ژینا ئەمینی: قەیرانە کوشندەکانی لەشی دینیی

Draw Media

2022-09-18 11:11:13



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

بە ھەموو پێوەرێک، کۆماری ئیسلامی ئێران، نموونەیەکی تەواو فاشیل و ترسناک و تۆتالیتاریی دەسەڵاتدارێتی دینییە لە جیھاندا. ئەم فۆرمە لە دەوڵەت و حوکمڕانیی کە زیاد لە چل ساڵە سەرجەمی دەسەڵاتەکانی ئەو وڵاتەی لەدەستدایە، دەسەڵاتی سیاسیی، ئابوریی، ئەمنیی، سەربازیی، دینیی، ئەخلاقیی، میدیایی، ھتد..کەچی تازە بە تازە خانمێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵان، نەوەی سێھەم و چوارھەمی ئەو شۆڕشە ئیسلامییە، لەسەر باش نەپۆشینی حیجاب دەکوژێت. دەوڵەتی دینیی بەگشتیی و دەوڵەتە  ئیسلامییەکانی دونیای ئەمڕۆ بەتایبەتی، جگە لە ئەزموونێکی سیاسیی و ئابوریی و دینیی و ئەخلاقیی فاشیل و ترسناک، دەوڵەتێک کە ھیچ شتێک نایکات بە بەشێک لە پێدراوە ئینسناییە سەرەتاییەکانی دونیای ئەمڕۆ، شتێکی تری بەرھەمنەھێناوە. نە دەسەڵاتە ئیسلامییە شیعییەکەی ئایتوڵاکانی ئێران، نە دەسەڵاتە ئیسلامییە سونییەکەی ئەفگانستان، نە ئەزموونی دەوڵەتەکەی ئیخوانی موسلیمین لە سودان، نە شانشنیە نەوتییەکانی خەلیج، نە ئەزموونەکەی ئەردۆگان، و نە خەلافەتەکەی داعش، ھیچیان نموونەیەک لە حوکمڕانیی و دەسەڵاتدارێتیان نیشاننەداوە بکرێت کەمترین ڕێزیان لێبگیرێت. بەپێچەوانەوه‌ ھەر یەکێکیان سەرچاوەی سەدەھا کێشەی گەورەو ترسناکن ھەم بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان و ئەوانەی ڕاستەوخۆ حوکمڕانیان دەکەن، ھەم بۆ دراوسێکانیان و ھەم بۆ جیھانیش. کوشتنی ژینا ئەمینی درێژەی ئەو دۆخی سوکایەتیکردن و ئیھانەکردنە ڕۆژانەیەیە کە مرۆڤە لەو وڵاتانەدا، ئەزموونی دەکات. ئەم ڕژێمە ئیسلامییانە لە ھەموو بوارەکاندا فەشەلێکی سەرتاسەریان ھێناوە، تەنانەت لە بواری بەرھەمێنانی ئەو ”لەشە دینیی“ەشدا کە بە پرۆژەی سەرەکیی خۆیان دەزانن و وەک تاقە شێوازیی ”شەرعی“ و قبوڵکراوی لەشیش لە جیھاندا، سەیری دەکەن.  

لەش لە فیکری دینیدا، بە شێوەیەکی گشتیی، وەک تاوانبارو کێشەیەکی ئەخلاقیی ئامادەیە، بوونێکی سەرزەمینییانەی کاتیی و کەمنرخی ھەیە، وەک زیندانی ڕۆح دەبینرێت و نمایشدەکرێت، ڕۆح کە پێگەیەکی بەرزترو خوداییترو نەمرتری ھەیە. لە دیدگا دینییەکەوە ڕۆح و لەش دوو یەکەی لەیەکتری جیاوازو دابڕاون، لەش وەک ڕێگرو کۆسپ لەبەردەم گەیشتن بە ڕۆحانیەت و بە ژیانێکی دینیی پایەبەرز وێنا دەکرێت، کە بتوانێت مرۆڤ لە ئاسمان و لە خوداوەند، نزیک بکاتەوە. بەشێک لە تقوسە دینییەکان خۆیشیان لە گریمانەی پیسیی لەشەوە دەستپێدەکەن لە کردەی چوونە پەیوەندییەوە لەگەڵ خوداوەندا. بۆیە بەر لە چوونە ناو ئەو پەیوەندییەوە پێویستە ئەو لەشە پاکژبکرێتەوە. سروت و تقوسی نوێژکرن بەشێوەیەکی ڕۆژانە ئەم ڕاستییەمان نیشانئەدات. دەستنوێژکردن جۆرێک لە کردەی پاکژکردنەوەی لەشە بەر لە چوونە حوزوری خوداوە. بەشێوەیەکی گشتیی، لەش لە دیدگا دینییەکەوە، سەرچاوەی بەشی ھەرەزۆری گوناھەکانە، بۆیە دەبێت بەناو ھەندەسەیەکی دینیی تایبەتدا تێپەڕێت، کە زۆربەی جار خۆی لە داپۆشین و نەبین و شاردنەوە و لە کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکریندا، دەبینێتەوە. لەم کردەی داپۆشین و شاردنەوەو کۆنترۆڵ و دیسپلینکردنەدا لەشی ژن بەشی شێری ئەم ھەندەسە دینییەی، بەردەکەوێت.  
ئیسلامی سیاسیی، لە ڕۆژی دروستبوونیەوە، دروستکردنی لەشی دینیی وەک یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی ئیشکردنی خۆی ناسیوە، بەتایبەتی دروستکردنی لەشی دینیی ژنان. لەسەردەمی حەسەن بەناوە لەش بە خەستیی لەناو پرۆژەی ئیسلامی سیاسیدا نیشتەجێیە. ئەگەر ئیسلامی سیاسیی، بەشێوەیەکی گشیی، لەوەدا فەشەلی ھێنابێت کە تیورەیەکی تایبەت سەبارەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی، سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی ئابوریی، سەبارەت بەو دەزگایانەی کۆمەڵگاو دونیایەکی مۆدێرن پێویستیی پێیەتی، سەبارەت بە مافە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، پێشکەشبکات، ئەگەر فەشەلی ھێنابێت لەوەدا کایەی دین یەکبخات و کۆتایی بە مەزھەب و تائفیەتی دینییەکان بھێنێت، ئەگەر لەم بوارانەدا جگە لە بۆشایی شتێکی تری بۆ دروستنەکرابێت، ئەوا لە بواری لەشدا، بە تایبەتی لە پەیوەندید بە لەشی ژنەوە، کەلەپورێکی گەورەی دروستکردووە. لەم کەلەپورەدا دوو مەسەلە سەرەکییە. یەکەمیان ترسە لە لەش، بەتایبەتی لە لەشی ژن. دووھەمیان، ھەوڵی داپۆشین و شاردنەوە و نەفیکردنی ئەو لەشەیە لەناو ژیانی گشتیدا، بێگومان بە فۆرم و شێوازی جیاواز. تا ئەو شوێنەی یەکێک لە دەرکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی شوناسی ئیسلامی سیاسیی وەک ئایدیۆلۆژیاو وەک بزوتنەوەی سیاسیی، بریتییە لە چۆنیەتی دەرکەوتن و نمایشکردنی لەشی ژن لەناو ژیانی گشتیدا. ئەم شوێنە سەرەکیی و ناوەندییەی لەشی ژن لەناو پرۆژەی ئیسلامی سیاسیدا وایکردووە جل و بەرگ، کەمتر پەیوەندیی بە دین و دینداریی و زیاترو زیاتر پەیوەندیی بەو پرۆژە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییەوە ھەبێت کە سەد ساڵە لە ئارادایە، لە سەردەمی حەسەن بەناو دروستبوونی ئیخوانی موسلیمینەوە بیگرە، بە تێپەڕین بەناو خومەینیزم و ئەزموونی کۆماری ئیسلامی، تا بەگەیشتن بە ئەزموونەکانی تری ئیسلامی سیاسی دەگات. لەش لەناو ئەم بەسیاسیکردنە سەرتاسەرییەی ئیسلامدا، بووە بە ھەڵگری دین و دینیش بە شوناسی سیاسیی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی خۆی. 
ئیسلامی سیاسیی لە ڕێگای دروستکردنی لەشی دینییەوە، بە تایبەتی لەشی بەدینیکراوی ژنانەوە، پەیوەندیی بەو ژینگەیەوە دەکات کە تیایدا دروستدەبێت. لەم دۆخەدا لەشی دینیی بەگشتیی و لەشی ژن بەتایبەتی، ئامرازە، ئامرازیی سەرەکیی پەیوەندیکردنی ئەم ھێزانەیە بەو کۆمەڵگایانەوە کە تیایاندا دروستدەبن. زیادبوونی داپۆشینی لەشی ژن وەک ھێما بۆ سەرکەوتنی خۆیان و کەمبوونی داپۆشین و لاوازیی لەشی دینیی، یاخود دروستبوونی لەشی نادینیی، وەک لاوازیی یان فەشەلی خۆیان سەیردەکەن. ئەگەر بکرێت شتێک لە کۆمەڵناسی گەورە (پیار بۆدریۆ)ەوە فێرببین ئەوەیە کە لەش لە کۆمەڵگادا وەک زمان کاردەکات. بۆیە لەشی دینیی بەگشتیی، بە تایبەتیتر لەشی دینیی ژن، زمانی سەرەکیی قسەکردنی ئیسلامی سیاسییە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایانەدا کە دەچێتە ناویانەوە. لەشی ژن لە ئیسلامی سیاسیی بسێنیتەوە، کەلێنێکی ھێجگار گەورە لە زمانی قسەکردنیاندا دروستدەبێت و لەزۆر سەرەوە لە قسەکوتن دەکەون. 

بەڵام لەگەڵ دروستبوونی باڵی جیاواز لەناو ئیسلامی سیاسیدا، لە ئیخوانەکانەوە بیگرە بۆ بزاوتە سەلەفییە جۆربەجۆرەکان، لەشی دینیی توشی دابەشبوون و پارچەپارچەبوون دەبێت، لەوە دەکەوێت لەشێکی یەکشێوەبێت. وەکچۆن ئەو زمانە دینیەش کە قسەی پێدەکەن پارچەپارچە دەبێت. فۆرمەکانی داپۆشینی لەش، بۆ نموونە، لەناو دیدگای بزوتنەوە سەلەفییەکاندا، تەواو جیاوازە لەوەی لای لاشەی دینیی ئاسایی، ئامادەیە. حیجاب، ئەو زمانە سەرەکییەی ئیسلامی سیاسی قسەی پێدەکات، چ لە فۆرمە خومەینیەکەیدا، چ لە فۆرمە ئیخوانییەکەیداو چ لە فۆرمە سەلەفییەکەیدا، دابەشدەبێت و شێوازی جیاواز دەگرێتە خۆی. ھەریەکێکیش لەوان ھێما بۆ شوناسی ئەو ھێزە سیاسییە دینییە دەکات کە نوێنەرایەتی دەکات. حیجابی ئیخوانییەکان و حیجابی سەلەفییەکان و حیجابی ئیماندارە ناسیاسییەکان، یەک حیجاب نین، نیقاب و بورقە و پۆشاکی خەلیجییش جیاوازە لەو سەرپۆشە سونەتیانەی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا لەسەریاندکردو لەسەریدەکەن. سەرپۆش و لەچکی سونەتی ژنان ڕمزو کۆدێکی کۆمەڵایەتییە لە دەرەوەی ھەر پرۆژەیەکی سیاسیی دینیدا، میکانیزمێکە لەو میکانیزمانەی لە کۆمەڵگادا ژنان لە پیاوان جیادەکرێنەوە، بەبێ ئەوەی لە پشتی ئەم جیاکارییەوە پرۆژەیەکی سیاسیی دیاریکراو و ڕوانینێک بۆ چۆنیەتی حوکمڕانیی و پرۆژەیەک بۆ دەوڵەتداریی، ئامادەبووبێت. لەچکی دایکانی ئێمە، لەباشترین حاڵەتدا، ھێمای بۆ ئاسۆیەکی دینیی کردووە، لەپاڵ چەندان ئاسۆی تردا، کە کۆمەڵگا بە ھۆیانەوە لە خۆی ڕوانیوەو دیاردەکانی ناو ھەناوی خۆی لێکداوەتەوە. لەچک بەشێکبووە لە جلوبەرگی ژنانە، بەر لەوەی ئەو جل و بەرگە، ببێت بە پرۆژەی سیاسیی ئەم ھێز یان ئەو ھێزی سیاسیی لە کۆمەڵگادا. بەڵام حیجاب ڕەمزی سەرەکیی ئیسلامی سیاسیی و بزوتنەوە دینییە سیاسییەکانی سەدەی بیستەمە، ئەو زمانە ئاشکراو گشتییەیە کە قسەی پێدەکەن. ئەمە وایکردووە ڤێستیڤاڵ بۆ لەسەرکردنی حیجاب بۆ کچانی منداڵ سازبکەن و وێنەی بگرن و نمایشی بکەن و بڵاوی بکەنەوە، جۆرێک لە یەکپۆشیی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بەسەریاندا بسەپێنن کە تەنھا لە سیستمە دیکتاتۆریەکاندا بوونی ھەبووە. ئەو منداڵانەش زۆر کەمتر وەک ئیماندارو زۆر زیاتر وەک شوناسی ئەو ھێزە سیاسییە دینییەو وەک ھێمایەک بۆ دەسەڵاتی ئەو ھێزە لە کۆمەڵگادا کە حیجابەکەیان دەکاتەسەر، دەردەکەون. 
بەکورتییەکەی، بەدینییکردنی لەشی ژن لەم ناوچەیەدا، ھێما بۆ ئەو دەسەڵاتە ئاوساو و فوتێکراوە دەکات کە ئیسلام، بەپێی تێگەیشتنی ئیسلامی سیاسیی و وەک شوناسی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی، لەدوای شۆڕشی ئێرانییەوە، بەدەستیھێناوە. دروستکردنی لەشی ژنانەی دینیی، نەک تەنھا ھێما بۆ دەسەڵاتی ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیی دەکات، بەڵکو تەماحی قۆرخکاریی ئەم ھێزانەش بۆ دین و دینداریش، نیشانئەدات. کوشتن لەسەر پۆشین یان نەپۆشینی حیجاب دەرەنجامێکی لۆژیکیی ئەم جۆرە بیمارو پاسۆلۆژیەی ئیسلامی سیاسییە لەناو مێژووی ئەم ناوچەیەدا. سەندنەوەی ژیان لەو خانمە گەنجە، لە ژینا ئەمینی، سەندنەوەی سەرجەمی ئەو ماف و ڕێزانەیە لە مرۆڤ لە دونیای مۆدێرندا بەدەستیھێناوە. کوشتنی ئەم خانمە بۆگەنبوونی ئایدیۆلۆژیاو ھەرەسی سیاسیی و ئەخلاقیی پرۆژە سیاسییەکەی، ھێزەکانی ئیسلامی سیاسیمان، نیشانئەدات. ڕۆژانە دەبینین مرۆڤی ئەم ناوچەیە بەشێوازی جیاواز لەو پرۆژە ترسناک و توندوتیژەی دروستکردنی لەشی دینیی ھەڵدێت، لەش لەم ناوچەیەدا لە دۆخی ھەڵاتنێکی بەردەوامدایە لەو پێناس و نمایشکردنە دینییانەی بۆی دروستکراوە. مەرگی ژینا ئەمینی یەکێکە لە ڕێگایانەی ھەڵاتن لەم لەشە دینییە ئایدیۆلۆژیە سیاسییە بیمارە، کە ھێزێک سەپاندویەتی سوکایەتیکردن بە مرۆڤ و مافەکانی بەشێکی سەرەکیی پرۆژە دینیی و سیاسییەکەیەتی.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

لەگەڵ ئەوەیت هەرێمی كوردستان نەوت رادەستی بەغداد بكات؟

بەڵێ
نەخێر
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand