مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) زیاد لە ھەفتەیەکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ھەرێم کوردستانیان بەجێھێشتوە و لەسەر سنوری پۆڵەندا و بیلاڕوس، لە ھەلومەرجێکی سەخت و نائینسانیدا، گیریانخواردوە. یەکەمین تێبینییەک بکرێت لەسەر ئەم دیاردەیە ھەمانبێت، ئەوەیە سێ نەوەی جیاواز لەیەککاتدا ھەڵدێن و وڵاتی خۆیان بەجێدەھێڵن نەک ئەم یان ئەو تاکەکەس بەتەنھا. باپیرە و داپیرەکان و دایکان و باوکان و منداڵەکان بەیەکەوە ھەڵدێن. ئەمانە مەگەر ناچاربکرێن و بەزۆر بیانگەڕێننەوە بۆ کوردستان، دەنا ئامادەنین ئاوڕێک لەدوای خۆشیان بدەنەوە و ھەندێکیان تف و نەفرەت لەو خاکە دەکەن کە تیایدا لەدایکبوون و گەورەبوون. لەڕاستیدا ئەوەی ڕووئەدات کۆچ نییە بە مانا ئاساییەکەی کۆچکردن، کۆچ وەک جێگۆڕکێی مرۆڤەکان بە مەبەستی بەدیھێنانی حەز و خواستێکی تایبەت، بەڵکو ھەڵھاتنە لە ژینگەیەکی تەواو ناشیرین و نائومێد و وەڕسکەر، ڕاکردنە لە کۆمەڵێک خێزان و بنەماڵەی دەسەڵاتدار، لە فۆرمێک لە حوکمڕانیی بێدەربەست و نابەرپرسیار و لە دیندارییەکی ڕووکەش و خنکێنەر. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵێک دەنگ لەناو بازنەکەی دەسەڵاتەوە ھاتنەدەر و کەوتنە لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئەم دیاردەی سەرھەڵگرتنە دەستەجەمعیە. وەک ھەمیشە قسە و لێکدانەوەکانیان نیشاندەرێکی ڕاستەوخۆی ئەو عەقڵیەت و ئەخلاقیاتەیە، کە خەڵکی ئەم ھەرێمە لێی ڕادەکەن و لێیتوڕەن. خودی قسەکان خۆیان و ئەو عەقڵیەتەی لە پشتیی قسەکانەوە ئامادەیە، لەو ھۆکارە سەرەکیی و بنەڕەتیانەن خەڵک نائومێد و وەڕسدەکەن و پاڵیان پێوەدەنێن وڵاتەکە بەجێبھێڵن. یەکێک لەو دەنگانە وتی ئەم خەڵکە ”قاچاخچی خەڵەتاندونی“، یەکێکیتریان ڕستە ھەرە ھەرزان و بەناوبانگەکەی دووبارەکردەوە و وتی ” دەستی دەرەکیان لەپشتە“، کەسێکی تریان وتی ”هۆکاری کۆچی کوردان بەغدا و پەکەکەیە". کوڕی سەرۆکی پێشوی وڵاتەکەش، کە ئێستا سەرۆک وەزیرانی ھەرێمەکەیە، بە زمانێکی ئینشایی دوورلەڕاستیی بە گەنجە ھەڵاتوەکانی گوت: ” ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن“ ، بەڵێنێ ئەوەشی پێدان کە ئەوان ”سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتەن“. ڕەنگە زەحمەتبێت لە ھەموو ھەرێمەکەداتاقە کەسێک بدۆزینەوە باوەڕی بە ھیچ یەکێک لەو قسانەی ئەو بەرپرسانە ھەبێت، بە خودی قسەکەرەکان خۆشیانەوە. لە ڕاستیدا یەکێک لە ھۆکارە سەرەکییەکانی ھەڵاتنی خەڵک لە وڵاتەکەیان، سەدبارەکردنەوەی ئەم جۆرە قسە درۆزنانە و ئەم جۆرە بەڵێنە ئینشاییە خڵەتێنەرانەیە، کە بەشێکن لە تەکنیکی خۆ بە بەرپرسیار نەزانینی دەسەڵاتداران لە دروستبوونی کێشەکان. ڕێک لەو ساتەدا کە کوڕەکەی سەرۆکی پارتی مژدەی بەسەرکردەبوونی گەنجە ھەڵاتوەکانی وڵات ئەدات، زۆرینەی خەڵکی ھەرێم گیریان بەدەست نەوەی دووھەم و سێھەمی خێزانە سیاسییەکان و ھاتنیان بۆناو ژیانی گشتییەوە، خواردوە. ھەمووشمان دەزانین بڕی ھەرەزۆری سامانی سەرزەویی و ژێرزەوی وڵاتەکە بووە بە موڵکی بنەماڵە سیاسییە دەستڕۆشتوەکان و بە موڵکی منداڵ و دۆست و خزم و کەسە نزیکەکان لێیانەوە. سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە خۆشی، لە لۆژیک و عەقڵیەتی بنەماڵە حوکمڕانەکاندا، تا ڕۆژی قیامەت، لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان تاپۆکراوە. بەدەر لەم ڕەخنە سیاسییە ڕاستەوخۆیانە، کۆمەڵێک ھۆکاری سەرەکی تریش ھەن وا لەخەڵک دەکەن سەرھەڵگرن، کە ھەموویان پەیوندیەکی پتەویان بەو سیستمی حوکمڕانییەوە ھەیە لە ھەرێمەکەدا سەروەرکراوە. لەوانەش: یەکەم: باڵادەستیی لۆژیکی مۆنۆپۆڵکردنی سەرجەمی کایەکان لە ھەرێمدا. ئەم مۆنۆپۆڵکردنە تەنھا دەستگرتن بەسەر ئابوریی و بازاڕ و سەروەت و سامانی ژێرزەویی و سەرزەوی وڵاتەکەدا نییە، تەنھا مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسیی و جیھازی بیرۆکراسی وڵاتەکە نییە، تەنھا مۆنۆپۆڵکردنی ھێزە چەکدارەکان نییە، بەڵکو مۆنۆپۆڵکردنێکی تەواوی ئەگەر و تواناکانی گەشەکردن و بەرەوپێشەوەچوونی کۆمەڵایەتیشە. لە ھیچ بوارێک لە بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابوریی و پیشەییدا، ئەگەرێک بۆ گەشەکردن و پێشکەوتنی سەربەخۆ، لە دەرەوەی خواست و ویست و زەوقی بنەماڵە و بازنە دەسەڵاتدارەکەدا، نەماوەتەوە. بۆ نموونە، چ گەنجێک لەم ھەرێمەدا دەتوانێت خەونی ئەوە ببینێت ببێت بە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی، بەبێ ڕوخسەت و ڕەحمەتی باڵێک لە بەڵاکانی ناو ئەم حوکمڕانییە. کێ دەتوانێت بیری بۆئەوەبچێت ببێت بە سەرۆکی بەشێک لە بەشەکانی شارەوانی، یان بەشێک لە زانکۆکاندا یان ھەر بەشێکی بێرۆکراسیی تر، بەبێ ڕازیبوونی ئەوان. ئەی کێ دەتوانێت خەونی ئەوەی ھەبێت ببێت بە ژەنەڕاڵێکی سوپا بەبێ ئەوەی بەناو ھەموو فیلتەرەکانی وەلائەتی بنەماڵە حوکمڕانەکانی کوردستاندا تێبپەڕێت. لەم ژنیگە تەواو مۆنۆپۆڵکراوەدا نە تواناکان و نە خەونە شەخسییەکان و نە کەرامەتی مرۆڤەکان، مانایەکیان نەماوە، ئەوەی مانای ھەیە دەستی بنەماڵە سیاسییەکان و دەستی ئەم یان ئەو باڵ و ئەندامی خاوەن نفوزی ناو حیزبە حوکمڕانەکانە، لەناو ئەو پێگانەدا کە گەنجێک دەتوانێت خەونیان پێوەببینێت. ئەم مۆنۆپۆڵکردنە ھەمەلایەنەی ئەگەری پێشکەوتن و توانای جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی، ئەو تاوانە قورس و گەورەیەیە کە خێزانە سوڵتانیی و نوخبە بچووکەکەی دەوروبەریان، لە دوای ڕاپەڕینەوە ئەنجامیانداوە. تاوانێک ھەموو خەون و ئومێدێکی شەخسیی سەربەخۆ و کۆنترۆڵنەکراوی لە وڵاتەکەدا کوشتوە و دەکوژێت و لەشکرێک لە مرۆڤی دڵشکاو و بریندار دروستدەکات. دووھەم: نە ھەژاریی نە دەوڵەمەندیی ڕاستەوخۆ ھۆکاری ڕاکردن و سەرھەڵگرتن نین، بەڵکو تێکچوونی ھاوسەنگیی پەیوەندیی نێوان ھەژاریی و دەوڵەمەندیی کێشە ھەرە سەرەکییەکەیە لە ھەرێمدا. بێگومان لە ھەرێمدا جۆرێک لە ھەژاریی دروستبووە کە لەئاستی ھەژاریی وڵاتە ھەرە ھەژارەکانی دونیادایە، خەڵکانک ھەن لە ماڵەکانیان دەردەکرێن و دەکەونە سەر شەقامەکان لەبەرئەوەی کرێی خانوویان پێنادرێت. یان منداڵەکانیان لە نەخۆشخانەکان دوای لەدایکبوون جێدەھێڵن چونکە ناتوانن بیانژیەنن. بەڵام ئەوانەی سەرھەڵدەگرن ئەم کەسە ھەژارانە نین، بەڵکو کەسانێکن، لانیکەم توانای ئەوەیان ھەیە پارەی قاچاخچییەکان بدەن. ئەوەی لەم ئاستەدا دۆخی ھەرێمەکەی وێراکردوە، ئەو پەیوەندییەیە کە لە نێوان دەوڵەمەندیی و ھەژاریدا دروستبووە. ھەرێم بووە بە شوێنی لەدایکبوونی ملیارلدێر و ملیۆنێری بێئیش و بێپیشە و بێشارەزایی. جۆرێک لە دەوڵەمەدنیی درستبووە لەدەرەوەی کارکرن و ھیچ جۆرە توانا و شارەزاییەکدا، دەوڵەمەندییەکی لەپڕ و بێمێژوو، دەوڵەمەندییەک بەخێراییەکی گەورە و لە ماوەیەکی زۆرکەمدا. ئەمەش وەک دەرەنجامی ھەبوونی دەسەڵاتی سیاسیی، یان ئەندامبوون و نزیکبوون لە خێزانە سوڵتانییە دەسەڵاتدارەکانەوە. تێکەڵبوونی ئەم کەڵەکەکردنەی سەرمایەیە بەبێ ئیش و بەبێ بەرھەم و بەبێ پیشە، بەو دۆخی مۆنۆپۆڵیکردنەی لەسەرەوە باسمکرد، ژینگەیەکی دروستکردوە کەس ئومێدی بەوەنەبێت بتوانێت لەڕێگای توانا و شارەزایی و لێوەشاوەیی پیشەیی خۆیەوە، دەوڵەمەند ببێت و پێشبکەوێت. گەر کەسێکیش بە دڵی بنەماڵە سوڵتانییەکان و بەرپرسە گەورەکان نەبێت، مەترسی ئەوەی ھەیە یان دەست بەسەر سەرمایە و سەروەتەکەیدا بگیرێت، یان بە چەندان تاوانی جیاواز تاوانبار بکرێت و لەزنیدان توندبکرێت. ھەموو منداڵێکی ئەو ھەرێمە ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئیشکردنی ئاسایی، یان ناتوانێت مرۆڤ بژیەنێت، یاخود ھیچ ئەگەرێکی پێشکەوتنی ئابوریی و کۆمەڵایەتیی نابەخشێتە خاوەنەکەی. ئەو مۆدێلی دەوڵەمەندبوونەی لە ھەرێمدا دروستبووە، بێنرخکردن و سەندنەوەی ھەموو مانایەکە لە ئیشکردن وەک چالاکییەکی ئینسانی بۆ باشتکردنی ژیان و سەرکەوتن لە ھەرەمی کۆمەڵایەتیدا. ئەم دۆخەش تێکەڵ بەخراپیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دابیننەکردنی لانی ھەرەکەمی دڵنیایی لە ھیچ بواتێکی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ژینگەیەکی تەواو نائومێدکەری دروستکردوە. سێھەم: نەک تەنھا ئیشکردن سەرچاوەی دەوڵەمەندبوون و گۆڕینی پێگەی کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکو خوێندن و بڕوانامەش لەوەخراون ئامرازی گەشەکردنی کۆمەڵایەتیبن. ئەوەی لە ھەرێمدا ڕوویداوە کۆتاییھاتنی سیستمی خوێندن و فێربوونە وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی ژیانێکی باش و بەخشینی ئومێد بە جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی. ئەمەش بێئومێدکردنی سەدان ھەزار خوێندکارانەی لێکەوتۆتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی لە قوتابخانە حکومییەکاندا دەخوێنن. دەسەڵاتدارانی ھەرێم لەوەدا سەرکەوتون کۆتایی بە سەردەمی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتی لەڕێگای بڕوانامە و خوێندنەوە بھێنن، لە کاتێکدا بە درێژایی مێژووی ئەم ناوچەیە خوێندن و بڕوانامە یەکێک لە ئامرازە ھەرە سەرەکییەکانی جێگۆڕکێی کۆمەڵایەتیی بووە. دەسەڵاتداران شوێنی خوێندن و فێربوونیان بەڕادەی دوور و نزیکی لە بنەماڵە سوڵتانییەکانەوە پڕکردۆتەوە.. چوارھەم: لەناو ئەو ژینگە شێواوەدا وەڕسبوونێکی گەورە لە دەموچاوە سیاسییە تیکرارەکان و لە بکەرە سەرەکییە دووبارەکان دروستبووە کە ھەندێکیان نزیکەی پەنجا ساڵە لە ھەمان پێگەی دەسەڵاتدان. زۆرینەی ھەرەزۆری دانیشتوانی ھەرێمەکە، لەڕێگای بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانەوە، ئەم وەڕسبوون و حەوسەڵەنەمانەی چەندانجار بەھەموان نیشانداوە. گواستنەوەی دەسەڵاتیش لە باوکەکانەوە بۆ منداڵەکان و بەدەسەڵاتدار و بەحوکمڕانبوونی ئەو منداڵانەش خەڵکێکی زۆری توڕە و ناڕازیی کردوە. پەنابردن بۆ تەزویر و فشاریش مەسەلەی مانەوەی ئەو دەموچاوانەی سەدانجار ناشیرینتر و دزیۆتر کردوە. ھەموو ئەمانەش لە ژینگەیەکدا بەتاڵ لە کەمترین توانا و میکانیزمی لێپرسینەوەی یاسایی و ئەخلاقیی و بەتاڵ لە کەمترین توانای دەستگۆڕکێی دەسەڵات. ئەو خاڵانەی باسمکردن بەشێکن لەو ھۆکارە سەرەکییانەی ”پاڵ بە کەسێکەوە دەنێن“ سەرھڵبگرێت و بڕوات. بەڵام کۆمەڵێک ھۆکاریتر ھەن کە خەڵک ”داوەت و بانگدەکەن“ بۆ کۆچکردن. باسکردنی ئەوەیان لەدەرەوەی مەبەستی ئەم نووسنیەدایە.
درەو: عومەر گوڵپی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان زەحمەتە یەک هۆکاری ڕاستەوخۆ ببێتە هۆی دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەتایبەت زیادبوونی دیاردەیەکی وەک کۆچ، بەدڵنیاییەوە چەندین هۆکاری بابەتیو خودی هەن کە ئەبنە پاڵنەر بۆ ئەوەی گەنجێک یان هاووڵاتیەک ماڵو حاڵو وڵاتی خۆی بەجێبهێڵێتو لە وڵاتێکی بێگانە ببێتە پەنابەر، بەڵام من بە داتاو ژمارە لە خوارەوە کۆمەڵێک گرفتی گەورەو سەرەکی دەخەمەڕوو، کە دەکرێت بەشێک بن لەو هۆکارانەی کە تەنگ بە ژیانی خەڵک هەڵدەچننو ناچاری دەکەن بڕیاری لەو جۆرە سەختو بە ڕێگەی سەختدا بدات، ژمارەکان کێشە گەورەکان دەردەخەن، بەشێک لە خەمەقووڵەکان دەخەنەڕوو، ئەوسا ئەم هۆکارانە لەگەڵ ژمارەیەک هۆکاری تری پەیوەندیدار بە نەمانی هیواو بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە: ئەرێ ئەم کۆچی لێشاوە چییە؟ ٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ هەشت ملیار دۆلار، کە بە دینار دەکاتە زیاتر لە (یانزە ترلیۆن)، کۆی ئەو پارەیەی هاووڵاتیانی مووچەخۆرە کە لەساڵی (٢٠١٥)ەوە لای حکومەتە، بەهۆی دابەشنەکردنی موچەی هێندێک لە مانگەکان، کەمکردنەوە، پاشەکەوت، لێبڕین، کە هەموو ئەمانە ستەمێکی ڕووننو حکومەت بەبێ بوونی هیچ یاساو شەرعییەتێک ئەم کارەی کردووە، هەروەها پاش باشبوونی بارودۆخی داراییش حکومەت هیچ پلانێکی نییە بۆ گەڕاندنەوەی. ٥٠٠,٠٠٠ پێنج سەد هەزار هاووڵاتی، کە زۆینەیان گەنجن، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کەسانەیە کە هیچ کارێکیان دەست ناکەوێت و بێکارن. لە ساڵی (٢٠١١)ەوە حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی بۆ دامەزراندن نییە، هەروەها هیچ هەلێکی کاری نەڕەخساندووە تەنها ژمارەی زۆر سنوردار نەبێت، کەرتی تایبەتیشی بەجۆرێک شێواندووە کە زیاتر هەلی کاری بۆ بێگانە تێدایە نەوەک گەنجی کوردستان. ٥٠٠,٠٠٠ پێنجسەد هەزار هاووڵاتی لە چوارچێوەی نزیکەی (١٠٠,٠٠٠) خێزاندا، ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو خێزانانەیە کە ژیانیان لە خوار هێڵی هەژارییەوەیە، کە داهاتی مانگانەی ئەو خێزانانە لەشارەکان کەمترە لە (٥٠٠ هەزار) دینارو بەو هۆیەوە پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیانیان بۆ دابین ناکرێت. ٧٠,٠٠٠ حەفتا هەزار هاووڵاتیو خێزان، ژمارەی ئەو خێزانە هەژارانەیە کە حکومەت بە پاساوی (چاکسازی!) لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە ئەو بڕە مووچە کەمەی کە هەیانبوو بەناوی مووچەی (چاودێری خێزان) ڕایگرتووە، ئەویش تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار بوو، ئەوانە پێکهاتوون لە (منداڵانی بێ سەرپەرشت، ژنانی هەتیوبار، بەساڵاچووانی پەککەوتە، ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان سزادراون، ئەو کچانەی کە بەقەیرە ناسراون، ئەو هاووڵاتیانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەبوو)، ئەمانە هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە، کەچی حکومەت شەش ساڵە مووچەکەی ڕاگرتوون!. ٩٠٠,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ نۆسەد ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت لای هێندێک بازرگان هەیەتیو ناتوانێت (یان نایەوێت!) لێیان وەرگرێتەوە بەهۆی ئەوەی زۆرینەی ئەو پارەیە بە ڕێکاریی یاسایی نەدراون، لە کاتێکدا ئەو بڕە پارەیە بەشی دروستکردنی نۆ بەنداوی گەورە دەکات کە مەترسی بێ ئاویو کەم ئاوی لە کوردستان نەهێڵێت! ئەتوانێت کێشەی بێ ئاوی هەموو چەمچەماڵو دەربەندیخانو سەرجەم ئەو شارو شارۆچکەکان چارەسەر بکات کە کێشەی بێ ئاویان هەیە، ئەکرێت بەو پارەیە (٤٥,٠٠٠) خاتوو بۆ خەڵکی هەژاو بێ لانەو کرێچی دروست بکەیت! دەکرێت کێشەی زۆرینەی زۆری ڕێگەوبان لە کوردستان چارەسەر بکات! ٢٣,٠٠٠ ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەیە کە خزمەتیان لە نێوان (١٠ - ١٥) ساڵدایەو تا ئێستا چاوەڕێن بکرێنە فەرمانبەریی هەمیشەییو بەشێوەی نایاسایی بە گرێبەست ماونەتەوە! نە لە کەرتی گشتی خزمەتی خانەنشینیان بۆ ئەژماردەکرێتو نە لە کەرتی تایبەت! هەیانە پاش دوانزە ساڵ خزمەت کۆچی دوایی کردووەو منداڵەکانی بێ بژێوی ماونەتەوە! ٢٧,٠٠٠ ژمارەی ئەو مامۆستایانەیە کە بە داهێنانی نایاسایی حکومەت وەک وانەبێژ لە پەروەردە کاردەکەن، لە کاتێکدا خاوەنی مافی شایستەی مامۆستایی نینو ئەو بڕە پارەیەی وەریدەگرن زۆر کەمەو هیچ کارێکی تری شایستەو گونجاو بە کەسایەتی مامۆستاییشیان دەست ناکەوێت! ١٠٠,٠٠٠ ژمارەی خەمڵێنراوی ئەو کرێکارو کارمەندانەیە کە لە کەرتی تایبەت لە دۆخی زۆر سەختو بە کرێی کەمو بەبێ بوونی دەستەبەری کۆمەڵایەتیو لە ڕەوشی نایاسایی کاردا کاردەکەن، ئەوەش بەهۆی ناتوانایی حکومەت لە چاودێری مافەکانیان! ٨ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ یاسایەکی بودجەی نییە، واتە هیچ پلانو بەرنامەیەکی ئابوریو دارایی نییە، لە دەرەوەی یاساو بەبێ بوونی دەسەڵات و دوور لە شەفافییەت مامەڵە لەگەڵ خەرجیو داهات دەکات! ژمارەیەکی نادیار! بڕی ئەو پارەیەی فەرمانبەرانە کە بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانەوە کەوتووەتە لای حکومەتو تا ئێستا هیچ پلانو بەرنامەیەک نیە بۆ خەرج کردنەوەی، کە هێندێک مووچەخۆر بەو بۆنەیەوە مانگانە زیاتر لە(١٠٠,٠٠٠) دینار زیان دەکەن و کەمتر لە مووچەی خۆیان وەردەگرن! ٣٠,٠٠٠ ژمارەی ئەو هاووڵاتیە کەمئەندامو خاوەن پێداویستیە تایبەتانەیە کە نۆ ساڵە چاوەڕێ دەکەن حکومەت بچوکترین مافی یاسایی خۆیانیان بۆ دابین بکات کە بریتیە لە تەنها (١٥٠,٠٠٠)دینار! سی هەزار منداڵی نابینا، نابیست، ئۆتیزم، داون، هاووڵاتیانی کەمئەندام بە ڕووداوی جیاجیا، نۆ ساڵە چاوەرێن، زۆرینەیان لە دۆخێکی سەختی ژیاندان، حکومەت بە پاساوی ناڕەواو نایاسایی ئەم ئەرکە جێبەجێ ناکات! ٥,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەیە کە یەکەمو دووەمو سێیەمی کۆلێجو زانکۆکانیان بوونو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە چاوەڕێی دامەزراندنو گەڕانەوە دەکەن بۆ زانکۆو دریژەدان بە خوێندن و ژیانی زانکۆیی. ٨٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو کۆمپانیایانەی نەوتە، کە هیچ باجێک بە حکومەت نادەن لە کاتێکدا حکومەت پارەی باج لە کاسبکاری ئاسایی وەردەگرێت! لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری تری کۆمپانیای پەیوەندیو ئینتەرنێتو هێندێک لە کۆمپانیای تر کە ساڵانە بە ملیۆنان دۆلاریان دەست دەکەوێت. ٢٠٠,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو قوتابیانەی زانکۆو پەیمانگایە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی داراییان ناکات، تەنانەت ئەو شەست هەزار دینار دەرماڵەیەی هەیانبوو لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە بڕیویەتی! زۆرێک لەو قوتابیانە لە خێزانە هەژارەکاننو توانای دابینکردنی خەرجییەکانی ڕۆژانەی خۆیان نییە! ٥ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت پشتیوانی لەسەر نەوتو سوتەمەنی هەڵگرتوەو هیچ پشتیوانیەکی هاووڵاتیان ناکات و خەڵک کەوتووەتە بەر رەحمەتی نرخی بازرگانیو بەردەوام نرخی بەنزین ونەوتو غازی لەسەر گران دەبێت. ٢,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو پڕۆژە جۆراو جۆرانەیە کە زیاتر لە پێنج ساڵە وەستاونو حکومەت هیچ پلانو بەرنامەیەکی نییە بۆ بەگەڕەخستنەوەیان! ٤٦,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ چلو شەش ملیار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە گەڕاوەتەوە صندوقی قەرزی پڕۆژەی بچوک بۆ گەنجانو حکومەت دەستی بەسەردا گرتووەو پێدانی قەرزی بۆ پڕۆژەی بچوکی بە گەنجان ڕاگرتووە، لە کاتێکدا ئەم پارەیە خۆی تەرخانکرابوو بۆ ئەم بوارە کە هەموو پارەکە بریتی بوو لە نزیکەی (٧٦ ملیار دینار) کە تا ئێستا نزیکەی (٤٦) ملیار دیناری گەڕاوەتەوە. ١٠٠,٠٠٠ بڕی ئەو پارەیەیە بەدینار، کە حکومەت بە ستەمو لە دەرەوەی یاسا نایداتە ئەو کەمئەندامانەی کە لە ئێستەدا مووچەیان هەیەو ڕێژەی کەمئەندامیەکەیان لە ١٠٠%، بە پێی یاسا ئەبێت مووچەی کەمئەندامان بە پێی ڕێژەبێت، ئەو کەمئەندامانەی کە ڕیژەی کەمئەندامیان دەگاتە لە١٠٠% ئەوە مووچەکەیان ببێتە (٢٥٠ هەزار) دینار، بەڵام حکومەت هەر (١٥٠ هەزار) دیناریان پێ دەدات. ١٠,٠٠٠ ژمارەی نزیکەیی ئەو دایکانەیە کە بە پێی یاسا پێویستە حکومەت مانگانە (١٤٣ هەزار دینار)یان پێ بدات، وەک مووچەی مۆڵەتی بەخێوکار، ئەم مافە مافێکی یاساییەو یاساکەش لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئەم مافەی داوە، بەڵام حکومەت بە ستەم جێبەجێی ناکات. ١٣ ژمارەی ئەو وەجبانەیە کە بە پێی یاسا مافیانە مووچەی زیندانی سیاسی وەرگرن، بەڵام زیاتر لە دە ساڵە چاوەڕێنو حکومەت مووچەکانیان بۆ خەرج ناکات، لەکاتێکدا مافێکی یاساییە. ٨٠٠,٠٠٠ هەشت سەد هەزار دینار، بڕی ئەو پارەیەیە کە حکومەت سزای هاووڵاتیانی هەژاری پێداوە بەبێ یاسا لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو لە مانگی دووی ئەمساڵەوە، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی پێوەرەکەیان نەبەستووە زۆرینەیان لەو شارانەن کە ئاویان وەک پێویست نیەو خەڵک بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوە نەیبەستووە، ئەمە بێجگە لە خراپی پێوەرەکانو خراپی کاری کۆمپانیاکانو کێشەو گرفتەکانی تر، ئەو سزایە هێنرابوویە ناو پڕۆژەیاسای پاراستنی تۆڕەکانی ئاو، بەڵام لە پەرلەمانەوە ڕەتکرایەوە، کەچی حکومەت بەبێ یاسا بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیان! ٧ ژمارەی ئەو ساڵانەیە کە حکومەت هیچ پشتیوانیەکی بۆ هیچ بوارێکی ژیان بۆ هاووڵاتیان نەهێشتووە، نە سولفەی عەقار، نە سولفەی هاوسەرگیریی، نە سولفەی کشتو کاڵی، نە سولفەی ... حکومەت بۆ هیچ کارو پڕۆژەو بوارێکی ژیان هیچ هاوکارییەکی هاووڵاتیان ناکات تەنانەت بە قەرزیش! هەرگیز کۆچی هاووڵاتیانو گەنجانم پێ خۆش نییە، بە چارەسەری نازانمو پێم وایە چارەسەر لێرەیەو ئەبێت هەموو چاکەکاران پێکەوە کار بکەین بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی، بەڵام ئەم ژمارانەی سەرەوە کە زۆرینەیان زوڵمو ستەمی ئاشکرای حکومەتن لە هاووڵاتیانو کەمئەندامانو هەژارەکانو مووچەخۆران، پێمان دەڵێن، دۆخی حکومەتو بەڕێوەبردنی وڵات چۆنە، و هۆکار چییە خەڵک کۆچ دەکات؟ ئەگەر دەسەڵاتیش بیەوێت هەنگاوێک بەرەو چارەسەر هەڵگرێت و سنورێک بۆ کۆچ دابنێت، نابێت خەریکی داتاشینی تۆمەت بێت بۆ ئەم و ئەوو لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر شانی خۆی، نابێت بەدوای داخستنی دەرگای وەرگرتنی ڤیزەی ئەم وڵات و ئەو وڵاتەوەبێت، بەڵکو یەکەمجار پێویستە دان بنێت بە هەڵە کوشندەکاندا و بزانێت بەردەوامی بەڕێوەبردنی بەمجۆرەی پڕ لە گەندەڵی و ستەم، کوردستان بەرەو ماڵوێرانی زیاتر دەبات.
د. هەردی مەهدی میکە ( تایبەت بە درەو دەینوسێت) جیا لە کێشە ئاسایشی، سیاسیی و مەزهەبییەکانیان، کێشەی سیاسەت و چۆنێتی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانیشیان لەپەرەسەندندایە، دواجار سەرەڕای ناڕەزاییە ژێرلێوییەکانی تاران و بەغدا، ئەنکەرە کاری خۆی تەواو کرد و هەفتەی ڕابردوو بەنداوی ئیلیسوی لەسەر خاکی کوردستانی تورکیا خستەگەڕ. گەرچی سەرچاوە ئاوییەکانی و بەنداو و ڕێڕەوەکانی ئەم کێشەیە لە خاکی کوردستانی باکوورەوە(تورکیا) دەست پێدەکات و هەر بە خاکی کوردستانی ڕۆژهەڵات (ئێران) و کوردستانی باشووردا (عێراق) تێدەپەڕێت و یەکەمین بەرکەوتە و زۆرترینی شوێنەوارە نەرێنییەکانی لەم خاکە بێدەوڵەتەدا جێدەهێڵێت، دیارە لەم دۆسێیەدا ئەوەی بێدەنگترین و پاسیڤ بێت هەرێم و هێزە کوردستانییەکانی ئەو پارچانەی دیکەن! وەک دەریش دەکەوێت یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکان و دینەمۆی پێکدادانی هەرێمایەتیی ئایندەیی وڵاتانی ناوچەکە، شێوازی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکانە لەبری ئەو ململانێ باوەی کە لەڕابردوودا لەسەر سەرچاوەکانی دیکەی وزە بوو. ئەم هەنگاوەی تورکیا لەسیاسەتی ئاوییدا دوور نییە بیکاتە هێزی تاقانە و پۆلیسی نوێی هەرێمایەتی و ئاراستەکاری جڵەوی وڵاتانی ناوچەکە. تورکیا لە ساڵی ١٩٩٢دا، بە خستنەگەڕی پڕۆژەی بەنداوی ئەتاتورک لەسەر ڕووباری فورات، کە تواناکەی بەتەنها بەرامبەر ٦٥٠ بەنداوی ئێرانییە! بووە هۆی پیسبوونی ژینگە و زیادبوونی خۆڵبارین و تۆز و غوبارێکی بێ وێنە لە ئێراندا و دیاردەی بە بیابانبوونی لە هەندێ ناوچەی عێراقیشدا کردە خەڵاتی دانیشتووانەکەی. ئێستاش وا بەنداوی ئیلیسوی لەسەر ڕووباری دیجلە کردەوە و نزیکەی ٦٠٪ی ئاوی ڕووبارەکە کەم دەکات. (بڕوانە: رضا رحیمی، ٢٠١٦: اگر ساخت سد ایلیسو ترکیه به پایان برسد، کار همه ما تمام است!: https://bit.ly/3qNYipJ ) بێدەنگی کورد ڕەنگە لەبەر بێ کیانی و لاوازیی و ناهاوتایی بالانسی هێزی بێت لەگەڵ دراوسێکانیدا، بەڵام بێ توانایی و نیمچە بێدەنگی تاران و بەغدا مایەی سەرسوڕمانی شارەزایان و خەمخۆرانی ژینگە و خەڵکی ئەو دوو وڵاتەن لە ئاست ئەنکەرەدا و کە لە بەنێودەوڵەتی کردنی ئەو پرسەدا و بەدادگا گەیاندنی تورکیادا حکومەتەکانیان کەمتەرخەمییان نوواند. لەکاتێکدا ئاوی دیجلە و فورات، لە ڕووی یاسا نێودەولەتییەکانەوە بە ئاوە هەرێمییەکان هەژمار دەکرێن نەک ئاوی دەوڵەتی، بەو پێیەی ڕێڕەوەکەی بە دوو وڵات زیاتردا تێدەپەڕێت بە ئاوێکی هەرێمی دادەنرێت و دەکرێت دەزگا و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاریگەری هەر لەسەرەتاوە لەسەر بهێنرایەتە دەنگ. ئەمە نەک ئێستا، دەبوو هەر ئانی ئەندازەگیری و پلانە سەرەتاییەکانی راگەیاندنی پرۆژەکەدا لەلایەن تورکیاوە بکرایە، کە نەکرا و ئەویش کاری خۆی کرد و چیتر نەیارانی دەبێت وەک واقیع لەسەر مێزی دانوستاندن لێدوانی لەسەر بدەن. ئیلیسو بۆ کوردستان و ناوچەکە چی لێدەکەوێتەوە؟ بەنداوی ئیلیسو (Ilisu Baraji)، لەسەر ناوجەکانی دارگچیتی سەر بە پارێزگای ماردینی باکووری کوردستان (تورکیا) دروستکرا و ساڵی دەستپێکی گلدانەوەی ئاوی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٨ و ساڵی تەواوبوونی یەکجاریی پرۆژەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ٨/١١/٢٠٢١ و توانای گلدانەوەی دە ملیار و شەشصەد ملیۆن (١٠،٦٠٠،٠٠٠،٠٠٠)مەتر موکەعەب ئاوی هەیە. ئەم بەنداوە لەسەر ڕووباری دیجلە سازکراوە و نزیکەی ٦٠٪ی ئاوی دیجلە (کۆڵەکەی ژیان و شارستانییەتی عێراق) بۆ عێراق کەمدەکاتەوە و هەر بەو ئاراستەیەش لەبەرئەوەی بەدرێژایی ڕەوتەکەی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دیجلە، دەبێتە هۆی وشکبوونی حەوزی هۆری مەزن (هور العظیم)ی ئێران و وشکبوون و بە بیابانبوونی ئەو هەرێمە بەرفراوانەی لێ دەکەوێتەوە و زیانەکەی بەر دانیشتووانی هەریەک پارێزگاکانی ئەحواز (خوزستان)، عیلام، بوشەهر و بویرئەحمەد، دەکەوێت(بڕوانە: حمید رضا رمضانی٢٠٢١: دولت ترکیه در سودای ژاندارمی منطقه٢٠٢١، https://bit.ly/3oHS73R ) لەوێشدا دیسان هەر ناوچە کوردستانییەکان و عەرەبییەکان کە پێکهاتەی فەرامۆشکراوی دەوڵەتی ناوەندیین، زیانباری سەرەکین. بۆ کوردستان وەک خاک و شوناس و مێژوو، زیانەکانی چەند بەرامبەرن، هەم لەڕووی مێژووییەوە ئاسەواری شارستانییەتی هەزارانساڵەی حەسەنکێفی مێژوویی هەڵدەگێڕێتەوە کە ناوچەی سەرەکی بونیادنانی بەنداوەکەیە و بۆ ڕەوتی ژیانیش چەندین لادێ و ناوچەی دانیشتووانی ڕووبەڕووی زیان دەکاتەوە. بەدرێژایی ڕووباری دیجلەش لێکەوتەکانی بەنداوەکەش زیان دەگەیەنێت بە ناوچەکوردستانییەکان لە هەردوو وڵاتی عێراق و ئێران. بۆیە لە سەرچاوەوە چ وەک زیانی مرۆیی و ژینگەیی چ وەک شوناس و خاک، کورد لە هەرسێ وڵات بەرکەوتەی شوێنەوارەکانی بەنداوی ئیلیسو دەبن. نیگەرانییە ژینگەییە ئایندەییەکان لە عێراق و ئێران ئەوەی بە وردی دەتوانرێت لەبەرچاو بگیرێت لە لێکەوتەکانی سیاسەتی ئاوی تورکیا بە گشتی و بەنداوی ئیلیسو بەتایبەت لەسەر هەردوو وڵات دەکرێت لەم خاڵانەدا کورت بکرێنەوە: ١. مەترسییەکانی لەسەر عێراق: - کەمبوونەوەی لانیکەم ٥٠٪ی پشکی ئاوی عێراق لەو سەرچاوەیە. - سەرهەڵدانی قەیرانی وشکەساڵیی توند. - زیانگەیاندن بە کشتوکاڵ و ژینگە. - خێراکردنی جەنگی گریمانەکراوی ئاویی هەرێمایەتی. - وشکبوونی لەسەرخۆی ڕووباری دیجلە. ٢. مەترسیەکانی لەسەر ئێران: - وشکبوونی تەواوەتی زەلکاوە بەپیتەکانی "هور العظیم". - کێشەدروستکردن بۆ ژیانی ئاسایی خەڵکی ٢٣ پارێزگا. - بڵاوبوونەوەی زیاتری خۆڵبارین و تۆز و غوبار لەسەرانسەری وڵاتدا. - پەرەسەندنی قەیرانی وشکەساڵی لە باشووری ئێراندا. - بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچ بە هۆی قەیرانە ژینگەییەکان. (بڕوانە: اعتماد اونلاین٢٠٢١: سد ایلیسو ترکیه چه اثراتی خواهد داشت؟ https://bit.ly/3FfDTxp) وا دەردەکەوێت، جیا لە بەهێزبوونی هەژموونە سەربازییەکەی و بە وردبوونەوە لە مێژووی ٣١ ساڵی ڕابردووی ناوچەکە، تورکیا براوەی یەکەمی ئەو ئاڵۆزیانەیە کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عێراق و سوریا و ئێران بوونەتەوە، وەک دەرکەوت لە جەنگی کوەیت و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێم، بەنداوی مەزنی ئەتاتورکی جێبەجێکرد و لە پاش ٢٠٠٣شەوە بەهۆی سەرقاڵی و لاوازبوونی عێراقەوە و سەرگەرمی وڵاتانی زلهێز بە دۆسێکەوە، بە سیاسەتە ئاوییەکانی و کردنەوەی ڕێڕەوە نوێکانی لە ئاو و بازرگانی و وزەدا دیسانەوە قازانجی خۆی کرد، لە ئانوساتی دەرکەوتنی تیرۆر و داعش و کاردانەوەکانی لەسەر ناوچەکە ئەو لە پەلهاوێژییە ستراتیژییەکانی و هەژموونی خۆی نەکەوت و هەلەکەی قۆستەوە و دوایین بەرهەمیشی بەهۆی لاوازی و قەیرانەکانی وڵاتانی ناوچەکە، دیسان تورکیا لەپەناوە بە سێ ساڵ بەنداوی ئیلیسوی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە و ئایندەیەکی نادیاری ژینگەیی و مرۆیی و ئابووریشیی کردە دیاری بۆ دراوسێکانی.
درەو: شەهلا ڕەعنایی/ توێژەری كۆمەڵایەتى/ گۆڤاری ئایندەناسی بەرایی ئاسایش بە پێداویستیی سەرەكی و ئامانجێكی بنەڕەتیی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، بە شێوەیەک کە بە کەمبوونەوەی ئاسایش؛ ئارامی و دڵنیایی مرۆڤ لەنێو دەچێت و دڵەڕاوكێ، بێمتمانەیی و نائارامی دێتە ئاراوە، لەم ڕووەوە بەدیهێنانی زۆرێک لە پێویستییەکانی مرۆڤ بەندە بە دابینکردنی ئاسایش. ئاسایش بابەتێکی بنەڕەتییە لە هەر سیستمێکی کۆمەڵایەتیدا و وڵاتانی جیهان دابینکردنی ئاسایش لە کۆمەڵگادا بە ئەولەویەت و ئەركی سەرەكیی خۆیان ئەژماری دەکەن، هەر چەندە ئەستەمە كە چاوەڕێ بکرێت لە کۆمەڵگایەكدا بەتەواوەتی ئاسایش بوونی هەبێت، بەو پێیەی كە هەر كۆمەڵگەیەك لە كەسانی جیاواز بە دابونەریت و کولتووری جیاواز پێك هاتووە و بەردەوام ڕێژەیەک لە تاوان و زیانی کۆمەڵایەتی بۆ نموونە “ئالوودەبوون” لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا بوونی هەیە و بە هەمان ڕێژەش هەستکردن بە نائارامی لەو کۆمەڵگایەدا بوونی هەیە. هەستێک کە هەندێک کات بە شێوەیەکی بەرچاو لەناو خەڵکی ئەو کۆمەڵگایەدا دروست دەبێت و وەک کێشە لێی دەڕوانرێت و دەبێت بە وریاییەکی زیاترەوە بخرێتە بەر باس. ئەم نووسينه هەوڵی شرۆڤەیەكی كۆمەڵناسییە سەبارەت بە ڕۆڵ و كاریگەریی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە کەمکردنەوەی زیانە کۆمەڵایەتییەکانى “ئالوودەبوون” و لە بەرامبەردا ڕۆڵی پێچەوانەی ئالوودەبوون لە کەمبوونەوەی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی. بەرایی ئاسایشی گشتی یەکێک لە دیارترین سیماكانی پێشکەوتوویی هەر کۆمەڵگایەک و زەمینەسازیی گەشەکردن و ئارامیی کۆمەڵگایە. جێگیربوونی ئاسایشی گشتی لە کۆمەڵگادا پێویستی بە پێکهاتەگەلێکە کە لەودا لانی کەم هێماگەلێکی وەک یەکسانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، دابینکردنی هەلی کار، ئازادی و دەسەڵات و بەشداریکردنی تەواوەتیی خەڵک، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاری لە کۆمەڵگەدا، کەڵکوەرگرتن لە توانای نوخبە و زاناکان، گونجاندنی کۆمەڵایەتی و هاوشێوەکانی بوونی هەبێت. ئاسایشی گشتی بابەتێکە لە پێشکەوتنی سیستم، یاسا و لەبەرچاوگرتنی یەکسانی لە کۆمەڵگادا کە هاوڵاتیان لە پەنای ئەودا لە ترس و نائارامی بەدوور دەبن و بۆ بەرگریکردن و پشتیوانی لە مافەکانی خۆیان و دابینکردنی هەلەکان و هۆکارەکانی دەستدرێژی بێخەم دەبن. لە بەدواداچوون سەبارەت بە ماددە هۆشبەرەکان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، ماددە هۆشبەرەکان وەک هۆکارێکی دەرەکی لە چوارچێوەی بازرگانی لە بازاڕە ئازادەکان وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایش ئەژمار دەکرێت. لە ڕوانگەی سو پرسی (Sue Pryce) لە کتێبی “ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ماددەی هۆشبەردا”، کاتێک کە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان قەدەغە کرا و وەک مەترسییەک لەسەر ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دەوڵەت ناسێنرا و کاتێک کە هەڕەشەئامێزترین جۆرەكانی ماددەی هۆشبەر کەوتە ڕیزبەندیی لیستی قەدەغەكراوی هاوردەی دەرەکی، ماددەی هۆشبەر بوو بە بابەتێکی ئاسایشی و مەترسیدار کە پێویست بوو بەرەنگاری ببینەوە. ئەم بابەتە، بەیاننامەی “جەنگ دژی ماددە هۆشبەرەكان”، لەلایەن ڕیچارد نیکسۆن لە ساڵی ١٩٧١ و ڕاگەیەنراوەكەی ڕۆناڵد ڕەیگان سەبارەت بەوەی کە ماددەی هۆشبەر مەترسییەکە لەسەر ئاسایش، ڕوون دەکاتەوە. ماددەی هۆشبەر لە گۆڕەپانی سیاسەتی ناوخۆ، تەندروستی، پەروەردە، خۆشگوزەرانی و تاوانەوە جووڵەی كردووە و دەبێتە پرسی سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماتی و ستراتیژی سەربازی(1). ڕاسڵ کرانداڵ لە کتێبی “ماددەی هۆشبەر و هەڕەشە”، بڕوای وایە کە لە سەرەتای دەیەی ١٩٧٠، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلار یاخود بە ڕێژەیەكی گریمانەیی دە ئەوەندەی شەڕی کەنداوی فارس (١٠٢ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە ڕێژەی هەڵئاوسانی ڕێكخراو)، یاخود سێ ئەوەندەی جەنگی یەكەمی جیهانی (٣٣٤ ملیارد دۆلاری ئەمەریکی بە هەڵئاوسانی ڕێکخراو) لەسەر باجدەرە ئەمەریکییەکان کەوتووە. سەرەڕای دەیان ساڵ هەوڵ و کۆشش بۆ ڕیشەکێشکردنی ماددە هۆشبەرەکان، ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێت و لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکادا بەردەوام لە گەشەدایە. لەم ساڵانەی دواییدا باجدانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر و خودی شەڕی ماددەی هۆشبەر بۆ بەشێکی زۆر لە ئەمەریکییەکان زیاد لە هەر کاتێکی تر بووە بە شتێکی تاکەکەسی. لە ساڵی ٢٠١٦، لە هەر دە کەسێكی ئەمەریکی، چوار کەس دانیان بەوەدا ناوە كە لە ئێستادا یان پێشتر کەسێک دەناسن کە ئالوودەی ئارامبەخشە ڕێپێدراوەكانی پزشكان بووە(2). ئەم كێشەیە نیشاندەری گرنگی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی زیانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەكانە و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتی ئەمەریکا بۆ باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لەم وڵاتەدا وەک زلهێزێکی سیاسی و ئابووریی جیهانە. بەڵام نابێ لەبەرچاوی نەگرین کە زیانەکانی ئالوودەبوون وەک هۆکارێکی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوخۆیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە لە کۆمەڵگاکاندا ڕوو لە زیادبوونە و ئەنجامدانی ڕێکارە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم مەترسییانە وەک بابەتێکی گرنگ ئەژمار دەکرێت. ڕوونە کە پێش لە هەر کارێک بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسییەک، دەبێت بە باشی و وردی ئەو مەترسییە بناسین و هۆکارە پەیوەندیدارەکانی سەبارەت بەو مەترسییە دەستنیشان بکرێن. لەسەر ئەم بنەمایە، بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر (Drug Use) لەنێو خەڵکدا بووە بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دەركەوتن و پەرەسەندنی “هەستکردن بە نائارامی” (Feeling Insecure). بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە شێوەی زیانی کۆمەڵایەتی، لێکەوتەگەلێکی وێرانکەر و پڕ لە خەرجیی زۆر دەخاتە سەر شانی پێکهاتەی کۆمەڵگا. بۆ نموونە؛ لە کاریگەرییە ئازاربەخش و بونیادتێكدەرەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر بریتین لە جیابوونەوەی هاوسەران، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادبوونی دزی و گواستنەوەی نەخۆشی کە دەوڵەتەکان بۆ لەنێوبردنی ئەمانە بەناچاری تووشی خەرجییەكی زۆر دەبن. هەر لەبەر ئەمەیە کە ئەو بەهایەی كە خەڵک بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگە و پاشانیش باشترکردنی ئاستی ژیانی كۆمەڵایەتی قایلن، شایانی گرنگیپێدانە بۆ هەڵسەنگاندنی بەرنامەکانی دەوڵەت سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کەمبوونەوەی ئالوودەبوون سوودمەندە و هەستکردنی دەروونیی نەبوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئالوودەبوون و زیانەکانی(3). لە لایەکی ترەوە، بەو پێیەی كە چەمکی هەستکردن بە ئاسایش یەکێکە لە دەرخەرەکانی چۆنیەتیی ژیان لەنێو شارەکاندا، دەکرێت بڵێین زیانە کۆمەڵایەتییەکان وەک یەکێك لە گرنگترین لێکەوتەکانی ئەم نائەمنییە ئەژمار دەکرێت. لە ئەمڕۆدا بە سەرنجدان لە بڵاوبوونەوەی نائەمنییە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو شارەکاندا، پەیوەندیی نێوان ئاسایشی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی زیانە کۆمەڵایەتییەکان گرنگیی پێ دەدرێت(4). لەسەر ئەم بنەمایە، یاسای سزادانی توند، توندکردنی بەرەنگاربوونەوەکان، ڕێكارە پۆلیسییەكان و سەرمایەگوزاریی دەوڵەتەکان بۆ دابینكردنی هەستکردن بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی؛ ئەنجامێکی دڵخوازی بەدەست نەهێناوە، هەر بەم هۆیەوە ساڵانێکە وڵاتان بیر لەوە دەکەنەوە کە سوود وەربگرن لە توانا و بیرۆکەکانی کۆمەڵگای مەدەنی (بەهێزكردنی ستراتیژی بەشداریکردنی خەڵک لە دابینکردنی ئاسایش) و كار لە کەمکردنەوەی هەستکردن بە نەمانی ئاسایش بكەن. هەر بۆیە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بابەتێکە کە خەڵک و دەوڵەت پێکەوە لە دابینکردنیدا هاوبەش و بەشدارن، لەم ڕوانگەیەوە دەوڵەت و کۆمەڵگە هەنگاوبەهەنگاو و پێکەوە بەبێ ئەوەی خۆیان لە یەكتر جیا بكەنەوە، پێویستە هەمان كردار سەبارەت بە نەمانی ئاسایشی پەیوەندیدار بە هەردووکیان ئەنجام بدەن و هاوكاری یەكتر بن(5). زیانە کۆمەڵایەتییەکان (Social Problems) زیانە کۆمەڵایەتییەکان لەخۆگری هەندێ کێشە و گرفتی کۆمەڵگایە کە بە هۆی ئەوەوە خەڵکی تووشی زیانی جەستەیی و دەستدرێژیی جەستەیی دەبن. ئالوودەبوون بە شێوەی یەکێک لە زیانە کۆمەڵایەتییەکان، سەرەتا دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی مرۆیی وڵاتەکان و داینامۆی ئابووریی وڵات لەکار دەخات و پاشانیش دەبێتە هۆی پەرەپێدانی تاوانکاری و کێشەگەلی تر لە کۆمەڵگادا، بەم شێوەیە بە توندی و خێرایی دەبێتە هۆی لەدەستدانی سامانی مرۆیی. هەروەها ئەم بابەتە لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییە نەرێنییەوە کە بەسەر کۆمەڵگەوە بەجێی دەهێڵێت، دەبێتە هۆی لاوازبوونی سامانی کۆمەڵایەتی. بەشێک لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئالوودەبوون بریتین لە: داڕووخانی بنەمای خێزانەکان، کەمبوونەوەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، گواستنەوەی نەخۆشییەکان، زیادبوونی دزی لە کۆمەڵگەدا و لە هەمووی گرنگتریش خەرجیی هەلی لەدەستچووی هێزی کار. بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا، وەک تێچووی مانەوەی ئالوودەبووان لە بەندیخانە یاخود کەمپەکان، یاخود پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخراوە تەندروستییەکانەوە، بەڕوونی تێچوونێكی زۆری پێوە دیارە بۆ دەوڵەت. بەڵام لەگەڵ ئەم خەرجییە ڕوون و قابیلی ژماردنانەدا، كۆمەڵێك تێچوونی تر بوونی هەیە کە تێچووی بەهای دراوییەكەی دیار نییە و لە هەمان کاتدا بەهایەکی زۆر زیاتری هەیە کە بریتین لە لەنێوبردنی متمانەی کۆمەڵایەتی لەنێوان خەڵکیدا بە هۆی زیادبوونی دزییەكان، ئەگەری تووشبوون بە تاوانی ئەندامانی تری خێزان بە هۆی لاوازی و لەنێوچوونی شیرازەی خێزانی و هەروەها بریندارکردنی هەستی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ هەستی یارمەتی و بەزەیی ئەوان لە کاتی بینینی ئالوودەبووندا. هەروەها، دەوڵەتەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانی سەبارەت بە کەمکردنەوەی ئالوودەبوون، دەبێت لە كولتوورسازی و پەروەردەی کۆمەڵگادا سەرمایە بخەنە گەڕ. کەواتە، لێكدانەوەی ڕێژەی ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و ئەو بەهایەی کە خەڵکی پێی دەدەن سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕێژەی ئالوودەبووان، بۆ داڕشتنی پلان و بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی گرنگیی هەیە(6). جیا لە ناوەرۆکی کۆمەڵگا و ئاستی گەشەكردنی، دەکرێت بڵێین بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر وەک كێشەیەكی کۆمەڵایەتی کاتێک خرایە بەر باس کە دیاردە کۆمەڵایەتییەكانی وەك شارنشینی و پیشەسازی هاتنە كایەوە. كاریگەرییەكان و شێوازی ژیانی تایبەت پیشەسازی، بووە هۆی ڕوودانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئاستی تاکەکەسی و کۆمەڵگادا. بێ ناونیشانی و ونبوونی (گمنامی) تایبەت بە كەشی شارەکان، نەک تەنیا ڕۆڵی چاودێریی خێزانی کەم کردەوە، بەڵکوو بووە هۆی کەمکردنەوەی ڕۆڵی ئایینیش، ئەم ونبوونە بە لەخۆنامۆبوونی مرۆڤ زیاتر پەرەی سەند. حەزە بێسنوورەکانی مرۆڤ بووە هۆی ئەوەی کە كێشمەكێش و هەژاریی زیاتر بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا بووە هۆی ئەوەی کە لە قۆناغی یەکەمدا مرۆڤی مۆدێرن بۆ ئارامبوونەوەی خۆی پەنا بەرێتە بەر ماددەی هۆشبەر و بەدوایدا بگەڕێت و لە کۆتاییدا کاتێک کە کێشەکان وایان لێ دێت بەرگەی ناگرێت، تووشی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەبێت(7). لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، پێکهاتەی کولتووری-کۆمەڵایەتی لە پەرەپێدانی ئالوودەبوون لە کۆمەڵگادا شایانی گرنگیپێدانن. لە ڕوانگەی تیۆری كردارگەرایی (Functionalism)، کاتێک کە نۆرمە (بەها/هنجار) کۆمەڵایەتییەکان لاواز دەبن، حەزی تاکەکان بۆ ئەو ماددە هۆشبەرانە زیاتر دەبێت. بە ئاڵۆزتربوونی کۆمەڵگا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەكانی خێراتر، بەهاکان و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان ناڕوونتر دەبن و دەگاتە ئاستی بێبەهابوون. نەگونجاویی نۆرم، لە گرنگترین هۆکارەکانی لاوازبوونی بەهاكانە. سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی تەندروستی سەبارەت بە مەترسی و زیانەکانی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، بە هۆی بانگەشەی بەرهەمهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، پێكدادانی پێكهاتەیی دەردەكەوێت و تاکەکان بەرەو کێشانی ئەم ماددانە ڕادەکێشێت. بێبەهایی و بەرەڵایی تاكەكەسیش هۆکارەکانی ترە کە هەلێکی گونجاو بۆ ڕاکێشانی مرۆڤ بەرەو ئالوودەبوونی بە ماددەی هۆشبەر دەڕەخسێنێت. لێكهەڵوەشاوەیی پێکهاتەی خێزانەکان بە هۆی جیابوونەوەی دایکان و باوکان، جیابوونەوە لە هاوڕێیان بە هۆکاری شوێن گواستنەوە و کۆچکردن و لەم نموونانە، مرۆڤ لەبەرامبەر ماددەی هۆشبەر لاوازتر دەکات. لەم ڕوانگەیەوە، لاوازبوونی هاوڕایی گشتی سەبارەت بە بەها پەسەندكراوە کۆمەڵایەتییەکان، گرنگترین هۆکارە کە مرۆڤ پەنا بەرێتە بەر ماددە هۆشبەرەکان(8). ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر (Drug Addiction) ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر نەخۆشییەکی سەرەکی و کوشندەیە و خێرا گەشە دەکات. لەم نەخۆشییەدا جۆرێک پەیوەندیی ئارامکەرەوە دروست دەکات بە ماددەیەکی هۆشبەر، یاخود کاریگەر لەسەر مێشک کە ئێمە بێتوانا دەکات سەبارەت بە چالاکی و حەزی زۆر. ئالوودەبوون وەک کردارێک پێناسە دەکرێت کە جەستەی مرۆڤ وا لێ دەکات بۆ ئەنجامدانی چالاکیی ڕۆژانەی خۆی وابەستەی هەندێ هەڵسوکەوت و ماددە هۆشبەر ببێت. کاتێک کە وەک پێویست ماددەی هۆشبەر ناخرێتە بەردەست جەستە، یاخود کردارگەلێک کە کەسی ئالوودەبوو وابەستەی بووە و ناتوانێت ئەنجامی بدات بە هەر هۆكارێك، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی نیشانەکانی ناهۆشیاری. بە واتایەکی تر: ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر دەکرێت پێناسەی بکەین بە کارێک کە مرۆڤ ناچارە ئەنجامی بدات و لە هەمان كاتدا لە كاتێکدا لە لێکەوتە زیانبەخشەکانی بەئاگایە. ئەمە لە كاتێكدایە كە دایك و باوكان، هاوسەر و كەسانی نزیكی کەسی ئالوودەبوو بە ماددەی هۆشبەر بەئاسانی ئەم ڕاستییە وەک جۆرێک لە نەخۆشی قبووڵ ناکەن، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە ئەم كەسانە لە ڕووی هەستەوە لە پڕۆسەی نەخۆشیی كەسی ئالوودەبوو بەشدارن. سەرەڕای ئەوەی کە وشەی “ئالوودەبوون” بەزۆری ئاماژەیە بۆ وابەستەبوون بە ماددەی هۆشبەر یاخود خواردنەوە كحوولییەكان و لەژێر ناوی ئالوودەبوون بە ماددەكانی تر ئاماژەی پێ دراوە، ئەم ئەگەرەش هەیە كە مرۆڤ ئالوودەی هەندێ کردار و چالاکیی تریش ببێت، وەک: قومارکردن، زۆرخۆری، پەیوەندیی سێکسی، سەیرکردنی وێنە و ڤیدیۆی سێکسی، یاخود تەنانەت شت کڕینی ناپێویست و زیاد لە ڕادە، ئەم جۆرە لە ئالوودەبوونانە وەک ئالوودەبوونی کرداری یاخود پڕۆسەیی ئاماژەی پێ دەدرێت. لەسەر بنەمای پێناسەی ئەنجوومەنی چارەسەرکردنی ئالوودەبوونی ئەمەریکا، وشەی ئالوودەبوون بەم شێوەیە پێناسە کراوە: “ئالوودەبوون نەخۆشییەکی سەرەکی و درێژخایەنە کە گرفت دروست دەکات لە بەشەكانی پاداشت، پاڵنەر و خەزنكردن (حافظه) و بەشەكانی تری تایبەت بە مێشك، ئەم کێشانە دەبنە هۆی دروستبوونی تایبەتمەندییە وابەستەییەكانی جەستەیی، دەروونی و كۆمەڵایەتی”. سەرهەڵدانی ئەم ئاماژەگەلانە لە مرۆڤدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە بۆ دەستکەوتنی پاداشت (چێژ) یان ئارامبوونەوە ڕوو بکاتە بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر، یاخود کرداری تێكدرانە و وێرانکەر. ئاماژە دیارەکانی ئالوودەبوون بریتین لە تێكچوونی کۆنترۆڵکردنی هەڵسوکەوت و کردارەکان، حەزی زۆر بۆ کێشانی ماددە هۆشبەرەکان، بێتوانایی لە پاك مانەوەی بەردەوام و بێ توانایی لە ناسینی کێشەی هەڵسوکەت و پەیوەندیی گونجاو لەگەڵ کۆمەڵگادا. ئەگەر ئالوودەبوون بە دەرمان یاخود بە چالاکییەکانی پێویست كاری لەسەر نەكرێت، بەردەوامبوونی لەوانەیە ببێتە هۆی لەکارکەوتنی مێشک و تەنانەت مردنیش(9). ئالوودەبوونی جەستەیی وەڵامی فسیۆلۆژیی جەستەیە بەرامبەر بە داخڵبوون و کاریگەریی ماددەی نوێ بۆ جەستە كە بەگشتی دیاردەی قبووڵکردن ((Toleranceی لێ دەكەوێتەوە، واتە لەبەر زیادبوونی وەرگرە دەمارییەکان و کەمبوونەوەی نێوەنجییە دەمارییەكان لە سیستمی ناوەندیی دەماردا، کەسی ئالوودەبوو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پێویستی زیاتری بە کێشانی ماددەی هۆشبەر دەبێت. وازهێنان لە ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆی ئازاری جەستەیی، بێخەوی، زۆرخەوی و ناهۆشیاریی جەستە. ماوەی وازهێنان لە ئالوودەبوونی جەستەیی زۆر كورتترە لە ئالوودەبوونی دەروونی. ئەو تیۆریستانەی کە پەرژاونەتە سەر هۆکارەکانی ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر، لە ڕوانگەی زیندەوەرناسییەوە باوەڕیان وایە کە مرۆڤ لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەیی سەبارەت بە ئالوودەبوون تێدایە. بە بۆچوونی جاروڤیک (Jarvik)، هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕووی فسیۆلۆژییەوە ئامادەییەکیان تێدایە کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر چێژ لە خراپ بەكارهێنانی کێشانی ماددەی هۆشبەر وەربگرن و هەر ئەم ئامادەییەش دەبێتە هۆکاری ئالوودەبوونی ئەوان. بە واتایەکی تر: سیستمی ناوەندیی دەماری، ماددە هۆشبەرەكان لە ڕێگەی گەیەنەرە دەمارییەكانەوە بە چەشنێك پرۆسێس دەكات کە ببێتە هۆی ئەزموونێكی چێژبەخشی دەگمەن(10). ئالوودەبوونی دەروونی ئالوودەبوونی دەروونی بە هۆی چێژ و سەرخۆشیی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوەیە لە درێژمەودادا. ڕێكوڕاست بە هۆی تێكچوونی شیرازەی ڕژانی نێوەنجییە دەمارییەكانەوە، تاك تووشی زیان یان دژیەكییە ڕۆحییەكان دەبێت. بۆ نموونە؛ مادەی هۆشبەری مێتائامفتامین (شیشە)، دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕژێنی دوپامین لە مێشكدا و ڕوودانی حاڵەتی ورووژێنەر، سەرخۆشی، تەركیز و…، پاش وازهێنان لە بەكارهێنان یان كەمكردنەوەی ئاستی دوپامین، كەسی ئالوودەبوو تووشی خەواڵوویی، خەمۆكی و بێتەركیزی و… دەبێت. ماوەی خولی گەڕانەوەی ئەم نێوەنجییە دەمارییانە بۆ حاڵەتی ئاسایی زۆر درێژتر و تەنانەت هەندێك پێیان وایە كە گەڕانەوەیان نییە. لە ئەنجامدا ئالوودەبوونی دەروونی زۆر كوشندەتر دەنوێنێت. ئالوودەبوونی دەروونی دەبێتە هۆی ئەوەی كە زۆرێك لەو كەسانەش كە پێشتر كۆرسە درێژخایەنەكانیان بینیوە، دیسانەوە دڵیان بۆی لێ بداتەوە. بەڵام بەداخەوە كە هەندێك كەسی هەلپەرست بۆ ڕیكلامكردن بۆ ماددەی هۆشبەر، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بەكاربەرەكان ئالوودە ناكات، بەڵام لە واقیعدا هەموو ماددەیەكی هۆشبەر ئالوودەبوونی دەروونییشی لەتەكدا دەبێت، تەنانەت ئەگەر هەندێك لە ماددەكان نەبنە هۆی ئالوودەبوونی جەستەیی لە كەسەكاندا(11). لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە بۆچوونێك هەیە كە ئەو كەسانەی كە متمانەبەخۆبوونێكی كەمیان هەیە و لە دڵەڕاوكێدان، بە مەبەستی ئارامی و بەدەستهێنانی متمانەبەخۆبوون و ڕزگاربوون لە بەریەككەوتنەكان؛ ڕوو لە ماددە هۆشبەرەكان دەكەن. كەسە وابەستەكان ئەگەری ئالوودەبوونیان زیاترە(12). ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئاسایشی كۆمەڵایەتی وەك یەكێك لە هەستیارترین و گرنگترین جۆرەكانی ئاسایش، ڕەگەزێكی سەرەكیی ژیانی مرۆڤ پێك دەهێنێت. بێگومان هیچ ڕەگەزێك بۆ پێشكەوتن و گەشەكردنی كۆمەڵگەیەك و هەروەها چەكەرەكردنی تواناكان؛ گرنگتر نییە لە ڕەگەزی ئاسایش و دابینكردنی ئارامی لە كۆمەڵگەدا. ئاسایش خاوەنی دوو واتای ئەرێنی (واتە بوونی هەستی ڕەزامەندی و دڵنیایی دەسەڵاتداران و هاوڵاتیانە) و نەرێنی (واتە نەبوونی ترس، زەبر و هەڕەشە)یە. ئێستاكە چەمكی ئاسایش لە ڕووی ڕواڵەتەوە لە كۆمەڵگەدا سنووری نەبوونی تاوان و زیانەكانی تێپەڕاندووە و حاڵەتگەلی وەك دەروونی، ئەخلاقی، تەندروستی، ئابووری دەگرێتەوە و هەروەها هەڵگری سەقامگیری، شیرازەی واقیعی و ئەقڵانییە لە كۆمەڵگەدا كە ئەمانە هەموویان بە واتای ئاسایشی كۆمەڵایەتی لێك دەدرێنەوە. بۆیە دەكرێت ئاماژە بەوە بكرێت كە هەتاوەكوو ڕێژەی پەرەپێدانی كۆمەڵگەیەك زیاتر بێت، تێکڕای ئاسایشی كۆمەڵایەتییش زیاتر دەبێت و هاوتەریب لەتەك ئەوە ڕێژەی سەرپێچی، تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان كەمتر دەبێت. پێناسەی ئاسایش ئاسایش لە ڕەگوریشەی لاتینیی “Securus”ەوە وەرگیراوە كە بە واتای نەبوونی دڵەڕاوكێ و دوودڵی دێت. بۆیە واتا زمانەوانییەكەی ئاسایش؛ ڕزگاربوونە لە شڵەژان، دڵەڕاوكێ، ترس یان هەستكردنە بە ئارامی و دڵنیایی. هەستكردن بە ئارامی و دڵنیایی بە هۆی نەبوونی دەستدرێژی بۆ سەر گیان، ماڵ، كار و مافەكانی دیكەی مرۆڤ دێتە دی. ئەم بەها جێگیرە، یەكێكە لە پێداویستییەكانی ژیانی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی(13). هەروەها، ئاسایش خاوەنی دوو ڕەگەزی سەرەكیی هەڕەشە و دەرفەتە و بەرقەراركردنی ئاسایش بەستراوەتەوە بە ڕزگاربوونی ڕێژەیی لە هەڕەشە و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەكانە. بەم پێیە بەرجەستەبوونی ئاسایش لە لایەك بەستراوەتەوە بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان و لە لایەكی ترەوە بە دەركەوتەكانی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەكان و باشكردنی دۆخ و ڕێكخستنی ژیان(14). ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دابەشكارییەكانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ڕەهەندی سیاسی و حكومیی هەیە و ئاوێزانە بە بابەتی سەرەكیی دەسەڵاتەوە و لە توێژینەوە و خوێندنەوە ستراتیژییەكاندا لەژێر چوارچێوەی ئاسایشی نەتەوەییدا شەنوكەو دەكرێت(15). ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە ڕووی گشتگیری و هەمەلایەنییەوە دەكرێت بە ئاسایشی ستوونییش هەژمار بكرێت كە كایەكانی ئاسایشی گشتی و بەكۆمەڵیش لەخۆ دەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئاسایشی كۆمەڵایەتی، ئارامی و ئاسوودەییە كە كە هەر كۆمەڵگەیەك ئەركی سەرشانیەتی بۆ ئەندامەكانی خۆی دابینی بكات و زۆر جار بۆ ئاسایشی پیشەیی، ئابووری، سیاسی و دادەوەری دابەش دەكرێت(16). ئاسایشی پیشەیی واتە دەستەبەركردنی ئارامی و ئاسایش بۆ مرۆڤ لە ڕێگەی پیشەوە، لەبەرامبەر هەوڵدانی دادپەروەرانە بە ئاراستەی بەدەستهێنانی بژێویی تاكەكانی كۆمەڵگە. ئاسایشی ئابووری دابینكردنی شیرازەیەكە لەنێو بەش و جومگە ئابوورییەكانی كۆمەڵگەدا كە تاكەكان لە هەستكردن بە مەترسیی كەمبوون و نەبوونی پێداویستییە سەرەكییەكانی تاك دەپارێزێت. ئاسایشی سیاسی بریتییە لە ڕەخساندنی دەرفەتی ڕادەربڕینی تاكەكان، ڕێژەی چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی كۆمەڵگە و بەشداری لەم جۆرە كاروبارانەدا بەبێ هەستكردن بە ترس و لەرز، مەترسی و هەڕەشە. ئاسایشی دادوەری ئاسایشی تاكەكانە بەرامبەر بە هەر جۆرە دەستدرێژییەك، تۆقاندنێك، ترس و هەڕەشەیەک، بەرامبەر بە گیان و ماڵ، شەرەف، ئازادی، پیشە و شوێنی ژیان و بە شێوەیەكی گشتی هەموو مافە یاساییەكانیان. جێی ئاماژەیە كە بەگوێرەی مادەی (3)ی جاڕنامەی جیهانیی مافەكانی مرۆڤ، “هەر كەسێك مافی ژیان، ئازادی و ئاسایشی تاكەكەسیی هەیە” و لەسەر بنەمای مادەی (22)ی جاڕنامەكە هەموو تاكێك وەك ئەندامێك لە كۆمەڵگە مافی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی هەیە(17). ئاسایش و نائارامی وەك گۆڕاوی وابەستە (بەرەنجام) بەتوندی لەژێر كاریگەریی نەبوونی كۆنترۆڵی هەمەلایەنە، ناڕەزایەتی و بوونی بەریەككەوتنە ڕەفتارییەكان، نەبوونی ڕەزامەندی لە پێداویستییەكان، دابڕانە كۆمەڵایەتییەكان، گۆڕانی كولتووری، لاوازبوونی یەكڕیزیی كۆمەڵایەتی، ناكارامەیی سیاسەتە ئاسایشییەكان، نەبوونی لێهاتوویی ئامرازەكانی دابینكردنی ئاسایش، ململانێی سیاسی، پەراوێزخستن و كۆچكردنی ناڕێكخراوە. ئەو دۆخ و هۆكارە باسكراوانە، كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ لەسەر ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان جێ دەهێڵن. بە واتایەكی تر: ڕێژی تاوانەكان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەتوندی لەژێر كاریگەریی ڕێژەی ئاسایشی كۆمەڵگەدایە. هەتا لە كۆمەڵگە، ناوچە و گەڕەكەكاندا دۆخێكی ئارامتر زاڵ ببێت، گۆڕاوە ئاماژەپێكراوەكان چاك دەكرێن و دەبنە هۆی كەمبوونەوەی زیانە كۆمەڵایەتییەكان لە كۆمەڵگەدا. هەروەها كۆمەڵگە لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەتەك دۆخ و هۆكارە ئاماژەپێكراوەكاندا، بە شێوەیەكی نەرێنی و خەسارناسییانە، گەشەی بەردەوامی ئاماری سەرپێچی و تاوان و توندبوونی زیانە كۆمەڵایەتییەكانی بەدوادا دێت. بۆیە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی شیرازەی كۆمەڵایەتی و هاوشان لەتەك ئەوە كەمبوونەوەی ڕێژەی تاوان و زیانە كۆمەڵایەتییەكان(18). كۆمەڵگەیەك كە بیر لە گەشەپێدانی بەردەوام و هەمەلایەنە دەكاتەوە (كۆمەڵگەی تەندروست)، دەبێت ژێرخانەكانی گەشەكردن و دابینكردنی مافی هاوڵاتییەكانی بكاتە ئەولەویەتی كارەكانی خۆی. لە وەها كۆمەڵگەیەکدا مافی هاوڵاتیان، ئاسایشی گشتی، گیانی، دارایی، هەستكردن بە ئاسایش (بەرزكردنەوەی تایبەتمەندیی ئاسایشی دەروونی)، دەبنە جێی سەرنج و ڕێز. بەرقەراركردنی وەها دۆخێك، پێوستی بە ئیرادە، گرنگی و ویستی دەوڵەت و خەڵك هەیە. دەوڵەت لە ڕێگەی دەستەبەركردنی ژێرخانە سەرەكییەكان لە بەرقەراركردنی شیرازە و ئاسایشدا، هەروەها پلاندانانە ستراتیژی و ئاسایشییەكان، جێبەجێكردن و هەڵسەنگاندنی ئەم پلانانە و خەڵكیش بە بەشداریی چالاكانە و كاریگەریی خۆیان دەتوانن یارمەتیی باشتركردنی شیرازە و ئاسایش و بەرزكردنەوەی ئاستی هەستكردن بە ئاسایشی بدەن. لە ئەنجامدا بەرزیی ئاستی ئاسایش و زیانە كۆمەڵایەتییەكان بەستراوەتەوە بە ڕێژەی پەرەپێدان، خەسڵەتی ئاسایش، بەشداریی خەڵكی بەگشتی، كارامەیی دامەزراوەكان و دامودەزگاكانی ئاسایشەوە(19). ئەنجام لە كاتی ئێستادا زۆربەی كۆمەڵگە مۆدێرنەكان لەبەردەم كاریگەریی خراپ بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەردان كە كاریگەریی لەسەر كایە جۆراوجۆرەكانی ئابووری، كۆمەڵایەتی، كولتووری و سیاسیی كۆمەڵكە هەیە. پانتایی كاریگەریی بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر بە ئەندازەیەك بەرفراوان و قووڵە كە نەك تەنیا خودی كەسی بەكاربەر، بەڵكوو هەموو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە خێزانەوە تا هاوڕێیان و ژینگەكانی خوێندن و پیشە سەرجەمیان كاریگەریان هەیە. توێژینەوەكان نیشانی دا كە هۆكارەكانی وەك بێكاری، نۆرمپشێوی، گۆشەگیری، كەلێنی ڕێژەیی، بڕوانامەی نزم، پێگەی ئابووری و كۆمەڵایەتیی نەگونجاو، بێبەشبوونی ڕێژەیی، خەمۆكی، كاریگەرییان لەسەر ئالوودەبوون هەیە و لەنێو هۆكارە ئاماژەپێكراوەكان و ئالوودەبووندا پەیوەندیی هەیە. كۆنترۆڵ و چارەسەری ئەم زیانە كۆمەڵایەتییە دەستەبەر نابێت مەگەر لە ڕێگەی سیاسەتگوزارییە گشتگیر و گونجاوەكانەوە لە ئاستی وردی و درشتی كۆمەڵگەدا، كە لەم حاڵەتەدا دەكرێت ڕێگە لە تووشبوون و تەشەنەسەندنی ئەم كێشە كۆمەڵایەتییە و كاریگەرییە خراپەكەی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی بگیرێت یان بگەیەنرێتە كەمترین ئاست. سەرچاوەكان (1) Sue Pryce (2012). Fixing Drugs (The Politics of Drug Prohibition), Palgrave Macmillan, p46. (2) Russell Crandall (2020), Drug and Thugs (The History and Future of America’s War on Drugs), Yale University Press, pp 2-9 . (3) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1. (4) بنی فاطمه، حسین. سلیمی، آمینه، (1390)، احساس امنيت اجتماعي جوانان و عوامل اجتماعي مرتبط با آن، نشریه مطالعات اجتماعی، دوره 3، شماره 12، صص 59-60. (5) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (6) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره6 ، شماره 4، صص 2-1. (7) علی وردی نیا، اکبر، (1384)، مطالعه جامعه شناختی اعتیاد به مواد مخدر در ایران. فصلنامه علمی پژوهشی رفاه اجتماعی، سال پنجم شماره 20، ص194. (8) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (9) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (10) دانایی، نسرین (1394). فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد. سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34 . (11) برزگر، زهرا، قربانی، اکرم. تقوی، حسین. جلالی، مهدیه. رنجبر بلیانی، محمد (1394). تجارب جوانان از اعتیاد و آسیب های اجتماعی متأثر از آن. کنفراننس بین المللی علوم انسانی، روانشناسی و علوم اجتماعی. (12) دانایی، نسرین، (1394)، فصلنامه اعتیاد پژوهی سوءمصرف مواد، سال نهم، شماره سی و ششم. صص 35-34. (13) نصری، غدیر، (1381)، معنا و ارکان جامعه شناسی امنیت، تهران: نشریه تحقیقات استراتژیک، شماره 26. (14) علی محسنی، رضا، (1388)، تحليل جامعه شناختي امنيت اجتماعي و نقش آن در كاهش جرم و آسيبهای اجتماعی، فصلنامه نظم و امنیت انتظامی، شماره چهارم، سال دوم، صص 21-1. (15) همان، صص 21-1. (16) رجبی پور، محمود، (1382)، درآمدی بر احساس امنیت عینی، فصلنامه دانش انتظامی (نشریه دانشگاه علوم انتظامی)، شماره 26. (17) علی محسنی، همان، ص21-1. (18) همان، ص21-1. (19) کیانی، غلامحسین. موید فر، رزیتا. رزاقی، محمد رضا، (1396)، برآورد تمایل به پرداخت افراد جامعه برای کاهش آسیبهای اجتماعی (مطالعه موردی اعتیاد به مواد مخدر در شهر اصفهان)، پژوهش هاي راهبردي مسائل اجتماعي ايران (پژوهش هاي راهبردي امنيت و نظم اجتماعي)، زمستان 1396، دوره 6، شماره 4، ص2-1.
درەو: 🔻لە هەولێر(26%)، لە سلێمانی (12%)، لە دهۆك (35%)ی دەنگیان بە پارتی و یەكێتی داوە 🔻لە هەولێر(75%)، لە سلێمانی (88%)، لە دهۆك (65%)ی دەنگیان بە پارتی و یەكێتی نەداوە دەنگی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سێ پارێزگاكەی هەرێم لە هەڵبژاردنی 10/10/2021: 🔻پارێزگای هەولێر: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,238,379 🔹دەنگی پارتی: 262,800 رێژە 21% 🔹دەنگی یەكێتی: 65,862 رێژە 5% 🔹دەنگی پارتی و یەكێتی 328,662 رێژە 26% 🔹دەنگی بایكۆت لایەنەكانی تر: 909,717 رێژە 74% 🔻پارێزگای سلێمانی: 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:1,425,705 🔹دەنگی پارتی: 54,891 رێژە 4% 🔹دەنگی یەكێتی: 123,814 رێژە 8% 🔹دەنگی پارتی و یەكێتی 178,705 رێژە 12% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: -1,247,000 رێژە 88% 🔻پارێزگای دهۆك : 🔹ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە:822,703 🔹دەنگی پارتی: 261,543 رێژە: 32% 🔹دەنگی یەكێتی: 25,040 رێژە: 3% 🔹 دەنگی پارتی و یەكێتی 286,583 رێژە 35% 🔹دەنگی بایكۆت و لایەنەكانی تر: 536,120 رێژە 65% كۆی دەنگی پارتی و یەكێتی لە سی پارێزگاكەی هەرێم 🔹كۆی پارتی: 579,234 بەرێژەی: 16% 🔹كۆی یەكێتی: 214,716 بەرێژەی: 6% 🔹كۆی دەنگی پارتی و یەكێتی: 793,950 بەڕێژە 23% 🔹كۆی بایكۆت و دەنگی لایەنەكانی تر: -2,692,936 بەرێژەی 77% 🔹كۆی گشتی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبوو: 3,486,884 سەرچاوەی ژمارەكان: كۆمسیۆنی هەڵبژاردن
درەو: راپۆرتی: ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەروازەو ناساندن کۆچ دیاردەیەکی دێرینی مێژوییە، کەهەر لەسەرەتای دروست بونی مرۆڤایەتیەوە بەشێواز و هۆکاری جیاواز هاتوەتە ئاراوە. کۆچ یەکێک لە چوار رەگەزە سەرەکییەکەی گۆڕانکاری کۆمەڵگا، بەهۆکاری جەوهەری و خودی، کۆچ دەتوانێت کاریگەری کورت ماوەو درێژ ماوە لەژمارەو پەیکەری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا بەدوای خۆیدا بهێنێت و پەیکەری کۆمەڵایەتی وڵات، یان شوێنی کۆچلێکراو و کۆچ بۆکراو دوچاری هاوسەنگی یان نا هاوسەنگی بکاتەوە. کۆچ لەبنەمادا بریتییە لە گواستنەوەی مرۆڤ لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، بە ئامانجی دەستکەوتنی سەقامگیریی کاتی یاخود بەردەوام، کۆچکردن زۆر جار لەسەر شێوەی تاکەکەسی یاخود کۆمەڵ گروپ ئەنجام دەدرێت، لە هەندێک حاڵەتیشدا خانەوادەکان بە تەواوەتی لە ناوچەیەکەوە دەڕۆن بۆ ناوچەیەکی دیکەو زێدی خۆیان بەجێدەهێڵن و پانتاییەکی دیکەی جوگرافی دەدۆزنەوە بۆ ژیانکردن. بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، کۆچەر، بەکەسێک دەوترێت کە بەمەستی کۆچ دەچێتە وڵاتێکی تر، تێدا خاوەنی ناسنامەی ئەو وڵاتە نەبێت لانی کەم بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر نیشتەجێ ببێت. لە ڕوانگەی یاسای ناوخۆی و نێودەولەتی، ڕەگەزنامە دیاردەیەکی سیاسی و یاسایی ناوخۆی هەر وڵاتێکە کە بەپێی سیستمی یاسایی و ناوخۆی ئەو وڵاتە دادەڕێژرێت، لەبەرامبەردا نیشتەجێبون و داواکاری نیشتەجێ بون بەواتای نیشتەجێبونی کەسێک لە هەر وڵاتێک داوای دەکات، کە تایبەتە بە کاتێکی دیاری کراو لەئەنجامی مەبەست و پاڵنەرێکی دیاری کراو. کۆچ یەکێک لە پرسە هەستیارەکانی یاسای نێودەوڵەتیە کە بەشێوەیەکی گشتی ئەم بابەتانە لەخۆی دەگرێت (زەواج، لەدایک بون، خوێندن، کار، وەبەرهێنان و بازرگانی، کەسایەتی تایەبەت هونەرمەندان و وەرزشکاران، پەناهەندەیی...). لەڕوانگەی یاساییەوە هەریەک لەم بابەتانە تەفسیرو مەرج و ڕێکاری خۆیان هەیە، بەڵام مەرج و ڕێکاری هەریەکەیان جیاوازن، خاڵی گرنگی هەمویان ئەوەیە، کە دەبێت لەو چوارچێوەیەی ئەو یاسایە بێت کە داڕێژراوە. ئەویش داخڵ بونە بۆ سنوری ئەم وڵاتانە بەشێوەیەکی یاسایی، لەم نێوەندەدا کۆچ بەشێوازی پەناهەندەیی ئاڵۆزترین و پڕ تەعریفترین شێوازیانە کە یاسا باسی لێوەدەکات، ئەویش ئەوەیە چەمکی کۆچ و مەرجەکانی وڵاتانی وەگر یان میواندار دوچاری ئاڵنگاری و ئیحراج بون دەکاتەوە. کۆچ و هۆکارەکانی ئەنجامدانی هۆکاری پشت کۆچکردن زۆرن، بەڵام بەگشتی دەتوانرێت لەدو فۆرمدا وێنا بکرێن ئەوانیش بریتین لە: یەکەم: هۆکارەکانی پاڵنان یاخود راونان ئەم هۆکارانە زیاتر بریتین لەهۆکارە ناوخۆیی و ناوەکییەکان، ئەمانەش سەرجەمی ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە، کە لەسەر ئاستی ناوخۆی وڵات یاخود هەرێمێک، پاڵ و فشار بەتاک و گروپەکانەوە دەنێن، بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی زێدو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان بۆ روکردنە وڵات و شوێنیکی دیکە. دوەم: هۆکارەکانی راکێشان ئەم هۆکارانەش زیاتر بریتین لە هۆکارە دەرەکییەکان، کەبەهۆیانەوە تاکەکان کاریگەر دەبن بەکۆمەڵێک پاڵنەری راکێشەرو هۆکاری دەرەکی، لەدەرەوەی سنورو شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان، بەو هۆیانەوە تاک لەوڵات و زێدی خۆیەوە رادەکێشرێت بۆوڵات و ناوچەیەکی دیکەی جوگرافی، بەئومێدی دەستکەوتنی ژیانێکی باشتر، لەوپێناوەشدا کۆچ دەکات بۆ دەرەوەی سنورەکانی نیشتیمانەکەی. دەتوانێت پاڵنەری تایبەتمەندی کەسی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری هۆکار گەلێکی جیاوازی هەبێت وادەکات لێکەوتەکانی جیاواز تەماشا بکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی کۆچ دەتوانێت پرسیارو لێکەوتەیەکی قوڵ لای کەسی کۆچکردوو دروست بکات، ئەوەش ئەو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە بەسەر ژیانی تاکەکاندا دەهێنێت، چ بەشێوەیەکی باش یاخود خراپ. بەهۆکار و پاڵنەرە جیاوازەکانی پشت دیاردەی کۆچ، نەک بەتەنها شوێنی ژیانی تاک گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵکو لەپاڵ ئەوەشدا بارودۆخی کۆمەڵایەتی تاک دوچاری ئاوەژوبونەوەو گۆڕانکاری دەکاتەوە. لەمێژودا هۆکار گەلی زۆر هەبون بۆ کۆچ کردن ئەوانیش دیاردە سروشتیەکان و گۆڕانی کەش و هەوا، پێشکەوتنی پیشەسازی کۆچکردنی لادی و گوندنشینەکان بۆ شارە پێشکەوت و خاوەن پيشەسازییەکان، یان ئەو گۆڕانکاریەی بەسەر ژینگەی سیاسی کۆمەڵگایەک دێتە ئاراوە لە ئەنجامی جەنگ و جەنگی سەپێنراو گۆڕانکاری جوگرافیای سیاسی کە زیاتر خۆی لە کۆچی زۆرەملێ دەبینێتەوە. کەواتە دەتوانین بڵێین چ لەسەر ئاستی ناوخۆ، چ لەسەر ئاستی دەرەوە، چەندین هۆکار بونیان هەیە کە دەبنە پاڵنەرو راکێشان بۆ ئەوەی تاک و کۆمەڵەکان کۆچ بکەن و ئەو شوێنە جێبهێڵن کە پێشتر شوێنی سەقامگیرییان بووە، لە دیارترین ئەو هۆکارانەش لەسەر ئاستی هۆکارە پاڵنەرو راکێشەرەکان لەناوخۆو دەرەوە بریتین لە: 1. هۆکارە سیاسییەکان: برییتییە لەهەمو ئەو هۆکارو فاکتەرە سیاسیانەی کە ناسەقامگیری و ئاڵۆزی سیاسی و خراپی دۆخی دیموکراسی و خراپی فۆڕمی حکومرانی و دەسەڵاتی ستەمکارو رودانی جەنگ و ئاڵۆزی ناوخۆیی و نەبونی ئازادی سیاسی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە لەئەنجامدا تاکەکان ناچار دەکات لەواقیعی سەپێندراوی وڵاتەکەیان هەڵبێن و بگەرێن بەدوای شوێنێکی گونجاوتر و سەلامەت و سەقامگیرو ئارامدا، یاخود دۆزینەوەی شوێنێک کە لەژێر سایەیەی دەسەڵاتێکی دیموکراتدا بەئازادی حکوم بکرێن. 2. هۆکارە ئابورییەکان: بریتییە لەنەبونی هەلی کارو ناسەقامگیری ئابوری و نەبونی عەدالەتی ئابوری، ئەمەش تاک و گروپ و خێزانەکان هاندەدات بۆ گەران بەدوای میکانیزمێکی بەدیلدا کەتیایدا هەلی کاری نوێ و ژیانێکی باشتریان لەروی ئابورییەوە بۆ فەراهەم بکات، ئەوەش بە گواستنەوە لەزێدی خۆیانەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، چ لەناوخۆی وڵات بێت یاخود لەدەرەوە. 3. هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: خۆیان دەبیننەوە لەبونی دەستدرێژی نەتەوەیی و ئاینی و ئیتنی، یاخود لەبەردەوامی هەبونی دیاردەی ڕەگەزپەرستی، ئەمە وا لە تاک و کۆمەڵەکان دەکات کە بە دوای ناوچەیەکی باشترو گونجاوتردا بگەرێن بۆ ژیانکردن، کەتیایدا دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و بنەماکانی مافی مرۆڤ و ئازادی تیادا فەراهەم ببێت. 4. هۆکارە سروشتییەکان: ئەم هۆکارانە زۆرتر خۆیان دەبیننەوە لەبەردەوامی ڕودانی ئەو کارەساتە سروشتییانەی بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دێن، سەرئەنجام دەبنە هۆی نیمچە وێرانبوون یاخود وێرانبونێکی تەواو لەنمونەی کارەساتەکانی زریان و لافاو و زەمینلەرزە. 5. هۆکارە دەرەکییەکان: ئەمانەش بریتیین لەهۆکارە راکێشەرەکان لەدەرەوەی سنورەکان، وەک بینین و وێناکردنی بەدەستهێنانی ژیانێکی شایستەو رەفاهیەت لەدەرەوەی وڵاتی دایک. یاخود بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکان و هەستکردن بەبەدەستهێنانی ژیانێکی شەرەفمەندانە لەسایەی دادی کۆمەڵایەتیدا...هتد). بێگومان هەمو ئەمانە لەدەرەوەی سنورەکان، دەبنە فاکتەری راکێشەر بۆ ئەوەی تاک لەوڵاتەکەی خۆیەوە رابکێشن بۆ وڵاتێکی دیکە. جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بۆ پۆلێنکردنی جۆرەکانی کۆچکردن، چەندین پۆلێنکاری کراون، بەنمونە کۆچکردن لەروی یاسایی و نایاسایی بونەوە، یاخود کۆچکردن لەروی خواستەوە یاخود کۆچکردن لەروی ناوچەی جوگرافییەوە...هتد. ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین ناسراوترین جۆرو فۆرمەکانی کۆچکردن بەم جۆرە بناسێنین: یەکەم: کۆچی تاکەکەسی: بریتییە لە کۆچکردنی تاکە کەسێک لە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراوەوەو بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات، بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). دووەم: کۆچی بەکۆمەڵ: بریتییە لە کۆچی خێزان و گروپ و کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە بۆ ناوچەیەکی جوگرافیی دیکە، لەناوخۆ یاخود بۆ دەرەوەی وڵات. بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). سێیەم: کۆچی ناوخۆیی: بریتییە لەو کۆچەی بەهۆی کۆچکردنی تاک یان کۆمەڵەکانەوە ڕوودەدات لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە نێو سنوری جوگرافیای یەک دەوڵەتی دیاریکراودا. چوارەم: کۆچی دەرەکی: ئەو کۆچەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان لە ناوچەیەکی دەوڵەتێکەوە بۆ ناوچەیەک لە دەوڵەتێکی جیاواز دەگوازرێنەوە بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). پێنجەم: کۆچی ئارەزومەندانە: ئەو جۆرە کۆچەیە کە تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ویستی خۆیان بۆ گۆڕینی شوێنی ژیانیان دەیکەن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیری لە ناوچەیەکی دیکەی دەرەوە یاخود ناوەوەی وڵات بەشێوازێکی یاسایی یاخود نایاسایی (بەرێگەی قاچاغ). شەشەم: کۆچی ناچاری: ئەو جۆرەیە کە لە کاتی گواستنەوەی تاک یاخود کۆمەڵەکان بەپێی ئەو بارودۆخ و ڕووداوانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕودەدات و ناچاریان دەکات کە شوێنی ژیانیان بەناچاری بگۆڕن، بە مەبەستی پەیداکردنی سەقامگیریی و ئارامی لەناوەوەی وڵات یاخود بۆ ناوچەیەکی دەرەوەی وڵات. حەوتەم: کۆچی کاتی: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی کاتی و بەمیکانیزمی یاسایی، لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەخواستی خۆیان کۆچی بۆ دەکەن و پاش ماوەیەک دەگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. لەنمونەی کۆچ بۆ خوێندن و کۆچی گەشتیاری و کۆچ بەمەبەستی ئاڵوگۆری بازرگانی و ئاینی و رۆشنبیری ...هتد. هەشتەم: کۆچی بەردەوام: بریتییە لەو جۆرە کۆچەی کەتاکێک یاخود خێزانێک بەشێوەیەکی هەمیشەیی لەشوێنی خۆیانەوە بۆ شوێنێکی دیکە کۆچی بۆ دەکەن و هەرگیز ناگەرێنەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. کۆچ لەهەرێمی کوردستان هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەدرێژایی مێژوو دوچاری ئەم دیاردەیە بوەتەوە، جێگەی سەرنجە بەڕێژەیەکی زۆر هۆکاری پشت کۆچی مرۆڤی کورد زیاتر لە ڕووە دەستکردەکەی کۆچەوە بووە، ئەویش لەئەنجامی جەنگ و ترس لە حکومەتە دیکتاتۆرە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ماوەی ڕابردودا، کە خۆی لە کۆچی بەکۆمەڵ و زۆرە ملێدا دەبینیەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان کۆچێکی ناچاری بوە بەهۆی فشارە بەردەوامەکانی حکومڕانانی بەغدا بۆ سەر گەلی کورد، بەتایبەت لەسنوری کوردستانی عێراق، ئەوەش لەپێناو پاراستنی ژیان و سەلامەتی خۆیان، بەناچاری لەدەست پرۆسەی ئەنفال و جینۆسایدو کیمیاباران بەعەرەب کردن هەڵهاتون و رێگەی کۆڕەو و کۆچی بەکۆمەڵیان گرتوەتەبەر بەتایبەت لەماوەی ساڵانی ١٩٧٥-١٩٩١، ئەم سەردەمەش بەسەردەمی کۆچی نا ئاسایی و بەکۆمەڵی مرۆڤی کورد دادەنرێت لەماوەی رابردودا. پاش راپەرین و نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و کەوتنە دەستی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکانی کورد بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەرەتادا هیوایەک هەبو بۆ دروستبونی کۆچی پێچەوانەوەو کرانەوەی ژیان بەروی ئەوانەی کوردستانیان بەجێهێشتوە. بەڵام هەرزو بەهۆی حوکمی شکستخواردوی دو پارتی و یەکێتی و پێکدادانی بەرژەوەدنییە حزبەکانیان، ئەو هیوایانەش لەگۆرنران و دوبارە مرۆڤی کورد بۆ رزگاربون لەو واقیعە رێگای هاندەرانی گرتەوەبەر. بەتایبەت دوای دروستبونی شەری ناوخۆ و قوڵبونەوەی کێشە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی کوردستان. بەم جۆرە قۆناغێکی نوێی کۆچی تاک و بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستان، لەسایەی حکومرانی کورد لەهەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد. لەئێستاشدا ئەم دیاردەیە نەک کەمی نەکردوە، بەڵکو بەردەوام لەزیادبوندایە. ڕۆژانە بە پاڵنەرو هۆکاریی جیاواز، بەهۆی خراپی ژیان و گوزەرانیان لەسایەی حوکمی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، سەدان گەنج و منداڵ و ژن و پیاوی بەتەمەن ڕێگەی ناچاریی کۆچ هەڵدەبژێرن و خۆیان دەدەنە دەست قەدەرێک کە پڕە لە نەهامەتی و ڕەنج کێشان، تا دەگەنە شوێنی مەبەست، پاشانیش گیرۆدەی ئەو گۆڕانکارییە دەبن کە بەسەر ژینگەی کۆمەڵایەتی و یاسای ئەو باردۆخەدا لە وڵاتی بێگانە تێی دەکەون. چیرۆکی کۆچ هەزاران پرس و ڕەنجکێشان بۆ خۆی دروست دەکات بەدرێژای ژیان کەس و کەسانی کۆچ کردو بەدوای وەڵام و سارێژکردنیدابن. ئەوە جگە لەدەستچونی ئەو هەمو سامانە مرۆیی و دەستی کارو توانا فیزیکییەی کەئەو کۆچبەرانە لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن، کەسەرئەنجامەکەی بەزیان بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان و سودی وڵاتانی دیکە دەشکێتەوە. ئامارەکانی کۆچ لە عێراق و هەرێمی کوردستان (دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران) کە ڕێكخراوێكی ناحكومی مرۆییەو پێشتر لەژێر ناوی (فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی) کاری کردووە، ئاماری مەترسیداری لەبارەی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە بەپێی ئامارەکانی دەزگاکە؛ ئامارەکانی قوربانیانی عێراقی کە لە ڕێگای کۆچی نائاسایدا لەماوەی (2015-2021) بوون بە قوربانی و زۆرینەیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و (458) کەسن، (بڕوانە خشتەی یەکەم). هاوکات هەر بەپێی ئامارەکانی دەزگای ناوبراو لە ماوەی نێوان ساڵی (2014-2021) لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی (693) هەزار عێراقی داوای مافی پەنابەرییان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەدەر لەو کۆچبەرانەی تەمەنیان لە خوار (18) ساڵەوەیە یان داوانامەی سیاسییان پێشکەش کردووە، (بڕوانە خشتەی دووەم). دیارترین هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان دیارە هۆکارەکانی کۆچ لە هەرێمی کوردستان فرە جۆرن، هەر لەهۆکارەکانی پاڵنانەوە تاهۆکارەکانی راکێشان، ئەم هۆکارانەش دەکرێت لەکۆچبەرێکەوە بۆ کۆچبەرێکی دیکە، یاخود لەگروپ و کۆمەڵە کۆچبەرێک بۆ گروپ و کۆمەڵێکی دیکە جیاوازبێت، بەڵام دیارترین هۆکارەکان ئێستای هەرێمی کوردستان بریتین لەهۆکارەکانی پاڵنان، کەرۆژانە پاڵی بەبەشی هەرە زۆری کۆچبەرانی هەرێمی کوردستانەوە ناوە بۆ دەرەوەی وڵات، بریتین لە؛ یەکەم: هۆکارە سیاسییەکان پرۆسەی هەڵبژاردن، وەك پایەیەكی گرنگی دیموكراسی، رێگەی سەرەکی بەشداری كۆمەڵگایە، لە ژیانی سیاسی و بڕیاری سیاسیدا، بەڵام بەردەوام لەهەرێمی کوردستان حیزبە دەسەڵاتدارەکان، یاخود هێزە دەستڕۆیشتووەكان لە رێی ساختەكاریی و تەزویرەوە دەنگی هاوڵاتیان لەبەرژەوەندی خۆیان ساختە دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش پرسی تەزویر و ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكاندا بووەتە پرسێكی جدیی و كاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و نەخشەی سیاسی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق دروستكردووە، بەمەش کەمترین دەرفەت ماوەتەوە بۆ بەشداری سیاسی خوێن و نەوەی نوێ لە نێو سیاسەت و گۆڕانکارییە سیاسییەکان. هەردوو پارتی دەسەڵاتداری خاوەن چەک و سەرمایە لە دوو رێگاوە کۆنتڕۆڵی کۆی جومگە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرووە، سەرەنجامەکەی سەریکێشاوە بۆ چەقبەستوویەکی سیاسی بێزارکەر لە هەرێمی کوردستان، ئەوانیش 1. بەگەڕخستنی توانا ئابورییەکانیان بۆ؛ • ڕاگەیاندن؛ کردنەوەی هەزاران ئامرازی ڕاگەیاندنی (نوسراو، بیستراو، بینراو)ی حیزبی، بەتێچونی ماددی گەورە، کە بەشێکیان نامۆن بە کلتوری خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ مەرامی تایبەتی تەرکیزێکی زۆری خراوەتە سەر، لە دەرەنجامدا بەشی زۆریان خزمەت بە مانەوەو بەردەوامی پرۆسەیەکی سیاسی لار دەدەن لە هەرێمی کوردستان. • دامەزراندن سەدان هەزار کەس لە کەرتی گشتی و سەرهەڵدانی دیاردەی (بندیوار)، کە کێشەیەکی گەورەی بۆ ئابوری و بوجەی گشتی، دەرچوانی بێکاری زانکۆو پەیمانگاکان دروست کردووە. • بەخشینەوەی سامان و داهاتی گشتی، بەسەر خەڵکانی دیار و سەرۆک خێڵ و عەشیرەت ... بە بیانوی جیاواز و کڕینیان و بەکارهێنان _بەتایبەت لەکاتی هەڵبژاردنەکان_ بێبەشکردنی چینێکی هەرە گەورەی کۆمەڵگا لە سودمەندبوون لە داهات و سامانی گشتی هەرێمی کوردستان. • بەخشینی موڵکی گشتی و زەوی و تەندەرو پرۆژەی ئابوری...هتد بە دەست و پێوەندەکانی حیزب مەحرومکردنی ئەوانەی بەشی زۆری کۆمەڵگەو سەرمایەدار و بازرگانانی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان. 2. بەگەڕخستنی توانا سەربازییەکان بۆ؛ • دامەزراندنی خەڵکانی ناشایستە لە کەرتی سەربازی، هەندێجار پێدانی پلەو پایە دور لە بنەمای شایستەیی. • بەکارهێنانیان لە کاتی هەڵبژاردنە گشتییەکان و کاریگەرییان لە گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن. • سزادان و دورخستنەوەی ڕەنگی جیاواز لە نێو هێزە ئەمنی و چەکدارەکان. • بەکارهێنان و چاوسورکردنەوەیان، لە کاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. بە پوختی بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و ڕەق دژ بە هەر لایەن و کەس و گروپ و ڕێکخراو و ڕۆژنامەنوس و دەنگێکی ناڕازی ... هتد. بەکاردەهێنرێت بۆ پاراستنی خۆیان و درێژەدان بەو دۆخە چەقبەستووەی کە لە ئارادایە. کە لە کۆتاییدا سەریکێشاوە بۆ بێ دەنگک کردنی ئازادی ڕادەربێن و کاری ڕۆژنامەنووسی ئازادو سەربەخۆ و سەرەنجام بەرتەسکردنەوەی ئازدییە گشتییەکان و ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان. بۆیە دەکرێت هۆکاری سیاسەت و حکومڕانی ناتەندروست و چەقبەستوویی درێژەخایەن و خۆدزینەوە لە چاکسازی جدی ڕاستەقینە بە قازانجی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان، پاڵنەرێکی گەورەی ئەو کۆچە بەلێشاوە بێت کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. دووەم: هۆکارە ئابورییەکان ئابوری یەکێکە لە هۆکارە سەرەکیەکانی پاڵنەرەی ئەنجامدانی کۆچکردن لەتەواوی جیهاندا، ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش راستە. لەهەمو شوێنێک کەمی هەلی کارو نزمی ئاستی وەبەرهێنان، هۆکار دەبێت بۆ هاندانی کۆچکردنی هاوڵاتیان، لەشوینێکەوە بۆ شوێنێکی تر. لەنمونەی کۆچکردن لە لادێکانەوە بۆ شارەکان، یاخود لەشێوەی کۆچکردن لە شارێکەوە بۆ پایتەختی ووڵاتەکە، یان کۆچکردنی هاوڵاتیانی وڵاتێک، بۆ ولاتێکی دیکە. ئەوەی ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا رودەدات لەنمونەی فۆرمی سێهەمی ئەم شێوازە کۆچەیە، کەهاوڵاتیانی کوردستان، لەبەر خراپی دۆخی ئابوری و نەبونی هەلی کارو کەڵەکەبونی قەیرانە ئابورییەکان و خراپی دۆخی ژیان و سەختی گوزەران و بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخ و شتومەک و لە پێناو بژێویەکی باشتر هەلی کارێک و سەرەمایەیەک کە داهاتووی ڕۆشن بکاتەوە رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا. هەرێمی کوردستان، بوەتە هەرێمێکی کرێخۆرو بەرخۆر، زۆرینەی هاوڵاتیانی بونەتە موچەخۆر، لەئێستاشدا بەهۆی نەبونی بودجەی گشتی کە پلانی ئابوری هەرێم رونبکاتەوەو بەهۆی دابەشنەکردنی موچە لەکاتی خۆیدا یاخود دابەشکردنی موچە بەهۆی لێبرینەوە. دۆخی ئابوری و بازاڕ تەواو دوچاری چەقبەستویی بووە، زۆرێک لەهاوڵاتیان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و زۆرێک لەموچەخۆرانیش دوچاری ژیانێکی قورس بونەتەوەو بەسەدان سەرمایەدارو وەبەرهێنیش دوچاری زەرەمەندبون و مایەپوچی بونەتەوەو سەدان پرۆژەش بەتەواونەکراوی وەستاون. هەموو ئەمانە وایکردوە دۆخی گشتی ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم لەماوەی چەند ساڵی رابردودا زۆر سەخت بێت، چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتووشدا دژوارتربێت، بەم هۆیەش هاوڵاتیان بیر لەمیکانزمێکی جێگرەوە دەکەنەوەوە بەناچاری ملی رێگەی هەندەران دەگرنە بەر. دیاردەی بێکاری لەهەرێمی کوردستاندا زۆر زیادی کردوە، بەجۆرێک لەئێستادا بەپێی داتاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رێژەی بێکاری گەیشتوەتە ١٢٪. هاوکات پێشبینی دەکرێت ئەم رێژەیە لەنێو توێژی گەنجاندا، زیاتربێت و لەنێوان توێژی خانمانیشدا رێژەکەی زۆر زیاتر بێت. لەلایەکی دیکەوە، لەئێستادا دیاردەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی و هەڵئاوسان و پەتای کۆرۆناوە زۆر تەشەنەی سەندوە، هاوکات لەئەنجامی کەمکردنەوەی خەرجیەکانی حكومەت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان و کەرتی بەرهێنان و کەمبونەوەی وەبەرەهێنانی کەرتی تایبەت وایکردوە کەرتە نافەرمیەکانی ئابوریش زیانی گەورەیان پێبگات، ئەمەش زۆرێک لە هاوڵاتیانی دوچاری بێکاری و هەژاری کردوەتەوەوە، ناچاری بەکۆچکردنی کردون. هاوکات نادادپەروەری لە دابەشکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی لەنێوان توێژو چینی دەسەڵاتدارو خێزانە سیاسییەکان و زۆرینەی کۆمەڵگا، بوەتە هۆکاری زیاترو زیاتر تەشەنەسەندنی دیاردەی نادادی کۆمەڵایەتی و زیاتر تۆخکردنەوەی سیمای چینایەتی و دابەشبونی کۆمەڵایەتی. سەربەرای هەمو ئەوانەش، دیاردەی گەندەڵی تادێت تەشەنەدەسێنێت، لەئێستاشدا گەندەڵی زۆرینەی سێکتەرەکانی دەسەڵات و حکومرانی لەهەرێمی کوردستاندا گرتوەتەوە. تەنانەت گەندەڵی لەزۆر ئاستدا شۆربوەتەوە بۆ ئاستەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاش، بەردەوامی ئەم دیاردەیەش بوەتە هۆکارێک بۆ تۆخکردنەوەو زیاترکردنی کێشەو قەیرانە ئابورییەکانی کۆمەڵگاو زیاتر بڵاوبونەوەی دیاردەی بێهیوابون و کاڵبونەوەی ئینتیمای هاوڵاتیان، لەچارەسەرکردنی کێشەکانیان. لەلایەکی دیکەشەوە دیاردەی قۆرخکاری بازاڕ و بازرگانی لەرێگای کۆمپانیاکانی حزب و بنەماڵەو کەسانی دەسترۆیشتوی دەسەڵات بەردەوامە. بەرادەیەک کەرێگا لەبونی کێبرکێی بازاڕ گیراوەو کۆمپانیاکان و پیاوانی حزب و دەسەڵات تادێت سەرمایەکانیان گەورەتردەبێت، ئەمەش دیاردەی نایەکسانی لە کۆمەڵگەدا تۆخترکردوەتەوەو هەل و دەرفەتی بۆ کۆمپانیای دەرەوەی حزب و تاکەکانی تری کۆمەڵگە کەمکردوەتەوەو هێندەی تر شیرازەی کۆمەڵگا لەروی ئابورییەوە روی لەتەنگژەو ئاڵۆزی کردوەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە وەک ئاشکرایە زیاتر لە ١٠ ساڵە، پرۆسەی دامەزراندنی هاوڵاتیان و گەنجان و دەرچوانی زانکۆکان لەهەرێم راگیراوە، بەڵام حزبەکان لێرەو لەوێ بەتەزکیەی حزبی بەردەوامن لەدامەزراندنی ئەندام و لایەنگرانیان. هاوکات دۆخی کەرتی تایبەت و کەرتی پیشەسازیش بەجۆرێکە کەتوانای دامەزراندن و رەخساندنی هەلی کاری نییە بۆ ئەو هەمو دەرچوەی زانکۆ، لەلایەکی دیکەشەوە کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستاندا، کراوەتە کەرتێکی هەژارو بەپێی پێویست گرنگی پێنادرێت، ئەوەشی کەهەیە ناتوانێت ئاسایشی خۆراک مسۆگەر بکات، بۆیە خەڵکێکی زۆر لەم کەرتەدا وەک پێویست کار ناکەن، واتە هەلی کاریش لەم کەرتەدا بەپێی پێویست بەردەست نییەو کەرتی کشتوکاڵیش نەیتوانیوە ببێتە کەرتێکی جێگرەوەو سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان. هەمو ئەمانەش هێندەی دیکە گەنجانی ئەم هەرێمەی دوچاری بێهوابون کردوتەوە لەبەدەستهێنانی هەلێکی باش بۆ کارکردن، بۆیە زۆرینەی گەنجان بەناچاری بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشترو ئایندەیەکی فەراهەم رودەکەنە وڵاتانی ئەوروپا. لەهەمو وڵاتێکدا گەنجان هێزی کارن، گەنجان وەک سەرچاوەی مرۆیی کۆمەڵگاو هێزی پارێزەرو تەشەنەسەندن و گەورەکردنی کۆمەڵگا لەقەڵەم دەدرێن، وەک ئاشکراشە بە کۆچکردنیان زیانێکی زۆر بەر ئاسایش و سامانی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەگەیەنن. ئەمەش ئەو کێشەیەیە کەلەئێستادا دوچاری هەرێمی کوردستان بوەتەوەو رۆژانە لێرەو لەوێ بەهەزاران گەنجی کوردستان، ئەم وڵاتە بەجێدەهێڵن وچارەنوس و ئایندەی ئەم هەرێمە دەخەنە ژێرپرسیارەوە. پێشنیازەکانی چارەسەر کۆچکردنی گەنجان و هاوڵاتیان یەکێکە لەو کێشە گەورانەی کەپێکهاتەی بونیادی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ئێستای هەرێمی کوردستانی خستوەتە مەترسییەکی گەورەوە. چارەسەرکردنی ئەم پرسەش بەندە بە ئەنجامدانی گۆرانکاری ریشەیی لەسەر ئاستی سەرجەم سێکتەرەکان و چارەسەری ئەو هۆکارانەی کەبونەتە یارمەتیدەری دروستبونی کێشەو قەیران و تەنگژە سیاسی و ئابوریییەکانی هەرێم. ئێمە لەوپێناوەدا چەند پێشنیارێکی خێرای کاتی و درێژخایەن دەخەینەرو، لەپێناو لانی کەم دۆزینەوەی چارەسەرێکی پێویست بۆ ئەم پرسەو کەمکردنەوەی ئەو لێشاوی کۆچەی ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە: یەکەم: چارەسەری خێراو نزیک مەودا 1. دامەزراندنی دەرچوانی زانکۆ وپەیمانگاکان و رەخساندنی هەلی کار بۆیان، بەتایبەت لەدامەزراوە فەرمییەکان و سێکتەرەکانی حکومرانی وڵاتدا. 2. رەخساندنی هەلی کار بۆ هەموان بەتایبەتیش بۆ توێژی گەنجان، بەبێ جیاوازی وەلائی حزبی و شەخسی و کۆمەڵایەتی لەکەرتی گشتی و تایبەتی. 3. دامەزراندنی تۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو گەنجانەی کە بێکارن هەتا کار دەدۆزنەوە . 4. گرنگیدان بە شەفافییەت و دەستبردن بۆ چاکسازی جدی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. 5. باش کردنی خێرای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک ئاو کارەبا و پەروردەو تەندروستی. 6. سود وەرگرتن لە توانای گەنجان و بەشداریی پێکردنی گەنجان لە کایەی سیاسی و حکومڕانی و ئابوریدا، لەپێناو سود وەرگرتن لەهێزو کارامەییان لەپێناو پێشخستنی سەرخان و ژێرخانی کۆمەڵگا. 7. رەخساندن و پێدانی شوێنی نیشتەجێبون بە هاوڵاتیانی کەمدەرامەت و کرێنشینان و ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێک دەهێنن، ئەوەش لەرێگەی ناچارکردنی حکومەت بۆ کۆمپانیاکان بۆ پێدانی شوقەو خانو بەبێ پێشەکی، یاخود بەقەرزێکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی هەموان بتوانن سودمەندبن. 8. پێدان و دەستپێکردنەوەی پێشینەی هاوسەرگیری و خانوبەرو قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانەی خوازیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری و دروستکردنی ماڵێکن بۆ خۆیان. دوەم: چارەسەری درێژخایەن و دور مەودا 1. دروستکردنی سندوقێک لەلایەن حکومەتەوە، بۆ پێدان و بەخشینی قەرزی ماوە درێژ بەو گەنجانانەی خاوەن پرۆژەی داهێنەری بچوک و مامناوەندی تایبەت بەخۆیانن، لەپێناو ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستن و خزمەت بەکۆمەڵگا بکەن لەداهاتودا. 2. فەراهەمکردنی ئازادی بازار، بۆ ئەوەی کەرتی تایبەت و بزنسی بچکۆلە بتوانن دور لەدەستێوەردانی حزبی و شەخسی دەسترۆیشتو کاربکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن و ئیش بکەن. 3. بەدیهێنان و کارکردن بنەماکانی سەروەری یاسا، بەجۆرێک کەهەموان دور لەدەسەڵاتی حزب و بەرپرسان، لەبەردەم یاسادا یەکسان بن و هەموان هەست بکەن بەوەی یاسا شکۆو کەرامەت و مافەکانیان دەپارێزێت. 4. بە هێزکردن و ریفۆرمکردنی کەرتی پەروەردە، بەجۆرێک کەبتوانێت خوێندکاری داهێنەر و بەتوانا دروست بکات. تا لەبواری بازارو کەرتی گشتی و تایبەتیدا بتوانێت خزمەت بکات و خۆی بدۆزێتەوە. 5. ریفۆرمکردن لەکەرتی تەندروستی و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لەکاتی پێویستدا ناچار نەبن پەنا ببەنە بەر وڵاتانی دەرەوەو وڵاتانی دراوسێ. 6. بنبڕکردن و کەمکردنەوەی دیاردەی گەندەڵی و یەکسانی لەدابەشکردنی سەروەت و سامانی گشتی و بەکارهێنانی داهاتی وڵات بۆ خزمەت و سودی گشتی، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. 7. زیادکردنی خەرجیەکانی حکومەت بۆ بوژاندنەوەی بازارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازیدا. 8. دروستکردنی سوپایەکی نیشتیمانی و بەدامەزراوەیکردن و بەنیشتیمانسازی سەرجەم دامەزراوەکانی حکومرانی، لەپێناو دروستکردنەوەو گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتی بۆ کوردستان. 9. فراوانکردنی پانتایی ئازادییە گشتییەکان و مسۆگەرکردنی ئازادی تاک و دەبڕینی رای ئازاد و بەدیهێنانی بنەماکانی دیموکراسیەت. 10. هاندانی کەرتی تایبەت لەلایەن حکومەتەوە بۆ پلانی ستراتیجی مامناوەند و درێژخایەن بۆ ئەوەی هەلی کار دروستبکرێت 11. ئەولەیەت دان بە دەستی کاری ناوخۆی هەرێم، لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکان کەلە ناخۆی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. 12. فەراهەمکردنی کەشێکی دیموکراسی لەهەرێمدا، کەهاوڵاتی تیایدا لانی کەم هەست بەئەمان و کەرامەتی خۆیی و دادپەروەری و سەقامگیری و ئارامی و دڵنیای بکات، هەست بکات کەماف و ئازادییەکانی پارێزراون، ئەمەش لەپێناو دروستبون و گێرانەوەی متمانەو وەلائی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ نیشتیمان و خاکەکەیان. سەرچاوەکان 1. نەوشیروان مستەفا، بەرنامەی روبەرو، کۆچ لەهەرێمی کوردستان، کەناڵی کەی ئێن ئێن. ساڵی ٢٠١٠. 2. هەڵمەت محەمەد، دەسەڵاتی قوڵ... نمونەی دۆخی هەرێمی کوردستان، ژوری توێژینەوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، ٢٠٢١. 3. دەزگای لوتكە بۆكاروباری ئاوارەو پەنابەران، سایتی ئەلیکترۆنی: https://www.lutka.org/?page_id=3490&lang=ku 4. جۆرەکانی کۆچ، سایتی ئەلکترۆنی: https://zaniary.com/blog/60ddb67409d76/%D8%AC%DB%86%D8%B1%DB%95%DA%A9%D8%A7%D9%86%DB%8C-%DA%A9%DB%86%DA%86 5. أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://mawdoo3.com/%D8%A3%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9_%D8%A7%D9%84%D9%87%D8%AC%D8%B1%D8%A9 6. ما هي أنواع الهجرة، الموقع الکترونی: https://www.almrsal.com/post/960761 7. مهاجرت؛ عوامل و انواع آن، سایت: https://morr.gov.af/sites/default/files/2021-02/%D9%85%D9%87%D8%A7%D8%AC%D8%B1%D8%AA%D8%9B%20%D8%B9%D9%88%D8%A7%D9%85%D9%84%20%D9%88%20%D8%A7%D9%86%D9%88%D8%A7%D8%B9%20%D8%A2%D9%86.pdf 7. Migration, at the site: https://www.un.org/en/global-issues/migration 8. Human migration, at the site: https://www.wikiwand.com/simple/Human_migration
درەو: ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی كە دەستێكی باڵای لە كاروباری عێراق و وڵاتانی ناوچەكەدا هەیە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش گەییشتە دەباشان و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا كۆبوەوە. بە پێی ئەو زانیارییانەی كە لەچەند سەرچاوەیەكی باڵای یەكێتی و پارتیەوە دەست (درەو) كەوتووە: قائانی بە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی راگەیاندووە كە پەلە نەكەن لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق و بێلایەن بن لە كێشەی نێوان لایەنە شیعەكاندا. قائانی لە دەباشان بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندووە كە دەبێت لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا پێكەوە بچنە بەغداد بۆ گفتوگۆو پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق. سەبارەت بە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیش سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە قائانی بە بەرپرسانی یەكێتی راگەیاندووە كە دەبێت دۆخی ئەم ناوچەیە ئارام بێت، نابێت چەك بەكار بێت بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی. لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە دوو وەفدی جیا لە بەغدادن و لە گەڵ لایەنەكاندا كۆدەبنەوە. وەفدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتیەو وەفدەكەی یەكێتی بەسەرۆكایەتی خالید شوانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە.
(درەو): جموجوڵی ھێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی زیادی کردووە، بەرپرسانی یەکێتی دەڵێن لاھور شێخ جەنگی ویستویەتی بارەگای مەکتەبى سیاسی کۆنترۆڵ بکات. چەند رۆژێكە جموجوڵی هێز لەسەر شەقامەكانی سلێمانی زیادیان کردووە، ھەندێک سەرچاوەی ئاگادار لەناو یەکێتییەوە دەڵێن، لاهور شێخ جەنگی ویستویەتی كۆنترۆڵی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی بكات و لەوێ دابنیشێت، بافڵ تاڵەبانی زوو بە جوڵەكەی زانی و هێزی بردووەو لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی جێگیری کردووە. دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی بە دەركردنی لاهور شێخ جەنگی و چوار ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی، رۆژی ٢٠٢١/١١/٢ لاهور شێخ جەنگی نوسراوێكی ئاڕاستەی سكرتاریەتی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردو رایگەیاند تەواوی ئەو دەسەڵاتانەی پەیڕەو بۆی دیاریكردوون بەكاریان دەهێنمەوە، واتا دەسەڵاتەکانی خۆی وەکو ھاوسەرۆک لە بافڵ تاڵەبانی وەرگرتەوە. بەپێی بەدواداچوونەكانی (درەو)، لە دوو شەوی رابردوودا لاهور شێخ جەنگی ویستویەتی بەهێز بچێتەوە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شەقامی سالم شاری سلێمانی و لەوێ دابنیشێت و دەست بە كۆبونەوەكانی بكات. زانیارییەكانی (درەو) ئاماژە بەوە دەكەن، لاهور شێخ جەنگی بڕیاریداوە بچێتە كۆمیتەو مەڵبەندەكان بەسەربكاتەوەو بەو پێیەی هاوسەرۆكی یەكێتیەو بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانیشی بۆ دەرکردنی لە حزب، رەتكردووەتەوە. دوێنێ لیژنەی ئەمنی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، دوا مۆڵەت بۆ بنبڕكردنی یەكجارەكی دیاردەی چەكداری و لاساری یاسایی دیاری دەكرێت و دەستبەسەر چەكی بۆ مۆڵەت و جوڵەی چەك و تەقەمەنی لەدەرەوەی یاسای هەیەو ئەم بڕیارە لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانیەو بافڵ تاڵەبانیش پشتیوانی دەکات. دوای چوار مانگ جێگیربوون لە نزیك ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە گردی سەرچناری سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ هیزە ئەمنییەكان كشانەوەو بازگەكانیان هەڵگرت، ئەم جوڵە ئەمنییە گومانی لای كەسە نزیكەكانی لاھور شێخ جەنگی دروستکردووە، ئامادەكاریی بۆ هێرشكردنەسەر ماڵەكەی لاهور شێخ جەنگی بكرێت. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەكی باڵاوە لەناو یەكێتی دەست (درەو) كەوتوون، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران پهیامێكی به سهركردهكانی یهكێتی داوهو وتویەتی" ئارامی سلێمانی ئارامی ئێرانەو نابێت كێشەی نێوان ھاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەڕێگەی چەكەوە یەكلابكرێتەوە".
(درەو): لەم ھەفتەیەدا، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و شوێنگرەوەی قاسم سولەیمانی، سەردانێکی شاری سلێمانی کرد. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، قائانی وتویەتی" ئارامی سلێمانی ئارامی ئێرانەو نابێت کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەڕێگەی چەکەوە یەکلابکرێتەوە" لەبارەی حزبە کوردییەکانی رۆژھەڵاتی کوردستانەوە کە لەناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتیدا جێگیربوون، فەرماندەی فەیلەقی قودس بە بەرپرسانی یەکێتی راگەیاندووە" ئەو حزبانە ھەڕەشەن بحسەر ئاسایشی ئێران و ئێمە قبوڵی ئەم دۆخە ناکەین". قائانی ھەڕەشەی کردووەو وتویەتی" وەك چۆن توركیا بە رەوای دەزانێت هێز بەكار بهێنێت و بێتە ناو خاکی هەرێمەوە بۆ لێدانی پەکەکە، بۆ ئێمەش رەوایە بەرامبەر بە كۆمەڵەو دیموكرات هەمان رێگا بگرینە بەر". قائانی ئەم ھەفتەیەو دوای ھێرش بۆسەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەپەلەو بەنھێنی خۆی گەیاندە بەغداد، بەپێی زانیارییەکان فەرماندەی فەیلەقی قودس، مستەفا کازمی دڵنیاکردوەتەوە لەوەی ئێران لە پشت ھێرشەکەوە نییەو پشتیوانی سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە ئەنجامدەری ھێرشەکە بوون. قائانی لە بەغداد لەگەڵ لایەنە شیەکانی نزیک لە ئێرانیش کۆبووەوە کە ناڕازین لە ئەنجامی ھەڵبژاردن، دوای ئەم سەردانە دۆخەکە ھەندێک ھێوربووەوە، ھادی عامری سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح کە نوێنەرایەتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی دەکات، بڕیاریدا ئاڵۆزییەکان ھێوربکاتەوە، ئێستاو دوای سەردانەکەی قائانی ھەموان چاوەڕێ دەکەن دادگای باڵای عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن پەسەند بکات و لایەنەکان دەست بە پێکھێنانی ھاوپەیمانێتییەکانیان بکەن.
ئاراس فەتاح ( هەموو چوارشەممە تایبەت بە درەو دەینوسێت) تورکمانستان وەک کوردستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی جیهان بە سامانی سروشتیی. دیکتاتۆرە هەزەلییە کۆچکردووەکەی ئەم وڵاتە، سەفەر موراد نیازۆف، بە پێچەوانەی سەرۆکەکانی ئێمەوە لاسایی دوبەی نەدەکردەوە، بەڵکو ویستی خودی خۆی ببێت بە نموونەی لاساییکردنەوە لای دیکتاتۆرەکانی تر. بۆیە لە بیاباندا شارێکی تەواو نوێی لە ئاڵتون و مەرمەر دروستکرد و ناوێکی رۆمانسیشی بەناوی (عیشق ئاباد)ەوە لێنا و کردی بە پایتەختی وڵاتەکەی. ئەم دیکتاتۆرە لەماوەی حوکمڕانییە ڕەهاکەیدا دەستکاریی ژیان و مێژوو و بیرکردنەوە و تام و چێژی خەڵکەکەی کرد. نیازۆف دەستی گەیشتە مانگەکانی ساڵ و ناوی مانگی ئاپریلی لە ساڵنامە لابرد ناوی دایکی لەجێگەی دانا. جگەرەی قەدەغەکرد بۆئەوەی میللەتەکەی تەندروست بژێت. بڕیاری دابوو دەبێت وڵاتەکەی هێندە پاکوتەمیز بێت کە تیایدا هەموو شتێک بریسکە بداتە، بۆ نموونە شەقامەکان و وێستگەی پاسەکان و تەکسی و تەنانەت ئۆتۆمبیلە شەخسییەکانیش بەر ئەم هەڵمەتی پاکوتەمیزییە ڕەهایە کەوتن. ئەم دیکتاتۆرە کتێبێکی بەناوی (ڕوحنامە)وە نووسی کە دەبایە تاک بەتاکی هاوڵاتیانی دەوڵەتەکەی وەک قورئان دەرخی بکەن. گرنگیی و مەترسیی ئەم کتێبە گەیشتە ئەوەی کە هیچ کەسێک مافی وەرگرتنی مۆڵەتی ئۆتۆمبیلی پێنەدەدرا گەر لە تاقیکردنەوەی کتێبەکەی سەرۆک دەرنەچووایە. سەرۆک لە کتێبەکەیدا باس لە داهێنانێکی گەورەی مرۆڤایەتیی دەکات کە لە وڵاتەکەی ئەودا دۆزراوەتەوە ئەویش داهێنانی چەرخە یان دووچەرخەیە و بڕواشی وایە کە تەنها مرۆڤ خاوەن زمان نییە، بەڵکو ئاژەڵان و دارەکانیش زمانی خۆیان هەیە و قسەدەکەن. ئەم دیکتاتۆرە بڕوای وابوو کە خەڵکی وڵاتەکەی هەمووی ئەوەندە تەندروستن پێویستیان بە دکتۆر نییە، بۆیە هەرچی نەخۆشخانە و نۆرینگە و عیادەی دکتۆرەکان هەیە دایخست. ساڵانێکی زۆر ددانی ئاڵتون یەکێک بوو لە دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی تورکمانستان، بەڵام ئەم دیکتاتۆرە زۆر ڕقی لە ددانی ئاڵتونی بوو و ڕای وابوو کە شایستەی تورکمانستەکان نییە، بۆیە ئەویشی قەدەغەکرد. هەر دوای ئەو بڕیارەی سەرۆک ریزگرتن بۆ دەرکردنی دانی ئاڵتوونی لای دکتۆرەکانی دان، بە دەیان مەتر درێژ بوو. ڕوحنامە کتێبێکی ئینسکلۆپیدیایی گشتگیرە و وەڵامی هەموو پرسیارەکانی بەشەرییەتی تێدایە، بۆیە نیازۆف وایدەبینی کە خەڵکی وڵاتەکەی پێویستی بە هیچ کتێبێکی تر نییە بۆئەوەی زانیاری زیاتری دەستبکەوێت. بۆئەم مەبەستەش بە بڕیارێک هەموو کتێبخانە گشتییەکانی داخست و قفڵی لە هەموو دوکانەکانی کتێبفرۆشیی دا. گەورەترین مۆزەخانەی وڵاتەکە مۆزەخانە شەخسییەکەیەتی سەرۆک خۆیەتی کە هەرچی دیاری و شتانە هەیە سەرۆکەکانی دونیا بۆیان هێناوە، لەوێدا نماییشکراون. پەیوەندی ئەم دیکتاتۆرە بە ئایینەوە ناکۆک نییە، نەک لەبەرئەوەی گەورەترین و گرانبەهاترین مزگەوتی لە ئاسیای ناوەڕاستدا لە مەرمەر و ئاڵتون دروستکرد، بەڵکو خۆشی وەک پێغەمبەری نەتەوە و خوداش نماییشدەکات، بۆیە لەبری قورئان دیوارەکانی مزگەوتەکە بە ڕستە بەناوبانگەکانی ناو کتێبەکەی خۆی نەخشێنراون. سەفەر موراد نیازۆف دوای مردنیشی هەر لەو مزگەوتەدا نێژراو ئێستا گۆڕەکەی لە ماڵی خودایە. دوای مردنی ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییە دکتۆرە شەخسییەکەی ددانی، (قوربان قولی بێردی محەمەدۆف) لە هەڵبژاردنێکی نماییشگەرانە بە دەنگی زۆرینە بوو بە سەرۆکی نوێی وڵاتەکە. ئەوەی ئەمیش کردی تەنها گەڕانەوەی ناوی ئەپریل و سێپتێمبەر و کردنەوەی نەخۆشخانە و زانکۆکان بوو. محەمەدۆفیش کەمتر لە نیازۆف هەزەلیی نەبوو، بۆنموونە محەمەدۆف مۆڵەتی شۆڤێری لە ژنان وەرگرتەوە و چیتر بۆیان نەبوو ئۆتۆمبیل لێبخوڕن، چونکە بۆی دەرکەوتبوو کە نیوەی ئەو رووداوانەی هاتوچۆ لە وڵاتەکەیدا هەیە ژنان لێى بەرپرسیارن، یان تەنها رێگەی بە ئۆتۆمبیلی ڕەنگکراوە (فاتح) دەدا و خواردان و بەنزین و دەرمان و خوێی بۆ ماوەیەک بە خۆڕایی بەسەر دانیشتوانەکەی دابەشدەکرد. ئەم دەوڵەتە گەرچی چوارەم دەوڵەمەندترین دەوڵەتی جیهانە لەرووی گازەوە و نەوتێکی زۆریش بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خەڵکی وڵاتەکەی لە هەژارییدا دەژین و شتێک نییە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت. هەرکەسێک پێچەوانەی سەرۆک و دەوڵەت و نەتەوەکەی قسەبکات و چالاکبێت، یان لە زیندان گیری دەکەن یان دەبێت بەنهێنیی هەڵبێت و وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت. کوردستانیش وەک تورکمانستان وڵاتێکە پڕ لە نەوت و گاز و هەژاریی، چەند زۆنێکی جوگرافییە پڕ لە دیکتاتۆری بچوک و گەورە و چەند خێزانێکی سیاسییشە پڕ لە خەونی دروستکردنی کولتووری براگەورە. ئەوەی وای لێکردم ئەم دیکتاتۆرە هەزەلییەم بیربکەێتەوە قسەکانی دوێنێی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بوو. مەسرو بارزانی لەسەروبەندی کۆچی بەکۆمەڵی هاونیشتیمانیانی وڵاتەکەیدا کە بووە بە هەواڵی ژمارە یەکی هەموو میدیاکانی جیهان، گوتی: „ئێوە خاوەنی ئەو وڵاتەن خەڵکی تر خاوەنی نییە، وڵات هی کەس نییە هی ئێوەیە، بۆ کوێ دەچن؟ داهاتووی ئەو وڵاتە ئێوەن، سەرکردەی ئایندەی ئەم وڵاتە ئێوەن، هیچ وڵاتێک ناگاتە وڵاتی خۆت، دەبێت وەکو دایک وڵاتەکەمان خۆشبوێت“. ئەم داوایەی مەسرور بارزانی چەند قەناعەتی بە زۆرینەی دەنگدەرانی ناڕازیی لە سیستەمە سیاسییەکە هێنا کە بایکۆتی دەنگدان نەکەن، زۆر کەمتر لای کۆچکردوانی ناڕازیی لە ژیان و گوزەرانی هەرێمەکەی سەرۆک، گوێگر دەدۆزێتەوە. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەموو حیزبەکان دەبێت ئەو ڕاستییە باش بزانن کە ئەم کۆڕەوە ریفراندۆمێکی نوێی خەڵکی مەدەنیی هەرێمی کوردستانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتییان لە مۆدێڵی سوڵتانییانەی حوکمڕانیی و نادادی کۆمەڵایەتیی و خنکاندنی ئازادیی و مافی ڕادەربڕین. ئەم کۆچە بەکۆمەڵە ریفراندۆمی دەنگە ناڕازییەکانە بە گوتنی نەخێرێکی گەورە بۆ شەخسی سەرۆکەکان و حیزب و سیستەمە سوڵتانییەکەیان کە بە شێوەیەکی ویراسیی تەنها خۆیان و خێزانە سیاسییەکەیان و خزم و کەسوکار و رۆبۆتە عەسکەریی و فیکریی و میدیاییەکانی حیزبەکانیان لە داهات و سامانی وڵاتەکە سودمەندن. سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران کە لای ئەندامانی حیزبەکەی بە براگەورە ناسراوە و سەرۆکی هەموو خێزانە سیاسییەکانی تریش، چیتر ناتوانن ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە چ سیستەمە سیاسییەکەی و چ حکومەتەکەی هەرێمی کوردستان هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە وێنەیەکی زۆر بەد و ناشیرینی بۆ دروستبووە و چیدی واقیعی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بێسەروبەری سیاسەتمەدارەکانی وەک دەوڵەتی تورکمانستان و قسە و کردە هەزەلییەکانی سەرۆکە دیکتاتۆرەکانی دەبینرێت و هەڵدەسەنگێنرێت.
(درەو): بەناوی خوێی پیشەسازییەوە خوێ لە دەروازەكانەوە هاوردەی ناو هەرێم دەكرێتو دواتر وەكو خوێی خواردن دەخرێتە بازاڕەكانەوە. لە مەرزەكانی (پشتەو تەوێڵە)وە رۆژانە نزیكەی (15 بۆ 20) بارهەڵگر (خوێ) بەبێ وەرگرتنی هیچ جۆرە باجێك هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەم خوێیە لە پێناسی گومرگیدا ناوی لێنراوە "خوێی پیشەسازی" واتە بۆ خواردن نەشیاوە. بەڵام بەپێی بەدواداچونەكانی (درەو)، ئەم خوێیە كە بەناوی خوێی پیشەسازییەوە داخڵ دەكرێت، دواتر لە ژمارەیەك كارگە لە هەولێرو سلێمانی لە كیسو قتوو دەكرێنو بەناوی خوێی شیاو بۆ خواردن لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا ساغ دەكرێنەوە. بۆ داخڵكردنی ئەم خوێیە بۆ ناو هەرێمی كوردستان، دەستكاری پێناسی گومرگری كراوە لە بەرژەوەندی ئەو بازرگانانەی خوێیەكە داخڵ دەكەن، پێشتر لە پێناسی گومرگیدا سێ جۆر خوێ هەبووە كە بریتی بوون لە (خوێی شیاو بۆ خواردن، خوێن نەشیاو بۆ خواردن، خوێی پیشەسازی)، بەڵام دواتر لە پێناسی گومرگیدا ئەم سێ جۆرە كراوە بە دوو جۆرەو (خوێی پیشەسازی و خوێی نەشیاو بۆ خواردن) كراوە بە یەك جۆر بۆ ئەوەی داشكانی گومرگیی بۆ بكرێت. ئێستا لە پێناسی گومرگی هەرێمدا جۆری ئەو خوێیانەی كە داخڵ دەكرێن دابەشكراون بۆ (2) جۆر خوێ كە بریتین لە (خوێی پیشەسازی)و (خوێی شیاو بۆ خواردن)، جۆری یەكەم كە خوێی پیشەسازییە بەخشینی گومرگری بۆ كراوە، چونكە ئەو بابەتانەی بۆ خواردنن بەخشینی گومرگی نایانگرێتەوە، واتە ئەم خوێیە بەناوی خواردنەوە داخڵی هەرێم ناكرێت، بەڵام دواتر بۆ خواردن دەخرێتە بازاڕەوە. خوێی پیشەسازی كە بەخشینی گومرگی بۆ كراوە، بۆ بوارەكانی پیشەسازی نەوتو خۆشكردنی پێستە بەكاردەهێنرێت، بەڵام كاتێك خوێنە دێتە ناو هەرێمی كوردستان، دابەشدەكرێت بەسەر چەند كارگەیەكدا لەناو سلێمانیو قەزای سەیدسادقو لە هەولێریش چەند كارگەیەك هەیە، ئەم كارگانە (یۆد) دەكەنە ناو خوێ پیشەسازییەكەو لە كیسی دەكەنو رەوانەی ناو بازاڕەكانی دەكەن. (درەو) زانیویەتی، تیمی چاودێری گومرگی لە سلێمانی لە نەخۆشخانە پشكنینیان بۆ ئەو خوێیە كردووە كە لەم كارگانەوە رەوانەی بازاڕەكان دەكرێن، هیچیان لە پشكنین دەرنەچوونو بۆ خواردن شیاو نەبوون، بەڵام بەرپرسانی گومرگ هێشتا نایانەوێت رێگری لەم كارە بكەن كە مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەكات. سەرچاوە تەندروستییەكان دەڵێن ئەم جۆرە خوێیە كە ناشیاوە بۆ خواردن كێشە بۆ (غودە) دروست دەكات، سەرباری ئەمە داخڵكردنی ئەم خوێیە بەمشێوەیە، بەگوێرەی خەمڵانی ئەوانەی نزیكن لە كارەكەوە، مانگانە نزیكەی (360 ملیۆن) دینار زیان لەم بوارەدا بە داهاتەكانی حكومەتی هەرێم دەگات.
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت) یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ژنە فەیەلەسوفی ئەڵمانی ھانا ئارێنت چەمکی لەدایکبوونە، Natality، لەدایکبوون وەک ھاتنەناو جیھانەوە. لای ئەم ژنە فەیلەسوفە، لەدایکبوون ھەڵگەری ئەگەری دروستکردنی ”سەرەتای تازە“یە. چەمکی ”لەدایکبوون“ پێچەوانەی چەمکی مردنە کە ھێما بۆ بەجێھیشتنی جیھان دەکات. لەدایکبوون ھاتن و دەرکەوتنە لە جیھاندا، مردن نەمان و بزربوونە لە جیھان. چەمکی ”لەدایکبوون“، ھاوشێوەی ھەندێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەم فەیلەسوفە، چەمکێکی سەرەکیی و بنەڕەتییە، ھیچی لە چەمکە سەرەکییەکانی تری ناو فیکری ھانا ئارێنت کەمتر نییە، لەوانەش بۆ نموونە چەمکەکانی ”پلورالبوون و فرەیی مرۆڤەکان“، ”ناڕادیکاڵبوونی خراپەکاریی“، ”کردەی کۆنکریت“ و ”خۆشویستنی جیھان“. لە ڕاستیدا ھەندێک لە ئارێنتناسەکان پێیان وایە گرنگترین چەمکێک بیرکردنەوەی ئەم ژنە فەیلەسوفەی سەدەی بیستەمی پێنباسرێتەوە، چەمکی ”لەدایکبوون“ و ھاتنە ناو جیھانە. لەدایکبوون و ھاتنە ناو جیھان لای ئارێنت سەرچاوەی تواناکانی مرۆڤ بۆئەوەی شتێکی تازە ڕووبدات، سەرلەنوێ دەستپێبکرێتەوە و سەرەتایەکی تازە دروستبکرێت، دەست بەشتێک بکرێت جیاواز لەوەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەمەش مانای توانای دەرچوون لە دۆخی ئێستا و دروستکردنی ژینگەیەکی تازە، مانای توانای دەستپێشخەریکردن و بەگژاچوونەوەی دۆخی باڵادەست لە ئێستادا، گۆڕینی ئەوەی خو بە دروستکردنییەوە گیراوە بەوشێوەیەی کە ھەیە و لە ئاردایە. مانای تێپەڕاندنی عورف و عادەت و دروستکردنی دۆخێکی ئینسانیی و مێژوویی نوێ. لەم ڕووەوە ئارێنت دووجۆر ھەڵسوکەوتی ئینسانی لەیەکتری جیادەکاتەوە: یەکەمیان ناودەنێت ”کردە“، دووھەمیشیان ”ڕەفتار“. کردە توانای دەستپێشخەریی و دروستکردنی شتێکی تازەیە. ڕەفتاریش بەردەوامیدانە بەو جۆرە ژیانەی کە ھەیە و دروستکراوە. ئەو خاڵەی ئارنێت جەغتی لێدەکات ئەوەیە تەنھا مرۆڤ توانای ئەنجامدانی کردەی ھەیە، واتە توانای دەستپێشخەریکردن و دروستکردنی شتێکی تازەیەی ھەیە، نە ئاژەڵ و نە خوداکان ئەم توانایەیان نییە. بنیادنانی ”سەرەتای تازە“ توانای ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتیی مرۆڤیشە وەک مرۆڤ. لە ھەموو فیکری ئارێنتدا تەنھا باس لە بوونی یەک ”جەوھەر“ دەکرێت، ئەویش ئەم توانا ئینسانییەی تازەکردنەوە و گۆڕینی ئەو جیھانەیە کە لە ئێستادا ھەیە و لەئارادایە. ئەگەر بشێت بە ئینسان جەوھەرێک ببەخشرێت، ئەوا ئەو جەوھەرە لای ئارێنت بریتییە لە توانای دەستکردن بە بونیادنانی شتێکی تەواو تازە و ناکۆک بەوەی ھەیە و باڵادەستە. کردەی ئینسانیش دەشێت کردەیەکی جیھانی بێت، دەشێت لە ئاستی نەتەوەیی و نیشتیمانیدا پیادەبکرێت، دەشێت لە ژیانی شەخسیی و ئەو ژینگە بچووکەشدا ڕووبدات، کە کەسێک لەناویدا دەژیی. ھەموو ئەم شتانە قابیلی دەسکاریکردن و گۆڕانکارین. ئەم توانای دەسکاریکردنەش وەک ئەگەرێک لەگەڵ لەدایکبوونی ھەر مرۆڤێکدا لەدایکدەبێت. ئارێنت لەڕێگای ئەم توانا ئینسانییە تایبەتەوە، کە گرێدراوە بە لەدایکبوون و ھاتنی مرۆڤەوە بۆناو جیھان، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان کردەی لەدایکبوون و توانا سیاسییەکانی مرۆڤدا پێشنیاردەکات. سیاسەت وەک کردەی ھاوبەش و پێکەوەیی مرۆڤەکان بۆ دروستکردنی ژیانێکی ھاوبەشی ھێمن و قابیلی قبووڵکردن. بەم مانایە ئارێنت پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دیاردەی سروشتیی لەدایکبوونی مرۆڤ و ئەگەری ھاتنەکایەی کردەی سیاسیی گۆڕانکاردا، پێشنیاردەکات. بەڵام ئەگەرچی توانای دەسکاریکردن و دروستکردنی ”سەرەتای تازە“ لای ئارێنت ”جەوھەر“ی مرۆڤ دەستنیشاندەکات، بەڵام مەرج نییە مرۆڤەکان ئەم توانایە بخەنەکار و جیھانی دەوروبەریان بگۆڕن. ئەوان دەشێت لە باتی ”کردە“یەک کە جیھانێکی نوێ دروستدەکات، لەناو ئەو ”ڕەفتار“انەدا بمێننەوە کە جیھان بەوجۆرەی ھەیە و دروستکراوە قبووڵبکات و نەیگۆڕێت. ئەوەی لەم ڕوانینانەی ھانا ئارێنتدا بۆ کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە گرنگە، بەگژاچوونەوەی ئەو نائومێدییە گەورە و سیستماتیکییە و ئەو شکستباوەڕییە ھەمەلایەن و خنکێنەرەیە کە ھێزە باڵادەستەکان لە کوردستاندا، دروستیانکردوە. گەڕانەوەی جۆرێکە لە ئومێدا بۆ ئەو ژینگە نائومێد و ھەناسەبڕەی لەئارادایە. وەبیرھێناوەی ئەو ڕاستییە سەرەتایی و سادەیەشە کە مرۆڤەکان دەشێت و دەتوانن دەسکاریی ئەو جیھانەبکەن کە تیایدا دەژین. پێداگرتنیشە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە بەشێکی گرنگیی مرۆڤبوونی مرۆڤ پابەستی وەگەڕخستنی ئەو توانا تایبەتەی دەسکاریکردنی جیھانە، کە مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە. وەکچۆن تێگەیشتنیشە لەو ڕاستییە سادەیەی نیشانمانئەدات ئەو دۆخەی ھێزە باڵادەستەکانی کوردستان دروستیانکردوە و سەپاندویانە، دۆخی لە ئینسانخستنی ئینسانە، دۆخی ھەوڵدانێکی بەرنامەبۆدانراو و بەردەوامە بۆ کوشتن و سڕینەوەی توانای دەستپێشخەریکردن لە مرۆڤەکاندا. نمایشکردنی ئەو دۆخەیە کە دروستکراوە وەک قەدەرێکی حەتمیی و تاڵ، کە دەرچوون لێی ناشێ و ناکرێ و مەحاڵە. بەمەش ناچارکردنی ئینسانی ئێمە بە قبووڵکردنی تاریکبینیی و نائومێدیی وەک دۆخی ئەبەدی کۆمەڵگاکەی. گەڕانەوە بۆ ئەو دیدانەی ھانا ئارێنت کە باسمکردن، گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، بۆ وێنانکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێک کە دەتوانێت ھەم جیھان و ژینگەکەی بگۆڕێت، ھەم خودی خۆیشی.
راپۆرت: درەو وەفدی پارتی بەر لەوەی بگاتە بەغداد بۆ دانوستان لەبارەی پێکھێنانی حکومەت، سەردانی تارانی کردووەو لەوێ ئیسماعیل قائانی بینیوە، ئێرانییەکان تائێستا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەدۆزیوەتەوە، لە کێشەکانی ناو یەکێتی بێئومێدبوون، زانیاری زیاتر لەم راپۆرتەدا. دانوستانی پێش ئەنجام ھێشتا دادگای فیدراڵی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەسەند نەکردووە، لایەنە سیاسییەکان دەستیان بە گفتوگۆی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت کردووە. سەدر ئێوارەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو گەیشتە بەغدادو لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆکی یەکەمین ھێزی براوەی سوننەکان و دووەم گەورە براوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کۆبووەوە. دواترو بە جیاجیا لەگەڵ عەممار حەکیم و حەیدەر عەبادی و وەفدی پارتی دیموکراتی کوردستان دیداری کرد، بەڵام ھیچ یەکێک لە ھێزە شیعە ناڕازییەکانی ناو "چوارچێوەی ھەماھەنگی"ی نەبینی، ئەمە لە حاڵێکدایە کوردو سوننە چاوەڕێن سەدر سەرەتا پرسی پێکھێنانی حکومەت و کاندیدی سەرۆک وەزیران لەناو ماڵی شیعەو لەگەڵ ئێرانییەکان یەکلا بکاتەوەو دواتر لەگەڵ ئەماندا دەست بە دانوستان بکات. ئێران ھۆشداری بە پارتی و یەکێتی دەدات ! بەپێی ئەو زانیارییانە کە لە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لەناو پارتی و یەکێتی دەست (درەو) کەوتووە، بەمدواییە وەفدێکی ئێران سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووەو لەگەڵ پارتی و یەکێتیدا کۆبووەتەوەو داوای لێکردوون پەلە نەکەن لە بڕیاردن بۆ گرێدانی ھاوپەیمانی لەگەڵ ھیچ لایەنێکی شیعەی عێراق، لەمەشدا بە دیاریکراوی مەبەستیان لە موقتەدا سەدر بووە کە وەکو براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن دەیەوێت لە دەرەوەی ئیتیفاقی ناو ماڵی شیعە کوتلەی گەورەی ناو پەرلەمانی نوێی عێراق لەگەڵ حەلبوسی و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بکات و بە فەرمی مافی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت وەربگرێت. وەفدی پارتی لە تاران بووە چەند رۆژێکە وەفدێکی پارتی بە سەرۆکایەتی ھۆشیار زێباری بەسەردانێک لە بەغدادەو دەستی بە گفتوگۆکردن کردووە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان. سەرچاوەیەکی باڵا لەناو پارتی بە (درەو)ی راگەیاند، وەفدی پارتی بەر لەوەی سەردانی بەغداد بکات، رۆژی سێ شەممەی رابردوو سەردانی تارانی کردووە. بەگوێرەی زانیارییەکانی (درەو)، وەفدەکەی پارتی کە سەردانی تارانی کردووە پێکھاتووە لە ھەریەکە لە (ھۆشیار زێباری، فازل میرانی، رێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق)، لەوێ چاویان بە (عەلی شەمخانی) سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و (ئیسماعیل قائانی) فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و وەزیری (ئیتڵاعات) کەوتووە. کابینەی نوێی حکومەت لە عێراق یەکەمین کابینەیە کە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی دروست دەکرێت، یەکڕیزی ماڵی شیعە گەورەترین گرەوە لەبەردەم ئەو تیمە نوێیەی ئێران کە لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانییەوە لە عێراق دەستبەکاربوون، ئەمە لەکاتێکدا روودەدات ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەمجارە لە بەرژەوەندی ئەمریکییەکانەو ھێزەکانی نزیک لە ئێران ژمارەی کورسییەکانیان پاشەکشێی گەورەی کردووە، بۆیە رەنگە ئەمجارە ئێرانییەکان لە پێناو دڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناو ماڵی شیعەی عێراق، فشاری زیاتر لە کوردو سوننە بکەن. ئێران پشتیوانی بەرھەم ساڵح دەکات ! ئێرانییەکان لەکاتێکدا ھێشتا نەیانتوانیوە سەدر لەگەڵ مالیکی و ھادی عامری بگەیەننە رێککەوتن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمارن. بەپێی زانیارییەک کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵاوە لەناو یەکێتی دەست (درەو) کەوتوون، ئێرانییەکان نیگەرانن لە بارودۆخی ئێستای ناو یەکێتی، سەرباری ئەوەی لە کێشەی نێوان ھاوسەرۆکەکاندا پاڵپشتی بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەڵام ناڕازین لە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی. یەکێک لەو بەرپرسانەی بەمدواییە ئێرانییەکانی بینیوە بە (درەو)ی وت، ئێرانییەکان بە ئاشکراو بە ئاگادری پارتی پاڵپشتی لە دانانەوەی بەرھەم ساڵح دەکەن لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمەش زیاتر ھەوڵیانداوە بەرھەم ساڵح لە کێشەی نێوان لاھور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانیدا بکەن بە سکرتێری یەکێتی، رەنگە ئەمە ھۆکارە سەرەکییەکە بوبێت کە بافڵ تاڵەبانی بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی بەرھەم ساڵح، بە پەلە بڕیاری دەرکردنی لاھور شێخ جەنگی لە ریزەکانی یەکێتی ئیمزا کردووە. ئەوانەی ئێرانییەکانیان بینیوەو گفتوگۆیان لەگەڵ کردوون دەڵێن ھەردوو خەتی (سوپا)و (ئیتڵاعات) بۆچونیان لەسەر دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار باشە، ھۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم بۆ خراپی ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە لای ئێرانییەکان کە وەکو کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ناویان دەھێنرێت. بەمدواییە بەرھەم ساڵح دەیەوێت بارودخەکە بەتەواوەتی بۆ خۆی خۆش بکات، نەک ھەر ئێرانییەکان کە ماوەیەکی زۆرە پەیوەندی ژێربەژێری لەگەڵیاندا ھەیە، پارتیش وەکو ھێزی یەکەمی ھەرێمی کوردستان قایل بە دانانەوەی لە پۆستی سەرۆک کۆمار بکات. بەپێچەوانەی ئەوەی چاوەڕوان دەکرا مەسعود بارزانی ئەمجارە تۆڵەی گەمەی ٢٠١٨ی لێ بکاتەوە کە لە دەرەوی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرت، وا دەردەکەوێت بەم سەردانانەی ئەمدواییە بۆ ھەولێر کردویەتی، بەرھەم ساڵح تاڕادەیەک بارزانی قایل کردبێت. ئەمڕۆ وەفدی پارتی کە ھۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات، بەپێچەوانەی سەردانەکەی پێشتر بۆ بەغداد، سەردانی بەرھەم ساڵحی کرد، پارتی چاوی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار بوو لە یەکێتی، بەڵام (درەو) زانیویەتی ئێرانییەکان پەیامیان بە پارتی داوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار ھێشتا ھەر پشکی یەکێتی و لای یەکێتی دەمێنێتەوە، بەڵام پارتی دەتوانێت قسەی لەسەر کاندیدەکە ھەبێت. لەناو یەکێتیش رەنگە کوڕانی تاڵەبانی بۆ دورخستنەوەی لە کاروباری حزبی و خۆلادان لە فشارەکانی ئێران، قایل ببنەوە بە دانانەوەی بەرھەم ساڵح لە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەتایبەتی ئەگەر ئێرانییەکان لە چەند رۆژی داھاتوودا بەدیلی باشتر لە بەرھەم ساڵحیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەست نەکەوێت.
راپۆرت: درەو نزیكەی چوار دەیە لەمەوبەر خڕی ناوزەنگ پێی دەوترا "دۆڵی ئەحزاب"، هەر حزبێك خێمەیەكی لە دۆڵەكەدا هەڵدابوو، ئەم رۆژانە سلێمانی خەریكە دەبێتەوە بۆ دۆڵی ئەحزاب، بەڵام لەبری خێمە ئەمجارە بارەگای نوێ دروست دەكرێت، لەناو یەكێتیو گۆڕانو شەقامی ناڕەزاییەوە هەوڵی دامەزراندنی چەند حزبێكی سیاسی نوێ دەستیپێكردووە، لەكاتێكدا لەدواین هەڵبژاردندا تەنیا 27%ی دەنگدەرانی سلێمانی دەنگیان بە حزبەكان داوە، وردەكاری زیاتر لەم راپۆرتەدایە. دۆڵی ئەحزاب كۆتایی حەفتاكانو سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو، كە خومەینی لە ئێران جیهادی دژی كورد راگەیاند، ناوچە سنورییەكانی نێوان باشوورو رۆژهەڵاتی كوردستان بوو بە شوێنی كۆبونەوەی بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی رۆژهەڵاتو باشوورو تەنانەت باكوری كوردستانیش. ئەم ناوچەیە ئەو سەردەمە ناوی لێنرابوو "دۆڵی ئەحزاب"، ئەم دۆڵە لە "توژەڵە"و درێژ دەبووەوە بۆ ناوزەنگو زەڵێو شێنێ، حزبەكان لەم دۆڵەداو لە نزیك یەكتر هەریەكەیان خێمەیەكیان هەڵدابوو، ئەم دۆڵە ناوچەی رزگاركراوی باشوری كوردستان بوو، یەكێتی نیشتمانی کوردستان تێیدا باڵادەست بوو. مام جەلال هەموو دۆستەكانی خۆی لە عێراقو رۆژهەڵاتی كوردستان بانگهێشتی ئەم دۆڵە كرد، ئەوانەی ئەو سەردەمە لەم دۆڵەدا خێوەتیان هەڵدا بوو بریتی بوون لە حزبی شیوعی عێراق، حزبی سۆسیالیست دوای جیابونەوەی لە یەكێتی، حزبەكەی مامۆستا شێخ عیزەدین "دەفتەری شێخ عیزەدین"، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ، حزبی دیموكراتی كوردستان، چریكی فیدایی، رەنجبەران، چەند حزبێكی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لەگەڵ پارتی (ئاڵای رزگاری)ی باكوری كوردستان. دوای دانوستانی یەكێتی لەگەڵ بەعس لە 1984 كە ناولا لێنرا "مفاوەزات"، یەكێتی بارەگای سەركردایەتی خۆی گواستەوە بۆ دۆڵی جافایەتی، جارێكی تر ئەم دۆڵەش بووەوە بە "دۆڵی ئەحزاب"، موجاهیدنی خەڵقو چریكی فیداییو دیموكراتو كۆمەڵە وەكو ئەحزابی ئێرانو رۆژهەڵاتی كوردستان لەم ناوچەیە لەگەڵ هێزەكانی باشووری كوردستان كۆبونەوە. دۆڵی جافایەتی كە ببوە بە "دۆڵی ئەحزاب" لە كارێزەو گاپیڵۆنەوە دەستپێدەكات بۆ مالومەو یاخسەمەرو سەرگەڵو و بەرگەڵو و گەڕەدێ، مام جەلال نەك هەر بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، تەنانەت بارەگای بۆ كۆماری ئیسلامیش لەناوچەكە بونیادنابوو. رزگار رانگور یەكێك لە پێشمەرگەكانی ئەو سەردەمە، لە یادەوەرییەكانی خۆیدا بەمشێوەیە باسی بارودۆخ ساڵی 1985ی دۆڵی ئەحزاب لە ناوچەی جافایەتی دەكات:" دەیان بارەگای حیزب و پارتەكانی ئێران لەم دۆڵەدابوون. چەند جۆر لە (چریكی فیدای، كۆمەڵە، دیمكرات، سازمانی خەبات، ڕاهی كارگەر... هتد بونی هەبوو.. لەم دۆڵەدا خەڵكانێكی زۆر هەواریان هەڵدابوو زۆركەس سەربازی هەڵاتووی جەنگ بوو یان لەچونیان بۆ ئەوروپاو مانەوەیان لە هۆردوگاكانی ئێرانو بێهیوابوون لە گەشتكردن بۆ ئەوروپا، ئیتر بەهەر هۆیەك بێت گەڕابونەوە گوندەكانو ناوچە ئازادكراوەكان كە جاران وامان ناونابوو، لە چاوەڕوانیدا ژیانیان دەكرد.. هەر لەنزیك گاپیڵۆن، جارێك لە بارەگایەك چریكەكان لەگەڵ یەكدا لێیان بوە شەڕ، لەچاوتروكانێكدا چەند كەسیان لەیەك كوشت، منیش چوم بۆ ئەو بارەگایە تا جیایان كەینەوەو شەڕەكە درێژە نەكێشێت، یەكێك لە چریكەكان مەغزەنەكەی فیشەكی گڕداری تێدابوو بەلەشیا تەقیبۆوە ناوسكی هاتبۆ دەرەوە. شەڕەكەیان لەسەر ئەوەبوو داخۆ یەكێتی سۆڤیەت سۆسیالیستە یان نا ؟" سلێمانی دەبێت بە دۆڵی ئەحزاب ؟ لەدوای جیابونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەكێتیو دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009دا، سلێمانی بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە دۆڵی ئەحزاب، هێزە سیاسییەكانی ئەم ناوچەیە رۆژ لەدوای رۆژ پەرتتر دەبنو هێزی سیاسی نوێ دادەمەزرێت: لەدوای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، چەند هێزێكی سیاسی تر لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراون، لەوانە: • تەڤگەری ئازادی كە هێزێكی سەربە پارتی كرێكارانی كوردستانەو لە ساڵی 2014 لە سنوری سلێمانی دامەزرێندراوە. • جوڵانەوەی نەوەی: ساڵی 2018 شاسوار عەبدولواحید دایمەزراند. • هاوپەیمانی بۆ دیموكراسیو دادپەروەریی: ئەم حزبە ساڵی 2018 بەرهەم ساڵح دوای جیابونەوەی لە یەكێتی دروستیكرد، بەرهەم ساڵح هەمان ساڵ وازی لە حزبەكەی هێناو گەڕایەوە بۆ ناو یەكێتی. • هاوپەیمانی نیشتمانی: ئەم حزبە لەسەر داروپەردوی حزبەكەی بەرهەم ساڵح لەلایەن (ئارام قادر)ەوە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2018دا دروستكرا. • بزوتنەوەی چاكسازی نیشتمانی: ئەم حزبە لە ساڵی 2019 لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرسەوە دروستكرا كە لە حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان جیابونەوە. ئێستا سلێمانی ژانی لەدایكبوونی ژمارەیەك پارتی سیاسی نوێ گرتویەتی، رەنگە هێشتا هیچ یەكێك لەو پارتە سیاسییانەی دروستكراون، تینیوێتی خەڵكی سنورەكەی بۆ حزبو كاری سیاسی نەشكاندبێت، لە دیوێكیدا ئەگەر ئەمە گەشەكردنی فرەحزبی بێت لەم سنورە، بەدیوەكەی تریدا لاوازبوونی پێگەی یەكێتی نیشتمانییە وەكو حزبی دەسەڵاتداری ئەم سنورە، هەندێك زیادبوونی گروپو حزبە سیاسییەكان لەم سنورە وەكو ئاماژەكانی كۆتاییهاتنی هەژمونی یەكێتی وێنا دەكەن. یەكێتی نیشتمانی وەكو هێزی دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە ماوەی نزیكەی چوار مانگە بە قەیرانێكی ناوخۆیی قوڵدا تێدەپەڕێت، لەدواین هەنگاودا، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڕیارێكی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی پەسەندكرد بۆ دەركردنی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەی تری یەكێتی لەناو حزبەكە، ئەم بڕیارە ئەگەر وەكو خۆی تێپەڕێتو لە سەركردایەتی یەكێتیش پەسەند بكرێت، جگە لە دروستكردنی ئاڕاستەیەك لەناو یەكێتی یان لە دەرەوەی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی هیچ رێگەچارەیەكی لەبەردەمدا نامێنێتەوە. ئەمە لەكاتێكدایە هاوسەرۆكەكانی یەكێتی لەدوای كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەیانەوە كە لە دوا رۆژەكانی 2019 بەڕێوەچوو، بانگەشەی بەهێزكردنەوەی دەڤەرەكەیانو كۆكردنەوەو گێڕانەوەی حزبە سیاسییەكانی ئەم سنورەیان دەكرد بۆ ناو یەكێتی، لەمبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی قسەیەكی هەبوو كە دەیوت " هەمویان دێنەوە ناو خۆمان !". بزوتنەوەی گۆڕانیش كە مەڵبەندە سەرەكییەكەی شاری سلێمانییە، لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە 10ی ئۆكتۆبەری رابردوو بەڕێوەچوو، روبەڕووی شكستێكی گەورە بووەوەو هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەست نەهێنا، ئەمە بزوتنەوەكەی روبەڕووی دابەشبونێكی نوێ كردوەتەوە، لە دوو ئاڕاستەوە ناڕەزییەكانی ناو گۆڕان سەرقاڵی تاوتوێكردنی دروستكردنی حزب یان گروپ و لیستی هەڵبژاردنی نوێن، ئاڕاستەیەك بریتین لەو بەرپرسانەی حزب كە لەدوای كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە لە بزوتنەوەكە جیابونەتەوە (عوسمان حاجی مەحمود)، ئاڕاستەكەی تر ئەوانەن كە بەمدواییە ناڕازیبوون لە سیاسەتەكانی بزوتنەوەكە (پەرلەمانتارانی بەغدادو پەرلەمانی كوردستانی و بەشێك لە ناڕازیەكانی بزوتنەوەكە). لەنێوان ئەم ئاڕاستە جیاوازانەدا گفتوگۆ هەیە بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی، بەڵام گفتوگۆكان بە ئەنجام نەگەیشتوون، ئەگەر ناڕازییەكانی ناو یەكێتیو بزوتنەوەی گۆڕان نەگەنە ئەنجامو هەریەكەیان پارتێكی سیاسی بۆ خۆی دروست بكات، سلێمانی دەبێت بە "دۆڵی ئەحزاب". ئەم جموجوڵانە لەكاتێكدا روودەدەن، كە پەرلەمانی كوردستان دەستی بە گفتوگۆكردن كردووە لەبارەی ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانو بڕیارە رۆژی 18ی ئەم مانگە فراكسیۆنەكان راوبۆچونی حزبەكانیان لەبارەی هەڵبژاردنەكەوە بخەنەڕوو. ئەگەر لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت، دەبێت هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان رۆژی 30ی ئەیلولی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبێت، قسەوباسەكان ئێستا بەو ئاڕاستەیەك كە بۆ یەكەمینجار لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی عێراق گۆڕانكاری لە سیستمی هەڵبژارادندا بكرێتو كۆتایی بە شێوازی "یەك بازنەیی" بهێنرێتو هەڵبژاردن بەشێوەی فرە بازنە لەسەر ئاستی چوار پارێزگاكەی هەرێم بەڕێوەبچێت، ئەگەر شێوازی فرەبازنەیی جێگیر بكرێت، ئەو حزبە سیاسییە نوێیانەی لە سلێمانی دروست دەبن، هەر لەچوارچێوەی سنوری سلێمانیدا دەمێننەوەو ناتوانن بپەڕنەوە بۆ پارێزگاكانی هەولێرو دهۆك. بۆچی سلێمانی ؟ ئەوەی سەرەنجی ئەم ئاڕاستانەی راكێشاوە بۆ دروستكردنی حزبی سیاسی نوێ لە سلێمانی، ئەو دەنگە ناڕەزایەتییە فراوانەیە كە لەم ناوچەیە هەیەو تائێستا هیچ هێزێكی سیاسی نەیتوانیوە كۆیان بكاتەوە. لەدواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا كە بەر لە مانگێك بەڕێوەچوو، ئاستی بەشداری دەنگدەران لە سلێمانی 42% بوو، واتە لە كۆی (ملیۆنێكو 425 هەزار) دەنگدەری ئەم سنورە، نزیكەی (600 هەزار) كەس چونەتە سەر سندوقەكانی دەنگدانو لەم ژمارەیەش تەنیا (390 هەزار) كەسیان دەنگیان بە كاندیدی حزبە سیاسییەكان داوەو ئەوانەی تر دەنگەكانیان سوتاندووە، واتە بە گشتی لە سنوری سلێمانی رێژەی 27%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان بۆ حزبە سیاسییەكان داوەو رێژەی 73% دەنگیان بە حزبەكان نەداوە، ئەم ئامارانە بۆ هەر كەسێك كە خەونی سیاسی هەبێت، لەبارە بۆ دروستكردنی حزبی نوێ. وردبوونەوەی حزبەكانی سنوری سلێمانی بۆ چەندین حزبو گروپی تر، دەنگو كورسییەكانی ئەو حزبانە دابەشدەكات، ئەگەر چوارچێوەیەك بۆ كۆكردنەوەی كورسیی ئەم حزبانە لەدوای هەڵبژاردن دانەنرێت، دەنگی سلێمانی بەشێوەی پەرت پەرت دەچێتە ناو پەرلەمانەكانی كوردستانو عێراقەوەو هەژمونی سیاسی سلێمانی لەبەرامبەر ناوچەكانی تردا لاواز دەكات.
(درەو): بەهۆی كەمبونەوەی داهاتەكانی سلێمانییەوە، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایەو حكومەت پارەی پێویست بۆ كۆمپانیای جێبەجێكار خەرج ناكات. بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كاركردن لە پرۆژەی شەقامی (100) مەتریی سلێمانی لەبەردەم هەڕەشەی راوەستاندایە. ئەم پرۆژەیە كە ئێستا گەورەترین پرۆژەی خزمەتگوزارییە لە سنوری پارێزگای سلێمانیو ئیدارەی ژێردەسەڵاتی یەكێتی، بەپێی قسەی سەرپەرەشتیارەكانی، لەماوەی (13) مانگ كاركردن تێیدا، رێژەی (50%)ی كارەكانی تەواو كراوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی (400 ملیار) دیناری بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە تەرخانكردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی (درەو)، كۆمپانیای جێبەجێكاری پرۆژەكە لەم پارەیە ساڵی 2020 بڕی (16 ملیار) دیناری لەلایەن حكومەتەوە بۆ خەرجكراوەو لەم پارەیەش 10%ی بۆ خەرجی دڵنیایی رۆشتووەو كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (14 ملیارو 400 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە، لە ساڵی 2021دا حكومەت بڕی (20 ملیار) دیناری دابین كردووە، بەڵام لەم پارەیە كۆمپانیاكە تەنیا بڕی (6 ملیارو 300 ملیۆن) دیناری وەرگرتووە. ئەوانەی ئاگاداری كارەكانی ئەم پرۆژەیەن، دەڵێن لەسەرەتای دەستپێكردنی كارەكانەوە تائێستا، بەگشتی كۆمپانیای (قەیوان) بڕی (160 ملیار) دیناری لە پرۆژەكەدا خەرج كردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خەرجی پرۆژەكە لەسەر داهاتەكانی سنوری سلێمانی دابین دەكرێتو ئێستاش داهاتەكان كەمی كردووە، حكومەت پارە بۆ كۆمپانیاكە دابین ناكات. ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان بەمدواییە گلەیی لە ئاستی داهاتەكانی سلێمانی هەیەو دەڵێ بەهۆی ئەوەی باج بەشێوەیەكی باش كۆناكرێتەوە داهاتی سلێمانی كەمیكردووە، حكومەتی هەرێمی خەرجی موچەو پرۆژەكانی سنوری سلێمانی هەر لەو داهاتە دابین دەكات كە مانگانە لە سنوری سلێمانی كۆدەكرێتەوە. بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانی لە پرۆژەی (100 مەتریی) سلێمانی، كۆمپانیای جێبەجێكار چاوی لەوەیە حكومەت پێشینەیەكی (80 ملیار) دیناری بۆ خەرج بكات، بەپێچەوانەوە رەنگە لەماوەی هەفتەیەكدا كارەكانی پرۆژەكە بەتەواوەتی رابوەستێت. پرۆژەی شەقامی (100 مەتریی) سلێمانی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتەوە دانراوە، ئەم پرۆژەیە لەلایەن یەكێتییەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق وەكو یەكێك لە دەستكەوتە گەورەكانی سلێمانی بەكارهێنرا.