درەو: رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوا دەكات پێنج سزادراوەكەی بادینان بەزووترین كات و بەبێ هیچ مەرجێك ئازاد بكرێن، چونكە لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراو دادگاییكراون. رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) راپۆرتێكی لە بارەی پێنج سزادراوەكەی بادینانەوە بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە: • پێنج رۆژنامەنوسەكەی بادینان بە شێوەیەكی نادادپەروەرانەو لەسەر بنەمای تۆمەتی هەڵبەستراو دادگاییكراون. • پێویستە ئەو پێنج سزادراوە بە زووترین كات و بە بێ هیچ مەرجێك ئازاد بكرێن • لەكاتی دەستگیركردنیاندا هێزەكانی ئاساییش هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنی كاركردنی ئەو كەسانە. • پێداچوونەوە یاخود هەڵوەشانەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەیان كراوە. • ئەو زیندانەی كە چالاكوانەكانی بادینانی تێدایە، شوێنی نوستن و راوەستان بەپێوەو رۆیشتنی نەبووە. • دەستگیركراوەكان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە بەهۆی دۆخی خراپی زیندانەكەیانەوە . • گەرەنتیكردنی ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەیەكی خێرا لەبارەی ئەشكەنجەدان و مامەڵەی خراپی دەستگیركراوان و لێپیچینەوەی كەمتەرخەمەكان.
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) ھەم لەناو کایەی سیاسیی و ھەم لەناو بەشێکی گەورەی کایەی میدیای ئاراستەکراو و دیسپلینکراوی ھەرێمدا ناکۆکییەکی گەورە و ترسناک ئامادەیە لە نێوان ئەوەی واقیعە و ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەدا کە باسدەکرێت و دەگێڕدرێتەوە، لە نێوان ئەوەدا کە ھەقیقەتە و بەرچاوە، لەگەڵ ئەوەدا کە لەسەر ئەو ھەقیقەتە بەرچاوانە، دەگوترێت. پرۆسەیەکی بەرفراوان و ھەمەلایەنی تەزویرکردنی واقیع لە ئارادایە و ئەوەی دروستدەکرێت تەواو ناکۆکە بەوەی نمایشدەکرێت. لۆژیکی ئەم ناکۆکییەش دوو ڕەگەزی سەرەکیی ئاراستەیدەکات. یەکەمیان درۆکردنێکی بەردەوام و نمایش‌کردنی ئەو درۆیانەیە وەک ڕاستیی. دووھەمیان شاردنەوە و وونکردنی ئەو ھەقیقەتانەیە کە ئەو واقیعە بەرھەمیاندەھێنێت. ھەردوو ڕەگەزەکەش دوو کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو پرۆسە بەرفراوانەی تەزویرکردنی واقیعن لە ھەرێمدا. بۆیە ئەوەی دەگوترێت و بڵاودکرێتەوە، ئەوەی دەبێتە گوتاری حوکمڕانان و میدیاکانیان، نەک بە ھیچ جۆرێک نامانبەنەوە ناو واقیع و ئەو ژینگەیەی دروستکراوە، بەڵکو ئیشی سەرەکییان ئەوەیە، ئەوەی کە بووە بە واقیع دابپۆشن و کێشەکانی بشارنەوە و نەھێڵن ھەقیقەتە تاڵەکانی ئەو ژینگە دروستکراوە، دەربکەوێت. بەم جۆرە بەشی ھەرە زۆری ئەوەی لەناو کایەی سیاسیی و کایەی میدیادا دەگوترێت، بریتییە لە ڕستێکی درێژ لە درۆ و بوختان و ئەفسانەسازیی بەردەوام و بەشێکی گەورەی تواناکانی ھەرێمش لەم بوارەدا سەرفدەکرێت. ئەوەی لە ئێستادا ھەرێمی پێدەناسرێتەوە تێوەگلانی بەشی ھەرە زۆری دەزگاکانی حوکمڕانییە لەم ستراتیژییەتی درۆکردن و شاردنەوە و بزرکردنەدا. لەمەشدا تەنھا میدیا و کایەی سیاسیی ئەنجامدەری ئەم ستراتیژەی ونکرن و شاردنەوەیە نین، بەڵکو بەشی ھەرەزۆری دەزگاکانی حوکمڕانیی لەم یارییە ترسناک و ناشیرینەدا بەشدارن، بە سیستەمی داوەریی خۆشیەوە لە ھەڵقە بنەڕەتیی و سەرەکییەکانیدا. ئەم پرۆسە بەرفراوانەی تەزویرکردنی واقیع دۆخێکی دروستکردوە تیایدا مەسافەیەکی مانادار لە نێوان دەزگا سەرەکییەکانی سیستەمی داوەریی لەگەڵ مقەڕ و ناوچە و مەڵبەندە حیزبییەکاندا، نەمێنێتەوە. ئەم دۆخەش بەڕادەیەکە نە دەسەڵاتدارانی ھەرێم و نە خودی داوەرەکان خۆشیان ناتوانن بیسڕنەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا کار گەیشتوە بەوەی داوەرەکان سڵ لەوە نەکەنەوە ببن بە برغویەکی ناو ماشێنە گەورەکەی حیزب و لەزۆر بۆنەدا وەک ئەندام و ھەوادارێکی حەماسەسازی حیزبی دەربکەون. ئێمە بە چاوی خۆمان وێنەی چەندان داوەرمان لە كەمپینی بانگەشەی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بۆ ساڵی ٢٠١٨ لەیاریگاکەی هەولێردا بینی، ئەوانیش وەک ھەر ئەندامێکی تری پارتی لەو کەمپینەدا بەشداربوون. داوەری ترمان بینی بە بەرچاوی ھەمووانەوە سەردانی لێپرسراوی حزبیان دەکرد بۆ پیرۆزبایی لێکردن بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی تازەوە. ئەمانە لەپاڵ ئەو ڕاستییە سادەیەدا کە دانانی داوەران و بەخشینی پێگەکان پێیان، موچە و ئیمتیازەکانیان دیسانەوە کردەیەکی تەواو بەحیزبیکراوە، لابردن و لانەبردن و نەقڵکردن و ھێشتنەوە و تەنەنات خانەنشینکردن و نەکردنیان ھەر بە دەستی حیزبە. ئەم دۆخە وایکردوە مەسافەیەک لە نێوان سەرە گەورە و مامناوەندییەکانی بنەماڵە سیاسییەکان و بەرپرسە حیزبەکان و سیستەمی داوەرییدا، نەمێنێتەوە. بە ڕادەیەک وەکچۆن ھەر یەکێک لە خێزانە سوڵتانییەکانی ھەرێم و ھەر سەرێک لە سەرە گەورەکانی ناو ئەو خێزانانە، کە ھاوکات سەرە گەورەکانی ناو سیستەمە حوکمڕانییەکەشن، میدیای تایبەت و یەکەی سەربازیی تایبەت و پرۆژەی ئابوریی تایبەتیان ھەبێت، بە ھەمانشێوەش پشکی تایبەتیان لەناو سیستەمی داوەرییدا ھەبێت. ھەر کەسێک بە سەفەرێکی چەندڕۆژە ڕێی کەوتبێتە ھەرێمەوە ئەم ڕاستییە سادانە دەزانێت، چ جای خەڵکی ھەرێمەکە خۆیان و ئەو وڵاتانەی لە ھەرێمدا قونسوڵیەت و ئۆفیسی تایبەتیان ھەیە و چ جای ئەو ئۆرگانە نێودەوڵەتییانەش کە لە دەیان کەناڵی جیاوازەوە توانای کۆکردنەوەی زانیاری‌یان لەسەر ھەرێمەکە ھەیە. لە دۆخێکی لەم بابەتەدا ھیچ لەوە کۆمیدیتر نییە بە دەنگی بەرز ھاوار بکەیت و بقیژێنیت: ”داگا سەروەرە و نابێت لە دەستبخرێتە کاروبار و بڕیارەکانییەوە“. ئەم پرنسیپە گرنگە، پرنسیپی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، کە یەکێکە لە پرنسیپە ھەرە بنەڕەتییەکانی سیستەم و دونیابینییەکی لیبراڵ، شتێکە لە بنەڕەتەوە ڕێی نەکەوتۆتە ناو سیستەمی حوکمڕانییە سوڵتانییە دەسەڵاتگەرە خێزانیی و شەخسییەکەی ھەرێمەوە. بنەماڵە سوڵتانییەکان و بازنە داخراوەکەی دەوروبەریان نەک تەنھا دەزگاکانی حوکمڕانیی و دادگا و داوەرەکان بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن، بەڵکو خودی وڵاتەکە خۆی و سامانی ژێرزەویی و سەرزەویی و سەرجەمی دانیشتوانەکەشی، بە موڵکی خێزانیی و بنەماڵەیی خۆیان دەزانن. بۆیە کۆمیدیای باسکردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگاکان، کە ساڵانە چەند جارێک لە چەند دۆخێکی پڕ لە ئیحراجییدا باسدەکرێت، جگە لە ھێنانە پێکەنینی ئەوانەی گوێیان لێدەبێت، ھیچ ئەنجامێکی تری نییە و نابێت. دەسەڵاتدارانی ھەرێم ڕێک لەو ساتانەدا کە نایانەوێت ھیچ لێپرسینەوەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییان بەرامبەر بەو کارانەی ئەنجامیانداوە و بەرامبەر بەو بڕیارانەش کە دادگاکان بە قازانجی ئەوان داویانە، دروستببێت، دەکەونە باسکردنی ئەم سەربەخۆبوونە گریمانکراوەی سیستەمی داوەریی لە ھەرێمدا. لە کاتێکدا بۆ ھەمووان ئاشکرایە بڕیاری دادگاکان بڕیاری حیزبین و ئیرادە و خواست و سایکۆلۆژیای سەرە گەورەکانی ناو سیستەمە حوکمڕانییەکەیان، لەپشتەوەیە. لەو ساتانەدا گوتاری ئیعلامیی و سیاسیی حوکمڕانان، لە ناو حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی تریاندا، دەبێت بە گوتاری بەرگریکردنی لە ”سەروەری یاسا“ و ”سەربەخۆیی دادگاکان“. ئەو ستراتیژەییەتەش کە ئەم گوتارە ھەڵگریەتی ستراتیژییەتی شاردنەوەی تێپەڕاندنی بڕیارە شەخسیی و حیزبیەکانە، بەناوی بڕیاری سەربەخۆ و بێلایەنی دادگاکانەوە. لەناو ئەم جۆرە سیستەمانەدا سزادانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی سەربەخۆ یەکێکە لە فۆرمە ھەرە دووبارە و سەدبارەبووەکانی سزادان. و دادگاکان یەکێکن لەو دەزگا سەرەکییانەی بەھۆیەوە ئەم فۆرمانە لە حوکمڕانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن. سزای ئەم گروپانەی بێدەنگ نابن و قسەدەکەن، یان بە جۆرێک دەجوڵێنەوە لەگەڵ چاوەڕوانیی حوکمڕانەکاندا نەگونجێت. ئەم کردەی سزادانانەش بەشێوازی جیاواز ئەنجامدراون کە دەشێت لێرەدا دوو شێوەی سەرەکییان لەیەکتری جیابکەینەوە. یەکەمیان سزادان لە ڕێگای یاسا و سیستەمی داوەرییەوە کە زۆرجار ئاکاری شانۆگەرییەکی خراپ و بێزراو لەخۆ دەگرێت، تیایدا تۆمەت و تاوانی ھەمەجۆر بۆ رۆژنامەنووس و کەسانی خاوەن فیکر و قەڵەمی ئازاد دادەتاشرێت و ھەر لەسەر ئەو تاوان و تۆمەتە داتاشراوانەش زیندان دەکرێن. دووهەمشیان لەڕێگای پەلاماردان و لێدان و ڕفراندن و ڕاونانەوە، تا بە تیرۆری جەستەیی دەگات. لە یەکەمیاندا دادگاکان بکەری سەرەکین. و لە دوھەمیاندا بەڵتەجیی و پیاوکوژەکانی حیزب. زۆرجار لە دۆخی کوشتنەکانیشدا دیسانەوە شانۆگەرییەکی بێزراوی تر دروستدەکەن، پاڵەوانی شانۆکان لەم دۆخانەدا ئەو لیژنانەن کە گوایە بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دروستدەکرێن، لە کاتێکدا مەبەستە سەرەکییەکەیان شاردانەوەی خودی تاوان و تاوانبارە ڕاستەقینەکانە. لە ئێستادا کە درۆکانی ھەرێم بۆ ھەمووان، بە تایبەتی بۆ دونیای دەرەوە بەتەواوی ئاشکرا بووە، چارەسەر ئەوە نییە درێژە بەم پیشەسازیی درۆکردن و شاردنەوەیە بدرێت، چیتر ھیچ کەسێک بەو بەیاننامە و ھەوڵدانە کۆمیدییە سەرەتاییانەی ون‌کردن و شاردنەوانە قایل نابێت. ئەوەی پێویستە داننانە بەو واقیعە تاڵەدا و ناونانی شتەکانی ناویەتی بە ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان. کۆتاییھێنانە بەو پرۆسە بەردەوام و ھەمەلایەنەی تەزویرکردنی واقیع کە ھەرجارە و کۆمیدیایەکی نوێ، بەڵام تاڵ و ڕەش بەرھەمدەھێنێت. تەزویرکردن ناتونێت تا سەر سیاسەتی دروستکردنی واقیع و ئیدارەدانی ئەو واقیعە بێت. ئەوەی پێویستە چونەدەرەوەی ئەم دۆخی تەزویرکارییە و بینینی واقیعە لە فۆرمە ڕاستەقینەکەی خۆیدا. گەر جاران ناڕەزایەتییەکان رەهەندێکی ناوخۆییان هەبووبێت، ئەمجارەیان بۆ یەکەمیجار رەهەندێکی نێونەتەوەیی ترسناکیان وەرگرتوە. بۆ یەکەمین جارە چوار دەوڵەت لەیەک کاتدا بەیاننامەی ناڕەزایەتیی دژ سیاسەت و ھەڵسوکەوتەکانی حکومەتی هەرێم دەربکەن، ئەمریکا و ئەڵمانیاو کەنەدا و فەرەنسا. یەكەمجارە حکومەتی هەولێر بەم قەبارە و گەورەییە بکەوێتە ژێر فشاری وڵاتانی خۆرئاواوە. ئەمەش تەنھا یەک مانای ھەیە: دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، دۆخەکە و پرۆسەی تەزویکردنە بەرفراوانەکەی واقیع باشدەناسن. هێزە هاوپەیمانەکان هەم دۆخی پێشمەرگە و هەم دۆخی داوەریی و هەم دۆخی ئازادیی و ھەم دۆخی میدیا و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان باش دەناسن. ئەو دەوڵەتانە ئەو راستییە باش دەزانن کە حوکمڕانێتی کوردیی کۆپییەکی زۆر خراپ و کۆمیدیی ئەزموونی قەیسەرەکەی روسیا و سوڵتانەکەی تورکیا و دەسەڵاتە خێزانییە وێرانەکانی بەشە دواکەوتوەکانی تری جیھانە. حكومەتەکەی مەسرور بارزانی هەرێمی کوردستانی بە کردەوە گۆڕیوە بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەری روسیای پوتین و تورکیای ئەردۆگان، کە ئەمریکا و خۆرئاوا بە مەترسیی بۆسەر ئاساییشی نەتەوەیی خۆیان دەزانن. جیاوازییە کۆمیدییەکە ئەوەیە هەرێمی کوردستان خۆی لەلایەن ئەمریکا و دەوڵەتە ئەوروپییەکانەوە دەپارێزرێت و مەشقی سەربازیی بە ھێزە چەکدارەلانی دەکرێت. لەم ئاستەشدا ئەوەی ڕوودەدات و ئەنجامدەدرێت کۆپییەکی بیمار و تەزویرکراوی ھەندێک ئەزموونی سیاسیی ترە، کە ھەرێمی کوردستان ناتوانێت بچێتە ناو ھیچ یەکێک لە ھاوکێشەکانییەوە. بابەتی پێشتر بابەتی بیست‌و پێنجەم: دینداریی و سەما و سیاسەت بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟ بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرت: درەو گۆڕانکاری گەورە ڕویداوە لە پۆستە باڵاکان لای پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر (مەسعود بارزانی و ئێستا نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆکی هەرێمی لەلایەو پێشتر(نێچیرڤان بارزانی و ئێستا مەسرور بارزانی) پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەلایە، وەک لە ئێستا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی خۆیشی کە بەپێی یاسا پێیدراوە، سەرجەمیان مومارەسە ناکات و پێ نەدراوە!. ئایا ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ئێستا لە ناو پارتی هەمان بۆچوونی پێشوویان ماوە لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە؟ ئایا نێچیرڤان بارزانی بە پۆستی سەرۆکێكی تەشریفاتی رازی دەبێت ؟. چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە ململانێکە لەبارەی شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لە نێو دەستوردا تەنها لە نێوان لایەنە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ململانێ و جیاوازی بۆچونەكان زیاتر ناوخۆی پارتی بگرێتەوە. دەستور چییە و چۆن دەنوسرێتەوە؟ بە مانایەکی گشتی دەستور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نێوان فەرمانڕەواو فەرمانپێکراوانە (حاکم و محکوم)، ترۆپکی یاساکانەو لە ڕێگەیەوە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەت، شێوازی سیستمەکەی، شێوەی حکومەتەکەی، رێکخستنی دەسەڵاتە گشتییەکانی دیاری دەکرێت. لەبەر ئەوەیە دەوترێت دەستور دایکی یاساکانە، یان دەستور بەرزترین یاسایە لە وڵات‌دا. یان بە مانایەکی تر دەستور بریتییە لە کۆمەڵە بنەمایەکی سەرەکی کە لە رێگەیانەوە، کاروبارەکانی دەوڵەت و چۆنیەتی پیادەکردنی حوکم رێکدەخرێت. لەلایەکی دیکەوە دەوترێت دەستور بریتییە لە کۆمەڵە یاسایەک، پەیوەندی تاک لە ناو دەوڵەتدا رێکدەخات، ئەرک و مافەکانی تاک بەرامبەر بە دەوڵەت دیاریدەکات و پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگاش رێکدەخات. بە شێوەیەکی گشتیش چەند ڕەگەزێکی هەیە کە بریتین لە؛ 1. دیباجە یان پێشەکی 2. پێناسە 3. ماف و ئازادییە گشتییەکان 4. دابەشکردنی دەسەڵاتەکان 5. کۆتایی بەشی بەشێوەیەکی گشتی ئەو رێوشوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان دەگیرێتەبەر بەتایبەتی لەو وڵاتانەی كە تازە دەبن بە خاوەنی دەستور یان رژێمە سیاسییەكانیان گۆڕانی بەسەردادێت یاخود دەستوریان هەیە دەیگۆڕن یان هەمواری دەكەنەوە، پرۆسەی نوسینەوەی دەستور بە چەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت. قۆناغی یەكەم: دیاریكردن یاخود هەڵبژاردنی لیژنەیەك بۆ نوسینەوەی رەشنوسی دەستور. قۆناغی دووەم: نوسینەوەی رەشنوسی دەستور لەلایەن لیژنە راسپێردراوەكەوە. قۆناغی سێیەم: رەوانەكردنو پەسەندكردنی رەشنوسی دەستور لە پەرلەمان. قۆناغی چوارەم: ئەنجامدانی ریفراندۆمی گشتی‌و دەنگدانی خەڵك بۆ پەسەندكردنی یان رەتكردنەوەی دەستورەكە. پرسی دەستور لە هەرێمی کوردستان ئێستا هەرێمی كوردستان ئەگەرچی ٣٠ ساڵە خاوەن ئەزمونی حکومڕانییە و سەرباری ئەوەی خاوەنی زیاتر لە ڕەشنوسێکی دەستورە بەڵام دەستورێکی نوسراوی کارپێکراوی نییە، لە ساڵی 1992ەوە دوای یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، چەندین هەوڵ هەبووە بۆ ئەوەی دەستورێك بۆ هەرێم بنوسرێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنەكان، نەتوانراوە دەستور پەسەند بكرێت. نەوشیروان مستەفا لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەکەیدا ڕۆژی ١٨ی٦ی٢٠١٣ لە وتارێکیدا لەبارەی دەستورەوە ئاماژەی بەوەدا "پێمخۆشە ئەو راستیەتان بۆ باس بکەم کە لەدوای هەڵبژاردنی یەکەم و لە کاتی یەکەم پەرلەمانی کوردستان سێ پڕۆژەی دەستور خرایە بەردەم پەرلەمان، بەڵام ئەو زەمانە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەستی پارتیەوە بو و نەیانهێشت گفتوگۆ لەسەر ئەو پڕۆژانە بکرێت بۆ ئەوەی سەدام حوسێن لێیان عاجز نەبێت، لەدوای ئەوەش کە شەڕی ناوخۆ دەستی پێ‌کرد و دواتر کەوتینە گفتوگۆ و من یەکێک بوم لە وەفدەکەی یەکێتی لە پاریس ئەو کەسەی سەرپەرشتی کۆبونەوەکانی هەردولای دەکرد ناوی میسیۆ دۆران راوێژکاری دیبلۆماسی سەرۆک میتران بو، پێشنیاری بۆ کردین بۆ ئەوەی رێکخستنێکی یاسایی و سیاسی خۆمان بکەین؛ باشترین مامۆستاکانی یاسای دەستوری فەرەنسامان بۆ کۆدەکەنەوە بۆئەوەی دەستورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنوسن و ئامادەی بکەن و وەسیقەیەکی دەستوریمان هەبێت، دیسانەوە وەفدی پارتی رازی نەبون دەستورێکمان هەبێت بۆ ئەوەی دڵی سەدام حوسێنمان لێ نەهێشێت، کەچی ئێستا ئەوان ئێمە بەدژی دەستور دەناسێنن". ساڵی 2009 لە كۆتایی خولی سێیەمی پەرلەماندا، پارتی‌و یەكێتی پرۆژە دەستورێكیان بۆ هەرێم نوسییەوە، لە كۆتاییەكانی ئەو خولەدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندكراو لەڕێگەی بریكارەكانی دابەشكردنی خۆراكەوە دەقی پرۆژە دەستورەكە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشكرا. پرۆژەكە لە (122) ماددە پێكهاتبوو، لە 24ی ئابی 2009 لەلایەن خولی سێیەمی پەرلەمانەوە لەكۆی (97) ئەندامی ئامادەبوو (96) دەنگی هێناو پەسەندكرا، هەر ئەوكات بڕیاردرا پرۆژە دەستورەكە بخرێتە راپرسییەوە، ئەم بڕیارەی پەرلەمان لەكاتێكدا بوو ماوەی یاسایی خولی سێیەم كۆتایی هاتبوو، بەوپێیەی لە تەمموزی 2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو بوو، بەڵام هێشتا پەرلەمانتارە نوێیەكان دەستبەكار نەبووبوون. كاتێك ئەو ساڵە بەرەیەكی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی كوردستان پێكهات (35 كورسی لە كۆی 111 كورسی) دەنگی ناڕەزایی دژی دەستورەكە بەرز بووەوەو رێگەیان نەدا بخرێتە راپرسی جەماوەرییەوە. 17ی ئازاری 2011و یەك مانگ دوای زنجیرە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەكانی هەرێم كە بە خۆپیشاندانەكانی "17 شوبات‌و رۆژانی دوایی" ناسراوە، پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە (2)ی پەسەندكرد، كە لە (10) ماددەو (35) خاڵ پێكهاتووە، یەكێك لە بڕیارەكانی بریتی بوو لە "گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان بەمەبەستی هەمواركردنەوەو دروستكردنی كۆدەنگی سیاسی‌و سازانی نیشتمانی لەسەری"، بەڵام دواجار دەستور نەگەڕێندرایەوە پەرلەمان‌و پرۆژەكە پشتگوێخرا. ئەم پرۆژەیە ڕێ‌و شوێن و قۆناغی زۆری بڕی کە لێرەدا بەوردی لەسەری دەوەستین. نوسینەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان قۆناغی یەكەم: قۆناغی بڕیاردان لە نوسینی پرۆژەی دەستور دەركردنی بڕیاری ژمارە (26)ی پەرلەمانی كوردستان لە 7/11/2002، بووە دەستپێكی بنیاتنانی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی عێراق، وێڕای ڕەزامەندبوونی (36) حزبی كوردستانی لەشاری كۆیە هەر لەو ساڵەدا، ئەویش بەو مەرجەی پێداچوونەوەی بۆ بكرێت لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنانەی كەوا چاوەڕان كرابوون لە عێراقدا ڕوو بدات . قۆناغی دووەم: قۆناغی پێداچوونەوەی پرۆژەی دەستور بە بڕیاری ژمارە (5)ی پەرلەمانی كوردستان لە 8/9/2005 لیژنەی پێداچوونەوەی دەستور پێكهێنرا، كە كارەكانی لیژنەكە دەستی پێكرد لە 24/9/2005 تاوەكو 22/8/2006، لە 24/9/2005 پرۆژەكەیان داوە بە پەرلەمان، لیژنەكە ئەوەشیان خستەڕوو، كە گوایا زیاتر لە چل دەستووری كردووە بە سەرچاوەی كارەكەی، جێی ئاماژەیە لیژنەكەش لەم کەسانە پێكهاتبوو: قۆناغی سێیەم: قۆناغی بڵاوكردنەوەی پرۆژەی دەستور لەم قۆناغەدا دەستكراوە بە چاپكردن و بڵاوكردنەوەی پرۆژە دەستورەكە، بەڵام بە دانپێدانانی لیژنەكە خۆیان زیاتر لە (5) هەزار پێشنیاز و تێبینیان بۆ چووە، كە لە (22) دۆسیەدا ڕێكیانخستووەو ژوورێكیان بۆ تەرخان كردووە. قۆناغی چوارەم: تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستور لە پەرلەمانی كوردستان خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان لە 4/6/2009 چوار ساڵی یاسایی خۆی تەواوكرد. لە 17/5/2009، سەرۆكی هەرێم بڕیاری ژمارە (6)ی دەركرد كە تێیدا هاتووە "خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستانی عێراق كە لە 4/6/2009 كۆتایی پێدێت بەردەوام دەبێت و پەرلەمان دەمێنێتەوە تاكو هەڵبژاردنی پەرلەمانێكی نوێ و گرێدانی كۆبوونەوەی یەكەمی". هەر لە هەمان ڕۆژدا سەرۆكی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (5) ماوەی سەرۆكایەتی خۆیشی درێژكردەوە كە تێیدا هاتووە "بەدەر لە حوكمی ماددەی سێیەم لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 2005 ی هەمواركراو ویلایەتی سەرۆكی هەرێم كە لە 12/6/2009 كۆتایی پێدێت، درێژ دەكرێتەوە تاكو هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ هەرێم و دەست بەكاربوونی". هەر زوو ئەوە لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان دەخوێنرایەوە، كە لە هەوڵی ئەوەدان بەهەرچی شێوەیەك بێت پرۆژەی دەستوری هەرێم لە پەرلەمان تێبپەڕێنن و بیخەنە دەنگدانی گشتییەوە، لە 10/6/2009 (25) پەرلەمانتار یاداشتێكیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزكردەوە، تێدا داوایان كرد كە جگە لە لە یاسای بودجە هیچ یاسایەكی دیكە پەسەند نەكرێت، چونكە ماوەی یاسایی پەرلەمان كۆتایی هاتووە، بەڵام هەوڵەكە بێ ئاكام بوو. لە 24/6/2009 پەرلەمانی كوردستان پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی پەسەند كرد، لە دانیشتنەكەدا (7) پەرلەمانتار كشانەوە، یەكێك لە پەرلەمانتارە كشاوەكان، (كوێستان محەمەد) بوو لەو كاتدا بە ئاژانسی (ئەسوات ئەلعراقی) ڕاگەیاندو ووتی "ئێمەی ئەندامانی پەرلەمان چۆن دەنگ بە دەستورێك بدەین كە دوا ڕەشنووسی پێش كەمتر لە 24 سەعات بەدەستمان گەیشتووە، بەبی ئەوەی ڕێگامان بدەن گفتوگۆی بكەین". هەر بە زوویی ڕۆژی دواتر سەرۆكی هەرێم بڕیاری ژمارە (8)ی لە 25/6/2009 پەسەندكردنی پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستانی دەركرد . هەر لەو سەروبەندە دەسەڵات بە پەرۆشەوە هەموو هەوڵی خۆی خستەگەڕ كە لە 25/7/2009 لەگەڵ هەڵبژادنی پەرلەمانی كوردستان، پرۆژەی دەستوری هەرێمی كوردستان بخەنە ڕاپرسی گشتییەوە، بە بڕیاری ژمارە (8)ی ساڵی 2009، ڕۆژی ڕاپرسی گشتییان بۆ پرۆژە دەستورەكە خستە بەرواری 25/7/2009، بەڵام دواتر لە رۆژی 27/6/2009 (فەرەج حەیدەری – سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق)، ڕایگەیاند "هەرچەندە داوا‌و یاسایەكی پەرلەمانی كوردستان‌مان لە 25/6/2009 بۆ ئەنجامدانی ڕاپرسی لە 25/7/2009 پێگەیشتووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان بۆ ئەو مەبەستە نەكردووە" ، ئەمە جگە لەوەی ئەو كات ئەمریكییەكان ڕێگربوونە لەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێم كوردستان بخرێتە ڕاپرسییەوە. ئیدی هەر لەو كاتەوە ناڕەزاییەكان لەسەر ئەم پرۆژە دەستورە ڕووی لە فراوانبوون بوو، هەر لە دوای تێپەڕاندنی لە پەرلەمانی كوردستان لە 25/6/2009 (157) پارێزەر دژی تێپەڕاندنی پرۆژەی دەستور ناڕەزایی دەردەبڕن و بەیاننامەیەك لەو بارەیەوە بڵاودەكەنەوە، لە 28/6/2009 (174) پزیشك بەیاننامەیكی ناڕەزایی دەردەبڕن دژ بەو هەڵوێستەی پەرلەمان، هەر لەو بارەیەوە لە 29/6/2009، (31) مامۆستا‌و وانەبێژی زانكۆی سلێمانی بۆ هەمان مەبەست بەیاننامەیان بڵاوكردەوە، دواتر لە 25/7/2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، لێرە بەدواوە بەرەیەكی بەفراوان لە ئۆپۆزسیۆن لە نێو پەرلەمان و لە دەرەوەی دەسەڵات دروست بوو، ئەم بەرفراوان بوونە لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بووە هۆی فراوانبوونی بەرەی بەرگریكار لە گێڕانەوەی دەستور بۆ پەرلەمانی كوردستان. پاشتر خۆپیشاندانی جەماوەری لە هەرێمی كوردستان سەری هەڵدا لە 17/2/2011 و زیاتر لە دوو مانگی خایاند. یەكێك لە داواكارییە بنەڕەتییەكانی خۆپیشاندەرانیش گێڕانەوەی ئەو پرۆژە دەستورە بوو بۆ پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی كوردستان لە 17/3/2011 بە دەنگی (104) پەرلەمانتار بڕیاری ژمارە (2)ی دەركرد، كە ناوەڕۆكەكەی گوزارشت بوو لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران، داواكاری یەكەمیش بریتی بوو لە گێڕانەوەی دەستور بۆ پەلەمان. بەڵام دواتر دەسەڵاتداران خۆیان لەوە دزییەوە بڕیارەكە لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائعی كوردستان) بڵاو بكەنەوە، تەنانەت سەرۆكی هەرێم لە مانگی 4/2013 خۆی گفتی بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دا كە ئەو بڕیارە لە ڕۆژنامەی (وەقائعی كوردستان) بڵاو بكرێتەوە، بەڵام هەر بڵاو نەکرایەوە. بزوتنەوەی گۆڕان لەو سەرو بەندەدا لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکان و کە دواتریش یەکێتی هاتبووە پاڵیان بە جدی لەسەر خەت بوون بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە تێپەڕ نەبێت. نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوە گۆڕان ڕۆژی ١٨ی٦ی٢٠١٣ لە وتارێکیدا لەبارەی دەستورەوە ئاماژەی بەوەدا کە لەسەرەوە ئاماژەمان بە بەشێکی تری کرد، لەبارەی ئەم پرۆژەیەوە دەڵێت "ئەو دەستورەی ئێستا هەیە نوسخەی دوەمی ئەو دەستورەیە، کە کاتی خۆی حوسنی موبارەک بۆ وڵاتەکەی خۆی دایناوە و چارەنوسی بەو حاڵە گەیاندوە، رەشنوسی ئەو دەستورەی ئێستا لە زەمانێک نوسراوە کە حوسنی موبارەک سەرۆک کۆماری میسر بوە، بن عەلی سەرۆکی تونس بوە، لە زەمانێکدا نوسراوە کە قەزافی سەرۆک لیبیا بوە، کە عەلی عەبدوڵڵا سەرۆکی یەمەن بوە، لە زەمانێکدا کە هێشتا بەشار ئەسەد سەرۆکی وڵاتێکی سەقامگیر بوە". وتیشی: "نامەنەوێت دەستورێکمان هەبێت سەرۆکێک دروستبکات لە مەرتەبەی سوڵتانەکانی قەڕنی وستا بێت و هاوڵاتیەکی کوردستانی دروستبکات ببێتە کۆیلەیەکی دەستو پێ بەستراو، بەڵکو دەمانەوێت دەستورێکی سەردەمیانەمان هەبێت کە لەگەڵ ئازادی و پێشکەوتنەکانی ئەمڕۆ و دەستەبەری مافەکانی مرۆڤ بگونجێت". لەبەردەوامی وتارەکەیدا، نەوشیروان مستەفا ئەوەشی راگەیاند: "بزوتنەوەی گۆڕان؛ بەپێویستی دەزانین دەستورمان هەبێت و ئێمە پێش ٢٠ ساڵ لەگەڵ هاوڕێکانم لەگەڵ بونی دەستوردا بوین، بەڵام دەستورێکمان ناوێت کۆمەڵگای کوردی بکات بە دو کەرتەوە بچین بەگیانی یەکتردا، بەڵکو دەستورێکمان دەوێت ببێتە بەچەتری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە کورد و تورکمان و عەرەب و بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزدی و شەبەک و کاکەیی و هەمو تیرە و تایەفەکانەوە، دەستورێکمان دەوێت لەنێوان فەقیر و دەوڵەمەند، لە بەینی لادێی و شاریی، عەشائیری و مەدەنیدا، پلە جیاوازەکاندا جیاوازی نەکات و لەکاتی ناکۆکی دولایەندا وەک مەرجەع بۆی بگەڕێینەوە". لە کۆتایدا؛ رێکخەری گشتی گۆڕان وتیشی: "دەستور بۆ یەک ئینسان نانوسین، جیاوازی ئێمە لەگەڵ پارتیدا ئەوەیە ئەوان دەیانەوێت دەستور بۆ یەک تاکە کەس بنوسن، ئێمە دەمانەوێت بۆ هەمو خەڵکی کوردستان بنوسین ."ئیدی لەو کات بەدواوە ئەو پرۆژەیەش مرد و لەبارچوو. هەوڵێکی نوێ بۆ پرۆژەیەکی نوێ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا كە بزوتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكرد، لیژنەیەكی نوێ بۆ نوسینەوەی دەستور پێكهێنرا. لیژنەی نوسینەوەی دەستور بەپێی یاسای ژمارە (4)ی ساڵی 2015 پێكهێنراو ماوەی (3) مانگی هەبوو بۆ كاركردن، لەو ماوەیەدا لیژنەكە توانی سێ دەروازەو (74) ماددە بنوسێتەوە، بەڵام دواجار لە پرسی دەسەڵاتەكانو جیاكردنەوەیان لە یەكتر، لە ٢٠ی ئابی ساڵی ٢٠١٧ بەهۆی ململانێ سیاسییەكانەوە پرۆژەی دەستور پەكیكەوتو دوای پەكخستنی پەرلەمانیش كاری ئەو لیژنەیە راگیرا‌و نەتوانرا نوسینەوەی دەستورەكە تەواو بكرێت. ئەندامەکانیشی پێکهاتبوون لە؛ توركمانەكان یەك نوێنەرو چوار پارتی سیاسی (بزوتنەوە ئیسلامی، سۆسیالست، شیوعی، ئاراستەی سێیەم) بەهەمویانەوە یەك نوێنەریان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور پێ‌درابوو، بەڵام چوار لایەنەكە بایكۆتی لیژنەكەیان كردوو بەشدارییان تێدا نەكرد. گەڕێکی نوێ لەبارەی دەستورەوە ڕۆژی ٤/٤/٢٠٢١، ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، سەرۆک فراکسۆنەکانی په‌رله‌مان کۆبووەوە. له‌کۆبوونەوەکەدا پرسی دەستوور یەکێک بوو لە تەوەرەکانی کۆبونەوەکەیان، داوا لەسەرجەم فراکسیۆنەکان کرا سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانی فراكسیۆنه‌كانیان لەسەر پرسی دەستووری هەرێمی کوردستان بەپرس و ڕاوێژ لەگەڵ حزبەکانیان گه‌ڵاڵه بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هەوڵبدرێت کۆدەنگییەکی تەواو لەنێوان سەرجەم فراکسیۆنەکان بهێنرێته كایه‌وه‌و لەخولی پێنجەمی پەرلەماندا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی. دوای ئەو هەنگاوەی پەرلەمانیش سەرۆکی هەرێمی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی) لە ڕۆژانی ٣ و ٤ و ٥ی ٥/٢٠٢١ گەڕێکی دانوستانی دەستپێکرد بۆ لای هەر یەک لە لایەنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، سۆسیالیست و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەپێ ڕاگەیەندراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، لەگەڵ سەرجەم ئەو لایەنانە یەکێک لە پرسەکان پەیوەندی بە ئامادەکردنی دەستورەوە بوورە، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ئایا کار بەو پرۆژەیە دەکەن یان کە بەشێکی ئامادەکراوەو کارەکانی لەساڵی ٢٠١٧ەوە وەستاوە، یان کار لەسەر لیژنەیەکی نوێ (لیژنەکە کۆنەکە بەشێکیان لە ژیاندا نەماون و بەشێکیشیان یان ئەرکی تریان پێسپێردراوە یان پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییەکانی خۆیانەوە نەماوە) پێکدەهێنن. ئێستا پرسەکە لەبەردەم دوو سیناریۆدایە، ئەوانیش؛ یەکەم: تەنها هەوڵێکە بۆ موزایەدەو جوڵاندنی پرسی دەستور مەرامی سیاسی دیکەی لە پشتەوەیە. دووەم: هەوڵەکە جدییەو هێواش هێواش ڕێوشوێنی خۆی وەردەگرێت. ئەگەر حاڵەتی دووەم سەربگرێت ئەوا دۆخێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە، چونکە لە ئەزمونەکانی پێشوودا ململانێکە لەنێوان دوو بەرەدابوو، لە پرۆژەی دەستورەكەی پێشوودا، سیستمی حوكمڕانی هەرێم (سەرۆكایەتی یان پەرلەمان)، خاڵی سەرەكی ناكۆكی بوو لەنێوان لایەنەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان داوایدەكرد سیستمی حوكمڕانی هەرێم سەرۆكایەتی بێت واتە سەرۆك لەناو خەڵكەوە هەڵبژێردرێت‌و پەرلەمان مافی لێپرسینەوەی لە سەرۆك نەبێت، پارتییەكان بۆ ئەمە زیاتر نمونەی سیستمی حوكمڕانی ئەمریكایان دەهێنایەوە. لەبەرامبەردا بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و كۆمەڵی ئیسلامی داوای سیستمی پەرلەمانیان دەكرد، واتە سەرۆك لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت‌و هەر لەناو پەرلەمانیشەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەم بەرەیەش زیاتر نمونەی بە سیستمە سیاسییەكانی ئەوروپا دەهێنایەوە. بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر شێوازی سیستمی حوكمڕانی، پرۆژەی دەستور پەكیكەوت. بەڵام ئێستا گۆڕانکاری گەورە ڕویداوە لە پۆستە باڵاکانی لای پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر (مەسعود بارزانی و ئێستا نێچیرڤان بارزانی) پۆستی سەرۆکی هەرێمی لەلایەو پێشتر(نێچیرڤان بارزانی و ئێستا مەسرور بارزانی) پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لەلایە، وەک دەبینین لە ئێستادا سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتەکانی خۆیشی کە بەپێی یاسا پێیدراوە، سەرجەمیان مومارەسە ناکات و پێ نەدراوە!، ئایا ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ئێستا لە ناو پارتی هەمان بۆچوونی پێشوویان ماوە لە بارەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمەوە؟ ئایا نێچیرڤان بارزانی بە پۆستی سەرۆکی هەرێم ڕازی دەبن بەشێوەیەکی تەشریفاتی و لەنێو پەرلەمانەوە سەرۆک هەڵبژێردرێت؟. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە ململانێکە لەبارەی شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان تەنها لە نێوان لایەنە سیاسییەکان نەمێنێتەوە، بەڵکو ئاگری ململانێکە ماڵی نێوخۆی پارتی بگرێتەوە. هەر بۆیە ئەم خوێندنەوەیە دەمانباتەوە سەر ئەوەی سیناریۆی یەکەم لە واقعەوە نزیکتربێت، وروژاندنی پرسەکە تەنها مەرامێکی تایبەتی لە پشتەوە بێت. سەرچاوەکان 1. کۆمەڵێک نوسەر، پرسە سیاسی و قەیرانە هاوچەرخەکان، ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان، چاپی یەکەم ٢٠١٥، ل ٥٣-٦١ 2. 3. وتەکانی نەوشیروان مستەفا لە کۆنفراسە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ماڵپەڕی بزوتنەوەی گۆڕان ١٨/٦/٢٠١٣ https://archive.gorran.net/Detail.aspx?id=2348&LinkID=145&fbclid=IwAR3uiF552ipuFrPKQORoz8ciXOoUjmI8BX3EmE2bwsv0sG83Y0V-k6Q4NjI 4. راپۆرتی : محەمەد رەئوف، سیستمی حوكمڕانی هەرێم بەرەو كوێ ؟، ماڵپەڕی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=3693 5. راپۆرتی: فازل حەمەرەفعەت – نامیق رەسوڵ، هەرێمی کوردستان لەبەردەم چوارەم ڕیفراندۆمدا، ماڵپەڕی درەو میدیا؛ https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=2641 6. دەستور چییە و جۆرەکانی کامانەن؟، ماڵپەڕی سەکۆ؛ https://sako.rid-k.org/ku/%D8%AF%DB%95%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1-%DA%86%DB%8C%DB%8C%DB%95-%D9%88-%D8%AC%DB%86%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%D8%A7%D9%85%D8%A7%D9%86%DB%95%D9%86%D8%9F 7. کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بەڕێوەچوو، ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان؛ https://www.parliament.krd/news/posts/2021/april/ko-dsp-lagal-sarok-fraksionakan/ 8. سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى كۆمه‌ڵى دادگه‌رى و يه‌كگرتووى ئيسلامى ده‌كات، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ https://presidency.gov.krd/president-of-kurdistan-region-visits-the-justice-and-islamic-union/ 9. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كۆبووه‌وه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-change-movement/ 10. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان كۆبووه‌وه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-patriotic-union-of-kurdistan/ 11. سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى حزبى سۆسياليست ديموكراتى كوردستان ده‌كات، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ https://presidency.gov.krd/president-of-kurdistan-region-visits-the-kurdistan-socialist-democratic-party/ 12. سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان كۆبووه‌وه، ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان؛ https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-the-kurdistan-democratic-party/
درەو: راپۆرتی: رونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت بەپێی بوجەی پەسەندکراوی حکومەتی فیدرڵ بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەبێت هەرێم رۆژانە بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بەنرخی سۆمۆ ڕادەستی حکومەتی فیدراڵ بکات لەگەڵ نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان لە بەرانبەردا پشکی هەرێم لە بوجە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەنێردرێت. بەپێی زانیارییەکانی ڕوونبین سۆمۆ نرخی بەرمیلێک نەوتی کەرکوک لەبەندەری جیهانی تورکیا لە ماوەی چوار مانگی ڕابوردودا بەم شێوەیە فرۆشتووە: کانوونی دووەم : ٥٣.١٥٦ دۆلار شوبات: ٥٦.٣٥٣ دۆلار ئازار: ٦٣.٣٧٥ دۆلار نیسان: ٦١.٤٦٦ دۆلار . گەر بڕیاربێت نرخی هەرێم وەکو نرخی نەوتی کەرکوک لە جیهان ئەژمار بکرێت ئەوا مانگانە هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت پارە بدات بە حکومەتی فیدراڵ، یاخود حکومەتی فیدراڵ تەنها لە داهاتی نەوت مانگانە هێندە لە بوجەی هەرێم دەبڕێت جگە لە نیوەی داهاتی فیدراڵی و قەرزی بانک: کانوونی دووەم: ٤١١,٩٥٩,٠٠٠ دۆلار دەکاتە ٥٩٥ ملیار و ٣٤٠ ملیۆن و ٥٥٠ هەزار دینار. شوبات: ٣٩٤,٤٧١,٠٠٠ دۆلار دەکاتە ٥٧١ ملیار و٩٨٢ ملیۆن و ٩٥٠ هەزار دینار . ئــازار: ٤٩١,١٥٦,٢٥٠ دۆلار دەکاتە ٧١٢ ملیار و ١٧٦ ملیۆن و ٥٦٢ هەزار دینار. نـیسـان: ٤٦٠,٩٩٥,٠٠٠ دۆلار دەکاتە ٦٦٨ ملیار و ٤٤٢ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دینار. کۆی ٤مانگەکە دەکاتە : ١,٧٥٨,٥٨١,٢٥٠ دۆلار دەکاتە ٢ ترلیۆن و ٥٤٩ ملیار و ٩٤٢ ملیۆن و ٨١٢ هەزار دینار. خشتەی شیکردنەوەی پشکی سۆمۆ لەنەوتی هەرێم- ٤ مانگی سەرەتای ٢٠٢١
راپۆرت: فازل حەمەڕەفعەت كەیسی گیراوانی بادینان، ئاستی ناوخۆیی تێپەڕاندو ئێستا رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، هەموان چاویان لە نێچیرڤان بارزانییە، بە "لێبوردنێكی تایبەت" حوكمدراوەكان ئازاد بكات، بەڵام بەر لە سەرۆكایەتی هەرێم، یەكێتی نیشتمانی لەناو دادگای پێداچوونەوە دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە دژی حوكمەكە رابوەستێتەوە، ئایا دادوەرە یەكێتییەكان لە دادگای پێداچوونەوە دەكشێنەوە ؟ نێچیرڤان بارزانی لەنێوان ئازادی رادەربڕینو پەیوەندییە بنەماڵەییەكانیدا كامیان هەڵدەبژێرێت ؟ بڕیارەكەی دادگای هەولێر رۆژی 16ی شوباتی ئەمساڵ دادگای تاوانەكانی هەولێر حوكمی (6 ساڵ) زیندانی بۆ (5) چالاكوانی بادینان دەركرد كە بریتی بوون لە هەریەكە لە (هاریوان عیسا- ئەیاز ئەكرەم- شێروان شێروانی- شڤان سەعید- گوهدار زێباریی)، ئەمانە لەو كەسانە بوون كە بەمدواییە هەندێك جموجوڵی ناڕەزایەتییان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا لە هەولێرو دهۆك دروستكردبوو. بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر، ناڕەزایەتی لێكەوتەوە، ئەوانەی دژ بوون، بڕیارەكەیان وەكو لێدان لە ئازادی رادەبڕین ناوبرد، بەڵام پارتی‌و بەدیاریكراویش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت دۆسیەكە وەكو بابەتێكی ئەمنی پوخت تەماشا دەكات. بڕیارەكەی دادگای هەولێر، لەكاتی خۆیدا دامەزراوەكانی هەرێم‌و حزبە سیاسییەكانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشكرد، یەكێتی‌و بزوتنەوەی گۆڕان وەكو دوو لایەنی پێكهێنەری حكومەتو لە دەرەوەی حكومەتیش لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان، دژی بڕیارەكە بوون. لەسەر ئاستی دامەزراوەكانیش، مەسرور بارزانی بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگا دەستگیركراوەكان بە "سیخوڕ" ناوبرد، بەڵام رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان دژی بڕیارەكە وەستایەوەو لەسەر ئەم هەڵوێستەی لەلایەن ئەنجومەنی دادوەرییەوە تۆمەتباركرا بە دەستوەردان لە كاروباری دادگاكان، لەنێوان سەرۆكی حكومەتو سەرۆكی پەرلەماندا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم بەیاننامەیەكی دەركردو داوای لە دادگای پێداچوونەوە كرد بە كەیسەكەدا بچێتەوە. دۆسیەكە لە دادگای پێداچوونەوە بڕیاری دادگای هەولێر دژی گیراوانی بادینان، بۆ پێداچونەوە ئاڕاستەی (دادگای پێداچونەوە) كرا. لەناو دادگای پێداچونەوەدا دوو دەستەی هەیە كە كاری پێداچونەوە بە حوكمە یاساییەكاندا دەكەن‌و هەریەكەیان لە (5) دادوەر پێكدێت‌و بریتین لە: • (دەستەی تاوانەكانی یەك) • (دەستەی تاوانەكانی دوو) ئەم دوو دەستەیە، دادوەرەكانیان دابەشبوون بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، لە هەریەكە لەم دەستانەدا پارتی (3) دادوەرو یەكێتی (2) دادوەری هەیە، واتە لە هەردوو دەستەكەدا پارتی زۆرینەیە. ئەوەی پێداچونەوەی بۆ كەیسی دەستگیركراوانی بادینان كرد، (دەستەی تاوانەكانی دوو) بوو، رۆژی 28ی مانگی رابردوو، ئەم دەستەیە بڕیاری خۆی دەركردو حوكمی دادگای تاوانەكانی هەولێری دژی دەستگیركراوەكان پەسەندكرد. بڕیاری ئەم دەستەیە سەرباری ئەوەی ئاشكرابوونی چەند رۆژێك لەوادەی خۆی دواكەوت، بەڵام جارێكی تر پرسی ئازادییە گشتییەكانی لە هەرێمی كوردستان گەرم كردەوەو ناڕەزایەتی فراوانی لێكەوتەوە. ناڕەزایەتی ئەمجارە، جیاواز بوو لە ناڕەزایەتی كاتی دەرچوونی حوكمی دادگای هەولێر، ئەمجارە كاردانەوەكان تەنیا ناوخۆیی نین، دۆسیەكە رەهەندێكی جیهانی وەرگرتووە، چونكە دادگای پێداچونەوە لە بڕیارەكەیدا، دەستگیركراوانی بادینانی تۆمەتباركردووە بەوەی، سیخوڕییان بۆ (ئەمریكا)و (ئەڵمانیا) كردووە، هەردوو وڵات بەیاننامەی ناڕەزایەتییان دژی دۆخی ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان دەركرد، دوێنێش (كەنەدا) بەفەرمی هەڵوێستی خۆی دژی بڕیارەكە راگەیاند. یەكەمجارە لەسەر كەیسێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بەم گەورەییە دەكەوێتە ژێر فشاری وڵاتانی خۆرئاواوە، وروژاندنی ئەم كەیسە لەكاتێكدایە، لە ئەمریكا دیموكراتەكان حوكمیان گرتوەتەدەستو بەپێچەوانەی دۆناڵد ترەمپ‌و سەردەمی كۆمارییەكانەوە كە چاوپۆشی لە دۆخی ئازادی‌و مافەكانی مرۆڤ دەكرا لەپێناو بەرژەوەندی ئابوری‌دا، جۆ بایدن‌و ئیدارەكەی چاویان لە دۆسیەی مافەكانی مرۆڤە لەسەر ئاستی جیهان، بۆیە پێشبینی دەكرێت حكومەتی مەسرور بارزانی لە چەند رۆژی داهاتوودا پەیامی قورستری لەبارەی دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینانەوە، لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێبگات، لەسەر ئاستی ناوخۆیش، ئەو قسانەی كە باسیان لەوە دەكرد "مەسرور بارزانی ئیدارەی حكومەتێكی پۆلیسیی دەدات"، ئیتر لە گومانەوە بەرەو حەقیقەت دەڕۆن. ئەمە دواین بڕیارە ؟ ئێستا لەناوخۆی هەرێمی كوردستان هەموان بڕیارەكەی (دەستەی تاوانەكانی دوو) بە حوكمی كۆتایی دەزانن‌و دەركردنی لێبوردنێكی تایبەت لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمەوە بۆ حوكمدراوانی بادینان، بە چارەسەری كۆتایی دەزانن، بەڵام بەر لە نێچیرڤان بارزانی، هێشتا لەناو دادگای پێداچونەوەدا دەرفەتێك ماوە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە حوكمەكەدا بكرێت، سودوەرگرتن لەم دەرفەتە لەبەرژەوەندی گیراوانی بادینان، بەرپرسیارێتییەكەی دەكەوێتە ئەستۆی یەكێتی نیشتمانی، چۆن ؟ یەكێتی دەتوانێت كەیسەكە بەلادا بخات ؟ بڕیاری (دەستەی تاوانەكانی دوو) لەناو دادگای پێداچونەوە لەبارەی پەسەندكردنی حوكمی دادگای هەولێر بۆ سزادانی گیراوانی بادینان، هێشتا نەبووە بە حوكمی كۆتایی، چونكە پارێزەری حوكمدراوەكان داوایان كردووە لە دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە، بڕیارەكە راستبكرێتەوە، بەپێی یاسا ئەو بابەتانەی كە رایگشتییان لەسەر دروست دەبێت، دەكرێت لەدوای بڕیاری (دەستەی تاوانەكان)ەوە ئاڕاستەی دەستەی گشتی دادگای پێداچونەوە بكرێن، ئەگەر دادوەرە پارتییەكان رێگری بكەن لە گواستنەوەی بڕیاری كۆتایی بۆلای دەستەی گشتی دادگا، دەردەكەوێت لەبنەڕەتەوە كەیسی گیراوانی بادینان كەیسێكی سیاسییەو مەبەست لێی بە ئامانجگرتنی گیراوانە، خۆ ئەگەر رێگە بدرێت كەیسەكە بۆ دەستەی گشتی دادگا بگوازرێتەوە، دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان لە (15) دادوەر پێكدێت، بەڵام ئێستا تەنیا (14) ئەندام بەركارن، (7) لە یەكێتی‌و (7) لە پارتی، بەم حاڵەوە لەكاتی یەكلاكردنەوەی هەر بڕیارێكدا لەناو دادگاكە، پارتی براوە دەبێت، چونكە بەپێی یاسا لەكاتی دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێك، ئەگەر دەنگەكان یەكسان بوو، دەنگی سەرۆكی دادگا (كە پارتیە) لە هەرلایەك بوو، ئەو بۆچونە بە براوە ئەژماردەكرێت. یەكێتی كە پاڵپشتی خۆی بۆ گیراوانی بادینان راگەیاندووە، هێشتا دەرفەتی ئەوەی لەبەردەمدایە پشتیوانییەكانی بۆ گیراوانی بادینان لە كارتێكی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بكات بە كارتێكی راستەقینە بۆ ئازادكردنیان، چونكە دادوەرەكانی یەكێتی لەدادگای پێداچوونەوە سەرباری ئەوەی بەدەنگو ژمارە ناتوانن بڕیاری حوكمدانی گیراوەكان هەڵوەشێننەوە، بەڵام دەتوانن وەكو ناڕەزایەتی لە دادگاكە بكشێنەوەو فشارەكان لەسەر دادگاكە زیاتر بكەن، ئەمەش بێ پێشینە نییە، چونكە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، بەمدواییانە لەسەر یەكلاكردنەوەی كەیسێكی (بازرگانی)، دادوەرەكانی نزیك لە یەكێتی بایكۆتی كاركردنیان لە ئەنجومەنی دادوەریی كردووەو بەنێوەندگیرییەكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم گەڕاونەتەوە سەر كارەكانیان. نێچیرڤان بارزانی دواین دەرفەت ! بەگوێرەی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، ماددەی (دەیەم) بڕگەی (شەشەم)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە "بەپێی یاسا لێبوردنی تایبەت بۆ بەندكراوان" دەربكات. سەرۆكی هەرێم دواین رێگەیە بۆ ئازادكردنی گیراوانی بادینان، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، نێچیرڤان بارزانی نیگەرانە لەكاردانەوەی ئەمریكاو ئەڵمانیا لەسەر كەیسی گیراوانی بادینان، دەیەوێت بەشێوەیەكی نەرم، كە مەسعود بارزانی مامیو مەسرور بارزانی ئامۆزای توڕە نەكات، رێگەیەك بۆ چارەسەری دۆخەكە بدۆزێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە راوێژ كردووە لەگەڵ كەسانی یاسایی، هەر جۆرە بڕیارێك لەوبارەیەوە دەكەوێتە دوای جەژنی رەمەزان، چونكە دەركردنی لێبوردنی تایبەت لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پێویستی بەوەیە، سزای یاسایی گیراوەكان حوكمی كۆتایی وەربگرێت. سەرباری ئەوەی زۆر كەس لەسەر ئەم كەیسە ئومێدی خۆیان بە "لێبوردنە تایبەتەكەی" سەرۆكی هەرێمدا هەڵواسیوە، بەڵام ئەگەر دەركردنی لێبوردنێكی لەوجۆرە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە رەتبكرێتەوە، بەدڵنیایی نێچیرڤان بارزانی لەنێوان كەیسی گیراوانی بادینان‌و پەیوەندییە خێزانییەكانی ناو بنەماڵەكەیدا، دووەمیان هەڵدەبژێرێت. لەبارەی لێبوردنی تایبەتەوە لێبوردنی تایبەت بەپێی یاسا هەندێك جیاوازی هەیە لەگەڵ لێبوردنی گشتیدا كە بۆ زیندانیكراون دەردەچێت، دەكرێت جیاوازی نێوان لێبوردنی تایبەتو گشتی لەم خاڵانەدا كورت بكرێتەوە: • ئەو كەسەی كە لە لێبوردنی گشتیدا لە زیندان ئازاد دەكرێت، هەم تاوان‌و هەم سزاكەشی لەسەر هەڵدەگیرێت، بەڵام لە لێبوردنی تایبەتدا سزادراو تەنیا سزای (بەندكردن)ەكەی لەسەر هەڵدەگیرێتو دوای ئازادبونیشی تاوانەكەی هەر لەسەر دەمێنێت. • لێبوردنی گشتی لە پەرلەمانەوە دەردەچێت، بەڵام لێبوردنی تایبەت بە بڕیارێك لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە دەردەچێت. بەگشتی بەپێی یاسا بەركارەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەم كەسانە لێبوردن نایانگرێتەوە: • هەر كەسێك كە پێشتر سودی لە لێبوردن (گشتی یان تایبەت) وەرگرتبێت. • هەر كەسێك بازرگانی بە تلیاكەوە كردبێت. • هەر كەسێك تاوانی تیرۆری ئەنجام دابێت. • هەر كەسێك دزی لە سامانی گشتی هەرێمی كوردستاندا كردبێت. • هەر كەسێك بە پاڵنەری شەرەف كەسێك بكوژێت. • هەر كەسێك تاوانێك دژی ئاسایشی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان بكات. • هەر كەسێك بازرگانی بە دەرمانو ماددەی بەسەرچووەوە بكات. • هەر كەسێك نوسراوی فەرمی ساختە بكات كە پەیوەندی بە ئابوری‌و ئاسایشی وڵاتەوە هەبێت. • هەر كەسێك یەكێك لەم تاوانانەی ئەنجام دابێت (بەرتیل- لەواتە- دەسدرێژی سێكسی، زینای مەحاریم). لەسەردەمی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانیدا ژمارەیەكی زۆر حاڵەتی لێبوردنی تایبەت دەرچووە، بەڵام لەدوای دەستبەكاربوونی نێچیرڤان بارزانییەوە هیچ لێبوردنێكی تایبەتی دەرنەچووە، رەنگە نێچیرڤان بارزانی نەیەوێت لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دەركردنی لێبوردنی تایبەت ببێتە نەریتێك بەتایبەتی كە ئەم جۆرە لێبوردنە لەناو هۆزو ئەوانەی پێگەی كۆمەڵایەتیان هەیە باوەو بەردەوام خواستیان لەسەری هەیەو سیاسیەكانیش نایانەوێت بەهۆی پێگەی جەماوەریانەوە ناتوانن ئەو خواستانە رەتبكەنەوە. كەیسی گیراوانی بادینان‌و دەسەڵاتی دادوەریی
هاوکار بەرزنجی - واشنتۆن زۆر وترا و زۆریش نوسرا لەسەر گیراوەکانمان لە بادینان. لە ئێستادا وەها لە نێچیرڤان بارزانی دەڕوانرێت کە فریادڕەسە نەک بەشدار لە بڕیارەکەی دادگای حزب و دادوەرەکانی سەر بە مەسرور بارزانی پسمامیدا. ئەو دوو ئامۆزایە ژیانی دارایی خۆیان لەسەر گیراوەکانی بادینان لە یەکتر تێکنادەن و نایانەوێت لە بەرژەوەندییەکانی یەکتر بدەن. پرسیارەکە لەوەدایە بۆچی ئاوەها کارێک بکەن؟! لە کاتێکدا هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە ئاوی خنکاندنی دەنگی ئازادیان خواردۆتەوە، لە کاتێکدا مێژووی هاوبەشی هەردووکیان پڕە لە نوشوستی ویژدان و شکستی بڕیاردان و وێرانکردنی پێگەیەکی جوگرافی کە پێی دەگوترێت نیشتمان. ئەوانەی داوای بڕیار لە نێچیرڤان بارازنی دەکەن "کە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دراوەتێ" ئەرێ هەرگیز لە خۆیان پرسیوە لە زیاتر لەو 15 ساڵەی سەرۆکایەتیکردنەکەی کابینەکانی هەرێمی کوردستاندا چ هەنگاوێکی ناوە بە ئاڕاستەی تۆکمەکردنی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادییەکانی تری تاکە کەسدا بۆ ئەو هاوڵاتیانەی نیشتمان کە لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 ئەم فەرمانڕەوا گیان پڕ لە جەبەروتانەی ئەمڕۆمان، هیچیشیان نەکردبوو و کەچی خەڵکی داماوی نیشتمان بە چەپڵە ڕێزان پێشوازیی لێیان دەکرد. مەگەر هەر بۆخۆی لە ئەمەریکا نەیووت "با من نەوتەکە دەربهێنم، نەوەکانی داهاتوو بە جەهەنەم." مەگەر هەر بۆخۆی بەبێ شەرم کردن لە مێژووی سەرکوتکردن نەیووت "چەقۆ بەکاردەهێنن، چەقۆ بەکاردەهێنین، بەرد بەکاربهێنن، بەرد بەکاردەهێنین، چەک بەکاردەهێنن، چەک بەکاردەهێنین." ئامۆزاکان لە هەر شوێنێکی نیشتماندا بن، لە هەر پێدەشتێکدا سفرەی ڕەشی خۆیان ڕاخستبێت، خوانیان هەر بۆ خۆیانە و تاڵاوی ژەهریشیان بۆ هاونیشتمانیانە. ئامۆزاکان دڵی مامەکانیان ناڕەنجێنن، دڵی ئێمەش بە جەهەنەم. فراکسیۆنی پارتی و فراکسیۆنەکانی تریش لە پەرلەمان: فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەم خولەی پەرلەماندا سەلماندی هەموو شتێکە، تەنها پەرلەمانیی نییە، دەتوانێت هەموو ئەرکێک ڕابپەڕێنێت تەنها ئەرکی پەرلەمانتاری نەبێت، بە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە دەتوانێت هەموو هەنگاوێک بنێت و هەر بڕیارێکیش بیەوێت بە ئاسانی لە ڕێی ئەو ئەندامانەی کرێیان دەداتێت، مەیسەری بکات. ئەم فراکسیۆنە لە هەموومان باشتر دەزانێت بڕیارەکانی دادگا و بڕیارەکانی حزب و بڕیارەکانی پەرلەمانیش هیچیان بەسەر هیچەوە نییە و تەنها بریتین لە ڕەواییدان و تەقدیس کردنی بەرژەوەندییەکانی دەستەبژێری ناو حزبەکەیان و هیچی تر؛ کەچی ئەم فراکسیۆنە بەگژ هەموو فراکسیۆنەکانی تردا دەچێتەوە و هەر قسەیەک بکرێت لەسەر ئەم دۆسێ هەستیارەی ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان بە دەستێوەردان لە کاروباری دادگادا دایدەنێت بەڵام باس لەوە ناکات هەر خودی مەسرور بارزانی بوو لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێران وتی "ئەوانە سیخوڕ و تێکدەر و ئاژاوەگێڕن." تەواوی پرۆسەی دادگایی‌کردنی ڕۆژنامەوان و چالاکوانە گیراوەکانی بادینان لەسەر ئەو قسەیەی مەسرور بەڕێوەچوو و دادوەرەکانیش لە بڕیارەکەیاندا، بە ئاشکرایی و بەڕاشکاوی پێیان وتین "یاساکان و ڕێساکانیش لە خزمەت دەستەبژێری حزبدان و کام کێوە بەرزە بڕۆن بیگرن." بێگومان هەر بۆیەشە ناوهێنانی شەهید سەردەشت عوسمان لەناو هۆڵی پەرلەماندا دەبێتە بڤەیەک، وەک ئەوەی هەموو ئەزموونی فەرمانڕەوایەتی هەرێم بخاتە بەر مەترسی و کاریگەری بکاتە سەر داگیرکردنەکانی تورکیا لەو نیشتمانە مەلولەماندا و لەوانەشە وەهای لێکدابێتەوە، ببێتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕدا و خەڵکی بەشمەینەت دووچاری برسێتی ببنەوە. من بۆخۆم لەوە زیاتر هیچ چاوەڕوانییەکم نییە لە فراکسیۆنی پارتی و بە پێویستیشی دەزانم بۆ لەمەودوا ناوی خۆیان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بگۆڕن بۆ فراکسیۆنی پارتی دەمکوت و قڕوقەپ پێکردنی هاونیشتمانیان. ئەی فراکسیۆنەکانی تر؟ ئەمانیش هەر یەکە و بە جیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردۆتەوە و ناڕەزایی دەردەبڕن و دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بەناو بڕیارەی دادگای تەمیز ڕادەگەیەنن، یان بەپێی بەرژەوەندی خۆیان باس لە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا دەکەن. ئەگەر ئەرکی ئەم فراکسیۆنانەش هەر ناڕەزایی دەربڕین بێت، ئەی دەبێت ئەرکی چالاکوانانی سیڤیلی چی بێت؟! بۆ ئەم فراکسیۆنانەی تر هەرهیچ نەبێت بایکۆتی دانیشتنێکی پەرلەمان ناکەن، بۆچی هەر هەموویان پێکەوە لە پەرلەمان نایەنە دەرێ، خۆ ئەوان لەوێ بن یان نا، فراکسیۆنی پارتی و هاوئاوازەکانی هەرچییەکیان بوێت دەیکەن، لای بەندە ئەم جۆرە نومایشتانەی فراکسیۆنەکانی تری ناو پەرلەمان هاوشێوەی ئەو چەواشەکارییانەیە کە بەناو نوسەر و ستراتیژدانەرەکانی پارتی دەیکەن. فراکسیۆنەکانی یەکێتی و گۆڕانیش لەژێر پرسیارگەلێکی گەورەدان لەسەر کوشتن و پێشێلکاری و دەستدرێژی و ئەو ناوبانگزڕاندنانەی بەرامبەر بە ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان دەکرێن لە زۆنەکەیاندا. لەمەش سەیرتر ئەوەیە خاوەن بڕیارەکان لەو زۆنەدا لە جوینەوەی کۆمەڵێک دروشمی باق و بریقەدار زیاتر هیچ هەڵوێستێکی تریان نییە و ئەمەش جارێکی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پارتی حزبێکی بەهێز نییە بەڵام ئەو لایەنانەی تر و خاوەن بڕیارەکانیان کەسی هەلپەرست و لاواز و هیچ لەباردانەبوون. چەواشەکاری لە نوسینەکاندا: تاوانبارکردنی دیپلۆماتکارانی ئەمەریکا و ئەڵمانیا بەوەی کاری سیخوڕایەتی دەکەن، جێی نیگەرانییەکی قوڵی وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتەیە، لە کاتێکدا لە هەولێر دەگوترێت " هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی تۆکمەی وڵاتانی دنیای هەیە." ئەگەر وایە؛ کەواتە یان هیچ شتێک لە سیاسەتی نێونەتەوەیی تێنەگەیشتوون و یانیش ئەوەتا ئەم تاقمە دەسەڵاتدارەی هەرێم بە نهێنی بۆتە ئەندامێکی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و خاوەنی مافی ڤیتۆیە و هیچ بڕیارێک بەبێ دەنگی ئەو تاقمە نادرێت. هەرێمێک کە نزیکەی 30 ملیار دۆلار قەرزدارە، 6 نەوەی داهاتوو دەبێت هەر قەرز بداتەوە، هەرێمێک نەیتوانیوە تەنانەت هێزی پێشمەرگەش لە نەفرەتی حزبی بوون دەرباز بکات، هەرێمێک نەتوانێت هاوڵاتیان و خاکی خۆی بپارێزێت لە مەترسییە دەرەکییەکان، هەرێمێک نەتوانێت بازاڕی ناوخۆی خۆی ڕێکبخات و ، هەرێمێک لەسەر ئەگەر و نەگەری ئەوەی کێ دەکرێتە مەرجەع ئامادەیە گەورەترین شەڕ هەڵگیرسێنێت، هەرێمێک خاوەنی دەستورێک نییە و هەر لایەنە دەخوازێت بەلای خۆیدا ڕایبکێشێت، هەرێمێک ڕەوشی پەرلەمانەکەی لە جلوبەرگی هەژارترین هەژار شڕترە، حکومەتەکەی وێرانە و سەرۆکایەتی هەرێمەکەیشی کراوەتە شوێنێک بۆ دوورخراوەکانی ململانێیی ئامۆزاکان، هەرێمێک توانای بەرهەمهێنانی دەسکێک کەرەوزی نییە و لە ورد و درشتدا چاوی لە یارمەتی و کۆمەکی وڵاتانی ترە، کەچی دێت و دەڵێت دیپلۆماتکارەکان سیخوڕن و بەناو نوسەرەکانیشی هەمان ئەو قسەیە دەجوونەوە و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن و ڕەوایی بە سەرکوتکردنەکان دەدەن، بەبێ ئەوەی بزانن هەر پشتیوانییەک لە تاوان هیچ کەمتر نییە لە تاوانەکە بەپێی یاسا ڕاستەقینەکان نەک یاسا گاڵتەقینەکانی هەرێم. ئەوانە ئەوەندە نەخوێندەوارن و بۆ پارە هەموو شتێک دەکەن بۆ چەواشەکردنی خەڵک؛ وەها دەزانن کورتە نامەیەک یان پەیامێکی تەلەفونی لەلایەن کاربەدەستێکی ڕۆژئاوا یان ڕۆژهەڵات، ئیدی بەمانای هەڵکردنی چرای سەوزە تا هەرچییەکی دەیانەوێت لە سیاسەتی کوشتن و بڕیندا بیکەن. هەر بۆ ئاگاداری خوێنەرانی ئازیز، زۆرێک لەو پەیوەندیی و پەیامانە بۆ گوێچکە ڕاکێشان و ئاگادارکردنەوە بووە نەک بۆ دڵنەوایی و پشتیوانیکردن. خۆ ئەگەر بۆ پشتیوانیکردنیش بێت، بەڵام ناکرێت ئەو ڕاستیانە لە بیربکەین کە ئەمانە لە موحەمەد ڕەزا شای ئێران و حوسنی موبارەک، دیکتاتۆری پێشووی میسر و عەلی عەبدوڵا ساڵح، دیکتاتۆری پێشووی یەمەن و سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق و چەندان و چەندانی تریش، باڵاتر نین و هێندەی ئەوەی ئەوانە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی جەمسەرەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا بوون، بە یەک لەسەر هەزاری ئەوە هیچیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان نەکردووە. خاڵێکی تریش گرنگە باس بکرێت؛ هەموو باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتان جا لە هەر وڵاتێک‌دا بن، کار و ئەرکی سەرەکییان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە نەک باشکردنی ڕەوشی ئەو وڵاتانەی لێین، هەربۆیە هەر هیوایەک هەڵبچنرێت لەسەر ئەوەی ئەو باڵیۆزخانانە و کونسوڵخانانە شتێکی ئەوتۆی لێ سەوز نابێت، دەشێت گوێگرێکی باش بن بەڵام هەنگاوێکی ئەوتۆ نانێن چونکە بە دەستێوەردان ناودێر دەکرێت لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانەدا، نامەوێت بڵێم ئەوە هەنگاوێکی خراپە بنرێت بەڵام دوو ڕێگەی باشتر هەن، یەکەمیان پەیوەندی کردنی ڕاستەوخۆیە بە وەزارەتەکانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی بەرزڕاگرتنی بەهای مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ کراونەتە بەشێک لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکانیان، پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ بە نێوەندە جیهانییەکانی وەک کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ و ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ و دەیان ڕێکخراوی تری جیهانی. دووهەمیشیان ڕێکخستنێکی بابەتیانەی کۆمەڵگەی سیڤیلە لەو وڵاتانە یان ئەو هەرێمانەی سیاسەتی کوشتن و زیندانیکردن و برسیکردن و سەرکوتکردن و چەواشەکردن بۆ مانەوەی دەستەبژێری فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانیان گرتۆتەبەر، وەک ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا دەیبینین، لە دنیای پشیلەدا تەنها یەک یاسا سەروەرە و ئەویش ئەوەیە هەموو مشکێکی بێ‌تاوان، گوناهبارە. حزبەکانی باشوری کوردستان ڕۆژبەڕۆژ دەیسەلمێنن، هەرگیز نابنە خاوەنی پڕۆژەیەک بۆ ئاوەدانی و گەشەپێدان و پەرەسەندن، بەڵکو پڕۆژەیەکن بۆ وێرانکردن و تاڵانکردن و کوشتن و بڕین، هەر بۆیە پێویستە هاونیشتمانیان پڕۆژەیەکیان هەبێت بۆ بەردبارانکردنی ئەو حزبانەی بەرنامەی کاریان ڕوو سپیکردنەوەی دیکتاتۆرەکانی دنیایە.
د. چیا عەباس/ موزەفەر هەمزە لێکۆڵینەوەیەک لەسروشتی ئەو دیاردەیە لەکلتووری سیاسی هەرێمی کورردستاندا. پنتەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە: ٭ یەکەم: پێناسە و جۆرەکانی سەنگەر گواستنەوە. ٭ دووەم: مێژووی ئەو دیاردەیە لەهەرێمی کوردستان. ٭ سێهەم: رۆڵی ژینگەی سیاسی هەرێمی کوردستان لەئاستیدا. یەکەم: پێناسەی گواستنەوەی سەنگەر: سەنگەر گواستنەوە لەتێگەیشتنی گشتی خۆیدا وازهێنانە لەئایدۆلۆژیایەک یان پێکهاتەیەکی سیاسی کە لەسەر ئاستی گرووپ یان تاکەس ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەک هاودژیی (تناقچ)لەنێوان بژاردەی پێشوو بەئاراستەی پۆزەتیف یان بەئاراستەی نێگەتیف، لەگەڵ بژاردەی تازەدا بەرجەستە دەبێت. دەست لەکارکێشانەوە - دوولەتبوونی سیاسی (الانشقاق السیاسی Political split) -هەڵگەڕانەوە - یاخی بوونی سیاسی (التمرد السیاسی Political rebellion)، دووبارە گواستنەوەی سەنگەر، لەزەقترین شێوەکانیەتی، بڕیاردانی بێ لایەنبوونی سیاسییش دوای خۆ بەدوور گرتن لە بژاردەی پێشوو، ناچێتە خانەی پێناسەی ئەو چەمکە ونایگرێتەوە. دووەم: مێژووی ئەو دیاردەیە لەپانتایی سیاسی هەرێمی کوردستاندا: جاران، له سه‌رده‌می حوکمرانی پاشایه‌تی له عێڕاق، کاتێک تێکۆشه‌رێک ته‌نانه‌ت له‌ژێر ئه‌شکه‌نجه و هه‌ڕه‌شه‌شدا ناچار بکرایه پاکانه وپرکردنهوهی ئەستۆپاکی بکات، ئه‌وه ده‌بوه مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بۆ که‌سه‌که وجۆره‌ها ناو و ناتۆرەیان لێدەنا. له‌سه‌رده‌می حوکمی به‌عسیشدا ته‌سلیمبوونی پێشمه‌رگه وکه‌سانی تر بەدەسەڵاتی به‌عس به " عائد الی الصف الوگنی" ناوده‌برا، وا باویش بو هێزه کوردیه‌کان ده‌یان ووت فڵانه که‌س "ته‌سلیم" بۆته‌وه، چاودێری کار و ره‌فتاری دوای ته‌سلیمبوونیان ده‌کرد تادوا هەڵسەنگاندنی بۆبکەن. له‌ئه‌زمونه‌کانی شۆرش و کاری رێکخراوه‌یی و سیاسی دوای شکستی شۆرشی ئه‌یلول لە 1975به‌دواوه ده‌سته‌واژه‌کانی " سه‌نگه‌ر گۆرین و سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه و سه‌نگه‌ر جیاکردنه‌وه" بۆ ئه‌و گروپ و پێشمه‌رگه و که‌سانه‌ی جێگۆرڕکێیان لەپابهندبوونی خۆیان به حزبه‌کانیانه‌وه ده‌کرد،هاتنه ئاراوه. چونکه ئه‌م دیارده‌یه له ئاستی گشتیدا زۆرکه‌م هاوسه‌نگی هێزی نێو حزب و لایه‌نه‌کانی دایک و لایەنەکانی دیکە کە میواندارییان لێدەکردن، تێکدابوو. بۆیه زۆر به‌زه‌قی باس نه‌کراوه، ته‌نانه‌ت ئاماری وردی له‌سه‌ر کۆنه‌کراوه‌ته‌وه ولێکۆڵینهوهشی بۆ نه‌کراوه. به‌شێکی تری سه‌نگه‌ر جیاکردنه‌وه‌و سه‌نگه‌ر گۆرین به‌گروپ و رێککاری ئه‌نجام دراون و زه‌مینه‌ی سیاسی وفکریان هه‌بوه، هێزه سه‌ره‌کیه‌کان له‌م دیارده‌یه بێده‌نگ نه‌بوون و زۆربه‌شی به‌شه‌ڕ وزه‌بری هێز یه‌کلاکراونه‌ته‌وه. وه‌ک له‌ئه‌زمونه‌کانی جیابونه‌وه‌ی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابوردو،جیابونه‌وه‌ی سۆشیالیست و ئاڵای شۆرش له یه‌کێتی و جیابونه‌وه‌ی حزبی گه‌ل له‌پارتی و جیابونه‌وه‌ی چه‌ند گروپێکی بچوکی ئیسلامی له‌حزب و بزوتنه‌وه‌کانی دایک، روویانداوە. له دوای راپه‌رینه‌وه و بەتایبه‌ت لەدوای رووخاندنی رژێمی سه‌دام ونه‌مانی شه‌ری ناوخۆی شاخ و رشتنی پاره وپله وئیمتیازات لەلای هه‌ر دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار(PDK- PUK)، سه‌نگه‌ر گۆرین زۆر کەمتر بینراوە. هاوکاتیش ئه‌و گروپ و لایه‌نانه‌ی سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ سه‌نگه‌ریان جیاکردبوه‌وه له دوای راپه‌رینی 1991 ده‌رکه‌وت به‌بچوکی و که‌م ده‌سه‌ڵات مابوونه‌وه، جارێکی تر گه‌ڕانه‌وه نێو حزبی دایک. گه‌رانه‌وه‌ی زۆربه‌ی پهشیمانبووهکان بۆ هێلانه کۆنه سیاسیه‌که‌یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت بوو، وه‌ک له نمونه‌کانی ئاڵای شۆرش وبزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیست و پارتی گه‌لدا ده‌بینرێت. گۆرینی ئینتیمای حزبی وشه‌خسی ئه‌ندام و کادر وپێشمه‌رگه‌کانی پارتی و یه‌کێتی دیارده‌یه‌کی به‌رچاو بووه وزۆربه‌ی کات په‌یوه‌ندی به فکر و سیاسه‌ت وپرەنسیپەوە نه‌بووه. له پێناو ململانێی حزبیدا و بۆ زیاتر هاندانی ئه‌و دیارده قێزه‌ونه ناویان لێناوه گواستنه‌وه‌ی سه‌نگه‌ری خه‌بات، مرۆڤ ده‌بێت رێز بگرێت له که‌سێک بهباوهرێکی تۆکمه‌وه کار له‌نێو ههرحزبێکی نیشتمانیدا ده‌کات، به‌گشتی وازهێنان له‌وه بۆ ده‌سکه‌وت و هۆکاری تایبه‌ت زیاتر له ئیرتزاقی سیاسیه‌وه نزیکه. له گه‌ڵ دروستبونی گۆڕان و به‌هێزبوونی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن، پرسی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان مه‌ودا و ئاراسته‌ی تریان بۆ متمانه و مۆڕاڵی سیاسی خوڵقاند، له پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌لایه‌نێک و گۆرینی متمانه‌ی سیاسی، چه‌مکه‌کانی ویژدان و هه‌ڵوێست و باوه‌ڕ، زیاتر زاڵبوونی خۆیان چه‌سپاند، ئەم گۆرینی متمانەیە کە لە قەناعەتێکی ناخی دەنگدەرەوە هەڵدەقوڵێت یەکێکە لە جوانیەکانی پرۆسەی دیموکراسی. کاتێک گۆڕان دامەزراو، به‌شێکی به‌رچاوی سه‌رکرده و هه‌ڵسوڕاوه‌کان ئەوانەی له‌ناو یه‌کێتیه‌وه هاتبوون و به‌متمانه‌ی جه‌ماوه‌ری، پێگه‌ی سیاسی و یاسایی خۆیان به‌ده‌ست هێنا، ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی به‌هه‌مان ئه‌قڵیه‌تی سه‌رده‌می شاخ هه‌ڵسه‌نگاندن و مامه‌ڵه‌ی دۆخه‌که‌یان کرد: شه‌رفرۆشتن وسزادان ونانبرین وکوشتن و تۆقاندن. کەچی ئه‌وسات و ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت ده‌رکیان به‌وه نه‌کردوه ئه‌مه سه‌نگه‌ر جیاکردنه‌وه نیه، به‌ڵکو بنیاتنانی سه‌نگه‌رێکی نوێی کاری سیاسی و په‌رله‌مانیه، چونکه یه‌کێتی بۆته سه‌نگه‌رێک له سه‌نگه‌ره زۆره‌کانی خه‌بات و نه ماڵه گه‌وره‌که‌یه و نه ماڵه بچوکه‌که، ئه‌و ماڵه‌یه که هه‌یه، هاوکاتیش گۆڕان دەریایەک بوو لەباوەر و پڕەنسیپ نەك ماڵێکی بچوک یا گەورە. به‌هۆی بوونی ده‌سه‌ڵات و پاره و پۆست لەلای دوو حیزبه زلهێزه‌که، وایکردووە سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه‌که به‌ره‌و لای ئه‌وان ڕووبدات، ئیدی له‌وێ حیزب و بیروباوه‌ڕ کراوه‌ته قوربانی بڕێک مووچە و پۆستێکی حیزبی یا ئیداری. ئه‌و دووحیزبه لەسەردەمێکدا بوونه ماسیه گه‌وره‌که و زۆرێک له‌ماسیه بچوکه‌کانیان چ به‌شێوه‌ی تاک چ به‌شیوه‌ی کۆمه‌ڵ هه‌ڵ لووشی. سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه ته‌نها له حیزبه بچوکه‌کانه‌وه نه‌بووه بۆ مه‌زنه‌کان، به‌ڵكو زۆرجار له‌نێوان ئه‌و دوو حیزبەی یەکێتی و پارتی ڕوویداوه و ئه‌ندامانی یه‌کتریان کڕیوه و ناویان لێناوه سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه. لەزۆربەشیدا بۆ مەرامی پاوان‌کردنی کایەی سیاسی و پۆست و پلە و پایەدا بووە. وێرای ئه‌مانه که‌م تازۆر له‌نێوان حیزبه بچووکه‌کانیشدا سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه هه‌بووه، که‌هۆکاری ئه‌مه‌ش دیسان مه‌سه‌له‌ی مادی بووه. لەسەردەمی هەڵبژاردنەکانی کوردستانیشدا دیاردەی سەنگەر گواستنەوە بۆ ریکلامی هەڵبژاردنی تەرەفێک زیاتر کەڵکی لێوەرگیراوە وروویانداوە، ببوە زەمینەیەکی گرنگی چاوەڕوانیەکانی ئەو کەسانە کە بەردەوام بەدوای پایە وپلە و دەسکەوتی تایبەتیاندا کاریان کردوە و نایانەوێت تەنانەت پارچەیەکی بچووکی کێکەکەش بێت، لە دەست بدەن. ئەمجۆرە سەنگەر گواستنەوەیە قێزەونترین جۆرە و دەچێتە خانەی جۆرە نێگەتیفەکەیە، رەنگدانەوەی بێ ئەمەکی و ئاستی کرچ وکاڵی فکری و سیاسی بکەرەکەیە، جا لە ژێر هەر فشارێکدا بێت و بۆ هەر مەبەستێکیش بێت. سێهەم: رۆڵی ژینگەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان لەگواستنەوەی سەنگەر: پرسی سەنگەر گواستنەوە تاکو ئێستا وەکو دیاردە پرسێکە لەزۆر رەهەندەوە لەکەلتوری سیاسی هەرێمی کوردستاندا شڕۆڤەی فەلسەفی بۆ نەکراوە، گواستنەوەی سەنگەر بەدیوە پۆزەتیفەکەی لەدیوە نێگەتیفکەی جیانەکراوەتەوە، کە جیاوازییەکی زۆریان لەنێواندایە هەیە لەسەر ئاستی چۆنیەتی و چەندی وبەئاراستەی مۆڕالی سیاسی بەدیوە پۆزەتیفەکەی و بازرگانی سیاسی بەدیوە نێگەتیفەکەی. لەکاتێکدا بازرگانیە سیاسییەکە رێ پێنەگیراو بووە هێلی سووری بۆ دانەنراوە بۆ ئەوەی چیتر گەندەڵەکانی نێو کایەی سیاسی کەڵک لەو جۆرە کارە وەرنەگرن، بۆیەشە جۆرە نێگەتیفەکەی وەکو حەرامێکی سیاسی لەقەڵەم نەدراوە. چۆن لەسەر ئاستی نیشتمانی ونەتەوەییش پەرچەکردار دژ بەئاراستە نێگەتیفەکەی سەنگەر گواستنەوە بوونی نەبووە، بەهەمان پێوەریش هاندانێکی نەتەوەیی بۆ جۆرە پۆزەتیفەکەی دیاردەی سەنگەر گواستنەوە، لەئارادا نەبووە. کێن ئەوانەی دەچنە نێو ئەو گەمە قێزەونەی سەنگەر گواستنەوە کە بەجۆرە نێگەتیفەکە ناوزەدمانکرد. بۆچی ژینگەی سیاسی لەهەرێمی کوردستان تاکو ئێستا لەبارە بۆ ئەو کارە؟ کایەی سیاسی وسیاسەتکردن لەهەرێمی کوردستان چونکە نەبۆتە ئەو ئامرازە بۆ جوانکردنی سیمای حوکمڕانی وبەرەوپێشبردنی وڵات و کۆمەڵگا. کراوەتە ئامرازێک بۆ کوشتنی بەها جوانەکان، تەنانەت خودی کایەی سیاسیش. کەدواتریش لێکەوتەی نائۆمیدبوونی کۆمەڵگاو رای گشتی، بەهیچ نەزانینی خودی کایەی سیاسی، بەرهەمهێنا. کاتێ ژینگەی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەو زەمینەیەی لەبارکردیە بۆ ئەوەی دیاردەی سەنگەر گواستنەوە بکرێتە بازرگانیەکی سیاسی پڕلەداهات بۆ ئەوانەی دەکەونە ناوییەوە، ئەو بەخشینە زۆرە و دەرگا واڵاکردن بۆیان لەسەر حسابی ماڵ و داهاتی گشتی وڵات، جۆرە کێبڕکێکردنێکی هێناوەتەبوون لەپێناو شکاندنی ملی یەکتر، کەجێی بەکێبڕکێکردن لەپێناو بنیاتنانی نیشتمانێکی جوان، لەقکردییە. لەگوتاری سیاسی حیزبەکان وکارەکتەرەکانیاندا وتەنانەت لەمیدیاکانیان بەسێبەر وفەیکەکانەوە، گرنگیان بەو پرسە داوە و بەئەرێنی تێیدەڕوانن، بەتایبەتی PDK ودواتریش PUK، هەڵبەت بۆ جۆرە نێگەتیفەکەی گواستنەوەی سەنگەر، کەچی لە تێڕامان و هەڵسەنگاندنێکی نیشتمانی ئامێزدا، خودی سەنگەر گواستنەوەکە دەچێتە خانەی بازرگانی سیاسی و ناشرینکردنی خودی کایەی سیاسی. جۆرێکی تری هاندانی سەنگەر گواستنەوەش، ئەوەیە کەدەمێکە PUK کار لەسەر ئەو هەڵمەتی دووبارە سەنگەر گواستنەوە دەکات لەژێر دروشمی (گەڕانەوە بۆ ماڵە گەورەکە)، کە لەسەردەمانێکی رابڕدوودا رایگەیاند وتا ئێستاشی لەگەڵدا بێت دەرگاکەی هەر واڵایە. ترازان یان لادانی پێکهاتەیەکی سیاسیش لەپرەنسیپ و بەرنامە سیاسییەکەی کە تێیدا ئەو بەرنامەیە پڕە لە رایەڵەکانی جوانکردنی نیشتمان، کەچی بەهۆی گۆڕانکارییەکی سادە، ئەو پێکهاتە سیاسییە لەرێگای چەند دەستڕۆیشتوویەک تێیدا، لادان دەکاتە ئامانج، دوای کۆچی دوایی بەڕێز نەوشیروان مستەفا, وازهێنانی سەدان گۆڕانخواز لەخودی بزووتنەوەکە بەشێوەی گرووپ وتاکەکەسی و دروستكردن وراگەیاندنی پێکهاتەی تری سیاسی، یه‌كیكه له‌شێوازه‌كانی سه‌نگه‌ر گواستنه‌وه به‌دیوه پۆزهتیفهكهی. May 2021
درەو: راپۆرتی یەكەی چاودێری حكومەتی خۆچێی گەرمیان بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان جەخت دەكەنەوە كە لە سنورەكەیان زیادەرۆیی بەوشێوەیە نیە، بەڵام به وته‌ی ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له ته‌واوی گه‌رمیان %90ی ئه‌و باخ و ڤێلانهی كه دروست كراون به زیاده‌ڕه‌وی كراوه، بە پێی ئامارەكان (33) بناغەی خانووی زیادەڕۆیی لە گەرمیان روخێنراوەن 9 ئامێری بیر هەڵكەندن دەستگیركراوە 23 خانوو روخێندراوە. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، نۆزدەھەمین راپۆرتى مانگانه‌ى بڵاوكرده‌وه كه تایبه‌ته به: "زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانى گه‌رمیان". راپۆرته‌كه‌ى یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، به وردیی باسى له‌و زیادهڕوهییانه كردوه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له سنورى گه‌رمیان، هه‌روه‌ك باس له‌و رێكارانهش كراوه كه لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان گرتویانه‌ته‌به‌ر بۆ رێگرى له زیادبونى قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان. له كۆتاییشدا وه‌ك سه‌رجه‌م راپۆرته‌كانى دیكه، ژماره‌یه‌ك ده‌ره‌نجام و راسپارده خراونه‌ته‌ڕو به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كه‌موكورتیه‌كان. یه‌كه‌ى چاودێریی حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان، یه‌كه‌یه‌كى به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه و چاودێریی رۆژنامه‌وانى سه‌ر به رادیۆی ده‌نگه، به پاڵپشتی سندوقی نیشتمانى بۆ دیموكراسی (NED) ئه‌مریكی، مانگانه راپۆرتێكى ورد و به‌دواداچون له‌باره‌ى بابه‌ت یان پرسێكى په‌یوه‌ندیدار به حكومه‌تى خۆجێی گه‌رمیان بڵاوده‌كاته‌وه، به ئامانجی تیشكخستنهسهر ئه‌و بواره و زیادكردنى گرنگیپێدان پێی. به‌شى یه‌كه‌م: راپۆرت یه‌كه‌م: جۆری زیاده‌ڕه‌ویه‌كان به پشت به‌ستن به قسه‌ى به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان و به‌ڕێوبه‌رانى كشتوكاڵی كه‌لار و كفری و قایمقامی قه‌زاى كه‌لار و دو نوێنه‌رى هه‌ڵبژێردرا، دیارترین حاڵه‌ته‌كانى زیاده‌ڕۆیی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان له‌گه‌رمیان بریتین له‌مانه: 1. دروستكردنى باخى كشتوكاڵی به بێ مۆڵه‌ت و به نایاسایی. 2. دروستكردنى بینا «خان‌و، یاریگا، مه‌له‌وانگه و ..هتد» به بێ مۆڵه‌ت و به نایاسایی له‌ناو زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان. 3. به‌كارهێنانى زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان بۆ كارى نا كشتوكاڵی «بۆنمونه بۆ پرۆژه‌ى بازرگانی». 4. لێدانى بیر به بێ مۆڵه‌ت و نایاسایی. 5. كڕین و فرۆشتن به زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان به نایاسایی به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى كه موڵكى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵن و به گرێبه‌ست دراون به جوتیاران. 6. پهرژینكردنى «سیاجكردن» زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان و به‌ش به‌شكردنى پارچه زه‌ویه‌كان. 7. زیاده‌ڕۆیی به‌ناوى كارى كشتوكاڵی بۆسه‌ر محهرهماتى ده‌وڵه‌ت «بۆنمونه بۆسه‌ر پاوانه‌كان». دوه‌م: قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وی 1. زیاده‌ڕەوى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى له قه‌زاكان «زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان له قه‌زاى كه‌لار به‌و راده‌یه نیه كه باسى لێوه ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌یه، به‌رده‌وام راپۆرتى خۆمان له‌و باره‌یه ئاماده كردوه». سامان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار واده‌ڵێت. وتیشى: یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وى هۆكاره بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و گرفته، هاوكات به‌شێكى زۆرى ئه‌و باخ و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه كراوه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى كۆنن و نوێ نیه. به‌ڵام به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتوكاڵی گه‌رمیان وایده‌بینێت گه‌وره‌ترین كێشه‌كانى زیاده‌ڕه‌وی له كه‌لارن. شادیه حسێن، باسى له‌وه‌كرد: «ئه‌و جیگانهى كه زیاده‌ڕه‌وى ده‌كرێته سه‌رى دوره ده‌ست نین، به‌ڵكو له شوێنى نزیكن به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار گه‌وره‌ترین گرفتمان هه‌یه و بوه به دیارده، ئه‌و فشاره زۆره‌ى كه له‌سه‌رمانه بۆ بابه‌تى گه‌شتیارییه». سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تى به‌دواداچونیان له بونى هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك وه‌ك به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار هێماى بۆ ئه‌وه كرد: هه‌ر زیاده‌ڕه‌ویه‌ك كرا له لایه‌ن لیژنه‌یه‌كه‌وه سه‌ردان ده‌كرێت، به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه‌ى ئیدارى ده‌كه‌ین ئه‌وان لێپێچینه‌وه ده‌كه‌ن، كه‌یسمان هه‌یه له دادگایه و یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه. عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى كفرى ده‌ڵێت: پرسى زیاده‌ڕه‌وى له قه‌زاى كفرى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان كه‌مه و لیژنه‌ى كشتوكاڵ و شاره‌وانیه‌كان هه‌یه كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وى به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018. وتیشى: زۆرجار ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێت له كۆتاى هه‌فته‌دایه، هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك هه‌بوبێت به‌دوایدا رۆشتوین. هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: پار ساڵ 30 كه‌یسمان هه‌بوه زیاده‌ڕوى كه تۆمار كراوه، بۆ 3 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش 15 كه‌یسمان هه‌بوه. دو جۆر زه‌وى كشتو‌كاڵى بونى هه‌یه: دهیم و به‌راو، له ناو ئه‌و زه‌وییانه‌دا زه‌وى تاپۆ و گرێبه‌ستى كشتو‌كاڵى هه‌یه، هاوكات به‌شێوه‌یه‌كى گشتى زه‌وییه‌كان به‌رده‌ڵان و له‌وه‌ڕگا و كشتوكاڵین. رزگار محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت: له گه‌رمیان و به تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زۆر به‌ربڵاوه و ئه‌و رێگرییه‌ش كه لێره هه‌یه له هیچ ناوچه‌یه‌كى دیكه‌ى كوردستان نیه. وتیشى: تاوه‌كو ساڵى 2016 و 2017 دروست كردنى باخ و هه‌ڵكه‌ندنى بیر رێگه پێدراو بو كه له 20 دۆنم كه‌متر بێت، به‌ڵام دوابه‌دواى ئه‌وه و به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 قه‌ده‌غه كرا، ئێستاش كه حاڵه‌ته‌كه زیادیكردوه چه‌ندین جار داوامان كردوه چ له رێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه بێت چ له ڕێگه‌ى ئیداره‌ى گه‌رمیانه‌وه رێگه چاره‌یه‌ك بۆ ئه‌مه بدۆزرێته‌وه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا نه‌كراوه. 2. زیاده‌ڕەوى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى له ناحیه‌كان له نێو ناحیه‌كانى سنورى گه‌رمیان ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا یه‌كێكه له‌و ناحیهیانهى كه سه‌رپێچى زۆرى تێدا تۆماركراوه، كه به‌وته‌ى به‌رێوبه‌رى ناحیه‌كه له‌مساڵدا 28 كه‌یسیان هه‌بوه. رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا باس له‌وه‌ده‌كات، ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا گرفتى زیاده‌رۆیی تێدایه و زه‌وییه‌كى زۆرى كشتو‌كاڵى هه‌یه، جگه له نه‌وت و زۆرینه‌ى گونده‌كانیش له‌سه‌ر رێگان و زه‌وییه‌كانیشیان نرخیان به‌رزه، ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان. وتیشى: له ماوه‌ى سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا له نێو ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا 28 كه‌یسمان هه‌بوه دراوه‌ته داواكارى گشتى كه زیاده‌ڕه‌وى بوه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى. پرسى زیاده‌ڕه‌وى له نێو ناحیه‌كان جیاوازى هه‌یه له چاو ناحیه‌یه‌كى دیكه‌دا، به وته‌ى به‌ڕێوبه‌رانى هه‌ندێك له ناحیه‌كان زیاده‌ڕه‌وى به‌شێوه‌یه‌كى كه‌م بونى هه‌یه. سروه محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى رزگارى ده‌ڵێت: «پرسى زیاده‌ڕه‌وى له ناحیه‌ى رزگارى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى كه‌مه، چونكه ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه ده‌كه‌وێته ده‌وروبه‌رى ناحیه‌ى رزگاى سه‌ر به قه‌زاى كه‌لار و ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵایه، ئه‌وه‌ى هه‌یه لادێ دوره دهستهكانن». وتیشى: كه‌یسى زیادهرۆییمان هه‌بوه له لادێكان بوه روخاندومانه و لامان بردوه. به‌هه‌مان شێوه، عەزیز محەمەد، بەڕێوبەری ناحیەی باوەنور دەڵێت: «پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوكاڵیەکان لە ناحیەی باوەنور دەگمەنە بەتایبەت بۆ ئەمساڵ هیچ کەیسیکمان نەبوە لەسەر ئەو پرسە». ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: پار ساڵ دو کەیسمان هەبوە لە نێو لادێکانی دەوروبەری باوەنور ئەویش لە دادگایە و تاوەکو ئێستا یەکلا نەبوەتەوە، ئەگەرچی بە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵ هەمو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە سنوری ئەو وەزارەت بێت دەچێتەوە لای خۆیان ئەوەی لای ئێمەیە تەنها داواکارییەکان ئاراستەی ئەو بەڕێوبەرایەتیە دەکەین و خۆیان کاری لەسەر دەکەن. هاوكات سەروەت محەمەد ئه‌مین، بەڕێوبەری ناحیەی قۆرەتو دەڵێت: «پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان بەوشێوەیە نیە کە باسی لێوەدەکەن، ئیمە کەیسمان نیە، بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ هەمو دەسەڵاتێک دراوەتە یەکە ئیدارییەکان کە لێپێچینه‌وه بکەن و ئێمە کردومانە». 3. به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان: زیاده‌ڕه‌وییه‌كان زۆرن پرسى زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان سه‌ربارى یاساى تایبه‌ت به‌و پرسه روى له زیاد بون كردوه و به‌پێى ئاماره‌كانى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان رێژه‌كه زۆره. ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «حاڵه‌تى زیاده‌ڕه‌وییه‌كان جۆرا و جۆرن له باخ و سیاج و خان و دانانى كابینه، بیر و چه‌ند حاڵه‌تێكى دیكه پێكدێت». به‌پێى ئامارێكى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانییه‌كان پرسى زیاده‌ڕه‌وى بۆ سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ له گه‌رمیان به‌مشێوه‌یه: 4. «زۆربه‌ى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان له ده‌وروبه‌رى قه‌زاكانن» ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زیاتر له ده‌وروبه‌رى قه‌زاكانى گه‌رمیانن، چونكه له روى مادییه‌وه نرخێكى زۆرتر ده‌كات وه‌ك له ناحیه‌كان. سامان ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كه‌لار ده‌ڵێت: «له قه‌زاى كه‌لار روبه‌رێكى دیاریكراومان نیه وه‌ك ئامار رون بێت كه چه‌ند زیاده‌ڕه‌وى كراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌یه زیاتر كه‌وتوه‌ته ئه‌م شوێنانه: (سه‌ر رێگه‌ى به‌رلوت، سه‌ر رێگه‌ى سه‌ید خه‌لیل، زه‌وى به‌گزاده‌كان له سه‌ر رێگه‌ى كه‌لار-رزگارى و سه‌ر رێگه‌ى پشتێنەیی سێ به ئاراسته‌ى گرده‌گۆزینه). له‌باره‌ى قه‌باره‌ى زیاده‌ڕه‌وییه‌وه، عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كفرى باس له‌وه ده‌كات: روبه‌رێكى كه‌ممان هه‌یه زیاده‌ڕه‌وى كراوهتهسهرى و ئێمه وه‌ك كفرى سێ جێگه‌مان هه‌یه: (ناوه‌ندى شارى كفرى، دێى ئیمام محه‌مه‌د و كه‌رتى 15ى شار). وتیشی: به تایبه‌ت كه‌رتى 16ى شار سه‌ر به ناحیه‌ى جه‌باره‌یه و زه‌وییه‌كى به‌رفراوانه دێت تاوه‌كو نزیكى قه‌زاى كفرى و هه‌موشى كشتوكاڵیه، كاتى خۆى ده‌سه‌ڵاتمان به‌سه‌ره‌وه نه‌بو كۆنوسمان كرد تاوه‌كو بازگه‌ى كفرى كه هێزى ئاسایشى تێدایه و له‌وه به‌دوا ناتوانین هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین. 5. زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان ته‌نها دروستكردنی باخ نیه ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى باس له‌وه ده‌كات ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى هه‌ن له باخ و ڤێلادا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو سه‌رى كێشاوه بۆ دانانى به‌نزینخانه و پرۆژه‌ى بازرگانى، یه‌كه ئیدارییه‌كانیش ئه‌وه ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه. كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «پرسى زیاده‌ڕه‌وى ته‌نها له باخ و سیاجكردن و لێدانى بیر نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى به‌نزینخانه و شوێنى بازرگان‌یش دروست كراوه، له دژى دروستكردنى شوێنى بازرگانى سكاڵامان كردوه و به‌دواداچونمان هه‌بوه». ده‌شڵێت: ته‌نانه‌ت حزبه‌كانیش زیاده‌ره‌وییان كردوه و مه‌ڵبه‌ندى گه‌رمیانى یه‌كێتى و لقى گه‌رمیانى پارتى له‌سه‌ر زه‌وى كشتو‌كاڵى زیاده‌ره‌وییان كردوه، ئه‌مه‌ش لاوازى یه‌كه ئیدارییه‌كانه كه چاوپۆشى له‌و بابه‌ته ده‌كه‌ن و كه‌مته‌رخه‌م بون. له هه‌مان كاتدا، شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه: كاره‌كان له دروستكردنى باخ و ڤێلا نه‌ماوه‌ته‌وه، به‌ڵكو سه‌رى كێشاوه بۆ پرۆژه‌ى بچوك بچوكى بازرگانی. «پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه‌ك كشتوكاڵیه‌كان كه باسى لێوه ئه‌كرێت وه‌ك مۆڵه‌تدان به به‌نزینخانه‌كان بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه راگیراوه، ئێمه زه‌وییه كشتوكاڵیهكانیشمان دو جۆرن گرێبه‌ست و تاپۆ، ئه‌وه رونه بۆ تاپۆكان چى ده‌كرێت له‌سه‌رى، بۆ گرێبه‌سته‌كانیش هه‌رچى كرابێت به‌ناوى ئه‌و كه‌سه‌وه كراوه كه گرێبه‌سته‌كه‌ى هه‌یه». شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار واى وت. 6. قه‌باره‌ى كڕین و فرۆشتن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه به‌پێى یاسا كڕین و فرۆشتن كردن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه رێگه‌پێدراو نیه به‌تایبه‌ت ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه گرێبه‌ستى كشتوكاڵیان هه‌یه، كه‌چى تاوه‌كو ئێستا ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌كراوه و به ئاشكرا نوسینگه تایبه‌ت و له رێگه‌ى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن. شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، باس له‌وه ده‌كات: «كڕین و فرۆشتن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه یه‌كێكى تر له‌و گرفته‌ى كه هه‌یه له ئێستادا، به دۆنم لێى ئه‌فرۆشرێت كه خانوشى تیایه، زه‌ویمان هه‌یه كشتوكاڵیه و گرێبه‌ستى هه‌یه له‌نێوان حكومه‌ت و هاوڵاتى و كڕین و فرۆشتنى پێوه كراوه، له كاتێكدا ده‌بێت ئه‌مه پێشگیرى لێبكرێت و لێپیچینه‌وه بكرێت». ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى كوردستان گرانى نرخى زه‌ویه كشتوكاڵییه‌كان به هۆكار ده‌زانێت بۆ زیادبونى زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه. عوسمان کەریم، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: «بەهۆی بەرزی نرخی زەوییە کشتوکاڵیەکان نەک لە گەرمیان بەڵکو لە هەرێمی کوردستان کراون بە ئامانج، و زیادەڕەوی لەسەر ئەو زەوییانە بەردەوامی هەیە، لە کاتێکدا بە پێی یاسا نابێت بە هیچ شێوەیەک لەسەر زەوی کشتوکاڵی هیچ شتێک دروست بکرێت». وتیشی: یەکێک لەهۆکارەکان دابەشنەکردنی زەوییە بەسەر هاوڵاتیان کە وایکردوە ئەم حاڵەتە پەرە بسێنێت، وەک پەرلەمان زۆر جەختمان لەوە کردوەتەوە کە زەوی دابەش بکرێت، چونکە ئەم زیادەڕەوییان زیانێکی زۆری بە زەوی کشتوکاڵی گەیاندوە. له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رایگه‌یاند: «به‌پێى یاسا كڕین و فرۆشتن رێگه پێدراو نیه بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه گرێبه‌ستى كشتوكاڵییان هه‌یه، چه‌ندینجار به‌رێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان كۆبونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كردوه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه تاپۆن رونه چۆن مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كرێت». ئەگەر چی كڕین و فرۆشتن كردن به زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كانه‌وه به پێى یاسا رێگه‌پێدراو نیه، له هه‌مان كاتدا ئه‌و كاره به‌رده‌وامى هه‌یه. شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان هێما بۆ ئه‌وه كرد: «كڕین و فرۆشتن به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه پێدراو نیه به‌پێ یاسا به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه گرێبه‌ستیان هه‌یه، ئه‌وه‌ى ده‌كرێت ژێربه‌ژێره، وه‌ك به‌ڵگه هیچت ده‌ست ناكه‌وێ، چونكه هیچت پێ ناڵێت جوتیاره‌كه و ئه‌وه‌شى كه ئهیكڕێت». سه‌باره‌ت به سزاكانى ئه‌م مامه‌ڵه‌كردنه وتیشى: لێپێچینه‌وه به به‌ڵگه ئه‌كرێت چه‌ندین شوێن و نوسینگه‌مان داخستوه له‌گه‌ڵ قایمقامیه‌ت، ئاگاداریش كراونه‌ته‌وه و بانگه‌واز نه‌كه‌ن بۆ كڕین و فرۆشتن به‌و زه‌وییانه‌وه. 7. زیاده‌ڕەوى كردنه سه‌ر له‌وه‌ڕگا به‌شێك له‌و زه‌ویانه‌ى كه زیاده‌ڕۆى كراوه‌ته سه‌ر زه‌وى له‌وه‌ڕگایه، به‌ڕێوبه‌رى دارستان و پاوانى گه‌رمیانیش باس له‌وه ده‌كات كه چه‌ندین كه‌یسیان هه‌یه له دادگایه. ره‌شید به‌كر، وتی: «ئه‌و زیاده‌ڕه‌ویانه‌ى كه هه‌ن له‌سه زه‌وى له‌وه‌ڕگا زیاتر له لادێكانن و بۆ ئه‌مساڵ كه‌یسێكمان هه‌بوه، له ساڵانى رابردوش چه‌ندین كه‌یسمان هه‌بوه دراوه‌ته دادگا». باسى له‌وه‌شكرد: ئێمه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى گوند و هاوڵاتیانه‌وه ئاگادار ده‌كرێینه‌وه بۆ حاڵه‌تێكى له‌و شێوه‌یه. 8. نه‌بونى تاپۆ به وته‌ى ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له ته‌واوى گه‌رمیان %90ى ئه‌و باخ و ڤێلانهى كه دروست كراون به زیاده‌ڕه‌وى كراوه. كه‌ریم عه‌لى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: سیاجكردن رێنماى خۆى هه‌یه و لێدانى بیریش به‌هه‌مان شێوه، كه‌چى له ساڵى 2018ـه‌وه هیچ مۆڵه‌تێك بۆ بیر نه‌دراوه، ئه‌و هه‌مو بیره‌ى كه دروست كراوه هه‌موى به نایاسایی كراوه كه ژماره‌یان له هه‌زار تێپه‌ڕى كردوه. ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی، ده‌شڵێت: %90ى ئه‌و باخ و ڤێلانهى كه دروست كراون نایاسایین. سێیه‌م: كێشه یاساییه‌كان 1. یاساى زیاده‌ڕه‌وى و گرفته‌كانى به‌پێى (قرار مجلس قیاده ثوره)، كه له سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس ده‌ركراوه له بڕیاری ژماره‌ى 53ى ساڵى 1984 رێگه‌ى به جوتیار داوه ئه‌وه‌ى كه گرێبه‌ستى هه‌یه له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان باخ و به‌روبومى كشتو‌كاڵى ئه‌كات، ده‌توانێت خان‌و دروست بكات به مه‌رجێك له 300 مه‌تر زیاتر نه‌بێت و روبه‌رى زه‌ویه‌كه‌شى له 15 دۆنم كه‌متر بێت. له بریارى ژماره 1488ى ساڵى 1985 هه‌ستان به دیاریكردنى روبه‌رى ئه‌و زه‌ویانه‌ى كه هه‌ن چۆن خانوى له‌سه‌ر دروست بكرێت، به جۆرێك خشته‌یه‌كى دیاریكراوى بۆ دانرا كه : له 4 بۆ 5 دۆنم زه‌وى ده‌توانرێت خانویه‌كى 240 مه‌ترى له‌سه‌ر دروست بكرێت و له 3 دۆنم بۆ كه‌متر له 4 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 180 مه‌ترى دروست بكرێت، له 2 دۆنم بۆ كه‌متر له 3 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 120 مه‌ترى دروست بكرێت و كه‌متر له 2 دۆنم ده‌توانرێت خانویه‌كى 100 مه‌ترى دروست بكرێت. به بڕیارى ژماره 297ى ساڵى 1987 كه تایبه‌ته به زه‌وییه تاپۆكانى كشتو‌كاڵى كه ده‌توانێت خان‌و بۆ خۆى و مناڵى دروست بكات به بێ گوێدانه بڕیارى ژماره 1488ى ساڵى 1985. ئه‌م بڕیارانه تاوه‌كو ساڵى 2017 له هه‌رێمى كوردستان كارى پێكراوه، له عێراق ئه‌م بڕیارانه وه‌ك یاسا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كراوه. به‌ڵام دوابه‌دواى ده‌رچواندنى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 ته‌واوى ئه‌و بڕیارانه‌ى حكومه‌تى عێراقى راگیرا، به‌پێى وته‌ى یاساناسان ئه‌م یاسایه دروستكردنى باخ و ڤێلاى له‌گه‌ڵ جوتیارێك كه خه‌ریكى كار و به‌روبومى كشتوكاڵیه به‌یه‌ك چاو سهیركردوه و هیچ رێگه‌یه‌كى بۆ جوتیار نه‌هێشتوه‌ته‌وه. 2. «یاسایى زیاده‌ڕه‌وى ده‌رگاكانى بهڕوى جوتیاراندا داخستوه» به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا باس له‌وه‌ده‌كات له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یاسایى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ره‌وى، وه‌زاره‌تى شاره‌وانى پێشنیارى كردوه و كراوه به یاسا رۆڵى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ تێیدا ونه و ره‌چاوى زه‌وى كشتوكاڵیه‌كانیان نه‌كراوه. رامیار عه‌بدولره‌حمان، ده‌شڵێت: هه‌مو ده‌رگاكان به‌روى جوتیاراندا داخراوه و به‌ناچارى په‌نایان بردوه‌ته به‌ر زیاده‌ڕۆى، ته‌نانه‌ت هیچ رۆڵێكیان بۆ به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵ و به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌كان نه‌هێشتوه‌ته‌وه. به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتیشى: له یاساكه‌دا هیچ مه‌رجێك بۆ جوتیار دانه‌نراوه كه بڵێت به‌م مه‌رجانه ده‌توانێت خانویه‌ك دروست بكات، ته‌نها باسى گرتن و روخان و ناردنى بۆ دادگا ده‌كات، ئه‌مه له كاتێكدا له سه‌رده‌مى به‌عس و پێش ئه‌م یاسایه كۆمه‌ڵێك رێنماى هه‌بو ئه‌گه‌ر كه‌سێك 2 دۆنم زه‌وى هه‌بێت رێگه‌ى ئه‌درا خان‌و دروست بكات، به‌ڵام به‌مه‌رجێك جوتیار بێت، كه‌چى ئێستا بۆ سیاج ده‌بێت 5 دۆنم بێت بۆ لێدانى بیریش 20 دۆنم بێت. 3. بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پرسى رێكخستنه‌وه‌ى زیادهڕهوییهكانى زه‌وى كشتو‌كاڵى راده‌گرێت پرسى رێكخستنه‌وه‌ى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان له ماوه‌كانى رابردو هه‌نگاوى بۆ نراوه و بڕیارى تایبه‌تیشى له‌و باره‌وه بۆ ده‌رچێنراوه، به‌ڵام به بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه راگیراوه. شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «وه‌ك خۆمان ئه‌م گرفته‌مان گه‌یاندوه به وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ داواش كرا كۆبونه‌وه‌یه‌كى گشتگیر بكرێت بۆ رێكخستنه‌وه و چاره‌سه‌ركردن و زانینی ئه‌وه‌ى ئه‌و رێكارانه چین، پێشتر به رێنماییه‌ك ئه‌وه‌مان رێكخسته‌وه كه ساڵى 2017 ده‌رمان كرد بۆ ئه‌وه‌ى جوتیار كه بیه‌وێت زه‌وییه‌كى كشتو‌كاڵى هه‌بێت رێگه بدرێت خانویه‌كى نۆرماڵ دروست بكات». وتیشى: به‌ڵام دوابه‌دواى ئه‌وه نوسراوێكمان بۆ هات له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه كه كار به‌و رێنماییه نه‌كه‌ین و ئه‌مه‌ش بۆ خۆى گرفتى بۆ دروست كردین و پێش ده‌رچونى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 بو. 4. «پێویسته یاساكه هه‌موار بكرێته‌وه» بۆ روبەڕوبەنەوەی پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان لە گەرمیان چالاکوانان و ئەندامانی ئەنجومەن و پەرلەمانتاران باس لەوە دەکەن ئەو یاسایەی کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوی و زار و موڵکی گشتی پێویستە هەموار بکرێتەوە. یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەویزار و زەوییە کشتوکاڵیەکانیش، باس لەوە دەکرێت ئەم یاساییە هۆکارێکە بۆ زیادبونی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان، چونکە وەک باس دەکرێت یاسایەکی توندە و پێویستە هەموار بکرێتەوە. کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەلێت: «یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ کە تایبەتە بە پرسی زیادەڕەوی یاسایەکی توندە بە تایبەت بۆ جوتیار کە پێویستە هەموار بکرێتەوە و لە پەرلەمانەوە کاری لەسەر بکرێت، چونکە هیچ رێگەیەکی نەهێشتوەتەوە بۆ جوتیار ئەمەش وایکردوە پەنا ببرێتە بەر زیادەڕەوی». رامیار عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا، وتى: «چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌م یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ناسه‌یه‌ك بدات به جوتیار، چونكه جوتیارى وامان هه‌یه له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌كانى له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵ خه‌ڵاتى نمونه‌ى جوتیارى پێدراوه كه‌چى 20 كرێكار ئیشى بۆ كردوه كه باران باریوه نه‌یزانیوه چیبكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نهبتوانیوه خانویه‌ك دروست بكات، به‌جۆرێك ئێستا واى لێهاتوه هه‌ر كه‌سێك یاسا جێبه‌جێ بكات رێگه‌ى نادرێت. چواره‌م: رێكاره‌كان و لێپێچینه‌وه 1. به‌دواداچونه‌كانی یه‌كه ئیدراییه‌كان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان، ده‌ڵێت: «له گه‌رمیان به گشتى پرسى زیاده‌ڕوى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان بونى هه‌یه، به‌تایبه‌ت قه‌زاى كه‌لار رێژهكى زۆزه، به‌ڵام ئه‌مه بۆ كفرى كه‌مه چونكه ناوچه‌یه‌كى پیشه سازى نیه، وه هۆكارى ئه‌مه‌ش كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ته له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌ى كه هه‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر یاسا جێبه‌جێبكات له بونى ئه‌م دیارده‌یه ئێستا به‌و شێوه‌یه نه‌ئه‌بو، وه به‌دواداچونیان نیه، له كاتێكدا ده‌بێت ساڵانه داتاى لابێت تا بزانن چه‌ند زه‌وى كشتو‌كاڵى بۆ مه‌به‌ستى كشتو‌كاڵى به‌كارئه‌هێنرێت». له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رونیكرده‌وه: «له پرسى زیادهڕوهى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان كه‌مته‌رخه‌مى نیه به ته‌حه‌داوه، نوسراوێكى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان نیه هاتبێته لامان و كارمان له‌سه‌ر نه‌كردبێت، به‌ڵام ئێمه گرفتى كه‌مى كارمه‌ندى پۆلیسمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پێداویستیه‌كانیان». وتیشى: پێشتر نوسراومان ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كردوه كه كارمه‌ند و پێداویستى و بودجه‌ى پێویست ته‌رخان بكات بۆ ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام نه‌كراوه، ئه‌گه‌ر بته‌وێت كۆنترۆڵى ئه‌و بابه‌ته بكه‌ى پێویستت به چوار بنكه ئه‌بێت به‌س له سنورى قه‌زاى كه‌لار و لانیكه‌م پێویستت به 70 پۆلیس ئه‌بێت، بۆیه به‌م ئیمكانیهتهى كه ئێستا هه‌یه پێموانیه كۆنترۆڵ بكرێت. هاوكات سیروان شوکر، قایمقامی قەزای کفری وتی: «ئێمە بەردەوام بەدواداچونمان هەبوە بۆ پرسی زیادەڕەوی لە سنوره‌كه، لێپێچینه‌وه‌مان کردوە لەسەر ئەم پرسە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر ٨ فەرمانم دەرکردوە تایبەت بە زیادەڕەوی کە هەبوە لە سنورەکە». «پرسى زیاده‌ڕه‌وى زیادى كردوه بوه به دیارده و كۆنترۆڵكردنیشى ئاسان نیه، چونكه كارمه‌ندمان كه‌مه و یه‌كێكه له گرفته‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌ى هاوڵاتیان بۆ مه‌به‌ستى تایبه‌ت و گه‌شتیارى باخ دروست ده‌كه‌ن ئه‌وه‌نده بۆ كارى جوتیارى نیه». شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان وا ده‌ڵێت. 2. زیاده‌ڕەوى له‌به‌رامبه‌ر پێدانى به‌رتیل ئه‌وه‌ى جێگه‌ى سه‌رنجه به به‌رده‌وامى لایه‌نه‌په‌یوه‌ندیداره‌كان باس له رێگرى له دروستكردنى باخ ده‌ده‌ن، به‌ڵام دروستكردنى باخیش به‌رده‌وامه و رۆژانه باخى نوێ و له نێو باخهكانیشدا بیناى نوێ دروست ده‌كرێن. به پێى ئه‌و به‌دواداچونانه‌ى یه‌كه‌ى چاودێرى ئه‌نجامى داوه له‌باره‌ى شێوازه‌كانى دروستكردنى باخ و ئه‌و زیاده‌ڕۆیانه‌ى ده‌كرێنه سه‌ر زه‌ویه‌ى كشتوكاڵیه‌كان باس له‌وه ده‌كرێت به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیدار و چاودێره‌كان یاخود به پێدانى به‌رتیل ئه‌و كارانه ده‌كرێن. هه‌روه‌ك باس لهوهشدهكرێت: لە نێو هێزە ئەمنیەکان هه‌بوه نزیکه‌ى 10 هه‌زار دۆلاری وەرگرتوە، هاوكات باس له وه‌رگرتنى زه‌وى ده‌كرێت بۆ سیاجكردنى باخ. یه‌كێكى دیكه له‌و كه‌سانه‌ى خاوەن باخن و نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە و ناوی پارێزراوە لەلای یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێی گەرمیان هێمای بۆ ئەوە کرد: «دروستکردنی سیاج و بیر بە یاسای رێگە نادەن زۆر هەوڵمان لەگەڵ دا، بە جۆرێک بیرەکەمان بە نایاسایی کرد کە ٥٠ مەترە بۆ هەر مەترێک ١٠٠ دۆلارمان دا واتا کۆی گشتی ٥٠ وەرەقە بو، ئەمە بە تەنسیق کردمان و لیژنەکە نەهات بۆ سەیری، ئەمە لە کاتێکدا بۆ هەر مەترێکی بیرێکی یاسای ١٣ دۆلارە». وتیشی: بۆ سیاجی باخەکەمان و دانانی کابینەکەش بە واستە کردمان و وەرەقەمان هێنا لە لیژنەی شارەوانیەوە بۆ دانانی کابینەکە لیژنەکە خۆی هاتە سەری و شوێنمان دیاری کرد. له به‌رامبه‌ردا، ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «ئه‌وه‌ى ده‌وترێت له‌سه‌ر لیژنه‌ى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان هه‌موى تۆمه‌ته كه باس له‌وه ده‌كرێت به‌رتیلیان وه‌رگرتبێت، چونكه ئه‌گه‌ر وایه ده‌توانن بێن و سكاڵا بكه‌ن». باسى له‌وه‌شكرد: له ماوه‌ى 3 مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵدا كه ده‌ست به‌كاربوم ده‌ستمان گرتوه به‌سه‌ر 9 ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیردا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پرسى زیاده‌ڕه‌وى هه‌یه به‌تایبه‌ت له بیره‌كاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئامێرى بێده‌نگ هه‌یه و ئه‌چینه سه‌ر شوێنه‌كه نازانیت كه له كاردایه و له نێو ژورێك دایان ناوه، هه‌ر بۆیه مه‌گه‌ر كه‌سێك زانیاریمان پێبدات ئه‌و كات بزانین. جه‌ختى له‌وه كرده‌وه: «ته‌حه‌دا ئه‌كه‌م» له‌وه‌ته‌ى ده‌ست به‌كاربوم كه‌سێك مه‌ترێك بیرى كهندبێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زوزو لیژنه‌كان ئه‌گۆڕم له ماوه‌ى ئه‌م سێ مانگه 3 جار گۆڕانكاریم تێیاندا كردوه. هاوكات، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار وتى: «له پرسى به‌رتیل وه‌رگرتن ئاگادار نیم، هه‌ر زانیارییه‌ك هه‌یه و هاوڵاتى هه‌یبێت ده‌توانن بێن و پێمان بڵێن». سه‌باره‌ت به پرسى به‌رتیل وه‌رگرتن به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى گه‌رمیانیش هه‌مان بۆچونى هه‌یه و ده‌ڵێت: تاوه‌كو ئێستا ساخ نه‌بوه‌ته‌وه و ته‌نها ده‌نگۆیه. به‌هه‌مان شێوه قائیمقامى كفرى، سەبارەت بە پرسی بەرتیل وەرگرتن هێمای بۆ ئەوەکرد: لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ بەڕێوبەری لیژنە ئەمنیەکە بەدواداچونمان کردوە بەو شێوەیە نیە کە باسی لێوەدەکرێت، رەنگە کەمتەرخەمی کرابێت، بەڵام بەو رادەیەش نیە. سه‌روه‌ت محه‌مه‌د، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى قۆره‌تو سەبارەت بە پرسی بەرتیل وەرگرتن بۆ دروست کردنی سیاج یاخود لێدانی بیری ئیرتیوازی باسی لەوەکرد: هەر هاولاتیەک بەڵگەیەکی لایە بابیهێنێت، ئەگەر لەو کاتەدا لێپێچینه‌وه‌مان نەکرد ئەوە ئەگەیەنێت کە ئیمەش هاوبەشبین، بەڵام شتی وا نیە بە بەردەوامی لیژنەی پۆلیسی شارەوانیەکان لە کاردان بۆ ئەو بابەتە. 3. جیاوازی دەکرێت لە نێوان هاوڵاتیان بۆ زیادەڕەوی لە زەوییە کشتوکاڵیەکان هاوڵاتیان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه له پرسى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان جیاوازى ده‌كرێت له نێوانى كه‌سانى ده‌سه‌ڵاتدار و كه‌سانى بێده‌سه‌ڵات، بۆیه په‌نا ده‌برێته به‌ر رێكارى نایاسایى. به‌پێى یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018 كه تایبه‌ته به پرسى زیاده‌ڕه‌وه‌ى له بونى هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك كه‌سى به‌رامبه‌ر ئاگادار ده‌كرێته‌وه كه زیادهڕهوییهكهى لابدات، ئه‌گه‌ر نا به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كان ده‌كرێت كه له ماوه‌ى 48 كاتژمێردا ده‌بێت بروخێندرێت، ئه‌گه‌ریش رێگرى كرد ئه‌وه ده‌درێت به دادگا. له به‌رامبه‌ردا، ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: «شتێك نیه به‌ناوى جیاوازیى كردن له لاى ئێمه، چونكه به‌پێى یاسا و رێنماى كارده‌كه‌ین، دواتر به نوسراو لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارمان ئاگاداركردوه‌ته‌وه له هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك كه لێپێچینه‌وه نه‌كه‌ن وه‌ك پێویست ئه‌وه له ده‌سه‌ڵاتى ئێمه‌دا نیه، كه‌یسیشمان هه‌یه دراوه‌ته داواكارى گشتى». جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى قسه‌ى زۆرى له‌سه‌ره به جۆرێك به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌یه‌ك ده‌ڵێت جیاوازى هه‌یه له نێوان هاوڵاتیان. رامیار عه‌بدولڕه‌حمان، به‌ڕێوبه‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا وتى: «به‌ڵێ جیاوازى هه‌یه له نێوان دروستكردنى باخ و زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان به‌جۆرێك ته‌داخولات هه‌یه و كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌بوه، له ئێستادا بوه به گه‌وره‌ترین كێشه بۆ یه‌كه كارگێڕییه‌كان، به‌م بارودۆخه و به‌م یاسایه‌ى كه هه‌یه ناتوانرێت كۆنترۆڵى ته‌جاوزات بكرێت. هاوكات، كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانی هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «پرسى جیاوازى كردن له زیاده‌ڕوى به‌ڵێ هه‌یه، به جۆرێك به‌رپرسى وا هه‌یه لیژنه ئه‌منیه‌كه هه‌ر ناتوانێت سه‌یرى سیاجى باخهكهى بكات، خه‌ڵكى وا هه‌یه سیاجى كردوه و خانوى كردوه و بیرى كردوه و ته‌نانه‌ت لیژنه ئه‌منیه‌كه هه‌ر ناتوانێت برۆن سه‌ردانیشى بكه‌ن، كه‌چى فهقیرێكیش كه ده‌سه‌ڵاتى نیه خانویه‌ك بكات شه‌ش جار بۆى ئه‌ڕوخێنن». شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «به‌ڵێ جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه له نێو چینه‌كان به‌جۆرێكه هاوڵاتى هه‌یه ده‌سه‌ڵاتى نیه و بلۆكێكى داناوه دونیایان به‌سه‌ردا هێناوه، هه‌شه باخ و ڤێلاشى دروست كردوه ئه‌گه‌ر حكومه‌ت خۆى چاوپۆشى لێنه‌كات چۆن ئه‌توانێت ئه‌وه بكات». له به‌رامبه‌ردا، شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار رایگه‌یاند: «شتێك نیه به ناوى جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان له پرسى زیاده‌ڕه‌وى و گوێمان به‌وه نه‌داوه كه كێیه و كێ نیه، ئه‌وه‌ى هاتبێته لامان دراوه‌ته داواكارى گشتى و ئیجرائاتى یاسایش كراوه ئاماره‌كان ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌ن». هاوكات، عه‌لى عه‌باس، به‌ڕێوبه‌رى كشتو‌كاڵى كفرى ده‌ڵێت: شتێك نیه به ناوى جیاوازى كردن له نێوان هاوڵاتیان، به‌ڵكو به پێى یاسا لێپێچینه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و لێپێچینه‌وه‌یه لاى ئێمه نیه. سیروان شوکر، قائیمقامى كفرى جەختی لەوەکردەوە: بەپێی یاسای زیادەڕەوی کاریان کردوە و شتێک نیە بە ناوی جیاوازی کردن هەر کەیسێک هاتبێتە بەردەستمان دراوەتە دادگا. 4. كێ به‌رپرسه له ئه‌نجامنه‌دانى لێپێچینه‌وه‌كان؟ به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان ده‌ڵێت: یه‌كه ئیدارییه‌كان به‌رپرسن له‌ئه‌نجامدانى لێپێچینه‌وه ئه‌وه‌ش به پێی یاسایى ژماره 3ى ساڵى 2018. شادیه حسێن، باس له‌وه‌ده‌كات: «نوێنه‌رى لایه‌نه‌كانى تر كه په‌یوه‌ندیدارن و ئه‌ندامن له‌و لیژنه‌یه‌ى كه هه‌یه ئه‌ركیان ئاگاداركردنه‌وه‌یه، ئه‌م یاسایه‌ى كه هه‌یه یاسایه‌كى تونده، چونكه كه‌سى زیادهڕۆیكار زیندانى ده‌یگرێته‌وه كه له 3 مانگ كه‌متر نیه هاوكات سزاى مادیشى له‌گه‌ڵه، كه‌یسیشمان هه‌یه لێپێچینه‌وه كراوه و دراوه‌ته دادگاش». وتیشى: به‌پێى ئه‌و یاسایه‌ى كه هه‌یه ده‌بێت داگایهكى تایبه‌ت به زیاده‌ڕه‌وییه‌كان له نێو دادگاكانى هه‌رێم دابنرایه، به‌ڵام ئه‌و دادگایه به رونى له‌گه‌ڵمان نیه، دادگایه‌كى راسته‌وخۆ و خێرامان نیه كه شته‌كان یه‌كلابكاته‌وه، هه‌ر بۆیه لێره‌دا بڕگه‌ى دادگاكه لاوازه زیاده‌ڕۆیش له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان زیادى كردوه ئه‌مه یه‌كێكه له هۆكاره‌كان. 5. ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا: به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵ ده‌سه‌ڵاتى لاوازه باس له‌وه ده‌كرێت سه‌باره‌ت به هه‌ڵكشانى پرسى زیاده‌ڕه‌وه‌ى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان هۆكاره‌كه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتوكاڵه، چونكه ده‌سه‌ڵاتى لاوازه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌تى كه هه‌یه، به‌ڕێوبه‌رى كشتوكاڵیش ده‌ڵێت: وه‌كو ئێمه گرفتێك نیه به‌ڵكو یاساى زیاده‌ڕه‌وییه كه كاتى خۆى به‌بێ رۆڵى ئێمه په‌سه‌ند كراوه. كه‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمان هێماى بۆ ئه‌وه‌كرد: «لاوازى ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان یه‌كێكه له خاڵه دیاره‌كان، چونكه هێزى له‌به‌رده‌ست نیه و ناتوانێت هیچ بكات ئه‌وه‌ى ده‌یكات نوسراوێكه و ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كان و داواكارى گشتى ده‌كات، به‌ڵام نه‌جوڵێنراوه و نوسراوم لایه وه‌ك پێویست به‌ده‌م سكاڵاكانى كشتوكاڵه‌وه نهرۆشتون». به‌هه‌مانشێوه، شه‌ماڵ ره‌ئوف، چالاكوان له گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «كشتو‌كاڵى گه‌رمیان و قه‌زاكانیش به پلەی یەک به‌رپرسن له‌مه، کە دەبێت به‌رده‌وام به‌دواداچونیان هه‌بێت، و ئیجرائات بكه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ى كه ده‌كرێته سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان، به‌ڵام لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان خۆیان رێگه خۆشكه‌رى ئه‌مه‌ن كه روده‌دات، چونكه یاسا جێبه‌جێ ناكه‌ن و سزاى ئه‌و كه‌سانه نه‌دراوه كه ئه‌و كاره‌یان كردوه». له به‌رامبه‌ردا، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «ئێمه وه‌ك وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه هه‌یه، چونكه رۆڵى وه‌زاره‌تمان تێیدا ونه، ئه‌م یاسایه وه‌زاره‌تى شاره‌وانیه‌كان پێشنیارى كردوه و ده‌ركراوه، ئێستادا ئه‌م یاسایه جگه له خه‌مه‌كه‌ى هیچى بۆ ئێمه نیه، له دواى ده‌ركردنى ئه‌م یاساشه‌وه زیاده‌ڕه‌وییه‌كان زیادى كردوه، ئه‌گه‌رنا ده‌سه‌ڵاتى ئێمه لاواز نیه». 6. سه‌رپه‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان: هه‌ر یه‌كه‌یه‌كى ئیدارى چاوپۆشى بكات لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كرێت كۆى به‌رپرسانى گه‌رمیان جه‌ختله‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه كه رێگه نه‌دراوه به زیاده‌ڕۆى له‌سه‌ر زه‌وییه كشتوكاڵیه‌كان، به‌ڵام زیادهڕۆییهكانیش به‌رده‌وامن، هاوشێوه‌ى به‌رپرسانى دیكه‌ش سه‌په‌رشتیارى ئیداره‌ى گه‌رمیان جه‌ختله‌وه ده‌كاته‌وه یەکە ئیدارییەکان بەردەوامن لە لێپێچینه‌وه‌کردن بە پێی یاسا. جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ده‌ڵێت: «سەبارەت بە پرسی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان بەو شێوەیە نیە کە باسی لێوە دەکرێت و لەگەڵ لایەنە ئیدارییەکان چەندین جار کۆبونەوەمان کردوە و جەختمان لە رێکخستنەوە و رێگەگرتن کردوە لەو بابەتە، یەکە ئیدارییەکان بەردەوامن لە لێپێچینهوهکردنی خۆیان بە پێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018». وتیشی: شتێک نیە بە ناوی چاوپۆشی کردن و کەمتەرخەمی کردن لە یاسادا، هەر یەکەیەکی ئیداری چاوپۆشی لە بونی زیادەڕەوی لە سنوری زەوییە کشتوکاڵیەکان بکات ئەوە بەرپرسیار دەبێت لەو بابەتە، پۆسته‌كه‌ى خۆی خراپ بەکارهێناوە و لێپێچینه‌وه‌ى بەرامبەر ده‌كرێت له رێگى لیژنەی تایبەته‌وه. باسی لەوەشکرد: ئەم یاسایەی زیادەڕەوی کە هەیە پێویستە هەموار بکرێتەوە و یاسایەکی تایبەت بە زەوییە کشتوکالیەکان دەربکرێت بۆ ئەوەی جوتیارێک کە خەریکی بەروبومی کشتوکاڵیە بتوانرێت خانویەک یان تەلبەنێک دروست بکات، بۆیە یاساکە توندە. سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان هێمای بۆ ئەوەشکرد: «پرسی بەرتیل وەرگرتن لەبەرامبەر لێدانی بیر یاخود زیادەڕەوی کە ئەکرێتە سەر زەوییە کشتوکاڵیەکان، هەر هاوڵاتیەک بابەتێکی لەو شێوەیە دەزانێت و بەڵگەی لایە دەتوانێت بۆمان بێنێت تا لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكه‌ین». پێنجه‌م: مامه‌ڵه‌ى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ بیری نایاسایی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان 1. حكومه‌ت چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بیره نایاساییه‌كان ده‌كات؟ به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان ده‌ڵێت: له دواى ساڵى 2012 هه‌ر بیرێك به نایاسایى دروست كراوه ناتوانرێت لێپێچینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت. حامد جومعه، به‌ڕێوبه‌رى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان ده‌ڵێت: «یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه ڕوبه‌رومان بوه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كه رێنماییه‌كمان نیه له ئێستادا چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و بیره نایاساییانه بكه‌ین كه هه‌یه». هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌مه له كاتێكدا تا ساڵى 2012 هه‌ر بیرێك به نایاسایى دروست بكرایه ئه‌وه بڕى 750 هه‌زار دینار غه‌رامه ده‌كرا و دواتر مامه‌ڵه‌یان پێده‌كرا و ده‌كرایه یاسایی، له دواى ئه‌و ساڵه‌وه چیتر كارى پێنه‌كرا، دواتر رێنماییه‌كان نوێ كرانه‌وه له ساڵى 2015 كه گۆڕدرا ئه‌و بڕگه‌ى تێدا نه‌بو، هه‌ر بۆیه تاوه‌كو ئێستا رێگه چاره‌یه‌ك نیه بۆ ئه‌و كێشه‌یه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له گه‌رمیان چ ئالیه‌تێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى كه بزانرێت چه‌ن بیر له سنورى گه‌رمیان هه‌ن و دروست كراون، به‌ڕێوبه‌رى ئاوى ژێر زه‌وى گه‌رمیان وتیشى: هیچ ئامێرێکمان نیە بۆ پشکنین کە چەن بیرهەیە له سنوره‌كه، به‌ڵكو ئەوەی هەیە لە هاوڵاتیان زانیاری وەرئەگرین، بۆ نمونە گوندى وەلی هەیهر١٥٠ ماڵی تێدایە بەپێی وتەی هاوڵاتیانی گوندەکە ١٤٠ بیر هەیە، بۆیه به‌و شێوه‌یه مه‌زه‌نده‌مان بۆ كردوه. 2. ژماره‌ى بیره نایاسیهكان له گه‌رمیان لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە تاوەکو ئێستا هیچ مامەڵەیەکی مۆڵەتدان بە بیری ئیرتیوازی لە گەرمیان نەدراوە، لە دوای ئەو ماوەیە تاوەکو ئێستا چەند بیر هەڵکەندرابێت بەبێ مۆڵەت کراوە، جگە لە دو بیر کە ئەوانیش لە گەڕەکێکی ناحیەی رزگاری و گەڕەکێکی قەزای کەلارە. حامد جومعە، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێرزەوی گەرمیان وتی: «لە گەرمیان بیری مۆڵەتدار کە هەن تا ئێستا ١٧٣٧ بیرە، بە جۆرێک ١٠٥٨ بیریان هی کشتوکاڵیە». بە وتەی بەڕێوبەری ئاوى ژێر زەوی گەرمیان هیچ ئامارێکی دیاری کراو نیە لە سنورەکە چەند بیری بێ مۆڵەت هەیە، بەڵام مه‌زه‌نده ده‌كرێت به هه‌زار بیرى بێ مۆڵه‌ت. 3. «بیری ئیرتیوازی به پاره دروست ده‌كرێت» ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه دروستكردنى بیر راگیراوه و قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت لێدانى بیر به‌رده‌وامه و ئه‌م كاره‌ش به پاره ده‌كرێت. کەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت: «لە نێو زەوی کشتوکاڵی بیری ئیرتیوازی لێدراوە بە نایاسایی لە بەرامبەر پارەیەکی زۆر بە جۆرێک لە ٨ ملیۆن دینارەوە دەست پێدەکات تاوەکو دەفتەریک (10 هه‌زار) دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر لیژنە ئەمنیەکە بیەوێت دەتوانێت لە یەک کاتدا دەست بگرێت بەسەر چەندین ئامێری هەڵکەندنی بیردا، بەڵام نایکەن». وتیشی: بۆ هەر بیرێک مەترێکی بە ١٠ بۆ ١٥ دۆلارە، بەڵام کە نایاساییە بۆ مەترێک ٨٠ دۆلار وەردەگیرێت، هەر بۆیە ئەو زیادەیەی کە وەرئەگیریت بۆ گیرفانی ئەو کەسانەیە کە چاوپۆشی لەو کارە دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەخاتە ژێرپرسیارە و خۆیان بون بە بەشێک لە پرۆسەکە. پرسی زیادەڕەوی لەسەر زەوییە کشتوکاڵیەکان ده‌وترێت لە هەڵکەندنی بیردا نەماوەتەوە کە بە بڕێک پارەی زۆر ئەو کارە ئەنجام دەدرێت، بەڵکو لە دروستکردنی خان‌و و ڤێلاش خۆی دەبینێتەوە، بە جۆرێکە باس لە بونى تیم دەکرێت لە گەرمیان. ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: «کارکردن لە زەوییە کشتوکاڵیەکان تەنها لە لێدانی بیردا نەماوەتەوە کە بە نایاسایی دەکرێت، بەڵکو کار گەشتوەته ئه‌وه‌ى کە خانوش دروست ئەکرێت بە جۆرێک بۆ خانویەک بڕی سێ دەفتەر دۆلاری تێ بچێت ئەوە ئێستا بە تیم ئەیکەن، پێنج دەفتەر (50 هه‌زار) دۆلار وەرئەگیرێت، بۆ ئەم کارەش بەرپرسان و یەکە ئیدارییەکان ئەمە دەزانن و شتێک نیە شاراوە بێت. 4. «بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران هۆكارى هه‌ڵكه‌ندنى بیرى نایاساییه» هۆکاری دەست بردن بۆ بیری نایاسایی بۆ بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران دەگەڕێتەوە بە ژمارە (٧٥/٥٧) كه هه‌ڵكه‌ندنى بیر راگیراوە، ئەگەر نا بە یاسا ئەمە قەدەغە نەکراوە. بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی، حامد جومعە، دەڵێت: «تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی رون نیە بۆچی مۆڵەتدان بە بیر راگیراوە». دەشڵێت: بۆ هەر مۆڵەتی بیرێک حکومەت بە کەشفهكهیەوە بڕی ١١٥ هەزار دینار وەردەگرێت، ئەمەش بە وەسڵێک راستەوخۆ دەچێتە گەنجینە. به هه‌مان شێوه، شادیه حسێن، به‌ڕێوبه‌رى گشتى كشتو‌كاڵى گه‌رمیان باسى له‌وه‌كرد: «بۆ ماوه‌ى 2 ساڵه به بڕیاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران مۆڵه‌ت پێدانى بیر له وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ وه‌رگیراوه‌ته‌وه و براوه‌ته ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، بۆ ماوه‌ى ساڵێكه نوسراومان ناردوه بۆ مۆڵه‌تى بیر نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه، بۆچى ئه‌مه كراوه رون نیه، له كاتێكدا جوتیار پێویستى به بیره». 5. حكومه‌ت چی كردوه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئامێره‌كانی بیرهه‌ڵكه‌ندن؟ بەڕێوبەری ئاوى ژێرزەوی گەرمیان باسی لەوهدهكات: لە ماوەی ساڵی رابردودا دەست گیراوە بە سەر ١٨ ئامێری هەڵکەندنی بیردا، لە ئەمساڵیشدا ٤ ئامێری دیکە لەگەڵ دو دانەی تر کە بە رەسمی نەهاتوەتەوە لای ئێمە، هەمو ئامێرەکان کە ژمارەیان ٢٤ دانەیە لە گەراجی شارەوانی دانراون، کە لەلایەن لیژنەی ئەمنی شارەوانیەکانەوە دەستی بەسەرا گیراوە. ئه‌مه له كاتێكدایه به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان باس له‌وه ده‌كات كه پار ساڵ ته‌نها (7) ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه. ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان وتى: «له ماوه‌ى پار ساڵدا له گه‌رمیان ته‌نها 7 ئامێرى هه‌ڵكه‌ندنى بیر ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه، بۆ سێ مانگى سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵیش 9 ئامێر بوه». 6. چاره‌نوسی ئامێره ده‌ستبه‌سه‌ردا گیراوه‌كان ئه‌و ئامێرانه‌ى كه ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت كه به نایاسایی بیرى ئیرتوازى پێههڵدهكهندرێت رون نیه چى لێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن یه‌كه ئیدارییه‌كانه‌وه. ئاكۆ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌و ئامێرانه‌ى هه‌ڵكه‌ندنى بیر كه ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت نازانم چى لێده‌كرێت، چونكه له‌لای یه‌كه ئیدارییه‌كان و دادگایه كه یه‌كلاى ئه‌كاته‌وه نازانم موزایده ئه‌كرێت یان ئه‌برێته سلێمانى یان ده‌بڕدرێته‌وه و به‌نرخى ئاسن ده‌فرۆشرێت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئامێره‌كانیان ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت ده‌ناسرێنه‌وه یاخود نا، به‌ڕێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ده‌ڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ى كه ئه‌و كاره ده‌كه‌ن زۆرن و ناسراونه‌ته‌وه و دراونه‌ته دادگا، هێشتا كه‌یسه‌كان یه‌كلا نه‌بوه‌ته‌وه. به‌رێوبه‌رى به‌شى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ره‌تى كردوه باس له‌وه بكات كه ئه‌و ئامێرانه هى كێن. وتیشى: به نوسراو ئاراسته‌ى یه‌كه ئیدارییه‌كانى ده‌كه‌ین و كارى لاى ئێمه نامێنێت. شه‌هاب ئه‌حمه‌د، قایمقامى قه‌زاى كه‌لار ده‌ڵێت: «ئه‌و ئامێرانه‌ى كه ده‌ستى به‌سه‌را گیراوه هى هه‌ڵكه‌ندنى بیر پێشتر ئه‌رۆشته سلێمانى، به‌ڵام ئێستا لێره ئه‌مێنێته‌وه له گه‌راجى شاره‌وانیه، به‌شێكیان كێشه‌ى یاساییان هه‌یه، به نوسراوێك هاوپێچ له‌گه‌ڵ نوسراوى پۆلیسى شاره‌وانیه‌كان ئاراسته‌ى داواكارى گشتى ده‌كرێت و رێكارى یاسایی بۆ ده‌گیرێته به‌ر». به‌شى دوه‌م: دەرئەنجام و راسپاردەکان یه‌كه‌م: دەرئەنجامەکان 1.زیاده‌ڕه‌ویی له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان له سنورى گه‌رمیان له ئاستێكى زۆر به‌رزدایه، به‌راده‌یه‌ك خودی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش قه‌باره‌كه‌ى به ته‌واوى نازانن چه‌نده. ئه‌م گه‌وره‌بون و به‌رفراوان بونه وایكردوه كه حكومه‌ت بگاته ئاستى دهستهپاچهبون له مامه‌ڵه‌كردن و لێپێچینه‌وه و چاره‌سه‌ركردن دا. 2. زیاده‌ڕۆییه‌كان جۆراوجۆرن، به‌ڵام به پله‌ى یه‌كه‌م له یه‌ك جۆری بنه‌ڕه‌تیه‌وه په‌رت ئه‌بن، ئه‌ویش دروستكردنى بینایه له زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان، كه دواتر سه‌رده‌كێشێت بۆ لێدانى بیری نایاسایی و هه‌روه‌ها دروستكردنى سیاج و پاشان بونیادنانى بینای دیكه‌ى نا كشتوكاڵی وه‌كو مه‌له‌وانگه و یاریگا. له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانى ئه‌و زه‌ویانه هه‌ندێكجار بۆ پرۆژه‌ى بازرگانى و پیشه‌سازیی، ئه‌مه سه‌رباری كڕین و فرۆشتن كردن به زهویهكانهوه كه به‌شى زۆریان زه‌وی گرێبه‌ستى كشتوكاڵین و خاوه‌نه‌كانى تاپۆیان نییه. 3. حكومه‌ت ئیجارائات و لێپێچینه‌وه‌ى له‌باره‌ى پرسی زیاده‌ڕه‌وییه‌وه كردوه و ده‌كات، به‌ڵام ئه‌م لێپێچینه‌وه‌یه زیاد له خه‌وش و كه‌موكورتی و پرسیارێكى له‌سه‌ره، به تایبه‌تى كه زۆر به‌رفراوان نیه و نه‌بوه‌ته هۆی رێگری ته‌واو له دیارده‌كه، ئه‌مه‌ش هه‌ندێك بۆ كه‌مته‌رخه‌میی ئه‌و ده‌زگایانه‌ى ده‌گێڕنه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌ت بۆ سنورداریی توانا و كادیر و پاڵپشتیی ده‌یگێڕێته‌وه. 4. ئه‌و یاسا و رێنماییه به‌ركارانه‌ی كه هه‌ن، ناواقیعی و پڕكێشهن، چونكه له بری ئه‌وه‌ى ببنه مایه‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش به پله‌ى یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى یاساكان زۆر گشتین و رۆڵی ده‌زگاكانى به وردی دیاریی نه‌كردوه و هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌كانى ره‌چاو نه‌كردوه. 5. حاڵه‌ته‌كانى واسته و چاوپۆشی و مه‌حسوبیه‌ت و ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنى به‌رتیل له زیاده‌ڕه‌ویی بۆ سه‌ر زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كان و ئاسانكاریی له دروستكردنى باخ و ورده‌كارییه‌كانى بونى هه‌یه، ئه‌گه‌رچی حكومه‌ت به ته‌واوى ئه‌مه ره‌د ده‌كاته‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وامبونى زیاده‌ڕه‌ویه‌كان ئه‌م ئه‌گه‌رانه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه. 6. پرۆسه‌ى روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیی له‌نێوان چه‌ند ده‌زگایه‌كى حكومی دا دابه‌ش بوه، ئه‌مه‌ش وایكردوه هه‌ندێكجار ده‌زگاكان به ته‌واوى نه‌چنه ژێر به‌رپرسیارێتى ئه‌ركه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه بۆ خودی ده‌زگاكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، له‌لایه‌كى تریشه‌وه بۆ یاسا و رێنماییه كارپێكراوه‌كان. 7. تێبینی زۆر هه‌یه له مامه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریی له كه‌یسه‌كانى زیاده‌ڕۆیی، به‌تایبه‌تی له خاوهخاویی و دره‌نگ بڕیاردان له كه‌یسه‌كان له دادگاكان. 8. لێدانى بیری نایاسایی یه‌كێكه له كێشه و هه‌روه‌ها مه‌ترسیه‌كانیش كه زۆر به زه‌قی بونى هه‌یه، چونكه كار ده‌كاته سه‌ر یه‌ده‌گی ئاوی ژێر زه‌وی ناوچه‌كه كه ناوچه‌كه خۆی ساڵانه روبه‌ڕوى كێشه‌ى كه‌مئاویی ده‌بێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌وڵه‌كان بۆ رێگری له‌مه زۆر سنوردار و ناكاران، چونكه ئه‌گه‌ر رێگریه‌كان به قورسیی ههبوایهن ئه‌وا سه‌روى هه‌زار بیری نایاسایی له سنوره‌كه‌دا نه‌ده‌بو. دوەم: راسپارده‌كان 1. پێویسته یاسای ژماره 3ى ساڵی 2018ى تایبه‌ت به زیاده‌ڕه‌ویی هه‌موار بكرێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك كه یاساكه به كرداریی ببێته هۆی كۆتاییهێنان به دیارده‌ى زیاده‌ڕۆیی و هه‌روه‌ها دانانى چوارچێوه‌یه‌كى تر بۆ بابه‌ته‌كه. له ههمواركردنیشی دا پێویسته ره‌چاوى دۆخ و تایبه‌تمه‌ندى ناوچه‌كان بكرێت، واباشه ده‌سه‌ڵات به ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بدات كه بڕیاری تایبه‌ت به پارێزگا و ئیداره و ته‌نانه‌ت قه‌زاكانیش به‌جیا ده‌ربكات كه بگونجێت له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندى ئه‌و ناوچانه. 2. ده‌بێت حكومه‌ت پێش هه‌مواركردنى یاسای تایبه‌تمه‌ند كه پێده‌چێت كاتى بوێت، بۆ به‌رگرتن به‌م دیاره‌ده‌یه به‌شێوه‌یه‌كى كارا بێته كایه‌وه و هه‌نگاوی خێرا و ئازایانه بنات، بۆ ئه‌مه‌ش پێشنیاز بۆ ئیداره‌ى گه‌رمیان ده‌كه‌ین كه كۆنفرانسێك گرێبدات به به‌شداری شاره‌زایان و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى، بۆ دۆزینه‌وه‌ى سیغهیهكى گونجاو له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دیارده‌كه. یاخود به پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى باڵا به به‌شداریی ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان، بۆ رێگرییكردن له زیاده‌ڕه‌وییه‌كان. 3. پێویسته لیژنه ئه‌منییه‌كان و چاودێرییه‌كان كارا بكرێن، ئه‌ویش به زیادكردنى ئه‌ندامه‌كانیان، هه‌روه‌ها به دابینكردنى كه‌ره‌سته‌ی پێویست بۆیان. 4. به وردیی و جدیی كار بكرێت له‌سه‌ر پرسی وه‌رگرتنى به‌رتیل و كۆتاییهێنان به دیارده‌ى مه‌حسوبیه‌ت و واسته‌كاری، به‌هاوكاری داواكارى گشتى و دادگاكان. 5. هانى داواكاری گشتى ده‌ده‌ین كه جیدییتر له‌م پرسه بێته پێشه‌وه، هه‌روه‌ها تهسیقی پێویست له‌گه‌ڵ دادگاكان بكرێت بۆ زو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان و هه‌روه‌ها پێكهێنانى دادگاى تایبه‌تمه‌ند به زیاده‌ڕه‌ویی. 6. په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌زگاكان به‌تایبه‌ت له ورده‌كاریی دا زۆر باش نیه، بۆیه به‌پێویستی ده‌زانین كه پێداچونه‌وه به‌م په‌یوه‌ندیه‌دا بكرێت و سنوره‌كانى ده‌سه‌ڵات و كاره‌كان به ته‌واویی دیاریی بكرێن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى به‌دحاڵیی بون، هه‌روه‌ك دروستكردنى لیژنه‌ى تهنیسقی له‌نێوان ده‌زگاكان یاخود ئه‌و لیژنه باڵایه‌ى كه‌له خاڵی دوه‌مدا هێمامان بۆ كردوه، تاڕاده‌یه‌كى باش چاره‌سه‌رى ئه‌مه ده‌كات. 7. پرسی ئاوى ژێر زه‌وی به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، چونكه ئه‌وه سامانێكى نیشتمانییه و ده‌بێت به باشی پارێزگاریی لێبكرێت، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به لێدانى بیر چڕتر بكرێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌شبێت پلان هه‌بێت كه ئه‌و بیره نایاساییانه‌ى كه هه‌ن ئیجرائاتیان له‌گه‌ڵدا بكرێت، هه‌روه‌ك بیره‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى پێوه‌ریان بۆ دابنرێت و سنورێك بۆ به‌كارهێنانیان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاو به‌فیڕۆدان كه‌مبكرێته‌وه. 8. به‌شێكى زۆری ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ى كه ده‌كرێن بۆ سودی مادییه، چونكه زه‌ویه‌كان نزیكن له ناو شاره‌كانه‌وه و پاره‌ى زۆر ده‌كه‌ن، بۆیه حكومه‌ت ده‌بێت له‌مڕوه‌وه پلانی هه‌بێت به گرتنبهرهى رێكارى وه‌كو دروستكردنى پرۆژه‌ى گه‌شتیاری له‌سه‌ر ئه‌و زه‌ویانه یاخود ئیفرازكردنیان. 9. حكومه‌ت ته‌نسیق و هاوكاریی هه‌بێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رێكخراوه‌كان دا، چ له به‌دواداچونى سه‌رپێچی و زیاده‌ڕۆییه‌كان، چ له دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌ى نوێ و گونجاو. هه‌روه‌ك به‌دواداچونه‌كانى میدیاش له‌م روه‌وه ده‌بێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت و كاریان له‌سه‌ر بكرێت. فایلی پیدی ئێف
درەو: رێكخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەی نەوت لەمانگی نیساندا کڕیارانی نەوتی خاوی هەرێم بڕی ( ١١٫٦٨٤٫٢١٣ )بەرمیل نەوتیان لە بەندەری جیهانی تورکیا بارکردووە. ئەم بڕانە تەنها نەوتی بارکراوی کەشتییەکانە، بەمانای کۆی بەرهەم و فرۆشی نەوتی هەرێم نایەت. لەو مانگەدا بڕی ٢٠ کەشتی قەبارە جیا بارکراون و سەرجەم ١٠ کۆمپانیا کڕیاری نەوتی هەرێم بوون. نەوتی هەرێم بۆ ( ٧ )وڵات ڕۆشتووە کە جگە لە مالیزیا سەرجەمیان لە ئەوروپا بووە. لە مانگی نیساندا زۆرترین نەوتی هەرێم KBT بۆ ئیتالیا ڕۆشتووە کە بڕی ( ٤٫٧٠٧٫٣٠٨ 9بەرمیل بووە، دەکاتە ڕێژەی ( ٤٠٪ )و پاش ئەو یۆنان دێت بەپلەی دووەم بڕی( ٣٫٣٧٦٫٩١٥ )بەرمیلی بۆ چووە رێژەی ( ٢٩٪ ) هەروەها لەپلەی سێهەم دا کرواتیا دێت کە ( ٩٩٩٫٩٩٨ ) بەرمیل ڕێژەی ( ٩٪ ) و پاشتر ئیسرائیل، ئیسپانیا،ڕۆمانیا و مالیزیا دێن. خشەی نەوتی بارکراوی هەرێم لەبەندەری جیهان- مانگی نیسان-٢٠٢١
راپۆرتی: درەو هەوڵێک هەیە لێبڕینی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە یاسایی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو دەرگایەش دابخەن کە بوترێت لێبڕین و پاشەکەوتی موچە بڕیاری نایاسایین. بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە ساڵی ٢٠١٣ەوە لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە بە ناوی یاسای بودجەوە، لە هەشت ساڵدا بە دوو خولی پەرلەمانیش نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە ژێر پرسیار‌و دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە، پرسیارەکە ئەوەیە؛ ئایا بەڕاستی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێگربووە لە وەها هەنگاوێک؟ یان حکومەتی هەرێم خۆی لە چاودێری و بەرپرسیارێتی دزیوەتەوە؟ دەستپێک مەبەست لە بودجەی گشتی خشتەیەکی خەمڵێندراوی گشتگیرە، هەموو ئەو داهاتانە لە خۆدەگرێت، چاوەڕوان دەکرێت حکومەت پەیدای دەکات لە سەرچاوە جیاوازەکانی ناوخۆ و دەرەوە، لەگەڵ سەرجەم ئەو خەرجییە گشتییانەی پلان بۆ خەرجکردنی دانراوە لەماوەی ساڵی داهاتوودا. بەشێوەیەکی گشتیش بودجەی گشتی بابەتێکی بونیادی و گرنگە لە هەر وڵاتێک‌دا، چونکە ڕاستەوخۆ بەستراوە بە ئاستی گوزەرانی هاوڵاتیان لە چوارچێوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و پاڵپشتی ئابوری و دارایی و خزمەتگوزاری دانیشتوانی هەر ناوچەو وڵاتێک، جگە لەوەی بەستراوە بە پرسی وەبەرهێنانی گشتی و ژێرخانی ئابوری و پرۆژەکانی وەبەرهێنانی تایبەتی، هاوکات بودجەی گشتی ڕۆڵی هەیە لە گەشەسەندنی ئابوری و دید و روئیای ئابوری دەوڵەت بۆ داهاتوو و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگ و ئاڵنگارییە ئابورییەکان. ئەمەش ئەو ڕاستییە دەردەخات کە بودجەی گشتی ئەگەر چی بۆخۆی ئامرازێکی ئابورییە، بەڵام بەکارهێنانی کاریگەیری لەسەر کۆی گشتی کەرتی ئابوری جێدەهێڵێت، لە ڕێگەی سوڕی نەختەینە (پارە) و چالاکی و جموجۆلی بازرگانی، ئەو کاتانەش زیاتر ڕۆڵی بەدیار دەکەوێت کە کێرفی ئابوری وڵات ڕوو لە دابەزین دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا پرسی بودجە پەیوەندیدارە بە بەشێکی گەورەی ڕادەی شەفافییەت و گەندەڵی، یان دادپەروەری و نادادی حکومەت و حکومڕانی لە وڵات‌دا، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا چاوێکی زۆری ناوخۆی و دەرەکی لەسەرە، سەرباری ئەوەی بەستراوە بە مەسەلەی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرسی ئابوری هەر دەوڵەت و ناوچەیەک لە ڕوی ئابورییەوە، کە ئایا توانیویەتی ئامانجە ئابورییەکانی بپێکێت یان بە پێچەوانەوە نەیتوانییەوە ئیدارەی توانا ئابورییەکانی خۆی بدات، بەراورد بە پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ساڵێکی، کە پێویستە لە یاسای بودجە ئاماژەی پێ کرابێت. هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدراڵی لە عێراق خاوەن دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی(یاسادان، جێبەجێکردن، دادوەری) لە ماوەی (٣٠) ساڵی تەمەنیدا کەمتر لە نیوەی تەمەنی خۆی توانیویەتی خاوەنی یاسای بودجە بێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی سەرکۆئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و درووستبوونی حكومەتی هەرێمەوە لە ساڵی ١٩٩٢ تا ئێستا حكومەتی هەرێمی کوردستان (١٨) ساڵ یاسای بودجەی نەبووە كە پێك دێیت لە ساڵانەکانی (١٩٩٢، ١٩٩٤، ١٩٩٥، ١٩٩٩، ٢٠٠٠، ٢٠٠٢، ٢٠٠٣، ٢٠٠٤، ٢٠٠٥، ٢٠٠٦، ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦، ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩، ٢٠٢٠، ٢٠٢١). بە دریژایی ئەو (٣٠) ساڵە تەنها (١٢)ساڵ یاسای بودجەی هەبووە كە پێك دێت لە ساڵانەکانی ( ١٩٩٣، سێ مانگی ساڵی ١٩٩٦ ، ١٩٩٧، ١٩٩٨، ٢٠٠١، ٢٠٠٧، ٢٠٠٨، ٢٠٠٩، ٢٠١٠، ٢٠١١، ٢٠١٢، ٢٠١٣). بڕی بودجەی خەمڵێندراو بە داهات و خەرجییەوە بەم شێوەیە بوونە بڕوانە چارتی ژمارە (1) و (2) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) ئەوەی لە نێوان ساڵانی (2007-2013) بودجەی هەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە، پەیوەندیداەو بەو هاتنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغدادەوە، بەپێی سەرچاوەکان ئەو پارانەی دەست حکومەتی هەرێم کەوتووە لە ڕێگەی بەشە بودجەی هەرێم لە حکومەتی فیدراڵ، کە لە ساڵی 2004ەوە تا ساڵی 2014 بەردەوام بوو نزیکەی (75) ملیار دۆلار بووە، بەڵام لەدوای ساڵی 2014ەوە حکومەتی هەرێم سەربەخۆیی ئابوری ڕاگەیاند، حکومەتی عێراقیش بەشە بودجەی هەرێمی ڕاگرت، ئەویش بەو جۆرە بووە؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (3)) چارتی ژمارە (3) بەپێی توێژینەوەیەکی (فەرمانگەی توێژینەوەو لێکۆڵینەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق) (ابتسام عبد اللگیف محمد) ئامادەی کردووە لە ژێر ناونیشانی (مستحقات اقلیم كوردستان وكمیات ومبالغ تصدیر النفگ خارج اگار شركە (سومو) ومدی تاپیرها علی الموازنە الاتحادیە للمدە (2005-2019) لە تشرینی یەکەمی 2020 بڵاوکراوەتەوە، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005-2019 (96.196.503.000) نەودو شەش ترلیۆن و سەدو نەوەد و شەش ملیار و پێنج سەدو سێ ملیۆن دیناری لە بەغدا وەرگرتووە، لە بەرامبەردا تەنها (2.273.430.000) دوو ترلیۆن و دوسەدو حەفتاو سێ ملیار و چوارسەدو سی ملیۆن داهاتی گەڕاندووەتەوە بۆ ناوەند. ئەگەر بەراوردێکی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بکەین لە سەردەمی عێراقی نوێداو لە دوای ڕژێمی سەدام و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە تەنها لە ساڵی ٢٠١٤دا یاسای بودجەی نەبووەو ئەویش پەیوەندی بە سەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە هەبووە، لە ساڵی (٢٠٢٠) یش بە یاساکانی؛ - یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠-هەمواری یەکەمی یاسای ئیدارەدانی دارایی فیدراڵی ژمارە (٦) ساڵی ٢٠١٩ - یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠٢٠- یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە. "ئەگەر سەرنج بدەین تەنانەت قەرزیش لە عێراقدا بەیاسا ڕێکخراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام قەرزەکانی کەڵەکە دەبن و تەنانەت سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی قەرزەکانی سەر حکومەتی ئاشکرا کرد کە بە زیاتر لە ٢٨ میلیار دۆلار ناوی برد" بەڵام پەرلەمانی کوردستان نەیتونیەوە هەڵوێستێکی جددی هەبێت. سەرجەم یاساکانی بودجەی عێراقیش بریتین لە؛ یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٦)، یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی (٢٠٠٧)، یاسای ژمارە (٢٠)ی ساڵی (٢٠٠٨)، یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی (٢٠٠٩)، یاسای ژمارە (١٠)ی ساڵی (٢٠١٠)، یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١١)، یاسای ژمارە (٢٢)ی ساڵی (٢٠١٣)، یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی (٢٠١٥)، یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٦)، یاسای ژمارە (٤٤)ی ساڵی (٢٠١٧)، یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٨)، یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١٩)، یاسای ژمارە (٢٣)ی ساڵی (٢٠٢١))ی یاسای بودجەی کۆماری عێراقی فیدراڵ. بایەخی "بودجە گشتی" بودجەی گشتی بایەخێکی گرنگی هەیە و ڕەنگدانەوەی گەورە بە جێدەهێڵێت لەسەرسەرجەم سێکتەر و دامەزراوە گشتی و تایبەتییەکانی وڵات، دەکرێت بە کورتی لە بایەخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری کورتیان بکەینەوە؛ یەکەم: بایەخی سیاسی؛ بونی یاسای بودجە تەنها بەڵگەنامەیەکی حیسابی نیە لە داهات و خەرجی وڵات لە چوارچێوەیەکی یاساییدا، بەڵکو مەغزاو بایەخێکی سیاسی گرنگیشی هەیە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی تەبەنی سیستمی پەرلەمانیان کردووە. چونکە بودجەی گشتی وڵات پێویستی بە پەرلەمان هەیە کە بە شێوەی نا ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی میللەت دەکەن و ڕەزامەندی لە پلان و کاری دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەدەن، چونکە پرسەکە خۆی مامەڵە کردن و ڕێکخستن و بەکارهێنانی سامانی گشتییە زیاتر لەوەی مامەڵەکردن بێت بە موڵکی تایبەتەوە، ئەم ڕێوشوێنەی نێوان حکومەت و پەرلەمان بەشێکی گرنگە لە پاراستنی سیستمی سیاسی وڵات کە لە زانستی سیاسی‌دا بە پاراستنی هاوسەنگی و چاودێری دەسەڵاتەکان (یاسادانان و جێبەجێکردن) ناوبراوە. لێرەوە بەشێکی ئەو ڕاستییە ڕوون دەبێتەوە کە چۆن سیستمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لاسەنگ بووە بە قازانجی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای ئەوەی نوێنەرایەتی میللەت دەکات بەڵام نەیتوانیوە لە (٨) ساڵی ڕابردوودا بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان بهێنێتە پەرلەمان و(داهات و خەرجی) گشتیش بە ناڕونی بمێنێتەوە، کە ئەمەش لە پاڵ کۆمەڵێک هۆکاری دیکە حکومەتی هەرێمی بەهێز کردووە لەسەر حیسابی پەرلەمان، سەرەنجام سیستمی پەرلەمانیشی لە هەرێمی کوردستان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. دووەم: بایەخی ئابوری؛ یاسای بودجە گرنگترین بەڵگەنامەی داراییە کە زانیاری دەربارەی شێوازی دابەشکردن و توانای ئابوری وڵات دەردەخات، بەرچاوڕونی دەدات لە داڕشتنی پلان و سیاساتی گشتی دەوڵەت لە گەشەپێدان و ئاراستەکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سەرباری ئەوەی بەڵگەنامەیەکی گرنگە بۆ ئیدارەدان و سەقامگیری ئابوری و گەیشتن بە ئامانجە ئابورییەکان و ئیدارەدانی قەیرانە ئابوری و داراییەکان. دەبێت ئەو ڕاستییەش ڕوون بێت کە قەبارەی توانا ئابورییەکانی دەوڵەت ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لەسەر پلان و بەرنامەو ئامانج و شێوازی دابەشکردنی توانا ئابورییەکان بەسەر کات و شوێندا. دیارە نەبوونی یاسای بودجە کاریگەری سلبی و پێچەوانەی هەیە لەسەر شێواز‌و دابەشکردنی داهاتی گشتی بەسەر کات و شوێندا، لێرەدا ئەو ڕاستییە بەڕونی لە هەرێمی کوردستاندا بەدیدەکرێت، کە چۆن ڕەنگی داوەتەوە کاتێک تەماشای شارە وپارێزگاکانی هەرێم دەکەیت هەست بە نادادپەروەری لە پرۆژە گشتی و خزمەتگوزارییەکان بەدیدەکرێت، لێرەدا بابەتەکە لەسەر ئەوە نییە کە کێ و کام لایەن کەمتەرخەمن لەسەر بەخشینەوەی ئەو نادادییە، بەڵام دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت. سێیەم: بایەخی کۆمەڵایەتی؛ بودجەی گشتی بۆخۆی ئامرازێکە بۆ مەبەستێکی کۆمەڵایەتی، کە تێیدا هەوڵی بەدیهێنانی هاوسەنگی کۆمەڵاتی و یاسایی نێوان تاکەکان بەرجەستە دەکات، سەرباری دەستەبەری گەیشتنی هەموان دەکات بۆ سودبینین کە خزمەتگوزارییە گشتییەکان، سەرەڕای دروستکردنی هاوسەنگی نێوان هاوڵاتیان لە کۆکردنەوەی باجدا، لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و توانای ئابوری چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگا، بەجۆرێک ئەوانەی توانای ئابوری و گوزەرانیان باشترە بڕو ڕێژەی باج لەسەریان زۆرترە، بە پێچەوانی ئەوانەی توانایان مام ناوەند یاخود خراپە. لەگەڵ ئەوەشدا دادپەروەری کۆمەڵایەتی تەنها لە پرسی ڕێکخستنەوەی باجدا کورت نابێتەوە، بەڵکو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردەو دامەزراوە خزمەتگوزارییە گشتییەکان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان بەسەر هاوڵاتیانەوە دەردەکەوێت، بەڵام گرنگیدان بەکەرتێکی دیکەی وەک بەرگری و ئاسایش بۆ نمونە لەسەر حسابی کەرتە پەیوەندیدارەکان بە خزمەتگوزاری هاوڵاتیانەوە و پشتگوێخستنیان کاریگەری گەورە بەجێدەهێڵێت. کاتێک لە هەرێمی کوردستان ورد دەبیبەوە، جگە لەوەی سیستمی باج وەک پێویست ڕێکنەخراوە، خۆدزینەوەو هەڵهاتن و فێڵکردن لە باج دیاردەیەکی ڕون و ئاشکرایە، بەتایبەت لای سەرمایەدار و خاوەن کۆمپانیاکان، کە بەشێکی ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت حیزبە سیاسییەکان خۆیان لەپشت پرۆژە و کۆمپانیا بازرگانییەکانەوەن. هەربۆیە هێواش هێواش هەست بە دروستبوونی جیاوازی چینایەتی و تەنکبوونەوەی چینی ناوەند دەکەین، وەک دەوترێت دەوڵەمەنەکان دەوڵەمەندتر و چینە ناوەندییەکان بەرەو هەژاری و هەژارەکانیش هەژارتر دەبن. کە دەکرێت بڵێین بەشێکی گەورەی ئەو نادادییە ڕەنگدانەوەی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاساییە بۆ ڕێکخستنی باج و بودجە لە هەرێمی کوردستان. بودجە لە هەرێمی کوردستان لەسەرەتادا ئاماژەمان بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە نیوەی تەمەنی خۆی بەبێ یاسای بودجە بەڕێکردووە، لە ڕابردوودا داهات و دۆخی ئابوری هەرێمیش زۆرترین قسەو باسی لەسەربووە، ئەگەرچی لە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق، دەکرێت مەهانەیەک بەدەست حکومڕانانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لەوەی هەرێمی کوردستان خاوەن داهاتێکی ئابوری پێویست و جێگر نەبووەو دۆخی سیاسیشی وەکو پێویست نەبووە، بەڵام لە دوای ساڵی (٢٠١٣) ئەگەر چی قەیرانی دارایی و ئابوری و سەربازی و سیاسی سەریان هەڵداوە، ئەگەر چێ داهاتەکان لە هەندێک قۆناغدا کەمبوونەتەوە بەڵام مانای ئەوە نییە داهاتەکان سفر بوونەتەوە. بە درێژایی دوو کابینەی حکومەت و لە کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کە لە ١٨ی٦ی٢٠١٤ و کابینەی نوێیەم لە ١٠ی٧ی٢٠١٩ متمانەیان لە پەرلەمان وەرگرتووە شتێک نەبووە بە ناوی یاسای بودجەوە، لەم هەشت ساڵەدا بە دوو خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمان نەیانتوانیوە حکومەت ناچار بکەن بە ڕەوانەکردنی یاساکە، بەمەش داهات و خەرجی لەو ماوە درێژەدا دەکەوێتە ژێر پرسیار‌و دەرەوەی چاودێری پەرلەمانەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی دزیوەتەوە لە ناردنی یاساکە بۆ پەرلەمان، یاخود هەر بەڕاستی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان ئەوەی خواستووە کە بەبێ یاسای بودجە، لەدەرەوەی پەرلەمان و چاودێری داهاتی حکومەت کۆبکرێتەوەو خەرجبکرێت؟ لە کاتێکدا سەرچاوەکانی داهات کە بریتین لە • داهاتی ناوخۆ - باج و خاڵە گومرگییەکان - فرۆشی نەوت و غازی هەرێم - قەرزی ناوخۆ • داهاتی دەرەکی - بەشە بودجەی عێراق - هاریکاری دەرەکی و هاوپەیمانان - قەرزی دەرەکی ئەگەر چی بەشێکی ئەو داهاتانە توشی وەستان و هەڵبەز و دابەزبوونە، بەڵام هەرگیز حکومەتی هەرێم بێ داهات نەبووە، بەڵکو ئەرقام و ژمارەی زۆر لە بەردەستن لەو بارەیەوە،ئەمەش ئەوە دەردەخات خۆی دزیوەتەوە لە بەیاسایی کردن و بردنی بۆ بەردەم پەرلەمانی کوردستان. لە ئێستادا و دوای حەوت ساڵ و ڕۆشتنی نیوەی ساڵی هەشتەم حکومەت باس لەوە دەکات پرۆژە یاسای بودجە ئامادە دەکات و ڕەوانەی پەرلەمانی دەکات، لەم بارەوە ڕۆژنامەنوس (شوان بەرزنجی) لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کومەڵایەتی فەیس بووک لە ژێر ناونیشانی "زانیاری لەبارەی بودجە و ڕێژەی لێبڕینی مووچە" لە بەشێکیدا نوسیویەتی "لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە وەزیری دارایی داواکراوە چارەسەری کورتهێنانی بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان بکات و بە دابەزاندنی ڕەقەمەکان کورتهێنان کەمبکاتەوە.... دووهەفتەیە ڕەشنووسەکه دراوەتە وەزارەتی دارایی بەڵام نەتواندراوە بەتەواوی ئامادە بکرێ و ژمارەکان جێگیر بکرێن...لە بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت و خەرجی نەوت و کڕینی کارەبا و قەرزەکان بڕی داهاتی ناوخۆ و خەرجییەکانی تر دیاریکراون.... هەروەها ئەوەشی نوسیوە... تاوەکوو ئێستا ڕێژەی لێبڕینی مووچە لە نێو پڕۆژەی بودجه یەکلایی نەبۆتەوە، چەند پێشنیازیک هەیە، بەڵام پێناچێ لێبڕین هەڵبگیرێت، بەڵکوو کەمدەکرێتەوە بۆ خوار 21%". ئەم زانیارییە ئەو ڕوون دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق لە بارەی بەشە بودجەی هەرێمەوەو جێگیربوونی ڕادەیەکی باشی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەڵام هێشتا ئامادە نییە بچێتە ژێرباری هەڵگرتنی لێبڕین و پاشەکەوت کردنی موچەی موچەخوران، بەڵکو بەپێچەوانەوە لە هەوڵی بەیاساییکردنیدایە. لەپاڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئەوەی پەرلەمان هەڵبژێردراوی خەڵکی کوردستانەو پێویست بوو لەسەر پرسی بودجە لە هەرێمی کوردستان بهاتبایەتە سەر خەت، بەڵام کلتوری باڵادەستی دامەزراوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەسەر دەسەڵاتی یاسادانان، وایکردووە پەرلەمان بە کارتۆنی بکرێت و یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی لەدوای یاسادانانەوە لێپرسینەوەیە لە حکومەت، بەڵام نەک هەر نیتوانییەوە لێپرسینەوەی لێ بکات بەڵکو نەیتوانیەوە بیخاتە ژێر چاودێرییەوە کە یەکێکی ترە لە ئەرکەکانی پەرلەمان بەسەر حکومەتەوە. بەپێچەوانەوە پەرلەمان لەو ماوەیەدا توشی سزاش بووەو داخراوە لەلایەن حکومەتەوە.
درەو: دوا دوو رۆژ لە بڵاوبونەوەی هەواڵی بونیاتنانی بنكەیەكی سەربازی تری توركیا لە هەرێمی كوردستان, وەزیری بەرگری توركیا خوڵوسی ئاكار رۆژی یەكشەممە بە یاوەری سوپاسالارو فەرماندەی هێزی زەمینی وڵاتەكەی یەكێك لە بنكە سەربازییەكانی توركیای لە هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە. میدیاكانی توركیا ئاشكرایان كرد سلێمان سۆیلۆ, وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لە كۆبوونەوەیەكی داخراوی پارتی داد‌و گەشەپێدانی فەرمانڕەوادا هەینی رابردوو وتویەتی ئەنكەرە بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە سنورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستانی كوردستان. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وەزیری ناوخۆی توركیا جەختی كردوەتەوە لەسەر بایەخی هەرێمی مەتینا لە پارێزگای دهۆكو وتویەتی :" هاوشێوەی ئەوەی لە سوریا كردمان, بنكەی سەربازی لەوێ دادەنێینو كۆنترۆڵی ناوچەكە دەكەین". سۆیلۆ جەختیشیكردەوەتەوە :" ئەو ناوچەیە رێگایە بۆ قەندیلو كۆنترۆڵی ئەو هێڵە دەكەین". ماجد ئەلقوبەیسی لیوای خانەنشینی عێراقی لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی كەناڵی " ئەلحوڕە" دەڵێت: حكومەتی توركیا بنكەیەكی سەربازی خۆی لە ناوچەی مەتینا فراوانتر دەكات بۆئەوەی ببێتە گەورەترین بنكەی سەربازیو خاڵی دەستپێكی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەدژی پارتی كرێكاران لەناو عێراقدا. بەوتەی ئەلقوبەیسی بنكە نوێكەی سوپای توركیا ئاسانكاری دەكات بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا‌و شوێنی نیشتنەوەی هێلیكۆپتەری تێدا بونیات دەنرێتو ناوچەیەكی دابڕێنراویش دروست دەكات كە رێگە لە هاتوچۆو جموجوڵی هێزەكانی پەكەكە دەكات لە نێوان عێراق‌و سوریا لە قەندیلو دهۆكەوە. توركیا لەناو هەرێمی كوردستان‌و باكوری عێراقدا 37 بنكەو خاڵی سەربازی هەیە كە دەكەونە نزیك هەولێری پایتەختی هەرێم‌و ناوچەی سۆران, جگە لە بنكەیەكی سەربازی گەورە لە باشیك كە 80 كیلۆمەتر لە سنور‌و 40 كیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە. بنكە سەربازییەكانی توركیا لەناو هەرێم‌و عێراقدا بە قوڵایی 80 كیلۆمەتر بۆ 10 كیلۆمەترو بەگوێرەی سروشتی ناوچەكەو گۆڕەپانی شەڕەكان بونیات نراون‌و دەكەونە نزیك سۆران‌و ناوچەی خواكورك و زاخۆ‌و چوار بنكەیەكی سەرەكی ئەمنیشی لە ناوچەی كوخیو زاخۆ‌و بامەڕنێو ئامێدی هەیە. " بنكەی بێ مۆڵەت" زۆرجار سوپای توركیا بە فڕۆكەی جەنگی‌و فڕۆكەی بێ فڕۆكەكان هێرشی ئاسمانی دەكاتە سەر خاكی هەرێمی كوردستانی عێراق‌و هێزی زەمینیش رەوانەی بنكە سەربازییەكانی لە هەرێم دەكات بۆ جێبەجێكردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەدژی بنكەو بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان, هەموو جارێكیش حكومەتی عێراق ئەو هێرشانە ئیدانەدەكات كە ئەنكەرە بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد ئەنجامیان دەدات‌و بە پێشێلكردنی سەروەری عێراقیان دادەنێت‌و چەندجارێكیش داوای لە توركیا كردووە چالاكییە سەربازییەكانی لەسەر خاكی عێراق كۆتایی پێبێنێت, بەڵام ئەنكەرە دراوسێكەی تۆمەتبار دەكات بەوەی لێبوردەیە لەگەڵ بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەسەر خاكەكەیو رەتیدەكاتەوە كۆتایی بە هێرشەكانی بهێنێت. لەوبارەیەوە ئەلقوبەیسی دەڵێت:" هەرگیز توركیا هەوڵ نادات رەزامەندیو مۆڵەتی عێراق وەربگرێت‌و هەموو بنكە سەربازییەكانی بەبێ رەزامەندی حكومەتی عێراق بونیات ناوە". هەر لەو چوارچێوەیەدا شارەزای بواری ستراتیژی جەواد گۆك بەدووری دەزانێت كە توركیا رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ بونیاتنانی بنكە نوێیەكەیو دەڵێت:" حكومەتی توركیا بایەخ بە رەزامەندی عێراق ناداتۆ یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ دەكات بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی‌و لە ئەزمونەكانی پێشووەوە رەزامەندی عێراقمان وەرنەگرتووە بۆ بونیاتنانی بنكەی باشیك‌و سەرجەم بنكە سەربازییەكانی ناوچەكانی تر".
مەریوان وریا قانع- ئاراس فەتاح ( تایبەت بە درەو) شەپۆلێک لە دین، دینێکی خنکێنەر و داخراو، دینێک پڕ لە ڕق و شەڕانگێز و زۆربڵێ، دینێکی بوغزاویی و توڕە و پەلاماردەر، بەسەر ھەرێمی کوردستان و بەشێک لە ناوچەکەوەیە. دینێک دەیەوێت دەستبھاوێتە ناو ھەموو وردەکارییەکی ژیانەوە، ناو کەسایەتی منداڵان و ناو قووڵترین و تایبەتیترین پەیوەندییەکانی مرۆڤ بە خۆی و بە کەسانیتر و بە دەوروبەریەوە. دینێک سڵ لە ھیچ سنوور و ڕێگرێکی شەخسیی و ویژدانیی و ئەخلاقیی ناکاتەوە، بێھیچ ھەستکردنێکیش بە بەرپرسیارێتی، شوناسیی دیندار و بێ‌دین، باوەڕدار و کافر، بەھەشتیی و جەھەنەمیی و گومڕا و ناگومڕا، بەسەر مرۆڤەکاندا دابەشدەکات و بەشێوەیەکی شاقوڵیی کۆمەڵگا بۆ دوو بەرەی دژبەیەک پۆلێندەکات. نەوەیەک لە بکەری دینییش دروستبوون لە یەککاتدا ھەم وەک واعیزی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک دەرونناس و ھەم وەک لێکۆڵەرەوەی کۆمەڵایەتیی و ھەم وەک ئەخلاقناس و ھەم وەک ھەقیقەتفرۆش و ھەم وەک نوێنەرێکی ڕاستەوخۆی خودا لەسەر زەوی، قسەدەکەن و لەناو ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەجوڵێنەوە. لەیەککاتدا ھەم ئاکاری پیاوی دین و پیاوی ئەخلاق و پیاوی مەعریفە و پیاوی سزادان و پیاوی خودا بەخۆیان دەبەخشن، ھەم ئاکاری ئەکتەرێکی شانۆیی و تەلەفیزیۆنی و سینەماییش. ھەم ھەڕەشەدەکەن، ھەم ھەقیقەت ئەفرۆشن، ھەم خۆیان و دینەکەیان نمایشدەکەن. جارێک لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە دەدوێن، جارێک لەناو کەناڵی تەلەفیزیۆنە عەلمانییەکانەوە، جارێکی تر لەناو ئەو تۆڕە میدیا دینییە گەورەیەوە کە دروستکراوە و بە بەردەوامیش لەڕێگای سۆسیال میدیاوە. ئەم بکەرە دینییانە لە ھەر شوێنێکدا دەربکەون بە دەوری خۆیاندا سوپایەک لە ھەواداری گەنجی توندڕەویان دروستکردوە کە بستێک لە جیھاد و پەلاماردانی ھەموو ئەوانەی لە خۆیان ناچن، دوورن. بەبۆچوونی ئێمە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین و دینداریی ڕەگوڕیشەکانی لە مێژووی کۆنی کۆمەڵگای ئێمەدا نییە، لە ڕابردوەوە نەھاتوە، دەرکەوتێکی تازەی جەوھەرێکی دینیی دێرین نییە، بەڵکو دیاردەیەکی تەواو تازەی ناو دونیایەکە کە کۆمەڵێک بنەمای ئابوریی و کۆمەڵایەتیی وسیاسیی و دەرونیی تازەی ھەیە، دونیایەک بەرھەمی ئەم چەند دەیەی دواتری مێژووی ئێمەیە. بەر لە ھەموو شتێک ئەم فۆرمە تازەیە لە دینداریی لەناو ئەو خەرەند و نشێوییە ئابوریی و کۆمەڵایەتییە گەورانەی دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستبووە. بەرھەمی فۆرمە جیاوازەکانی نائومێدبوون و پشێویی و دڵشکانی کۆمەڵایەتییە، لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە دۆخی ھاتنەکایەی نایەکسانییەکی ڕێکخراو و سیستماتیکییەوە، وەک دەرەنجامی ئەو فەشەلە ئابوورییە گەورەیە و ئەو تاڵانکارییە مافیاییە بێوێنەیەی لە ھەرێمدا دروستبووە. دروستبوونی نەوەیەکی بێئیش و نا‌ئومێد، کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندا لە لێواری هەژارییەکی ھەمەلایەندا دەژیی، نەوەیەک بێئاسۆ و بێداھاتوو، بەڵام تا ڕادەیەک خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە. ئەم نەوەیە بەشێکیان لە ڕێگای جیھانی دیگیتالییەوە لە دۆخی تەماھیکردنێکی گەورەدان لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا، ئەوانیتریان لە پەیوەندییاندا بە بکەرە دینییە تازەکانەوە تا دێت دادەخرێن و توندڕەودەبن. ھەندێکیان وەک ئەستێرەکانی پۆپ کەڵچەری ناو جیھانی دیگیتاڵی سەما دەکەن و ھەندێکیتریان دژ بە سەما و لە ڕقی سەمادا کۆدەبنەوە و نوێژدەکەن و بە توڕەییەوە ڕوو لە کۆمەڵگا و لە ئاسمان دەکەن. ھەمووشیان لە ناو شێوازێک لە حوکمڕانیی سوڵتانیی توندوتیژ و مۆدێلێک لە دەوڵەمەندبوونی مافیایی و چەندان ئیمپراتۆریەتی میدیایی مێشکشۆرەوەدان، کە پێکڕا لە سادەترین بەھای ئینسانیی و ئەخلاقیی و لەلانی ھەرەکەمی بەرپرسیارێتی، دابڕاون. ئەم گشتە وێرانە ئەم نەوە دینییە توندڕەوە و ئەم شێوازە لە دینداریی داخراوی پێباشترە لە ھەر ھۆشیارییەکی تر کە خاوەنی ڕەھەندێکی سیاسیی ڕەخنەیی و عەقڵانییەتێکی پرسیارکەر بێت. ئەم دیندارییە تازەیە، کە بە پلەی یەکەم دیندارییەکی سەلەفیی پەلاماردەرە، یەکێکە لە کۆڵەکەکانی ئەو مۆدێلە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا سەروەرکراوە. لەپشتی ئەم دیمەنە گشتییەشەوە جوڵەیەکی گەورەی پارە و سەرمایەی کۆنەپارێز لەناوچەکەدا ئامادەیە، لە پارە و سەرمایەی ھێزە ئیخوانیی و سەلەفییەکانەوە بیگرە، بۆ دۆلاری نەوتی شیعیی ئێرانی و دۆلاری نەوتی سونی سعودیی و خەلیجیی و دۆلاری نەوتی دزراو لە ھەرێم خۆیدا. یەکەمین وانەیەک بکرێت لە کۆمەڵناسیی دینەوە فێریببین ئەوەیە کە دین بە دین و دین بە کو‌لتوور تەفسیر ناکرێت، مەسەلەکە بوون و ئامادەگیی ”فەرھەنگێکی خۆرھەڵاتیی“ دێرین نییە کە لە ڕۆژی دروستبوونی مرۆڤەوە، تا ئەمڕۆکە وەک خۆی و بێ گۆڕانکاریی ئامادەیە و ئیشدەکات، مەسەلەکە پەیوەندیی بە بوونی ڕەگوڕیشەی گریمانکراوی دێرینیشەوە نییە، پەیوەندیی بە بونیادێکی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی نەگۆڕیشەوە نییە لە کۆنی کۆنەوە ھاتبێت، بەڵکو مەسەلەکە پەیوەندیی بە مەسەلەی ”ئابوریی سیاسیی“ و ”ھەندەسەی کۆمەڵایەتیی“ و ”پەیوەندییەکانی ھێز“ و ”فۆرمی مەعریفە“ و ئەو ”تۆڕە لە گوتار“ەوە ھەیە کە لەناو ئەو دۆخە مێژووییە کۆمەڵایەتییەدا سەروەرکراون. دین بە نادین، بە ئابوریی و سیاسەت و، بە گەشە و داڕمانی کۆمەڵایەتیی و، بە پرۆژە و پلانی گۆڕانکاریی تایبەت و، بە مۆدێلی دەسەڵات و حوکمڕانیی باڵادەست و بە بوون و نەبوونی بەرگرییەوە، تەفسیردەکرێت. ”پەیوەندییەکانی دەسەڵات“ و ”پەیوەندییەکانی مانا“ و” پەیوەندییەکانی بەرھەمھێنان“ ناوەرۆک و فۆرمەکانی دینداریی سەردەمێکی مێژوویی دیاریکراو، دەستنیشاندەکەن. ھاوکات دین بە پرۆسە سەرەکییەکان و بە پرۆژە جیاوازەکانی گۆڕانکاریی و بە تازەبوونەوەی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و ڕەمزیی ناو کۆمەڵگا، لێکدەدرێتەوە. لە ئێستادا بە لەدایکبوونی ئەو شێوازە لە مۆدێرنیزەکردنەوە پابەستە، کە بەردەوام فۆرمی تازە و ترسناکیی ھەژاریی و دەوڵەمەندیی، فۆرمی کوشندەی ئومێد و نائومێدیی، فۆرمی تازەی مانا و بێمانایی و کێشەی مادیی و سایکۆلۆژیی نوێ، چێژ و خولیای بەرخۆریی، بەرھەمدەھێنێت. دروستکردنی ڕێکخراو و پارتی سیاسیی دینیی جەماوەریی تازە، لەدایکبوونی میدیای دینیی جەماوەریی، بوونی دین بە یەکێک لە دیاردە سەرەکییەکانی ناو دونیای دیگیتالی، شۆڕکردنەوەی دین بۆ ناو سیستەمی پەروەردە و فێربوونی نوێ، دروستبوونی بکەری دینیی نوێ لە دەرەوەی پیاوانی دینی تەقلییدیدا، ھاتنەکایەی دیاردەی ئیمامی تەلەفیزیۆنی و بانگخوازیی گەڕۆک و مەلای فەیسبووکیی، تێوەگلانی ڕاستەوخۆ و ھەمەلایەنی دین لە سیاسەت و تێکەڵبوونی بە جوڵەی پارە و سەرمایە و دروستبوونی بازاڕێک بۆ توریزم و سیمیۆلۆژیای دینیی، بوونی دین بە بەشێک لە ململانێی ئیقلیمیی نێوان چەندان دەوڵەتی دەوڵەمەند و خاوەن پارە، ھەمویان دیاردەی تازەی ناو واقیعی مێژوویی ئەمڕۆکەن. ئەم گشتە گەورەیە سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمای دینییە لە شوێنی ئینتیمای مەدەنیی و لەناو ئیتیمای دینییش خۆیدا سەرقاڵی دروستکردنی ئینتیمایەکی تائیفیی و سەلەفییە، لە شوێنی فرەڕەنگییەکانی ئینتیمای دینیی خۆی. لەم ژینگە پڕ لە ململانێ و پڕ ڕق و پڕ پارەیەدا ئینتیما بۆ تەفسیرێک لە تەفسیرە زۆرەکانی دین و بۆ جۆرێک لە جۆرەکانی بکەری دینیی، دەچێتە شوێنی کۆی ئینتیماکانی تر. لەشوێنێکی وەک ھەرێمەکەی ئێمەدا ئینتیما بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی و ھاوشێوەکانی دەچێتە شوێنی ئینتیما بۆ خودا بە مانا گەردونییەکانی و مەسافەیەک لە نێوان عەقڵی عەبدول لەتیفی سەلەفیی و عەقڵی خودادا ناھێڵدرێتەوە. بەم جۆرە ئەوەی لەم ژینگە بیمارەدا دروستدەبێت، دین نییە بە مانای ڕووبەرێک بۆ پەیوەندیی ڕۆحانیی و ھێزێک بۆ دروستکردنی تاکەکەسێکی بەرپرسیار لە پەیوەندییەکی ئەخلاقیی و ئیستاتیکییدا بە ئاسمانەوە، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکە لە گەنجی نا‌ئومێد و دۆگمایی لە دەوری ئەو بکەرە دینییە تازانە. لە ڕاستییدا ئەوەی لێرەدا ئامادەیە نە دینە و نە خوداناسیی و نە تیۆلۆژیا، بەڵکو سۆسیۆلۆجیایەکی ھێجگار سادەی دروستبوونی بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ و پەیوەندیی ھێز و دەسەڵاتی تازەیە. ئەم بکەرە تازانە لە پرۆسەی دروستکردنی خۆیاندا وەک بکەری کۆمەڵایەتیی نوێ، خۆیان وا نمایشدەکەن کە گوایە تەنھا ئەوانن دەزانن خودا کێییە و ئیرادەی خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات، تەنھا ئەوانیش ھەڵگری شەھادەی ناسینی خودا و زانینی نھێنیەکانین. لەسەر بنەمای ئەم ناسینە گریمانکراوەش بەگژ ھەموو ئەوانەدا دەچنەوە کە خودا لە ھەمان وێنەدا و بە ھەمان ئیرادەوە ناناسن. ھەموو ئەمانە وادەکەن ململانێکردن لەسەر چییەتی خودا و لەسەر وێنەکانی ئەو لە ئاسماندا، ململانێیەکی دینیی نەبێت، بەڵکو ململانێیەکی سەرزەمینیی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بێت لەسەر فۆرمە جیاوازەکانی دەسەڵات. گروپە سەلەفییەکانی دونیای ئێمە و زۆرێک لە دیندارە سیاسییەکانی تریش، وێنەی خودایەکیان دروستکردوە دژ بە سەما، دژ بە تێکەڵبوونی نێر و مێ، دژ بە بەشێکی گەورە و گرنگی ئازادییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانە. وێنەی خودایەک بەرگریی لە بەشودانی منداڵ دەکات، بۆ پیاو چوار ژن حەڵاڵدەکات، بە گێڕانەوەی دوو ژنیش نرخی گێڕانەوەی یەک پیاو دەبەخشێت، کەسێک نوێژنەکات وەک کافر دەیبینێت و مامەڵەیدەکات، خودایەک مرۆڤ لەسەر گوناھەکانی بۆ ھەتاھەتایە دەسوتێنێت، کەی بیەوێت باران دەگرێتەوە و قاتوقڕیی دروستدەکات، یاخود لافاو دەخوڵقێنێت و ئەوەی ئینسانەکان بە ماندووبونێکی زۆر دروستیانکردوە، لە چەند ساتێکی کەمخایەندا نووقمدەکات، ھتد. بەشێکی زۆری ئەو وێنانەی ئەم ھێزانە بۆ خودا دروستیدەکەن، ئامرازی سەرەکیی ناو ئەو ململانێ کۆمەڵایەتییەن ئەم بکەرە دینیانە لەسەر پێگە و شوێن و جێی و دەسەڵاتی خۆیان لە کۆمەڵگادا پەنای بۆدەبەن. ئەم گروپە تازانە واینیشاندەدەن خودا لە ھەرێمەکەی ئێمەدا، کەسێکە لە ڕێگای عەبدول لەتیفی سەلەفی و مەلا ھەڵۆ و ھاوشێوەکانیەوە قسەدەکات، ئەوان نوێنەرەکانی خودان لە کوردستاندا و ئەوان دەزانن خودا داوای چی لە مرۆڤەکان دەکات و چیشیان لێ یاساغ و حەرامدەکات. لەزۆر سەرەوە ئەم فۆرمە تازەیە لە دین لەسەر دنەدان و فووکردن بە سایکۆلۆژیای برینداریی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێمە و لەسەر فوکردن بە عاتیفە و سۆزی دینییدا، کاردەکات. خەریکی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دینە وەک ھێزێک بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، بۆ جۆش و خرۆش پێدان و کۆکردنەوەیان لەدەوری ئەم یان ئەو بکەری دینیی. ئەم فۆرمە لە دین دینێکە لەناو ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییدا دەژیی: لەناو مزگەوتی قەرەباڵغدا، لەناو پارتی سیاسیی قەرەباڵغدا، لەناو کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆنمایشکردنی قەرەباڵغدا. لەناو ئەو ھەراوھۆریا و قیڕەقیڕ و ھێرشبردن و ئیدانەکردنە بەردەوامانەشدا کە ڕێگا لە بیرکردنەوەی ھێمن و عەقڵانیی و بەرپرسیار، دەگرن. ئەوەی لەناو ئەم ھەراوھۆریا و قەرەباڵغییەدا ئیشدەکات، گوتارێکە لەسەر نەفیکردنی ھەموو کەس و ھەموو شتێک کاردەکات کە لەو بکەرە دینییانە نەچێت کە ئامادەن و قسەدەکەن، کە دەقیڕێنن و توڕەدەبن، کە بە چەندان شێواز و تەکنیکی جیاواز قەرەباڵغیی دروستدەکەن. کردنی دین بە تاکە سەرچاوەی ئەخلاقی گونجاو و قبووڵکراو دژ بە فۆرمە ئەخلاقییەکانی تر، دانانی زیکری دینیی لە شوێنی سەما، بەپیرۆزکردن و بەڕەھاکردنی جلوبەرگی دینیی لە پەیوەندییدا بە جلوبەرەگەکانی ترەوە، دانانی ڕیشی دینیی لە شوێنی فۆرمەکانی تری ڕوخساری ئینسانیی، بەڕەھاکردنی سروت و جوڵەی دینیی لە شوێنی ھەموو سروتە ئینسانییەکانی تر، ھەموویان بەشێکن لەم دیندارییە خۆسەپێن و یەکشێوەیە. ئەوەی ئەم ھێز و کەس و بکەرە دینییانە دەیانەوێت ئەنجامیبدەن، بریتییە لە کۆپیکردنێکی فراوانی کەسایەتی خۆیان و سەپاندنی ئەو کۆپیە، بەسەر ھەموواندا. گۆڕینی ھەموومان بۆ عەبدولەتیفی سەلەفیی، لەڕێگای بە موتڵەقکردنی کەسایەتیی و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی تایبەتی ئەوەوە بۆ دین، ئەو پرۆژە و پەیوەندیی دەسەڵات و ھەندەسە کۆمەڵایەتییەیە کە ئەم فۆرمە تازەیەی دینداریی دەیەوێت بیسەپێنێت. بابەتی پێشتر بابەتی بیست و چوار: غیابی یۆتۆپیا و ئایدیۆلۆژیا بابەتی بیست و سێ: عێراق بەرەو کوێ؟ بابەتی بسیت و دوو: ئێمە کێین؟ بابەتی بیستویەك: سیاسەت و خۆشەویستیی بابەتی بیستەم: هەرێمێک خاڵیی لە ئۆپۆزیسیۆن بابەتی نۆزدەیەم: نەوال سەعداوی: ژنێکی ئازا و شکست نەناس بابەتی هەژدەیەم: پول و دەوڵەتی نەتەوە و ناسیۆنالیزم بابەتی حەڤدەیەم: گوێنەگرتن وەک پیشە بابەتی پانزەیەم: یاسا و بێیاسایی لە ھەرێمەکەی ئێمەدا بابەتی چواردەیەم: جەستەی ژن لە نێوان حیجاب و رووتییدا بابەتی سیانزەیەم: سیاسەت و نوکتە کاتێک سیاسییەکان دەبن بە موهەریج و سیاسەتیش بە نوکتە بابەتی دوانزەیەم: بەرماڵتەکێنەکە و قەیرانی حوکمڕانیی بابەتی یانزەیەم: دوای ترامپ: خۆدروستکردنەوەی ئەمریکا بابەتی دەیەم: سۆشیال میدیا: لەکایەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی بابەتی نۆیەم: دیموکراسیی لە قەیراندا بابەتی هەشتەم: شێخ نەھرۆی کەسنەزانی: لە ئابوریی نەوتەوە بۆ ئابوریی گەشتیاریی دینیی. بابەتی حەوتەم: كۆتایی سیاسەتو نابەرپرسیارێتیی رێكخراو بابەتی شەشەم: حەشدی كوردیی وەك داهێنانێكی تائیفیی تر بابەتی پێنجەم: شەپۆلێکی تری توڕەبوون بابەتی چوارەم: حیزبی كوردیی: لە بكەرێكی مۆدێرنەوە بۆ كۆڵەكەیەكی سوڵتانیی بابەتی سێیەم: لەنێوان "هەناسەدان"و "پڕوكان"دا بابەتی دووەم: عێراق لە فەشەلی بنیاتنانی نەتەوەوە بۆ دەوڵەتی فاشیل بابەتی یەكەم: کۆرۆنا و ئابوریی فەرھود و حوکمڕانیی
راپۆرتی: درەو گۆڕان دوو رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی هەیە كە یەكێكیان بە مردوویی لەدایكبوو، ئەوی تر بە نیوەناچڵی جێبەجێكرا، ئێستا رێككەوتنی سێیەمی ئیمزاكردووە كە دروستكردنی هاوپەیمانێتییە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، یەكێتی‌و گۆڕان چ سودێك لە یەكتر دەبینن ؟ هاوپەیمانی یەكێتی‌و گۆڕان دەتوانێت ببێت بە بەدیلی پارتی لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقدا ؟ یەكێتی‌و گۆڕان.. رێككەوتنێكی نوێ یەكێتی نیشتمانی‌و بزوتنەوەی گۆڕان رێككەوتنێكی نوێیان كرد‌و بڕیاریاندا هەردووكیان پێكەوە لەژێر ناوی "هاوپەیمانی كوردستان" بچنە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكات. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە لە ساڵی 2009، ئەمە سێیەمین رێككەوتنی سیاسییە كە لەگەڵ یەكێتی ئیمزای دەكات. دوای چەند هەفتەیەك لە گفتۆگو دور لە چاوی كامێرا‌كان، یەكێتی و گۆڕان تەنیا ئەوەیان بۆ رایگشتی دركاندووە كە هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردن كردووە، ئەمەش لە كاتێكی درەنگ وەختدا، تا ئەو ڕادەی میدیای هەردوو حزب تەنانەت ناوی هاوپەیمانێتییەكەشیان بڵاونەكردەوە تا ئەوكاتەی لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماركرا. تائێستا وردەكاری رێككەتنەكە نازانرێت، ئایا ئەمە رێككەوتنە تەنیا بۆ هەڵبژاردن و دابەشكردنی كورسییەكانە لەسەر ئاستی بازنەكانی هەڵبژاردن؟ یاخود رێككەوتنێكی سیاسییەو بۆ دوای هەڵبژاردنیش بەردەوام دەبێت و هەردوولا لەسەر ئاستی عێراق بەتەواوەتی روانگەی خۆیان یەكخستووە ؟ لەناو یەكێتی ناڕەزایەتی لەبارەی رێككەوتنەكە هەیە، ماڵی كۆسرەت رەسوڵ عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی دەڵێن ئاگاداری رێككەوتنەكە نین و لە دانانی كاندیدەكاندا هەولێر لەبەرچاو نەگیراوە، مەلا بەختیار رێككەوتنەكە بە رێككەوتنێكی "ناچاریی" ناودەبات كە هەردوولا بەهۆی لاوازبوونی پێگەی جەماوەرییانەوە پەنایان بۆ بردووە، بە كورتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكانی یەكێتی ئەندازیاری رێككەوتنەكەن كە هەردووكیان لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە چاویان لە گەڕاندنەوەی گۆڕانە بۆ ناو یەكێتی. لەبارەی رێككەوتنەكەوە لەسەرەتای بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، سەركردەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بیرۆكەی دروستكردنی هاوپەیمانێتی سێقۆڵی (پارتی+ یەكێتی+ گۆڕان)یان لاپەسەند بوو، هەندێك كاریشیان كرد بۆ دروستبوونی ئەم هاوپەیمانێتییە، بەڵام یەكێتی‌و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن. كاتێك یەكێتی‌و پارتی بڕیاریاندا بە جیا بچنە ناو هەڵبژاردنەوە، بزوتنەوەی گۆڕان كەوتە بەردەم چوار سیناریۆ: • بەشێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ پارتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ یەكێتی بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە • لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە لەناو ئەم چوار سیناریۆیەدا، بزوتنەوەی گۆڕان كلیكی لەسەر هاوپەیمانێتیكردن لەگەڵ یەكێتی كرد، چونكە هیچ یەكێك لە بژاردەكانی تر گرەنتی ئەو ژمارە كورسییەیان بۆ نەدەكرد كە گۆڕان داوای دەكرد. هەڵبژاردنی یەكێتی بۆ هاوپەیمانێتی رەنگە بژاردەیەكی ناچاریی بوبێت بۆ گۆڕان، بەتایبەتیش لەكاتێكدا كە لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیەو رەنگە ئەم نزیكبونەوەیە لە یەكێتی دواجار زیان بە رێككەوتنەكەی لەگەڵ پارتی بگەیەنێت، بەڵام دەكرێت بەلایەكی تردا رێككەوتنەكە بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزێكەوە كە جارێك پارتی دژی یەكێتی‌و جارێكی تر یەكێتی دژی پارتی بەكاری بهێنێت، بكات بە هێزێك كە ئەو، پارتی‌و یەكێتی دژی یەكتر بەكاربهێنێت. لەبەرامبەردا هاوپەیمانێتییەكە بۆ یەكێتی ئەو سودەی دەبێت كە بتوانێت جارێكی تر كورسییەكانی زۆنەكەی خۆی لە یەك سەبەتەدا كۆبكاتەوەو بخاتە ناو ململانێی سیاسی دوای هەڵبژاردن‌و دابەشكردنی كێكی دەسەڵات لە بەغداد. ساڵی 2018 كاتێك حكومەتی نوێ لە عێراق بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی پێكهات، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەرێمی كوردستان رێككەوتنی لەگەڵ پارتیدا هەبوو، بەڵام پارتی هیچ پۆستێكی وزاری لە عێراق بە بزوتنەوەی گۆڕان نەدا، ئەمە گۆڕانی نیگەران كرد، هاوپەیمانێتی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی رەنگە لە حكومەتی داهاتووی عێراق هەندێك پۆست لە بەغداد بۆ گۆڕان زامن بكات. سەرباری ئەمانە، بەگشتی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، چانسی مانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هاوكێشەی عێراقدا زامن دەكاتەوە، ئەم رێككەوتنە گۆڕانی بردە ناو بەرەیەكی نوێ لە عێراق كە دەوترێت ئێرانییەكان كار بۆ زیندوكردنەوەی دەكەن لەناو گەمەی سیاسی دوای هەڵبژاردندا. هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بەرەنجامی هەڵبژاردنی "شۆڕشی ئۆكتۆبەر"ی 2019ی عێراق بوو، كە خۆپیشاندانەكان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانیان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، ئەمریكا پاڵپشتی ئەم خۆپیشاندانانەی كرد بەو ئومێدەی كۆتایی بە حوكمی هێزە نەریتییەكانی نزیك لە ئێران بهێنێت، ئێرانییەكانیش دژی وەستانەوە، هەڵبژاردنی پێشوەختەی كە رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت، گەڕی كۆتایی ئەم ناكۆكیەیە لەنێوان ئێران‌و ئەمریكا سەبارەت بە چارەنوسی عێراق. ئەمریكییەكان چاویان لەوەیە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان لە عێراق دەرفەت بۆ هاتنە پێشەوەی كەسانی سیاسی نوێ خۆش بكات، كەسانێك كە بتوانرێت لە داهاتوودا جڵەوی عێراقیان بدرێتە دەست، ئێرانییەكانیش دەیانەوێت ئەو پەیامە بە واشنتۆن بدەن كە سەرباری دروستبوونی ناڕەزایەتی شەقام لەدژیان، هێشتا لایەنە سیاسییە نەریتییەكان پێگەیان لەعێراقدا هەیە، ئەو لایەنانەی كە لەسەردەمی خەبات دژی سەددانەوە دۆستایەتی بەهێزیان لەگەڵ ئێران هەیە. پارتی گرەو لەسەر سەركەوتنی سەدرییەكان دەكات، یەكێتیش چاوی لە عەممار حەكیم‌و حەیدەر عەبادی‌و لایەنە شیعەكانی ترەو لەناو سوننەكانیش چاوەڕێی سەركەوتنی حەلبوسی دەكات لەبەرامبەر رەوتەكەی ئوسامە نوجێفی‌و هاوپەیمانەكانی. دوای هەڵبژاردن‌و لەكاتی دروستكردنی كوتلەی گەورە بۆ پێكهێنانی حكومەت، رەنگە هاوپەیمانێتی یەكێتی‌و گۆڕان بكەوێتە بەرامبەر پارتی‌و ئەمەش لێكەوت لەسەر پێگەی گۆڕان لەناو حكومەتی هەرێم بەجێبهێڵێت. مێژووی رێككەوتنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان ساڵی 2009 نەوشیروان مستەفا بەتەواوەتی لە یەكێتی جیابووەوەو لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی بزوتنەوەیەكی نوێی بەناوی "بزوتنەوەی گۆڕان" راگەیاند، ئەو سەردەمە نەوشیروان مستەفا لە وەڵامی ئەوانەدا كە دەیانوت گۆڕان لە یەكێتی ئینشیقاقی كردووە دەیوت:" گۆڕان هێزێكی نوێیەو مونشەقی هیچ حزبێكی تر نییە، ئەوان یەكێتییان بۆ خاوەنەكانی بەجێهێشتووە"، بەڵام ئەمە ئەو وێنایەی كاڵنەكردەوە كە تائێستاش زۆرینەی یەكێتییەكان بزوتنەوەی گۆڕان بە پارچەیەكی جیاكراوە لە یەكێتی تەماشا دەكەن نەك پارتێكی سیاسی سەربەخۆ، یەكێتییەكان بێ گوێدانە گرژی پەیوەندییەكان لەگەڵ گۆڕان ساڵانە لەیادی كۆچی دوای نەوشیروان مستەفادا سەردانی گۆڕەكەی دەكەن. لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان بەچەندین قۆناغی هەڵبەرزو دابەرزدا گوزەری كردووە، لەسەرەتادا گۆڕان ئاڕاستەی ململانێ سیاسییەكانی بەپلەی یەكەم لەگەڵ یەكێتیدا بوو، لە قۆناغێكی تردا ئاڕاستەكەی گۆڕی بۆ پارتی‌و هەندێكجاریش لە یەككاتدا ركابەرێتی هەردووكیانی دەكرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە گۆڕاوەو گۆڕان لەبری نەیارێتی دەیەوێت دۆستایەتی‌و رێككەوتنی لەگەڵ پارتی‌و یەكێتیشدا هەبێت. سەرباری ناكۆكییەكان، بزوتنەوەی گۆڕان رۆژی 12ی تشرینی دووەمی ساڵی 2014 یەكەمین رێككەوتنی فەرمی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی بوو، كە هەردوولا ناكۆك بوون لەسەری‌و هیچیان سازشیان بۆ ئەوی تر نەدەكرد، بەپێی ئەم رێككەوتنە پۆستەكانی پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجەیان لەنێوان خۆیان دابەشكرد. دوای نزیكەی حەوت ساڵ لە ئیمزاكردنی، هێشتا رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە سلێمانی لەنێوان یەكێتی‌و گۆڕاندا بەنیوەناچڵی ماوەتەوەو لە هەر گفتوگۆیەكدا لەگەڵ یەكێتی، بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان باسی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەكەن. دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ئیمزاكردنی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لەگەڵ یەكێتی، رۆژی 17ی ئایاری 2016 گۆڕان رێككەوتنێكی نوێی لەگەڵ یەكێتی ئیمزاكرد، ئەمە رێككەوتنێكی فراوانتر بوو، ناوی لێنرابوو "رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان" هەندێكجاریش بە رێككەوتنی "دەباشان" ناودەبرێت، رێككەوتنەكە لەنێوان هەردوو كۆچكردوو جەلال تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا ئیمزا كرا، بەڵام ئەم رێككەوتنەش پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزبەكەی ئاسایی نەكردەوە، چونكە رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكرا، رۆژی 20ی كانونی یەكەمی 2017 بزوتنەوەی گۆڕان لایخۆیەوە رێككەوتنەكەی هەڵپەسارد، بزوتنەوەی گۆڕان لەمەشدا یەكێتی تۆمەتبار دەكات بەوەی پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە نەبووە. ئێستا وەكو دوو هێزی سیاسی كە زیاتر گۆڕەپانی كاركردنی سیاسی‌یان لە پارێزگای سلێمانیدا چڕبووەتەوە، لەنێوان بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتیدا دوو رێككەوتنی فەرمی هەیە، رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی سلێمانی كە وادەی فەرمییەكەی كۆتایی هاتووەو پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە، لەگەڵ رێككەوتنی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە یەك هاوپەیمانێتی. مانگەكانی كۆتایی ساڵی 2018 یەكێتی هەندێك هەوڵیدا بۆ رێكخستنی كۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان‌و تێهەڵچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوانیان، بەڵام ئەوكات گۆڕان سازدانی هەرجۆرە كۆبونەوەیەكی رەتدەكردەوە، میدیای فەرمی گۆڕان رۆژی 29ی كانونی دووەمی 2019 هۆكاری رەتكردنەوەی كۆبونەوەی لەگەڵ یەكێتی لە شەش خاڵدا راگەیاند كە ئەمانە بوون: • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی بەشێكی گرنگی رێككەوتنی حكومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی. • بەردەوامی سزادانی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان‌و هەڵسوراوانی لە لایەن یەكێتیەوە. • نیگەرانی لە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنی نێوان هەردوولا. • نەبردنە سەری بەڵێنی رازیبونی یەكێتی بە دواخستنی هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان. • هەوڵدانی یەكێتی بۆ پشتگوێخستنی گۆڕان لە كابینەی نوێَی حكومەتدا. • یەكێتی دەیەوێت گۆڕان وەك كارتێك دژی پارتی بەكار بهێنێت.
شرۆڤە: د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو) دیموکراسی، یەک دیموکراسییە و عێراق و کوردی و ئەمریکایی نییە و لەت ناکرێت چونکە ڕێزگرتنە لە ئیرادەی مرۆڤ و ئیرادەی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی(ڕێزگرتن لە زۆرینە و پاراستنی مافی کەمینە)، هەم مافە و هەم ئەرکە لە بواری چاکەی گشتیی‌دا. بەڵام لەناونیشانەکەدا چەمکی "دیموکراسیی عێراقی"یم بەکارهێنا، چونکە بەرامەی ئەم جیاوازە و ئەزمونێکی تایبەت بە خۆیەتی. ئەزموونی عێراق لەگەڵ هەڵبژاردنەکاندا، هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ئەزموونێکی شیرین نییە، نەک لەبەرئەوەی خەڵک باوەڕی بە دیموکراسی و دەنگدان نەبێت، بەڵکو لەبەر دەرئەنجام و کردەوەی هەڵبژێردراوان، کە دۆخی سیاسی‌یان نەک پێش نەبردووە بەڵکو وەپاشیشیان خستووە، لە خۆڕا نییە، پاش ٣٨ ساڵ لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی سەردەمی پاشایەتی، خەڵکی عێراق ڕووبکاتەوە کودەتایەکی سووری تەمووزی ١٩٥٨ و لەوەش زیاتر بەدوایدا عارفەکان و بەعسییەکان ٤٥ ساڵ بکوژ و ببڕ خۆیان بن. ئەمە نائومێدی نەبێت لە سیستەمی پاشایەتی سنوردار (بە مۆدێلی بەریتانی) و دیموکراسییەتی سەردەمەکەی بۆ شیرازەی سیاسیی چییە؟ بۆچی زەینی خەڵک ئاوا تووشی بارگۆڕان بوون؟ لانیکەم لە ئەزموونی ١٨ ساڵی ڕابردووشەوە، دوور نییە بارگۆڕانێکی دیکە بەسەر کۆمەڵگەی عێراقیدا ڕووبداتەوە و جارێکی دی ڕووگەی خەڵک بەرەو دیکتاتۆرییەت و فریادڕەسی ئاسنیین وەرچەرخێت. ئاخر ساڵانێکە کاری پێکەوەیی و نەیاریی کیانە سیاسییەکان لە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقدا، ئەوەی لێھەڵێنجرێت کە یان بە ھاوپەیمانێتی و پێکەوە مافی خەڵک دابین ناکەیت، یان بە جیا و "نان گۆڕینەوە" ھەقەکەیان دەخۆیت یان پۆپۆلیستانە خۆت بە جیا نیشان بدەیت و دیسانەوە ھەر خەریکی ھەریسەکە و خۆدەوڵەمەندکردن بیت لەسەر حسێبی خەڵک، لە کۆتاییشدا ھەر سێ بژاردەکە یەک ھێڵ و ستراتیژیان پیادەکردووە. لە خۆرا نەبوو خۆپیشاندانەکانی تشرینی بەغدا هاتنەئاراوە و هەنووکەش توڕەییان دانەمرکاوەتەوە و لەئاگردانەکانی شەقامی عێراقیدا دەکوڵێت. خەڵک هەقییەتی بپرسێت ڕۆڵی پەرلەمان و هەڵبژێردراوەکان چی بووە؟ کێشەساز یان چارەسازن؟ ئاخر لە کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، مەسەلەی دەستووریی ناوچەی دابڕێنراو، دۆسێی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران و هەدەردانی پارەدا، کامییان بە پەنجەمۆری پەرلەمانتار و نوێنەرانی ھەنگاوێک چووەتە پێشێ؟ ئیرادە سەرووپەرلەمانییەکان نەبێت! لە سیستەمە سیاسییەکاندا پەرلەمانتار و نوێنەرە ھەڵبژێردراوەکان بۆ ئەوە ھەڵدەبژێردرێن لە تەنگانە و قەیرانی سیاسیی‌دا، ھەنگاوێ ھەڵنێن و دەرچەیەکی چارە بدۆزنەوە، بەڵام لە عێراق و ھەرێمدا، ھەر کار گەیشتە قەیران ئیتر پەرلەمانتاران دەکەونەپەراوێزەوە و ئەوەی دەبێتە یاریزان کارەکتەرە نافەرمییەکان و بەرپرسانی حزب و حکومەتن لەسەر مێز دادەنیشن و ئەوان ڕوودەکەنە میدیاکان و دەنگەدەنگ نەبێت شتێکی دیکەیان لێ سەوز نابێت. تا ھەنووکە ھەڵبژاردن و پەرلەمان بەشێک نەبوون لە چارە ھێندەی بەشێکن لە کێشە و تاڕادەیەک ڕایەکی گشتیی باویش چەسپاوە کە پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاندیدەوە تا سوێند و وازھێنان، مەسرەفێکی زیادەیە بۆ کۆمەڵگە و دەرچەیەکی باشی داھاتیشە بۆ کارەکتەرەکانی نێوی. پێشینەیەکی خوارخێچ بێزاربوون لە سندوقی دەنگدان و دەستەپاچەیی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، پێشینەی هەیە، لەگەڵ تەمەنی عێراقی نوێ‌دا هەڵکشاوە، تۆ دیققەت بدە هەر لە سەرەتای پێک‌ھێنانی عێراقەوە لە نێو سێ پاڵێوراودا کە ھەرسێکیان عێراقی بوون نەتوانرابێت پاشایەک دابنرێت و تا وای لێ بێت دەوڵەتی بەریتانیای ئەو سەردەمە پەنابەرێتە بەر بنەماڵەی شەریفی مەککە و مەلیک فەیسەڵ وەک کۆکەرەوەیەک لە دورگەی عەرەبییەوە بەقەرز بهێنێت بۆ بەڕێوەبردنی عێراقێک کە ھیچ لایەکی بەویتر رازی نییە و کۆیناکاتەوە. (وەک ساڵانی ڕابردوو و کە قاسم سلێمانی و برێت مەکگۆرگ کۆی دەکردنەوە و بڕیاری بۆدەدان) لە نێوخۆی عێراقدا ئەوەی ھێزەکان کۆدەکاتەوە نەگۆڕ و بنەمایەکی ھاوبەش نییە، ھەرلایە و دەیەوێت ئەجێندایەکی ناوچە یان هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە سنوری قەڵەمڕەوەییەکەی خۆی پیادەبکات، ئەمەش مێژووی ھاوچەرخی ئەم وڵاتەی کردووەتە مەیدانی ناجێگیری و ئاڵوگۆڕی نەرێنی بەسەر نەتەوە جیاوازەکانیدا. بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ئەمڕۆی ئەم وڵاتە گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتای پێک‌ھێنانی عێراقی هاوچەرخ (لەلایەن بەریتانیاوە) لە دوای جەنگی یەکەمی جیھانی و لە سەر میراتی دەوڵەتە ھەڵوەشاوەکەی عوسمانی و رێک لە ساڵی ١٩٢٠دا، ھاوکارێکی باشە بۆ پەیبردن بە ناتەباییە کەڵەکەبووەکانی مێژووی سیاسی ئەم وڵاتە. عێراق تەنھا لە ساڵی ١٩٢٠ تا ١٩٣٠ کە ١٠ ساڵی یەکەمینی دانانی بەردی بناغەی ھاوچەرخێتیی بوو، بە ناجێگیری دەست پێدەکات، لەو ماوە کورتەدا ١٢ کابینەی وەزاری پێکھێنراوە و ھەڵوەشاوەتەوە، کە ھەریەک لە عەبدوڕەحمان نەقیب، عەبدولموحسین سەعدون، یاسین ھاشمی، جەعفەر عەسکەری، توفیق سویدی، ناجی سویدی و نوری سەعید پێکیان ھێناوە. چوار (٤) کابینەیان تەنھا لەلایەن عەبدولموحسین سەعدونەوە پێکھێنراون و بەھۆی نەیاری و ناجێگیری وڵاتەوە ھەڵوەشێنراونەتەوە، سەعدون لە کۆتاجاردا لە ساڵی ١٩٢٩ وەک گەشتنە نائومێدییەک بە ئایندەی خۆیی و وڵاتەکەی، بە دەمانچەکەی کەمەری خۆی دەکوژێت. لەبارەی خۆ کاندیدکردنیشەوە، وەنەبێت، دۆخەکە زۆر ساغڵەمتر بووبێت لە کابینە وەزارییەکان، لە ساڵانی چلەکاندا گەر یەکێک بیویستایە ببێتە پەرلەمانتار "نائیب"، ئەوە نەبوو بچێتە کێبەرکێی شەریفانە و بەدەستھێنانی دەنگی ھاوڵاتی، بەڵکو ئەوەندە بەس بوو کە لە نوری سەعید (جەمسەرێکی سیاسی) ئەو سەردەمەوە نزیک ببێتەوە، تا تەزکییەی چوونە پەرلەمانی بۆ بکات، گەر ئەویش بۆی نەکردایە، ئەوا (ھەر هەمان کەس) دەستبەجێ سیاسەت و ئەجێندای نوری سەعیدی جێدەھێشت (هی خۆی نا چونکە نەیبوو) و ڕووی لە ساڵح جەبر (جەمسەرێکی دیکەی سیاسیی سەردەم) دەکرد بۆ ئەوەی بیکاتە نائیب. ئایا ئەم دۆخە نائاشنایە بە کاندیدانی ئەم سەردەمە؟ کەمن ئەوانەی ئەم پەتپەتێنە بووەتە پیشەیان؟ هاوپەیمانێتیی دژەدەوڵەتی ڕاستە ھاوپەیمانێتیە پەرلەمانییەکان چ لە پێش و چ لەپاشی هەڵبژاردن، یارییەکی باشی سیاسیین و باشترن لە شەڕی نێوخۆ و ئەگەری باشیش بۆ مانەوەی حزبە بچووکەکان و کەسایەتی و پێکھاتەکانیش دەڕەخسێنێت (وەک ئەوەی لە ئیسرائیل‌دا ئەنجامدەدرێت). بەڵام لە عێراقی دوای ڕوخانی رژێمی بەعسدا ئەوەندەی ھاوپەیمانەکان کێشەبوون بۆ یەکتر و بۆ دەوڵەت و خەڵکیش، ئەوەندە نەیار و ئۆپۆزسیۆنەکان گرفت نەبوون بۆ حکومەتە نوێکان، بەنمونە تا ئەمڕۆش کێشە سەرەکییە ھەڵواسراوەکانی نێو هاوپەیمانێتی شیعەکان و نێوخۆی ماڵی کوردستانی تەگەرەبوون لەبەردەم ئەجێندای حکومەتەکانی هەرێم و بەغدا و سەرەکیترین ھۆکاری ناجێگیری هەرێم و عێراق بوون هێندە نەیارەکانی وەک هاشمی و عەلاوی و ڕەغەد و تشرینییەکان (بۆ بەغدا) و نەوەی نوێ(بۆ هەولێر) کێشە نەبوون. بۆیە ساڵانی ڕابردووی ھاوپەیمانێتی ناکۆکەکان لە ژێر پەردەی تەوافوقدا، عێراقی نەگەیاندبێـتە کەنارێک ئەوا لەمڕۆدا ئەگەری پەشێوی سیاسی زیاتر لە ئارادایە و لە دەرئەنجامی فشەڵی ھاوپەیمانێتییەکان و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بێتە ئاراوە، کە دوور نییە ئاواتی خەڵک لەمیانەی نائومێدییەوە لە هاوپەیمانە هەلبژێردراوەکان، پشت‌کردن بێت لەهەڵبژاردن و ڕووکردنەوە بێت لە تاکڕەویی و وەهمی فریادڕەسی، وەک چۆن لە ١٩٥٨دا پاش ئەو ئەزموونە زۆرەی دەنگدان و هەڵبژاردنی سەردەمی پاشایەتی، خەڵک پشتی لە دەنگی خۆی کرد و ڕووی کردە دەستێکی ئاسنین و تفەنگێکی سوور. ناکۆکەکان لە عێراقی ئەمڕۆدا لە ڕوخساردا وادەردەکەون کە بوونەتە ھاوپەیمان و رێککەوتوون لەسەر بنەمایەکی ھاوبەشی عێراقی، بەڵام گەر لە پێکھاتە و کردارە پراکتیکییەکانی ئەم ھێزانە وردبینەوە، دەردەکەوێت کە نەھاوپەیمانێتی راستەقینە لە ئارادایە و نە ئەوانیش دەتوانن ئەجێندایەکی مرۆڤ-تەوەری و دیموکراسییانە بۆ ھەمووان پیادە بکەن.
شیكاری: درەو هاووڵاتیانی عێراق متمانەیان بە دام و دەزگاکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری نییە، لەم ڕووەوە عێراق لە ریزبەندی هەرە دواوەی وڵاتانی عەرەبییە، بەشی زۆری ئەو بێ متمانەییە کاریگەری دوو سەرەی هەیە لە سەر هەڵبژاردنەکان و جارێک لە مومارەسەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکانەوە سەرچاوەی گرتووە کە بووە بە هۆی نائومێدی، جارێکیش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر بەشداری سیاسی و هەڵبژاردن، کە بەشی زۆری لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە هەڵبژاردن لە ژینگەیەکی ئارام و سەقامگیر و ئامندا بەڕێوەناچیت. لەم ڕاپۆرتەی (درەو)دا ئەو ڕاستییە بە ئامار‌و داتا دەسەلمێنین. ڕێ و شوێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردن کۆمەڵێک بنەماو شێوازی خۆی هەیە، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە و لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و بەپێی یاساکانی هەڵبژادن گۆڕانکاری دروست دەبێت. بەڵام کۆمەڵێک ڕێوشوێنی پێوست هەیە، تا ڕادەیەکی زۆر هاوبەشەو دەکەونە چوارچێوەی هەنگاوو ڕێوشێنە تەکنیکییەکانەوە، بەڵام کاریگەری تەواویان بەسەر ئەنجامی هەرڵبژاردنەکانەوە دەبێت. ڕێوشێنە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردن، هەموو ئەو هەوڵ کار‌و بڕیار‌و یاسا و کارە ئیدارییانە دەگرێتەوە کە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ کاندیدان و دەنگدەران و پرۆسەی هەڵبژاردن بە گشتی، گرنگترین ئەو ڕێوشێنانەش؛ یەکەم: دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن؛ بریتییە لە دابەشکردنی جوگرافیای دەوڵەت بۆ چەند بازنەیەک کە تێیدا پاڵێوراوێک یان چەند پاڵێوراوێک تێیدا سەردەکەون، لە چەند وڵاتێکی کەمیشدا دەوڵەت تەنها لە یەک بازنەی هەڵبژاردن پێکدێت پاڵێورایش دەتوانێت لەسەر ئاستی دەوڵەت دەنگ کۆبکاتەوە، بەڵام ئەم جۆرە لە پەیڕەوکردنی یەک بازنەیی لە پاشەکشەدایەو کەمتر دیموکراتی ترەو زیاتر بۆ دەوڵەتە بچوکەکان گونجاوە، لە مێژوودا زۆرێک لە وڵاتانی دنیا پێشتر پەیڕەوییان لە یەک بازنەیی کردووە. ئەوانەشی کار بە فرە بازنەیی دەکەن دوو پێوەریان کردووە بە بنەما کە بە پێی دەستور یان یاسای هەڵبژاردن دیاری دەکەن، ئەوانیش؛ 1. لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوون. 2. لەسەر بنەمای سنوری جوگرافی. سەبارەت بە عێراقی نوێ (دوای ٢٠٠٣) پەیڕەوی لە هەردوو دابەشکارییەکە کردووە، واتە یەک بازنەیی و فرە بازنەیش کاری پێ کراوە، پشت بەست بە دەستور و یاسای هەڵبژاردن هەردوو بنەمای ژمارەی دانیشوان و دابەشکاری جوگرافی بازنەکانی هەڵبژاردنی دابەشکردووە (بڕوانە خشەی ١) دووەم: ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران؛ کاتێک باس لە هەڵبژاردنی گشتی دەکەین بەو مانایە نییە سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا بەشداری لە پرۆسەکەدا دەکەن، بەڵکو ئەو کەسانە بەشداری دەکەن کە بەپێی یاسای ئەو مافە بەدەست دەهێنن، لەسەر ئاستی جیهانیش کۆمەڵێک پێوەر دانراوە، وڵاتان بەپێی یاسای تایبەت خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، کە پێوەرو مەرجەکانیش بریتین لە؛ 1. مەرجی ڕەگەزنامە؛ یەکێک لە مەرجەکانی بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، پێویستە دەنگدەر هەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەبێت کە هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام دەدرێت. 2. مەرجی ڕەگەز؛ ئەگەر چی لە ئێستادا کەمتر پەیڕەوی لەم مەرجە دەکرێت بەڵام تا ئەم دواییانەش لە هەندێک وڵات‌دا مافی بەشداری لە دەنگدان تەنها بۆ ڕەگەزی نێر بوو. 3. مەرجی تەمەن؛ گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراوی تەمەن مەرجە بۆ ئەوانەی مافی بەشداریان هەیە لە دەنگداندا و زۆربەی وڵاتان تەمەنی نێوان (١٨) بۆ (٢٥)یان ساڵ دەستنیشان کردووە. 4. مەرجی شیاوی عەقڵی؛ عاقڵی بەو مانایە دێت کە دەنگدەر کەم ئەندامی عەقڵی نەبێت و توانای لێکجیاکردنەوەی شتەکانی هەبێت، خاوەن وشیاری بێت. 5. مەرجی شیاوی ئەدەبی؛ یەکێکی دیکەیە لەو مەرجانەی کە پێویستە لە دەنگدەردا هەبێت لە ڕووی یاساییەوە دادگا ئەو مافەی لێ وەرنەگرتبێتەوە کە زۆرجار لە کەیسەکانی (سزادراوان و مەحکوم بەتاوان، دەستپاکی، مەرجی شیاوی سیاسی) دادگاکان ئەو مافە لە هاووڵاتی وەردەگرنەوە. سەرباری ئەو مەرجە گشتییانە، دەبینین لە عێراقدا بەشێکی زۆری هاوڵاتی عێراقی لە ژمارەیان بە زیاتر لە (٥) ملیۆن کەسە و سەرجەم مەرجە گشتییەکانیان تێدایە، بەڵام کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕۆژی ٢٢ی ٣ی ٢٠٢١ بڕیاری بێبەش کردن، لە مافی دەنگدانی هاوڵاتیانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتی دەرکرد، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە وا بڕیارە لە ١٠ی ١٠ی ٢٠٢١ بەڕێوەبچێت. بۆیە لەسەر لایەنی پەیوەندیدار (لە عێراقدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنە)، پێویستە ڕۆژی پێش دەستپێکردنی دەنگدان تۆمارێکی ورد‌و ئاشکرا و ڕوون ئامادە بکەن، دوربێت لە (ناوی دووەبار، مردوو، هەڵە، ئەوانەی مافی بەشدارییان نیە) و تۆمارکردنی ناوی سەرجەم ئەوانەی ئەو مافەیان هەیە یان بەدەستیانهێناوە بەپێی دەستور و یاسا‌و ڕێنماییەکانی تایبەت بە بەشداری لە هەڵبژاردن. سێیەم: گرنتی ئاسایش و سەلامەتی هەڵبژاردن؛ یەکێک لە گرنگترین پڕ بایەخترین ڕێ‌و شوێنە تەکنیکییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردنە لە دەستپێکردنی پرۆسەکەوە دەستپێدەکات کە بە قۆناغەکانی (تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران، پاڵێوراوان، بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕۆژی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان، تانەو سکاڵاکان، ئەنجامی کۆتایی) دەڕوات، چونکە پاراستنی ئەو ڕێوشوێنانە مەرجە بۆ ڕادەی سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی پرۆسەکە بەشێوەیەکی تەندروست و ڕاستەقینە، بەشێکی گەورەی پرۆسەکەش لە ڕووی پاراستنەوە لەم مەرجانەی خوارەوە بەرجەستە دەبن؛ 1. نهێنی دەنگدان؛ نهێنی بوون یەکێکە لە گرنتییە گەورەکانی پاراستنی ئازادی دەنگدەر لە هەڵبژاردنی پاڵیورادا، نابێت لە ژێر هیچ فشارێکدا دەنگدەر دەنگەکەی پێ ئاشکرا بکرێت، یان ناچاربکرێت لە دەرەوەی خواستی خۆی دەنگ بە پاڵێوراو یان لایەنێکی سیاسی بدات، چونکە دەنگدانی ئاشکرا کاریگەری لەسەر گۆڕینی ئاراستەی دەنگدەر دروست دەکات جا بە هەر بیانویەک بێت، ئەمە ڕێگەپێدراو نیە، چونکە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەکە دەبێت و لە چواچێوەی دیموکراتی و ئازدی مافە بنەڕەتییەکان دەچێتە دەرەوە. 2. یەکسانی نێوان دەنگدەران و پاڵێوراوان؛ هەڵبژاردن لەخۆیدا ئامرازێکە بۆ ململانێی شەریفانە و ڕەوایە بۆ هەڵبژاردنی باشترین کەسانێک کە نوێنەرایەتی گەل بکات، بۆیە مەرجە یەکسانی لەنێوان دەنگدەران بکرێت و بەپێی یاسا‌و ڕێسا هەل و دەرفەتی یەکسانیان بۆ بڕەخسێنرێت لە بەشداریکردن لە پرۆسەکەدا. هەمان شت بۆ پاڵێوراوانیش ڕاستە، پاراستنی یەکسانی نێوان پاڵێوراوانیش ڕەخساندنی دەرکەوتنی گونجاو لە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەمان قەبارە گرنگە، پێویستە بەهیچ شێوەیەک جیاکاری نەکرێت بە بیانوی سیاسی یان پێگەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی یان هەر هۆکارێکی دیکە کە ببێتە هۆی جیاوازیکردن لە نێوان پاڵێوراواندا. پاراستنی یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنیش یەکێکە دیکەیە لەو ڕێوشێنە پڕبایەخانەی پێویستە ڕەچاو بکرێت، جا سنوری جوگرافی بێت یان ژمارەی دانیشتوان. ئەمە جگە لەوەی پێویستە ڕێگری بکرێت لەوەی کە هێزێکی سیاسی یان لایەنێک یان کەسێک بە قازانجی خۆی هێڵەکانی جیاکردنەوەی بازنەکان بکێشت و ڕێگری لە پەرتبوونی دەنگەکانی خۆی بکات. ئەمەی دواییان لە عێراقدا قسەی لەسەرەو هەندێک لە چاودێران پێیان وایە چەند حیزبێکی سیاسی بە قازانجی خۆیان کاریگەرییان لەسەر چۆنییەتی دابەشکردنی بازنەکان داناوە. 3. ڕێگری‌کردن لە فشارهێنان بۆ سەر دەنگدەر و پاڵێوراو؛ بەشێک لە هێزە سیاسییەکان هەندێ ڕێوشوێنی نایاسایی و دوور لە ئادابی گشتی، جا بەشێوەی فشاربێت یان ترساندن و خەڵتاندن و زۆرلێکردن وا لە دەنگدەران دەکەن ئاراستەی هەڵوێستیان بگۆڕن بە قازانجی خۆیان یان پاڵێوراوێکیان، ئەم هەوڵانە لە دەرەوەی چوارچێوەوەی دیموکراتی و بنەما گشتییەکانی هەڵبژاردنن و بە شێوەیەکی گشتی ئەمن و سەلامەتی هەڵبژاردن دەخەنە ژێر پرسیارەو کاریگەری گەورەی نەرێنی بە جێ دەهێڵن لە سەر پاکێتی و نەزاهەتی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە. 4. دورخستنەوەی سوپا لە دەستێوەردان؛ جگە لەوەی لە پێویستە سوپا دەستوەرنەداتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و ئەرکی پارێزگاری کردن بێت لە پاراستن و سەلامەتی گشتی، هەندێ وڵات لە سەردەمانێکدا زیاتر لەوە ڕۆشتوون و هێزە چەکدارەکان و سوپایان بێ بەش کردووە لە بەشداری سیاسی و پرۆسەی دەنگدان، لەسەر ئەو بنەمایەی سوپا ئەرکی پاراستنی گشتی و دەرەکییەو پێویستە بێ لایەن بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردنیدا. بەڵام لە عێراقدا میلیشیاو هێزە چەکدارەکان ڕۆڵی گەورە دەگێڕن لە بەلاداخستنی بەشێکی پرۆسەی دەنگدان و پاڵپشتی کردنی هێز و حیزب و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان. 5. ڕێگری لە تەزویر و ساختەکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان؛ پرسی ساختەکاری لە هەڵبژاردندا دیاردەیەکی بەربڵاوەوە، بە دەیان شێوە و ئامرازی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت، وەکو، دەنگدانی زیاتر لە جارێک و یاخود دەنگدان لە بری کەسانی دیکەو بەکارهێنانی ناوی وەهمی و دەستکاری سندوق و کەل و پەلەکانی هەڵبژاردن و بەکارهێنانی کارت و ناسنامەی ساختەو یاریکردن بە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ... چەندین کاری دیکەی ناڕەوا کاریگەری تەواوی دەبێت لەسەر ئاسایش و ڕادەی شەفافییەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان، دواجاریش ڕوخاندنی پردی پەیوەندی نێوان هاوڵاتیان و دامەزراوە گشتی و هەڵبژێردراوەکان و دامودەزگا فەرمییەکان و لاوازبوون و لەدەستدانی متمانە بە هەڵبژاردن و بەشداری سیاسی. ئەم دیاردەیەش لە عێراقدا، هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن ڕوی لە هەڵکشانە، متمانەی هاوڵاتیانیش ڕووی لە لێژبوونەوە کردووە. ئامار‌و ڕاپرسییەکان وەک بڕیارە ڕۆژی 10ی10ی2021 هەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام مەرجەکانی ئاسایش و سەلامەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە عێراقدا لە بەرژەوەندی پرۆسەی دیموکراسی ڕاستەقینە نییەو هاووڵاتیانی عێراقی تادێت متمانەیان لاواز دەبێت بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، بەپێی ڕاپۆرتێکی سایتی بارۆمەتری عەرەبی (البارومیتر العربی) عێراق لە هەرە دواوەی وڵاتە عەرەبییەکانە، لە ڕووی متمانەی هاوڵاتییان بە دامەزراوەو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری (بڕوانە چارتی 1-2-3) چارتی ژمارە (1) چارتی ژمارە (2) چارتی ژمارە (3) سەرەڕای ئەوەی بەردەوام بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان لە عێراقدا ڕووی لە پاشەکشەیە، جگە لەوەی بەشێک لە هاوڵاتیانی عێراقی پێیان وایە هەڵبژاردن لە کەشێکی سەلامەت و سەقامگیردا بەڕێوە ناچێت، بەشێکیشیان گەیشتوون بەو بڕوایەی سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەشێک لە دەموچاوەکان بەردەوام دووبارە دەبنەوە (بڕوانە چارتی ژمارە (٤))، ئەمەش وایکردووە پێیان وابێت، پێشوەخت ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی هێزە سیاسییە گەورەکان یەکلا دەکرێتەوەو بەشداری کردن لە هەڵبژاردن شتێکی ئەوتۆ ناگۆڕێت. چارتی ژمارە (4) بەپێی ڕاپرسییەکی ناوەندی بەیان بۆ لێکۆڵینەوەو پلاندانان، کە لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەشداری (١٧٧٠) کەس لە سەرجەم چین و توێژ و ئاستە جیاوازەکانی تەمەن و ڕەگەز و نەتەوەو شێوازی گوزەران و پلەی خوێندەواری ئەنجامی داوە، دەیان پرسیاری جۆراو جۆریان لە بارەی هەڵبژاردنەوە ئارستە کراوە، گرنگترینی ئەوانە؛ 1. ئایا باوەڕت وایە هەڵبژاردنی داهاتوو گرنگە بۆ باشتر بوون و گەشەسەندنی وڵات؛ (بڕوانە چارتی ژمارە (٥)) چارتی ژمارە (٥) 2. ئایا بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکەیت؟(بڕوانە چارتی ژمارە (٦)) چارتی ژمارە (٦) 3. لە پرسیاری ئەوەی؛ بۆچی بەشداری هەڵبژاردن ناکەیت؟ (٦٨٥) کەس وەڵامی جیاوازیان هەیە (بڕوانە چارتی ژمارە (٧)) چارتی ژمارە (٧) سەرچاوەکان د. نعمان احمد الخطیب، الوجیز في النظم السیاسیة، دار الثقافة للنشر والتوزیع، الطبعة الثاني، ٢٠١١. د. عبد الوهاب الكيالي، الثقة في الحكومات في العالم العربي ومخاطر التعميم، البارومیتر العربي، علی الموقع؛ https://www.arabbarometer.org/ar/2020/06/%d8%a7%d9%84%d8%ab%d9%82%d8%a9-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%ad%d9%83%d9%88%d9%85%d8%a7%d8%aa-%d9%81%d9%8a-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%a7%d9%84%d9%85-%d8%a7%d9%84%d8%b9%d8%b1%d8%a8%d9%8a-%d9%88%d9%85%d8%ae/ تطلعات الناخبين العراقيين في الانتخابات النيابية 2021)استطلاع رأي(، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6757/ زهراء كاظم الصدر، الأمن الانتخابي، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6901/ علي عدنان، هل تنجح الانتخابات العراقية المقبلة في ترميم ثقة المواطن بالنظام السياسي؟ علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/wp-content/uploads/2021/04/048uyg42.pdf شيماء الكيالي، معالجة العزوف عن المشاركة في الانتخابات العراقية، مركز البيان للدراسات والتخطيط، علی الموقع؛ https://www.bayancenter.org/2021/04/6912/