Draw Media
هه‌واڵ / كوردستان

درەو: پاش ئەوەی مستەفا بارزانی لە واشنتۆن كۆچی دواییكرد و ، لە ٥ئازاری ١٩٧٩ تەرمەكەی لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردرا. لە ڕووداوێکی تەمومژاوییدا تەرمەکەی پاش دوو ساڵ لە گۆڕدا دەرهێنرایەوە... لەم بارەیەوە، مەسعود بارزانی لە یاداشتەکانییدا، بەم شێوەیە ئەم ڕووداوە دەگێڕێتەوە: یەکێک لەو تاوانانەی هەرگیز لەیادماندا ناسڕێتەوە، تاوانی دەرهێنانەوەی جەنازەی بارزانی لە ١ی تەمووزی١٩٨١دا بوو... هەرچەندە زانیاریی جیاجیامان لەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە قێزەونە بۆ دەهات، بەڵام هیچ کات، حزبی دیموکراتمان بە ئەنجامدانی دەرهێنانی جەنازەکە تاوانبار نەکردووە. تەنانەت چەندین جار داوامان لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد بۆ ئەوەی لە دۆزینەوەی تاوانباران هاوکاریمان بکات .... کاتی خۆی هەوڵمان دا پاسەوان بۆ زیارەتی بازرانی دابنرێت، بەڵام حزبی دیموکرات ڕێگەیان نەدا و ڕایانگەیاند خۆیان پاسەوانیی لێ دەکەن. بەر لەدەرهێنانی جەنازەکە پاسەوانەکان شوێنەکەیان بەجێ هێشتبوو. دوای دەرهێنانی جەنازەکە پرسیارم لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد کە هۆی چۆڵکردنی گۆڕستان لەلایەن پاسەوانەکانەوە بەر لە دەرهێنانی جەنازەکە چی بوو، بەڵام بابەتەکەی پشتگوێ خست و بەلایەوە گرنگ نەبوو. دیسانەوە بۆ ڕێگرتن لە ڕوودانی گرژی و شەڕ، داوام لە عەبدوڕەحمان قاسملوو کرد کە پێکەوە سەردانی زێوە بکەین و ئەو قسە بۆ جەماوەر بکات. داوام لێ کرد تەنیا بە جەماوەر ڕابگەیەنێت ئێمەش هاوسۆزین لەگەڵتان...بە خەڵک بڵێ ئامادەین هاوکاریتان بكەین بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، کەچی لە وەڵامدا قاسملوو گووتی: نەخێر ئەمە بوختان و بەخشینەوەی تۆمەتە بە ئێمە و تاوانەکە دەرێتە سەرشانمان، ئەگەر ئەم تاوانبارکردن و بوختانبەخشینە بەردەوام بێت بەشەش ملیۆن کورد ڕووبەڕووتان دەبینەوە". بارزانی لە درێژەی ئەو باسەدا، دەڵێت: بە عەبدورەحمان قاسملووم ڕاگەیاند، کە ناوی سەید ڕەسووڵی بابی گەورە لەو بابەتەدا دێت، بەبێ ئەوەی تاوانباری بکەین، بەڵام لە بەرژەوەندییدا نییە مادام ناوی ئەو کەسە دێت، بیکەنە فەرماندەی سەربازیی حزبی دیموکرات لە ناوجەی مەرگەوەڕ... بەڵام دیسان قاسملوو لە وەڵامدا گوتی: ئێمە بڕیار دەدەین، نەک ئەوەی ئەوامرتان جێبەجێ بکەین. بارزانی بە وتەی خۆی هیچکات حزبی دیموکراتیان لەدەرهێنانەوەی تەرمەکەدا تاوانبار نەکردووە، بەڵام باوەڕی وایە کە ئەو حزبە بە "ڕەفتاری هەڵە و لەخۆباییبوون لەسەر خۆیان کردە ماڵ". ئەو لە کۆتایی ئەم باسەدا لەبارەی ئەنجامدەرانی ڕاستەقینەی تەرمی دەرهێنانەوەی مستەفا بارزانی، ئەوە یەکلادەکاتەوە کە بکەری ڕاستەقینەی ڕووداوەکە ئەفسەرێکی دەزگای ئیتڵاعاتی ئێران بە ناوی "میحراب عەلی یونس قودسی" ئەو کارەی لەڕێگەی بەرپرسێکی حزبی دیموکراتەوە ئەنجام داوە "کەچی هەتا ئێستاش (٢٠٢١)، ئەو بەرپرسەی حزبی دیموکراتمان بۆ نەناسراوەتەوە". سەرچاوە: بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگارییخوازیی کورد، نوسینی مەسعود بارزانی، بەرگی چوارەم، بەشی یەکەم، چاپی یەکەم، لاپەڕە 142.  


ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت)   داننان بە یەکتر و بە یاسا و رێساکانی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی گرنگیی گەشەی کەسایەتیی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤە. یەکێک لە گرنگترین ئەو بیریارانەی تیۆریی دانپێهێنانی بەرهەمهێناوە بریتییە لە ئاکسل هۆنێت. ئەم فەیلەسوفە سەر بە نەوەی سێهەمی قوتابخانەی تیۆریی ڕەخنەیی فرانکفۆرتە. لە کتێبە بەناوبانگەکەی (خەبات بۆ دانپێهێنان) باس لە سێ فۆرم و سێ فەزای جیاواز لە دانپێهێنان دەکات. فەزای یەکەمیان بریتییە لە خۆشەویستیی. ئەم فەزایە بۆ هۆنێت لە کۆی ئەو پەیوەندییە بنەڕەتییانە پێکدێت کە مرۆڤ لە ژیانی شەخسییدا تیایدەژی. بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک، یان پەیوەندی سۆزداریی و ئیرۆتیکی نێوان دوو خۆشەویست، یان پەیوەندیی هاوڕێتیی. ئەم پەیوەندییانە پەیوەندیی وجودیین و لە دانپێدانانی یەکتردا مرۆڤ تیایدا شوناس بەرهەمدەهێنێت، گەشەدەکات و خۆی دەدۆزێتەوە. لەم پەیوەندییانەدا مرۆڤ بڕوا بەخۆی دروستدەکات و دەبێت بە بوونەوەرێک کە هەست بە گەرمیی کۆمەڵایەتیی و دانپێهێنان بکات.دووهەم فەزای کۆمەڵایەیتیی کە دانپێهێنانی تێدا بەرهەمدێت بریتییە لە یاسا. یاسا ئەو فەزایەیە کە دانپێهێنان لەنێوان تاک و گروپەکان بەدەزگاییدەکات و ماف و ئەرکەکان دەپارێزێت و دیاریدەکات. واتە یاسا ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەی پێکەوەژیانە کە مرۆڤ دەکات بە کەسێکی یاسایی و سەربەخۆیی تاک لە فەرزکردنی رێزگرتنی ئەوانی تردا دەپارێزێت.  یاسا ئەو گوریسەیە کە هەموو تاکەکان لەناو پێکەوەژیانێکی پارێزراو و دانبەیەکدانراودا، بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەموو ئەو یاسا و رێسایانەی کۆمەڵگا ڕێکدەخەن، دەبن بە هۆکاری دانپێهێنان بە ماف و شوناسی یەکتر و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی. بۆ نموونە پەیوەندیی نێوان سەرۆک و ئەندام، مامۆستا و قوتابیی، نەخۆش و دکتۆر، بینەر و ئەکتەر، گۆرانیبێژ و جمهور و یاریزان و ناوبژیوان و سەرباز و مەدەنیی و هتد، هەموو ئەمانە لە سنووری دانپێهێنانی یەکتردا بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و ماف و ئەرک، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان رێکدەخەن.     فەزای سێهەمیان بریتییە لە ئابووریی. جیهانی کار لە پەیوەندیی نێوان کار و سەرمایەدا ئەو فەزایەیە کە تیایدا دانپێهێنان لە شێوازی رێزلێنان لە تواناکانی تاکە کەسدا خۆی بەرجەستەدەکات. ئەم دانپێهێنانەش چەندین فۆرمی هەیە، بۆنموونە دەتوانێت لە بەرزکردنەوەی پلەی کارمەندەکاندا بەرجەستەبێت، یان لە زیادکردنی مووچەیان، یاخود لە فۆرمی خەڵات و ڕێزلێنان بەشێوازی رەمزیی یان مادیی پیادەبکرێت.             بەکورتییەکەی فەزای یەکەم بڕوابوون بەخۆ بەهێزدەکات، فەزای دووهەم رێزلێنان لەخۆ بەرهەمدەهێنێت و فەزای سێهەمیش قەدری خۆزانین پتەودەکات.   تێکچوونی هەر یەکێک لە پەیوەندییەکانی ئەم سێ فەزایە دەبێت بە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندی دانپێهێنانی یەکتر و بەرهەمهێنانی ئەزموونی پڕ لە ژان و نادادیی و بێڕێزیی و شکاندنی کەرامەتی یەکتر و چەوساندنەوە. سەرەنجام ململانێی توند دروستدەبێت بۆ گەڕانەوەی دانپێداهێنان و یەکترقبوڵکردن و رێزلەیەکترنان. بۆ نموونە تێکچوونی پەیوەندیی نێوان منداڵ و دایک و باوک بە درامای خێزانیی کۆتایی دێت کە هیچ لایەک دان بەویتردا نانێت و لە زۆررینەی حاڵەتەکاندا توندوتیژیی بەرهەمدێت. کاتێک پەیوەندی مەعریفیی نێوان مامۆستا و قوتابیی تێکدەچێت، واتە کاتێک خوێندکار لە مامۆستاکەی زمان زیاتر دەزانێت و پڕمەعریفەتر دەبێت، پەیوەندی دانپێهێنانی مەعریفیی نێوانیان کۆتایی دێت، کاتێک حکومەت موچەی فەرمانبەران نادات، کەس دان بە دەسەڵاتەکەیدا ناهێنێت و هەیبەتی لای تاک و گروپەکان بەرەو پووکانەوە دەڕوات.    دانپێهێنان مانای بەخشینەوەی بەها نییە، بەڵکو مانای دروستکردنی بەهایە. هەڵواسینی وێنەی مام جلال لەهەموو چوارڕیانێک و نماییشکردنی قسەکانی لە شەقامە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی مانای داننانی خەڵک نییە بە گەورەیی مام جەلال، بەڵکو مانای رێزنەگرتنە لە دانیشتوانی شارەکە کە بڕیاری هەڵواسینی ئەو وێنەیەیان نەداوە، بەڵکو بەسەریاندا سەپێنراوە. داگیرکردنی فەزای گشتیی بە وێنە و قسەی سەرۆکەکان مانای سەپاندنی دانپێهێنانێکی نائارەزوومەندانەیە لەناو ڕووبەری گشتییدا. رێزگرتن و دانپێهێنان بەزۆر و سەپاندن دروستنابێت، بەڵکو پرۆسەیەکی سەربەخۆیانەیە. ئەم گریمانەیە بۆ پەیکەرەکانی ناو شارەکەش هەر راستە. پەیکەرەکانی شاری سلێمانی سەرباری ئەوەی هیچ بەهایەکی هونەریی و ئێستاتیکییان نییە، ئەکتێکە لە رێزنەگرتن لە دانیشتوانی شارەکە، چونکە بەسەریاندا سەپێنراوە.  گەورەترین و گرنگترین دەزگای ڕاگرتنی پەیوەندیی رێز و دانپێهێنانی ناو کۆمەڵگا، دادگایە. دادگا بۆ نموونە بە یاساکانی رێسای هاموشۆی سەر شەقامەکان دیاریدەکات و داننان بە ماف و ئەرکەکانی یەکتر دەستنیشاندەکات. ئەم رێسایانە گرنگن بۆئەوەی بتوانین پێکەوەبژین و بەسەلامەتی بگەینەوە ماڵی خۆمان. لە وڵاتی ئێمەدا رۆژانە لەسەر شەقامەکان بێڕێزیی گەورەو بچووک بەرامبەر بە مافی یەکتر دەکرێت. لیستەکانی بێڕێزیی و داننەنان بە مافی یەکتر درێژن، بەڵام درێژترینیان هی ئەوانەیە کە دەسەڵاتدارن، منداڵی سەرۆک و دەستوپێوەندەکانیانن. ئەم بێڕێزییە ڕێسای خۆی بەرهەمهێناوە و ئێستا خەڵکی مەدەنیی لەسەر موخالەفەی رێساکانی هاموشۆ بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت، بۆئەوەی تێیهەڵنەدرێت یان نەکوژرێت هەموو مافخواردنێکی قبوڵە. ساڵانێکە بەشێوەیەکی سیستەماتیکی داننان بە نایاساییبوونی کردەوەی دەسەڵاتداران بووە بە ڕێسایەکی ئیجباریی بۆ پێکەوەژیان و بێڕێزییش بەرامبەر بە یەکتر بووە بە بەهایەکی کۆمەڵایەتیی نوێ کە بۆ کۆمەڵگای ئێمە نامۆیە. داننەنان بە ڕێسا و یاساکان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، تەنها بێڕێزییکردن و بریندارکردنی مافی تاک و گشتیی نییە، بەڵکو دروستکردنی کولتوورێکی مەترسییداری پۆپجییانەی کۆمەڵایەتییە کە بە کوشتنی حەقیقیی و ڕەمزیی کۆمەڵایەتیی کۆتایی دێت.  ئێمە وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی بەوە دەناسرێینەوە کە مرۆڤین، چونکە لە پەیوەندییەکی رۆحیی و یاسایی و دەزگاییدا بەیەکەوە دەژین. بەو چەشنە مرۆڤ بوونەوەرێکە کە شوناسی بە داننانەوە بەستراوەتەوە. داننان بە یەکتری کە هەموو مرۆڤین و بە زمانی جیاواز قسەدەکەین و بە ئایینی جیاواز بڕوامان هەیە و بە کولتووری جیاواز دەژین. ئێمە هەموو پێویستمان بە داننان بەیەکتری هەیە بۆئەوەی شوناسی خۆمان لەو پەیوەندییەدا دروستبکەین و بپارێزین و گەشەی پێبدەین. هیچ مرۆڤێک ناتوانێت پەیوەندییەکی پۆزەتیڤ لەگەڵ خۆی و دەوروبەریدا بەرهەمبهێنێت گەر لە پەیوەندییەکی تەندروستدا نەبێت لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵیدا دەژی و دان بە ماف و جیاوازییەکانی یەکتردا نەنێن. کۆمەڵگای ئێمە لەسەر ڕاستەڕێگایەکە بۆئەوەی ببێت بە کۆمەڵگایەک کە کەس دان بەوی تردا نەنێت، نە خەڵک بە حیزبەکان، نە سەرۆک بە هاوسەرۆک، نە حکومەت بە مافی خەڵک و نە خەڵکیش بە دەسەڵات و هتد. داننان بە کەسێک یان گروپێک تەنها مانای مەدحکردن و خەڵاتبەخشین و دەستبەشانداهێنان نییە، بەڵکو مانای بەڕزڕاگرتنی پەیوەندییەکی پۆزەتیڤی کۆمەڵایەتیی و یاسایی پێکەوەژیان و کارکردنە. 


(درەو): کۆمەڵی دادگەریی دەیەوێت ھاوشێوەی یەکێتی کورسییەکی ھەولێر لە پارتی وەربگرێتەوە، لە دادگای فیدڕاڵی دوو تانەی لەبارەی ئەنجامی ھەڵبژاردن تۆمارکردووە. عەبدولستار مەجید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری كە نزیكەی (١٥ هەزار) دەنگی لە بازنەی (٤)ی هەولێر بەدەستهێناوە، لە رێگەی دوو تانەی ھەڵبژاردنەوە دەیەوێت كورسی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بكات، حزبەکەشی (كۆمەڵی دادگەرى) لە دادگای فیدراڵی عێراق تانەی داوە لە دووبارەبوونەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە ھەولێر، لە ھەڵبژارادنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا کە ١٠ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو، پارێزگای ھەولێر بەتەنیا خۆی ھێندەی (١٧) پارێزگای دیكەی عێراق پەنجەمۆری دەنگدەرانی تێدا دووبارە بووەتەوە. یەكێتی نیشتمانی كوردستان توانی كورسیەكەی (هەرێم كەمال ئاغا) لە ھەولێر وەربگرێتەوەو ئەوەش بسەلمێنێت كە پەنجەمۆری دووبارەو ساختەكاری لە بازنەكانی پارێزگای هەولێر كراوە، ئێستا یەكێتی چاوی لە وەرگرتنەوەی كورسیەكەی ( فەیسەڵ كەریم خان برادۆستی)یەو لە دادگای فیدراڵی تانەی تۆماركردووە. عەبدولستار مەجید كاندیدی كۆمەڵی دادگەری لە بازنەی (٤)ی پارێزگای هەولێر دوو تانەی تۆماركردووەو كۆمەڵی دادگەری كوردستانیش تانەیەكی تۆماركردووە لەبارەی پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر. عەبدولستار مەجید لە بازنەی چواری پارێزگای هەولێر (14 هەزارو 908) دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام كاندیدێكی ژنی پارتی بەناوی (نەهلە قادر) كە (13 هەزارو872 ) دەنگی بەدەستهێنا، بەهۆی سودوەرگرتن لە "كۆتا"ی ژنان، كورسیەكەی لە عەبدولستار مەجید سەندو سەرکەوت بۆ پەرلەمانی عێراق. عەبدولستار مەجید و كۆمەڵی دادگەری كوردستان لە رێگەی (زانا رۆستایی) کە پارێزەری راوێژكارە، سێ تانەیان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە، دوو تانەیان بۆ عەبدولستار مەجید لەسەر "كۆتا"ی ژنان لە هەولێرو بازنەی چوار ، تانەیەكیشیان بۆ كۆمەڵی دادگەری لەسەر پەنجە مۆری دووبارە. دوو تانەکەی عەبدولستار مەجید بەمشێوەیە تۆماركراون: تانەی یەكەم: پارێزەری عەبدولستار مەجید لەبارەی نادەستوریبوونی بڕگەی (٣) لە مادەی (١٦)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە "كۆتا"ی ژنان لەسەر ئەنجەمەنی نوێنەرانی عێراق تۆماریکردووە وەکو لاینی بەرپرس لە دەرکردنی یاسای ھەڵبژاردنەکان، بەوپێیەی (٥) ژن لە پارێزگای هەولێر دەرچوون لەكاتێكدا هەولێر (٤) کۆتای ژنانی بەردەكەوێت، تانەكە لەسەر بازنەی چواری پارێزگای هەولێرە، بەو پێوەدانگەی "كۆتا"ی ژنان لە هەولێر بەدیھاتووە، نابێ ئەو ژنەی پارتی بەبیانووی "کۆتا" كورسیەكەی عەبدولستار مەجیدی ببات. پارێزەرانی عەبدولستار مەجید پێیانوایە لە پارێزگای هەولێر كۆتا بە هەڵە جێبەجێكراوە، زێدەڕۆیی كراوە لە جێبەجێكردنی كۆتای ژناندا، بەڵام كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان پێیوایە دەبێت لە هەر بازنەیەك كۆتا جێبەجێ بكرێت ئەگەر لە بری لە ٢٥٪‏ی رێژەكە بۆ  ٣٠٪‏ و ٤٠٪‏ بەرزبێتەوە. پارێزگای هەولێر لە چوار بازنە پێكهاتووە، (٤) "کۆتا"ی ژنانی بەردەكەوێت، بەڵام ئێستا بە تێکڕا لە ئێستادا (٥) ژن سەرکەوتوون بۆ پەرلەمانی عێراق، سیانیان بە مافی خۆیان سەرکەوتوون، دوانیان بە پاڵپشتی سیستمی "کۆتا"ی ژنان. تانەی دووەم: ئەم تانەیە لەسەر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارکراوە، عەبدولستار مەجید پێیوایە رئنماییەکانی کۆمسیۆن لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكاندا ناکۆک بووە لەگەڵ دەستوری عێراقدا.  تانەكە لەسەر بازنەی چواری هەولێرە، كێشەكە لە (چۆنیەتی پیادەكردنی كۆتایە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە) كە عەبدولستار مەجید پێیوایە سیسیمی "كۆتا" لە بازنەی چواری هەولێر بە هەڵە جێبەجێكراوە.  تانەكەی كۆمەڵی دادگەری:  كۆمەڵی دادگەریی وەکو حزب، بە شێوەیەكی گشتی تانەیەكی پێشكەشكردووە سەبارەت بە پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر. كۆمەڵ داوای كردووە سەرلەنوێ چاوبخشێندرێتەوە بە سكاڵاو تانەكانیدا كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی هەندێكیان نەداونەتەوە یان هەندێكی تریان رەتكردووەتەوە، ئەوەی وەڵام نەدراوەتەوە كۆمسیۆن بۆ وەڵامی نەداتەوە، هەندێكیشی رەتكردووەتەوە بۆچی رەتیكردووەتەوە. پارێزەرانی كۆمەڵی دادگەری داوایانكردووە ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند نەكرێت تا ئەوكاتەی ئەو سكاڵاو تانانە جارێكی تر سەیر  دەكرێنەوە، بۆ ئەمەش دوو بەڵگەیان خستوەتەڕوو. كە بریتین لە: * بەڵگەی پەنجەمۆری دووبارە لە پارێزگای هەولێر. * بەڵگەی درەنگ داخستنی سندوقەكانی دەنگدان ئەوان بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکەیان پشتیان بە راگەیەندراوی كۆمسیۆن ھەڵبژاردن بەستووە، كە لە كەیستەكەی هەرێم كەماڵ ئاغادا رایانگەیاندووە، لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق (٣ هەزارو ٧١٨) پەنجەمۆری دوبارە هەبووە لەو ژمارەیە (٢ هەزارو ٣٤٧) پەنجەمۆری دووبارە بەتەنیا لە پارێزگای هەولێر بووە، واتا ھەولێر خۆی بەتەنیا لە (١٧) پارێزگاكەی دیكەی عێراق پەنجەمۆری دووبارە هەبووە، گومانەکە نیشانی دەدات لە ھەولێر ھەندێک لە دەنگدران (٥٠ بۆ ١٠٠) دەنگیان داوە.


(درەو):  رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت)ی ئەمریكی لە بارەی موڵكوماڵی بارزانیەكان لە ئەمریكا، راپۆرتێكی بەناوی ( دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی... پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ  میامی) بڵاوكردووەتەوە باس لە موڵكو ماڵی بارزانیەكان دەكات لە ئەمریكا لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بە كڕینی موڵكێك كراوە بە بەهای (18 ملیۆن) دۆلار كە خاوەنە راستەقینەكەی مەسرور بارزانیە، بەهۆی نەوت‌و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت‌و سامانیان لە ئەمریكا كۆكردوەتەوە كە بەهاكەی (ملیارێك و 27 ملیۆن) دۆلارە. پوختەی راپۆرتەكەى  رۆژنامەی (زە ئەمریكان پرۆسپێكت) دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ میامی)   لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرەنجڕاكێش لە میامی، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژە خۆرو كڵاوی لەپوش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs)  لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن، پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  بەهای ئەم بینا شوشەییە كە دەرمانخانەكەی تێدایە‌و روبەرەكەی نزیكەی (12 هەزار) پێ چوارگۆشەیە، (18 ملیۆن‌و 300 هەزار) دۆلارە.. ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی میامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی: ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین‌و بەشدارن نین لە گرێبەستەكەیدا.  بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە لە دیلاوێر كڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی راستەقینەی بیناكە كە (مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە) شاردراوەتەوە.  كوردستان ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆیە لە باكوری عێراق، لە هەموو شتێكدا پادشایەتییەكی پشتاوپشتە تەنیا لە ناوەكەیدا نەبێ، ماوەی چەندین دەیەیە، بنەماڵەی بارزانی هەژمونیان بەسەردا كردووە، سەرۆك وەزیرانی كورد دەسەڵاتی خۆی بەكارهێناوە بۆ هێرشكردن‌و ئەشكەنجەدان‌و كوشتنی ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن، لەناویشیاندا تیرۆركردنی رۆژنامەنوسان لەسەر شێوازەكەی سعودیە، خوێندكارێكی زانكۆ بەناوی (زەردەشت عوسمان) لەسەر وتارێكی تەنزئامێز كە داوای هاوسەرگیری لە یەكێك لە خوشكەكانی سەرۆك وەزیران كردبوو، روبەڕووی ئەشكەنجەدان‌و كوشتن بووەوە.  كەس قەبارەی سەروەت‌و سامانی نایاسایی شاردراوە لەناو ئەمریكا نازانێت، یاساكان پارێزگاری لە نهێنیبوونی كۆمپانیاكان دەكەن، بەڵام سەرمایەگوزاری بنەماڵەی بارزانی لەنمونەی ئەم دەرمانخانەیە لە میامی، نیشانی دەدات بۆچی ئەمریكا بووە بە سیمایەكی سەرەنجڕاكێش بۆ پارە قێزەونەكان.  بەهۆی نەوت‌و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت‌و سامانیان كۆكردوەتەوە، بۆ نمونە وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا لە كوردستان هی كۆمپانیایەكە كە بەشێوەیەكی نهێنی بەستراوەتەوە بە یەكێك لە براكانی سەرۆك وەزیرانەوە، كە بەهاكەی بە (ملیارێك‌و 27 ملیۆن) دۆلار ئەژمار دەكرێت، وەكو ستەمكارەكانی تر، بارزانییەكان پەنایان بۆ پەناگە نهێنییەكان بردووە، لەنمونەی ئەو شوێنانەی كە لە بەڵگەنامەكانی (پەنەما)‌و (باندۆرا)دا بۆ شاردنەوەی پارە ناویان هێنراوە.  پەناگە نهێنییەكان ئەو شوێنانەن كە تێیاندا داوای ئاشكراكردنی ناوی خاوەن‌و پشكداری كۆمپانیاكان ناكرێت، ئەمە دەرفەت بۆ هەموو جۆرە تاوانێكی دارایی خۆش دەكات، لەوانە هەڵاتن لە پێدانی باج، شتنەوەی پارە، ئاسانكاریكردن بۆ بەرتیلدان، بەڵام بەپێچەوانەی پادشای ئوردن‌و سەرۆكی پێشووی ئەرژەنتینەوە كە كۆمپانیا نهێنییەكانیان لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكاندا ئاشكرا بوو، سەروەت‌و سامانی بارزانی‌و گرێبەستە بازرگانییەكانی لە بەڵگەنامەكانی پەنەما‌و باندۆرادا ئاشكرا نەكرا.  لە تۆماری خانوبەرەدا لە دوبەی، وردەكاری لەبارەی سەروەت‌و سامانی بارزانی لە كۆمەڵگەی بورجی خەلیفەی گرانبەها‌و دورگەی (نەخلە) ئاشكرا بوو، شان بەشان لەگەڵ پەیوەندی بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ بنەماڵەی شاهانەی ئیماراتی عەرەبی. لەبری كەناراوەكانی دورگەی كایمان، بارزانییەكان بینای ئۆفێسەكانیان لە دیلاوەر هەڵبژاردووە، كە كۆمپانیای (CT Corporation) خاوەندارێتی دەكات، كە لقی ئەمریكای كۆمپانیایەكی هۆڵەندییە بەناوی (Wolters Kluwer)‌و تایبەتمەندە لەبواری دروستكردنی كۆمپانیای نادیاردا.  سەرباری ئەوەی سیستمی نهێنیبوونی كۆمپانیاكان لە ئەمریكا كەمتر سەرەنجڕاكێشە، بەڵام بەنزیكەیی هاوتایە لەگەڵ ئەوەی كە لە هەر دورگەیەكی كاریبی لەم بوارەدا هەیە، لە زۆرێك لە وڵاتان لەبری ئاشكراكردنی ناوی خاوەنی راستەقینەی موڵكەكان، دەكرێ كەسانی دەوڵەمەند ناوی بریكارو نوێنەری خۆیان بخەنە سەر نوسراوی كۆمپانیا‌و هەرگیز داوایان لێناكرێت زانیاری لەبارەی خاوەندارێتییەكەیانەوە بدەن، تۆڕێك لە ژمێریارو كۆمپانیای پارێزەرایەتی‌و راوێژكارەكان لە نمونەی كۆمپانیای (Wolters Kluwer) هەڵدەستن بە دروستكردنی ئەم كۆمپانیا نهێنیانە بۆ هەر كەسێك كە پارەیان پێبدات.  بارزانییەكان موڵك‌و ماڵی نهێنی پێویستیان هەیە، كە كۆشك لە كالیفۆرنیا‌و ڤێرجینیا لەخۆدەگرێت‌و تائێستا چوارجار لەكاتی شاردنەوەی پارەكانیاندا لە ئەمریكا دەستگیركراون، ئەوان پارەكانیان لە ئەمریكا دەشارنەوە، ئەم خێزانە تەنیا بۆ ئەو چوار موڵكە زیاتر لە (75 ملیۆن) دۆلاریان داوە، رەنگە ئەمە تەنیا بەشێكی بچوكی سەروەتە نهێنییەكانی بنەماڵەی بارزانی بێت لە ئەمریكا، هیچ یەكێك لەم چوار موڵكەی بنەماڵە لە بەڵگەنامەكانی پەنامەدا ئاشكرا نەبوون، چونكە كەسانێك بە وەكالەت یان كۆمپانیا پارێزەرایەتی گرانبەها خاوەندارێتییان دەكەن، بەڵام بریكارەكان هەندێك هەڵەی بچوكیان كردووە بەهۆی ئەو هەڵانەوە ئاشكرابوون.  سەبارەت بە (CVS) پێدەچێت كۆمپانیای پارێزەرایەتی (Cozen O‌Connor) كە بارەگاكەی لە ویلایەتی پەنسلڤانیایە، لەماوەی دوو مانگدا كڕیارە نهێنییەكەی خۆی ئاشكراكردبێت، سەرەتا لە دێسەمبەری 2018دا كۆمپانیای پارێزەرایەتییەكە سێ كۆمپانیای لە فلۆریدا‌و كۆمپانیایەكی لە دیلاوێر بەناوی (دەرمانخانە لە شەقامی واشنتۆن) كردەوە‌و نوسراوی تایبەتی كۆمپانیاكانی فلۆریدا ناو و ئیمزای سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی لەخۆگرتبوو لەگەڵ ناوی یەكێك لە براكانیدا كە (موكسی بارزانی)یە.  بڕیار نەبوو ئەم ناوانە بكەونە بەرچاوی خەڵك، دوای ماوەیەكی كەم لە كڕینی دەرمانخانەكە، كۆمپانیا پارێزەرایەتییەكە ناوی بارزانییەكانی سڕییەوە‌و لەشوێنی ئەوان ناوی بریكارەكانیان كە پارێزەرێكە بەناوی (كوزین ئوكونور)‌و (ماسیۆ وینستاین) دانرا، ئەمە چارەسەرێكی نمونەیی نەبوو، بەڵام وایكرد ناوی ئەوان لە تۆماری كۆمپانیا بەناوبانگەكاندا دەرنەكەوێت، ئەمە بەس بوو بۆ هەڵخەڵەتاندنی رۆژنامەنوسە لۆكاڵییەكان.  گرێبەستی (CVS) تیشك دەخاتەسەر ئەوەی پارێزەری كۆمپانیاكان تا چ ئەندازەیەك دەڕۆن بۆ پارێزگاریكردن لە كڕیارە دیكتاتۆرە دەوڵەمەندەكانیان، كاتێك بانگكرا بۆ ئەوەی قسە بكات، وینستاین رەتیكردەوە بنەماڵەی بارزانی خاوەنی ئەو بینایە بن یاخود تەنانەت لای كۆمپانیای (Cozen O‌Connor) كاربكەن، لەبری ئەمە وتی ئەو بەڵگەنامانەی كە لای بەرپرسی دەرەوەی فلۆریدایە، هەڵەن"... قسەكانی لە هەموو شوێنێك بڵاوبونەوە، بەڵام بانگەشەكانی واینستاین لەبارەی ئەوەی تۆمارەكانی بەرپرسی كاروباری دەرەوەی فلۆریدا هەڵەن، جێگا باوەڕ نەبوون، چونكە ناوی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كورددستان‌و كەسە نزیكەكانی بەشێوەیەكی هەڕەمەكی لە هەموو بەڵگەنامەكانی كۆمپانیا جۆراوجۆرەكانی فلۆریدا بەبێ هۆكار نەسڕاونەتەوە، رۆبەرت ئەبلیتۆن گەورە داواكاری گشتی پێشوو لە وەزارەتی داد وتی" ناو بەشێكی گرنگە لە تۆماری كۆمپانیا". ئەم بەڵگەنامانە لەلایەن (كوزین ئوكونور)ەوە ئامادەكراون‌و زۆربەیان لەلایەن (وینستاین)ەوە ئیمزا كراون، ئامادەكردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ تۆماری كۆمپانیاكان لە فلۆریدا بە تاوان ئەژمار دەكرێت، بەڵام وینستاین دەڵێ ئەمە لەلایەن نوسینگەی پارێزەرایەتی تایبەتی بەخۆیەوە كراوە، وەكو هەولێك بۆ شاردنەوەی ناوی كڕیارەكەی. روونە كە بنەماڵەی بارزانی لە هەڵە خۆش نابن، بەڵام ئەوە هەڵەیەكی هاوشێوە بوو كە كۆشكەكەیانی لە ڤێزجینیا ئاشكرا كرد، كە ساڵی 2010 لەلایەن كۆمپانیایەكی نادیارەوە كڕیبویان.. بەڵام چاودێران لە كوردستان پێشبینییان كرد ئەوە موڵك‌و ماڵی مەسرور بارزانی بێت، هەرچەند بەڵگەنامەكان ئەمەیان نیشان نەدا تا ئەوكاتەی كەسێك بە هەڵە رێگەی دا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیای ڤێرجینیا، نوسراوەكە لەلایەن سەرۆكی گروپی (ستێر)ەوە ئیمزا كرابوو، كە كۆمپانیایەكی كوردییە‌و بەگوێرەی بروسكەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە سایتی (ویكیلیكس) بڵاویكردنەوە "گروپی ستێر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت". بارزانییەكان تەنیا بۆ شاردنەوەی پارەكانیان سود لە كۆمپانیا نهێنییەكانی ئەمریكا وەرناگرن، بەڵكو بەكاریشیان دەهێنن بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریكا، هەردوو كۆشكەكەیان لە كالیفۆرنیا پەیوەندیدارن بە فێل‌و فڕێك كە لە پەنتاگۆن كراوە، ئەم كۆشكانە ساڵی 2018 لەلایەن كۆمپانیا نادیارەكانەوە لە دیلاوێر‌و ڤێرجینا كڕدراون، لەرێگەی نوێنەرانی كۆمپانیایەكی پارێزەرایەتی بچوك، ئەم كۆشكانە لە گەورەترین پرۆسەی كڕینەكان لە مێژووی (بێڤرلی هێڵز)دا، ئەمەش كاتێك ئاشكرا بوو كە كەرتی خانوبەرە لە (Variety) ناوی كارمەندەكەی بنەماڵەی بارزانی (هەڤاڵ دۆسكی) لەسەر نوسراوی تایبەت بەو موڵكانە ئاشكراكرد.  هەڤاڵ دۆسكی نێوەندگیر بوو لە پلانێكدا كە تێیدا كڕینی سوتەمەنی بۆ بنكەكانی ئەمریكا لە كوردستان دەدات بەو بەڵێندەرانەی كە سەربە بارزانی بوون، ئەمەش نرخێكی زیاتر لە نرخی بازاڕی خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پەنتاگۆن)ەوە، پێدەچێت بە داهاتی ئەو گرێبەستانە پارەی ئەم كۆشكانە دابین كرابێت.  هەموو ئەمانە ئەو پرسیارە دەوروژێنن: ئایا بارزانییەكان هاوشێوەی ستەمكارەكانی تر چەندێك موڵك‌و ماڵی شاراوەیان لە ئەمریكادا هەیە؟ پارێزەری كۆمپانیاكان هەڵە دەكەن، بەڵام هەموو جارێك نا، رەنگە زۆریش هەڵە نەكەن. زۆرینەی لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكان لە كۆمپانیا وەهمییە نادیارەكان‌و كڕیاری خانوبەرە نهێنییەكان بە شكست كۆتاییان دێت، تەنانەت لەكاتی دیاریكردنی پارچە زەوییەكەشدا، نەمتوانی تۆماری موڵكیەتی خانویەكی تر كە ئەگەری هەیە هی بارزانی بێت لە كالیفۆرنیا بەدەست بخەم، پارێزەرەكان كە لەپشت ئەم كۆمپانیایەوەن، هیچ هەڵەیەك ناكەن‌و ناسنامەكە بەتەواوەتی بەشاراوەیی دەهێڵنەوە، بەتایبەتیش كە ویلایەتێكی وەكو دیلاوێر پارێزگاری لە یاسای بەنهێنی هێشتنەوەی كۆمپانیاكان دەكات، بۆیە لێكۆڵینەوە رۆژنامەوانییەكان لە گەندەڵییەكان، بەشێوەیەكی بەردەوام بە بنبەست دەگات... ئەم كۆمپانیا نهێنییانە هەر دەمێنن تا ئەەوكاتەی خەڵكانی وەكو بنەماڵەی بارزانی پارەیان هەبێت بۆ ئەوەی بیشارنەوە، تاكە چارەسەری راستەقینە ئەوەیە، دزە بە بەڵگەنامەكانی دیلاوێر بكرێت، پێویستە كارمەندانی كۆمپانیاكانی پارێزەرایەتی تۆماری كڕیارەكانیان بۆ رایگشتی ئاشكرا بكەن. 


 (درەو): بەرلەوەی لە ئۆتۆمبێلەكەیان دابەزن، یوسف‌و پشتیوانی باوكی، گوللەبارانیان كردن، نەقیب محەمەد گوللەیەك لەسەر دڵیداو گیانی لەدەستدا، سێ پۆلیسەكەی تریش دەیان فیشەكیان بەركەوت، ئێستا ئەو دوو تۆمەتبارەی كە لەسەر كێشەی خێزانی دادگا داوای كردبوون، دەربازبوون، دەوترێت هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە. ساڵی 2019 دادگا بەپێی مادەی (395)ی یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاریدا یوسف پشتیوانی كە تەمەن (20 ساڵ)ە، ناچار بكرێت هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكدا بكات كە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵیدا هەبووە.  مادەی (395) تایبەتە بە دەستدرێژی (اختصاب)، ماددەكە دەڵێ" هەر كەسێك لەگەڵ ئافرەتێك پەیوەندی هەبێت‌و سەرجێی لەگەڵ بكات كە تەمەنی 18 ساڵ بێت، بەڵێنی هاوسەرگیری پێبدات‌و دواتر پەشیمان بێتەوە لەو بەڵێنەی كە پێی داوە، سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەكەی لە 24 سەعات كەمتر نەبێت و لە 5 ساڵ زیاتر نەبێت". بەم ماددەیە، دادگا یوسف ناچار دەكات، هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچەدا بكات كە ئێستا هاوسەریەتی، بەڵام لە دوای هاوسەرگیری یوسف بەشێوەیەكی خراپ مامەڵە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا دەكات، كێشەكەیان ساڵێك بەردەوام دەبێت، لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە كێشەیان گەورە دەبێت‌و سكاڵای یاسایی تێدەكەوێت. لەسەر بنەمای سكاڵای هاوسەرەكەی، رۆژی 11ی مانگی رابردوو، دادگا فەرمانگی گرتن بۆ (یوسف پشتیوان عەلی) دەردەكات، یوسف خۆی رادەستی پۆلیس ناكات، لەسەر بنەمای بڕیاری دادوەر، هێزەكانی پۆلیس چەند جارێك هەوڵی دەستگیركردنی یوسف دەدەن، بەڵام شوێنی مانەوەی نادۆزنەوە، چونكە یوسف لەدوای سكاڵای هاوسەرەكەیەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی گۆڕیوە.  یوسف لەگەڵ باوكیدا لە شەقامی مەلیك مەحمود بەرەو تونێلی پێشڕەو لە شاری سلێمانی كاری (پاقلەفرۆشی)یان كردووە، ماڵی باوكی لە گەڕەكی (توی مەلیك)‌و ماڵی (یوسف)یش لە (تانجەڕۆ) بووە.  هاوشێوەی كوڕەكەی، باوكەكەش كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەبووە (واتا دایكی یوسف)، بەهۆی ئەم كێشانەوە دایكی یوسف پێنج جار پەنای بۆ شێلتەرەكانی پەنادانی ژنان بردووە‌و سكاڵای یاسایشی لەسەر پشتیوانی هاوسەری‌و یوسفی كوڕی تۆماركردووە. واتا یوسف هەم كێشەی لەگەڵ هاوسەرەكەی، هەم كێشەی لەگەڵ دایكشی هەبووە.  بەم ناكۆكیانەشەوە، هێشتا یوسف‌و هاوسەرەكەی پێكەوە ژیاون، بەپێچەوانەی دایكییەوە، هاوسەرەكەی یوسف پەنای بۆ شێلتەرەكان نەبردووە.  شەوی رووداوەكە ئێوارەی رۆژی یەكشەممەی ئەم هەفتەیە، یوسف‌و هاوسەرەكەی جارێكی تر دەمەقاڵ لەنێوانیان دروست دەبێت، هاوسەرەكەی یوسف تەلەفۆنێك بۆ پۆلیس دەكات، سكاڵای لە مێردەكەی دەكات، ئەمجارەیان شوێنی مانەوەی یوسف بۆ پۆلیس ئاشكرا دەكات، دوای زیاتر لە 25 رۆژ كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە‌و خۆی رادەست نەكردووە، پۆلیس بەهۆی ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەوە شوێنی مانەوەی یوسف دەدۆزێتەوە، یوسف‌و پشتیوانی باوكی ئاگاداری ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە دەبن، خۆیان بۆ روبەڕووبونەوەی پۆلیس ئامادە دەكەن.  بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری دادوەر، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان، تیمێكی چوار كەسی رەوانەی ماڵی یوسف دەكات لەناوچەی (تانجەرۆ)، تیمەكە پێكهاتووە لە نەقیب (محەمەد لەتیف)‌و (4 پۆلیس).  كەیسی توندوتیژی دژی دژی ژنان، كارەكانی لای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنانە، ئەم جۆرە كەیسانە وەكو "كەتن" تەماشا دەكرێن نەك تاوانی گەورە، بۆیە زۆرجار پۆلیس‌و ئەفسەرەكانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە كە دەچن بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادوەر، بەشێوەیەكی ئاسایی دەچن‌و هێز‌و چەكی زۆر لەگەڵ خۆیان نابەن‌و داواكراوەكان بەبێ هیچ روبەڕوبوونەوەیەك دەهێنن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكەیان‌و لەوێ كێشەكان چارەسەر دەكرێن.  ئەمانە ئەو جۆرە حاڵەتانەن كە ناگەنە ئاستی كوشتنی ژنان، كەیسەكەی یوسف‌و هاوسەرەكەشی لەم جۆرە بووە‌و بەپێی ماددەی (7)ی (یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی كوردستان – عێراق) مامەڵەی لەگەڵ كراوە، ئەم ماددەیە لێدان‌و سوكایەتی‌و هەڕەشەو شەڕی ناو خێزانەكان دەگرێتەوە. كاتژمێر نزیكەی 7:30 خولەكی ئێوارەی یەكشەممە، وەكو كاری ئاسایی رۆژانەی خۆیان، نەقیب محەمەد لەتیف‌و چوار پۆلیس بە ئۆتۆمبێلێكەوە بەرەو تانجەڕۆ بەڕێ دەكەون بەمەبەستی دەستگیركردنی یوسف كە لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری بۆ دەرچووە‌و چەندجارێكیش ئاگادار كراوە، بەڵام ئامادە نییە خۆی رادەست بكات.  بەر لەوەی نەقیب محەمەد لەتیف‌و پۆلیسەكانی هاوڕێی لەناو ئۆتۆمبیلەكەیان لەبەردەم ماڵەكەی یوسفدا دابەزن، یوسف‌و پشتیوانی باوكی ئۆتۆمبیلەكەیان دەدەنە بەر دەستڕێژی گوللە. لەم تەقەكردنەدا، گوللەیەك بەر سنگی نەقیب محەمەد لەتیف دەكەوێت‌و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات، سێ پۆلیسی تریش بریندار دەبن، یەكێكیان سێ فیشەك بەر پشتی دەكەوێت، ئەوی تر فیشەك بەر شان‌و پشتی دەكەوێت، پۆلیسی سێیەمیش بەهۆی پارچەوە سەرو دەموچاوی بریندار دەبێت، دوان لە پۆلیسەكان بەسەختی بریندار دەبن.  دوای دەستڕێژی گوللە لە ئۆتۆمبیلی پۆلیس، یوسف‌و باوكی هەڵدێن، خەڵكی سنوری تانجەرۆ بە ئۆتۆمبیل پۆلیسەكان دەگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.  خاتوو ئاڵا لەتیف خوشكی نەقیب محەمەد لەتیف كە لەم رووداوەدا كوژرا، لە نوسینێكدا بەروونی ناوی تەقەكەرەكان‌و ئەوانەی یارمەتییان داوە ئاشكرادەكات‌و نوسیویەتی:  ناوی تاوانبارانی دۆسێی تەقەكردن لە نەقیب محەمەدو هاورێكانی: •    پشتیوان عەلی •    یوسف پشتیوان عەلی •    تەحسین ناوێك. كە هاوكار بووە لە گواستنەوەی تاوانبارەكانی سەرەوە. بەوپێیەش (تەحسین) كە كەسێكی نزیكیان بووە، هاوكاری كردوون بۆ گواستنەوەیان‌و رۆیشتنیان لە شوێنی تاوانەكە، بەپێی زانیاریی‌و بەدواداچوونەكان، یوسف‌و باوكی هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووەو لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە چونەتە ئێران و لەدەستی هێزە ئەمنییەكان دەربازیان بووە. هاوسەری یوسف كە سكاڵاكار بووە لەسەر مێردەكەی، ئێستا ئازادە‌و دەستبەسەر نەكراوە، چونكە پۆلیس تەنیا وەكو سكاڵاكارێك كە توندوتیژی بەرامبەر كراوە تەماشای دەكات.  نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری مافپەروەر بووەو كۆلێژی یاسای تەواوكردووە، كچێكی هەیەو هاوسەرەكەشی دووگیانە، لە بنكەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بەڕێوەبەرێتی توندوتیژی دژی ژنان دەوامی كردووە، كوژرانی كاردانەوەی لەناو تۆڕە كۆمەڵاتییەكان دروستكرد، ئەو پیاوێكی خۆشەویست بووە لەناو هاوڕێكانی‌و ئەوانەی ناسیویانە.  بەپێی وتەی هاوڕێكانی، نەقیب محەمەد لەتیف یەكێك بووە لەو ئەفسەرە خەمخۆرانە كە بەردەوام لەدوای دەوامیش كاری لەگەڵ خێزانەكان كردووە‌و بە هەزاران كێشەی خێزانی چارەسەركردووە.  قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە یەكێك لەوانەیە بەبەردەوامی بەرگری لە مافەكانی ژنان دەكات، پشتیوانی لە كەیسەكە دەكات‌و بەڵێنی داوە بكوژی نەقیب محەمەد دەستگیر بكرێت، بەڵام تائێستا ئەم بەڵێنە جێبەجێ نەكراوە‌و شوێنی بكوژەكان نازانرێت. 


(درەو):  حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا لەسەر دابینكردنی پاڵپشتییەكی دارایی نوێ بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا كە مانگانە بڕەكەی (7 ملیارو 250 ملیۆن) دینارەو بەشی زۆری بۆ دەرماڵەی خوێندكاران بەناوی ( پاڵپپشتی دارای)یەوە خەرجدەكرێت . خەرجكردنی ئەم بڕە پارە نوێیە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە سەرەتای ساڵی نوێیوە تاوەكو كۆتایی وەرزی خوێندن بەردەوام دەبێت.  بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، وەزارەتی خوێندنی باڵا بەنیازە ئەم بڕە پارەیە بەكاربهێنێت بۆ خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران كە ماوەیەكە ناڕەزایەتییەكی گەورەی خوێندكارانی زانكۆو پەیمانگاكان روبەڕووی حكومەتی هەرێم كردوەتەوە.  ئەو بڕە پارەیەی كە لە شوێنی دەرماڵە، بەم بودجەیە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت بۆ خوێندكارانی دابین بكات، ناوی لێنراوە "پاڵپشتی دارایی خوێندكاران".  


راپۆرت: درەو هێشتا 25 رۆژ ماوە بۆ وادەی فەرمی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، حەشد هەڕەشە لە ئەمریكا دەكات‌و داعش هێرشەكانی بەئاڕاستەی هێزی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، هێزی پێشمەرگە لەدوای چەندین ساڵ یارمەتی و راهێنان هێشتا بەفەرمانی بەرپرسانی حزب جموجوڵ دەكات. یارو نەیارەكانی ئەمریكا لە عێراق گرەو لەسەر كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكان دەكەن، گەڕانەوەی داعش سیناریۆیە یان  راستی؟ سیناریۆی ئەفغانستان دووبارە دەبێتەوە ؟ لەكاتێكدا هەموان چاوەڕێی ئەوە دەكەن بەر لە كۆتا رۆژی ئەمساڵ، حكومەتی عێراق بەفەرمی چونەدەرەوەی سەرجەم هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق رابگەیەنێت، چەند رۆژێكە چەكدارانی "داعش" هێرشەكانیان بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە چڕكردوەتەوە، ئەمە گومانی دووبارەبوونەوەی سیناریۆكەی ئەفغانسانی زیاتر كردەوە، كە هێشتا هێزەكانی ئەمریكا بەتەواوەتی نەكشابووەوە، هێزەكانی بزوتنەوەی تالیبان بارودۆخی وڵاتیان كۆنترۆڵ كرد. بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان هەندێك لە كشانەوەكەی لە عێراق جیاوازە، چونكە بەپێی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغداد‌و واشنتۆن كراوە،  دوای كشانەوە، رۆڵی سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا هەر دەمێنێت، بەڵام رۆڵەكە دەگۆڕدرێت بۆ راوێژكاریی‌و راهێنانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، لەپاڵ ئەمەشدا هەوڵی عەسكەری ئەمریكا بەشێوەی ئاسمانیی لەچوارچێوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی "داعش"دا هەر بەردەوام دەبێت. ئامادەكاری بۆ كشانەوە بەگوێرەی زانیارییەكان، چەند رۆژی رابردوو هەندێك وەفدی هونەری سەربازی عێراق سەردانی هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد) لە پارێزگای ئەنبارو بنكەی (هەریر)یان لە پارێزگای هەولێر كردووە بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. ئێستا لایەنی عێراقی لەگەڵ ئەمریكییەكان لە گفتوگۆ‌و كۆبونەوەدان بۆ دیاریكردنی ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریكا لە عێراق كە رۆڵی جەنگییان نابێت، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كە كۆتایی تەموزی رابردوو لەنێوان بەغداد‌و واشنتۆندا ئیمزا كرا، ئەركی پاراستنی ئەم هێزانە‌و بنكەكانیان دەكەوێتە ئەستۆی لایەنی عێراقی.  ئێستا نزیكەی (2 هەزارو 500) سەربازی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراقن، ئەمانە تا ئەم ساتە پاڵپشتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق دەكەن لەشەڕی دژ بە داعشدا، پاڵپشتییەكەیان بەشێوەیەكی زیاتر خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی زانیاری هەواڵگری، وێنەی ئاسمانیی، جێبەجێكردنی گورزی ئاسمانی لەرێگەی فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆسەر حەشارگەكانی داعش. ئەمە جاری دووەمە ئەمریكا هێزی شەڕكەری خۆی لە عێراق دەكێشێتەوە، ساڵی 2011 ئەمریكا هێزەكانی كشاندەوە، بەڵام دوای سێ ساڵ لەم كشانەوەیە، رێكخراوی داعش لەماوەی چەند مانگێكدا یەك لەسەر سێی خاكی عێراقی كۆنترۆڵكرد. هەڕەشەی حەشد ئێستا كە ئیتر بڕیارە رۆڵی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق كۆتایی بێت، لایەنگرانی ئێران‌و بەدیاریكراوی ئەوانەی خۆیان ناوناوە بەرەی "مقاوەمەت"، هەڕەشە دەكەن‌و دەڵێن شەوی سەری ساڵ دواین وادەیە بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، دەڵێن لەدوای كاتژمێر (12)ی شەوی 31ی ئەم مانگە دەستدەكەن بە لێدانی ئەو ناوچانەی كە هێزی ئەمریكی تێدا بێت، بەدیاریكراویش سەربازگەی "ڤیكتۆریا" لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد هەروەها هەردوو بنكەی (عەین ئەسەد)‌و (هەریر). هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران گومانیان لە كشانەوەی ئەمریكا هەیە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران تۆمەتبار دەكەن بەوەی "چەواشەكاری‌و فێڵ" دەكات لە دۆسیەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا، بەوپێیەی بە وتەی ئەمان "هیچ رێگایەك نییە بۆ پشكنینی ئەو هێزانەی ئەمریكا كە دەمێننەوە، ژمارەی راستەقینەی هێزەكانی ئەمریكا نازانرێت، بۆیە ناتوانرێت ژمارەی هێزی شەڕكەرو ئەو هێزانەی كە كاریان راوێژكارییە، دیاری بكرێت".  وادەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ دووەمین ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە هێرشێكی هێزەكانی ئەمریكادا لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد.  ئەم هاوكاتبوونە، ترسی لای بەرپرسانی عێراقی دروستكردووە، هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكا لە عێراق، هاوشێوەی ساڵی رابردوو هەندێك هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق رووبدات، بەڵام هەندێك دەڵێن هێزە دۆڕاوەكانی شیعە لە هەڵبژاردن، ئەم مەلەفە وەكو كارتی فشار لەسەر حكومەتی كازمی بەكاردەهێنن.  داعش زیندوو دەبێتەوە ؟ بەگوێرەی راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە مانگی شوباتی رابردوو بڵاوبووەوە، رێكخراوی داعش بەشێوەیەكی زۆر نهێنی پارێزگاری لە بوونی خۆی دەكات لە عێراق‌و سوریا‌و لە یاخیبونێكی بەردەوامدایە‌و بەو ناوچە سنورییانەی نێوان عێراق‌و سوریا بڵاودەبێتەوە كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون.  راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ" رێكخراوی داعش هێشتا خاوەنی 10 هەزار چەكداری چالاكە لەناو عێراق‌و سوریادا". جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، هاوكاتە لەگەڵ ئەو ناكۆكییانەی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانەوە لە عێراق دروستبووە، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی هەڵبژاردنی دۆڕاندووە، ئەمە گومانی لەسەر رەوایەتی مانەوەی هێزەكانی حەشد دروستكردووە، رەنگە ئەمە هۆكارەكە بێت كە هەندێك لە چاودێران دەڵێن دەركەوتنەوەی داعش لەم كاتەدا، بەمەبەستی رەوایەتیدانە بە مانەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی، بەوپێیەی ئەم هێزە ساڵی 2014 دوای داڕمانی سوپای عێراق، شەڕی داعشیان كرد.  لە هەرێمی كوردستانیش لایەنە دەسەڵاتدارەكان خۆشحاڵ نین بە كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق، ساڵی 2019 كە قاسم سولەیمانی كوژرا، لەكاردانەوەی ئەمەدا لایەنە شیعەكان لە پەرلەمانی عێراق بەزۆرینە بڕیارێكیان بۆ كردنەدەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق پەسەندكرد، ئەوكاتیش كورد دەنگی بەم بڕیارە نەدا.  هەركاتێك باسی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كرابێت، دەنگۆ گواستنەوەی ئەو هێزانە بۆ هەرێمی كوردستان هاتوەتە كایەوە، ئێرانییەكان ساڵی 2019 بەفەرمی پەیامێكیان بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دا، كە لە حاڵی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا بە هیچ شێوەیەك قایل نابن بەوەی ئەو هێزانە لە هەرێمی كوردستان جێگیر بكرێن، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق.  هەموو ئەم پێدراوانە نیشانی دەدەن جموجوڵەكانی ئەمدواییەی داعش، زیاتر لەوەی ستراتیژ بێت، تەكتیكێكی كاتی لایەنە عێراقی‌و كوردییەكانە بە ئاڕاستەی نیشاندانی دۆخەكە بەر لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا. پێشمەرگەو داعش محەمەد حاجی مەحمود كە خۆی فەرماندەیەكی مەیدانی پێشمەرگەیەو مێژوویەكی لە رووبەرونەوەی داعشدا هەیە، پێی وایە زیندووبونەوەی داعش لەم كاتەدا كارتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیە، تا ئەو شوێنەی كاتێك هێزی پێشمەرگە دەیەوێت ئۆپەراسیۆن بكات، چەند هیلی كۆپتەرێك دەگەنە شوێنی داعشەكان و دەیان گوازنەوە بۆ شوێنێكی تر. داعش سود لە بۆشایی ئەمنی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەبینێت، لە خانەقین و جەلەولاوە تا كەركوك و مەخمورو نەینەوا، داعش لە جوڵەدایە رووەو هێزی پێشمەرگە، وەفدی هێزی پێشمەرگە چەندینجار چونەتە بەغدادو نەگەیشتونەتە رێككەوتن. تەنیا بۆشایی ئەمنی نیە كە داعش سودی لێدەبینێت، نەبونی هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لەلایەك و فرە جەمسەری و نارێكخراوی هێزی پێشمەرگە لەلایەكی تر، شەوی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هێزی پێشمەرگەی لە هەولێرەوە بەرەو گوندی لهێبان جوڵاند لە سلێمانیشەوە بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ فەرماندە سەربازیەكاندا كۆبوەوەو هێزی بەرەو قەرەسالمی نزیك كەركوك جوڵاند. ئەوەی لێرەدا ونە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە، ئەمڕۆ دوای 12 كاتژمێر لە بڕیارەكانی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هێزی پێشمەرگە كۆبوەوە. كشانەوەی هێزی شەڕكەری ئەمریكا لە عێراق لە كاتێكدا روودەدات هێشتا لە ئاستی عێراقدا حەشدی شەعبی هەرەشەیە بۆسەر سوپاو لە هەرێمی كوردستانیش دوای چەندین ساڵ خەرجی و راهێنانی هێزەكانی هاوپەیمانان، پێشمەرگە نەبووە بە هێزێكی نیزامی و رێكخراو دابەشبوون بەسەر حزب و كارەكتەرە سیاسیەكانداو لە حاڵی بەهێزبونەوەی داعشدا توانای پێویستیان بۆ روبەروبونەوە لاواز دەبێت.     


 شیكاری: درەو بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن) دەنگیان بەدەستهێناوە لەكۆی (22 ملیۆن) كەس كە مافی دەنگدانیان هەبووە، كە (18 ملیۆن) كەس دەنگیان پێنەداون، بەم جۆرەش ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەوە، کاندیدی سەرنەکەوتوو هەیە ژمارەی دەنگەکەی زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوەش ئەو دەنگەی بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە! ئەنجامی هەڵبژاردن رۆژی 30/11/2021 دەستەی دادوەریی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، دوای پێداچوونەوە بە تانەکاندا، ئەنجامی کۆتایی و پەسەند کردو ناوی کاندیدە سەرکەتووەکانی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە. هەر بەپێی ئەنجامەکان، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوەن. بەپێی دوا زانیارییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن (٢١) هاوپەیمانی و (١٠٨) حیزبی سیاسی (٧٨٩) کاندیدی سەربەخۆ لە ڕێگەی (٣ هەزار و ٢٢٥) کاندیدەوە بەشداری هەڵبژاردنەکەیان کردووە. کاندیدە سەرکەوتووەکان (١٣٨) یان لە هاوپەیمانێتییەکان و (١٤٨) کاندیدی حیزبە سیاسییەکان (٤٣) یان سەربەخۆ بوونە، دیارتیرین لایەنە سەرکەوتووەکانیش بریتین لە رەوتی سەدر (٧٣) كورسی و هاوپەیمانی تقدم (محەمەد حەلبوسی): (٣٧) كورسی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیكی) (٣٣) كورسی و پارتی دیموكراتی كوردستان: (٣١) كورسی  (بۆ وردەکاری ئەنجامەکان بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە) کاندیدی ئافرەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت (٢٥%)ی پێکهاتەی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئافرەتان پێکبێت، واتە لە (٣٢٩) کورسی پەرلەمان دەبێت بە لانی کەمەوە (٨٣) نوێنەریان ئافرت بن، بەو هۆکارەش عێراق دابەشی (٨٣) بازنەی هەڵبژاردن کرا. بەڵام بەپێی ئەنجامەکانی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمسیۆن (٩٥) کاندیدی ئافرەت و بە ڕێژەی (٢٨.٨٧%) سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، جێی ئاماژەیە لەو (٩٥) کاندیدە ئافرەتە تەنها (٣٨) کاندیدیان بە کۆتا سەرکەوتوون (٥٧) کاندیدیان ڕێژەی دەنگی پێویستیان بەدەستهێناوە.  ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن زۆرترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەو (١٠) کاندیدە سەرکەوتووەی زۆرترین دەنگیان بەدەست هێناوە، سەرجەمیان لە ڕەگەزی نێرن و کانیدیدی یەکەمیان (یەکگرتوو)ەوە و لە پارێزگای دهۆک (٥٦ هەزار و ٧٠٢) دەنگی بەدەستهێناوەو (٦) کاندیدیان لە (پارتی دیموکراتی کوردستان)ن (بڕوانە خشتەی ژمارە (1)) ڕیزبەندی 10 کاندیدی سەرکەوتووی خاوەن کەمترین دەنگ بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو (١٠) کاندیدەی بە کەمترین دەنگ سەرکەتوون سەرجەمیان لە ڕەگەزی (مێ)ن و (٨) کاندیدی یەکەمیان بە کۆتا سەرکەوتوون، دوو کاندیدی کۆتاییان (واتە نۆیەم و دەیەمیان) دەنگی پێویستیان لە بازنەکانی خۆیا بەدەست هێناوەو بەبێ سیستمی کۆتا سەرکەوتوون، ئەو کاندیدە سەرکەوتووەشی کەمترین دەنگی بەدەستهێناوە لە بازنەی (٣) پارێزگای کەربەلایەو تەنها (هەزار و ٧٣٠) دەنگی بەدەستهێناوە. (بڕوانە خشتەی ژمارە (٢)) نادادپەروەری لە ئەنجامی هەڵبژاردن  یەکەم: بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە (٢٢ ملیۆن و ١١٦ هەزار و ٣٦٨) هاوڵاتی عێراقی بوونە، بەڵام کۆی ژمارەی دەنگدەران گەیشتووەتە (٩ ملیۆن و ٦٢٩ هەزار و ٦٠١) دەنگ، ئەوەش دەکاتە نزیکەی ٤٤٪ی کۆی ژمارەی دەنگدەرانی عێراق. هاوکات ٨٪ی دەنگەکانیش پووچەڵبوون، کە دەکاتە (٧٢١ هەزار و ٩٧٩) دەنگ، بەو پێیەش (٨ ملیۆن و ٨٧١ هەزار و ٦١٢) دەنگیان بە ڕاستەقینە هەژمار کراوە. بەڵام بەپێی داتاکانی کۆمسیۆن ئەو (٣٢٩) کاندیدەی سەردەکەون بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە سەرجەمیان (٤ ملیۆن و ٦٨ هەزار و ٦٢٧) دەنگیان بەدەستهێناوە (بڕوانە پاشکۆی ڕاپۆرتەکە)، بەم جۆرەش بێت ئەندامانی خولی داهاتووی عێراق بە ڕێژەی (١٨.٤%)ی دەنگی دەنگدەرانی عێراق گەیشتوون بە پەرلەمان! دووم: بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەکەوە، سەرەڕای ئەوەی بەشێک لەو کاندیدانەی سەرکەوتوون لە بازنەکانی خۆیان، دەنگیان کەمترە لە کاندیدێکی سەرنەکەتووی بازنەیەکی تر، بە پێچەوانەوە ڕوویداوە. بۆ نمونە لە بازنەی (١)ی پارێزگای هەولێر کاندیدی ژمارە (٢٤) کە (فەیسەڵ کەریم خان برادۆستی)یەو لە نێو کاندیدە دەرنەچووەکان لەسەر ئاستی سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی عێراق زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەو کە (٢٧هەزار و٦٠٤) دەنگە، ئەو ژمارە دەنگەش زۆرترە لە دەنگی (٣١٥) لەو کانیدانەی سەرکەوتوون بۆ ئەنجومەنی نوێنەران. زیاتر لەوە، ئەو ژمارە دەنگەی ناوبراو بەدەستی هێناوە زیاترە لە دەنگی (٨) کاندیدی سەرکەوتوو پێکەوە کە بە کۆتا و کەمترین دەنگەیان هەیە لە نێو کاندیدە سەرکەوەتووەکان و هەر هەشتیان (٢٣ هەزار و ٩٦٨) دەنگیان بەدەست هێناوە (بگەڕێوە خشەتی ژمارە (2))      پاشکۆی ڕاپۆرت وردەکاری ئەنجامەکانی هەڵبژاردن  


(درەو): زیادبوونی دوو كورسی بۆ یەكێتی لەسەر حسابی پارتی، كارتی سوری بارزانی بەرووی بەرهەم ساڵحدا بەرزكردەوە، بافڵ تاڵەبانی نایەوێت ئەزمونی 2018 دوبارە بكاتەوە، د. خەسرەو گوڵ محەمەد وەك كاندیدی یەكێتی و بەرازیبونی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كاندید دەكات.  پارتی بەفەرمی بەرهەم ساڵحی تۆمەتبار كرد بەوەی، دەستوەردانی لە كاروباری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كردووە‌و دوو كورسی پارتی بردووە بۆ یەكێتی، كورسییەكی هەولێر (هەرێم كەمال ئاغا)‌و كورسییەكی موسڵ (رۆنزی زیاد). زیادبوونی ئەو دوو كورسیەی بۆ یەكێتی، مەسعود بارزانی تا ئەو رادەیە توڕە كرد، بە كەسێكی نزیكدا پەیامێكی بۆ بەرهەم ساڵح ناردو پێی وت" كورسی سەرۆك كۆماری داهاتوو یەكسانە بە كورسییەكەی هەرێم كەمال ئاغا، ئەم هەڵوێستەش تەنیا بەرامبەر بە بەرهەم ساڵحە نەك هیچ كەسێكی تری یەكێتی"، هەرێم كەمال ئاغا كاندیدی یەكێتی بوو لە هەولێر، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن سەرنەكەوت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای تەماشاكردنەوەی تانەكان، وەكو كاندیدی براوە لەلایەن كۆمسیۆنەوە ناوەكەی راگەیەندرا.   بەم گۆڕانكارییە لە ئەنجامی كورسییەكان، بەرهەم ساڵح هەم لە پارتی‌و هەم لە یەكێتیش بوو، چونكە بافڵ تاڵەبانی نایەوێت جارێكی تر‌و هاوشێوەی 2018 لەسەر بەرهەم ساڵح بچێتە ململانێوە لەگەڵ بارزانی، بەتایبەتی لەكاتێكدا ناوخۆی حزبەكەی ئێستا دەكوڵێت.  بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە (خەسرەو گوڵ محەمەد) بەرپرسی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێم بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری نوێی عێراق كاندید بكات. (خەسرەو گوڵ محەمەد) یەكێكە لەوانەی لەساڵانی رابردوودا كە ناوخۆی یەكێتی بەكێشمەكێشی زۆردا تێپەڕیوە، ئەو تەنیا لەسەر یەك خەت بووە كە خەتی ماڵی مام جەلال بووە. بەڵام ئایا یەكێتی لەبەرامبەر زیادبوونی دوو كورسییەكەدا چۆن‌و بە چ پۆستێك قەرەبووی بەرهەم ساڵح دەكاتەوە، ئایا پێگەی بەرهەم ساڵح دوای نەمانی لە پۆستی سەرۆك كۆمار لەناو یەكێتیدا چی دەبێت ؟ رازی دەبێت بە كارتە سورەكەی بارزانی و گڵۆپە سەوزەكەی بافڵ تاڵەبانی بۆ خەسرەو گوڵ محەمەد، یاخود كارتی پشتیوانی ئەمریكا و ئێران و ناوخۆی یەكێتی بۆ وەرگرتنەوەی خولێكی دیكەی سەرۆكایەتی بەرامبەر بارزانی و تاڵەبانی بەكار دەهێنێت؟  


درەو: نەوشیروان مستەفا لە كتێبی (خولانەوە لەناو بازنەدا) بەم شێوەیە گفتوگۆی یەكێتی‌و بەعس (1983) دەیگێڕێتەوە : مانگی تشرینی دووەمی 1983 بڕیار درا گفتوگۆ دەست پێ بكرێت، لەبەرئەوەی یەكێتی خۆی هیچ كەناڵێكی راستەوخۆی پەیوەندی لەگەڵ عێراق نەبوو، بۆیە لەرێگەی (حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران) بە عێراق راگەیەندراو داوا لە د. قاسملو كرا رێوشوێنی چونی نوێنەرایەتی یەكێتی بۆ بەغدا دابین بكا.  پێش ئەوەی شەڕ لەنێوان هێزەكانی یەكێتی‌و بەعسدا رابگیرێ‌و گفتوگۆ دەست پێ بكا، فەرەیدون عەبدولقادر بۆ وەرگرتنی بیروڕای كاربەدەستانی بەعس چوو بۆ بەغدا، لەوێ بەرزان تكریتی و تاریق عەزیزی دیبو، لەمیانی قسەكانیدا تاریق عەزیز وتبوی" ئێمە ناڕوخێین، چونكە دنیا لەبەرامبەر ئێراندا پشتیوانیمان لێ ئەكا، رۆژێكیش دێ ئەم شەڕە تەواو ببێ، ئەگەر ئێستا بێن‌و لەگەڵمان رێك بن، چاكەیەكی گەورەمان لەگەڵ ئەكەن هەرگیز لەبیرمان ناچێتەوە، خۆ ئەگەر شەڕ درێژە پێبدەن، دوای تەوابونی شەڕی ئێران ئەو جەیشە زەبەلاحەی بۆ شەڕی ئەوانمان دروستكردوە، ئەیهێنینە سەر ئێوە، ساڵێك وەخت‌و 100 هەزار كوژراوتان بۆ تەرخان ئەكەین، بەڵام خاكتان بە تورەكە ئەبێژین‌و تەفروتوناتان ئەكەین".. سەرەتای كانونی یەكەمی 1983 هەمو مەڵبەندەكان، تیپەكانی پێشمەرگە لەراگرتنی شەڕ ئاگاداركران.. سەدامیش فەرمانی بە هێزە چەكدارەكانی كرد شەڕ رابگرن.  سەرەتای كانونی یەكەمی 1983 دو هالیكۆپتەر لە زیخان نیشتنەوە، جگە لە دكتۆر قاسملو، نوێنەرێكی حكومەتیشیان لەگەڵ هاتبو بەناوی (ئەبو سەرحان) كە یەكێك لە گەورە كاربەدەستانی موخابەرات بو.. ئەو رۆژە دیمەنێكی سەیر هەبو، هەمو ئەو پێشمەرگانەی لەبەرزایی شاخەكان داماننابون، دابەزی بون بە قەمسەڵەی بەڵەك كە لە عەسكەرو جاش گیرابون، وەكو نەدی‌و بدی بەدەوری كۆپتەرەكاندا وروكابون، نمونەیەكی خراپی بێ دیسپلینی‌و نیشانەیەكی ئاشكرای ماندوێتی پێشمەرگە بو.  دەستەی نوێنەرایەتی یەكێتی لەگەڵ قاسملو و ئەبو سەرحان سواری كۆپتەر بون، لەمەشدا چەند كەسێ خۆیان فڕێدایە ناو كۆپتەرەكان، كە نە ئەندامی وەفدەكە‌و نە راوێژكارو نە پێشمەرگەی پارێزگاری بون، ئەمەش دیسان نیشانەیەكی تری بێ دیسپیلینی بو.. وەفدەكەی حكومەت بۆ گفتوگۆ ئەمانە بون (عیزەت دوری، تاریق عەزیز، هیشام  فەخری، سەعدی مەهدی ساڵح، د. فازل بەڕاك)، وەفدی یەكێتی ئەمانە بون (مام جەلال، فەرەیدون عەبدولقادر، ملازم عومەر، مەلا بەختیار، د.خدر مەعسوم، عومەر عەزیز).. باسەكانی گفتوگۆی یەكێتی لەگەڵ بەعس •    دەسەڵاتی داودەزگای حوكمی زاتی •    سنوری جوگرافی حوكمی زاتی •    ئاسایكردنەوەی هەلومەرجی ناوچە تەعریبكراوەكانی كەركوك‌و خانەقین‌و سنجار •    بەشی كورد لە دەزگا ناوەندییەكانی بڕیارداندا    


Draw نوسینی: مەحمووی حاجی عومەر و خالید ڕەزا دەوڵەتی تیرۆریستی ئیسلامی لە عێراق وشام، لەدوای تیکشکاندیان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و سپای عیراقەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ چونە قۆناغی سڕ بوون و خۆ ڕیکخستنەوەوە. ماوەیەکە و لەدوای خۆرێکخستنەوەیان و دەستوەشاندنیان لە هێزەکانی پێشمەرگە، لێرەولەوێ بەتایبەت سەر سنوری تەماسی ناوچە دابرێنراوە کوردستانیەکان و خاڵی هاوبەشی سوپای عیراق و پێشمەرگە. تیرۆریستانی داعش چالاکی خۆیان بەشێوەی گروپی بچووک و مەفرەزەی پارتیزانی چڕکردوەتەوە. لە ئیستادا جگە لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە گوندنشینانی ناوچە دابڕێنراوەکانی قوڵایی گەرمیان و دەشتی قەراج وبناری چیای موخموریش کەوتوونەتە بەر مەترسی جددی . وەک دەبینن بەداخەوە کەمتر لە یەک حەفتە زیاتر لە٢٠ بیست پێشمەرگەو هاونیشیمانی سڤیل شەهیدو بریندار بوون. بەبێ ئەوەی فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرپرسانی حکومەت هیچ بەرنامە وپلانێکی پەرچەکردارییان هەبێت بۆ چارەسەری دۆخەکە. لە هەمووشی کارەساتبار تر هێنانەوەی بڕوبیانو و پاساوی نامنگقی یە کە گوایە (داعش کامیرای شەو- حەراری  هەیە!!).  ئەمە جگە لەوەی عەیبە و شورەییەکی گەورەیە هەموومان ئەزانین کە: یەکەم: هەموو تفاق و کەلوپەلێکی سەربازی بە چەک و ئۆتۆمۆبیلی سەربازی و هەموو جۆرەکانی دوربینی شەو و رۆژەوە، بە موچەی لێوا هاوبەشەکانی پێشمەرگەوە هەر هەمووی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە، دابینکراوە. دووەم: سەری زمان و بنی زمانی بەرپرسانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە گوایە تیرۆریستانی داعش سود لە بۆشایی ئەمنی وسەربازی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق وەردەگرن، کە بەڕاستی ئەمە پاساوهێنانەوەیە بۆ دەستەپاچەیی و نەبونی نەخشەوپلانی وردی سەبازی بۆ پاراستنی ئەمنی نیشتیمانی. ئەگینا کورد دەمێکە وتوویەتی ( ماڵی خۆت قایم بکەو سەگی دراوسێ بەدز مەکە..!) جێکای پرسیارو گومانێکی گەورەیە کە حکومەتی هەرێم بۆچی ناتوانێت، یان نایەوێ سەنگەرکانی پێشەوەی پێشمەرگە قایم وتۆکمە بکات؟  # لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە  بەپێی شارەزایی وئەزموونی متوازعانەی  چەند ساڵەی خۆمان  ئەم سەرنجانە  لەبواری سەربازی وپێشمەرگانەدا بخەینە ڕوو بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە، لەپێناوی وەستاندنی خوێنی بەناحەق ڕژاوی ڕۆڵەکانمان بۆچوون وپێشنیارەکانمان بە هەند لێ وەربگرن. ١ – لەبەر ئەوەی هێزی  وڵات پارێزی پێشمەرگە (هێزەکانی پاراستنی هەرێم) زیاتر خۆبەخشە و بە شێوەی تەجنیدی و سیستماتیکی ڕێک نەخراون، پێویستە بە پەلە دوور لە سۆزو وەلائی حیزبی وشەخسی کەسی لێوەشاوەو شیاو بۆ شوێنی شیاو دەستنیشان بکرێت. نەک بە تەسکیەی حیزبی وففتی بە ففتی. ئاخر کارەسەتە لە چواردە لیوا(هاوبەش !!) کەی وەزارەتی پێشمەرگە لە وەزیری پێشمەرگەوە تا دەگاتە ئامر فصیلێک پەنجا بە پەنجا لە نێوان دوو حیزبدا بەش کراون! لە دوای ٣٠ سی سال لە حوکمڕانی خۆماڵی هێشتا جل وبەرگ و روتبەو ڕاتب و نەجمەی سەرشانیشیان یەکنەخراوە! لە بری تێکەڵاوبوون ویەکگرتنەوە تەنیا بە یەک ئاماژەی حیزبی سەنگەر لەیەکتر دەگرن و ئامادەن لە پێناوی حیزب دا!! خوێنی یەکتر بڕێژن. لەکاتێک دا گولەی تیرۆریستان و دوژمنان کوا یەکێتیی و پارتی ئەناسێ! هێزی وا ناتوانی بەبێ زیانی زۆر ڕووبەڕوی دوژمنێکی (عەقائیدی) تیرۆریستی وەکو داعش بوەستێتەوە. ٢ - نابێ وناکرێ مۆبایل جێگای بەشی مخابرەو لاسلکی بگرێتەوەو پێشمەرگە لە نیوەشەدا لەسەنگەری پێشەوەی مەرگ دا سەرگەرمی یاری مۆبایل بێت. لەکاتێکدا ئەگەر هێزی مەشق پێدراوی سەربازی و خاوەن دسپلینی سەربازی بێ، دەبێ لە ڕێی یەک سیستمی پەیوەندی مەرکەزییەوە فەرمان لە فەرماندەکەیانەوە وەربگرن وجێ بەجێێ بکەن.!  ٣ - نابێت پێشمەرگە لە ڕیزی پێشەوە بە چەکێکی سادە لە ڕەبیە و سەنگەرێکی دیاردا بێت و هەرچی چەکی پێشکەوتوی M4 وقەناس و ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕ هەیە بەدەستی پاسەوانانی فەرماندەکانەوە بێت لە سەنگەرەکانی پشتەوە، لە ناوشارەکاندا! کاتێکیش کارەساتێک ڕووئەدات، فەرماندەکان خۆیان دەکەن بە پاڵەوانی سەر شاشەکان، بەبێ ئەوەی بەرپرسیاڕێتی شکست و کارەساتەکان بگرنە ئەستۆ، دەڵێن پێویستە ئەمە و ئەوە بکرێ! لەجیاتی ئەوەی بەرپرسیارێتی کەموکوڕی و شکست و قوربانیەکان لەڕوی سەربازی و ئەخلاقیەوە لە ئەستۆ بگرن! # ئەی لە ئێستەدا دەبێ چی بکرێ  بۆ پاراستنی گیانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە زۆرینەیان رەنگە لەبەر بێ ئیشوکاری و بۆ ژیانی خۆیان و ماڵ و مناڵیان بوبن بە پێشمەرگە، گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە بە گرنگ دەزانین.  نابێ بە بەهانەی دواکەوتنی ڕێکەوتن لەگەڵ عێراق و هاوپەیماندا، پێشمەرگە لەبەردەم گەلەگورگەکانی داعش دا، بەجێ بهێڵن بۆیە گرنگە ئەم ڕێوشوێنە هەنوکەییانە جێ بەجێبکرێن: یەکەم: کاتی خۆی بەعس لە ئەکادیمیای سەربازی، هونەری شەڕی پارتیزانی بە ئەفسەرەکانی دەخوێند بەلام لەزۆربەی شەڕەکاندا، پێشمەرگە لێێ دەبردنەوە چونکە بە عەمەلی فێری شەڕەکان بوبون، جا لەبەر ئەوەی لە ئێستەدا لە کوردستان ئەکادیمایی سەربازی خوێندنی ئەو هونەر و زانستەمان نیە بۆیە گرنگە  ئەو پێشمەرگە دێرینانەی کە تەجروبەی دورودرێژی پێشمەرگانە و خەباتی پارتیزانی و شەڕی پارتیزانیان هەیە، ژورێکی عەمەلیاتیان بەپەلە بۆ دروستبکەن لەژێر سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی وەزیری پێشمەرگە.  دووەم: ژمارەی ئەوانەی تەجروبەی شەڕی پارتیزانیان هەیە، نابێ بکرێ بە فیفتی فیفتی، گرنگ نیە پێشمەرگەی کام حیزب و کام لایەنە، گرنگ ئەوەیە تەجروبەی شەڕی پارتیزانی و ژیانی پارتیزانی هەبێ. سێیەم: وەکو کاری هەنوکەیی، لە ئێستەوە ڕێنمایی بدرێت بە هێزەکان کەلەگەل داعش ڕوبەڕوون، بەرۆژ بەمەفرەزی بچوک بچوک دەوروبەری خۆیان  کێوماڵ بکەن.  چوارەم: وەزارەت سەگی ڕاهێنراویان بۆ دابین بکات، یان ئەگەر لە ئێستەدا سەگی ڕاهێنراویان لەبەردەست دا نیە، با رەبایەکانی پێشمەرگە بۆ خۆیان سەگ، بۆ پاسەوانی شەو ڕابگرن، سەگ لەشەودا وریا و چاوی تیژە و لە مەسافەی دورەوە هەست بە جموجوڵ دەکات، لانیکەم بە وەرینێک دەتوانی پێشمەرگەکان بە ئاگا بهێنێتەوە. پێنجەم: رەبایە و سەنگەرەکانی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ داعش، تۆکمە بکات چ لە ڕوی ژمارەی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی چ لە ڕوی خواردنەوە. وەزارەت بە پەلە لەڕیی دابین کردنی درۆن بۆ هێزەکان و خەڵکانی شارەزای بەکارهێنانیان ئامادە بکا و بەسەر سنورەکان دا دابەشی بکات. ئەم درۆنانە دەکرێ بەرۆژ دا لەگەڵ مەفرەزی بچوک بچوکی پارتیزانی دەربچن بۆ کێوماڵکردن و دۆزینەوەی تیرۆریستەکان لەناودۆڵ و شیوو دارودەوەنەکاندا، هێزی فریاکەوتنیش بە چەک و تەقەمەنی پێویستەوە، ئامادە کرابێ، لەکاتی دۆزینەوەیاندا پەلامار بدرێن و لەناو ببرێن. شەشەم: دەبێ حسابی ورد بۆ عەرەبی هاوردە و تەعریب چیەکان بکرێ، کە رەنگە ئەوانە چاوساغیان بکەن، یان دەشێ، بەشێک بن لە گروپی تیرۆریستی داعش. حەوتەم: یەکێ لەو هەڵە کوشندانەی لەکات و دوای پاشەکشەی تیرۆریستەکاندا بە تایبەت لەشەودا، دەکرێ. ئەوەیە هێزەکانی پێشمەرگە لەشەودا دوای تیرۆریستەکان دەکەون، ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی و  تاکتیکی یە و نابێ شتی وا بکرێ چونکە تیرۆریستەکان، دەیان خەنە کەمینی خۆیانەوە. بۆیە نابێ لەکاتی وادا جگە لە بەرگریکردن، نابێ لە تاریکی دا دوایان بکەون. مەگەر پێشتر بە پلانێکی سەربازی (داو) بۆ دوژمن نرابێتەوە. دەبێ پەند لەو هەڵانەی ڕابردوو وەربگیرێن. هەشتەم: ئەم ڕێوشوێنانە دەکرێ وەکو فریاگوزاری سەرەتایی سەیربکرێن، هەتا ئەو کاتەی  هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سپای عێراق و هاوپەیمانان دەچێتە بواری جێ بەجێکردنەوە. نۆیەم: ئەرکی وەزارەتی پیشمەرگەیە کە خەلکی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە لەوە دڵنیا بکاتەوە، کە ئاخۆ هێزەکانی هاوپەیمانان دوربینی حەراری شەویان داوە بە وەزارەت یان نا؟ چونکە دەنگوباسی ئەوە بڵاوە کە لە عەمبارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەن، یان لای بەرپرسەباڵاکانی هێزە چەکدارەکانە. #  مسکی خیتامی: ئەگەر بمانەوێ هیزە چەکدارەکانی هەریمی کوردستان کە بەپێێ دەستوری عیراق ناویان (هێزی پاسەوانی سنورە) بکەین بە بەشێک لە سیستمی وەزارەتی بەگری عێراقی فیدراڵ هەموو ماف و ئیمتیازێکی سپای عێراق یان لە ڕووی چەک و ڕاهێنان و موچە و ئیمتیازەکانی ترەوە، هەبێ. ئەوە دەبێ پارتی و یەکێتی هەوڵێ دروستکردنی ئەو هێزە بدەن و واز لە میلیشیاکانی حیزب بهێنن و واز لە چاوبەستکردن بهێنن و ئەو لیوا یەکگرتوانە ی لەژێر ناوی (لیوا هاوبەشەکان !!) دا، کە هاوبەشەکان مەبەست هاوبەشی نێوان پارتی و یەکێتیی و (تیراوێێ) پەنجا بە پەنجاکەیە چی تر دەستی دەستی نەکەن و یەک لەشکری یەکگرتووی کوردستانی دابمەزرێ، کە تەنهاو تەنها وەلای بۆ خاک و خەڵکی کوردستان هەبێ.    


مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)   کارل شمیت، تێوریسی ئەزموونی نازیزم لە ئەڵمانیادا، کە ھابرماز بە نووسەرێکی فاشیستی-دینیی ناویدەبات، “clerico-fascist”،  جەوھەری سیاسەت لە توانای جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمندا، دیاریدەکات. سیاسەت لای ئەم پیاوە نازییە ئەو کردەیەیە بە ھۆیەوە دۆست لە دوژمن جیادەکرێتەوە، ھاریکایی دۆست دەکرێت و بەگژ دوژمنیشدا دەچێتەوە. ئەم دیدە نازیانەیە بۆ سیاسەت، ئەو دیدە نییە من ساڵانێکی درێژە بەرگریی لێدەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە من بەرگریی لە دیدی ژنە فەیلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت سیاسەت دەکەم، کە بەدرێژایی خەت دژ بە دیدگای کارل شمیتە. ھانا ئارێنت پێ لەسەر ئەوە دادەگێت سیاسەت کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی تاکەکەسەکانە بۆ دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھاوبەش و قبوڵکراو لەلایەن ھەمووانەوە. لەم ڕوانینەدا بیرۆکەکانی ”ھاوڵاتیبوون“ و ”جیاوازیی“ و ”یەکسانیی“ و ”دیموکراسیەت“ و ”پلورالیزم“ بیرۆکەی سەرەکیی و سێنتراڵن. پەیوەندیەکی تایبەتیش ئەم چەمکانە بە چەمکەکانی ”ھاوڕێیەتیی“ و ”ھاریکاریی“ و ”خۆشویستنی جیھان“ەوە گرێئەدات. لە دیدی ھانا ئارێنتدا بۆ سیاسەت مرۆڤ تاکەکەسێکی ئازادە و لەڕێگای گفتوگۆ و بەشداریی عەقڵانییەوە، لەگەڵ کەسانیتردا دونیایەکی ھاوبەش دروستدەکەن و بەڕێوەیدەبەن. شتێک بەناوی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنەوە لە ئارادا نییە.  ئاشکرایە دیدی باڵادەست بۆ سیاسەت لە دونیای ئێمەدا دیدە ئارێنتییەکە نییە، ئەوەی ئامادەیە ئەو دیدە شمیتیەیە کە لەسەر دابەشکردنێکی شاقوڵیانەی جیھانی دەوروبەر بۆ دۆست و دوژمن کاردەکات.  سیاسەتی کوردیی لە ھەرێمدا، کە سیاسەتێکی سوڵتانیی عەیار ٢٤ ەو بە دەوری پیادەکردنی ڕوانین و وەدیھێنانی خواستەکانی، کۆمەڵێک بنەماڵەی سیاسییدا دەسوڕێتەوە، سیاسەتی جیاکردنەوەی  دۆست لە دوژمن کردەی سەرەکیی ناو ئەو ڕوانینەیە کە بۆ سیاسەت لە ھەرێمدا ئامادەیە. بەڵام ئەم کردەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە لە ھەرێمدا لۆژیکێکی تەواو شێواو و  ترسناک ئاراستەیدەکات، کە چاوەڕوانی ھیچ شتێکی باشی لێناکرێت.  بە بۆچونی من لەمڕۆکەی سیاسەتی ھێزە سوڵتانییەکانی ھەرێمدا ڕوانین بۆ دوژمن و دەستنیشانکردنی ئەوەی کێ دوژمنە، دوو گۆڕانی سەرەکیی بەسەرداھاتوە.  یەکەمیان بەدۆستکردنی ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانە و درێژکراوە ناوەکییەکانین، کە بکەری ژمارە یەکی دروستکردنی بڕێکی زۆری ئەو کارەساتە گەورانەن لە سەدەی بیست و ئەم سەدەیەشدا بەسەر میلەتی ئێمەدا ھاتوە.  لە پێش ھەمووانیشەوە کارەساتی ”بە کەمینەکردن“ لەناو چوارچێوە فەرمیەکانی چوار دەوڵەتی نەتەوەیی دەسەڵاتگەر و ستەمگەری تازەدروستکراوی ناوچەکەدا. دوای ئەوەش کارەساتی بە ”بە ئەمنییکردن“ی داخوازییە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتورییە سادەکانی ئەم میلەتە، لە ھەر یەکێک لەو بەشانەدا و وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئەمنیانەی بەو داخوازیانە. (بێگومان بە پلە و ڕادەی جیاواز لە ھەریەکێک لەو وڵاتانەداا. دۆخی عێراق لە دوای ٢٠٠٣ گۆڕانی گەورەی بەسەرداھاتوە و تەواو جیاوازە لە دۆخی وڵاتەکانی دیکە). بە مانا شمیتیەکەی دەبوایە تورکیا و ئێران و سوریا سەر بەو چەمکی ”دوژمن“ە بن، کە مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان و گروپە ئەتنییەکانی تریش، لەووڵاتانەدا، ناسەلمێنن. دەبوایە سیاسەتەکانیان لەناو وڵاتەکانی خۆیان و لە ناوچەکەشدا وەک سیاسەتی نادۆست ببینرایە و وەک سایسەتی نادۆستیش، مامەڵەبکرایە. بێگومان ئەمە مانای پەلاماردان و بەگژاچوونەوەی ئەو وڵاتانە ناگەیەنێت، بەڵکو مانای بونیادنانی ئەو لۆژیکە سیاسییەی کە تیایدا بکرێت دۆست و نادۆستی مەسەلە سەرەکییەکانی میلەتی ئێمە لەیەکدی جیابکرێتەوە و وەک ژێرخانێکی ئەخلاقیی و عەقڵانی ئاراستەی کردەی سیاسیی بکات. ئەوەی لە ھەرێمدا ئامادەیە ڕێک پێچەوانەی ئەم دۆخەیە.  دۆستی ھەرە گەورەی بنەماڵە سوڵتانییەکان، ئەو ھێزە ئیقلیمییە نادۆستانەن کە ئامادەنین سادەترین مافی دانیشتوانە کوردەکانی خۆیان، مافی زۆرێک لە کەمینەکانی تریش، بسەلمێنن. نەک ھەر ئەمە بەڵکو سەرجەمی شێوە ئازاد و سەربەخۆکانی کوردبوونیش، لە ھەر شوێنێکی جیھاندابێت، وەک ھەڕەشەی گەورە بۆسەر خۆیان وێنادەکەن و سەرجەمیان وەک ”دوژمن مامەڵەدەکەن. تورکیا بۆ پارتی و ئێران بۆیەکێتی ”دۆست“ی ستراتیژین و لە زۆر ساتیشدا ئەوەی ئەم دوو ھێزە دەجوڵێنێت خواستی ئەو دوو دەوڵەتە ئیقلیمیەن.  دووھەمیان، بەدوژمنکردنی سەرجەمی ئەوکەس و لایەن و گروپ و ھێز و بەشە ناوکییانەی کۆمەڵگای کوردستانی خۆی، کە ناڕازین بەرامبەر بەوەی لە ھەرێمەکەدا ڕووئەدات، چونکە ئەوەی ڕووئەدات، گرفتی گەورە و ھەمەلایەنیان بۆ دروستدەکات، لە پێش ھەمووانیشەوە نەتوانینی دابینکردنی ژیانێکی سادەی مافپەروەر و کەرامەتپارێزاراو. ئینجا مۆنۆپۆڵکردنی ھەموو شتێکی مانادار لە ھەرێمەکەدا بۆ ئەندامان و منداڵان و دۆستانی بنەماڵە سوڵتانییەکان. کاتێکش بەرامبەر بەم واقیعە مێژووییە تاریکە لە چەندان ناوچەی ھەرێمەکەدا ناڕەزایی دەردبڕدرێت،  ناڕەزایی خوێنداکاران، فەرمانبەران، کەس و کاری ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانە زیندانیکراوەکان، یاخود کاتێک بەشێکی دانیشتوان بەشێوەیەکی دەستەجەمعی سەرھەڵدەگرن و دەچنە سەر سنووری وڵاتانی تر بۆ دەربازبوون لەم ھەرێمە سوڵتانییە، ماشێنە میدییایە ئاراستەکراوەکەی ئەم ھێزانە، سیاسیی و ناسیاسییە گەورە و بچووکەکانیان، دێنەقسە و سەرجەمی ئەو کاردانەوانە وەک ”پیلان“ و ”ڕق“ و ”گێچەڵ“ دەبینن و ”دەستی دەرەکیی“ بە جوڵاندن و ڕوودانیان، تۆماردەکەن. کەسێکیان بوێریی ئەوەی تێدانییە بۆ ساتێکیش بێت، لۆژیکی حوکمڕانییە خێزانییەکە و سیاسەتە کارەساتاوییەکانی تاوانباربکات و بە ھۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەی بزانێت. لێرەدا، لە ھەرێمدا، ئەوەی کە بە لۆژیکە شمیتیەکەی دەبێت ”دۆست“بێت، لای ئەم حوکمڕانانە گۆڕاوە و دەگۆڕێت بۆ دوژمن. بە کورتییەکەی ئەوەی لە ھەرێمدا ڕووئەدات پێچەوانەکردنەوەیەکی تەواوی دوو جەمسەرە سەرەکییەکەی جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمنە. ئەوەی دوژمن و نادۆستە گۆڕاوە بۆ دۆست و ئەوەشی پێویستە و دەبێت دۆست بێت، کراوە بە دوژمن. ئەم لۆژیکە لەیەککاتدا ھەم لۆژیکی ڕقبوونەوەیە لە خود، واتە لۆژیکی خودنەفرەتییە، ھەم لۆژیکی تەماھیکردنێکی تەواویشە لەگەڵ دوژمن و نادۆستدا.  ئەو ھەواڵانەی لەم چەند ڕۆژی دواییدا لەسەر شەھیدکردنی چەندان پێشمەرگە لەلایەن داعشەوە و بریندارکردنی چەندان خوێندکاریش لە خۆپیشاندانەکاندا، بیستمان، سەر بەم لۆژیکە پێچەوانەیەی جیاکردنەوەی دۆستە لە دوژمن. بەرامبەر بە داعش ھێزەکان ئەمری تەقەکردنیان پێنییە، بەڵام بەرامبەر بە خوێندکاران ئەمری تەقەکردن و لێدان و گرتنیان پێیە. داعش بەبەردەمیاندا تێدەپەڕێت و ئەوان ھیچ  کاردانەوەیەک نیشاننادەن، بەڵام دەیان بۆمبای دووکەڵھێن فڕێئەدەن ناو زانکۆکانەوە و قوتابیانی کچ و کوڕ بریندار و بێھۆشدەکەن. ئەم لۆژیکی بە دوژمنکردنی دۆست و بە دۆستکردنی دوژمنە، یەکێک لە ڕووکارە ھەرە ھەرە خراپ و ترسناکەکانی سیاسەتمەداران و حوکمڕانانی ھەرێمە.


درەو: ئامادەکردنی: ئەنوەر کەریم داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ مانگی  تشرینی دووەمی ساڵی 2021 (922 ملیار و 323 ملیۆن) دینارە، بە جۆرێك (538 ملیار) دیناری داهاتی نەوت (164 ملیار) دینار داهاتی ناوخۆ، (200 ملیار دینار) پارەی بەغداد (20 ملیار) دینار پارەی هاوپەیمانان •      پوختە داهاتی نانەوتی •    داهاتە نانەوتیەکانی هەرێم  بۆ مانگی تشرینی دووەم = (164 ملیار) دینارە •    یارمەتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە = (20 ملیار) دینارە •    پشکی هەرێم لە بەشە بودجەی عێراق = (200 ملیار) دینارە  داهاتی نەوت •    هەرێمی کوردستان  لە مانگی تشرینی دووەمی (2021)دا  بڕی (12 ملیۆن و 711 هەزار 350) بەرمیل نەوتی هەناردەکردوە لە ڕێگای  بەندەری جیهانی تورکیاوە. •    تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت  بۆ مانگی  تشرینی دووەم (81.54) دۆلارە.  •     لەبەرئەوەی هەرێم نەوتەکەی بە (12) دۆلار کەمتر دەفرۆشیت، واتە تێکڕا نەوتی بە (69.54) دۆلار فرۆشتووە. کەواتە: (12 ملیۆن و 711 هەزار 350) بەرمیل  X (69.54) دۆلار = (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار. واتە بە دینار دەکاتە: (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار X (1450) دینار = (1 ترلیۆن 281 ملیار و 723 ملیۆن و 554 هەزار 550) دینار. •    بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت (58%)ی داهاتی نەوت خەرجی تێچوونەکەتی و (42%) دەمێنتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان. -    کەواتە: (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار  X (58%) = (512 ملیۆن و 689 هەزارو 422) دۆلار دەڕوات بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. واتە بەدینار دەکاتە: (512 ملیۆن و 689 هەزارو 422) دۆلار X ((1450 دینار = (743 ملیار و 399 ملیۆن و 661 هەزار و 639) دینار خەرجی نەوتە. -    (883 ملیۆن و 947 هەزار  و 279) دۆلار  X (42%) = (371 ملیۆن و 257 هەزارو 857 ) دۆلار داهات دەمێنێتەوە. داهاتی نەوت بە دینار دەکاتە: (371 ملیۆن و 257 هەزارو 857) دۆلار X (1450) دینار= (538 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) دینار. کۆی داهات لە مانگی تشرینی دووەم 2021 (دینار) •    (538 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) داهاتی نەوت + (164 ملیار) داهاتی ناوخۆ + (20 ملیار) هاوپەیمانان + (200 ملیار) پارەی بەغدا = (922 ملیار و 323 ملیۆن و 892 هەزار و 911) دینار


درەو: وەزارەتی خوێندنی باڵا سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی دەگۆڕێت كە بەشێكیان ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەو پۆستەدان و لە قۆناغی داهاتووشدا سەرجەم راگرەكان و ئەوانەی ماوەی یاساییان تەواوبووە دەگۆڕێت. وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پۆستی سەرۆكی زانكۆكانی ( سلێمانی، پۆلیتەكنیك، چەرمۆ، راپەڕین) دەگۆڕێت و داوای سڤی دەكات بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكانیان. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) وەزارەتی خوێندنی باڵا لەدوای گۆڕینی سەرۆكی زانكۆكانی دەڤەری سلێمانی سەرجەم راگر و ئەو كەسانەش دەگۆڕێت كە زیاتر لە چوار ساڵ لە پۆستەكانیاندا ماونەتەوەو ماوەی یاساییان تەواو بووە.   وەزارەتی خوێندنی باڵا پۆستی ژمارەیەك سەرۆك زانكۆ ڕادەگەیەنێت وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە چوارچێوەی ڕێنماییەكاندا پۆستی (٤) سەرۆك زانكۆ و (سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕادەگەیەنێت، كە پۆستەكان بریتین لە: 1) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی 2) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی 3) سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین 4) سەرۆكی زانكۆی چەرمو 5) سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیدەگەیەنێـت: هەر كەسێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی تێدایە، دەتوانێت لە ماوەی دیاریكراودا (C.V) و داواكارییەكەی پێشكەش بكات، تا ناوی لە لیستی پێشكەشكاراندا تۆمار بكرێت. مەرجەكان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆ: - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت . - نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت. - خزمەتی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت. مەرجەكان بۆ سەرۆكی دەستی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی: - هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت لەیەكێك لەبوارەكانی زانستی. - نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر كەمتر نەبێت. تێبینیەكان: • ئەو بەڕێزەی داواكاری پێشكەشدەكات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەی كاری خۆی پێشكەش بكات بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی زانكۆكەی بۆ ئەو چوار ساڵەی كە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێركردن و كارایی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلی زیاتر بۆ پێشكەشكار دەڕەخسێنیت. • دواین كات بۆ پێشكەشكردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە، تاكو كۆتایی دەوامی فەرمی ڕێكەوتی (2021/12/12) ڕۆژی (یەكشەمە) دەبێت. • هەر بەڕێزێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی پێشكەشكردنی هەیە، دەتوانی (C.V) و پوختەی ڕاژەو لیستی هەمو توێژینەوە بڵاوكراوەكان لە گۆڤاری زانستی مەحكەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچونی پۆستەكان لە دیوانی وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ئیمێڵە ([email protected]) بنێرێت.  


گفتوگۆی: درەو "چەكدارانی داعش بە ئاشكرا لە چیای قەرەچوغن، نە سوپای عێراق و نە لیوای 14ی سەربە سیروان بارزانی تەقە لە داعش ناكەن، چەكدارانی داعش بە رێككەوتن لەوێن و پارتی بە ئاشكرا هاوكاریان دەكات و بەریداونەتە خەڵكی، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندی خدرجیجە" ئەمە وتەی غازی فەیسەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی قەرەچوغی یەكێتیە. غازی فەیسەڵ كە بەوتەی خۆی ناوچەكە بەتەواوی شارەزایەو چەندین ساڵە شەڕی داعش دەكات لەوێ‌، لە گفتوگۆیەكی (درەو)دا وردەكاری روداوەكەی خدر جیجەو پەلامارەكانی داعش لەو سنورە دەخاتەڕوو: دەقی گفتوگۆكەی (غازی فەیسەڵ) فەرماندەی پێشمەرگەی خۆبەخش و كارگێڕی مەڵبەندی (20 )ی قەرەچوغی یەكێتی: ماوەی چەند ساڵێكە لەوناوچانە شەڕی داعش دەكەم شارەزای تەواوی ناوچەكەم و ئاگاداری تەواوی جموجوڵەكانی داعشم لەو ناوچانە. دەیان بەڵگەم لەبەردەستە كە برادەرانی پارتی لە چیای قەرەچوغ هاوكاری و یارمەتی چەكدارانی داعش دەكەن، بەئاشكرا لە خەڵكیان بەرداون و نان و ئاویان دەدەنێ، دەیان بەڵگەم داوەتە دەزگا ئەمنییەكان و تەنانەت هاوپەیمانانیش. شاخی قەرەچوغ درێژیەكەی (25 بۆ 30 ) كیلۆمەترە بەرزیەكەی بەژنی كورتە (800) مەترە، شاخێكی ئاسان و سەهلەو سەخت نیە تا نەتوانرێت بەسەر چەكدارانی داعشدا زاڵ بین. شاخی قەرەچوغ دیوی لای مەخمور ناحیەی قەراجە دیوی لای خدر جیجە بەلای هەولێرەوە ناحیەی دیبەگەیەو ناوچەی كەندێناوەیە، ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە، شاخی قەرەچوغ دیوی لای قەراج تەختانیەكەی نەك چیایەكەی لەژێر كۆنترۆڵی سوپای عێراقە، سەر شاخی قەرەچوغیش هێزی پێشمەرگەو لیوای 14ی لێیە كە سەربە سیروان بارزانیە، لێناگەڕێن هیچ هێزێكی دیكە تێكەڵیان بێت. گوندی خدر جیجە ئەو گوندەی كە شەوی رابردوو چەكدارانی داعش چەندین هاوڵاتی و پێشمەرگەیان تێدا شەهید كرد، سەربە ناحیەی دیبەگەیە لە دیوی هەولێری چیای قەرەچوغ، واتا لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەیە، بەپێی زانیارییەكانی من، چەكدارانی داعش بەناو رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوون بۆ گوندەكان، رەبایەكانیش هەموویان لێك نزیكن، گوندی خدر جیجە دەكەوێتە دامێنی چیای قەرەچوغ كە زیاتر لە (35 ) رەبیەی لیوای 14ی سیروان بارزانی لێیە، ناوقەدی شاخەكەش چەكدارانی داعشی لێیە، بە ئاشكرا‌و بە ئیسراحەت دەسورێنەوەو دەردەكەون و چالاكی خۆیان دەكەن و شەوانە دەچنە گوندەكان. لە نێوان گوندی خدر جیجەو سەر شاخەكە داعشی لێیە، بەتەنیش رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتوچۆ دەكەن و مەرحەبای یەكدیش دەكەن، خۆم قسەم لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە، ئەوان دەڵێن پێیان وتووین نابێت یەك تەقە لە چەكدارانی داعش بكەن، چەندین جار هاوپەیمانانم ئاگاداركردووەتەوە بەتایبەت فەرەنسی و ئەمریكیەكان، فەرەنسییەكان توندن بەرامبەر بە داعش بەڵام ئەمریكیەكان لوعبەی دەكەن. چەكدارانی داعش شەو درەنگ دەچنە سەر گوندی خدر جیجە، پێدەچێت بۆ بارمتە گرتن و پارە سەندن چوبێتن، بەڵام كاتێك خەڵكی گوندەكە لێیان دێنە دەست، ئیتر شەڕ دروست دەبێت، هەشت بۆ نۆ پێشمەرگە لە مزگەوتی گوندەكەبوون (ئەوان سەر بە لیوای 14 نین، لە هەر گوندەو گروپێك پێشمەرگەیان دروستكردوە بۆ پارێزگاری لە گوندەكان) ئەوان بە ئۆتۆمبێل دەچن بە هاواری تەقەكانەوە، بەرلەوەی داببەزن داعش تەقەیان لێدەكەن یەك پێشمەرگە شەهید دەكەن و سیانیشیان بریندار دەكەن، لە كاتی گواستنەوەی بریندارەكان بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلە مێك زەمینیەكەیان وەرگەڕاو دوو پێشمەرگەی برینداریش شەهید دەبن، دواتر هێزێكی تایبەتی سەربە لیوای هەولێر دەچن بۆ گەڕانی ناوچەكە، دەكەونە كەمینی داعشەكانەوەو لێیان دەدەن و هەموویان شەهید دەكەن، لەم هەموو شەڕەدا لیواكەی سیروان بارزانی كە (35) رەبیەیان لەسەر چیای قەرەچووغەو لەناوچەی شەڕەكەن، یەك تەقە ناكەن و نایەن بەدەم خەڵك و پێشمەرگەكانەوە.  ئەو لیوایەی (14) سەر شاخی قەرەچوغ بۆخۆیان نایەنە خوارەوە، گوندەكانیان بە هەندێك خەڵكی ناوچەكە سپاردووەو فەوجێكیان بۆ كردوونەتەوە، هەربۆیە لە كاتی شەڕەكەدا تەنیا ئەو پێشمەرگانە شەڕیان كرد كە سەربەو فەوجانەن كە دروستیان كردوون.  من چەندین ساڵە لە ناوچەكەم شەڕی داعش دەكەم، دەزانم ئەوان لە كوێن و چی چەكێكیشیان پێیە، كڵاشینكۆف و ئاربیجی و ئێم فۆریان پێیە، ئەو چەكە حەراریانەش كە بەكاریان دێنن، ئەو ئێم فۆرانەیە كە لە هەولێر و سلێمانی دەیكڕن و دووربینی حەراری دەخەنە سەری كە هەردانەیەكی بە (80) وەرەقەیە.. چیای قەرەچووغ بە دیوی دیبەگەو كەندیناوە پێشمەرگەی لێیەو لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و پێشمەرگەدایە، بەدیوی مەخمورو قەراجدا لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقدایە و سوپای عێراقی لێیە، لە دیوی سوپای عێراقەوە پێشتر فیرقەی سێ لەوێ بوون، سوپای عێراق كە زۆربەیان سونەیە وەزیری بەرگری كە جبوریەو خەڵكی قەراجە ماڵی لە هەولێرە زۆربەی كەسە نزیكەكانی داعشن، برایەكیشی لەسەر ئەوەی داعش بووە ئێستا لە زیندانە، ئەو فیرقەیەی سوپای عێراق كە لە مەخمورە، ئەوانیش هەموو سونەن و ماڵی فەرماندەی فیرقەكەش لە هەولێرە بە رێككەوتن ئەو داعشانە لەوێن كەسیان تەقە لە داعش ناكەن نە سوپای عێراق و نە لیواكەی سیروان بارزانی.   یەكێتی لەوناوچەیە هێزی نیە، بەڵام من بۆخۆم چەند كەسێكم لەگەڵەو ناوماناوە هێزی خۆبەخش و چەندین جار لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراقی دانیشتنم كردووەو پەیوەندیم باشەو كۆبونەوەم هەیە. هەموو كەسێكی ئەو ناوچەیە دەزانێت كە چۆن هاوكاری داعش دەكرێت، چەند بە ئاشكراو بە بێ ترس لەناوچەكەدا دەسوڕێنەوەو بە بەردەم رەبیەكانی پێشمەرگەدا هاتووچۆ دەكەن، لە هەندێك ناوچەی چیای قەرەچوغ بارەگای پێشمەرگەو بارەگاو شوێنی مانەوەی داعش چەند سەد مەترێك لەیەكەوە دوورە، تا ئێستا چەكدارانی داعش یەك تەقەیان لەو رەبیەیانە نەكردووەو بەبەردەمی رەبیەكاندا هاتوچۆ دەكەن و لە رەبیەكانیشەوە یەك تەقە لە چەكدارانی داعش نەكراوە، ئەو پێشمەرگانەشی شەهید بوون هیچیان سەربەو لیوایەی سیروان بارزانی نین كە لیوای (14) یەو لەسەر شاخی قەرەچوغ (35) رەبیەیان هەیە. بۆچی كەس ناپرسێت ئەو چەكدارانەی داعش دوای پەلامارەكە بۆ كوێ چون؟ كە چەندین كیلۆمەتر لەولای گوندی خدرجیجەوە هەر پێشمەرگەی لێیە، ئەی لەكوێوە هاتن و بۆ كوێ چون؟       



مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand