ئەمریكا و هەرێم رێككەوتنێك واژۆ دەكەن
2022-09-21 06:15:27
درەو:
بڕیارە ئەمرۆ لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم رێككەوتنێك واژۆ بكات، بەپێی رێككەوتنەكە ئەمریكا بۆ ماوەی پێنج ساڵ هاوكاری هێزی پێشمەرگە دەكات لەبەرامبەردا پارتی و یەكێتی هێزی پێشمەرگە یەكبخەن.
سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریكا بۆ كاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ دەگاتە هەرێمی كوردستان و سەرەتا لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە، دواتر لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە رێكەوتنێك واژۆ دەكەن.
سەرچاوەیەكی باڵا بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریكا و بەرپرسانی هەرێم رێككەوتنێك واژۆ دەكەن، رێككەوتنەكە بۆماوەی پێنج ساڵە.
بەپێی زانیارییەكانی درەو، لە رێككەوتنەكەدا ئەمریكا پابەند دەبێت كە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئەركی راهێنان و پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەئەستۆ دەگرێت لەبەرامبەردا دەبێت لەو ماوەیەدا هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێنەوەو هیچ هێزێك لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەمابێت.
لە ئێستادا ئەمریكاو هاوپەیمانان مانگانە بڕی (28 ملیار) دینار هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن بۆ موچەو سەرەرای هاوكاری لۆجستی و سوتەمەنی و خۆراك و پڕچەككردن.