Draw Media

كازمی لە پارتی نیگەرانە "بەكوردی جنێو دەدەن‌و بە عەرەبی دەپارێنەوە"

كازمی لە پارتی نیگەرانە "بەكوردی جنێو دەدەن‌و بە عەرەبی دەپارێنەوە"

2020-08-10 17:53:18



راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
موچەخۆران چاویان لە حكومەتە موچەیان پێبدات، حكومەتی هەرێمیش چاوی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقە پارە بنێرێت، كازمیش نیگەرانە لە پارتی‌و دەڵێ" بە كوردی جنێوم پێدەدەن‌و بە عەرەبیش دەپاڕێنەوە".

لەنێوان ئەم چوون‌و نەچوونەدا ! 
بڕیارە بەمزاوانە جارێكی تر وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێتەوە بەغداد بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی نەوت‌و موچە.
رۆژی  28ی مانگی رابردوو، بەغداد پێشنیازێكی نوێ بۆ رێككەوتن ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كرد‌و حكومەتی هەرێمیش وەڵامی دایەوە، بڕیار بوو هەر ئەوكات وەفدی هەرێم بچێتەوە بۆ بەغداد، بەڵام نەچوو، لەنێوان ئەم چوون‌و نەچوونەدا چی هەیە ؟

كازمی لە پارتی نیگەرانە !
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە چەند سەرچاوەیەكەوە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەست (درەو) كەوتوون، تیمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەمدواییە ژمارەیەك بابەتیان لە میدیا‌و سۆسیال میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆكردوەتەوە كە تێیاندا هێرش دەكرێتەسەر مستەفا كازمی.
كازمی بڵاوكراوەكانی پارتی بینیوە‌و توڕە بووە، یەكێك لە كەسە نزیكەكانی كازمی بە (درەو)ی راگەیاند، مستەفا كازمی سەرسوڕمانی خۆی نیشانداوە لەوەی لەلایەن میدیاكانی پارتییەوە هێرشی دەكرێتەسەرو وتویەتی:" پارتی وەكو یەكەم لایەن پشتیوانی خۆی راگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەو ببێت بە سەرۆك وەزیران، پێی سەیرە ئێستا بەو شێوەیە قسەی لەسەر دەكەن".
بەگوێرەی زانیارییەكان، دوای بینینی ئەو هێرشانەی پارتی لە میدیاكانەوە، كازمی ئێستا ساردبوەتەوە لە پێشوازیكردن لە وەفدی حكومەتی هەرێم‌و وەكو ئاماژەیەك بۆ رێككەوتنی نێوان بەغدادو هەرێم وتویەتی:"بە عەرەبی دەپاڕێنەوە‌و بە كوردی جنێومان پێدەدەن".
(درەو) زانیویەتی، مستەفا كازمی لەڕێگەی فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەی حكومەتەكەیەوە، گلییەكانی لەوبارەیەوە بە پارتی‌و حكومەت گەیاندووە لەناویاندا نێچیرڤان بارزانی.
هۆكاری بەشێكی تری نیگەرانی‌و توڕەیی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، سەرباری ئەوەی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە هەرجۆرێك بێت رێككەوتن لەگەڵ بەغداد بكات‌و مانگانە بڕە پارەیەكی دەستكەوێت، بەڵام تائێستا مەسرور بارزانی خۆی وەكو سەرۆكی حكومەت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی رێككەوتنەكە نەچووەتە بەغداد.
وەفدی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی مستەفا كازمی، لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە سەرۆكایەتی دەكرێت‌و ئەندامانی وەفدەكە پێكهاتوون لە هەریەكە لە (ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، دارا رەشید وەزیری پلاندانان، ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەیوەندی نێوان هەرێم‌و بەغداد)، ئەم وەفدە هیچ كاتێك لەسەردانەكانیاندا بۆ بەغداد بڕیاری یەكلاكەرەوەی هەرێمیان بۆ رێككەوتن لانەبووە‌و بەردەوام گەڕاونەتەوە بۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت.

لەبارەی رێككەوتنەكەوە !
دواین پرۆژەی پێشنیاز بۆ رێككەوتن لەنێوان بەغدادو هەرێمی كوردستان پرۆژەیەكە كە داوا دەكات بەغداد مانگانە بڕی (300 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان رێژەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان‌و دامەزراوە فیدراڵییەكان رادەستی حكومەتی ناوەندی عێراق بكاتەوە.
ئەمە تەنیا بە زارەكی كراوە‌و كازمی رەزامەندی لەسەرداوە، بەڵام تائێستا نەبووە بە رێككەوتنێكی نوسراو ‌و دیاریش نییە وەفدی حكومەتی هەرێم كەی دەگەڕێنەوە بۆ بەغداد، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئەمجارە مستەفا كازمی توڕەو نیگەرانە لێیان.
لەلایەكی ترەوە، هەر جۆرە رێككەوتنێكی نێوان حكومەتی مستەفا كازمی‌و كابینەی مەسرور بارزانی دەبێت بخرێتە ناو یاسای بودجەوە‌و لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت، بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ئەو رێككەوتنە زارەكییەی كە بەمدواییە بەنێوەنگیری بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری لەنێوان حكومەتی هەرێم‌و مستەفا كازمیدا كراوە، تائێستا بە فەرمی نەچووەتە بەردەم لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق‌و سەرباری ئەوەش تەنیا بەبیستنی زانیارییەكی لەو جۆرە ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە ناڕازین لەوەی لەم دۆخەدا كە عێراق دوچاری قەیرانی دارایی بوەتەوە، حكومەتی مستەفا كازمی مانگانە تەنیا لەبەرامبەر نیوەی داهاتی گومرگەكاندا بڕی (300 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەمە لەكاتێكدایە حكومەتی هەرێم ئەو (300 ملیار) دینارە بەكەمدەزانێت‌و دوای بڕێكی زیاتر دەكات.
بەڵام ئەگەر بگەنە رێككەوتن، كازمی بەڵێنیداوە رێككەوتنەكە لەگرێمەو كێشەی پەرلەمان رزگاربكات بەوشێوەیەی رێككەوتنەكە كاتیی بێت‌و بۆ ئەم چەند مانگانەی ساڵی 2020 بێت‌و رێككەوتنی گشتگیری نێوان هەرێم‌و بەغداد بخرێتە ناو چوارچێوەی یاسای بودجەی 2021وە.
بەغداد هاوشێوەی هەرێمی كوردستان بەهۆی قەیرانی كۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە دوچاری قەیرانی دارایی هات، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران توانی موچەی موچەخۆران لە قەیرانی دارایی رزگاربكات، بەڵام حكومەتی هەرێم بەبێ رێككەوتن‌و دەستخستنی بڕە پارەیەكی مانگانە، تەنانەت ئەگەر نرخی نەوتیش وەكو پێش كۆرۆنای لێبێتەوە، ناتوانێت خەرجی موچەی موچەخۆران دابین بكات، ئەمە جگە لە خەرجی وەزارەتەكان.
لە ئەگەری رەوانەكردنی هەر بڕە پارەیەكی مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان بەبێ رادەستكردنی نەوت، مستەفا كازمی دەكەوێتە ژێر فشاری شەقام‌و لایەنە سیاسییەكانی شیعە، دۆخەكەش بۆ فشاركردن لە كازمی لەبارەو عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنێكی پێشوەختەدایە لە مانگی شەشی ساڵی داهاتوودا، لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ كارتێكی فشاری ئەوتۆی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغداد نییە‌و دانوستانەكانی زیاتر چوەنەتە چوارچێوەی "پارانەوە لە بەغداد"، بەتایبەتی كە لەم كاتەدا بۆ دابینكردنی موچەی مانگانە كەوتوەتە ژێر فشارو ناڕەزایەتی شەقامەوە.
لەسەرەتای دانوستانی كابینەی مەسرور بارزانیدا لەگەڵ حكومەتی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، حكومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕی هەموو داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات لەبەرامبەر وەرگرتنی (600 ملیار) دیناری مانگانە، حكومەتی كازمی ئەم پێشنیازەی رەتكردەوە، حكومەتی كازمی هاوشێوەی كابینەكانی پێشتری عێراق لەوە تێگەیشتووە، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان دۆسیەیەكی پڕ گرێوگۆڵە‌و هەموو لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمدا نییە‌و بەشێكی لای توركیا‌و بەشەكەی تری لای روسیاو كۆمپانیاكانی نەوتەو چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم دۆسیەیە لە تەمەنی كابینەی كازمی گەورەترە، بۆیە كازمی دەستبەرداری نەوتی هەرێم بووە‌و ئێستا زیاتر جەخت لەسەر داهاتی خاڵە سنورییەكان دەكات، بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئێستا خۆی هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بۆ گەڕاندنەوەی هەموو دەروازە سنورییەكان بۆ ژێر كۆنترۆڵی حكومەت‌و دورخستنەوەی دەستی میلیشیاكان لەو دەروازانە.
سەرەتا كازمی چاوی لەوە بوو رێككەوتنێكی گشتگیرو هەمیشەیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم چاوی لە بەرزبونەوەی نرخی نەوت بوو، هەوڵی دەدات رێككەوتنێكی كاتیی بكات هاوشێوەی ئەوەی لەگەڵ حكومەتی عادل عەبدولمەهدی كردی‌و بۆ ماوەی ساڵێك‌و سێ مانگ بەبێ ئەوەی نەوت‌و داهاتی گومرگەكانی رادەستی حكومەتی ناوەند بكات، مانگانە بڕی (453 ملیار) دیناری لە بەغداد وەردەگرت.
كازمی كە نزیكەی دوو مانگە دەستبەكاربووە، لەدوای دەستبەكاربوون یەكجارو لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد، ئەوەش بەمەرجی ئەوەی هەردوولا لەماوەی (30) رۆژدا لەدوای ناردنی پارەكەوە بگەنە رێككەوتن، زیاتر لە (40) رۆژ بەسەر ئەو وادەیەدا تێپەڕیوە‌و هەرێم‌و بەغداد نەگەیشتوەنەتە رێككەوتن، بەبێ رێككەوتن چیتر كازمی پارە بۆ هەرێمی كوردستان نانێرێت.
لەناو شەقام‌و لایەنە شیعەكانی عێراقدا بۆچونێك لەبارەی كوردەوە دروستبووە كە دەڵێ:" كورد تەنیا بۆ پارە دێتە بەغداد‌و كاتێك قەیرانەكانی تێدەپەڕێنێت چیتر پابەندی رێككەوتنەكانی نابن"، ئەم تێڕوانینانە خزمەت بە رەوتی دانوستانەكانی حكومەت هەرێم ناكەن.

داهات‌و موچە
یەكەمین وەزارەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان (وەزارەتی تەندروستی) موچەی مانگی شوباتی ساڵی 2020ی لە رۆژی 27ی حوزەیراندا وەرگرت، واتا (45) رۆژ تێپەڕیوە‌و هێشتا موچەی مانگی ئازاریان وەرنەگرتووە، موچەخۆران بەگشتی لە هەرێمی كوردستان چاوەڕوان بوون بەر لە جەژنی قوربانی موچە وەربگرن، بەڵام وەریان نەگرت، دیار نییە حكومەتی هەرێم كەی لیستی نوێی دابەشكردنی موچەی وەزارەتەكان رادەگەیەنێت، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی رۆژی 28ی ئەم مانگە لەبەردەم پەرلەماندا وتی:" هەر كاتێك بەغداد پارە بنێرێت موچە دابەشدەكەن".
دوای دابەشكردنی موچەی مانگی شوبات، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) داهاتی مانگێكی حكومەتی هەرێم بەمشێوەیە بووە:
•    داهاتی ناوخۆ (90 ملیار) دینار
•    تەمویلی هاوپەیمانان (21 ملیار) دینار
•    پارەی داهاتی نەوت بۆ وەزارەتی دارایی (165 ملیار) دینار
كۆی گشتی داهاتی حكومەت لە یەك مانگی دوای دابەشكردنی موچەی مانگی شوباتدا، بڕی (276 ملیار) دینار بوو، ئەگەر مەزەندە بكرێت ئەم مانگەش حكومەت هەمان بڕی داهاتی دەستدەكەوێت، ئەوا تێكڕای ئەو داهاتەی كە كۆدەبێتەوە دەبێت بە (552 ملیار) دینار، ئەم بڕە پارەیەش بەشی موچەی 65%ی موچەی موچەخۆران دەكات، چونكە تێكڕای خەرجی موچە بۆ یەك مانگ (894 ملیار) دینارە.
حكومەتی هەرێم بۆ موچەی مانگی شوبات رێژەی 21%ی خەرجی موچەی بڕی‌و بەشێوەیە موچەی دابەشكرد، بڕیاری حكومەت ئەوە بوو لێبڕینەكە تەنیا بۆ مانگی شوبات بێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت بەم دۆخە داراییە خراپەوە، حكومەت لەبری كۆتایهێنان بە لێبڕینی موچەی فەرمانبەران، حكومەت بۆ ئەم مانگە رێژەی لێبڕینی موچە لە 21%وە زیاد بكات بۆ نزیكەی 30% یاخود جارێكی تر سودوەربگرێت لە درێژكردنەوەی ماوەی دابەشكردنی موچەو بەوشێوەیە داهاتەكانی كۆبكاتەوە‌و كورتهێنانی خەرجی موچە پڕبكاتەوە.
ئەمڕۆ ژمارەیەك پەرلەمانتار لە فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان لە راگەیەندراوێكدا بۆ رایگشتی هۆشدارییان بە حكومەمەتدا كە نابێت موچە بە لێبڕینەوە دابەشبكات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand