Draw Media

پارتی‌و یەكێتی كێشەكانیان دەبەنە بەغداد

پارتی‌و یەكێتی كێشەكانیان دەبەنە بەغداد

2023-01-18 11:23:16


راپۆرت: درەو
كێشمەكێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەیشتوەتە بەغدادیش، لەبەردەم لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی عێراقدا بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" حكومەتی هەرێم حكومەتی پارتییەو كاربەڕێكەرە، ئێمە دەمانەوێت لە حكومەت بكشێینەوە، بۆیە دەبێت لە یاسای نەوت‌و غازو بودجەدا مافی پارێزگاكان لەبەرچاوبگیرێت"، مەسرور بارزانیش لای سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق باسی لەوەكردووە" كێشەی یەكێتی پەیوەندی بە كەیسی كوژرانی عەقید هاوكار جافەوە هەیە"، لەدوای توندوبونەوەی ململانێكانیان لە بەغداد، مەسرور بارزانی بەیاننامەی دەركردو یەكێتیش لە گروپی "واتساپ"ی ئەنجومەنی وەزیران كشایەوە، وردەكاری ناكۆكییەكانی پارتی‌و یەكێتی لەبارەی بودجە‌و یاسای نەوت‌و غازەوە لەم راپۆرتەدا. 

پارتی‌و یەكێتی كێشەكانیان دەبەنە بەغداد
بەر لە هەفتەیەك، لە ماڵەكەی موسەننا سامەڕائی لە بەغداد، ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت كۆبووەوە، ئەم ئیئتیلافە لەو لایەنانە پێكدێت كە كابینەی نوێی حكومەتیان لە عێراق دروستكردووە، پارتی‌و یەكێتی بەشدارن لە ئیئتیلافەكەدا. 
ئەم ئیئتیلافە بڕیاریداوە، بەرلەوەی پرۆژەیاساكان رەوانەی پەرلەمان بكرێن یاخود بڕیارەكان لەناو حكومەتەوە دەربچن، دەبێت لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لەنێوان خۆیاندا كۆببنەوە‌و سەرەتا لە كۆبونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێن.
لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، لەبارەی یاسای بودجەی 2023ی عێراق‌و دەركردنی یاسای نەوت‌و غازی عێراق گفتوگۆ كرا، لە پارتی فوئاد حسێن‌و لە یەكێتیش بافڵ تاڵەبانی بەشداربوون.
یاسای بودجەو یاسای نەوت‌و غاز دوو بابەتی زۆر گرنگن سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغداد. محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی ئەوەی داوە لەماوەی شەش مانگدا دوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی، یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكات بەمەبەستی پەسەندكردنی. دوای دەرچوونی بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە شوباتی ساڵی رابردوودا، كە تێیدا یاسای نەوتی غازی هەرێمی هەڵوەشاندەوە‌و داوایكرد هەرێم نەوت‌و غازەكەی رادەستی بەغداد بكات، پەسەندكردنی یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵی‌و دیاریكردنی دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندو هەرێم بەسەر سامانە سروشتییەكانەوە لەناو یاساكەدا، تاكە رێگایە بۆ كۆتایهێنان بە حكومەكانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم، بەپێچەوانەوە بڕیارەكەی دادگا وەكو خۆی دەمێنێتەوە‌و دەسەڵاتدارانی بەغداد دەتوانن هەموو كاتێك وەكو كارتی فشار دژی هەرێمی كوردستان بەكاری بهێنن.
یەكێتی لە هەستیاری ئەم بابەتە سەبارەت بە هەرێمی كوردستان تێگەیشتووە، دەیەوێت وەكو كارتی فشار لەسەر مەسرور بارزانی تاقی بكاتەوە، پارتیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەیەوێت مەركەزیەتی پەیوەندییە دارایی‌و سیاسییەكان لەگەڵ بەغداد جڵەوەكەی هەر لە دەستی خۆیدا بمێنێتەوە. 
حكومەتی عێراق لەكاتێكدا سەرقاڵی ئامادەكردنی بودجەو  گفتوگۆیە لەبارەی دەركردنی یاسای نەوت‌و غاز، كە پارتی‌و یەكێتی لەهەرێمی كوردستان پەیوەندییەكانیان گرژی بەخۆوە دەبینێت. 

بافڵ تاڵەبانی: دیراسەی كشانەوە لە حكومەت دەكەین
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە بەغداد بە (درەو)ی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ماڵی موسەننا سامەڕائیدا، دوای ئەوەی فوئاد حسێن بۆچونی حكومەتی هەرێمی لەبارەی چۆنیەتی یاسای نەوت‌و غاز باسكردووە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لەبەردەم لایەنەكانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا بە توندی قسەی كردووە‌و وەڵامی داوەتەوە. 
بافڵ تاڵەبانی وتویەتی" ئێمە قسەی خۆمان هەیە لەسەر یاسای نەوت‌و غازو یاسای بودجە، ناكرێت یاساكە بە دڵی حكومەتەكەی پارتی بێت، چونكە ئەو حكومەتەی ئێستا لە هەرێم هەیە حكومەتێكی كاربەڕێكەرەو حكومەتی ئێمە نییە، حكومەتی پارتیەو سزای سلێمانی دەدات‌و ئێمە دیراسەی كشانەوە لەحكومەت دەكەین". 
هەر لەم كۆبونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە كردووە" لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵ هەروەها لە یاسای بودجەشدا دەبێت مافی رێككەوتنی پارێزگاكان پارێزراو بێت، ئێمە ئەمانەوێت كوانتاكتی تەواوەتیمان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەبێت". 
ئەوەی بە دیاریكراوی بافڵ تاڵەبانی لە یاسای نەوت‌و غازی فیدراڵدا داوای كردووە، بەپێی زانیارییەكانی (درەو) ئەوەیە" مافی رێككەوتنی پارێزگاكان لەگەڵ حكومەتی ناوەندی پارێزراو بێت". 
یەكێتی دەیەوێت لەیاسای بودجەی 2023دا بڕگەیەك جێگای بكرێتەوە‌و بەپێی ئەو بڕگەیە پارێزگای سلێمانی بتوانێت مامەڵەی دارایی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بكات نەك حكومەتی هەرێم، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە موچەی فەرمانبەرانەوە یاخود ئیمزاكردنی گرێبەست لە بواری نەوت‌و غازدا لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی. 
لە هەرێمی كوردستان نەوت‌و غاز وەكو دوو سەرچاوەی گرنگی سامانی سروشتی دابەشبووە بەسەر پارتی‌و یەكێتیدا، نەوت كارتی بەهێزی دەستی پارتییە چونكە زۆرینەی ئەو نەوتەی كە هەرێم هەناردەی دەرەوەی دەكات لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بەرهەمدەهێنرێت، تاكە سەرچاوەی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش كە كێڵگەی "كۆرمۆر"ە، دەكەوێتە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەكێتییەوە. 
ئەم ساڵانەی دوایی یەكێتی چەندجارێك لەرێگەی بەغدادەوە هەوڵی ئەوەیداوە وەبەرهێنان لە غازی كۆرمۆردا بكات، تا ئاستی هەناردەكردنی غاز لەرێگەی گرێبەستێكەوە لەگەڵ حكومەتی عێراق، یەكێتی خوازیاری ئەوەیە كۆمپانیایەك بە هاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق دروست بكات‌و غازی كۆرمۆر بە بۆری بگوازێتەوە بۆ ماڵان‌و وێستگەكانی كارەبا، پارتیش دەیەوێت هاوشێوەی نەوتەكە، غازی كۆرمۆر رەوانەی توركیا بكات. 
بەمدواییە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە كارتێكی تری یەكێتی كرد دژی پارتی، ئەوەش كاتێك بوو كە وتی" كۆندێنسەیتی ئێمە كوالیتی نەوتی هەرێمی بەرزكردوەتەوە، ئەگەر هەناردەی كۆرمۆر رابگرین پارتی زەرەر دەكات"، ئەمە مەبەست لەو بڕە نەوتە بەرهەمهێنراوەی كێڵگەی كۆرمۆرە كە دەكرێت ناو بۆری هەناردەی نەوتی هەرێمەوە بۆ بەرزكردنەوەی كوالیتی نەوتەكە.   
 
پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتیی
زیاتر لە سێ مانگە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكانی حكومەتی نەكردووە، رۆژی یەكشەممەی ئەم  هەفتەیە (100) هەمین كۆبونەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەت بەڕێوەچوو، هاوكات لەگەڵ ئەم كۆبونەوەیەدا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە‌و بەرپرسیارێتی بارودۆخەكەی خستە ئەستۆی یەكێتیی.
لەدوای راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانییەوە، تیمی یەكێتی لە حكومەت لەناو گروپی واتساپی ئەنجومەنی وەزیران چونە دەرەوە، ئەمە جارێكی تر گرژییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی گەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم. 
بەر لە راگەیەندراوەكەی مەسرور بارزانی، پارتی‌و یەكێتی لە رێككەوتن نزیكبونەوە سەبارەت بە ئاڵوگۆڕە وزارییەكان، بەتایبەتیش گۆڕینی (چەتۆ ساڵح) بریكاری وەزیری ناوخۆ لەسەر پشكی یەكێتیی، كە ئێستا یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكان، بەڵام راگەیەندراوەكەی سەرۆكی حكومەت‌و كشانەوەی وەزیرەكانی یەكێتیی لە گروپی واتساپ، جارێكی تر شەڕی میدیایی لەنێوان هەردوو حزبدا گەرمكردەوە. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، ئاڵۆزبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی دوای ئەو هەوڵانەی بەمدواییە خرانەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر هەموارە وزارییەكە، بە پلەی یەكەم پەیوەندی بەو قسانەوە هەبووە كە بافڵ تاڵەبانی لە كۆبونەوەكەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا لە بەغداد كردویەتی، ئەمە لەپاڵ هەوڵەكانی یەكێتی بۆ مامەڵەكردنی راستەوخۆ لەگەڵ بەغداد لەناو بودجەدا. 
ئێستا میدیای یەكێتی هەڵمەتی رەخنەی بۆسەر كابینەی نۆیەم دەستپێكردەوە، مەسرور بارزانی بە "سەرۆكی حكومەتی پارتی" ناودەبات، بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، میدیاكانی پارتیش لەسەروبەندی دەستپێكردنی هەڵمەتێكدان بۆسەر یەكێتی، هێڵی سەرەكی هەڵمەتەكەیان ناوهێنانی بافڵ تاڵەبانییە بە "هاوسەرۆك"، ئەمە بەواتای ئەوە دێت پارتی دەیەوێت لەسەر هێڵی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی یەكێتی گەمە بكات. 
هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، پێناچێت جارێكی تر قوباد تاڵەبانی بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران، هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، پارتی لەسەر بەرزترین ئاستی خۆی كە مەسعود بارزانییە، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی هێناوەتە پێش لە ئەمساڵدا. 
پارتی‌و یەكێتی پێكەوە‌و بە هاوكاری بزوتنەوەی گۆڕان‌و پێكهاتەكان، تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان‌و لەگەڵ پەرلەمانیشدا تەمەنی سەرۆكایەتی هەرێم‌و كابینەی نۆیەمی حكومەتیان درێژكردەوە، لەدوای ئەم درێژكردنەوەیە پەیوەندییەكانی پارتی‌و یەكێتی گرژی تێكەوت.
یەكێتی هۆكاری سەرەكی تێكچوونی پەیوەندییەكانی لەگەڵ پارتی بۆ "تاكڕەوی" مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران‌و سزادانی سلێمانی لەڕووی ئابورییەوە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام مەسرور بارزانی‌و پارتی دەڵێن ناڕەزایەتییەكانی یەكێتی لە حكومەت پەیوەندی بە دۆسیەی ئەمنی‌و بەدیاریكراویش كوژرانی عەقید (هاوكار جاف)ەوە هەیە‌و یەكێتی دەیەوێت كێشە ناوخۆییەكانی خۆی لە حكومەت‌و پارتی بئاڵێنێت. 
بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، لایەنە عێراقییەكان ئاگاداركراون لە كێشمەكێشەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتیی، لەكاتی سەردانەكەی ئەمدواییەیدا بۆ بەغداد، كاتێك باسی ناكۆكییەكان كراوە، مەسرور بارزانی بە فایەق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقی وتووە" كێشەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی پەیوەندی بە كەیسی هاوكار جافەوە هەیە‌و ئەمە كەسێكە كە بە تەواوەتی یاساییە‌و دادگا یەكلای كردوەتەوە".
لە دوای دەرچوونی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە لە ئۆكتۆبەری 2021دا، پارتی‌و یەكێتی هەرزوو دابەشبوون بەسەر جەمسەرە ناكۆكەكانی ناو ماڵی شیعەدا، پارتی لەگەڵ سەدر رۆیشت‌و تەبەنی پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی كرد، ئەمە بە پرۆژەی وڵاتانی خۆرئاواو هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە  ناوزەندكرا، یەكێتیش لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی رۆیشت كە پێیاندەوترێت لایەنەكانی سەربە ئێران‌و ئەمانە داوای بەردەوامیدانیان دەكرد بە پێكهێنانی حكومەتی "تەوافوقی".
كاتێك سەدر بەشێوەیەكی كتوپڕ لە پەرلەمان كشایەوە‌و وەكو لایەنی براوەی یەكەم دەستبەرداری پێكهێنانی حكومەت بوو، پارتی بە ناچاری رێگای حكومەتی تەوافوقی گرتەوەبەرو لەگەڵ یەكێتی‌و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییدا لە چوارچێوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەتدا كۆبووەوە.
ئیئتیلافەكە بەڵێنی دەركردنی یاسای نەوت‌و غازو چارەسەری كێشەی موچەو نەوتی داوە لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، بەڵام رەنگە ناكۆكییەكانی نێوان پارتی‌و یەكێتی لەبارەی ئەم پرسەوە، دەرفەتی ئەوە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران ببەخشێت، لەم كابینەیەشدا پرسەكە بە هەڵپەسێردراوی بەجێ بهێڵێت.
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand