فراكسیۆنی پارتی دەكوڵێت
2022-09-15 08:55:39
(درەو):
شكستی تاكتیكی هێمن هەورامی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرە، ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی لەناو فراكسیۆنی پارتی بەسەر ئاڕاستەی مەسرور بارزانیدا سەرخست، ئەمە ناڕەزایەتی دروستكردووە، ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە یاداشتی ناڕەزایەتییان بۆ (مەكتەبی سەرۆك) بەرزكردوەتەوە، دوو هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە، دەوترێت كاریگەریی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی فراكسیۆنی پارتی لەسەرە.
یاداشتی ناڕەزایەتی بۆ بارزانی
بڕیارە سەرتای مانگی 11ی ئەمساڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگرەی چواردەیەمی خۆی لە شاری دهۆك ببەستێت، هەڵبژاردنی ناوخۆیی پارتی بۆ دیاریكردنی ئەندامانی كۆنگرە كە بە تێكڕا ژمارەیان (800) كەسە، كێشمەكێشی دروستكردووە.
یەكێك لەو ئۆرگانانەی پارتی كە بەهۆی هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆنگرەوە توشی ململانێی ناوخۆیی بوەتەوە، فراكسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی كوردستان، كە بەگوێرەی زانیارییەكانی (درەو)، ناڕەزایەتییەكەیان گەیشتوەتە ئاستی ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكە یاداشتی ناڕەزایەتی بۆ (مەكتەبی سەرۆك)و (مەكتەبی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆك)و (مەكتەبی سیاسی) حزبەكەیان بەرزبكەنەوە.
تاكتیكەكەی هێمن هەورامی
بەپێی بڕیاری لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی پارتی، لە فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كە ژمارەی ئەندامەكانی (45) پەرلەمانتارە، (9) كەسیان بە هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ كۆنگرە.
شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ململانێیەكی توندی لەناو فراكسیۆنەكە دروستكردووە، ململانێكە گەیشتوەتە ئاستی قسەكردنی راستەوخۆ لەسەر یەكتر.
رۆژی 8ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ ئەندامێتی كۆنگرەی چواردەی پارتی لەناو فراكسیۆنی پارتی بەڕێوەچوو، بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، لەكۆی (45) ئەندامی فراكسیۆنەكە (3) ئەندامیان بەبێ هەڵبژاردن سەركەوتوون بۆ كۆنگرە كە بریتین لە هەریەكە لە (هێمن هەورامی وەكو جێگری سەرۆكی پەرلەمان)و (زانا مەلا خالید وەكو سەرۆكی فراكسیۆن)و (رێڤینگ هروری وەكو ئەندامی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە)، واتە لە بنەڕەتەوە كێبركێكە لەنێوان (42) ئەندامی فراكسیۆنی پارتیدا بووە بۆ هەڵبژاردنی (9) كەسیان وەكو ئەندامی كۆنگرە.
(درەو) زانیویەتی، لەكۆی ئەو (42) پەرلەمانتارەی پارتی، (38) كەسیان خۆیان بۆ ئەندامێتی كۆنگرە كاندید كردووە، بەڵام دواتر (7) كەسیان كشاونەتەوەو (31) پەرلەمانتار چونەتە ناو كێبركێی هەڵبژاردنەوە، واتە لەكۆی (42) پەرلەمانتار تەنیا (11) كەسیان خۆیان بۆ ئەندامێتی كۆنگرە كاندید نەكردووەو تەنیا دەنگدەر بوون.
بەپێی وتەی ئەوانەی كە ئاگاداری وردەكاری هەڵبژاردنەكە بوونو (درەو) قسەی لەگەڵ كردوون، هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان كە نزیكە لە مەسرور بارزانییەوە لیستێكی ئامادەكردووە بەمەبەستی سەرخستنیان بۆ كۆنگرە، كاتێك ئەندامانی فراكسیۆنەكە ئاگاداربوون لە لیستەكە، دەنگیان پێنەداوەو بەمەش لە لیستەكەی هێمن هەورامی تەنیا (2) پەرلەمانتار سەركەوتوون بۆ كۆنگرە.
فراكسیۆنی پارتی كە ژمارەی ئەندامەكانی (45) كەسە، بەپێی زانیارییەكان نزیكەی (28) كەسیان سەربە ئاڕاستەی مەسرور بارزانیو (11) كەسیان سەربە ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانین، لەم نێوەندەدا (6) پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكە خۆیان وەكو "بێلایەن" لەنێوان هەردوو ئاڕاستەكە پێناسە دەكەن، واتا هێمن هەورامی لیستی تایبەتی لەناو ئاڕاستەكەی مەسرور بارزانیدا لەناو فراكسیۆن دروستكردووەو ئەمە بە زیانی ئاڕاستەكە شكاوەتەوە.
ئەو ئەندامانەی فراكسیۆنی پارتی لەناو ئەم ململانێیەدا سەركەوتن بۆ كۆنگرە بریتین لە:
• عەبدولسەلام دۆڵەمەری
• پێشەوا هەورامانی
• ئەرشەد لۆلانی
• لیزا فەلەكەدین كاكەیی
• جوان رۆژبەیانی
• بەختیار شوكر
• بەهجەت عەلی
• هێڤیدار ئەحمەد
• حیكمەت محەمەد
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لەكۆی ئەو (9) پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی پارتی كە سەركەوتوون بۆ كۆنگرە (7) كەسیان سەربە ئاڕاستەكەی نێچیرڤان بارزانین، لەمەدا هەندێك لە پەرلەمانتارانی ئاڕاستەی مەسرور بارزانیی ناڕەزایەتییەكەیان ئاڕاستەی هێمن هەورامی دەكەنو پێیانوایە تەكتیكەكەی ئەو بۆ هەڵبژاردن ئاڕاستەی مەسرور بارزانی لەناو فراكسیۆن توشی شكست كردووە تا ئەو رادەیەی نەیتوانیوە (دكتۆر سەباح زێباری) خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بۆ كۆنگرە سەربخات، بەڵام هەندێكی تریان ئەم بۆچونە رەتدەكەنەوەو دەڵێن بڕیارەكە لە هێمن هەورامی گەورەتر بووەو لە دەرەوەی فراكسیۆنەوە دەستوەردان كراوە بەو ئاڕاستەیەدا.
دیاترین ئەو ئەندامانەی فراكسیۆن كە لەناو ئەو ململانێیەدا سەرنەكەوتن بۆ كۆنگرە بریتی بوون لە:
• رێبوار بابكەیی
• سەباح زێباری (خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی)
• بەهمەن كاكە عەبدوڵا
• حەسیبە گەردی
• سەروان هەركی (بەهۆی ناڕەزایەتییەكانییەوە كشایەوە)
كۆبونەوەی پەرلەمانو ناكۆكییەكانی پارتی
ماوەی دوو هەفتەیە پەرلەمانی كوردستان كۆنەبوەتەوە، بەپێی وتەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنەكانی تر كە (درەو) قسەی لەگەڵدا كردوون، بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی فراكسیۆنی پارتییەوە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەكە، كۆبونەوەی پەرلەمان پەكیكەوتووە.
ناكۆكییەكانی ناو فراكسیۆنی پارتی گەیشتوەتە ئاستێك، مەترسی هەیە لەكاتی دانیشتنی پەرلەماندا پەرلەمانتارانی پارتی روبەڕووی یەكتر بوەستنەوەو ناكۆكییەكانیان لە پشتی پەردەوە بخەنە بەردەم پەردەكە.