Draw Media

وردەكاری رێككەوتنەكەی كازمی‌و مەسرور بارزانی

وردەكاری رێككەوتنەكەی كازمی‌و مەسرور بارزانی

2020-08-15 21:25:14


راپۆرت: محەمەد رەئوف- فازل حەمەڕەفعەت
چەندین سەردانی قوباد تاڵەبانی‌و وەفدەكەی بۆ بەغداد بەبێ ئاكامی مانەوە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت خۆی بە تەلەفۆنێك لەگەڵ مستەفا كازمی رێككەوتنی كرد، بەڵام یەكێتیش بێ ئاگا نەبوو، بەر لە مەسرور بارزانی، مستەفا كازمی رێككەوتنەكەی بۆ لاهور شێخ جەنگی رونكردوەتەوە، لەم راپۆرتەدا (درەو) وردەكاری رێككەوتنی نێوان حكومەتی بەغداد‌و هەرێمی كوردستان لەبارەی بەشە پارەی مانگانەی هەرێمەوە كە بڕەكەی (320 ملیار) دینارە، بڵاودەكاتەوە.

بە تەلەفۆنێك حەل كرا !
ئەوەی بەچەندین سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێم بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی چارەسەر نەكرا، ئەمشەو بە یەك تەلەفۆن چارەسەر كرا.
ئەمشەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە تەلەفۆن قسەیكرد.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مستەفا كازمی بڕیاریدا مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی خاڵە سنورییەكان رادەستی بەغداد بكات.
رێككەوتنەكە مەرجێكی تێدایە بۆ هەرێمی كوردستان، مەرجەكە ئەوەیە هەرێم قایل بێت بەوەی عێراق فەرمانبەرانی چاودێری دارایی عێراق بنێرێتە دەروازە سنورییەكانی هەرێم بۆ ئەوەی چاودێری كارەكانیان بكەن.

دیالۆگەكەی كازمی‌و مەسرور بارزانی
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە لە بەغداد‌و هەولێر دەست (درەو) كەوتوون، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان مستەفا كازمی‌و مەسرور بارزانی لەسەر داوای فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق‌و بەنێوەندگیری بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدراوە.  
سەرەتای چیرۆكەكە بەوە دەستیپێكردووە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، فوئاد حسێنی ناردەیتە لای مستەفا كازمی‌و داوای دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی لێكردووە، مستەفا كازمی رازی نەبووەو بە فوئاد حسێنی وتووە پێشتر تۆ بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی لە كۆبونەوەكە بویت‌و رێككەوتووین، بەڵام مەسرور بارزانی پەشیمان بوەتەوە. 
دواجار لەسەر داوای بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حسێن، مستەفا كازمی قایل كرا بەوەی بە تەلەفۆن لەگەڵ مەسرور بارزانی قسە بكات، فوئاد حسێن بەتەلەفۆن مەسرور بارزانی بۆ مستەفا وەرگرتووەو بەوشێوە هەردوو سەرۆك وەزیران پێكەوە قسەیان كردووە.
(درەو) زانیویەتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا مستەفا كازمی بە مەسرور بارزانی وتووە:" خۆتان یەكلا بكەنەوە، ناكرێت جارێك رێكبكەون‌و دواتر بەیاننامە دەربكەن‌و پەشیمان ببنەوە !!". 
مەسرور بارزانی وتویەتی:" جەنابی سەرۆك وەزیران وای دابنێ ئەو بەیاننامەیەمان هەر دەرنەكردووە".
مستەفا كازمی وتویەتی:" من ئامادەم 320 ملیار دینار بنێرم، بەڵام دەبێت 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان بنێرن‌و فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی گومرگەكانی بەغداد بێنە خاڵە سنورییەكانی هەرێم".
مەسرور بارزانی وتویەتی:" ئێمە رازین‌و لەم مانگەوە 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكان دەنێرین‌و بە هەموو مەرجەكان رازین، دوای گەڕانەوەتان لە گەشتەكەتان بۆ ئەمریكا، وەفدی هەرێم دەنێرینە بەغدادو لەوێ لەسەر میكانیزمی مانەوەی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی گومرگەكان گفتوگۆ بكەن، هەرچەندە ئێمە رازی بە ناردنی فەرمانبەرانی ئەو دوو دەزگایەی عێراق، بەڵام با لەسەر شێوازی كاركردن‌و مانەوەی ئەو فەرمانبەرانە رێكبكەوین". 
بەمشێوەیە كازمی‌و مەسرور بارزانی گەیشتنە رێككەوتنێك بەرایی لەبارەی بەشە بودجەی هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم نەوتەكەی رادەستی بەغداد بكات.
(درەو) زانیویەتی، لە چەند رۆژی رابردوودا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان داوایان لە ئەمریكیەكان كردووە فشار لە بەغداد بكەن بۆ ئەوەی بەشە پارەی مانگانە بۆ هەرێم بنێرێت، ئەمریكییەكان وتویانە:" كازمی وازی لە نەوت هێناوە، ئێوە گومرگیان رادەست نەكەن، ئێمە ناتوانین فشار لە كازمی بكەین".   
یەكێتی ئاگاداری رێككەوتنەكەیە
(درەو) زانیویەتی، دوێنێ شەو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە تەلەفۆن لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قسەی كردووە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، مستەفا كازمی، هاوسەرۆكی یەكێتی ئاگاداركردووە لەوەی مانگانە بڕی (320 ملیار) دینار بۆ حكومەتی هەرێم دەنێرن، بەمەرجێك قەیل بن بەوەی كارمەندانی چاودێری دارایی‌و گومرگەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێم.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، لاهور شێخ جەنگی رایگەیاندووە، ئەوان وەكو یەكێتی ئامادەن كارمەندانی چاودێری دارایی عێراق لە دەروازە سنورییەكان جێگیر بكرێن‌و بەشێوەیەكی بەردەوامیش بمێننەوە، واتە یەكێتی بەپێچەوانەی پارتییەوە مەرجی لەسەر هاتن‌و مانەوەی چاودێرە عێراقییەكان نییە.
 
دوای چی ؟
رێككەوتنی نێوان مەسرور بارزانی‌و مستەفا كازمی دوای شەڕە بەیاننامەیەك هات كە لەنێوان وەزارەتی دارایی عێراق‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمدا رویدا.
سەرەتای پەرەسەندنەكان دوای ئەوەهات، رۆژی سێشەممەی رابردوو لە كۆشكی كۆماری عێراق بە ئامادەبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق كۆبونەوەیەك كرا‌و لەو كۆبونەوەیەوەدا فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەنوێنەرایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەشداری كرد.
ئەمە دواین دانیشتنی زنجیرەیەك كۆبونەوە بوو كە هەفتەی رابردوو ئەنجامدرا بەمەبەستی ئەوەی حكومەتی عێراق‌و حكومەتی هەرێم بگەنە رێككەوتن.
لەدواین كۆبونەوەدا (واتە كۆبونەوەكەی رۆژی سێ شەممەی رابردوو)، مستەفا كازمی رەزامەندی دەربڕی مانگانە بڕی  (320 ملیار) دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت لەبەرامبەر ئەوەی هەرێم مانگانە رێژەی 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەكانی بەبێ داهاتی نەوت رادەستی بەغداد بكات، بەڵام ئەمە بەمەرجی ئەوەی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی خاڵە گومرگییەكانی عێراق بچنە دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان‌و چاودێری كارەكانیان بكەن، لەو كۆبونەوەیەدا فوئاد حسێن بە نوێنەرایەتی مەسرور بارزانی رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێشنیازەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتیش سەرەتا قایل بوو. 
بڕیاربوو رۆژی 11ی ئەم مانگە رێككەوتنی نێوان بەغداد‌و هەرێم رابگەیەنرێت، بەڵام رۆژی 12ی مانگ مەسرور بارزانی پەشیمان بووەوە‌و رازی نەبوو بە ناردنی فەرمانبەرانی چاودێری دارایی‌و دەستەی خاڵە سنورییەكانی عێراق بۆ دەروازەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمە رەوتی دانوستانەكانی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر.
دوای ئەمە وەزارەتی دارایی عێراق لە بەیاننامەیەكدا سەرسوڕمانی خۆی لەبارەی بەیاننامەی حكومەتی هەرێم راگەیاند كە تێیدا باسی لەوەكردبوو حكومەتی عێراق ئامادە نییە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات.
وەزارەتی دارایی عێراق باسی لەوەكرد، ئەوان داوایانكردووە بەپێی ماددەی 114ی دەستور، چاودێری گومرگەكانی هەرێم بكەن، بەڵام هەرێم نەرمی نەنواندووە‌و ئەمە هۆكاری ئەوە بووە نەگەنە رێككەوتن.
وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی كوردستانیش لە وەڵامدا وتی:" ئیدارەدانی گومرگەكان لە هەرێم پێچەوانە نییە لەگەڵ ماددەی 114ی دەستوور و بە تەواوی پێوەی پابەندبووین. بەڵام دارایی عێراق رەتیكردووەتەوە لەوبارەیەوە كار بە دەستوور بكرێت و پێچەوانەی دەستوور و سیستمی فیدراڵی و لەسەر بنەمای ناوەندێتی رەفتاری كردووە. كێشەكە ئیدارەی گومرگ نییە، بەڵكو كێشەی هەوڵدانی دەسەڵاتی ناوەندە بۆ ئیستغلالكردنی رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و وروژاندنی هەست و سۆزی فەرمانبەران بۆ هێنانەدی روانگەی خۆی لە بارەی سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر هەرێمی كوردستاندا".

مەسرور بارزانی چۆن پاشگەز بووەوە ؟
بەیاننامەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ناردنی چاودێرانی عێراقی بۆ دەروازە سنورییەكانی هەرێم بە سەپاندنی ئیرادەی بەغداد بەسەر هەرێمدا ناودەبرد، ئێستا چۆن مەسرور بارزانی قایل بوو بەوەی چاودێرانی عێراقی بێنە دەروازەكانی هەرێم.
چەند هۆكارێك لەپشت قایلبوونی مەسرور بارزانییەوە بوون بە پێشنیازەكەی كازمی كە ئەمانەن:
* كازمی لە دوو رۆژی داهاتوو بە گەشتێك دەچێتە ئەمریكاو دوای دیدار لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ بە هێزو پشتیوانییەكی زیاترەوە دەگەڕێتەوە عێراق‌و ئەوكات رێككەوتن لەگەڵی رەنگە ئەستەم تر بێت.
*  ئەمریكییەكان بە حكومەتی هەرێمیان راگەیاندووە لەگەڵ بەغداد بگاتە رێككەوتن. 
* بەهۆی نەبوونی موچەوە، رۆژ لەدوای رۆژ لەناوخۆی هەرێم فشاری شەقام‌و لایەنە سیاسییەكان لەسەر حكومەتی مەسرور بارزانی زیاتر دەبێت.
* ئەم رێككەوتنە هەمیشەیی نییە‌و تاوەكو رۆژی 2020/12/31 كاری پێدەكرێت‌و ئەوكات لە پرۆژەیاسای بودجەی 2021دا هەرێم‌و بەغداد رێككەوتنێكی نوێ دەكەن‌و حكومەتی مەسرور بارزانی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی موچە دەتوانێت تا ئەوكاتە بەرگەی مەرجەكەی بەغداد بۆ ناردنی چاودێر بۆ دەروازەكان بگرێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand