كازمی بەدەر لە رێككەوتن 250 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت
2020-08-15 12:56:38
(درەو):
بڕیارە لە زووترین كاتدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕە پارەیەك بە دیاری بۆ موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
(درەو) لە چەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد زانیویەتی، لەسەر داوای بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە بڕی نزیكەی (250 ملیار) دینار بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم مانگە دابین بكات.
بڕیارەكەی كازمی دوای ئەوە دێت لە چەند رۆژی رابردوودا حكومەتی هەرێمو حكومەتی ناوەند گەیشتن بنبەست لە ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان.
(درەو) زانیویەتی، لەدوای وەڵامەكەی وەزارەتی داراییو ئابوری هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، هیچ جۆرە پەیوەندییەك لەنێوان بەرپرسانی عێراقو حكومەتی هەرێم سەبارەت بە رێككەوتن نەماوە.
ئەم بڕە پارەیە كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بیدات بە حكومەتی هەرێم، لە دەرەوەی رێككەوتنی نێوان هەردوولایەو وەكو "دیاری"یەك ئەژماردەكرێت تا ئەوكاتەی هەردوولا دەگەنە رێككەوتن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كۆشكی كۆماری عێراق بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەیەك كرا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری لە كۆبونەوەكەدا كرد.
ئەمە دواین دانیشتنی زنجیرەیەك كۆبونەوە بوو كە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا بەمەبەستی ئەوەی حكومەتی عێراقو حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن، لەدواین كۆبونەوەدا مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕی مانگانە بڕی (320 ملیار) دیناری بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی بەبێ داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئەمە بەمەرجی ئەوەی فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی خاڵە گومرگییەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانو چاودێری كارەكانیان بكەن، فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش سەرەتا قایل بوو.
بڕیاربوو رۆژی 11ی ئەم مانگە رێككەوتنی نێوان بەغدادو هەرێم رابگەیەنرێت، بەڵام رۆژی 12ی مانگ مەسرور بارزانی پەشیمان بووەوەو رازی نەبووە بە ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری داراییو دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردستان.