شەڕ لە نێوان پەكەكەو پارتی درووست بوو
2020-08-11 09:36:50
درەو:
لە ناوچەی برادۆست و باڵەكایەتی شەڕ لە نێوان هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەریلاكانی پەكەكە درووست بووە، قایمقامی سۆران دەڵێت پەكەكە رێگرە لە جێگیركردنی هێزی پاسەوانی سنوری عێراق لە ناوچەكەدا، پەكەكە گومانی هەیەو پێیان وایە پارتی دەیەوێت هاوشێوەی زینی وەرتێ هێز لەوناوچەیە جێگیر بكات.
ئەمڕۆ هێزێكی پاسەوانی سنوری عێراق كە خۆیان لە هەرێمی كوردستان جێگیرن بەرەو سنوری ناحیەی سیدەكان و برادۆست بە دیاریكراویش (گەروی كوچەی هاجەرێ) جوڵەی پێكراوە، ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی كرێكارانی كوردستاندایە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ناوچەكەوە دەست (درەو) كەوتووە پێش جوڵەكردنی ئەو هێزە، هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان چۆتە ناوچەكەو شەڕ لە نێوان ئەو هێزەو چەكدارانی پەكەكە درووست بووە، چەكدارانی پەكەكە تەقەیان لە هێزەكەی پارتی كردووەو، بریندارێك هەیە، بە وتەی كرمانج عزەت قایمقامی قەزای سۆران، بریندارەكە شوان بووە لەو ناوچەیە، كە پەكەكە گومانیان هەبووە شوانەكە هەر سەربە هێزەكەی پارتی بووبێت و جلی مەدەنی لەبەركردووە.
قایمقامی سۆران ئاماژەی بەوەشكردووە" ئەو هێزەی پاسەوانی سنور بە فەرمانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چونەتە ئەو شوێنە بۆ رێگریكردن لە هێرشەكانی توركیا، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پەكەكەوە تەقەیان لێكراوە.
هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی باڵەكایەتی لە دۆڵی ئالانە، لە گردی (مارێن) كە ئەو ناوچەیە چەكدارانی پەكەكەی لێیەو لە نزیكیان بارەگای هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراقی لێ جێگیركراوە، بەڵام هێزێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بیانووی بردنە پێشەوەی بنكەكانی هێزەكانی پاسەوانی سنور چونەتە ناوچەكە، شەڕە تەقە درووست بووە لە نێوان هێزەكەی پارتی و چەكدارانی پەكەكە دواتر هێزەكە پارتی پاشەكشەی كردووە.
بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) پەكەكە گومانی هەیە لە جوڵەكردنی ئەو هێزە و پێیان وایە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت هاوشێوەی زینی وەرتێ هێزێك لەو ناوچەیە جێگیربكات، بەڵام چەكدارانی پەكەكە رێگرن لە جێگیركردنی ئەو هێزەی پارتی لەو ناوچەیە، چونكە هێزی پاسەوانی سنور بارەگایان لەناوچەكە هەیەو گرژی درووست نەبووە لە نێوان پەكەكەو هێزەكانی پاسەوانی سنور.
وێنەی یەكێك لە بریندارەكان