لە بەرمیلێکدا؛ هەرێم (38.6) و عێراق (82.1) دۆلاری بۆ ماوەتەوە
2023-01-21 09:30:50
شیكاری:درەو
پوختەی بەهای نەوتی (عێراق و هەرێم) لە ساڵی (2022)دا
🔹 بە تێکڕا تێچووی بەرمیلێک نەوت لە هەرێم زیاتر لە (49) دۆلار و لە عێراق (13.38) دۆلار بووە، بەمانایەکی دیکە (56%) داهاتی نەوتی هەرێم چووە بۆ خەرجی پرۆسەکە و لە عێراقیش (14%) تێچووی پرۆسەکە بووە.
🔹 ئەگەر هەرێمی کوردستان بەو نرخ و تچووەی سۆمۆ نەوتی فرۆشتبا، ئەوا لە بەرمیلێکدا لەبری (38.6) دۆلار، (82.16) دۆلاری بۆ دەمایەوە، واتە لە بری ئەوەی ئێستا تەنها (5 ملیار و 625 ملیۆن) دۆلار پوختەی داهاتی نەوتەکەی بێت، ئەوا پوختەی داهاتەکەی زیاتر لە (11 ملیار) دۆلار دەبوو.
یەکەم: بەراوردی بەهای نەوتی هەرێم و عێراق لە ساڵی (2022)
بەپێی شیکارییەکان حکومەتی عێراق لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (115 ملیار و 466 ملیۆن و 245 هەزار) دۆلار.
بەپێی لێدوانی (دورەید عەبدوڵا – توێژەر و شارەزا)؛ "کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت پشکیان لە دەرهێنانی (70%)ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەڕێژەی (20%) هەیە" بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو "عێراق لەساڵی رابردوو پێویستە (16.1 ملیار) دۆلار وەک حەق دەستی کۆمپانیاکان و تێچوی بەرهەمهێنان نەوت خەرج بکات".
پاڵپشت بەو لێکدانەوەیە ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی عێراق (86%) بووەو بڕی (%14)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی عێراق بە تێکڕا (82.16) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی عێراق و (13.38) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە.
بەڵام ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاست نیە! چونکە بەپێی لێکدانەوەکان حکومەتی هەرێم لە ساڵی (2022)دا، لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە، بەتێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (87.58) دۆلار فرۆشتووەو کۆی بەهای نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە (12 ملیار و 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلار، بەڵام بڕی (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلاری خراوەتە سەر داهات و خەزێنەی گشتی حکومەتی هەرێم (وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان).
بەم پێیەش ڕێژەی گەڕانەوەی داهاتی نەوتی هەرێم (44%) بووەو بڕی (%56)ی چووە بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت. بە مانایەکی دیکە لە هەر بەرمیلێک نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە تێکڕا تەنها (38.65) دۆلاری گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و (49.2) دۆلار خەرجی بەرمیلێک نەوت بووە.
بڕوانە (خشتەو گرافیکی ژمارە (1))
گرافیکی ژمارە (1)
خشتەی ژمارە (1)
دووەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پێش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی زانیاریەکان دیلۆیت و بەدواداچوونەکان حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی (2022)دا (145 ملیۆن و 511 هەزار) بەرمیل نەوتی بە بۆری نەوتی کوردستان و لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە فرۆشتووە، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە ساڵەکەدا بریتی بووە لە (100.78) دۆلاری ئەمریکی، بەڵام حکومەتی هەرێم نەوتەکەی لە بازاڕدا بە نزیکەی (13) دۆلار کەمتر فرۆشتووە بۆیە ئەو نرخانەی لە (خشتەی ژمارە (2)) دانراوە بە هەر بەرمیلێکی فرۆشراوی کوردستان بە تێکڕا (12.94) دۆلار کەمترە لە نرخی نەوتی برێنت و حکومەتی هەرێم لە ساڵەکەدا تێکڕای بەرمیلێک نەوتی بە (87.85)دۆلار فرۆشتووە.
بۆیە دەبینین کۆی ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکەدا هەناردەی کردووە بەبێ هیچ خەرجییەک بەهاکەی دەکاتە (12 ملیارو 784 ملیۆن و 353 هەزار و 956) دۆلاری ئەمریکی.
بەڵام ئەگەر هەمان ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە لە ساڵی (2022)دا لە ڕێگەی حکومەتی ناوەندی و کۆمپانیا بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە هەناردە بکرایە جیاوازییەکەی چی دەبوو؟
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ لە ساڵی (2022)دا بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی بە (95.54) دۆلار فرۆشتووە، واتە، ئەو بڕە نەوتەی حکومەتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ فرۆشتوویەتی، ئەگەر لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بەبازاڕی بخستایە، بەهاکەی بریتی دەبوو لە (13 ملیارو 920 ملیۆن و 120 هەزار و 423) دۆلاری ئەمریکی، بەم پێیەش بەگشتی نەوتی هەرێم بڕی (1 ملیارو 135 ملیۆن و 766 هەزار و 467) دۆلاری ئەمریکی بە هەرزانتر فرۆشراوە لە ساڵی (2022)دا. بۆ وردەکاری تەواوی مانگەکانی ساڵی (2022) و جیاوازی داهات لە نێوان هەردوو ڕێگاکە بڕوانە (خشتەی ژمارە (2)).
خشتەی ژمارە (2)
سێیەم: جیاوازی بەهای نەوتی کوردستان؛ هەناردەکردنی بە ڕێگەی سۆمۆ یان سەربەخۆ (پاش لێدەرکردنی خەرجییەکان)
بەپێی وتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوتی هەرێم و وردبینی و ڕاپۆرتەکانی کۆمپانیای دیلۆیت (56%)ی داهاتی نهوتی هەرێم دهدرێت بە كۆمپانیا نەوتییەکان و خەرجی بهرههمهێنانی نەوت.
بۆیە دوای لێدەرکردنی خەرجییەکانی پرۆسەی نەوت و هەرزانتر فرۆشتنی. ئەو داهاتەی بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە لە فرۆشتنی (145 ملیۆن و 511 هەزار و 745) بەرمیل نەوت لە ساڵی (2022)دا دەکاتە (5 ملیار و 625 ملیۆن 115 هەزار و 741) دۆلار، واتە بە تێکڕا لە ماوەی ساڵەکەدا هەر بەرمیلێک نەوت تەنها (38.65) دۆلار ماوەتەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەمە لە کاتێکدایە لەسەر بنەمای هەمان گریمانەی پێشوو، ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی کردووە، کۆمپانیای بەبازاڕ کردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) هەناردەی بکردایە، بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەتێکڕا لە ساڵی (2022) دا حکومەتی هەرێم بڕی (37.77) دۆلاری دیکەی بۆ دەمایەوەو بە کۆی گشتی دەیکردە (5 ملیارو 510 ملیۆن و 980 هەزار و 598) دۆلاری ئەمریکی.
بەمایەکی دیکە حکومەتی هەرێم لە بری (5 ملیار و 625 ملیۆن و 115 هەزار و 741) دۆلار، زیاتر لە دوو هێندەی ئەو بڕەی دەستدەکەوت کە بریتی دەبوو لە (11 ملیار و 136 ملیۆن 96 هەزار و 339) دۆلاری لە فرۆشی نەوتی هەرێمەوە دەستدەکەوت. بۆ وردەکاری زیاتر بڕوانە (خشتەی ژمارە (3)).
تێكڕای ئەو داهاتەی كە گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت (44%) بەبێ خەرجی كۆمپانیاكان
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین لەسەر بنەمای لێدوانی (دورەید عەبدوڵا)، پشکی کۆمپانیا بیانییەکان لە نەوتی فرۆشراوی عێراق (20%)ە بۆ لە (%70) بەرهەمی نەوتی عێراق نەک سەرجەم بەرهەمەکەی، چونکە (30%)ی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە لایەن کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەم دەهێنرێت، بۆیە ئەگەر ئەو ڕێژەیەی پشکی کۆمپانیا بیانییەکان بەسەر کۆی گشتی داهاتی عێراق بخەمڵێنین، ئەوا پشکەکان دەگەنە (14%) لە کۆی گشتی داهاتی بەرهەمدا.
بەڵام ئەمە بۆ هەرێم ڕاست دەرناچێت، چونکە سەرجەم کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی هەرێم بیانین، بۆیە گریمانەی ئەوەمان کردووە (20%) داهاتی نەوتی هەرێم بچوایە بۆ خەرجی پرۆسەکە ئەگەر لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بکرایە نەک (14%).
خشتەی ژمارە (3)
سەچاوەکان
- درەو میدیا، هەناردە، نرخ و داهاتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11799
- درەو میدیا، هەناردە، نرخ، داهات، خەرجی و نەوتی بارکراوی هەرێم لە ساڵی 2022؛
https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=11806
- سومریة نیوز، لماذا يدفع العراق 16 مليار دولار للشركات المستخرجة للنفط؟.. أسباب واحصائيات؛
https://www.alsumaria.tv/news/%D8%A7%D9%82%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D8%AF/444111/%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D8%AF%D9%81%D8%B9-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82-16-%D9%85%D9%84%D9%8A%D8%A7%D8%B1-%D8%AF%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%B1-%D9%84%D9%84%D8%B4%D8%B1%D9%83%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B3%D8%AA%D8%AE%D8%B1%D8%AC%D8%A9