Draw Media

تاڵترین ماچ

تاڵترین ماچ

2022-09-17 15:31:28


درەو:  شۆڕشنامە
د.ئەحمەد بامەڕنی لە كتێبی (چەند بیرەوەرییەك لەگەڵ مام جەلال)دا دەنوسێت: 
رۆژی (17/4/1991) بە مام جەلالم وت دوێنێ‌ وەفدی بەرەی كوردستانی لە بەغدا گەڕایەوە دەتوانم چەند خولەكێك لەگەڵ جەنابت لەوبارەیەوە قسە بكەم. مام جەلال وتی بەڵێ‌ باشە هەستە با بڕۆینە دەرەوە پیاسەیەك بكەین.
پێموت: ئەوەی من تێگەیشتووم سەدام حسێن داوادەكات جەنابت یان كاك مەسعود یان هەردووكتان پێكەوە بڕۆنە بەغدا بۆ گفتوگۆ، بەلای منەوە ئەگەر یەكێتی ئەمە قبوڵ بكات ئەوە گەورەترین هەڵە دەكات دوای (1975)‌و ئەگەر جەنابیشت قبوڵ بكەیت ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە. چونكە مەبەستی سەدام ئەوەیە لە تەلەفزیۆن پێكەوە دەربچن‌و ئەوەش وەك شەقازللەیەك دەبێت بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە لە ئەوروپاوە ئەمەریكاوە پشتگیریی لە كوردو دۆزەكەی دەكەن تا پێیان بڵێت ئێوە حەقی ئەو مەسەلەیەتان چییە، ئەوە نییە كوردەكانی خۆم هاتوونەتە بەغدا بۆ لام‌و خەریكە رێكدەكەوین؟
دوایی مام جەلال وتی: ئەحمەد ئێمە ناچینە بەغدا تا خیانەت لە گەلی كورد بكەین! وتم: من باسی خیانەتم نەكردووەو هەر لە بنەڕەتیشەوە ئەوە لە مێشكمدا نییە، بەڵام من چوونی ئێوە بۆ بەغدا لەم كاتەدا بە هەڵەیەكی گەورە دەبینم. مام جەلال وتی: بۆچونەكەت لەسەر چاوم، بەڵام بڕۆ خۆت كۆبكەرەوەو بڕۆرەوە بۆ پاریس.
تاڵەبانی دەڵێت: لە كۆبونەوەكە سەدام زۆر هێمن‌و بەڕێز بوو، ئێمەی ماچ كردو پێی گوتین ئێوە ركابەری باشن، پیاوی ئازان، ئێمە پێمانوابوو ئێوەمان تێكشكاندوە، پێمانوابوو هەرگیز ناگەڕێنەوە، كەچی ئێستا دەتانبینم زیندوون، بۆیە ئێستا دەمەوێت دان بنێم بە مافەكانتاندا". 
كویل لۆرنس لە كتێبی(نەتەوەیەكی نادیار هەوڵی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی‌و داڕشتنەوەی عێراق‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) دەنوسێت: تاڵەبانی دەقاو دەق ئامادەنەبوو بیستوچوار سەعات چاوەڕێی هەواڵ بكات. ماچكردن لەنێو پیاوانی خۆرهەڵاتی ناوەراست شتێكی ئاساییە، بەڵام واقیعەكە وای كرد بەرەی كوردستانی لە پەلوپۆ بكەوێت. لەواشنتۆن كوردەكان داوای گەرەنتییان لە وەزارەتی دەرەوە كرد، بەڵام ئەوان بە سەرپێی داوایان كردبوو: بۆچی ناوەستن تا بزانن چیتان لە بەغدا دەست دەكەوێت؟ تاڵەبانی گەڕایەوە كوردستان‌و دژی هەر مفاوەزاتێكی تر بوو لەگەڵ بەغدا، ئەمە لەبەرئەوە نەبوو كە پێی شتێكی خراپ بوو، بەڵكو لەبەرئەوە بوو گشت بەڵێنەكانی سەدام بێ‌ بەهان... مەسعوود بارزانی زیاتر لەو دیكتاتۆرەی عێراق، هیچ متمانەیەكیشی بە ئەمەریكا نەبوو. لەڕاستیدا نە ئەمەریكا نە عێراق شتێكی ئەوتۆیان پێشكەش بە كورد نەكرد.
شاعیری ناسراوی كورد شێركۆ بێكەس لە كتێبی (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ) كە لەودەمەدا لە سوید بووە، دەنوسێت: ناكرێ لێرەدا ئەوەیش نەڵێم تاڵترین ماچ، ئەو ماچە ناهەموارە بوو كە "مام جەلال" سەدامی ماچكرد! ئەو دیمەنەی لەڕۆژێكدا (C.NN) دەیانجار دووبارەی ئەكردەوە، وەك ئەوەی پێمان بڵێ: (تەماشای قوربانییەكان بكەن، چۆن ماچی جەللادەكانی خۆیان ئەكەن!)... دوابەدوای ئەو دانووستانە بی ماناو ڕەزا گران‌و مایەپووچەی كە سەركردایەتی بەرەی كوردستانی لەگەل سەدامدا كردیان! هەموو سیاسەتێكی ئەو رۆژگارەو تەواوی سیاسەتمەدارانم لەبەرچاو كەوت.

سەرچاوەكان: 
* د.ئەحمەد بامەڕنی: چەند بیرەوەرییەك لەگەڵ مام جەلال، لە بڵاوكراوەكانی مەودا میدیا، چاپی یەكەم، 2020، لاپەڕەكانی (71 - 75).
* كویل لۆرنس: نەتەوەیەكی نادیار هەوڵی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی‌و داڕشتنەوەی عێراق‌و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، وەرگێڕانی هاوكار عەبدوڵا، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای ئایدیا، چاپی یەكەم، 2020، لاپەڕەكانی (92‌و 93).
* شێركۆ بێكەس: نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش ژیاننامەو بیرەوەری، بەرگی دووەم، چاپی یەكەم، 2013، لاپەڕەكانی (360‌و 364).

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand