دوێنێ رێككەوتن كراو ئەمڕۆ پەشیمان بونەوە
2020-08-12 20:44:00
(درەو):
مەسرور بارزانی رازی نیە فەرمانبەرانی چاودێری دارایی عێراق چاودێری خاڵە سنورییەكانی هەرێم بكەن، ئەمڕۆ لەو رێككەوتنە پەشیمان بوەوە كە دوێنێ لە نێوان هەرێم و بەغداد لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق كرا، كازمی رەزامەندی نواند لە سەر ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم لەبەرامبەر 50% داهاتی خاڵە سنورییەكان و ناردنی چاودێری دارایی عێراق بۆ خاڵە سنورییەكان.
سەرچاوەیەكی باڵاو ئاگادار لە بەغداوە بە (درەو)ی راگەیاند: دوێنێ سێشەممە لە كۆشكی كۆماری عێراق بە ئامادەیی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە كە بە نوێنەرایەتی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری كۆبونەوەكەی كردبوو، كۆبونەوە.
ئەمە دواین كۆبونەوەی ئەم هەفتەیە بوو لەنێوان حكومەتی عێراقو نوێنەری حكومەتی هەرێمو لە رۆژی شەممەوە تا سێشەممە (چوار) كۆبونەوە لەو بارەیەوە كرابوو.
لە كۆبونەوەكەى دوێنێدا مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ناردنی (320 ملیار) دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەر تەنها 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم بە بێ داهاتی نەوت، بەڵام ئەمە بە مەرجی ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە گومرگیەكانی عێراق بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان وەك چاودێر، لەبەرامبەردا فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی رەزامەندی دەربڕیوەو مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە رێككەوتنەكە رازی بووە.
(درەو) زانیویەتی، بڕیاربووە دوێنی رێككەوتنەكە رابگەیەنرێت، بەڵام راگەیاندنی رێككەوتنەكە بۆ ئەمڕۆ دواخراوە، ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پەشیمان بووەتەوەو رازی نەبووە بە ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی و دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە لە راگەیەنراوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بەروونی ئەوە هاتبوو " بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەك وەك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت" ئەم لێدوانە بەرپرسانی بەغداد توشی شۆك كرد، چونكە لە كۆبونەوەی دوێنێیاندا گەیشتبوونە ئەنجام، لەبەرامبەردا ئەمشەو وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند " حكومەتی فیدراڵ لەچوارچێوەی مافە دەستورییەكانی بۆ پاراستنی دەروازە سنورییەكانو چاودێریكردنی داهاتەكانو لێبڕینە گومرگییەكان، ئەو بنەمایەی شەراكەتی پێشنیاز كرد كە لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (114)ی دەستوردا هاتووە بۆ زامنكردنی چاودێری لەسەر دەروازە سنورییەكانی هەرێم، لەم رووەوە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە حكومەتی هەرێم نەرمی پێویستی نەنواند بۆ چارەسەركردنی ئەم بابەتە".
لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەرپرسانی بەغداد جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئامادە نین هیچ بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بنێرن، تا ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان، بە تەواوی بە مەرجەكانی عێراق رازی دەبێت.