"لەهەناردەكردنی شۆڕشەوە بۆ هەناردەكردنی كێشە"
2023-01-20 09:17:06
درەو:
پەیمانگای واشنتۆن لەڕاپۆرتێكدا, ڕۆشنایی خستووەتە سەر هەژموون و باڵادەستی ئێران لەعێراق لەدوای ساڵی 2003وەو, شیكردنەوەیەكی وردیشی بۆ لێكەوتە ئاینی و ئابوری و سیاسییەكانی ناسەقامگیری لەناوخۆی ئێران لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان كردووە, بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتییەكان لەوڵاتە.
پەیمانگاكە, باسی لەهێرشەكانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەرگروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی, لەهەرێمی كوردستان كردووە, هەروەها ئاماژەی بەو ئەگەرو كارتی فشارانەش كردووە كە دەكرێت تاران بەكاریان بهێنێت, لەناویاندا بەكارهێنانی گروپە چەكدارەكانی شیعەیە دژی هەرێمی كوردستان .
پەیمانگای واشنتۆن:
🔹لەهەناردەكردنی شۆڕشەوە بۆ هەناردەكردنی كێشە, لەساڵی 2003وە, ئێران وەك گۆڕەپانێكی جەنگی ستراتیجی و یەكێك لەسیماكانی هەژموونی دژی نەیارەكانی, تەماشای عێراقی كردووە, بەڵام بەتێپەڕبوونی كات, عێراق بەهێواشی لەشوێنی هەژمونی ئێرانەوە بووە بەشوێنی فرێدانی كێشەكانی ئێران.
🔹هێشتا ئێران خاوەنی هەژمونێكی لەڕادەبەرە لەعێراق و سوریاو لوبنان و, هەر ناسەقامگیرییەكی سیاسیش لەئێران لێكەوتەی دەرەكی دەبێت لەسەر ئەو وڵاتانە, بەتایبەت دۆخی عێراق.
🔹ڕەنگە هەڵكشانی ناسەقامگیری لەئێران ببێتە هۆی لەدەستدانی پێگەو كاریگەری لەعێراق, كە ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر شێوازی حوكمڕانی لەدوای ساڵی 2003وە, كە لەشیعەدا بەرجەستەبووە.
🔹تاران هەژمونێكی گەورەی هەیە بەسەر دەستەبژێری سیاسی و هێزە سەربازییەكان لەعێراق, بەم دواییانە ئەو دەسەڵاتەی لەڕێی هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە بەكارهێناوە.
🔹دوای سەرهەڵدانی ناڕەزاییەتیەكانی تشرینی 2019, دابەشبونی نێوان قوم و نەجەف زیاترو زیاتر چەسپی, لەسەرەتای شۆڕشی ئێرانەوە, مەرجەعەكان پایەیەكی بنەڕەتی ڕژێمیان پێكهێناوەو, ڕوویەك لەڕووە سیاسییەكانی ویلایەتی فەقیهیان بەرجەستەكردووە, بەوهۆیەشەوە ئێرانییەكان بەردەوام بەگومانەوە لەمەرجەعەكانیان ڕوانیوە.
🔹لەكاتێكدا مەرجەعەكانی نەجەف پشتیوانیان لە خۆپیشاندارەانی ئاشتیخوازو داواكارییەكانیان كرد بۆ چاكسازی و دانانی سنورێك بۆ گەندەڵی و پاراستنی سەروەری عێراق و كۆنتڕۆڵكردنی گروپە چەكدارە شیعییەكان لەلایەن حكومەتەوە, ئێران و مەرجەعەكانی قوم خۆپیشاندانیان ڕەتكردەوە.
🔹بەهۆی بوونی هاوپەیمانەكانی ئێران لەپەرلەمان و, كاندیدی پەسەنكراو بۆ سەرۆكایەتی و, پەیوەندی توندوتوڵ لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی لەعێراق, ئێران دەتوانێت عێراق هانبدات هەنگاوبنێت دژی ویلایەتەیەكگرتووەكانی و, هەوڵی كۆنی دەركردنی نێردەی ڕاوێژكاری ئەمریكی لەعێراق زیندوبكاتەوەو دیموكراسی پەكبخات.
🔹ئێران بەدیاریكراوی تێكەڵكردنی میلیشیا چەكدارەكانی شیعەی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان ڕەتكردەوەو, بەفروانكردنی هەژموونی بەسەر هاوپەیمانەكانیدا وەڵامی دایە, ئەگەر هەژموونی قوم پاشەكشێی بكات, بێگومان هەژموونی نەجەف زیادەكات.
🔹كوردو سوننە ڕۆلێكی گرنگیان گێڕا لەكێبڕكێی نێوان ڕەوتی سەدرو چوارچێوەی هەماهەنگی, نائامادەیی دەستوەردانی ئێران دەبێتە مایەی بەشداری زیاتریان لە پرۆسەی سیاسی و دروستكردنی بڕیار.
🔹لاوازبونی هەژمونی ئێران لەعێراق كاریگەرگەرییەكی سیاسی گەورەی دەبێت و, ڕەنگە ڕۆڵێكی چالاكتر بۆ كوردو سوننە لەكاروباری عێراق بڕەخسێنێت.
🔹دەسەڵاتدارنی ئێران هەوڵیانداوە كێشەكانیان هەناردەی وڵاتانی تر بكەن, ئەمجارەش جیاوازترنییە لەڕابردو, لەگەڵ ئەو زنجیرە هێرشە ڕاستەوخۆیەی كردییە سەر هەرێمی كوردستانی عێراق.
🔹خۆپیشاندانەكانی ئێران, بووەتە هۆی تێكدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان, كە لەبنەڕەتەوە بەتایبەت دوای ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان پەیوەندییەكانیان بەرەو خراپی چووە, بەتایبەت دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی لەساڵی 2022.
🔹ئێران ترسی هەیە هەرێمی كوردستانی عێراق ببێتە سەكۆیەك بۆ چاودێریكردنی عێراق و ئێران و سوریا, بەوهۆیەشەوە هەرێمی كوردستانی كردووەتە گۆڕەپانی شەڕو هێرشی كردووەتە سەر گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن, هەروەها پەیامیشی بۆ ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی ناردووە.
🔹دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكان, ئێران هێرشەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە, سوپای پاسداران بنكەی گروپە ئۆپۆزسیۆنە كوردییەكانی ئێرانی لەعێراق بۆردومان كردووە.
🔹ئەگەر هەیە ئێران ئەو خۆپیشاندانانە بكاتە بەهانە بۆ داگیركردنی ناوچە لەهەرێمی كوردستان و بنكەی سەربازی لێ بنیات بنێت, وەك ئەوەی توركیا لەهەرێمی كوردستان و باكوری سوریا ئەنجامیداوە.
🔹ئێران دەتوانێت میلیشیا شیعییەكان وەك كارت دژی هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت, یاخود داوا لەحكومەتی عێراق بكات هێزی خۆی لەبری هێزەكانی هەرێم لەسنوری نێوان عێراق وئێران بڵاوەپێبكات و, حكومەتی نوێ لەبەغداد دژی هەرێم هانبدات, بەتایبەت دژی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پەیوەندییكی باشی نییە لەگەڵ ئێران ,هاوشێوەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان, یاریكردن بەم كارتە لێكەوتەی كارەساتاوی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان.