راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت تاوەكو پارتی بە نوسراو زامنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەكات، هیچ رێككەوتنێك ئیمزا ناكرێتو یەكێتی تا دوو ئیدارەیی لەگەڵ پارتی دەڕوات، ئەمە كرۆكی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو. كەمێك بەر لە بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سلێمانی كۆتایی هات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەكۆی دەنگ بڕیاریداوە تاوەكو پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو گەرەنتی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك نەدات، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات، كە بڕیارە تێیدا دەستەی سەرۆكایەتی نوێی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێتو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بۆ یەكێتی دانراوە. ترسی تۆڵەكردنەوە (درەو میدیا) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لە كۆبونەوەی دوێنێی وەفدی دانوستانكاری پارتیو یەكێتیدا، وەفدی پارتی تەنیا بە زارەكی بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی كەركوكیان داوە، بەڵام سەركردەكانی یەكێتی داوای بەڵێنی نوسراو دەكەنو ترسیان هەیە پارتی لە دۆسیەی كەركوكدا تۆڵەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق (بەرهەم ساڵح)یان لێبكاتەوە كە بەبێ رێككەوتنی پێشوەختەی لایەنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا. جارێكی تر دوو ئیدارەیی ! دواین زانیارییەكان كە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، ئاماژە بەوە دەكەن، ئەگەر تاوەكو بەر لە كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی 18ی ئەم مانگە، پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوسراو هیچ گەرەنتییەك بە یەكێتی نەدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك، یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات. سەركردەیەكی یەكێتی كە خۆی داوایكرد ناوەكەی بڵاونەكرێتەوە، بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، ئەوان بەبێ یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی ئیمزا ناكەنو ئەمجارە تا حاڵەتی "دوو ئیدارەیی" لەگەڵ پارتی دەڕۆن. وتەبێژێكی نوێ بۆ یەكێتی هەر لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا سەعدیی ئەحمەد پیرە دەستی لە پۆستی وتەبێژی یەكێتی كێشایەوەو بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە شوێنكەی ئەو (لەتیف شێخ عومەر) دانراوە. هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو میدیا) سەعدی پیرە لەژێر فشاردا دەستی لە پۆستی وتەبێژ كێشاوەتەوەو زۆرینەی ئەنجومەنی سەركردایەتی ناڕازیبوون لە وتەكانی، بەتایبەتیش كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی دوێنێی لەگەڵ مەحمود محەمەد وتەبیژی پارتی كە وتی"یەكێتیو پارتی رێككەوتوون"، هەر دوای ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانییە لە راپۆرتێكدا (درەو میدیا) ئاشكرایكرد، یەكێتیو پارتی نەگەیشتونەتە رێككەوتن.
راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت پارتیو یەكێتی رێكنەكەوتن، ئەمە ناونیشانی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو لە شاری سلێمانی، پارتی نایەوێت هیچ گرەنتییەك لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی بدات، بەبێ ئەمە یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكاتو هۆشداریش بە بزوتنەوەی گۆڕان دەدات بەشداری تێدا نەكات. ئەمڕۆ لە سلێمانی جارێكی تر وەفدی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبونەوە. تەنیا سێ رۆژ ماوە بۆ وادەی دیاریكراوی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، تا ساتی نوسینی ئەم راپۆرتە بڕیاری یەكێتی ئەوەیە بەشداری كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكات. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكی باڵای جیاوازەوە دەست (درەو میدیا) كەوتوون، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا وەفدی دانوستانكاری پارتیو یەكێتی لەسەر پرسی كەركوك رێكنەكەوتوون، وەفدی پارتی هیچ بەڵێنێكیان بە یەكێتی نەداوە لەبارەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ ئەو شارە. لەبەرامبەردا وەفدی یەكێتی بە پارتییان راگەیاندووە" ئەگەر لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا لەبارەی پرسی كەركوكەوە وەڵامی تەواوەتی وەرنەگرن، بەشداری كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان ناكەن". سەرباری پرسی كەركوك، پارتیو یەكێتی هێشتا بەتەواوەتی لەسەر چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستە وزارییەكان یەكلانەبونەتەوە، بەڵام وەفدی پارتی وتویانە لەسەر پۆستە وزارییەكان كێشەمان نابێتو هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین. یەكێتی چی دەكات ؟ بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، ئەگەر پارتی بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی روونی خۆی بۆ پشتیوانیكردن لە كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگار رانەگەیەنێت، یەكێتی جگەلەوەی بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان ناكات، چەند هەنگاوێكی سیاسی تر هەڵدەگرێت. سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لە یەكەم هەنگاودا یەكێتی بەنیازە خۆی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتو هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دوربخاتەوەو لەڕێگەی سەرۆكایەتی كۆمارو حكومەتی ناوەندی عێراقەوە پۆستی پارێزگاری كەركوكو وەزیری دادی عێراق لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە. یەكێتی نایەوێت ئەزموونی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی پێشووی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمان دوبارە بكاتەوە، واتە پارتی پۆستەكان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵێتو دواتر یەكێتی بەناچاری پەیوەندی بە حكومەتەوە بكاتو پۆستەكانی پڕ بكاتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، هەنگاوێكی تری یەكێتی كە ئێستا سەرقاڵیەتی بریتییە لە ئاگاداركردنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەوەی "نابێت تاكلایەنە لەگەڵ پارتیدا بچێتە ناو پرۆسەكەوەو بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكات"، یەكێتی هۆشداری بە گۆڕان دەدات كە بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمان لەگەڵ پارتیو بەبێ یەكێتی، "مەترسی لەسەر پەیوەندییەكانی هەردوو حزبو بارودۆخی ناوچەكە دروستدەكات". بڕیاری كۆتایی پارتی ! پارتی تاوەكو ئەم ساتە هیچ بەڵێنێكی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە بە یەكێتی نەداوە، پارتی سەرباری ئەوەی بۆ پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت پێویستییەكی گەورەی بە یەكێتی هەیە، بەڵام هاوكات ناشیەوێت بە پشتیوانیكردنی كاندیدێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك پەردەیەك بەسەر دۆسیەی "روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا" بدات، كە پارتی ئەو روداوانە وەكو "خیانەت" دەناسێنێت. پێشبینی دەكرێت لە دواین ساتەكانداو بەر لە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان، دواجار پارتی لەپێناو پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، مل بۆ خواستەكانی یەكێتی بدات لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوكەوە. چارەنوسی كۆبونەوەكەی یەكێتی بەپێی زانیارییەكان بڕیارە سبەینێ ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كۆببێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر رێككەوتن لەگەڵ پارتیو دیاریكردنی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو وەزارەتەكان، بەڵام سازدانی ئەم كۆبونەوەیە پێشوەختە وابەستەیە بە وەڵامدانەوەی پارتی لەبارەی چۆنیەتی چارەسەركردنی پرسی كەركوك، ئەگەر ئەمشەو تاوەكو سبەینێ بەیانی پارتی وەڵامێكی روونی یەكێتی بداتەوە، پێدەچێت سبەینێ یەكێتی كۆبونەوەكەی خۆی بكات. واتە ئەوەی وتەبێژی پارتیو یەكێتی دوای كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیاندا بە رۆژنامەنوسانیان وت كە "رێككەوتوون"، تەنیا دیوی دەرەوەی كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ بوو، نەك كرۆكەكەی. چارەسەری كێشەی وەزارەتی داد یەكێك لە دۆسیە جێناكۆكەكانی تری نێوان پارتیو یەكێتی لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بریتییە لە یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق كە پشكی كوردەو تائێستا بە بەتاڵی ماوەتەوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی پارتیو یەكێتیدا ئەم كێشەیەش بەتەواوەتی یەكلانەكراوەتەوە. سەرچاوەكان باسلەوەدەكەن، دۆسیەی دیاریكردنی كاندیدی پۆستی وەزارەتی داد كە یەكێتی بەپشكی خۆی دەزانێت، رادەستی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كراوە تاوەكو بە یەك پاكێج لەگەڵ دۆسیەی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سەرۆك كۆمار (بەرهەم ساڵح) چارەسەر بكات، ئەمەش رێوشوێنەكانی تائێستا روون نییە.
(درەو میدیا): نوێنەری خامنەیی داوای دروستكردنی هێزێك دەكات لەسنوری كەركوك بۆ روبەڕووبونەوەی هێزەكانی ئەمریكا. رۆژی 9ی ئەم مانگە موجتەبا حوسەینی نوێنەری عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی قەزای دوزخورماتووی سەربە پارێزگای سەلاحەدینو قەزای داقوق و ناحیەی تازە خورماتووی سەربە پارێزگای كەركوكو گوندی بەشیری كرد. لەم سەردانەدا بۆ ناوچەكە، ئیقباڵ پور فەرماندەی هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران هاوڕێیەتی نوێنەرەكەی خامنەیی دەكرد. سەرچاوەیەكی ئاگادار ناحیەی تازە خورماتوو بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، لەسەردانەكەیدا بۆ تازە خورماتوو، نوێنەرەكەی خامنەیی داوای دروستكردنی هێزێكی (300) كەسیی لە خەڵكی شیعەمەزهەبی ناوچەكە كردووە بۆ روبەڕوونەوەی هێزەكانی ئەمریكا. ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە ئەمریكا دوای كشاندنەوەی لە سوریا (رۆژئاوای كوردستان)، بەشێك لە هێزە سەربازییەكانی لە ناوچە جێناكۆكەكانی نێوان هەرێمی كوردستانو عێراق جێگیر بكات.
راپۆرتی: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان نەكات، پارتی كۆبونەوەكە دەكات ؟ ئایا بزوتنەوەی گۆڕان بەبێ یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكە دەكات یاخود نا ؟ پارتی چۆن دەیەوێت دۆسیەی كەركوك لەگەڵ یەكێتی چارەسەر بكات ؟ كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی سەركەوتوو بوو؟ ئەمانە كۆمەڵێك پرسیارن كە (درەو میدیا) لەم راپۆرتەدا وەڵامیان دەداتەوە. سبەینێ كۆبونەوەیەكی یەكلاكەرەوە لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا دەكرێت، پارتی لە رێككەوتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پاشەكشە دەكات، یەكێتیش بەبێ رێككەوتنی سیاسی پێشوەختە ناچێتە ناو كۆبونەوەكەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستانەوە. پێدەچێت جارێكی تر سیناریۆی پێكهێنانی كابینەی هەشتەم لە پرۆسەی پێكهێنانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانو كابینەی نوێی حكومەتدا خۆی دووبارە بكاتەوە. لەبارەی كۆبونەوەكەی گۆڕانو پارتی ئەمڕۆ وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانو پارتی لە پیرمام كۆبونەوە، پارتی لەماوەی رابردوودا بەهۆی زیادبوونی ناكۆكییەكانی لەگەڵ یەكێتی، موجامەلەی زۆری گۆڕانی كردووە، هەندێك پێیانوایە كۆبونەوەو موجامەلە بەردەوامەكانی پارتی لەگەڵ گۆڕان، تەنیا بۆ نیشاندانی كارتە بەرامبەر بە یەكێتی. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆدا پارتیو گۆڕان لەسەر پرسی بەرنامەو پاكێجەكان هاوڕابوون، بەڵام لە پرسی دابەشكردنی پۆستەكاندا ناكۆك بوونو لەبارەی پۆستەكانەوە پارتی هیچ بەڵێنێكی بە گۆڕان نەداوە. (درەو میدیا) زانیویەتی، لە كۆبونەوەكەدا وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان چوار فایلی لەبارەی تێروانینەكانی بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی دۆسیەكانی (عێراق، كەركوك، پەیوەندییەكانی دەرەوە، حكومەتی هەرێم) خستوەتە بەردەستی پارتی، پارتی لەسەر فایلەكانی (دەرەوە، كەركوك، عێراق) هاوڕای گۆڕان بووە، بەڵام لەسەر فایلی حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش پرسی "شەراكەتی راستەقینە" لەگەڵ وەفدی گۆڕان ناكۆك بووە. هەر بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەسەر پشكەكان، وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری حكومەت یان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، بەڵام پارتی رازی نەبووەو بڕیاریداوە جێگری سەرۆكی هەرێم بە گۆڕان بدات كە بەلای بزوتنەوەی گۆڕانەوە پۆستێكی تەشریفاتییە. ئەم زانیارییانە بەتەواوەتی پێچەوانەی لێدوانی یەكێك لە ئەندامانی وەفدی دانوستانكاری بزوتنەوەی گۆڕانە كە دوای تەواوبوونی كۆبونەوەكە لێدوانی بۆ میدیاكان داو وتی:" برایانی پارتی لە هیچ خاڵێكدا لەگەڵ گۆڕان ناكۆك نەبوون". كۆبونەوە چارەنوسسازەكە ! رۆژی 5ی ئەم مانگە، پارتیو یەكێتی لە كۆبونەوەیەكدا لەسەر زۆرێك لە پرسەكان رێككەوتن، بەدیاریكراویش پرسی سازدانی كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە رۆژی 18ی ئەم مانگەدا، واتە دوو كۆبونەوەی جیاواز لە یەك رۆژدا. بەڵام بەپێی وتەی بەرپرسانی یەكێتی، ئێستا پارتی لەو رێككەوتنە پاشگەزبوەتەوە، بەدیاریكراوی لە پرسی سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو دواجار هەڵبژاردنی پارێزگارێكی یەكێتی بۆ كەركوك. قادر عەزیز ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند:" پارتی بەشێك لە بڕگە سەرەكییەكانی پرۆژەكەی یەكێتی رەتكردوەتەوە"، پرسی كەركوكو بەغداد (یەكلاكردنەوەی پۆستی وەزیری دادی عێراق كە پشكی كوردە) ناكۆكی دیاری نێوان پارتیو یەكێتییە، پارتی نایەوێت فایلی كەركوكو بەغداد تێكەڵی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمو پەرلەمان بكرێت، یەكێتیش بە پێچەوانەوە، بۆیە لە ئێستادا سپەیسی نێوان پارتیو یەكێتی زیاتربووە. بەرپرسانی پارتی پێیانوایە یەكێتی "كات دەكوژێت"و دەیەوێت كۆسپ بۆ بەردەم پێكهێنانی حكومەت دروست بكات كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات. كەركوك.. پاشكۆیەك لە دەرەوەی رێككەوتن بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" لەدوای رێككەوتنەكەی 5ی مانگەوە، پارتی پاشەكشەی لە یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك كردووە، ئێستا پارتی دەڵێت نامانەوێت پرسی كەركوكو بەغداد بخرێتە ناو رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتەوە، پارتی داوا دەكات یەكلاكردنەوەی پرسی كەركوك وەكو پاشكۆیەك لەدوای رێككەوتنەكەوە بنوسرێت، یەكێتیش گرەنتی دەوێتو دەیەوێت بەڕوونی لە رێككەوتنی نێوان هەردوولادا پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلاكرابێتەوە". كۆبونەوەكەی كۆسرەت رەسوڵو بارزانی بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) لە كۆبونەوەی دوو رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانیو كۆسرەت رەسوڵدا كە لە بارەگای بارزانی بەڕێوەچووە، كۆسرەت رەسوڵ پێشنیازیكردووە" كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پردێ یاخود قەرەهەنجیر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەوەی لانی كەم بەشێك لە ئەندامانی عەرەبو توركمان بەشداربن، بەوپێیەی ئەگەر كۆبونەوەكە لە هەولێر بكرێت، عەرەبو توركمان بەشدار نابن"، لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی وتویەتی:" ئێمە كێشەمان نیەو ئاساییە لەو شوێنانە كۆبونەوەكە بكرێت"، بەڵام سەركردایەتی پارتی لەژێر فشاری ئەندامەكانیان لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكو لایەنگرانیان لە كەركوك بەجۆرێك لە جۆرەكان لە پرسی كەركوكدا پاشەكشەیان كردووە. بەرپرسانی یەكێتی بە پارتیان راگەیاندووە، ئاساییە پێش كۆبونەوەی 18ی مانگ، ئەندامانی لیستی برایەتی (لیستی لایەنە كوردییەكان لەناو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك) لە هەولێر كۆببنەوەو كۆبونەوەی راوێژكاریی بكەنو خۆیان ئامادە بكەن بۆ كۆبونەوەی 18ی مانگ، بەڵام پارتی بەمە رازی نەبووە. شەراكەتی راستەقینە یەكێتی پێیوایە لە پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا هیچ دەستكەوتێكی نابێتو پرۆسەكە هەمووی دەچێتە خزمەتی پارتییەوە، چونكە پارتی سەرۆكی هەرێمو حكومەتو پۆستە هەستیارەكانی وەك نەوتو ناوخۆو ئاسایشو دەرەوەی لەدەستدا دەبێت، ئەوەی بۆ یەكێتی دەمێنێتەوە تەنها سەرۆكی پەرلەمانە، كە ئەویش لەبەردەم دوو جێگری پارتیو (45) كورسی پارتیدا لەناو پەرلەمان پێگەیەكی تەواو لاوازی دەبێت، بۆیە یەكێتی فایلی بەغدادو كەركوكی بە پێكهێنانی حكومەتی هەرێمەوە گرێداوە. بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا) كە لە چەند سەرچاوەیەكی جیاوازەوە دەستیكەوتووە، یەكێتی بەڕوونی بە پارتییان راگەیاندووە" شەراكەتی راستەقینەیان دەوێت، بەتایبەتیش لە پرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كە پارتی بە نیازە بیكات بە وەزارەتی كاروباری دەرەوە، لە پرسی ئەنجومەنی ئاسایش، ئەنجومەنی دادوەری، بڕیاری سیاسیو نەوت ..."، كە ئێستا هەمووی لە دەستی پارتیدا كۆبوەتەوە، بۆیە یەكێتی پەلەكرددنی پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەتایبەتیش هەستیاری نێوان پۆستەكانی (نێچیرڤان بارزانیو مەسرور بارزانی) بەهەلدەزانێت بۆ چەسپاندنی خواستەكانی خۆی. كۆبونەوەی 18ی مانگ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" ئێمە سورین لەسەر دواكارییەكانمانو سازش ناكەین، بەلاشمانەوە گرنگ نیە كۆبونەوەی 18ی مانگ بكرێت یان نا، بەبێ رێككەوتنی پێشوەخت لەسەر هەموو پرسەكانی هەرێمو كەركوكو بەغداد، ئامادەی كۆبونەوەی 18ی مانگ نابین". پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی كوردستان دوابكەوێت، بۆیە كار بۆ ئەوەدەكات بزوتنەوەی گۆڕان بكاتە بەدیلی یەكێتیو ئەگەر لە كۆبونەوەی سبەینێدا لەگەڵَ یەكێتی نەگەیشتە رێككەوتن، لەگەڵ گۆڕان رێككەوتن بكاتو پێكەوە كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمان بكەن. پلانی پارتی ئەوەیە، ئەگەر یەكێتی بەشداری كۆبونەوەی 18ی مانگی پەرلەمانی نەكرد، لە كۆبونەوەكەدا جێگری یەكەمو دووەمی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێنو پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بە بەتاڵی بۆ یەكێتی جێبهێڵدرێت، بەڵام سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، پێناچێت گۆڕان بە ئاسانی لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت، ئەگەر پارتی سوربێت لەسەر سەركێشیو بێمنەتیو بە بڕیاری تاكلایەنە كۆبونەوەی پەرلەمان بكاتو زەمانەتی شەراكەتی راستەقینە نەكات. پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر پارتی بەبێ بەشداری یەكێتی كۆبونەوەی پەرلەمان بكاتو سیناریۆی خولی پێشوو دوبارە بكاتەوە چی رودەدات ؟ بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بە (درەو میدیا)ی راگەیاند:" ئەمجارە یەكێتی بێدەنگ نابێتو هەنگاوی تر دەگرێتە بەر، تا ئاستی دوو ئیدارەیی سازش ناكات بۆ پارتی، چونكە ئەگەر ئێستا پارتی ناچارنەكرێت شەراكەتی راستەقینە قبوڵ بكات، سبەی بەتەواوی كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان دەكات".
راپۆرتی: درەو میدیا گۆڕانكاریيەكان بەخێرایی دەڕۆن، هێشتا ناكۆكی زۆر لەنێوان یەكێتی و پارتی ماوەو متمانە لە نێوانیاندا دروست نەبووە بۆ ئەوەی رێككەوتنی سیاسی واژوو بكەن، پارتی جدییە لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان، یەكێتیش سورە لەسەر ئەوەی دەبێت پێش 18ی شوبات رێككەوتن سیاسی واژوو بكرێت و هەموو پرسەكان پێكەوە رێككەوتنی لەسەر بكرێت، هەردولا چاویان لە كۆبونەوەی رۆژی هەینیيە كە بڕیارە لە نێوان وەفدی هەردولادا گرێبدرێت. چارەنوسی كۆبونەوەی 18ی شوبات لە پەیوەندییە نارەسمیيەكانی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی بەرەسمی بە یەكێتیان راگەیاندووە" ئەوان سورن لەسەر كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، ئەگەر یەكێتی بەشداری نەكات، ئەوا پارتی كۆبونەوەكە دەكات و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی دەكات و شوێنی یەكێتی بە بەتاڵی جێدەهێڵێت و هەردوو جێگرەكە هەڵدەبژێرێت"، لەبەرامبەردا یەكێتی بەرەسمی بە پارتیان راگەیاندووە" دەبێت پێشتر رێككەوتنی سیاسی بكرێت". لە راگەیەنراوی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بەڕوونی وەڵامی پارتیياندایەوە كە " كۆبونەوەی (18ی شوبات)ی پەرلەمانی كوردستان بەندە بە ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی سیاسی لە نێوان یەكێتی و پارتی وەك یەك پاكێج بۆ هەرێم و بەغداد و كەركوك و پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان". گرێدانی تەواوی كێشەكان پێكەوە لەلایەن یەكێتیەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەكێتی پێی وایە ئەگەر ئێستادا كێشەكانی لەگەڵ پارتی یەكلانەكاتەوە، لەدوای پێكهێنانی حكومەت و پەرلەمان پارتی ملنادات بۆ كێشەكان و خواستەكانی، رەنگە كێشەكانی كەركوك و بەغداد هەروا بەهەڵواسراوەی بمێننەوە. سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند" یەكێتی دەیەوێت رێگری بۆ كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم درووست بكات، بۆیە بیانوو درووست دەكات، ئێمەش چیدیكە چاوەڕیی یەكێتی ناكەین و هەنگاوەكان بە ئاراستەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم دەستپێدەكەین، تا سەر لەسەر یەكێتی ناوەستین و كۆبونەوەكەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین، خۆ ئەگەر یەكێتی نەهات ئەوا شوێنی یەكێتی جێدەهێڵین و پۆستەكانی تر هەڵدەبژێرین". هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان پارتی دیموكراتی كوردستان نەخشەی داهاتووی پەرلەمان و سەرۆكایەتیيەكەی داڕشتووە بەجۆرێك جێگری یەكەمی بۆ خۆی یەكلاكردۆتەوەو پێدەچێت جێگری دووەمیش بۆ پێكهاتەكان بكات بەنەریت و بیچەسپێنێت، هەربۆیە كۆنترۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات و سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت. یەكێتی دركی بەم بەرنامەیەی پارتی كردووە، بەپێی زانیاریيەكانی (درەو میدیا) كە لە سەرچاوەیەكی باڵای ناو یەكێتیيەوە دەستی كەوتووە، یەكێتی سەرۆكی پەرلەمانی بەلاوە گرنگ نیە، تا ئێستاش بە جدی قسەی لەسەر كاندیدەكانی سەرۆكی پەرلەمان نەكردووە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێتی ئەگەر بەدیلێكی باشتری هەبێت لە پۆستە باڵاكاندا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی ناوێت، چونكە پێی وایە لە پەرلەمانێكدا كە پارتی هەردوو جێگرەكەی لابێت و 45 ئەندامی هەبێت و بەشێك لە كۆتاكانی لابێت، سەرۆكی پەرلەمان پێگەیەكی لاوازی دەبێت، یەكێتی لە ئێستادا دەیەوێت بەغداد و كەركوك یەكلابكاتەوە چونكە بۆی روونبوەتەوە پارتی تەواوی پۆستە باڵاكانی هەرێمی بۆخۆی كۆنترۆڵكردووە. بەشداريكردنی یەكێتی لە كۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان بەستراوەتەوە بە كۆبونەوەی رۆژی هەینی نێوان وەفدی یەكێتی و پارتییەوە، ئەگەر لەو كۆبونەوەیەدا گەیشتنە ئەنجام، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێككەوتنی نێوان هەردوولا واژوو دەكرێت و یەكێتی بەشداری دەكات، ئەگەر رۆژی هەینی نەگەنە ئەنجام، ئەوا پارتی كۆبونەوەی 18ی شوبات دەكات و رێگە خۆشدەكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دواتریش راسپاردنى مەسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. پارتی و كێشەی بەرهەم ساڵح سەرچاوەیەكی باڵای لە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە (درەو میدیا)ی راگەیاند، بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئاستی باڵا بەرەسمی بە یەكێتیيان راگەیاندووە، كێشەیان لەگەڵ بەرهەم ساڵح نەماوەو ئامادەن لە شاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆك كۆماری عێراق بكەن، بەڵام یەكێتی بە پارتیيان راگەیاندووە، پێگەی سەرۆك كۆمار پێگەیەكی بەهێزەو پێویستە پێشتر وەفدی مەكتەبی سیاسی پارتی سەردانی سەرۆك كۆمار بكات لە شاری بەغداد وەك هەوڵێك بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیيەكانیان، بەڵام پارتی تا ئێستا ئەو هەنگاوەی نەناوە، پرسی كەركوك لە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی پرسی چارەسەری كێشەی كەركوكیان بەستوەتەوە بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوە، ئەوان چەند جارێك رایانگەیاندووە پرسی كەركوك لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم گرنگترە. رەنگە ئەو پێداگریيەی یەكێتی لەوێوە سەرچاوەی گرتبێت كە باڵی كەركوكیيەكان و باڵی لاهوری شێخ جەنگی لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بەهێزبن و بیانەوێت روداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر تێپەڕێنن بە دانانی پارێزگاری كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، لەلایەكی تریش ئێستا بە هەلێكی باش دەزانن بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ ئەوەی رازی بێت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك، چونكە لە ئێستادا پارتی پێویستی بەیەكێتیيە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و پرۆسەی دانانی سەرۆكایەتی هەرێم كە رەنگە كێشەكە بۆ پارتی و خانەوادەی بارزانیش جدی بێت و نەیانەوێت لەوە زیاتر درێژە بكێشێت. ئەگەرچی پارتی پێشتر هێلی سوری لەسەر ئەو كەسانە هەبوو كە لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێوەگلاون، بەڵام ئێستا هێلە سورەكەی كاڵكردوەتەوە، ئێستا كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركوك رزگار عەلی-يە، پێدەچێت پارتی كەمتر تێبینی لەسەری هەبێت، تەنها تێبێنی دەگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێگای كەركوك بووە، كە زۆر توندبووە بەرامبەر بە پارتی لەو شارە.
درەو میدیا: ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی رایدەگەیەنێت كە پارتی لەماوەی یاساییدا بەبێ یەكێتی نەیتوانی حكومەت پێكبهێنێت، بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكا تاكو ھەوڵی پێكھێنانی حكومەت بدا" ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی لە نوسینێكدا لە پەیجی تایبەتی خۆی دەڵێت: پارتی دەیەوێ لایەنەكان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بكەن، ئەویش كاتێك مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەكاتەوە كە دەڵێ ھەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و بەغدا سێ دۆسیەی لێك جیاوازن تێ دەگا كە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێكی باشتر نیە" دەقی نوسینەكەی ئارێز عەبدوڵا رێككەوتن و ھاوكاری یان تەسلیم بوون ؟ رێككەوتن و ھاوكاری نێوان یەكێتی و پارتی یان ئەو دوو حزبە و حزبەكانی تر بۆ ئەم قۆناغە گرنگە، بەڵام لە ئەنجامی گفتوگۆكان دەركەوت كە پارتی نایەوێ لە پێناوی ھاوكاریكردن و بەیەەكەوە بەرێوەبردنی وڵات لەگەڵ ھیچ لایەنێك رێك بكەوێ، ئەمە لەلایەك و لە لایەكی دیكەش نەیتوانی لەماوەی یاسایی بەبێ یەكێتی حكومەت پێك بێنێ. كەواتە بەپێی یاسا دەبوو پارتی رێگە بۆ قەوارەی دووەم چۆڵ بكا تاكو ھەوڵی پێكھێنانی حكومەت بدا. بەپێی مەسئولیەتی سیاسیش دەبوو بۆ بەرژەوەندی گشتی بە ھەر نرخێك بوایە رێك بكەوێ، بەڵام بەداخەوە. لەجیاتی ئەوەی كە ئەمڕۆ حزبی یەكەمە دەبوو سینگی فراوانتر و مێشكی كراوەتر و مەیدانی گەورەتركردبا، دەیەوێ بە شێوازی خۆی چی دەوێ ئەوە بسەپێنێ. كاتێك مرۆڤ بیر لە دیدی پارتی دەكاتەوە كە دەڵێ ھەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێندراوەكان و بەغدا سێ دۆسیەی لێك جیاوازن تێ دەگا كە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكان و رێككەوتن لە پێناوی ھەڵومەرجێكی باشتر نیە، بەڵكو دەیەوێ لایەنەكان تەسلیم بن و برا گەورەیی لێ قبول بكەن، بەبێ ئەوەی رەچاوی بۆچوونی جیاواز و بەرژەوەندی ئەوانەی تر بكا. ئەمڕۆ ئۆباڵی سەرشانی پارتی گەورەیە ئەگەر بەراستی نەیەتە مەیدان ئەوا بارودۆخەكە بە ئاقارێكدا دەڕوا كە كەس ھیوای بۆ ناخوازێ. ھەر رێككەوتنێكش بەو پێداگرییەی ئێستای پارتی بكرێ تەنانەت ئەگەر حكومەتیش پێك بھێندرێ ئەوا ھەرگیز قەیران و كێشەكان چارەسەر ناكات، بۆیە باشتر وایە پارتی و یەكێتی و ئەوانی تریش بیر لە رێككەوتنێكی تری پێویست بۆ خەڵكی كوردستان بكەینەوە نەك سەپاندنی سیاسەت و ئیرادەی تاقە لایەن كە ئەزموون لە مەیداندا شكستەكەی نیشانداوە.
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت- محەمەد رەئوف لە كابینەی نوێی حكومەتدا، رێژەی (95%)ی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەبێت، دۆسیەكانی (نەوت، ئاسایش، هێزی چەكدار، پەیوەندی دەرەوە، دەسەڵاتی دادوەریی) لای پارتی دەبن. دانوستانەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم لە قۆناغی كۆتاییدان، بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوەو دەستەی نوێی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. ئەگەر كۆبونەوەی پەرلەمان لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت كە پارتی دیموكراتی كوردستانو یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەری رێككەوتوون، یەكەمین هەنگاوی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا كۆبونەوەكەی پەرلەمان لە 18ی مانگدا بەڕێوەدەچێت یاخود نا؟ لە نوێترین پەرەسەندندا، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوەوە، لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كۆبونەوەی رۆژی 18ی مانگی پەرلەمانی وابەستەكردووە بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان پارتیو یەكێتی لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمو دۆسیەی بەغدادو كەركوك، بە یەك پاكێج. یەكێتیو گۆڕان چۆن بەشدار دەبن؟ ئەوەی تائێستا لە دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەخوێندرێتەوە ئەوەیە، پارتی هاوشێوەی كابینەكانی پێشتر هەموو جومگە سەرەكییەكانی حكومەتە نوێیەكە لای خۆی دەهێڵێتەوە. یەكێتی نیشتمانی كە لەسەرەتاوە بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لە دەرەوەی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ لایەنە كوردییەكان سەركەوتنی بەدەستهێنا، ئێستا باجی سەركەوتنەكەی وەردەگرێتەوەو لە پێناو زامنكردنی پۆستی وەزارەتی دادی عێراقو پۆستی پارێزگاری كەركوك، باج بە پشكەكانی خۆی دەدات لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمدا. بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لە كابینەی پێشوودا چەند پۆستێكی گرنگو هەستیاری وەک (سەرۆك پەرلەمان- وەزارەتی دارایی- وەزارەتی پێشمەرگە- وەزارەتی بازرگانی) وەرگرتبوو، لە كابینەی نوێدا بەشێكی زۆری پشكەكانی خۆی لەدەستدەدات. ئەمە بەشێكی پەیوەندی بە كەمبونەوەی دەنگەكانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە هەیە لە هەڵبژاردندا، بەشەكەی تری پەیوەندی بەو كێشانەوە هەیە كە لە خولی پێشووی پەرلەماندا رویاندا، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە پارتی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانو جومگە هەستیارەكانی تردا هیچ پۆستێك بە بزوتنەوەی گۆڕان نادات. "شەراكەتی راستەقینە" لەدوای دەستپێكردنی دانوستانەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتەوە، یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام لە بەیاننامەو لە رێگەی میدیاكانەوە جەخت لەسەر چەمكی "شەراكەتی راستەقینە" دەكەن، چەمكی "شەراكەت" لە كۆتایی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هاتوەتە ناو فەرهەنگی سیاسییەوە. لەدوای ساڵی 2005و گواستنەوەی سەنگی یەكێتی لە هەرێمەوە بۆ بەغداد، یەكێتییەكان بەردەوام گلەییان لەوە هەبووە، حزبەكەیان لە حكومەتی هەرێمدا شەریكی راستەقینە نییەو پارتی زۆرینەی جومگەكانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بزوتنەوەی گۆڕانیش لە چوار ساڵی یەكەمی ئۆپۆزسیۆنبوونیدا بەردەوام لە میدیاكانییەوە جەختی لەسەر ئەو لاسەنگییە دەكردو وەكو تیری تانە ئاڕاستەی جەستەی یەكێتی دەكردو تۆمەتباری دەكرد بەوەی لەبەرامبەر پارتیدا چۆكی داداوە. دوای 14 ساڵ لە دەستپێكردنی ناڕەزایەتی لەبارەی چەمكی "شەراكەتی راستەقینە"، هێشتا یەكێتیو گۆڕانەكان خەمی گەورەیان شەراكەتی راستەقینەیە لە كابینەی نوێی حكومەتدا. شەراكەتی راستەقینە لەكابینەی نوێدا ! پارتی دیموكراتی كوردستان ئێستا زۆرینەی جومگە سەرەكییەكانی دەسەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بەدەستەوەیەو بەنیازە لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم نەخشەیە وەكو خۆی بهێڵێتەوە. لە كابینەی نوێی حكومەتدا ئەم دەسەڵاتانە هەر لە دەستی پارتیدا دەمێننەوە: * سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (دەسەڵاتی جێبەجێكردن) * فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی هەرێم (بەپێی ماددەی سیانزەیەمی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكی هەرێم فەرماندەی هێزە چەكدارەكانە، واتە ئەگەر پارتی پۆستی وەزارەتی پێشمەرگە بە هەر لایەنێكی تریش بدات، فەرماندەیی هێزی چەكدار هەر لەدەستی خۆیدا دەمێنێتەوەو سەرۆكی هەرێم بڕیاردەری یەكەم دەبێت) * ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان (دەسەڵاتی ئەمنی هەرێم) * نەوتو سامانە سروشتییەكان (دەسەڵاتی دارایی، بەوپێیەی نەوت سەرچاوەی سەرەكی داهاتی هەرێمی كوردستانە) * پەیوەندییەكانی دەرەوە * دەسەڵاتی دادوەری هەموو ئەم دۆسیەیانە كە لە كابینەی نوێدا لەدەستی پارتیدا دەمێننەوە، وادەكات پارتی بڕیاردەری یەكەم بێتو ئاڕاستەی بڕیارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بكات. تاكە دەسەڵاتێك كە پارتی سەرۆكایەتییەكەی جێهێشتووە بۆ یەكێتی، پەرلەمانی كوردستانە، لەم جومگەیەشدا، پارتی زامنی جێگری یەكەمو دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كردووە، تاوەكو لەو دامەزراوەیەوە حكومەتی داهاتووی مەسرور بارزانی روبەڕووی هیچ هەڕەشەو بەربەستێك نەبێتەوە لە بڕیارەكانیدا، هاوكات بەپێی یاسا پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیش دەسەڵاتی تەواوەتی بڕیاردانی نییەو دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان (سەرۆكی پەرلەمان، جێگری یەكەم، جێگری دووەم) پێكەوە بڕیار لەسەر پرسەكانن دەدەن. شەراكەت بەپێی كورسی پارتی دیموكراتی كوردستان براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پەرلەمانی كوردستان بوو كە 30 ئەیلولی ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، پارتی لەو هەڵبژاردنەدا (45) كورسی بردەوە، یەكێتی نیشتمانی لە پلەی دووەمدا هاتو (21) كورسی بردەوە، لە پلەی سێیەمیشدا بزوتنەوەی گۆڕان (12) كورسی پەرلەمانی بردەوە. بەتەواوی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانەوە (111 كورسی)، پارتی رێژەی 40%ی پەرلەمانی كوردستانی بەدەستەوەیە، لەبەرامبەردا یەكێتیو گۆڕان پێكەوە 30%ی كورسییەكانی پەرلەمانیان هەیە، ئەگەر كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات، رێژەی كورسییەكانی یەكێتیو گۆڕانو كۆمەڵ دەبێت بە 36%ی كۆی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان. پارتی بەرێژەی 40%ی كورسییەكانی پەرلەمانەوە زۆرینەی جومگەكانی دەسەڵات دەبات، بەڵام ئەو سێ لایەنە پێكەوە بەرێژەی 36%ی كورسییەكانەوە جگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، هیچ دەسەڵاتێكی ئەوتۆیان لەدەستدا نابێت. بە لەبەرچاوگرتنی هاوكێشەی دابەشكردنی دەسەڵاتەكانو بەراوردكردنیان بە كورسییەكان پەرلەمانی كوردستان، دەردەكەوێت یەكێتی نیشتمانیو بزوتنەوەی گۆڕانو رەنگە كۆمەڵی ئیسلامیش، "بەشداری" لە كابینەی نوێی حكومەتدا دەكەن، نەك "شەراكەت"و هاوبەشی لە دەسەڵاتو بڕیاری سیاسی.
سەرتیپ وەیسی كەریم ئەو بابەتانەی هەفتەی ڕابردوو، لە نێوانی پارتی و یەكێتیی بووە بڕیارو ڕێككەوتنی لەسەركرا، خەریكە لە باردەچێت، ئەمەش دوای ئەوە دێت پارتی پاشەكشەی كرد، لەسەر ڕازیبوون بە داواكارییەكانی یەكێتیی، لەبارەی پارێزگاری كەركوك و مامەڵەكردن لەگەڵ بەرهەم ساڵح و بەشێك لە ناوەڕۆكی ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان . یەكێتیی پێیوایە: پارتی دەستی داوەتە جۆرێك لەیاری و فشاردروستكردن، بە تایبەت دوای ئەوەی ئەو حزبە هەوڵەكانی دەستپێكردوە، تاوەكو بەبێ یەكێتیی كۆبوونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمان ئەنجامبدات، لەبەرامبەردا پارتیش پێیوایە : سازشی زۆریان بۆ یەكێتیی كردوە، بەڵام ئەوان كۆبوونەوە دوای كۆبوونەوە مەرجەكانیان لەسەر پارتی زیاد دەكەن. ئێستا مەرجی سەرەكی یەكێتیی ئەوەیە: بەر لە دانیشتنی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستان، پرسی كەركوك یەكلابكرێتەوە، مەرجی لاوەكیشی واژووكردنی ڕێككەوتنی سیاسی و مامەڵەكردنە لەگەڵ بەرهەم ساڵح. پرسیاری هەرە سەرەكی ئەوەیە، ئایە پارتی لە ڕۆژی 18ی شوبات بەبێ یەكێتی دانیشتنی پەرلەمان سازدەكات ؟ ئەگەر ئەو كارەی كرد پاشان چی ڕوودەدات ؟ پلانی پارتی ئەوەیە ئەگەر یەكێتیی نەیەتە پێش تاوەكو ئەو بەروارە، ئەوا لە 18ی شوبات، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبێ سەرۆك هەڵبژێرێت، پاشان دەستبكرێت بە هەمواری یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەمەش دیسانەوە هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی دیكەی چەقبەستووی سیاسی. بە نسبەت یەكێتی سەرۆكی پەرلەمان گرینگی ئەوتۆی نییە، كەركووك بەلای ئەوانەوە گرینگە، لە هەنگاوەكانی پارتیش ئەوەدەخوێندرێتەوە، كە ئەوان نایانەوێ بابەتەكانی هەرێم و بەغدا بەیەكەوە تێكەڵ بكرێت و دەیانەوێ جیایبكەنەوە، ئەم كارەشیان بۆئەوەیە یاری بكەن و فشاربخەن سەر یەكێتیی، تاوەكو لەو چەند ڕۆژەدا سازش بە یەكێتیی بكەن.
( درەو میدیا): كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە هەڵوەشاندنەوەی "هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی" پەسەندكرد. رزگار محێدین، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئەنجومەنی كۆمسیاران ئەمڕۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریی پەسەندكرد لەسەر داوایەك كە لەلایەن ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ئەو حزبەوە پێشكەشكرابوو". رونیشیكردەوە ئەنجومەنی كۆمسیاران بە گوێرەی مادەی 31ی یاسای حزب و رێكخراوە سیاسییەكانی ژمارە 36ی ساڵی 2015 هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانی پەسەندكردووەو لە دەقەكەیدا هاتووە هەموو حزبێكی سیاسی بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمە لە كاتێكدایە كە بەشێك لە ئەندامانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری حزبێكی نوێیان درووست كرد بەناوی( هاوپەیمانی نیشتیمانی) و ئارام قادر سەرۆكی حزبەكەیە. هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری ئێستای عێراقەوە دامەزرێنرا و لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداریكرد ودوو كورسی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە گەڕایەوە ناو یەكێتی و بووە سەرۆك كۆماری عێراق و پلەكەی خۆی جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتی بەدەستهێنایەوە. ئەمە
(درەو میدیا): ئەمرۆِ هێزێكی پێشمەرگە لە سنوری نێوان قەزای كفریو دووزخورماتوو گەڕایەوە بۆ ئەو ناوچانەی كە بەر لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر تێیدا جێگیربووبوو، بەڵام ئاڵای كوردستانیان پێداگرتن. ئەو هێزەی كە ئەمڕۆ جوڵەی كرد، لیوای (136)ی هێزەكانی (70)ی پێشمەرگەیەو لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا لەنێوان سوپای عێراقو وەزارەتی پێشمەرگە گەڕانەوەتەوەو نزیكەی (3 كیلۆمەتر) چوەتەپێشەوە. ئەو شوێنەی كە هێزەكەی پێشمەرگەی بۆ گەڕاوەتەوە، چەند بارەگایەكە كە پێشترو لەسەردەمی شەڕی دژ بە "داعش" بەدەست پێشمەرگەوە بووە، بەڵام دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچەكە لە 16ی ئۆكتۆبەردا، سوپای عێراق دەستی بەسەر ئەو بارەگایانەدا نەگرتووەو وەكو ناوچەیەكی چۆڵ كە هیچ هێزێكی ئەمنی تێدا نەبووە، ماوەتەوە. لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (درەو میدیا)، لیوا حاجی عوسمان فەرماندەی لیوای (136)ی هێزەكانی (70)ی پێشمەرگە رایگەیاند:" ئێمە بە رەزامەندی سوپای عێراق گەڕاوینەتەوە بۆ شوێنەكانی پێشتری خۆمان، بۆ ئەوەی چەكدارانی داعش سود لەو بۆشاییە وەرنەگرن كە نە ئێمەی تێدابوین، نە سوپای عێراق". ئاماژەی بەوەكرد" گەڕانەوەیان بۆ ناو ئەو بارەگایانە لەچوارچێوەی ئەو رێككەوتنە گشتییەدا نییە كە بڕیارە لەنێوان هەرێمی كوردستانو بەرپرسانی بەغداد بكرێت بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان". بەپێی زانیارییەكانی (درەو میدیا)، لەكاتی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە، بەرپرسانی سوپای عێراق ناڕەزاییەتیان دەربڕیوە لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەلایەن هێزەكەی پێشمەرگەوە. لیوا حاجی عوسمان بە (درەو میدیا)ی وت:" ئێمە بەبڕیاری خۆمان ئاڵای كوردستانمان هەڵنەكرد، بۆ ئەوەی لەم سەرەتایەوە هەستیاریی لەنێوانماندا دروست نەبێت". بەڵام لە رونكردنەوەیەكدا ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە هیچ یەكەیەكی هێ.ەكانی پێشمەرگە جوڵەی پێكرابێت و هێزی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە بۆ نزیك خورماتوو دەقی روونكردنەوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە: هەندێك لەهۆكارەكانی راگەیاندنو لەسەر زمانی فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگەو كەسانی دیكە هەواڵی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ نزیك دوزخورماتوو یان جوڵەپێكردنی دوو فەوجی هێزەكانی پێشمەرگە بەرەو فەلوجە بڵاوكراوەتەوە. ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە ئەو هەواڵانە بەگشتی رەتدەكەینەوەو جەختدەكەینەوە كە نەهیچ یەكەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە جوڵەی پێكراوەو نەفەرمانی جوڵە كردنیشی هەیە بۆهیچ یەكەیەكو گشت هێزەكانی پێشمەرگە لەبنكەو بارەگاو هێڵی سەرەكی بەرگریو شوێنەكانی خۆیاننو بۆئاگاداری هەموو لایەك كە هەرهەواڵێك لە هەرسەرچاوەیەك بلاوبكرێتەوە فەرمی نەبێتو لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە وە رێگاپێدراو نەبێت هەواڵی ناڕاستەو بێ بنەمایەو پەسەند نییە. فەریق جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە
راپۆرتی: سەرتیپ وەیسی كەریم دوای ئهوهی له ئهنجامی كۆبوونهوهكانی ڕابردووی پارتی و یهكێتیی، بڕیاری كۆبوونهوهی 18ی شوباتی پهرلهمانی كوردستان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوكی لێكهوتهوه، له ئێستادا ئهو بڕیارانه ڕووبهرووی چهند گرفتێك بۆتهوه، ههربۆیه ئهگهری ههیه كۆبوونهوهی پهرلهمان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك له كاتی خۆیدا ئهنجامنهدرێت، یاخود بهتهواوی ناوهڕۆكهكهی جێبهجێنهكرێت. یهكێك له ڕێگرییهكانی كۆبوونهوهی پهرلهمانی كوردستان، یهكلاینهبوونهوهی یهكێتیه بۆ دیاریكردنی كاندیدی سهرۆكی پهرلهمان، چونكه ههردوو كاندیدهكه ( ڕێواس فایهق و بێگهرد تاڵهبانی) لهڕووی خاڵی لاوازو بههێزیان بۆ بوون بهسهرۆكی پهرلهمان لهیهكهوه نزیكن، بۆیه ئاسان نابێت سهركردایهتی و مهكتهبی سیاسی ئهو حزبه ئهو پرسه لهماوهی ههفتهیهكدا یهكلابكهنهوه. بهشێك له یهكێتی لهگهڵ ئهوهدان، مهكتهبی سیاسی كاندیدی سهرۆكی پهرلهمان یهكلابكاتهوهو بهشێكیش لهگهڵ ئهوهن له كۆبوونهوهی ئهنجومهنی سهركردایهتی ئهم كارهبكرێت، بۆچوونێكی دیكهش ئهوهیه ئهوبابهته له نێو پهرلهمان چارهسهبكرێت، ئهوان سهرپشك بن كێ دهبێته سهرۆك لهو دوو كاندیدهی یهكێتیی. تاوهكو ئێستا بڕیاری 18ی شوبات، كه وادهی كۆبوونهوهی پهرلهمانه وهك خۆیهتی، بهڵام ئهگهر له حاڵهتێكدا ئهو كۆبوونهوهیه ئهنجامنهدرێت، ئهگهری ههیه دانیشتنهكهو ههڵبژاردنی دهستهی سهرۆكایهتی پهرلهمان ههفتهیهك دوابخرێت. یهكێتیی لهگهڵ ئهوهیه ههردوو كۆبوونهوهكهی پهرلهمان و ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك لهیهك ڕۆژدا ئهنجامبدرێت، بۆیه ئهگهر پارتی گرفت بۆ دانیشتنی ئهنجومهنی پارێزگای كهركوك دروستبكات، ئهوانیش كۆبوونهوهی پهرلهمان پهكدهخهن. بههۆی ناڕهزایی لایهنه توركمانی و عهرهبییهكان و ترسی تهواونهبوونی رێژهی یاسایی بۆ ئهنجامدانی كۆبوونهوهكه، ئهگهری زۆره كۆبوونهوهكهی ئهنجومهنی پارێزگای كهركووك ،كه وابڕیاربوو له ڕۆژی 18هی شوبات ههولێر ئهنجامبدرێت، بگۆڕدرێت به دانیشتنی لیستی برایهتی له ههولێر، كه ئهمهش دیسانهوه دهبێته گرفت لهبهردهم ڕێككهوتنی پارتی و یهكێتیی. پارتی و یهكێتیی و ههندێك له ئهندامانی ئهنجومهن، لهگهڵ ئهوهدان لهو كۆبوونهوهی لیستی برایهتی بڕیار لهسهر كۆبوونهوهی ئهنجومهنی پارێزگا بدرێت. بهشێك لهیهكێتیی به هیچ شێوهیهك لهگهڵ ئهوهدانین كۆبوونهوهی ئهنجومهنی پارێزگا له ههولێر ئهنجامبدرێت، چونكه لهڕووی سیاسی و یاسایهوه كێشه دروستدهكات، بهپێچهوانهی ئهمهش ههندێك پێیانوایه: پێویسته ئهو كۆبوونهوهیه له ههولێر ئهنجامبدرێت، تاوهكو بهرپرسیاریهتهكه بهتهواوی بكهوێته ئهستۆی پارتی و به ناچاری و بهزوویی به دانانی پارێزگار ڕازیبێت. پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادهنییه، تهنها یهك كاندید له یهكێتیی وهرگرێت بۆ پۆستی پارێزگار، مهرجیان ئهوهیه چهند كاندیدێك پێشكهشبكرێـت، پاشان بهیهكهوه لهسهر كهسێك ڕهزامهندی دهرببڕن. لهبارهی رێككهوتنی سیاسی نێوانیان، كه وابڕیاره لهم ههفتهیهدا له نێوان شاندی باڵای ههردوولا واژووبكرێت، له ئێستادا ڕهشنووسی ئهو رێككهوتنه كۆتایی پێهاتووهو ههر ئهمڕۆش مهكتهبی سیاسی لهسهر ئهو مهسهلهیه كۆبۆوه، چاوهڕێدهكرێت ڕهزامهندی كۆتایی لهسهر بدرێت. سهبارهت به بزوتنهوهی گۆڕان بهرپرسانی پارتی ئاماژهبهوهدهكهن: گۆڕان لاری نییه لهو نزیكبوونهوهی پارتی لهگهڵ یهكێتیی، ههر ههنگاوێكی نزیكبوونهوهی پارتی لهگهڵ یهكێتیی گۆڕانی لێ ئاگاداركراوهتهوه. ڕێككهوتنی پارتی و گۆڕان لهبارهی بهژداریكردنی گۆڕان له حكومهتی نوێ، كێشهی گهورهی لهبهردهمدا نییه، چونكه لهدوای گهیشتنی پارتی به ئهنجامێك لهگهڵ یهكێتیی، لهماوهیهكی كهمدا دهتوانن لهگهڵ گۆڕانیش ڕێككهوتنی كۆتایی ئهنجامبدهن.
( درەو میدیا): فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركوك پێكدەهێنرێتەوە و هێزی پێشمەرگەش بەشدار دەبێت تێیدا. سەرچاوەیەكی سەربازیی ئاگادار، ئەمڕۆ یەكشەممە بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە كە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركوك پێكدەهێنرێتەوە و لیوا روكن سەعد حەربیە فەرماندەیی دەكات و بارەگاكەشی لە بنكەی " كەی وەن" دەبێت لەباكوری خۆرهەڵاتی كەركوك. ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، هەریەك لە هێزەكانی پێشمەرگە، دەزگای دژە تیرۆری عێراق، فیرقەی تایبەت و راوێژكارانی سوپای ئەمریكا بەشداردەبن لەو فەرماندەییەدا. رۆژی سێشەممەی رابردوو، بە فەرمانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی باڵای هێزە چەكدارەكان، هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق لە كەركوك پاشەكشێیانكرد و دۆسیەی ئەمنی پارێزگاكە رادەستی فەریق روكن كەریم تەمیمی، فەرماندەی فیرقەی تایبەت كرا.
( درەو میدیا): وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی ئەمیر كینانی، راوێژكاری سەرۆكایەتی كۆمار دەداتەوە كە رایگەیاندبوو "ئێران بۆ سەرخستنی كاندیدی مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار بدات". مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت:" ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆك كۆمار، دەبوو بە سەرۆك كۆمار". دەقی راگەیەندراوەكە: وەڵامێك بۆ ئەمیر كینانی ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق قسەكانی ڕاوێژكاری سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق (ئەمیر كینانی) لەبارەی بابەتی سەرۆككۆمار و بارزانی و پارتی لەگەڵ تەلەفزیۆنی ئەلعێراقیە جێگەی سەرسووڕمانە. پێدەچێ ئەو كابرایە لەوەتای بووەتە ڕاوێژكار، ھەوڵی گەوجاندن و شۆردنی مێشكی درابێت. لە وەڵامی قسە ناڕاستەكانیشیدا دەڵێین، ئەگەر ئێران حەزی لێ نەبا و نەیویستبا نە بەڕێزت ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆك كۆمار دەبووی و نە ئەوەی ئێستا بووەتە سەرۆك كۆمار، دەبوو بە سەرۆك كۆمار. مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
( درەو میدیا): ئەمیر كینانی، یەكێك لە سەركردەكانی رەوتی سەدر رایگەیاند ئێران لە پێناوی ئەوەی كورسی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ كاندیدەكەی مەسعود بارزانی بێت، ئامادەبووە 100 ملیۆن دۆلار بدات. كینانی لە بەرنامەیەكدا لە كەناڵی عێراقییە وتی:" مەسعود بارزانی بە ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی زیادەڕەوی كرد و ئەمریكاش پشتی تێكردو دوای شكستهێنانی پرۆژەكەی ئێران گرتییە خۆی، و بە ئێرانییەكانی وت لەگەڵتاندا رێكدەكەوم بە مەرجێك هەموو دەستكەوت و ئیمتیازاتەكانم بۆ بگەڕێننەوە بۆئەوەی گەلی كورد قایل بكەم كە پاڵەوان بووم لە پرۆژەكەمەدا". كینانی لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتیشی:" رێكەتنی سیاسی لەگەڵ ئێراندا بوو پاشان بوو بە رێككەوتن لەگەڵ هاوپەیمانی بونیاتناندا، دەقی رێككەوتنەكە دەڵێت كە سەرۆكایەتی كۆمار پشكی بارزانی دەبێت، بەڵام شكستیهێنا، چونكە هێزەكانی بونیاتنان رەتیانكردەوە سەرۆكایەتی كۆماری بدەنێ و دەستكەوتنی چەند وەزارەتێكیان لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی هەڵبژارد". ئەو سەركردەی رەوتی سەدر ئاشكراشیكرد ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕی 100 ملیۆن دۆلار بدات بە ركابەرەكانی كاندیدەكەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەوان رەتیانكردەوە و ئەوەبوو بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرا.
( درەو میدیا): سوپای ئەمریكا كۆتایی مانگی نیسانی داهاتوو بە تەواوەتی لە سوریا پاشەكشێ دەكات، ئەوەش بە گوێرەی چەند بەرپرسێكی ئێستا و پێشووی سوپای ئەمریكا كە قسەیان بۆ رۆژنامەی " وۆڵ ستریت جۆرناڵ" كردووە. ئەو بەرپرسانە ئاشكراشیانكردەووە كە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار بەشێكی زۆری سوپای ئەمریكا لە سوریا پاشەكشێ دەكات و كۆتایی مانگی نیسان پرۆسەكە بە تەواوەتی كۆتایی دێت. هاوكات بەرپرسێكی ئەمریكی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی " رۆیتەرز"ی راگەیاند پاشەكشێی سوپای ئەمریكا لە سوریا بنكەی " تەنەف" یش دەگرێتەوە كە خاڵی سنوریی بەیەكگەیشتنی سوریا و عێراق و ئوردنە. لایخۆشیەوە بەرپرسێكی توركیا رایگەیاند ئەمریكا هیچ زانیارییەكی دەربارەی كاتی كۆتاییهاتنی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا نەداوەتە ئەنكەرە. بەرپرسێكی هێزەكانی سوریای دیموكراتیش لە لێدوانێكیدا بۆ رۆیتەرز وتی:" ئەوەی دەیزتنین هەتائێستا هیچ پاشەكشێییەك نەبووە، دۆخەكە لەسەر زەویی وەك خۆی وایە، هیچ گفتوگۆیەك بۆ دیاریكردنی وادەیەك یان سەقفێكی زەممەنی بۆ كشانەوەكە لە ئارادا نیە".