موچە چۆن دابەشدەكرێت..؟
2020-08-16 09:04:39
درەو:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پارەكەی بەغدادەوە (695 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بۆ (894 ملیار) دیناری كۆی موچە، ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە، ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو موچە بە 21%ی لێبڕینەوە دابەش دەكرێت، چاوەڕەوان دەكرێت سبەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەو پرسە كۆببێتەوە.
شەوی رابردوو لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بریاریدا تا 31/12/2021 مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لەبەرامبەر (50%)ی داهاتی خاڵە سنورییەكان و ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری و دەستەی گومرگەكانی عێراق بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان.
بە ناردنی (320 ملیار) دینارەكەی بەغداو داهاتی ناوخۆ و نەوت و پارەی هاوپەیمانیشەوە حكومەت ناتوانیت موچەی تەواوەتی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بدات.
بەپێی زانیارییەكانی (درەو) لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا راگەیەنراوە كە حكومەتی هەرێم (375 ملیار) دیناری بۆ موچە لەبەردەستە، لەگەڵ (320 ملیار) دیناری كە بڕیارە بەغداد بینێرێت، دەكاتە ( 695 ملیار) دینار، كۆی موچەی موچەخۆران پێویستی بە (894) ملیار دینارە، واتا نزیكەی (200 ملیار) دینار كورتهێنانی دەبێت بەڕێژەی (22%).
بڕیارە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی رۆژی چوار شەممە پێش بخات و گفتوگۆ لەسەر شێوازی دابەشكردنی موچە بكات و لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشكردنی موچە بكات.
ئۆپشنەكانی شێوازی دابەشكردنی موچە:
یەكەم: بەپێی ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەستی حكومەتە (695 ملیار) دینار و كورتهێنانی (200 ملیار) دینار واتا رێژەی (22%) كورتهێنان هەیە، ئەگەر مەسرور بارزانی وەك لە كۆبونەوەی چوارشەممەی رابردوودا بەڵێنی دابوو بڕێك پارە قەرزبكات، (200 ملیار) دینار قەرز بكات، ئەوا موچە بەبێ پاشەكەوت دابەش دەكرێت.
دووەم: ئەگەر مەسرور بارزانی نەچێتە ژێر باری قەرزەوە ئەوا هاوشێوەی مانگی پێشوو بۆ موچەی مانگی ئازاریش بە لێبڕینی (21%)ەوە موچە دابەش دەكرێت.
سێیەم: بە لێبڕینی 50%ی موچەی پلە تایبەتییەكان و رێوشوێنەكانی یاسای چاكسازی، بەشێك لەو كورتهێنانە چارەسەر بكات و لەگەڵ قەرزێكی (100 ملیۆن) دۆلاری، چاوەڕەوان دەكرێت حكومەت بتوانێت بە بێ لێبڕین موچەی موچەخۆران دابەش بكات.