Draw Media

حەوت وڵاتی عەرەبی دراوەكانیان لەبەردەم داڕماندایە

  حەوت وڵاتی عەرەبی دراوەكانیان لەبەردەم داڕماندایە

2023-01-21 19:25:42


 درەو:

بەم دواییانە چەندین دراوی وڵاتانی عەرەبی ڕوبەڕوی زیانی توندبونەتەوە,  ئەوەش بووەتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیرانی بژێوی و ئابوری بۆ وڵات و گەلەكانی بەهەمان ئاست, هەندێك لەوڵاتان ناچاربوون دراوەكەیان (تعویم) بكەن, واتە بەهای دراوەكەیان بەرامبەر بەدراوی بیانی ئازادبكەن و خواست و خستنەڕوو لەبازاڕدا بەهاكەی دیاریبكات و, حكومەت لەڕێی بانكی ناوەندییەوە هیچ دەستوردانێك نەكات, وڵاتێكی وەك عێراقیش كە خاوەنی گەورەترین یەدەگی دراوی بیانیە لەناوچەكەو 100 ملیارد دۆلاری تێپەڕاندووە, تائێستا ڕێوشوێنەكانی حكومەت و بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی, سەركەوتوو نەبووە لەدانانی سنورێك بۆ بەرزبونەوەو هەڵبەزو دابەزی بەهای دۆلار.  
درەو:
دیارترین ئەو دراوە عەرەبیانەی كە گەیشتونەتە ئاستی مەترسی داڕمان:

یەكەم: جونەیهی میسری
بانكی ناوەندی میسر لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2016وە, چوارجار بەهای دراوەكەی بەرامبەر دراوی بێگانە ئازادكردووە, كە دووجاریان لەساڵی 2022دا بووەو, لەمساڵیشدا جارێك.
ساڵی 2022 بۆ جونەیهی میسری پێوانەیی بوو, جونەیه  بەداشكان لە 15.75وە دەستیپێكرد بۆ 18 جونەیه بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, دوای بڕیاری بانكی ناوەندی بە ئازادكردنی بۆ نرخی بازاڕ لەمانگی ئازاری 2022, كە بەوەش 15% بەهاكەی لەدەستدا.
 لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ جارێكی تر بەتەواوی ئازادكرا بەوەش جونەیه 57% بەهاكەی لەدەستداو گەیشتە 24.7  جونەیه بەرامبەر یەك دۆلار.  
لەمانگی كانونی 2023 جارێكی تر  بەهای جونەیه ئازادكرا, لەچوارچێوەی دانوستانەكانی حكومەت لەگەڵ سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی بۆ بەدەستهێنانی قەرزێكی نوێ‌ بە بەهای 3 ملیار دۆلار لەماوەی چوارساڵی داهاتوودا, بەپێی ڕێككەوتنەكە حكومەتی میسر پابەندبوو بە ئازادكردنی جاری چوارەمی جونەیه, بەوەش گەیشتە نزمترین ئاست و 32 جونەیهی بەرامبەر یەك دۆلار تۆماركرد, پێش ئەوەی نرخەكەی كەمێك باشبێت و بگرێتەوە 29.6 بۆ جونەیه .

دووەم: لیرەی سوری
لەكۆتایی ساڵی 2022دا, لیرەی سوری دابەزینێكی گەورەی بەخۆوەبینی, بەجۆرێك بەهاكەی گەیشتە 7200 لیرە بۆ هەر دۆلارێك, دوای ئەوەی سەرەتای ئەو ساڵە نرخەكەی 3500 لیرە بوو لەبازاڕی ڕەشدا, كە بەوەش 50% بەهاكەی لەدەستداو, نرخەكان بەرێژەی 50% بەرزبونەوە, كە وای لەسورییەكان كرد, ساڵی 2022 بە خراپترین ساڵی گوزەران وەسفبكەن لەدوای ساڵی 2011وە.
لەسەر ئاستی فەرمیش, بۆ 3000 هەزار لیرە دابەزی بۆ دۆلارێك, لەبری 2500, هەروەك نرخی لیرە پاشەكشێی كرد لەنرخی بڵاوكراوەی تایبەت بە بانك و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە 3015 لیرەوە بۆ 4522 لیرەو, نرخی كڕینی دۆلاریش بۆ ڕادەستكردنی حەواڵە هاتووەكان لەدەرەوە بە لیرەی سوری لە 3000 هەزار لیرەوە بۆ 4500 لیرەی سوری. 

سێیەم: لیرەی لوبنانی
بانكی ناوەندیی لوبنان لە 27ی كانونی یەكەمی ساڵی 2022دا, دابەزاندنی نرخی لیرەی لەسەر سەكۆی ئاڵوگۆڕی دراو ڕاگەیاند, بۆ 38 هەزار لیرە بەرامبەر یەك دۆلاری ئەمریكی, لەهەوڵێكدا بۆ دانانی سنورێك بۆ دابەزاندنی نرخی لیرە لەبازاڕی ڕەشدا.
بانكەكە لەبەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: بانكی لوبنان لیرەی لوبنانی دەكڕێت و دۆلار دەفرۆشێت بە نرخی 38 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كەسەكان و دامەزراوەكان دەتوانن بەبێ‌ دیاریكردنی ژمارە, لەسەرجەم بانكەكانی لوبنان ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدەن. 
ئەو هەوڵە شكستی هێناو, نرخی دۆلار لەلوبنان گەیشتە 50 هەزار لیرە بۆ یەك دۆلار, كە تائێستاش بەو نرخەیە.
لیرەی لوبنانی دووچاری داڕمانی بەردەوامبووە لەساتەوەختی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لەساڵی 2019وە, كە پێشتر نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی 2000 لیرە بوو, بەوەش نزیكەی 94%ی بەهاكەی لەدەستدا تا كۆتایی ساڵی 2022.

دیناری تونسی
دیناری تونسی لەكۆتایی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردودا دابەزی و نرخەكەی گەیشتە 3.309 بۆ هەر دۆلارێك, بەوەش بەڕێژەی 15% بەهاكەی لەدەستداوە بەبەراورد بەهەمان كات لەساڵی 2021دا.
"موحسین حەسەن" شارەزای دارایی و وەزیری پێشوی بازرگانی دەڵێت: پاشەكشێی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار, ئاماژە دەكات بەوەی بانكی ناوەندی بەئاڕاستەی ئازادكردنی ڕانەگەیەندراوی دراو هەنگاودەنێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو ئاستەنگە ئابورییەی ڕوبەڕوی یەكێتی ئەوروپا بووەتەوە, كاریگەری لەسەر دراوی تونسی دروستكردووە, بەهۆی ئەو پەیوەست بونە گەورەیەی لەنێوان ئابوری تونس و وڵاتانی ناوچەی یۆرۆدا هەیە. 

پێنجەم: دیناری عێراقی
هێشتا نرخی دیناری عێراقی لەهەڵبەزودابەزدایە, سەرەڕای بەڵێنەكانی بانكی ناوەندی عێراقی بە ڕاگرتنی بەهای دراو, دیناری عێراقی لە 26ی كانونی یەكەمی ساڵی ڕابردودا بۆ 1560 بۆ هەر دۆلارێك دابەزی, بەر لەوەی كەمێك هەڵكشێتەوەو, بگاتە 1535 لە 29ی هەمان مانگدا.
ئاژانسی هەواڵی عێراق لەزاری ئیحسان یاسری ڕاوێژكاری بانكی ناوەندییەوە بڵاویكردووەتەوە: بانكی ناوەندی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ دابینكردنی دراوی بیانی, ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای ئاڵوگۆڕ لەبازاڕە ناوخۆییەكاندا.

شەشەم: دیناری لیبی
هاوڵاتیانی لیبیا باجی دابەزینی بەهای دینار دەدەن, كە نرخەكەی لەسەرەتای ساڵی 2021دا بەڕێژەی 70% دابەزی لە 1.5 دینارەوە بۆ 4.83 دینار بۆ هەر دۆلارێك, بەپێی پلانێكی زەمەنی بۆ ماوەی 3 ساڵ كە حكومەتی لیبی دایڕشتووە.
قەیرانی دینار قوڵتربوەوە, بەجۆرێك بەهاكەی لە 4.48وە بەرزبوەوە 4.99 بۆ هەر دۆلارێك لە 25ی ئەیلولی 2022, لەكاتێكدا نرخەكەی لەبازاڕی ڕەشدا لە 5.22 دینار جێگربووە.
لەمانگی تشرینی یەكەمی هەمان ساڵ, ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی لیبیا نرخی دراوی هەمواركردەوەو, بووە 4.23 لەبری 4.48 بۆ هەر دینارێك.
"مەراجع غەیس" ئەندامی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكەكە ڕایگەیاندووە: نرخی دۆلار لە 4.23 دینار دەبێت, هەر سێ‌ مانگ جارێك پێداچونەوەی بۆ دەكرێت تاگەیشتنە نرخێكی هاوسەنگ, ئاماژەی بەوەشداوە, نرخە نوێیەكە لەسەر بنەمای دیراسەیەكی ئابوری داڕێژراوە كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئیدارەی بانكی ناوەندی تاوتوێیان كردووە.

حەوتەم:ڕیاڵی یەمەنی
ریاڵی یەمەنی لەمانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2022 پاشەكشێی تۆماركرد, كە بەگەورەترین دابەزین دادەنرێت لەماوەی 8 مانگدا, سەرچاوە بانكییەكان لەشاری تەعز ڕایانگەیاندوە: ریاڵی یەمەنی داڕمانێكی گەورەی تۆماركردووەو گەیشتوەتە 1225 ریاڵ بۆ یەك دۆلار لەمامەڵەكانی ڕۆژی 21 كانونی یەكەمی 2022دا, ئەوەش دوای ئەوەی بەشێوەیەكی ڕێژەیی لە 1100 و 1160 ریاڵ بۆ هەر دۆلارێك جێگیرببوو.
ریاڵ زنجیرەیەك داڕمانی لەبەهاكەیدا بەخۆوە بینی و, بووەتە دراوی دووەمی مامەڵەكردن دوای دۆلار, بەشێكی زۆری بازرگان و خاوەنی خانوبەرەو زەوی و كەرتە فراوانەكانی كار, مامەڵەكردن بەریاڵ یەمەنی رەتدەكەنەوەو مامەڵە بەدۆلار دەكەن. 

سەرچاوە: العربی الجدید

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand