Draw Media

سبەینێ بافڵ تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

سبەینێ بافڵ تاڵەبانی‌و مەسعود بارزانی كۆدەبنەوە

2022-09-18 14:51:49


(درەو):
سبەینێ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆدەبێتەوە، رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارو چەند بابەتێكی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان دەكرێت.  
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە ناو كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیەوە دەست (درەو) كەوتووە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رایگەیاندووە سبەینێ دەچێتە پیرمام‌و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆدەبێتەوە. 
رەنگە ئەمە دوا كۆبونەوە بێت بۆ رێككەوتن لەسەر پرسی كاندیدی سەرۆك كۆمارو پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا، بەتایبەت چلەی ئیمام حسێن كۆتایی هاتووە پارتی و سونەش بە فەرمی بۆچونی خۆیان راگەیاندووە كەلەگەڵ پێكهێنانی حكومەتی نوێن نەك هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ئەمە لەپاڵ بڕیاردان لەبارەی چەند پرسێكی تری تایبەت بە ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەوانە پرسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان‌و دەستوری هەرێم. 
دوێنێ رۆژنامەی (شەرقولئەسەت) لەزاری بەرپرسێكی باڵای كوردەوە رایگەیاند، پارتی‌و یەكێتی لەرێككەوتنی كۆتایی نزیكبونەتەوە‌و ئەم رێككەوتنە گشتگیرەو تەنیا پرسی سەرۆك كۆمار ناگرێتەوە، دەیانەوێت "بەرەی یەكگرتووی كورد" لە عێراقدا دروست بكەنەوە، هەندێك باسلە ئەگەر ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی "ستراتیژی نوێ" دەكەن لەنێوان هەردوو حزبەكەدا هاوشێوەی رێككەوتنەكەی ساڵی 2005 كە لەدوای نەخۆشكەوتن‌و كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتییەوە هەڵوەشایەوە. 
مەراسیمەكانی چلەی ئیمام حوسێن لە عێراق كۆتایی هات، بڕیارە لایەنە عێراقییەكان  بەفەرمی دەست بە گفتوگۆكانیان بكەنەوە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت. 
قسەوباس هەیە لەماوەی چلەی ئیمام حوسێندا لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی لەپشتی پەردەوە گفتوگۆیان لەگەڵ سوننە‌و كورد كردووە، بڕیارە پارتی‌و سیادەی سوننەكان پێكەوە وەفد بنێرن بۆ بەغداد بۆ دانوستان لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و رەوتی سەدر. 
موقتەدا سەدر كە بەر لە چلەی ئیمان حوسێن داوای لە بارزانی‌و حەلبوسی كرد لە پەرلەمان بكشێنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشێتەوە، وەڵامی نەرێنی وەرگرت‌و بارزانی‌و حەلبوسی پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامبوونی پەرلەمان‌و پێكهێنانی كابینەیەكی نوێی حكومەت لە عێراق راگەیاند، ئەمە وەكو پێشمەرج بۆ هەر هەڵبژاردنێكی پێشوەختە كە ئەنجام بدرێت. 
هێشتا موقتەدا سەدر وەڵامی پەیامەكەی بارزانی‌و حەلبوسی نەداوەتەوە، بەڵام پەیامەكە گوڕێكی بەهێزی بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی بەخشی. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand