكان، تەلەفۆنی بۆكردم، من لەگەڵیدا چووم، وتی:" یا شێخ ئەتو راستت پێ وتم، ئەوانی تر هیچیان راستیان پێ نەوتوم"، مام جەلال بە ئەنجامەكان توشی شۆك بووبوو، بەڵام مام جەلال عادەتێكی هەبوو نەئەبەزی، رۆژێك پێم وت:" بۆ لەگەڵیان دانانیشیت، ئەوان 25 كورسیان هێناوە ؟، وتی:" ئینجا با 100 كورسیش بهێنن، كورسی چیە؟".


راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف یەكێتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش، داوای وەزارەتی ناوخۆ دەكات، لەبەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش داوای پۆستی سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دەكات، ئەمە دواین پەرەسەندنی دانوستانەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستانە. ئەمڕۆ جارێكی وەفدی باڵای پارتی و یەكێتی لەماڵی نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر كۆبونەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتوەنەتە ئەنجام، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی سەقفی داواكارییەكانی یەكێتی.   چوار پۆستەكە سەرچاوەیەكی باڵا لەناو یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی چڕكراوە لەسەر چوار پۆستی باڵا كە ئەوانیش بریتین لە پۆستەكانی (سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان- وەزیری ناوخۆ- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە- وەزارەتی سامانە سروشتییەكان). وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، ئەو چوار پۆستە هەر چواریان لای پارتی دەبێت، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئەندامی وەفدی یەكێتی وتویەتی:" دەبێت ئەو چوار پۆستە دابەشبكرێت، دوانیان بۆ یەكێتی‌و دوانەكەی تر بۆ پارتی". لاهور شێخ جەنگی بە وەفدی پارتی وتووە:" پۆستی وەزیری ناوخۆ لەبەرامبەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشە، پۆستی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لەبەرامبەر پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە‌و دەبێت لەو چوار پۆستە دوانیان بۆ یەكێتی بێت، وەفدی پارتی داواكارییەكەیان رەتكردوەتەوە. لە كۆبونەوەكەدا وەفدی پارتی رایانگەیاندووە، سەردانی سلێمانی دەكەن بۆ رێككەوتن لەسەر هەموو پۆستەكان، لاهور شێخ جەنگی وتویەتی:" سەردانی سلێمانیش بكەن، یەكێتی لە داواكارییەكانی خۆی نایەتەخوارەوە، ئەندامانی وەفدی یەكێتی هیچ قسەیەكیان لەسەر هەڵوێستەكانی لاهور شێخ جەنگی دەرنەبڕیوە.   پرسی پەرلەمان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی پەرلەمانی كوردستانەوە، پارتی داوای لە یەكێتی كردووە بێتەپێشەوە‌و پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، بۆ ئەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەماوەیەكی دیاریكراودا هەمواربكرێتەوە‌و كاندیدی سەرۆكی حكومەتیش راسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. وەفدی یەكێتی جەختیان لەسەر ئەوە كردووە كە یەكێتی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی ناوێت، بەڵام پەرلەمان دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر كارەكانی‌و یاسای سەرۆكایەتیش هەموار بكاتەوە، یەكێتی كێشەی لە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیدا نییە، چاوەڕوان دەكرێت لەسەر بنەمای ئەم قسەیەی وەفدی یەكێتی، پارتی دەستبەكاركردن بكات بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، پێش كۆتایی ئەم مانگە كاندیدی پارتی (مەسرور بارزانی) رادەسپێردرێت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت.   جەوهەری كێشەكە ! لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا، وەفدی پارتی بەتەواوەتی بۆی روونبوەتەوە كە كرۆكی كێشەكانی یەكێتی‌و بەرزركردنەوەی سەقفی داواكارییەكانی، پەیوەندی بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە. یەكێتی دەیەوێت لە كابینەی نوێدا سێ پۆستی باڵا وەرگرێت، تاوەكو بەو پۆستانە پارسەنگی ناكۆكی نێوان باڵە جیاوازەكانی خۆی بكات، سێ پۆستی سیادی بۆ هەریەكە لە (قوباد تاڵەبانی- دەرباز كۆسرەت رەسوڵ- حاكم قادر). ئەو پۆستانەی كە ئێستا بەر یەكێتی كەوتوون، بەشی پڕكردنەوەی پێداویستی باڵەكان ناكات، یەكێتی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕێتەوە بە دوو پۆستی باڵا، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناڕەزایەتی هیچ یەكێك لە باڵەكان دانامركێنێتەوە. چاوەڕواندەكرێت پارتی هاوكات لەگەڵ كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی لەناو كابینەی نوێ، كاریش بكات بۆ چارەسەركردنی ناكۆكی نێوان باڵەكانی یەكێتی لەناوخۆی ئەو حیزبەدا، ئەمەش لەڕێگەی پێشنیازكردنی پێدانی پۆستی حزبی باڵا بەوانەی كە لە حكومەت پشكیان بەرناكەوێت.


راپۆرت: نامیق رەسوڵ- فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف قەیوان.. ناوی دوو گوندە (قەیوانی گەورە، قەیوانی بچوك) لەناحیەی (گاپیڵۆن)ی سەربە قەزای شاڕباژێر، ئێستا قەیوان نەك تەنیا سنوری شارباژێر، بەڵكو سلێمانی‌و هەرێمی كوردستانیشی تێپەڕاندووە. قەیوان ئێستا گروپێك كۆمپانیایە كە زۆنی سەوزی قوتداوە‌و جڵەوی زۆربەی كەرتە ئابورییەكانی سنورەكەی بەدەستەوەیە، بەهۆی پێگە ئابورییە بەهێزەكەیەوە، رەنگە لە داهاتوودا هاوشێوەی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی خۆرئاوا هەژمونی خۆی بەسەر سیاسەتی ناوچەكەشدا بەسەپێنێت. قەیوان گەیشتوەتە قۆناغێك، خەریكە بەتەواوەتی بازاڕ لە سنوری قەڵەمڕەویی یەكێتی لەدەستی كۆمپانیاكانی تر دەردەهێنێت. پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە دەكات لیژنەی نەوت‌و غاز لە پەرلەمانی عێراق بەنیازە لێكۆڵینەوە لە ئاستی باڵا دەستپێبكات لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە دۆسیەكانی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوتدا تێوەگلاون. هەیبەت حەلبوسی، ئەندامی ئەو لیژنەیە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتی:" لیژنەی نەوت غاز سوورە لەسەر لێكۆڵینەوە لە گەندەڵی‌و گرێبەستەكانی كۆمپانیاكانی قەیوان‌، سۆمۆ، كار". دوان لەو كۆمپانیایانەی كە ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ناوی بردوون، لە هەرێمی كوردستانن، كە ئەوانیش كۆمپانیای (قەیوان)و كۆمپانیای (كار)ە. (درەو میدیا) لە قۆناغی داهاتوودا بە زنجیرەیەك راپۆرت، زانیاری ورد لەسەر كاری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان‌و چۆنیەتی وەرگرتنی پرۆژەكان‌و پشكداریی‌و دەستوەردانی سیاسەتمەنداران لە كاری كۆمپانیاكان ئاشكرادەكات. كۆمپانیای قەیوان بەگوێرەی ئەوەی لە پەیجی فەرمی كۆمپانیاكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكراوەتەوە، ئەم كۆمپانیایە لە ساڵی 1990 دامەزراوە‌و كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتییە، چەندین بەرژەوەندی هەمەجۆری بازرگانی‌و وەبەرهێنانی لە هەرێمی كوردستان‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، لەوانەش پاڵاوتنی نەوت‌و بازرگانی وزە‌و خانوبەرە‌و هۆتێل. خاوەنەكانی ئەم كۆمپانیایە، كوڕانی (شێخ تەیب قەیوانی)ن.  بەپێی زانیارییە نافەرمییەكان، كۆمپانیای قەیوان دووەم گەورە كۆمپانیایە لەسەر ئاستی عێراق لەڕووی سەرمایەوە، سەرمایەی ئەم كۆمپانیایە لەنێوان (10 بۆ 12) ملیار دۆلار ئەژماردەكرێت، جگە لە پرۆژە ئابورییەكان لەناو هەرێمی كوردستان، لە دەرەوەی وڵاتیش چەندین پرۆژەی هەیە، بۆیە كۆی گشتی سەرمایەی كۆمپانیاكە بەدیاریكراوی نازانرێت. ساڵی 2016 ئەم كۆمپانیایە بۆ دروستكردنی وێستگەی كارەبای بازیان، بڕی (105 ملیۆن) دۆلاری لە بانكێكی ئەڵمانی قەرزكردووە، ئەمە دەریدەخات، قەبارەی سەرمایەكەی زۆر گەورەترە لەو ژمارانەی كە باسیان لێوەدەكرێت. بەمدواییە، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبیی لە سلێمانی، تەنگیان بە خاوەنەكانی كۆمپانیای قەیوان هەڵچنیوە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، بەشێك لە كارەكتەرە سیاسی‌و ئەمنییەكانی زۆنی سەوز پێیانوایە ئەو كۆمپانیایە لەژێر چاودێری‌و ئاسایشی ئەواندا گەشەی كردووە‌و دەبێت لەبەرامبەر ئەوەدا هەندێك لە قازانجەكەی بەوان بدات. پرۆژەكانی (قەیوان گروپ) ئەم كۆمپانیایە زۆرینەی بوارەكانی لە زۆنی سەوز كۆنترۆڵكردووە، لە كەرتەكانی دەرمان، نیشتەجێبوون، نەوت، كارەبا، ئامێرە كارەبایی‌و ئەلیكترۆنییەكان، خوێندنگە‌و زانكۆدا پشكی گەورەی هەیە، بازرگانی ئەم كۆمپانیایە گەیشتووەتە برنج‌و كلینێكس‌و بۆیاخیش. پرۆژەكانی قەیوان لە كەرتی نیشتەجێبوون ئەم كۆمپانیایە سێ پرۆژەی گەورەی نیشتەجێبوونی لەناو شاری سلێمانی هەیە. •    بەرزاییەكانی سلێمانی (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە باكوری شاری سلێمانی) •    قەیوان سیتی (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە باكوری رۆژئاوای شاری سلێمانی) •    بەرزاییەكانی قەیوان (پرۆژەی نیشتەجێبوون لە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی) •    قەیوان تاوەر (تاوەری بازرگانییە لەناو جەرگەی شاری سلێمانیدا) پرۆژەكانی قەیوان لە كەرتی وزەدا لە كەرتی وزەشدا، كۆمپانیای قەیوان لە زۆرنی سەوزدا پشكی گەورەی هەیە، لە دیارترین پرۆژەكانی قەیوان لە بواری وزەدا: •    پاڵاوگەی بازیان (پاڵاوگەی نەوت) •    وێستگەی بازیان (بەرهەمهێنانی كارەبا) قەیوان‌و پرۆژەی كارەبا وێستگەی كارەبای بازیان كە سەربە كۆمانیای قەیوانە، توانای بەرهەمهێنانی كارەبا تێیدا (750 مێگاوات)ە، لە (4) یەكە پێكهاتووە، هەر یەكەیەكی (125 مێگاوات) كارەبا دەدات، (200 مێگاوات) كارەباش لە هەڵمی گەرمیەكەی وەردەگیرێت. ئێستا وێستگەی بازیان كارەبای سێ (یەكە)ی خۆی بە حكومەتی هەرێم دەفرۆشێت‌و كارەبای یەكەیەكیش بە حكومەتی عێراق. بەپێی رێككەوتنێك لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق، وێستگەی كارەبای بازیان لە تەموزی 2017وە بۆ ماوەی (5 ساڵ) بڕی (125 مێگاوات) كارەبا دەداتە حكومەتی عێراق، رێككەوتنەكە بەجۆرێكە حكومەتی عێراق خۆی گازوایل بۆ وێستگەی بازیان دابین دەكات‌و بۆ هەر واتێكیش بڕی (3.2 سەنت) بە كۆمپانیاكە دەدات، كە رۆژانە دەكاتە ( 96 هەزار) دۆلار، مانگانەش دەكاتە (2 ملیۆن‌و 880 هەزار) دۆلار. لەلایەكی ترەوە، وێستگەی بازیان كە سەربە كۆمپانیای قەیوانە، كارەبای سێ یەكەی تری خۆی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەفرۆشێت، كارەبای ئەو سێ یەكەیە (375 مێگاوات)ە، لە تشرینی یەكەمی 2018وە حكومەتی هەرێم بۆ هەر واتێك لە سەعاتێكدا بڕی (3.2 سەنت) بە كۆمپانیای قەیوان دەدات، واتە لە رۆژێكدا (288 هەزار دۆلار)، كە لە مانگێكدا دەكاتە (8 ملیۆن‌و 640 هەزار) دۆلار. قەیوان‌و كەرتی نەوت   لە بواری نەوتدا، گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان چەندین بازرگانی هەیە، لە گواستنەوەو پاڵاوتن‌و فرۆشتنی نەوتدا. ئەم كۆمپانیایە خاوەنی كەشتیەكی گواستنەوەی نەوتە لە بەندەری (خۆر زوبەیر) لە بەسرە، بەناوی كەشتی (دوبرا)، كە توانای هەڵگرتنی (7 هەزار تەن) نەوتی هەیە. سەرباری ئەو كەشتییە، بەپێی رێككەوتنێك لەنێوان كۆمپانیای قەیوان‌و كۆمپانیای نەوتی باكور، رۆژانە (38 بۆ 42 هەزار) بەرمیل نەوت لە كەركوكەوە دەدرێتە پاڵاوگەی نەوتی بازیان كە سەربە كۆمپانیای قەیوانە، بەمەبەستی پاڵاوتنی، هەر بەرمیلێكی بە (8 بۆ 10) دۆلار دەپاڵێوێت، داهاتی پاڵاوتنی ئەم نەوتە بۆ كۆمپانیای قەیوان مانگانە (12 ملیۆن) دۆلارە. لە كەرتی نەوتدا، كۆمپانیای قەیوان ئەم كارانە دەكات: •    پاڵاوتنی نەوتی سپی بۆ عێراق لە پاڵاوگەی نەوتی بازیان  •    گواستنەوەی نەوت لە كیڵگە نەوتییەكانەوە بۆ پاڵاوگەكان •    هێنانی سوتەمەنی (بەنزین، نەوتی سپی، گاز) لە ئیماراتەوە بۆ هەرێمی كوردستان  •    گرێبەستی گواستنەوەی گازی (LPG)  قەیوان‌و كەرتی تەندروستی كۆمپانیای قەیوان لە بواری هاوردەكردنی دەرمانیشدا كاردەكات‌و لە سلێمانی چەندین كۆگای دەرمانی هەیە، كۆمپانیاكە لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، باسی هەموو پرۆژەكانی خۆی دەكات، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە كارەكانی لە بواری دەرمان نەكردووە. كۆمپانیای قەیوان، بەپێچەوانەی كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵاوە، تائێستا لە بواری دروستكردنی نەخۆشخانەی ئەهلیدا خۆی تاقینەكردوەتەوە، بەڵام رەنگە لە داهاتوودا پەل بۆ ئەو كەرتەش بهاوێت، بەوپێیەی حكومەتی هەرێم رووی لەو ئاڕاستەیەیە تەندروستی رادەستی كەرتی تایبەت بكات. قەیوان‌و بازرگانی ئامێرە كارەباییەكان ئەم كۆمپانیایە هاوكات بریكاری سەرەكی ژمارەیەك براندی جیهانییە لە بواری ئامێرە كارەبایی‌و ئەلیكترۆنییەكان، لەوانە:  •    ئامێرەكانی هیتاچی •    هایسنس •    گراند قەیوان لە كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵادا  كۆمپانیای قەیوان، لەبواری وەبەرهێناندا، پەلی كێشاوە بۆ كەرتی پەروەردە‌و خوێندنی باڵا، لەو بوارەدا پاشەكشێی كەرتی حكومی قۆستوەتەوە بۆئەوەی وەبەرهێنان بكات، چەندین خوێندنگە‌و قوتابخانە‌و پەیمانگا‌و زانكۆی دامەزراندووە، كە خوێندن تێیاندا بە پارەیەو زیاتر منداڵانی چینە دەستڕۆیشتووەكان دەتوانن لەم خوێندنگانەدا بخوێنن. دیارترین پرۆژەكانی قەیوانی لە كەرتی پەروەردەدا: •    كۆمەڵگەی پەروەردەیی بەریتانی نێودەوڵەتی- سلێمانی •    قوتابخانەی كوردجینیەس •    پەیمانگای كۆمپیوتەری سلێمانی ناحكومی •    پەیمانگای تەكنیكی كوردستان •    پەیمانگای پەروەردەی وەرزشی سلێمانی- ناحكومی •    پەیمانگای سلێمانی ناحكومی بۆ زانستەكانی گازو پترۆڵ •    كۆلێژی سلێمانی ناحكومی كچان •    كۆلێژی سەلاحەدینی ئەیوبی كوڕان قەیوان‌و فەتحوڵڵا گوڵەن هەردوو كۆلیژی (سلێمانی ناحكومی كچان)‌و (سەلاحەدینی ئەیوبی كوڕان)‌و چەند قوتابخانەیەكی بنەڕەتی پێشتر سەر بە كۆمپانیای (فەزالەر)ی توركی بوون، دوای فشارەكانی حكومەتی توركیا بۆ داخستنی پرۆژەكانی بزوتنەوەی "خزمەت"ی فەتحوڵا گولەن، كۆمپانیای قەیوان بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەو پرۆژانەی هەڵگرتەوە‌و ئێستا خاوەندارێتییان دەكات، بەڵام ستافی ئەو خوێندنگانە هەمان ستافی پێشوون.  پرۆژەی قەیوان لە كەرتی خوێندنی باڵادا: كۆمپانیای قەیوان، ساڵی 2018 زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان UTMی لە سلێمانی دامەزراند، ئەم زانكۆیە وەك زانكۆیەكی ئەهلی كە خوێندن تێیدا بە پارەیە لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم‌و عێراق مۆڵەتی وەرگرتووەو خوێندن تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە. بەوتەی بەرپرسانی زانكۆكە، ئەو بەشانەی لە زانكۆی قەیوان (یو تی ئێم) كراونەتەوە، لەسەر خواستی بازاڕو كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان‌و عێراقن‌و دەرچووەكانی ئەم بەشانە، هەلی كاری مسۆگەریان دەبێت لە كەرتی تایبەتی‌و حكومیدا، بەشەكانیش بەگشتی لەبواری خوێندنی (تەكنۆلۆجیا، ئای تی، كۆمپیوتەر، سەرچاوەی مرۆیی‌و كارگێڕی)دایە، تیمێكی پسپۆڕی مالیزیی ئیدارەی زانستی‌و كارگێڕی‌و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەكەن. چەند  بازرگانییەكی تر سەرباری، كەرتە گەورەو گرنگەكان، قەیوان ژمارەیەك لە بازرگانییە بچوكەكانیشی كۆنترۆڵكردووە، لە نمونەی: •    بازرگانی كلینێكس (كلینێكسی مایا) •    بۆیاخی الجزیرە (پێشانگایەكە لە شەقامی 60 مەتری شاری سلێمانی) •    ساڵۆن‌و كلینیك‌و بەرهەمەكانی جوێل •    بەرهەمەكانی لێگۆ •    برنجی قەیوان  قەیوان‌و هەژمونی سیاسی گومانی تێدانیە دارایی كاریگەرییەكی بەهێزی بۆسەر ژێرخان‌و سەرخانی ئابوری هەیە لە جیهاندا، دارایی دڵی زیندوو و بزوێنەری ئابورییە، سروشتییە ئەوەی سامان‌و دارایی زۆری هەبێت، راستەوخۆ هێزۆ هەژمونی سیاسیشی هەیە، ئێستا كۆمپانیاكان ئەو قەوارەیەن كە سەرمایە زۆرەكانیان كەڵكە بووە، لەگەڵ تێپەڕینی كات‌و هەوڵی بەردەوام بۆ قازانج، چەندین كۆمپانیای زەبەلاح دامەزرێنران، كە خاوەنی سەرمایەو بودجەیەكی وەهان كە یەكسانە بە بودجەی ئەو دەوڵەتەی تێیدان. لە زۆنی سەوز لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكانی قەیوان خاوەنی گەورەترین هەژمونی سیاسین، ئەم كۆمپانیایە لەناو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بەدیاریكراوی لە پەرلەمان‌و وەزارەتەكاندا چەندین خەڵكی هەیە كە بەرگری لە پرۆژەكانی دەكەن، لەناوەندی سیاسی حزبەكانیشدا كارەكتەری سیاسی باڵا هەن پشتیوانی دەكەن، پشتیوانییەكەش جیاوازە، یان ئەوەیە هەندێك لەو كارەكتەرانە پشكدارن لە پرۆژەكانی كۆمپانیاكەدا، یان بەشێوازی تر سودمەندن لە سەرمایەی ئەم كۆمپانیایە. لەسەر ئاستی میدیاش، كۆمپانیای قەیوان چ وەكو كەناڵە میدیاییەكان، چ وەكو ئەو كارەكتەرانەی كە لە بواری میدیادا كاردەكەن‌و كەسانی دیارن، ئەسپی خۆی تاوداوە‌و وایكردووە زۆرێك لە میدیاكان قسە لەسەر پرۆژەكانی نەكەن، ئەمەش زیاتر لەڕێگەی ریكلامە بازرگانییەكانی كۆمپانیاكەوە جڵەوگیركراوە. قەیوان‌و كارە خێرخوازییەكانی ئەم كۆمپانیایە لەگەڵ گەورەبونی بەردەوامیدا، لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە زۆرجار بانگەشە بۆ كارە خێرخوازییەكانی دەكات. لە دیارترین كارە خێرخوازییەكانی كۆمپانیاكە بریتییە لە دروستكردنی مزگەوت‌و خوێندنگە‌و هاوكاریكردنی دامەزراوەكانی حكومەت‌و یارمەتیدانی هەژاران، خاوەنەكانی كۆمپانیاكە شانازی بەوەوە دەكەن كە زەكاتی سەرمایەكەیان دەردەكەن، بەڵام زۆرێك لە سەرمایەدارە بچوكەكان بەردەوام گلەیی ئەوە دەكەن قەیوان دەرفەتی كاری بۆ ئەوان نەهێشتووەتەوە‌و هەموو كەرتەكانی قوتداوە.  


راپۆرت: ئارام مەحمود  هەروەك چۆن بڕیاری سەپاندنی سیستمی زۆرەملێی پاشەكەوتی موچە لەماوەی سێ‌ ساڵی ڕابردوودا یەكێك بوو لە پرسە هەرە گەرمە سیاسی‌و كۆمەڵایەتییەكان لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری لابردنیشی بەهەمان سەنگ‌و بایەخەوە بووەوە باسی گەرمی ژمارە (یەك)ی شەقام‌و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان‌و نێوەندە جیاوازەكان. بەبڕوای زۆرێك لە چاودێران، بڕیاری بڕینی بڕێكی نائاسایی و نایاسایی لەموچە‌و كۆكردنەوەی سێ‌ بەشی سفرەو خوانی سەدان هەزار خێزان لەچاوتروكاندنێكدا، بەقەبارەی گەورەیی ستەمەكەی سەركەشی و  سەركێشیەكی گەورەش بوو كە ڕەنگە كەم حوكمڕان هەبێت لەدونیادا جورئەتی هەنگاوێكی لەو شێوەیە بكات، لەترسی كاردانەوەو توڕەیی شەقام، بەڵام دەسەڵاتدارانی كوردستان نەك هەر گوێیان بەمە نەدا، بەڵكو بایەخیان بەو مەترسیەش نەدا كە هێزێكی گرنگ‌و ئەساسی وەك بزوتنەوەی گۆڕان هەمووی چەند مانگێك بوو لەحكومەت دورخرابۆوەو دۆخی سیاسیش بەتەواوی  شڵەژابوو. پاشكەوت لەڕەهەندە ئابورییەكەی داماڵرا بەشێك لە شارەزایانی بواری ئابوری دەڵێن، بڕیاری پاشەكەوتكردنی موچە لەبنەمادا بڕیارێكی ئابوری بوو، حكومەت بڕیاری سكەڵهگوشینی دا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە ناهەموارەی بەرۆكی گرت، كە لە ئاكامی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆو بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە ڕوبەروی بووەوە، بەڵام سیاسییەكان ئەو پرسەیان لە ڕەهەندە ئابورییەكەی داماڵی‌و، كردیانە كارتێكی سیاسی‌و دژ بە یەكتری بەكاریانهێنا، ئەوەی یارمەتیدەریش بوو بۆ برەودان بەم بازاڕە، ئەو تۆمارە خراپەیە كە دەسەڵاتی سیاسی هەیەتی بەتایبەت لەبواری گەندەڵی و ناشەفافی و شاردنەوەی داهاتی گشتی. لێرەوە ئازارەكانی خەڵك‌و بڕینی قوتیان بوو بە كارتێكی قورس‌و گرانبەهای زۆرێك لە هێزەكان‌و ئەولەویەتی ئەوخاڵانەی ڕیزیان دەكرد بۆ یەكتر، لەكاتێكدا ئەو ڕاستیەشیان دەزانی كە بڕیاڕی هەڵگرتنی پاشەكەوت لەبنەمادا پەیوەستە بەڕێككەوتن لەگەڵ بەغداد، بەڵام بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی (استهلاك محلی) بەردەوام باسیان دەكرد. سەركەوتن هەزار خاوەن‌و شكست بێكەسە بۆچونی زۆرێك لەخەڵك وایە، لابردنی پاشەكەوتی مووچە كە هەندێك لە لایەنەكان  كردویانەتە دەستكەوت‌و ئازایەتی، پێش ئەوەی دینارێكی چووبێتە گیرفانی موچەخۆرانەوە، لەبنەڕەتدا نە دەستكەوتەو نە ئازایەتییە، بەڵكو ڕێككردنەوەی ستەمێكە كە دەبوو ڕونەدات.  بەوپێیەی ئەم پاشەكەوتە لەبنەمادا چ سەپاندنی و چ لابردنی، پرسێكی لۆكاڵی و ناوخۆی هەرێمی كوردستان نەبووە تا چارەسەرەكەی لەدەستی لایەنەكاندا بێت، بەڵكو لەهەردوو بارەكەیدا پەیوەست بووە بەهاتن و نەهاتنی بودجە لەبەغدادەوە، بۆیە هەرچی لەوبارەوە بوەترێت ناڕاستییەكی زەق و منەتكردنێكی بەلاشە بەسەر خەڵكەدا، ڕەنگە هەندێك  لەو سیاسەنەشی ئەو منەتە دەكەن دەیان هێندەی موچەخۆرێكی ئاسایی سودمەندترن لەو بڕیارە، زۆرێك لەخەڵك وەك فاكت ‌و ڕاستی حاشا هەڵنەگر ئەم تێگەیشتنەیان هەیەو ئەو ئیدیۆمە باوە دووبارە دەكەنەوە كە دەڵێت"سەركەوتن هەزار خاوەنی هەیە، بەڵام شكست بێكەسە". بودجە بەرامبەر گەڕانەوە  بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست "درەومیدیا" كەتوون، هەرێم‌و بەغداد ڕێككەوتون لەمساڵدا هەولێر هیچ بڕە نەوتتێك ڕادەستی بەغداد نەكات، پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2019ش بۆیە بەوشێوەیە پەسەندكرا، ئەگەر هەرێم نەوتیش ڕادەستی بەغداد نەكات مانگانە بڕی (522) ملیار دینار وەردەگرێت، ئەمە ڕۆحی ڕێككەوتنەكەیە. زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن، هەرێم‌و بەغداد وا ڕێككەوتون لەمساڵدا، هەرێم نەوتی خۆی بەشێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت و بڕێك لەپارەكەی لەگەڵ بودجەكەی بەغداد بۆ موچەخۆران تەرخانبكات و كۆتایی بە پاشكەوتی موچە بهێنێت، مانگانەش  بڕی (200 ملیۆن) دۆلار بداتەوە بە قەرزی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان، بڕیارە لەماوەی ئەمساڵەدا هەرێم قەرزی كۆمپانیاكان بداتەوەو لەساڵی داهاتوشەوە نەوتەكەی ڕادەستی بەغداد بكات، وەك دەوترێت ئەگەر ئەمە ڕووە هونەرییەكەی بێت، ئەوا ڕێككەوتنەكە دیوێكی سیاسی گرنگیشی هەیە. دیوی سیاسی ڕێككەوتنەكە چاودێرانی دۆخی عێراق دەڵێن، ئەو پێشهاتە تازەیەی هاتوەتەگۆڕێ‌، بەرهەمی لێكگەیشتنێكی پشتی پەردەی نێوان هەرێم و بەغدادیە بە سەرپەرشتی و فشاری وڵاتانی ئیقلیمی، بەتایبەت ئێران‌و موبارەكەی ئەمریكاش، بۆ هێوركردنەوەی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداد ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت، كە هەنگاوی یەكەمی بە گەڕانەوەی ڕەسمی كورد بۆ بەغدادو سفركردنەوەی كێشەكان دەستی پێكرد، هەنگاوی دواتریشی گەڕانەوەی بودجەی بڕاوی خەڵكی كوردستان بوو، ئەوەش دوای ململانێیەكی توند كە تا ئاستی ڕیفراندۆم‌و هەڕەشەی گۆڕینی نەخشەی سیاسی ناوچەكەو بەكارهێنانی هێزی سەربازی سەری كێشا. حكومەتی عێراق كە ئێستا كە شیعەكان بڕیاردەری یەكەمن تێیدا، بەخۆڕایی و بێئەوەی بەرمیلێك نەوتی دەستكبكەوێت لەساڵێكدا زیاتر لە (7 ترلیۆن) دینار نادات بە هەرێم و هەرێمیش نەوتەكەی بەشێوەیەكی سەربەخۆ بفرۆشێت‌و دینارێك ڕادەستی بەغداد نەكات، ئەگەر لەبەرامبەر دەستكەوتێكی سیاسی گەورەدا نەبێت، دەستكەوتەكەش وازهێنانی كوردە لەخەونی جیابونەوەو كردنەوەی بەغدادە بەقیبلەی سیاسی. شیعەكان‌و ترس لە نەفرەتی مێژوو شیعەكان ترسێكی مێژوویی گەورەیان هەبوو لەكەرتبونی عێراق و جیابونەوەی كورد لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەواندا، بۆیە پارەیان كردە قوربانی ناوبانگ و ترس لە " نەفرەتی مێژوو" . بۆ شیعەكان گرنگ بوو دوای زیاتر لە هەزار ساڵ گەڕاونەتەوە بۆ دەسەڵات لە عێراق، ڕوخسارو نەخشەی سیاسی ناوچەكە بپارێزن و ڕێگە بە دروستبوونی جسیمێكی سیاسی تازە نەدەن لەناوچەكە، ئەو قسەیە نەیەننە سەرخۆیان كە بەدرێژایی زیاتر لە هەزار ساڵ  سوننە مەزهەبەكان لەم ناوچەیە باڵادەستبون‌و ڕێگەیان بەكەرتبونی ناوچەكە نەداوە، بەڵام شیعەكان دوای چەند ساڵێك لە گەیشتنیان بە دەسەڵات ناوچەكە ڕوبەڕوی دابەشبوون بووەوە، وێڕایی ئەوەی جیابونەوەی كوردستانیان بە سەرەتای هەڵوەشانەوەی عێراق دەزانی و ترسیان هەبوو دوای ئەو هەنگاوە سوننەكان لەباكور و ڕۆژئاوای عێراق و هاومەزهەبەكانیشیان لەباشور (بەسرە) دوای جیابونەوە بكەن، بۆ ئەوەی ئەم ترسەش بەتەواوی دوربخەنەوە وەك چۆن ئامادەبون هێزی سەربازی بەكاربهێنن، لە دانوستان‌و سیاسەتكردنیشدا ئامادەبوون ملیارەها دۆلار بخەنە خزمەتییەوە.  



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand