دیلۆیت راپۆرتی نیوەی دووەمی 2022 بڵاو نەکردووەتەوە!
2023-01-18 19:13:40
شیكاری: درەو:
لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە (6) مانگ تێپەڕیوە، بەڵام کۆمپانیای دیلۆیت هیچ زانیارییەکی لەبارەی نەوتی هەرێمەوە بڵاو نەکردووەتەوە لە کاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی درەو لە نیوەی دووەمی 2022؛ بەهۆی هەوڵەکانی بەغدا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوە، فشاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت و کڕیارانی نەوتی هەرێم بۆ سەر حکومەتی هەرێم زیادی کردووە، حکومەتی هەرێم ناچارکراوە بە خەرجی زیاترو هەزانتر فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەمەش بووتە هۆی بەرزبوونەوەی خەرجی پرۆسەی نەوت لە (56%)ەوە بۆ سەروو (60%)، جگە لە دابەزینی داهاتی گشتی نەوت بەهۆی داشکاندنی زیاتری نرخی نەوتی هەرێم لە بازاڕەکانی جیهان.
بەپێی زانیارییەکانی درەو میدیا لە نیوەی دووەمی ساڵی (2022)دا، هەرێم (72 ملیۆن و 970 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمەوە فرۆشتووە، بە تێکڕای ڕۆژانەی (396 هەزار و 535) بەرمیل. بەجۆرێک؛
لە مانگی تەموز (13 ملیۆن و 400 هەزار) بەرمیل، لە مانگی ئاب (11 ملیۆن و 500 هەزار) بەرمیل، لە مانگی ئەیلول (13 ملیۆن و 220 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی یەکەم (12 ملیۆن و 250 هەزار) بەرمیل، لە مانگی تشرینی دووەم (10 ملیۆن و 345 هەزار) بەرمیل و لە مانگی کانونی یەکەم (12 ملیۆن و 255 هەزار) بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە (بڕوانە چارتی ژمارە (1))
چارتی ژمارە (1)
تێکڕای بەهای بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهان لە ماوەی ناوبراودا (94.66) دۆلار بووە، بەڵام هەرێم نەوتی بە زیاتر لە (15) دۆلار هەرزانتر فرۆشتووە.
نەوتی هەرێم لە نیوەی دووەمی (2022)دا لایەن کەشتی (11) وڵاتەوە بارکراوە، بە جۆرێک؛ کەشتییە ئیتاڵییەکان بە پلەی یەکەم دێن و (27%) نەوتی هەرێمیان بارکردووە، لە دوای ئەویش کەشتییە ئیسرائیلییەکان (19%) و یۆنانییەکان بە ڕێژەی (14%)، نەوتی هەرێمیان بارکردووە. لە بارەی تەواوی نەوتی بارکراوەی هەرێمەوە بڕوانە (چارتی ژمارە (2))
چارتی ژمارە (2)