مەسرور بارزانی واژۆ لەسەر چەند پۆستێكی تری گۆڕان دەكات
2022-09-20 07:38:19
درەو:
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستا واژۆ لەسەر ژمارەیەك پۆستی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات، لەبەرامبەر پێكەوە بوون لە پرسی دەستور و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و بەردەوام بوون لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەرچاوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕان بە (درەو)ی راگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر ژمارەیەك پۆستی نوێی بزوتنەوەی گۆڕان كردووەو رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم كراوە بۆ دەرچونی مەرسومی هەرێمی.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد، كە پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی پارتی بە دانا عەبدولكەریم سەرۆكی تیمی گۆڕانی راگەیاندووە، كە مەسرور بارزانی واژۆی لەسەر پۆستە نوێیەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كردووە.
رۆژی 7ی ئەیلولی رابردوو تیمی پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت كۆبونەوە، كۆبونەوەكەش تایبەت بوو، بە سەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر یەكدی، تیمی بزوتنەوەی گۆڕان نیگەرانیان دەربڕیوە لەوەی تا ئێستا رێككەوتنی نێوانیان جێبەجێنەكراوەو بەشێك لە پۆستەكانیان وەرنەگرتووە، ئاماژەیان بەوەكردووە كە فشاری زۆریان لەسەرە لەلایەن جەماوەرەكەیانەوە، تیمی پارتیش بەڵێنی واژۆكردنی سەرجەم پۆستەكانیان بە بزوتنەوەی گۆڕانداوە، لەبەرامبەر پێكەوەبوون لە حكومەت و پرسی دەستور و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان.
پشتیوان سادق سەرۆكی تیمی حكومی پارتی لە رۆژی 7ی ئەیلول وێنەیەكی لە پەیجی خۆی بڵاوكردووەتەوەو نوسیویەتی: سەردان و كۆبوونەوەیەكی بەرهەمدار ،كاك مستەفا سەیدقادر جێگری سەرۆكی هەرێم، كاك هێمن هەورامی،كاك دانا عەبدولكەریم.
ئەو پۆستانەی كە مەسرور بارزانی واژۆی لەسەركردوون:
• هەڵۆ سەلاح چاوشین، بەرێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان
• هادی ئەكرەم، راوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
• پێشرەو بابە شێخ، راوێژكار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان.
• بەهرۆز عەلی، راوێژكار لە ئەنجومەنی وەزیران.
• رەزا جەبار، بەرێوەبەری گشتی بۆ بەدواداچون وتەفتیش لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی.