Draw Media

كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی پشكەكانی فرۆشت و كوردستانی جێهێشت

كۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی پشكەكانی فرۆشت و كوردستانی جێهێشت

2022-09-16 07:12:43


دره‌و
كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزی فه‌ره‌نسی فرۆشتنی پشكەكانی بەرێژەی 18%ی  لە بلۆكی نەوتی سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆك بە بڕی ( 155)ملیۆن دۆلار راگه‌یاند و هەرێمی كوردستانی جێهێشت.
كۆمپانیا فەرەنسیەكە رۆژی 5 شه‌ممه‌ 15/9/2022 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كیدا ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ پشكه‌كانی خۆی به‌ بری 155 ملیۆن دۆلار داوه‌ته‌ کۆمپانیای (شاماران پترۆلیۆم) کە کۆمپانیایەکی دۆزینه‌وه‌و گەشەپێدانی نه‌وتی کەنەدییە و لە هەرێمی كوردستاندا کاردەکات.
به‌ پێی راپۆرتی كۆمپانیاكه‌ بری بەرهەمهێنانی تۆتاڵ ئینێرجیز لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی (٣٥٠٠) بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.
بلۆكی نەوتی سەرسەنگ له‌ ساڵی 2011دا دۆزرایه‌وه‌ كه‌ %62ی پشكه‌كانی له‌لایه‌ن HKNی ئه‌مریكی و 20% له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خاوه‌نداری ده‌كرێت و ئه‌و 18%ی ده‌مێنێته‌وه‌ له‌لایه‌ن تۆتاڵ ئینێرجیزه‌وه‌ خاوه‌نداری ده‌كرا.
له‌ لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ كۆمپانیا كریار له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كرینی پشكه‌كانی بلۆكی نەوتی سەرسەنگی ئاشكراكردو له‌وباره‌یه‌وه‌ عادل چاوش سەرۆکی شاماران ئەم کڕینەی بە "ڕۆژێکی گرنگ بۆ شاماران" ناوبردو وتی: "ئێمە شامارانمان لە کۆمپانیایەکی تاکە سەروەت و سامانەوە گۆڕیوە بۆ کۆمپانیایەک کە خاوەنی پشکەکانی سێ کێڵگەی نەوتی بەرهەمهێنانی جیهانییە له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌وانیش (ئەتروش، سواره‌ توكه‌ و ڕۆژهەڵاتی سواره‌ توكه‌)ن.
شایه‌نی باسه‌ كۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیزی فه‌ره‌نسی سه‌ره‌تای كاركردنی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵانی 1920ه‌كان كه‌ یه‌كه‌مین دۆزینه‌وه‌ی خۆی له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك ئه‌نجامدا. له‌ ئێستادا كۆمپانیاكه‌ خاوه‌نی 22%ی پشكه‌كانی كێڵگه‌ی نه‌وتی حه‌لفایه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای عه‌مماره‌.
كۆی به‌رهه‌می كۆمپانیاكه‌ له‌ عێراقدا بۆ ساڵی 2021 نزیكه‌ی 14 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ بووه‌.
له‌ مانگی 9ی 2021دا تۆتاڵ ئینێرجیز رێككه‌وتنامه‌یه‌كی گه‌وره‌و فره‌ ره‌هه‌ندی بواره‌كانی وزه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا واژۆكردووه‌ كه‌ گرنگترینیان دامه‌زراندنی تۆرێكی نوێی غازو چاره‌سه‌ركردنی یه‌كه‌كان و هه‌روه‌ها به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بایە. هه‌ربۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت كشانه‌وه‌ی كۆمپانیاكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر خواستی حكومه‌تی عێراقی و له‌ راوانگه‌ی بریاری دادگای فیدراڵی عێراق بێت كه‌ پێشترو له‌ مانگی شوباتی ئه‌مساڵ نا یاسایی بونی گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاه‌نی راگه‌یاندبوو.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand