320 ملیار دینارەكەی بەغداد چی لێدێت ؟
2020-08-17 17:38:53
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت - محەمەد رەئوف
قەرزە كەڵەكەبووەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە بڕی (20 بۆ 37 ملیار) دینار لەو (320 ملیار) دینارە دەبات كە عێراق بڕیاریداوە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بنێرێت، ئەمە قەرزێكی تری بەجێماوی نێچیرڤان بارزانییە كە دەبێت ئێستا مەسرور بارزانی ئامۆزای لەسەردەمی قەیرانێكی قورستردا بیگەڕێنێتەوە.
رێككەوتنێكی نوێ
دوای گۆڕینەوەی (12) پێشنیازی جۆراوجۆر بۆ رێككەوتنو هاتوچۆی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد، دواجار بەنێوەندگیرییەكی بەرهەم ساڵحو فوئاد حسێن، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا گەیشتنە رێككەوتن.
بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق بۆ ماوەی مانگەكانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم)، هەر مانگێك بڕی (320 ملیار) دینار بە حكومەتی هەرێم دەدات، واتا بەغداد تەنیا بۆ سێ مانگ پارەكە بە هەرێم دەداتو دوای ئەوەی دەبێت هەردوولا بۆ بودجەی ساڵی 2021 رێككەوتنێكی نوێ بكەن.
قەرزی بانكەكان
بەپێی ئەو رێككەوتنەكەی كە لەنێوان حكومەتی كازمیو مەسرور بارزانیدا كراوە، هاوشێوەی بودجەی ساڵی 2019، حكومەتی عێراق مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لە بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبڕێت بۆ دانەوەی ئەو قەرزانەی كە كابینەی پێشووی حكومەت (كابینەی نێچیرڤان بارزانی) لەكاتی قەیرانی دارایی یەكەمدا بە قەرز لە بانككە بازرگانییەكانی وەرگرتووە.
لە یاسای بودجەی 2019دا بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغدادو هەرێم، حكومەتی ناوەند مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری بۆ هەرێم دەنارد، بەڵام بەرلەوەی پارەكە رادەستی حكومەتی هەرێم بكرێت، مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكەكانی لێدەبڕدراو ئەوەی بە پوختی بۆ حكومەتی هەرێم دەمایەوە بڕی (441 ملیار) دینار بوو.
بڕینی (12 ملیار) دیناری قەرزی بانكە بازرگانییەكان گواستراوەتەوە بۆسەر (320 ملیار) دیناری رێككەوتنە نوێیەكە، واتا لەكۆی ئەو (320 ملیار) دینارەی كە بۆ ماوەی مانگەگانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەكەم) بەغداد بۆ هەرێمی دەنێرێت، بەر لە گەیشتنی مانگانە بڕی (12 ملیار) دیناری لێدەبڕدرێتو (308 ملیار) دیناری بۆ حكومەتی هەرێم دەمێنێتەوە.
قەرزەكەی بانكی TBI
سەرباری قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینار لە موچەی فەرمانبەران دەبات، قەرزێكی تریش هەیە كە بەهەمان شێوەی میراتی نێچیرڤان بارزانییەو بۆ مەسرور بارزانی ماوەتەوەو دەبێت ئێستا لەسەر بەشە موچەی فەرمانبەران لە بەغداد بیداتەوە.
بەپێی رێككەوتنەكەی نێوان مستەفا كازمیو مەسرور بارزانی، دەبێت لەماوەی (35) رۆژدا حكومەتی هەرێمو بەغداد بگەنە رێككەوتن لەسەر میكانیزمی چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانەی بانكی TBI كە لەسەر حكومەتی هەرێم كەڵەكەبوون.
قەرزەكانی بانكی TBI كە لەلای حكومەتی هەرێمە چییەو چۆن كراوە ؟
ئەم قەرزە كە ئێستا كەوتوەتە سەر شانی حكومەتی هەرێم، هاوشێوەی زۆربەی قەرزە كەڵەكەبووەكانی تر مێژووەكەی بۆسەردەمی كابینەی پێشوو دەگەڕێتەوە، كە بەكۆی گشتی (27 ملیار) دۆلارە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، قەرزەكەی بانكی TBI بریتییە لە ژمارەیەكی زۆر چەكی بانكیی بێ رەسیدی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە كابینەی پێشوو داویەتی بە بەڵێندەرانو بەڵێندەرانیش لە بازاڕدا چەكەكانیان فرۆشتوەتەوە.
بانكی TBI دواتر لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا ئەو چەكە بێ رەسیدانەی وەرگرتووەو پارەكەی بەڵێندەرانی خەرجكردووە، كۆی پارەی ئەو چەكە بێ رەسیدانە كە بانكە عێراقییەكە بە قەرز لەسەر حكومەتی هەرێم بۆ بەڵێندەرانەی خەرجكردووە بڕەكەی (3 ملیارو 914 ملیۆن) دۆلارە.
بانكی TBI كە بانكێكی هاوبەشی نێوان كەرتی تایبەتو حكومەتە، ئێستا داوای قەرزەكەی لە حكومەتی هەرێم دەكاتەوە، حكومەتی عێراق گێڕانەوەی قەرزی ئەم بانكەی لە رێككەوتنەكەیدا كردووە بە مەرج لەسەر حكومەتی هەرێم.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (درەو) كەوتوون، بانكی TBI داوا دەكات حكومەتی هەرێم مانگانە بڕی (100 ملیۆن) دۆلاری ئەو قەرزانەی بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەگەر هەرێم مانگانە (100 ملیۆن) دۆلار بداتەوە، كۆی قەرزەكە بە (40) مانگ كۆتایی دێت.
بەڵام حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانە بڕی (8 ملیار) دینار بگەڕێنێتەوە بۆ بانكی TBI، بەمشێوەیە كۆی قەرزەكە بە (500) مانگ كۆتایی دێت واتا (41 ساڵ)، بانكەكە بەمە قایل نییە.
دانوستانەكانی داهاتوو دیاری دەكات لەنێوان ئەو (100 ملیۆن) دۆلارەی بانكەكە داوای دەكات لەگەڵ ئەو (8 ملیار) دینارەی كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت مانگانەی بیداتەوە، هەردوولا لەسەر چ بڕەپارەیەكی مانگانە رێكدەكەون.
بەڵام بەپێی زانیارییە بەراییەكان، پێشبینی دەكرێت بانكی TBI بە (25 ملیار) مانگانە قایل بێت.
پارەكەی بەغداد دوای لێدەركردنی قەرزەكان
ئێستا دوای لێدەركردنی قەرزی بانكە بازرگانییەكان كە مانگانە (12 ملیار) دینارە لەگەڵ قەرزەكەی بانكی TBI كە حكومەتی هەرێم داوا دەكات مانگانە (8 ملیار) بداتەوە، بەتێكڕا (20 ملیار) دینار لە بەشە پارەكەی هەرێم لە بەغداد دەبڕدرێتو بە پوختی (300 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە.
خۆ ئەگەر دانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI لە (25 ملیار) دیناری مانگانەدا جێگیر بكرێت، ئەوكات مانگانە لەكۆی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداد بڕی (283 ملیار) دیناری بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەمێنێتەوە.
گەڕانەوەی قەرزەكانی بانكی TBI مەرجە لەسەر حكومەتی هەرێمو دەبێت جێبەجێ بكات، بەپێچەوانەوە حكومەتی عێراق ئامادە نییە مانگانە بڕی (320 ملیار) دینارەكە بخاتەسەر حسابی حكومەتی هەرێم.
بەرپرسانی عێراق بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە كە رێككەوتنەكە یەك پاكێجەو دەبێت هەموو جێبەجێ بكرێت، سەرباری ئەو مەرجانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان دانراوە، هێشتا لایەنە شیعەكان دژی رێككەوتنەكەی مستەفا كازمین لەگەڵ مەسرور بارزانی، بەشێكی ئەم دژایەتییەش پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە هەیە لە عێراق.