مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی

Draw Media

2023-01-22 11:41:41



مەریوان وریا قانع ( هەفتانە تایبەت بە درەو دەینوسێت)

 

هیچ کۆمەڵگایەک نییە تەنها یەکجۆر ئەخلاق و یەکجۆر تێڕوانینی ئەخلاقیی تێدابێت. ھەرکاتێک باسی کۆمەڵگامان کرد، باس لە مرۆڤ وەک تاکەکەس ناکەین، بەڵکو باس لە مرۆڤەکان دەکەین بە کۆ، مرۆڤەکان بەیەکەوە. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگا یەکسانبێت بە بوونی خەڵکانی جیاواز و زمانی جیاواز و ڕوانینی جیاواز و دونیابینی جیاواز. هەموو بە تاککردنێکی کۆمەڵگا و هەموو وێناکردنێکی کۆمەڵگا وەک تاکەکەسێکی گەورە، واتە وەک وەک گشتێکی لێکچوو، بە ناچاریی بەرەو پەڕگیریی و توندوتیژیی و سڕینەوەی جیاوازەکانمان دەبات. بە کورتیی کەی باسی کۆمەڵگامان کرد باسیی جیاوازیی دەکەین، یان لانیکەم باسکردنی جیاوازیی یەکێک دەبێت لە بابەتە ھەرەسەرەکییەکانی باسکردنی کۆمەڵگا. 
بەڵام لە هەموو کۆمەڵگایەکدا ھەندێک مەناخ و کەش و ھەوای گشتیش ھەیە، لەوانە بوونی «مەناخێکی ئەخلاقیی» کە هێڵە زۆر گشتییەکانی دەستنیشانکردنی ئەخلاقی گونجاو لەو کۆمەڵگایەدا، نیشانئەدات. دەستنیشانکردنی ئەم ھێڵە گشتییە ئەخلاقیانە، دەشێت، بۆ نموونە، لە ڕێگای دینەوە بێت، واتە ئەخلاقیاتێکی دینیی گشتیی بێ، بەڵام دەشێت لە ڕێگای دیدگای  ترەوەبێت کە نادینیی بن و بەمەش «ئەخلاقیاتێکی نادینیی گشتیی» دروستببێت، کە بۆ نموونە لەسەر بنەمای «مافەکانی مرۆڤ»، «ئەخلاقیاتی چاکەکاریی»، «ئەخلاقیاتی بەرپرسیارێتیی» ، یاخود «ئەخلاقیاتی زوڵم لەکەس نەکردن“ و ”دادپەروەرانە مامەڵەکردن»، کاربکات. لە هەموو ئەم دۆخانەدا، ئەوەی گرنگە مامەڵەنەکردنی نایەکسانیی مرۆڤە جیاوازەکانە، وێنانەکردنی ئەمیانە وەک بوونەوەرێکی کەمتر و نزمتر لەویتریان، یان پێناسکردنی ئەمیان وەک کەسێکی کەم مافتر و بێنرختر لەویتریان. جەوهەری ئەخلاق وێناکردنی مرۆڤە وەک مرۆڤ و پاراستنی کەرامەتیشی وەک مرۆڤ.


ھەموو سیستمە سیاسییەکانیش لە ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتدا دروستدەبن. دیموکراسیەت لەناو مەناخێکی ئەخلاقیدا لەدایکدەبێت و کاردەکات کە ڕێزی پلورالیزم و جیاوازیی بگرێت، مرۆڤەکان وەک بوونەوەری یەکسان و خاوەن ماف ببینێت و مامەڵەبکات. ھەرچی فاشیزمە منداڵی مەناخێکی ئەخلاقییە لەسەر سڕینەوەی جیاوازییەکان و پەکخستنی مافەکان و سڕینەوەی یەکسانکردنی مرۆڤەکان بەیەکتری، کاردەکات. لە ئەڵمانیای سەردەمی نازیزمدا پێناسی مرۆڤبوون لەسەر بنەمای نەژاد دەستنیشاندەکرا. نەژادە جیاوازەکانیش نرخ و بەهای جیاوازیان هەبوو، هەندێکیان لەوانیتریان بەرزتر و هەندێکیشیان تەواو کەمنرخ و نزمتربوون. باوەڕیشیان وابوو پەیوەندیی نێوان نەژادەکان بریتییە لە ململانێ و پێکدادانی بەردەوام تا ئەو شوێنەی نەژادە باڵاکان بەسەر نەژادە نزمەکاندا سەردەکەون. لەم نەخشە نەژادییەدا «نەژادی ئاریی» وەک بەرزترین نەژاد و سەرجەمی نەژادەکانی تر وەک نەژدای کەمتر و نزمتر دەبینران و مامەڵەدەکران. ئەو مەناخە ئەخلاقییەی لەپاڵ ئەم ڕوانینە فاشستیەدا بۆ مرۆڤ دروستکرا، بریتیبوو لە مەناخی ”پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی“ و ”ڕێگرتن لە تێکەڵبوونی بە نەژادەکانی تر“. هەروەها لەناوبردن و سڕینەوەی ئەو نەژادانەی لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا بە نزمتر و کەمتر وێنادەکران و وەک مەترسیی بە کۆمەڵگا نیشانئەدران. ئەم ڕوانینە ملیۆنەها مرۆڤی جیاوازی خزاندە ناو کامپە زۆرە ملێکانەوە و بە شێوەیەکی سیستماتیکیش کوژران و لەناوبران، زۆرینەی ئەوانەی لە کامپەکاندا کۆکرابوونەوە جولەکە و قەرەجەکان بوون، بەڵام کۆمۆنیست و مرۆڤە چەپگەرەکانیش لەناو ھەمان کامپی کوشتنی بە کۆمەڵدا کۆکرابوونەوە.  
وەک ووتمان ئەو ”مەناخە ئەخلاقیی“ەی نازیزمی لەناودا دروستبوو پێی لەسەر پاراستن و پاکژڕاگرتنی نەژادی ئاریی دادەگرت، کە گوایە لەبەردەم هەڕەشەی لەناوچوندایە. ئەم پاراستن و پاکژڕاگرتنە وەک تاکە کارێکی ئەخلاقیی راستەقینە و تاقە کارێکی بەرپرسیارانە، وێنادەکرا. لەناو ئەم مەناخە ئەخلاقیەدا لە سەر زۆرێک لە جامخانە و دەرگای چاخانە و چێشتخانە و شوێنە گشتییەکان تابلۆ دادەنرا، کە لەسەری نووسرابو: «هاتنەژوورەوە بۆ جولەکە یاساغە». دواتریش یاسایەک دەرکرا رێی لەو کەسانە دەگرت کە گوایە نەخۆشی بۆماوەیی تایبەتیان هەیە نەھێڵن منداڵیان ببێت و نەوە بخەنەوە. بۆ نموونە کەسانێک نەخۆشی پەرکەم، یان نەخۆشی شیزۆفرینا، یان کوێربوون و کەڕبوونی بۆماوەیی، یان نەخۆشیی خەمۆکی. بە پێی ئەم یاسایە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٥ بۆ ١٩٤٠ زیاد لە نیو ملیۆن مرۆڤ بەزۆر خەسێندران. ھەر لە ساڵی ١٩٣٥ دا پاراستنی پاکژیی نەژادی ئاریی و «خوێنی ئەلمانی» بە یاسا پارێزرا، یاساکەش ناونرابوو «یاسای پاراستنی خوێن و شەرەفی ئەڵمان». بەپێی ئەو یاسایە تەنها ئارییەکان دەیانتوانی هاوڵاتی دەوڵەتی ئەڵمان بن. یاساغیش کرابوو ژنی ئەڵمان شوو بە پیاوانی نەژادە نزمەکان بکەن، یان پەیوەندیی خۆشەویستیان لەگەڵدا، دروستبکەن. دەرەنجامی دروستکردنی ئەم مەناخە ئەخلاقییە ئەوەبوو مافی هاوڵاتیبوون لەوانە بسێندرێتەوە کە بە نەژاد ئاریی نەبوون، لەوانەش جولەکەکان. لە دوای ئەم یاسایەوە ئیتر نەژادە نائارییەکان لە فەرمانگە فەرمییەکانی دەوڵەت دەرکران و کارەکانیان لێسەندرایەوە. ژنە ئەڵمانیەکانیش بۆیان نەبوو لای ئەو جولەکانە کاربکەن کە دوکان و بازاڕ و کارگەی تایبەت بەخۆیان هەبوو.  


ئەوەی لەو مەناخە ئەخلاقییەدا سردرابووەوە بەرپرسیارێتی تاکەکەسەکان خۆیان بوو لەوەدا چۆن مامەڵەی ئەو دۆخە بکەن کە نازییەکان دروستیناکردبوو. گۆڕینی ئەوەی ڕوویئەدا گۆڕانی تاکەکەسبوو بۆ بوونەوەرێکی بێئیرادە و بێھەڵبژاردن و بێبڕیاری شەخسیی سەربەخۆ. نازیزم ”سیاسەتێکی خودسازیی“ ھەبوو کە تیایدا خود لە دەرەوەڕا دروستدەکرا، نەک ئەوەی کەسەکان خۆیان خۆیان دروستبکەن و خۆیان بچنە پەیوەندیەکی تایبەتەوە لەگەڵ خودی خۆیاندا. بەم کارەش نازیزم دژ بە جەوھەری ئەخلاق وەک ئەخلاق کاریدەکرد. بە مانایەکی دیکە نازیزم لەکاتێکدا ”مەناخێکی ئەخلاقیی“ تایبەتی دروستدەکرد کە بکرێت ئەو ھەموو تاوانەی لەناودا ئەنجامبدرێت، لە ھەمانکاتدا ئەو مەناخە ئەخلاقییە ئیشی ئەوەبوو نەھێڵێت ئەخلاق بە مانا ئینسانیی و تاکەکەسیەکەی، لەدایکببێت. 
ئەخلاق بەر لەوەی پەیوەندیی کەسێک بێت بەو دەوربەر و ژینگە و ناوەندە کۆمەڵایەتییەوە کە لەناویدا دەژیی، واتە بەر لەوەی پەیوەندییەک بێت مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا دروستیبکات، پەیوەندییەکە مرۆڤ لەگەڵ خودی خۆیدا دروستیدەکات. پەیوەندییەکە وا لە مرۆڤێک دەکات بەر لە ھەمووشتێک لە خەمی دروستکردنی خۆیدابێت وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار. بەم مانایە ئەخلاق لە ھەنگاوی یەکەمدا پەیوەندیی کەسەکانە بە خودی خۆیانەوە، پەیوەندەیی خودە بە خود خۆیەوە، مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دونیا ناوەکییەکەی خۆیدا. ئەخلاق لەم ڕوانینەدا ئیشکردنی ھۆشیارانە و ئامانجدارنەی مرۆڤە لەسەر کەسایەتی خۆی، بە مەبەستی ئەوەی کەسایەتی خۆی لەپاڵ کۆمەڵێک پرنسیپی ئەخلاقیدا دروستبکات. ئەخلاق چالاکیی بەرپرسیارانەی تاکەکەسە بۆ دروستکردن و داھێنانی خۆی وەک بوونەوەرێکی تایبەت و بەرپرسیار، نەک پەیڕەویکردنی ئەو ڕەچەتانەی کە چاوساغە دەرەکییەکان بۆی دروستدەکەن و چاوەڕواندەکەن پیادەیانبکات. بەم مانایە پەیوەندییەکی گەورە و بنەڕەتیی بە ئازادییەوە ھەیە. لە ڕاستیدا ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما و کۆڵەکە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەگەر ئەخلاق کۆمەڵێک یاسا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەدا بسەپێنرێت، ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت و نەتوانێت لێیاندەربچێت، ئیتر لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە دروستیدەکەن و پێیدەگەن، نەک کۆمەڵێک یاسا و ڕێسا کە کۆمەڵێک چاوساغ لە دەرەوەڕا بەسەریدا بسەپێنن. دۆخی سەپاندنی ئەخلاق مانایەک بۆ ئەخلاق ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ خۆی ئازادانە ھەڵیبژرێرێت بەو ھەڵبژاردنەشی خۆی بەر لە ھەموو کەسێکی تر خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی ببینێت. 
دیوێکی تری ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت بیڵێت و ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بەو شێوەیە بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەو شێوەیەیە. ژینگەی ناشیرن و خراپ و خنکێنەر بە ناشیرین و خراپ و خنکێنەر ناوبنێت و ئەزموونی دژەئینسان و دژەماف بە دژەئینسان و دژەماف ناونووس بکات. واتە ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەو شتەش ئەنجامبدات کە بەڕاستیی دەزانێت. بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، عەقڵی خۆی نەداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و پێویستە چۆن بژیی. ئەرکی یەکەمی ئەخلاق ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەیە کە ساتەوەختێکی مێژوویی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و کەسەکاندا دروستیدەکات، بۆئەوەی نەتوانن خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان، نمایش و بەرجەستەدەکات. 


فاشیزم و نازیزم ئەو دوو شێوازەی ئەزموونی سیاسیین کە ھەموو ئازادییەکی خودسازیی و خۆناساندن لە مرۆڤ دەسێننەوە و ئەوان لە دەرەوەڕا پێیدەڵێن ئەو کێیە و کێ نییە، چ بەھا و نرخێکی ھەیە و پێویستە چ ئەرکێکیشی لەسەرشان بێت. ئەم جۆرە ڕوانینە بۆ مرۆڤ، مرۆڤ بەر لە ھەمووشتێک، وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقیی لەناودەبات. بەر لە ھەمووشتێکیش ئەخلاق بە مانا ڕاستەقینەکەی دەسڕێتەوە. 
ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا پێویستە ڕووبدات سەندنەوەی ئەخلاقە لەو سوپا گەورەیە لە چاوساغی ئەخلاقیی کە لە پازدە بیست ساڵی ڕابوردودا دروستبووە. سوپایەک ئیشی ئەوەیە مرۆڤی کۆپیکراو دروستبکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand