جگە لە كورسی پێكهاتەكان، پارتی بەهەموو هەنگاوەكانی تر رازیە

Draw Media

2023-01-22 19:58:23



درەو:
پارتی دیموكراتی كوردستان جگە لە پرسی پێكهاتەكان بە هەموو پرسەكانی دیكە رازیە (فرە بازنە یان یەك بازنە، هەمواری یاسای هەڵبژاردن، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن).
رۆژی چوارشەممەی رابردوو مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی كۆبووەوە، بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو) لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكراوە لەسەر پرسی هەڵبژاردن و رایانگەیاندووە كە دەبێت لەمساڵدا پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و چیتر دوانەخرێت.
سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە (درەو)ی راگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بووە لەسەر هەموو هەنگاوەكانی تایبەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، (فرە بازنەبێ یان یەك بازنە) یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكرێتەوە یان وەك خۆی دەبێت، شێوازی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، بەهەموو ئەوانە رازیە، تەنیا رازی نیە بە دەستكاریكردنی كورسی پێكهاتەكان.
بڕیارە سبەینێ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆببنەوە سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆكردن لەسەر شێوازی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و بەربەستەكانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان. 
لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن لەسەر چەند خاڵێك ناكۆكن:
•    هەمواری یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن هەموار بكرێتەوەو هەندێك لەگەڵ ئەوەیە بە هەمان یاسا بكرێت.
•    تۆماری دەنگدەران پاك بكرێتەوە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان تۆمار بكرێت و هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن بە تۆماری بەغداد بكرێت
•    شێوازی هەڵبژاردن  هەندێك لایەن لەگەڵ فەر بازنەن، هەرێمی كوردستان دابەشبكرێت بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن وەك پێشتر بەیەك بازنەی هەڵبژاردن بكرێت.
•    كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كە وادەی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیۆن بەسەرچووە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن بە هەمان پێكهاتە كارا  بكرێتەوە، هەندێك لەگەڵ ئەوەن هاوشێوەی بەغداد ژمارەیەك دادوەر دابنرێن، هەندێكیشیان لەگەڵ ئەوەن ئەندامانی نوێ دابنرێن لە كۆمسیۆن. 
•    پرسی كورسی پێكهاتەكان، كە بەشێك لەلایەنەكان لەگەڵ ئەوەن شێوازی هەڵبژاردن و كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت و شوێنی جوگرافیایان و پێكهاتەی تریش كورسی پێبدرێت، بەڵام هەندێكیان لەگەڵ ئەوەن نابێت كورسی پێكهاتەكان دەستكاری بكرێت. 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand